Skip to Content

Saturday, October 24th, 2020

کۆمۆنیزم ژیان و ئاییندەیە، نەک لیبرالیزم و مەزهەب!

Be First!
by May 29, 2013 گشتی

 

 

 

 

لەڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەوە، جیاوازی بنەڕەتی لەنێوان کۆمۆنیزم و مەزهەبدا هەیە. کاتێ ئیسلام لە کۆمەڵگادا باڵادەست دەبێت، بەزەخت و زۆر و تیرۆر بیرباوەڕی ئایینی خۆی بەسەر هەموو تاکەکاندا دەسەپێنێت. ئاکامی هەڵگیرساندنی شەڕەکانی ئیسلام لەمێژووی کۆن و نوێدا، ژمارەیەکی خەیاڵی لەمرۆڤەکان بەناوی خوداو یاساکانی ئایینەوە کوژراون و ئاوەرەبوون. بەڵام هێشتا مرۆڤ لەپێناو ئازادی و مافەکانی خۆیدا بەهیچ شێوەیەک ئامادەنەبووە مل بە پەیڕەو و یاسای کۆنەپەرستان بدات و هەمیشە ڕەتیکردۆتەوە، چونکە ئایین کۆت و بەندی ئازادیخوازان و یەکسانیخوازان و هەموو جۆرە ڕەگەز و ڕەنگێکی مرۆڤ بووە. پێچەوانەی ئایین، کۆمۆنیزم خاوەنی فەلسەفەی ماتریالیزمە و لەبەرانبەر فەلسەفەی میتافیزیکی ئایینداریدا وەستاوەتەوە. کۆمۆنیزم، ئایینی وەک ڕەنگدانەوەی ژێرخانی ئابووری چینە دارا و خاوەن دەسەڵاتەکان ناساندووە، واتە بەنەهێشتنی ئابووری چەوسێنەرانەی سەرمایەداری، ئایینیش بەرەو پوکانەوە دەڕوات. هەرچەندە کۆمۆنیزم باوەڕی بەئازادی کەسێتی ئاییندارەکان هەیە لەپەیڕەوکردنی ئایینی خۆیاندا، بەڵام باوەڕی تەواویشی بە جیاکردنەوەی دەسەڵات و یاساکانی ئایین هەیە لە پێکهێنانی دەوڵەتێکی هاوچەرخ و مۆدێرندا. ئەزموونی دەوڵەتی بەلشەفی پاش لینین و شکستی تاک و حیزبەکانی لە ڕێبازی لینین و مارکس دوورکەوتنەوە، ناکرێ وەک سەرمایەدارانی مەزهەبی و لیبرالی و بۆرژواکانی دوژمنانی کۆمۆنیزم، دەسەڵاتی دیکتاتۆری ستالین و ئەوانەی دوای خۆی و ڕیفۆرمی ئابووری پرستوریکا و ڕەوتە ڕیڤیژینستەکان، بەنموونەی کۆمۆنیزم لێکبدرێنەوە. بەڵام هێشتا دەسکەوتەکانی ئەو دەوڵەتە لەبواری پەروەردە و تەندروستی و کارکردن و بەرهەمهێنان و دۆخی ژناندا زۆر لەووڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداری ڕۆژئاوایی لەپێشتر بووە.

مێژوو بە خۆ ویستی و ئیرادەی فیکری کەسەکان ناگۆڕێت، بەڵکو بارودۆخی بابەتی و کاریگەری هاوپەیمانی نێوان هێزە سیاسیەکان دەبێتە ئاوێنەی بەریەککەوتنی بەرژەوەندی و ئامانجە هاوبەشەکانی چینەکان لەدیاریکردنی میژوودا. هەر ئەمەشە ئیسلامی سیاسی کردووە بە هاوپەیمانی سەرمایەدارانی ناوخۆ و ووڵاتانی زلهێز، تا هەموویان پێکەوە لەدژی کۆمۆنیزم بجەنگن. ئیتر ئەوەی کە بۆرژوا لیبرالەکان دەڵێن گوایە ئەوان سکۆلار و مۆدێرن و پۆست مۆدێرنن و جیاوازی لەنێوان ئیسلام و کۆمۆنیزمدا ناکەن، شتێک نییە جگە لەبوختان هەڵبەستن بۆ خزمەتکردنی زیاتری سیستەمی سەرمایەداری. جیهان بینی ئایینی و جیهان بینی کۆمۆنیزم دووشتی لێک جودان، ئایین بۆ سەلماندنی ئایدیاکانی پشت بەستووە بە غەیب و خورافە، بەپێچەوانەشەوە بنەمای ئایدیاکانی کۆمۆنیزم لۆژیک و زانستە. ئەوانەش باس لەشکستی کۆمۆنیزم دەکەن، یان پڕوپاگەندەی لیبرال و مەزهەبیەکانن یان دۆکۆمینتە دروستکراوەکانی هەواڵگریەکانی ووڵاتانی ئیمپریالی و کۆنەپەرستانی هاوکاریانن. ئەگینا تەنها بە کۆمۆنیزم دنیا دەگۆڕێ و تەنها کۆمۆنیزمە ئیرادە بە مرۆڤەکان دەدات بۆ ئەو ئاڵوگۆڕە، نەک ئەڵتەرناتیڤی نالۆژیکی پەنابردنە بەر ئایینی خودا و بەهەشتی خەیاڵی. ئەمڕۆش پاش زیاتر قوڵبونەوەی قەیرانەکانی ئابووری سەرمایەداری، جارێکی تریش تارمایی کۆمۆنیزم گەڕاوەتەوە ناو کۆمەڵگاکان. چینی کرێکارانی جیهان بۆ بەدەستهێنانی یەک لەدوای یەکی خواست و دەسکەوتەکانیان لەدژی مەزهەبگەرایی و لیبرالیزم و هاوشێوەکانی بۆرژوازی، ئاڵای سووری کۆمۆنیزم بەرز رادەگرن.

سۆسیالیزمیش قۆناغی ئامادەکارییە بەرەو قۆناغی باڵاتر کە کۆمۆنیزمە. لە قۆناغی سۆسیالیزمدا دەسەڵاتی دیکتاتۆریەتی چینی کرێکار دادەمەزرێ بۆ نەهێشتنی یەکجاری موڵکایەتی تایبەت و گەرانەوەی ئیرادەی مرۆڤەکان بۆ خۆیان بەبێ جیاوازی ڕەگەز و ڕەنگ و نەتەوە و ئایین. بەرنامەی سۆسیالیزم لە بواری ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا ئاستی ژیانی مرۆڤەکان دەگۆڕێت بۆ ئاستێکی بەرزی بێ چەوسانەوە و ستەم کەشایستەی مرۆڤ بێت. بەپێچەوانەی گڵۆباڵیزمی ئابووری و سیستەمی بازاڕی ئازادی سەرمایەدارانەوە کەپڕیەتی لەناکۆکی و نایەکسانی بۆ کرێکاران و توێژە شەکەت و ماندووەکان. مەزهەبی و لیبرالەکانی هاوچینیان بروایان بەململانێ و کێشەی چینەکانی ناو کۆمەڵگاکان نیەو تاسەر ئێسقان خاوەنداریتی تایبەت بۆ ئامرازەکانی بەرهەمهێنان دەپەرستن. پێچەوانەی دەسەڵاتی ڕەهایی دیکتاتۆری و کۆماری و پاشایەتی و پەرلەمانی بۆرژواکان و خەلیفەکانی مەزهەب کەمەگەر مردن لەدەسەڵات هەڵیانکەنێت، شوراکانی هەڵبژێردراوی ئازادانەی خەڵک دەتوانن دەسەڵات بگرنە دەست و لەهەر گوند و شارۆچکە و شارێکدا بەیەکسانی بێ جیاوازی کۆمەڵگە بەڕیوەببەن. هەرچەندە ووڵاتانی بلۆکی ڕۆژ هەڵات بەناو سۆسیالیستی بوون، بەڵام کۆمۆنیزم مژدەی دەسەڵاتداری بەتاک و گروپ نادات، بەڵکو هەرکەس بەپێی کار و پێویستی ژیانی خۆی سوودمەند دەبێت، سۆسیالیزمیش تەنیا قۆناغێکی گواستنەوەیە بەرەو کۆمۆنیزم. کۆمۆنیزم وەک جەمسەری سیستەمێکی کۆمەڵایەتی هاوچەرخ لەسەر ویستی تایبەتی بیرمەندەکان نەهاتۆتە کایەوە، بەڵکو ئەنجامی حەتمی گەشەی بابەتیانەی کۆمەڵگای سەرمایەداری خۆیەتی.  

گرنگترین شتێک کە ئێمە لە ووڵاتانی سەرمایەداریدا بەدیدەکەین دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە، لەم دەستی بۆرژوازیەوە بۆ دەستەکەی تری بۆرژوازی. بۆ ئەم پرۆسەیە کرێکاران و توێژە بێبەشەکان دەبەنە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان و هەر بۆرژواکان بۆ قۆناغی داهاتوو هەڵدەبژێرنەوە تا زیاتر  بیان چەوسێننەوە. ئەمە ئەگەر ووڵاتەکە میلیشیایی و دیکتاتۆری نەبوو، بۆرژواکان لەم ڕێییەوە دەسەڵات لەنێوان خۆیاندا ئاڵوگۆڕپێدەکەن، ئەگینا لەهەندێک ووڵاتانی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەسەڵاتداران بەکودەتا و شەڕ و خوێنڕشتن و مەرگ نەبێت لەدەسەڵات دوورناکەونەوە. بەڵام کۆمۆنیزم وەک مەزهەبی و لیبرالە بۆرژواکانی کۆمەڵگەی چینایەتی دەسەڵاتی چەوسێنەرانە پیادە ناکات. بەڵکو دەرگا لەبەردەم چینی کرێکاردا ئاوەڵا دەکات بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات و جێبەجێکردنی بەرنامەی ژیانێکی باشتر بۆ مرۆڤەکان کە ڕەنگدانەوەی خواست و ئاواتەکانی بێبەشان و چەوساوەکان بێت. سەیرە لیبرال و مەزهەبیەکان کوشتوبڕی سەرمایەدارانەی خۆیان بخەنە پاڵ کۆمۆنیزم. بەدرێژایی میژوو، ڕەوت و ڕژێمە لیبرال و ئایینی و قەومیەکان هۆکاری تاوانی شەڕ و ماڵوێرانی و کوشتنی دەیان ملیۆن خەڵکی چەوساوەی ئەم سەر زەویە بوون. بۆیە گەر تیۆری کۆمۆنیزم زانسیانە لەسەر کۆمەڵگاکان جێبەجێبکرێت، نەک وەک سروشی ئایینی و لیبرالیانەی نێوان شوان و مەڕ، ئەوا هەرچی نەهامەتیەکانی سەرمایەداریی تووشی مرۆڤەکانی کردووە، لادەبرێت و شارستانیەکی نوێی مرۆڤانە و پێشکەوتنخوازانە دێتە کایەوە.

بۆچوونی گشت ئایینەکان لە یاساکانی میتافیزیکەوە سەرچاوەی گرتووە و ئەمەش ڕۆڵی لەسروشت و شێوەی مامەڵەی سیستەمی مەزهەبی لەگەڵ واقعدا قورسکردووە. بەڵام مانفێستی کۆمۆنیستی مارکس و ئەنگلز پشت ئەستورە بە لێکۆڵینەوەی قوڵ و گشتگیر لەواقع و مێژوو ، کە بە میتۆدی دیالکتیک ناسراوە و نیشانەی دیاری ناسینەوەی کۆمۆنیزمە و زۆر ئاسان جیاوازی بنەڕەتی نێوان کۆمۆنیزم و مەزهەب دەردەخات.  ڕژێمە مەزهەبیەکان بەهۆکاری جیاواز شەڕ و داگیرکاری میللەتانی تریان کردووە، بەبەڵگەی ئەوەی کە فەرمانی خودا جێبەجێدەکەن وەک لە قورئاندا هاتووە. بەڵام شەڕی کۆمۆنیزم و چینی کرێکار لەگەڵ سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان بەپێی شیکردنەوە لە ململانێی نێوان چینەکان بووە لەکۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا. شەڕی سەرمایەداران بە مەزهەبی و قەومی و دینیانەوە لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندی سەرمایەداراندا بووە، وەک شەڕەکانی عێراق و ئەفغانستان و ووڵاتانی تر کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەناوی ئازادی و دیموکراسیەوە هەڵیانگیرساندووە. بۆچی تیۆری کۆمۆنیزم چقڵی چاوی سەرمایەدارانە؟ چونکە کۆمۆنیزم پەیوەستە بەچینی کرێکار، کرێکاران لێیەوە فێردەبن کە چۆن بە ماف و ئامانجە مرۆیەکانی خۆیان بگەن. هەربۆیە سەرمایەداران و دەسەڵاتەکانیان لەناوی کۆمۆنیزم و چینی کرێکار سڵدەکەنەوە و بۆ دژایەتی کۆمۆنیزم و هەڵخڵەتاندنی کرێکاران خەریکی دانانی هەزاران پلان و تیۆری لیبرالیانە و ئایینین تا سەرئێشەی کۆمۆنیزمیان لەکۆڵبێتەوە. 

سیستەمی سەرمایەداری لەزۆربەی ووڵاتانی جیهاندا نوقمی قەیرانی قووڵ بووە، دەسەڵاتی بۆرژوازی جیهانی ڕوو لە شکستە و ناتوانێ چارەسەی گرفت و ناکۆکیەکانی هەناوی خۆی بکات، جونکە لەسایەی یاساو دەستوور و بەرهەمهێنانی سەرمایداریدا ئەو ناکۆکیانە بنەبڕناکرێن. بەڵکو بەڕووخانی سیستەمی سەرمایەداری و نەمانی ئایدیۆلۆژیا ئایینی و قەومی و لیبرالیەکانی سەر شانی کۆمەڵگە، ژیانی مرۆڤەکان پێشدەکەوێ. نە فەزای پیرۆزی ئایینەکان و نە لیبرالیزمی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ناتوانن خۆشی هێنەربن بۆ چەوساوان و مافخوراوان. ئەوە کۆمۆنیزمی مارکس و لینین و مەنسوری حیکمەتە کەهێزی خۆی لە چینی کرێکارەوە وەردەگرێ. لەم جیهانەدا کەشی ئازادی بۆ زۆربەی میدیا و کەناڵ و نووسراوە ڕوو زەردەکانی بۆرژوازی کراوەیە، ئەوە تەنها کۆمۆنیستەکانن لە دیموکراسیترین ووڵاتدا ڕاودەنرێن و زیندانی دەکرێن. هاوارو ناڵە و گۆشەگیری لەسایەی ئەم بارودۆخەدا مێژووی مرۆڤایەتی ناباتە پێشەوە، کەواتە یان دەبێ بە بەربەریەتی سەرمایەداران و ڕەوتە لیبرالی و ئایینی و دەوڵەتەکانیان ڕازیبین، یان ئەوەتا دەبێ لەپێناو ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵگەدا دەست بە کۆمۆنیزمەوە بگرین. کۆمۆنیستەکان بڕوایان بە دیکتاتۆری کرێکاران هەیە دژی دیکتاتۆری بۆرژوا و سەرمایەداران ئەوەش دیکتاتۆریەتی مافخوراوان و چەوساوەکانە دژی دیکتاتۆریەتی چەوسێنەران. کۆمۆنیستەکان بڕوایان بە ئازادی هەیە دژی ئەو دیموکراسیەتەی نێوان بۆرژواکان، کەتەنیا خۆیان لێی سوودمەندن و ڕوویەکی تری دیکتاتۆرییانە دژی چینی کرێکار و سەرجەم توێژە بێبەشەکان. هەموو دیموکراسیەکەشیان ئەوەیە چوار ساڵ جارێک خەڵکی چەوساوە دەبەن بۆ دەنگدان تا لە قۆناغی داهاتووی زەماوەندی هەڵبژاردندا بۆ چەوسانەوەیان بۆرژوازیەکی تر بۆ خۆیان بخولقێنن.

دەبێ لیبرالەکانیش دواکەس بن باسی مرۆڤایەتی بکەن، چونکە مێژوو بەخوێنی ئەو کەسانە نوسراوەتەوە قوربانی شەڕو ماڵوێرانی و چەوسانەوە و ستەمی سەرمایەداران بوون. ئیتر مرۆڤ ناتوانێ ئەو هەموو تاوانە نەبینێ کەسیستەمی چاوچنۆکانەی سەرمایەداری لەپێناوی قازانجدا بەسەر کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدەدا هێناونی، کەوابوو لیبرالیزم و دیموکراسیەکەی قێزەونترین سیستەمی سیاسی ئەم سەردەمەن. هەرچەندە دیموکراسی و لیبرالیزمی ووڵاتانی ئەوروپا و ڕۆژئاوا باشترین نموونەی رژیمی سیاسی سەرمایەدارین. بەڵام گومانی تێدانیە هەر ئەوانیش سەرەڕای قەیران و کەموکوڕیەکانی ناوخۆیان سەرچاوەی کارەسات و تاوان و نەهامەتیەکانی سەر ئەم گۆی زەویەن و ناکرێ لەگەڵ سۆسیالیزمدا بەراورد بکرێن. لیبرالیزم هەموو هەست و تواناکانی لەپێناوی بەرهەمهێنانی کاڵا و فرۆشتنیدا دەخاتەگەڕ تابڕە پارەی بانکی زیاتر کەڵەکە بێ و موڵکەکانی زیاتر بکات. بەڵام کرێکاران و بەشخوراوان خاوەنی سەرمایە و بانک و کارگە و موڵکنین، سۆسیالیزمیان هەڵبژاردووە، چونکە لانی کەم لە سۆسیالیزمدا دەتوانن سوود لەو بەرهەمانە ببینن کە خۆیان دروستیانکردووە و ئێستاکە لەلایەن سەرمایەدارانی خاوەن کارگە و بانک و موڵکەوە دەدزرێن. بۆ گۆڕانی جیهان لەچەوسانەوەی سەرمایەداران و ڕزگارکردنی وەستانی چوونەپێشەوەی ڕەوڕەوەی مێژوو، دەبێ دەست بەکۆمۆنیزمەوە بگرین. چونکە کۆمۆنیزم وەک تیۆرێکی کۆمەڵایەتی و بزووتنەوەیەکی سیاسی هەوڵدەدات چارەنووسی کۆمەڵگە بەرەو خۆشگوزەرانی بەرێ و بەرژەوەندی تاکەکانی لە ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریدا مسۆگەر بکات، کەواتە ئاییندە هەر بۆ کۆمۆنیزمە.   

ئازاد بەکر

28.05.2013

 

 

Previous
Next

Leave a Reply