Skip to Content

Saturday, October 31st, 2020

کۆتاییەکان ….. ڕزگار عومەر

Be First!
by February 8, 2013 گشتی

 

 

 

 

       سەرەنجام ، ساڵی 2012 تێپەڕی و دونیا وێران نەبوو ، هەموو دونیاش وا مانگەکانی ساڵی تازە بەڕێ دەکات. ڕۆژمێری شارستانی کۆنی (مایا) کەرستەی سەرەکی ئەم هەرایە بوو ، بۆیە لە نزیکبوونەوەی کۆتایی مانگی دیسێمبەر لە هەموو دونیا خەڵکێکی زۆر سەرگەردانی خۆ ئامادە کردن بوون بۆ ئەگەری کۆتایی دونیا .

    بۆ ئەوەی خوێنەر بیرۆکەیەکی هەبێ لە ڕاددەی متمانەیی خەڵک بەو ئەگەرە ، تەنیا یەک نموونە دەهێنینەوە ؛ وڵاتی ئوسترالیا یەکێکە لەو شوێنانەی دونیا کە خۆری زووتر لێ هەڵدێ بە بەرواورد لە گەڵ هەندێ وڵات و کیشوەری دیکەی دونیا ، لە سەر ئەم راستیە زۆربەی ئەوانەی بڕوایان بە کۆتاییهاتنی دونیا هەبوو وا چاوەڕوان بوون کە ئوسترالیا یەکێک بێ لەو وڵاتە یەکەمانەی کە لە بەرەبەیانی 12/21 نوقمی لافاو دەبێت ! بۆ ئەم مەبەستە خەڵکێکی زۆر سەردانی ماڵپەڕی( بەڕێوەبەرایەتی گەشت و گوزاری ئوسترالیان دەکرد لە فەیسبووکدا، سەدان نامەو تێکستیان بۆ چووبوو کە زۆربەیان پرسیاریان دەکرد ئێوە ماون ؟ 

بەڕێوەبەرایەتیەکەش وەڵامێکی کورتی هەبوو : ” بەڵێ ، ئێمە ماوین و زیندووین “. بەڕێوەبەری ئەم دەزگایە ( ئەندرێ ماکفوی ) لەسەر ئەم حاڵەتە لێدوانێکی گاڵتەئامێزی داو وتی :- ئێمە سوپاسی شارستانیەتی کۆنی”مایا” دەکەین ، کە بەهۆی ئەوانەوە چوار  ملیۆن کەس سەردانی ماڵپەڕەکەمانی کردبوو !

    وردبوونەوە و بەسەرکردنەوەی ئەم بارودۆخەی بەشێکی بەرچاوی مرۆڤەکانی دونیا هەڵگری تایبەتمەندی و رەهەندی جیاوازە ؛ دەکرێ پرسیار کلیلێک بێ تەنیا بۆ کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ یان رەخنە لەم ئەزموونە جیهانیە  کە شوێن و وڵات نەما لە دونیا پێی تێنەپەڕێ .

بۆچی خەڵکێکی زۆری دونیا، بەچاوپۆشین لەوەی کە کەوتوونەتە کام گۆشەی دونیا و بە چ زمانێک دەدوێن هەمووی لەم ساڵانەی دوایدا ، بە تایبەتی لە سەری ساڵی 2000 وە تا نزیکبوونەوە لە 2012 و تا ئەمڕۆش ، گۆێڕایەل و چاوەڕوانی  جۆرێک لە : هەواڵ ، ئەفسانە ، درۆیەک ، یان حیکمەتێکی نیوەچڵی شارستانیەتێکی کۆنن ، تا بۆ ماوەیەکی کورت ببنە بەشێک لە کەشێکی پڕ لە ترس و گومان و کۆتایی ژیان ؟

ئایا ئەمە تۆقینە ڕەسەن و دێرینەکە نییە لە ” مەرگ ”  کە وای لە مرۆڤەکانی ئەمڕۆی دونیا کردووە ” ترس ” بە تەنیا وەک خۆی بەش نەکا و بە ناچار بە دروستکردنی ” ترسی گەورەتر ” و بە جیهانیکردنەوەی ترس لە هەوڵی هێنانەپێشەوەی روبەڕووبونەوەن لە گەڵ مردن؟  ئایا ئەمە خۆشکردنەوە و باڵادەستبوونی لێکدانەوە ئاینیەکان نییە وەکو تاقە جێ و شوێنی   ” هەبوونی وەڵام ” ی ڕاستەقینە لە وادەی کۆتایی ژیان  و قیامەت ؟ 

ئەم پرسیارانە خۆیان هەڵگری وەڵامی بەشێک  یان ڕوویەکی تایبەتی ئەم دیاردەیەن. بەڵام ، هێشتا ڕوویتری ئەم دیاردەیە هەیە ، کە دەکرێ هاندەر و بزوێنەرەکانی بخرێنە ڕوو ، بە تایبەتی تیشک خستنە سەر ئەو میکانیزمانەی کە وا دەکا مرۆڤەکان لە سەرووی سنوور و جوگرافیا و ئاین و کولتورەکان ببنە پێکهاتەی ” هەڵوێستێکی ” گشتی ، بە چاوپۆشین لەوەی هاوبەش بوون لەم هەڵوێستە چەندە ڕەگی لە ئەفسانە یان لە حەقیقەتدا داکوتاوە .

     تەکنەلۆژیا ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە میکانیزمی نزیک کردنەوەی مرۆڤەکان لە یەکتر لە ئەمڕۆی دونیادا ، بە تایبەتی ئینتەرنێت . بەڵام ، تەکنەلۆژیا هەڵگری پەیمان و بەڵێنێکی وا نییە کە زەمانەتی گۆڕینی هۆشیاری و بردنەپێشەوەی دەرکی زانیاری ئەو مرۆڤانە بکا کە بەکاریدەهێنن . 

جاران ئەفسانەیەکی نووسراوی سەر پێستی بزنێک ئەگەر مانگێک و دوانی پێدەچوو تا لە مەودایەکی بچووکی جوگرافی دەگەیشتە مرۆڤەکانی تر ، ئێستا هەر هەمان ئەفسانە چەند چرکەیەک نابا و دەکرێ بخرێتە ئیختیاری هەموو دونیا. ئەمە بەو مانایە نییە کە ئۆباڵی ئەم بارودۆخە لە ئەستۆی تەکنەلۆژیادایە. بەڵام ، تەکنەلۆژیا ئاسانکاریەکی سەرەکیە ، بۆ سیستەمی سیاسیی ئەمڕۆی دونیا کە وا دەخوازێ لە پەنای مانا عەمەلیەکانی دەسەڵات و کۆنتڕۆڵ ” ئەفسانە ” ش هەبێت و بەهێزتریش بکرێت . 

    پێویست بوون بە ئەفسانە ڕەگی زۆری هەیە ، کە ئەمڕۆ ڕەگێکی لە ژێر فشاری کۆست کەوتن و نەبوونی ئومێد و داڕمانی ئابووریە لە ئاستی نێونەتەوەیدا . چونکە ئەنجامی کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی بەرینی بە دوای خۆیدا راکێشاوە کە نەک تەنیا چینەکانی خوارەوەی وێران کردووە ، بەڵکو چینی ناوەڕاستیش لە ئاستی هەموو جیهاندا یۆتۆپیاکانی ئاوابوون و خزاونەتە خوارەوە . 

ئەم بارودۆخە دەرەنجامی زۆری هەبوو ، لەوانە توندوتیژی و خۆپیشاندان و بەرامبەرکێ ی لە ئاستی جیاوازدا . ئەمە کورت کراوەی ژێر خانی بارودۆخی ئابووری و سیاسی بەشی زۆری مرۆڤەکانی ئەمڕۆی دونیایە ، کە لە بەرامبەردا ئەلتەرناتیڤی شۆڕشگێڕی دەیەوێ بە ئاراستەیەک بیبا ، دین دەیەوێ بە ئارستەیەکی دیکە وسیستەمی سیاسیش دەیەوێ بە ئاراستەیەکی تری ببات .

 ئەگەر لە سەرخانی سایکۆلۆژیەوەش مامەڵە لە گەڵ ئەم بارودۆخە بکەین ، بە ئاشکرا دەبینین کە ئەم رۆتین و شێوە ژیانەی ملیۆنەها مرۆڤی دونیا تووڕەبوون و ڕقێکی کۆمەڵایەتی ئاشکرا یان لە هەندێ حاڵەتدا پەنگخواردووی مەڵاس داوە ، کە وەکو بەرگریەکی سروشتی لە بەرامبەر زوڵمی ئابووری و کۆمەڵایەتی بە شێوازی جۆراوجۆر دەیانەوێ ” ڕووداو ” دروست بکەن یان لە حالەتە پاسیفیستەکەشدا چاوەڕێ ی ڕووداون . چونکە بارودۆخەکە لە دوودڵی و نیگەرانی و دڵتەنگی تێپەڕیوە ، ئەمڕۆ هیستریایەکی جیهانی هەیە سەبارەت بە ” ئایندە ” .

زەرورەتی ” ئەفسانە ” لێرەوە دەست پێدەکات  کە سیستەمی سیاسی پێشبینیەکی ڕوونی لا نیە کە ئەم هیستریا و ڕقە بەرینە وێستگەی داهاتووی چی دەبێ ؟ ئایا وەکو بەشێک لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین چەپەکان دێنەوە سەر حوکم ، ئایا وەکو روداوەکانی فەڕەنسای لێدێت کە کۆڵان نەما لە پاریس ئاگر و شەڕی پۆلیس و خۆپیشاندەرانی لێ روو نەدات؟ ئایا وەکو بەریتانیای هاوینی ٢٠١١ ی لێدێت کە تاڵانکردنی کۆگاکانی لەندەن ئەوەندە بەهێزو جەماوەری بوو کە پۆلیس کۆنتڕۆلی بەسەر لەندەندا نەما و لە زاری سەرۆک وەزیرانەوە هەڕەشەی ئەوەی کرد کە سوپا دەهێننە ناو پایتەخت بۆ کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکە ؟

    بۆ خۆپارێزی ، ڕێگایەکی ئاسانتر بۆ سیستەمی سیاسی ئەوەیە تا دەکرێ ئەم ڕق و تووڕەبوونە بە ئاراستەیەکی تر بڕوا . تا دەکرێ ئەوەی کە هەیە پارێزراو بێت و ئەم ڕووبەرووبوونەوەیە بگوازرێتەوە بۆ مەیدانێکی تر . دەبێت لە رێگەی ئەفسانە و بەرهەمهێنانی ترس لە نائاگای( لاشعوری) خەڵکدا پرسیار لەسەر ” ئایندە ” نەبێت ، بەڵکو لە سەر ” مەرگ و نەمان ” بێت ، لەسەر ژینگەپارێزی و پارستنی گۆی زەوی نەبێت بەڵکو لەسەر ئەوەبێت چۆن گۆی زەوی دەبێتە گۆڕی هەمووان !

 ئەم کارە پێویستی بە دروستکردنی بارودۆخی چاوەڕێکردنی ڕووداوی گەورە هەیە. ڕووداوێک کە نەک تەنیا پرسیاری  ” مەرگ و نەمان ”  بەڵکو هیچ مرۆڤێک نەتوانێ بکەر و خاوەن ئیرادە بێت لە ناویدا؛ بۆ نموونە ئەستێرەیەک خۆی دەکێشێ بە زەویدا و بێگومان هیچت لەدەست نایەت، کیشوەرەکان ئاو دایاندەپۆشێ چاوەڕێی چ جۆرێک لە ” ئایندە ” دەکەیت ؟

    ئەم جۆرە ئیشکردنەی سیستەم تەوزیفکردنی ڕاستگۆترین بڕبڕەی سایکۆلۆژیای مرۆڤە کە ترس لە مەرگە بۆ ئاراستەیەک کە مرۆڤەکان زەلیلی ئەفسانە بن . بەرهەمهێنانی ئەفسانە تەواو نەبووە و نابێت ، چونکە کۆنترۆڵ تەنیا بە کێبلی پۆلیس و دام و دەزگای دەوڵەت ناکرێت.

  سیستەمی سیاسی ئەگەر پێویستی بەوە بێت مرۆڤەکان وەکو مێگەل بن لە کۆمەڵگەی بەرخۆردا( ئیستیهلاکی) و لە پێناوی ئیفلیژکردنی ” ئیرادە “ی مرۆڤەکان، دێ لە رێگای سایکۆلۆژیاوە خولیای درۆینەیان بۆ دروست دەکات . بە پێچەوانەشەوە دێ مەرگی درۆینە و کۆتایی دونیا بە هەمان مرۆڤ نیشان دەدا کاتێک بێکار و بێ پارەیان دەکا !

 

ئەم ووتارە لە ژمارە 32 ی ڕۆژنامەی Le Monde diplomatique ( لومۆند دیپلۆماتیک ) – چاپی کوردی- بڵاوبۆتەوە .

 

 

Previous
Next

Leave a Reply