Skip to Content

Thursday, May 6th, 2021

کوتی سیاسی ….. دڵشاد تاقانە

Be First!
by March 9, 2013 گشتی

 

 

 

 

ئۆینی سیاسی هه‌ل و مه‌رجی ده‌رهاویشته ڕێکه‌و‌ته‌‌کانی سه‌رده‌م ده‌سته‌به‌ری بردنه‌وه‌ی ده‌کا . جگه‌ له‌لێکدانه‌وه‌ زانستی ، ماتماتیکی و فه‌لسه‌فیه‌کان به‌واتا گشتگیره‌که‌ی زانینی سیاسه‌ت سازش و نرمه‌ڕۆیی له‌دانوستان ، فێڵ و ته‌ڵه‌کبازی نه‌که‌و‌تنه‌ ته‌ڵه‌زگه‌کان ، به‌ڕێوه‌بردنی کێشه‌ و ناکۆکیه‌کان پێناسه‌یه‌کی تر ده‌ناسێنێ به‌گه‌مه‌ی سیاسی ناوزه‌ند ده‌کرێ . ‌وه‌ک بردنه‌وی ئۆینی تاوڵه‌ ، بخۆ بخۆی شه‌تره‌نج و دامه‌ ، ئه‌وه‌ت ڕیز ئه‌وت نه‌یکای سێ ڕیزکانێ و نۆ ڕیزکانێ ! جا هه‌رسیاسیه‌ک چه‌ند زیاتر گه‌مه‌که‌رێکی شاره‌زابێ ‌ئه‌وه‌نده‌ کایه‌ سیاسیه‌کان چێتر ده‌باته‌وه‌ ده‌چێته‌ سه‌رکورسی ده‌سه‌ڵات و سه‌رشار یا خواسته‌ سیاسیه‌که‌ی سه‌رده‌که‌وێ ، لانه‌که‌ی تریش به‌کوتێک ئۆپۆزسیۆنه‌ له‌به‌راوان ده‌مینێ . گه‌ر ده‌ته‌وێ سیاسیه‌کی سه‌رکه‌وتووی بێ کوتی سیاسی بی بڕۆ له‌ژنه‌که‌ت فێربه‌ چۆن که‌مزانێکی وه‌ک تۆ به‌ڕێوه‌ده‌با به‌رگه‌ی نه‌زانیه‌کانت ده‌گرێ ، ئیسفنجی توڕه‌ییه‌کانت هه‌ڵده‌لوشێ ، هه‌ڵتده‌سوڕێنێ چه‌ندی خۆبه‌زلزان و بێزارکه‌ربی ! ئه‌وجا وه‌ره‌وه‌ ناو کایه‌ی یاریه‌ سیاسیه‌کان‌ فێری گه‌مه‌ی سیاسی ده‌بی . ناوه‌ڕاستی ده‌یه‌ی یه‌که‌می دووهه‌زاره‌کان کاتێ ئیبراهیم جه‌عفه‌ری سوێندی نایاسایی خوارد و شکستی هێنا به‌دید و بۆچوونێکی دژه‌کوردانه‌ هه‌ڵسوڕا تائێستاش هه‌ر هه‌مان یاریکه‌ره‌ له‌گۆڕه‌پانی ململانێکه‌دا کوتی سیاسی کرد مژده‌ی تۆپینی ڕاگه‌یاند به‌ڵام ئه‌مڕۆ جارێکی تر په‌یژه‌ی زار و مارانێ هێنایه‌وه‌ گۆره‌پانی یاریه‌که‌ ، پێش ئه‌و غازی یاوه‌ر سه‌رشاری گرته‌ ده‌ست بۆ کو‌رد ته‌نیا به‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی وێنه‌ی شوانه‌ عه‌گالداره‌که‌ی سه‌ر ته‌نه‌که‌ ڕۆنی ( الراعی ) جاران بوو ئه‌ویش به‌گه‌مژه‌یی خۆی کوتی سیاسی کرد . له‌و‌کات ڕا تائێستا‌ به‌غدا کراوه‌ به‌سه‌رشاری ئێمه‌ به‌وه‌ش نه‌وه‌ستان سه‌یری چاوڵیکه‌ریه‌که‌‌ هێنده‌ کورتهێنه‌ ده‌یا‌نه‌وێ هه‌ولێر که‌سه‌رشاری کوردستانه‌ به‌دوبه‌ی میرنشینی عه‌ره‌بی بچوێنن نازانم لۆ به‌تۆکیۆی یابانی ناچوێنن ؟ به‌ڵکو‌ جگه‌ له‌ته‌لاره‌ به‌رزه‌کان ژیری یابانیه‌کانیش چاولێبکه‌ین مادام هه‌ر چاولێکه‌ریه‌ ! قسه‌یه‌کی ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی به‌براده‌رێکی کوردی هاوکاری حیزبی خۆی له‌وسای موعاره‌زه‌ی عێراقی گۆتبوو: ( وه‌ڵا کاکه‌ ، اذا سوڵطه‌ صار بیدی ، ئنته‌ ئه‌ول واحد لازم ئه‌گتلک) واته‌ پێش هه‌موو که‌سێک پشته‌پیاوه‌که‌ی پارێزه‌ری خۆی ده‌کوژێ چونکه‌ کورده‌ سه‌یری ئه‌م زمانی لۆجیکه‌ ! چۆن کوتێکی سیایه‌ ؟ له‌دوای ئه‌وانه‌ش هه‌ر ڕێشدارێک به‌عه‌مامه‌ی ڕه‌ش  یا سپی بێ جا صه‌دڕ و نوجه‌یفی یانیش مالیکی به‌عه‌ینه‌ک ! هیچ له‌هاوکێشه‌که‌ ناگۆڕێ وه‌ک ئیسلامی ده‌ڵێ ” سه‌گی ڕه‌ش و سپی هه‌ر گڵاوه‌ ” . کردنه‌وه‌ی ئه‌م سه‌ره‌ته‌وه‌رانه‌ و لێک گرێدانه‌وه‌یان به‌په‌لیکانێ .. یاریه‌کی بۆماوه‌ی کورده‌واری یه‌ ، کاتێ به‌ردێکی پان لایه‌کی به‌تف ته‌ڕ ده‌کرا له‌هه‌مبه‌ری گروپی به‌رامبه‌ر تیروپشکی له‌سه‌ر ده‌کرا: ته‌ڕت ده‌وێ یا وشک ؟ پێش پرسێکی هه‌ڵبژاردنه‌‌ به‌رده‌که‌ فڕێ ده‌درا ئاسمان دیوی هه‌ڵبژێردراو له‌سه‌ره‌وه‌با ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌‌ ئه‌وان ده‌بوونه‌ براوه‌ی سه‌رشار ، به‌ره‌ی دۆڕاویش بۆ به‌راوان . ده‌سپه‌لیک و په‌لیک دوو ئامرازی یاریه‌که‌ن وا ده‌گۆتراوه‌ : په‌له‌که‌ هه‌سته‌وه‌ ، بازه‌که‌ به‌سته‌وه‌ ، هه‌رسێکی خوسته‌وه‌ پرنسیپی سێ جاره‌ی یاریه‌که‌بوو ئه‌گه‌ر له‌هه‌‌ڵبه‌زینه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی به‌راوان په‌لیکه‌که‌یان بگرتباوه‌ ئه‌وا ده‌هاتنه‌ سه‌رشار ، ئه‌وانه‌ی سه‌رشاریش ده‌سوتان و سه‌رشاریان چۆڵ ده‌کرد ، به‌ڵام له‌وه‌ گرینگتر ئه‌گه‌ر له‌وه‌شانی ده‌سپه‌لیکه‌که‌ به‌نه‌زانی به‌په‌لیکه‌که‌ نه‌که‌وتبا ته‌نیا له‌زه‌وی دابا ده‌بوو سه‌رشار چۆڵکه‌ن بچنه‌ به‌راوان توند ده‌سپه‌لیک وه‌شێن هاوار بکا بڵێ: کوت سوتام . ئینجا له‌یاریه‌ سیاسه‌یه‌کانی ئاستی کوردستان به‌ده‌سه‌ڵاتی سه‌رشار و ئۆپۆزسیۆنی به‌راوان یا عێراقی عه‌ره‌بی نافیدڕاڵی و کوردی ته‌نێ فیدڕاڵخواز ئه‌وجا جیهانگه‌ریش زۆر له‌سیاسیه‌کانی خۆمان و بێگانه‌ی هه‌مبه‌ر نه‌ک له‌ڕابردوو ، ئێستا و له‌داهاتووش به‌رده‌وام کوتی سیاسی ده‌که‌ن ئینجا گرینگ ئه‌ویه‌ ته‌نیا کایه‌کی یاریه‌که‌ بدۆڕێنی نه‌ک ته‌واوی خۆت وه‌ک نوری مالیکیش ئه‌م جاره‌ کوتی سیاسی کرد. 

 

Previous
Next

Leave a Reply