Skip to Content

Saturday, September 19th, 2020

کۆمەلگەی کۆلاپس و گەندەل…ئازاد حەمە

Be First!
by January 21, 2008 گشتی

 7- لە کۆمەلگەی کۆلاپس و گەندەل شتێ نییە پێبووترێ شیکردنەوەی دەروونی و ڕۆشنبیری تەندروستی:
  گەندەلبوونی تاک و شتە دەروونیەکان
– بەشی یەکەم-

ئەوەی لە کۆمەلگەی کۆلاپس و گەندەل بایەخی نادرێتی چەند کەس و چەند شتێکە هەروەها چەند دیاردە و ڕووداوێکیشە پێشهەرهەمووی مرۆڤە وەک تاک و دەروونی ئەم مرۆڤەشە وەک کانیاوی سەرجەم ڕووداو و دیاردەکان، ئەمەو لەم جۆرە کۆمەلگانە بایەخ بە شتە دەروونی و ئەلبەتە ڕۆشنبیری تەندروستیش نادرێ. لەهەمانکاتدا کێشەکانی تاکی کۆمەلگەی گەندەل ببڕایببڕ وەک کێشەی دەروونی خۆیان دەرناخەن و لەبەرئەوەی هوشیاری تاکی(ئیندڤیدوال) و دەستەجەمعی (کۆلێکتیڤی) خەلکیش سیاسیین ئەمە وایکردووە گشت فۆڕمەکانی کێشە، کێشەی تاک و کۆمەلگە،خۆیان لە فۆڕمی کێشەی سیاسیدا دەرخەن. بەواتاێ تر تاک لەم جۆرە کۆمەلگانە، کە کوردستان نموونەێ بەرچاویە لەسەر ئەوەی دەیلێین، لەنێوان بوون و نەبوونایە. بەخۆی تاک بەمانا هاوچەرخەکەی واتای تاک بوونی نییە یان شیاوییەکانی دروستبوونی کێشەئامێز و ئالۆزکارە ، گەر هەشبێ تاکێ بەسیاسیکراوە و دەروونی ئەم تاکە پشتگوێخراوە و خودی سیاسەتیش لەبەرئەوەی لەم جۆرە کۆمەلگەیە لەسەر جووین و ڕەوانبێژی و یاریکردن بە وشە دەژی تابلێی خۆی وەک کردەێ نا-هزری تیشاندەدا و ئەمەشوادەکا ئەم کردەیە دەروونکوژ و هەستبریندارکەر بێ.  چونکە باس لە خودێتی سیاسیی کورد شتێ زێدەفەرامۆشکراوە و بەر شرۆڤەکردنی تیۆری سیاسی نەکەوتووە پتر بووە بە جێی باسی ئایدیۆلۆژیستانی کورد. لەهەمووی سەیرتر ئەوەیە لەبەرئەوەی سیاسەتی بێ هزر دژە دەروونە و ئەنتی تاکیشە ئەم جۆرە سیاسەتە ، کە ئێستا لە کوردستانا سەردەستە، تابلێی تاک دروستنەکەرە یان دوژمنی هەرە گەورەی تاکە و لە بەتاکبوونی تاک دەترسێ. چونکە سیاسەتی هەلە، سیاسەتی بێ هزر یەکەم کاریگەری کە دەیخاتەوە تێکدانی باری دەروونی تاکە بەتایبەت لەو کۆمەلگانەی سیاسەت تاکە بوارێکە بۆ تاک ، یاخود سیاسەت تاکە شوێنێکە کە تاک خۆیتیادەبینێتەوە. کەواتە، سیاسەت لەمجۆرە کۆمەلگانە لەبەرئەوەی بووە بە نان و ئاو کاتێ سیاسەت ڕێچکەێ ناهزری وەردەگرێ تائەوپەڕی تاک کوژ و دەروون کوژ خۆینیشاندەدا، یان چونکە سیاسەت چارەنووسی زۆرینەی پێوەگرێدراوە و هەروەها سیاسەت بکەری گشت کردەکانە و شوێنی سازاندنی ئاوەلناوەکانیشە بۆیە کاتێ گۆڕانی سیاسی دێنەکایەوە تێکڕای نەتەوە بەخت سووتاو دەبێ گەر ئەو گۆڕانە ئاڕاستەێ مرۆیی وەرنەگرێ. هەرلەبەرئەوە ئێمە لەمیانەی ئەم بەشەی نووسینەکەمان بۆئەوەدەچین سیاسەت لەم کۆمەلگانە بوارێ نییە لە زانین و تێگەیشتن بۆیە سیاسەت و سیاسەتەوان پێویستی بە شیکردنەوەی نەک تەنیا سۆسیۆلۆژی و فەلسەفییە بەلکو پێش هەمووشتێ پێویستی بە شیکردنەوەی دەروونی و زمانەوانییە. ئەم لایەنەش کە هێجگار هەستیار و ووروژێنەرە نە نێوەندی ئەکادیمی و نێوەندی ڕۆشنبیری و، مێدیای (نێوەندی ڕاگەیاندنی) کوردی هەستی بە گرینگی کردوە و، نەش دامەزراوەکانی کۆمەلگە کە خۆیان لەسەر بناغەی شاردنەوەی تاک دامەزراندووە.
بەمجۆرە، ئەو دەمەی ووتن لە کۆمەلگەێ دیاریکراو (بۆنموونە کۆمەلگەی گەندەلی کوردستان) لەسەر دەروونی تاک ناێتەپێش، ئەو دەمەی زانستێ وەک شیکردنەوەی دەروونی (ئەگەر نەلێین ڕیزێ زانست) لەم کۆمەلگەیە لە ووتنەکانا ووندەبێ زێدەئاساییە گەورەترین کەلێن بکەوێتە ڕۆشنبیری خەلکەوە ،یان توێژی ڕۆشنبیرانەوە، هەروەها زۆرترین کێشەش لەبەردەم تێگەیشتن لەوەی پێیدەلێن تاکی(خودی) هاوچەرخی کورد دروست بێ. چونکە ئەم تاکە هاوچەرخە گەر بۆماوەێ درێژ لەناو ئەم دۆزە دروستکراو و بەگەندەلکراوە بژی دەبێ بە مۆلگەی خراپسازی و خودی خۆی بیردەچێتەوە. ئەوەندەش ئێمە ئاگامانلێبێ هەچ خودێ بۆماوەێ درێژخایەن پشت لە بەتاکبوون و لە دەروونی خۆیبکا بێ ناو دەبێ. چونکە خود ئەو""خودەیە ناوێ بۆ خۆی بدۆزێتەوە""(بارکەر: دەروازەێ بۆ بادیو، لا 7). بەلام چۆن خود ناودار دەبێ گەر ئەم خودە بە دیاردەی گەندەلی ، بە کەسی گەندەلکار دەوردرابێ؟ بەدلنیاییەوە دەرکەوتنی ئەم خودە وەک تاک، وەک تاکێ چالاک و ئاڕاستەهەلگڕ هەروەها کۆششی ئەم تاکە بۆ قەلاچۆکردنی دیاردەی گەندەلی و ئەو بەروبوومانەش دیاردەی گەندەلی لەهەناویا حەشاری دەدا، وەک دزی، مشەخۆری، تەلتەگەری، تووتیابازی و سیاسەتجووینەوە، تاکە ڕێگاچارەێکن لەبەردەم ئەم تاکە بۆ هێنانەگۆڕێی خۆی و بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێز و دیاردانەش مانەوە و بەردەوامی تاکبوونەکەی لەقدەکەن. ئەم تاکەش نە دەتوانێ هەبێ و نەش بەردەوام گەر تاکێ دەروون بەتەندروست و  لەش(جەستە) ساغ نەبێ. ئێمە کە لەمیانەی ئەم چەند لاپەڕەیە باس دێنینە سەر ئەم لایەنە سەرنجدەخەینەسەر ئەوەش کە قسەکردن لەسەر تەندرووستی و نا- تەندروستی دەروونی یەک لەو قسەکردنانەیە لە نێوەندی ڕۆشنبیری و مێدیای تازەی کوردی بایەخی نادرێتێ هۆی ئەمەش زۆرە و پێشگشت شتێ ئەوەیانە کە خەیالی ئەم دوو نێوەندە (واتە ڕۆشنبیری و مێدیا) تەنێ لای سیاسەت و ئەدەبە. ئەو ئەدەب و سیاسەتەش ئەم دوو نێوەندە خەیالی لایەتی ئەوەی لێینەگا دەروونی تاکە و، ڕۆشنبیری تەندروستیش کە لە کۆمەلگە لەپلەی هیچدایە شوێنی تێڕامانی ئەم دوو نێوەندە نییە چونکە خودی ئەم دوو نێوەندە زۆرترین یارمەتی دەروونی و تەندرووستیان پێویستە. کەواتە ئەگەر ئەمە باری توێژە بەرچاویەکانی کۆمەلگەی گەندەل بێ زۆرئاساییە مرۆڤەکانی کۆمەلگە نەتوانن نەخۆشیەکانی لەش لە نەخۆشیە ڕۆحی و دەروونیەکان لێکجیاکەنەوە هەروەها ئەو توانایەشیان نەبێ کەمترین ووتن لەسەر باری دەروونی و فیزیای لەشیان بەرگوێ ئەویتر بخەن. جا ئەو کەسە چەند تێکست نووسەرە یان وتاربێژە ئەمە چارەسەری ئەو کێشەیە ناکا ئێمە سەرنجیدەخەینەسەر. واتە نەبوونی ""ڕۆشنبیری تەندروستی"" لە کۆمەلگەی گەندەل.
بەپێی ئەو چەند سێرکردنەی لایسەرەوەبێ خەلکی کۆمەلگەی گەندەل فریای بینینی دەروونی خۆیان ناکەون وەک تاکهاێ کۆمەلایەتی و بوونەوەرهاێ بووناوی هەروەها فریای بینینی کێشە دەروونیەکانی خۆشیان ناکەون وەک تاکهاێ فیزیای و ئەمەشوادەکا بەتاکبوونەکەیان و دەروونیان جێیباسی کۆمەلگە و بەتایبەت دامەزراوەکانی (خێزان، قوتابخانە، تەندرووستی) ئەم کۆمەلگەیەش نەبێ. بۆیە لەم بەشەی نووسینەکەمان ڕۆدەچینە ناو ئەو لایەنانەش والە تاک دەکەن خۆی و دەروونی نەبینراو بن هەروەها هۆیئەوەش دەستنیشاندەکەین بۆ دەبێ هوشیاری لەسەر تەندروستی تاک ڕۆژلەدوایڕۆژ بابەتی نە خودی تاک بێ و نەش دامەزراوەکانی کۆمەلگە. 
وەک شتێکی سەرەتایش دەمانەوێ پەنجە بۆئەوە ڕاکێشین ئێمە دەمێکە بەو باوەڕە گەیشتووین کۆمەلگەی ئێمە پێویستیێ زۆری بەچەند کلینیکێ (عیادەی) فەلسەفی هەیە. هۆیئەوەی ئێمە بەم باوەڕە یان تێگەیشتنە گەیشتووین بۆئەوە دەگەڕێتەوە کێشە هزریەکانمان ئەوەندە نالەبارئامێز و ڕوخسارگەندەلن تەنیا لەڕێگای دامەزراندنی چەند کلینیکێکی(عیادەی) فەلسەفیەوە نەبێ ئەو کێشانە سەختە گفتووگۆکرێن و چارەسەری کۆنکرێت و بەرجەستەشیان بۆبدۆزرێتەوە. بەلام ئەم گفتووگۆیە دەبێ بتوانێ پردێ لەنێوان فەلسەفە و زمانەوانی لەلاێ و لەلاێتر لەنێوان فەلسەفە و شیکردنەوەی دەروونی دروستکا. بۆئەوەی ئەمەشکرێ پێویستمان بە پسپۆڕی لێشاوی هزرقوول و هەست خاوێن و دەروونساغە هەروەها ئەم کەسانە دەبێ شارەزایێ بەرین و ئەزموونێ قوولیان لەلاێ لە تێخوێندنەوە و تێگەیشتن لە تاک و کۆمەلگە و دامەزراوەکانی هەبێ و لەلاێدی شارەزایێ بەرینیشیان لەبوارە هاوچەرخەکان و بەتایبەتیش لەو سێ پۆلە زانستیە هەبێ لای سەرەوە ناویانهات: فەلسەفە، شیکردنەوەیدەروونی و زمانەوانی. بەلام ئێمە لەلایەن خۆمانەوە باوەڕمان بەوەش هەیە هاتنەدی ئەو مەسەلەیەی لایسەرەوە باسکرا لەئێستادا لە کوردستان سانا نییە چونکە زۆرینەی خەلکی کوردستان لەبنا ئەزموونیان لە تێگەیشتن لە واتای کلینیک(عیادە) نییە جا چی کلینیکی فەلسەفی، ئەمەو خودی پۆلی هزرەڤانیش کە فەلسەفە و زمانەوانی و دەروونناسی بەشێ گەورەی ئەم پۆلە پێکدێنن لەناو توێژی ڕۆشنبیران بەگشت جۆرەکانیەوە (ڕۆژنامەوان، ئەکادیمیکەر، سیاسەتکار، نووسەر، هونەرمەند) لە ئاستێ لەڕادەبەدەر خراپدایە. چونکە زمانەوانی، بەتایبەت ئەو زمانەوانیەی پاێکی لەناو لۆژیکێ ماتماتیکی و  پایەکەی تری لەناو فەلسەفەی تیۆریدایە، نە لە نێوەندی ئەکادیمی و نەش لە نێوەندی ڕۆشنبیری بناغەی هەیە و،ئەمەو زمانەوانی لە نێوەندی ئەکادیمی کوردی بەزۆری دەچێتەخانەی ئەدەب و ، ئەدەبناسی کوردییمان بیردەخاتەوە بۆیە زمانەوانی وەک زانستی زمان لەتەک نە شیکردنەوەی دەروونی پێوەندیدارە و نەش بەگشتی فەلسەفە. هەرلێرەڕا بائەوەشمان بیرنەچێ زۆربەی خەلکی کوردستان کە گوێیان لە وشەی کلینیک( یان عیادە) دەبێ یەکسەر ناوی چەند دکتۆرێکی چاو و لووت و دانیان بەبیردێتەوە. وەلی ئەوەی زۆرتر والەئێمەدەکا بۆئەوەبچین لەئێستادا لە کوردستان بیرۆکەی دروستکردنی "" عیادەی فەلسەفی"" جارێ ماویەتی بێتەدی ئەوەیە خەلکی کۆمەلگەی ئێمە باوەڕیان بە عیادەی دەروونی نییە و، لە زۆربەی شارە گەورەکانی کوردستان (کەرکوک، هەولێر، سلێمانی و دهۆک) لە سێچوارعیادەی دەروونی زیاتر بوونی نییە و هەبوونیشیان کاریگەریێ تەندروستی ئەوتۆی نەخستۆتەوە چونکە ئەم عیادانە نە بەپێی مێتۆدە نوێکان پشکنین لە تاکی دەروونبیمار و ئەو دیاردە بیمارئامێزانە دەکەن کە کۆمەلگەی گەندەل و کۆلاپساوی ئەمڕۆی کوردستان لە تاکا دروستیدەکا و نەش خەلکی بەگشتی هوشیاریی لەسەر دەروونناسی و شیکردنەوەی دەروونی و چارەسەرکردن بەڕێگای دەروونی هەیە.ئالێرەوە دێینەسەر ئەوەی بلێین پێویستە گرنگیپێدانەکە سەرەتا بۆ ئاڕاستەکردنی ئاگای خەلک بێ ڕووەو دروستکردن و بایەخدان بە کلینیکی(عیادەی) دەروونی (نەک کلینیکی فەلسەفی) چونکە تەنیا لەڕێگای ئەم جۆرە کلینیکەوە (واتە کلینیکی دەروونی ) تاک ساغوسەلیمدەکرێ و هەروەها دەروونی تاک لەبنڕا شیتەلدەکرێتەوە جا ئەوە بەهۆی ئاخاوتنی پزیشکی بێ یان بەهۆی هەندێ شێوە ڕێگای تێڕاپی(عیلاجی) دەروونی جۆراوجۆرەوە. ئەمەش تابلێی پێویستە و مەرجیشە وەک هەنگاوێ ئامانجدار وەرگیرێ. هۆکاری بنەڕەتی ئەوەش ئەمە ێێویستە نالێکچوون بەلام بۆنموونە زۆرینەی خەلک لە کۆمەلگەی کوردی ئەمڕۆ لێشاونین بکارن دەروونیان لە ئاوەز(عەقل)ی خۆیان، یان ئاگاییان لە نا-ئاگاییان لێکدیجیاکەنەوە. ئەمە هەر بەو مانایە ناێ کە دەروونناسی لەناو ئێمە وەک پۆلێ لە زانست وونە بەلکو بەو مانایەش دێ ئێمە وەک بوونەوەر کەمترین تێڕامانمان لە ستاتۆسی فسیۆلۆژی(کارئەندامزانی) و بیۆلۆژی(زیندەوەرناسی) خۆمان نەکردوە. بۆیە ئاساییە نیگای خوێنەر بۆئەوێبەرم کە ئێمە، ئەو ئێشانەی شتی دەروونی، شتی ڕۆحی، شتی گیانی و شتی عەقلی لە ناخمانا دروستیدەکەن نەبوونە بە جێیسەرنج و بەلکو ئەوەی زۆر سەرنجی دەخرێتە سەر ئێشە بەرچاویی و بەرجەستیەیەکانی جەستە(لەش)ن وەک ئێشی هەناو، پشت، لووت، دەم و..هتد. لێرەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی بلێین: لە کۆمەلگەی کوردەواری تازە بواری کارئەندامزانی (فسیۆلۆژی) و دەروونناسی (سیکۆلۆژی) و زیندەوەرناسی(بیۆلۆژی) لێکدی جیاناکرێنەوە و پێوەندی هەریەکە لەم بوارانەش بەویتر نەناسراون. هۆی ئەمە زۆرە بەرچاوترینیان ئەوەیە کە سێستەمی فێربوون و پەروەردە لەپاش و کۆنە هەروەها ئەوەش کە لەناو ئێمە بایەخ بە بواری زانستە تەجریبیەکان (فیزیا، بیرکاری، کیمیا، زیندەوەرناسی، ڕوەکناسی، ئاژەلناسی، فەلەکناسی….و) نادرێ و تا سیاسەت و ئەدەب و مێژوو وەستابێ کەس ئامادە نیە حەز لە بۆنموونە بوارێ وەک فیزیا، ماتماتیک یان ئەستێرەناسی بکا. 
لەوی ووتیشمان بترازێ ئەمانەوێ ئەوەشبلێن، لە کۆمەلگەی ئێمە، کە کۆمەلگەێ گەندەلە، باو نییە چوون بۆلای پزیشکی دەروونی یان کەس ئامادەنیە لەتەکخۆیا باسلەوەکا لەبەرئەو کێشە بووناوی و دەروونییەی ماوەێکە ڕوویلێناوە پێویستی بەسەردانی دکتۆری دەروونیە. لەهەموو ئەمانە سەیرتر لایئێمە، لەکۆمەلگەی گەندەل، باو نیە کردنەوەی عیادەی دەروونی، بوون بە تاکی دەروونی و دانهێنان بە بوونی گرێ و گرفتی دەروونیش. هەموو ئەمانەش بەلگەن لەسەرئەوەی شیکردنەوەی دەروونی وەک بەشێ لە زانست جێیتێڕامانی نە نێوەندی ئەکادیمی و نێوەندی ڕۆشنبیری و سیاسی و ڕاگەیاندنی کوردییە و نەش خودی تاکی ئەم کۆمەلگەیە. لە کۆمەلگەی کوردەواری ئەمڕۆ، کە کۆمەلگەی لاحەولەوەلا و ئەلحمدولیلایە، گشت شتێ سەبرت هەبێ چارەسەردەبێ بەلام بەخۆی ئەم دیتنە هەلەیە و لە سەردەمی ئەمڕۆ بەزیانی تاک و کۆمەلگە دەکەوێتەوە. ئەم دیتنە بەرهەمی تێژیانێ نابەرجەستە و هەڕەمەکی و دژەئایندەییە و بەشێکیشە لەو گالتەکردنەی لێرە و لەوێ ڕۆژانە بە ژیان و نیگاکانی تاک دەکرێ. چونکە لە کۆمەلگەی کۆلاپس و گەندەل تاک، ئەو بوونەوەرەی لە هەقیقەتدا خولقێنەری کۆمەلگەیە و دامەزرێنەری شتە بنەڕەتیەکانیشە ( بۆنموونە : خۆشەویستی، ، زانین، ئازادی، ماف و دادپەروەری و ..هتد) ، بابەتی تێڕامان و باسکردن نییە و ئەوەی بابەتی تێڕامان و باسکردنە شتە درشتەکانە (هەلبژاردن ، بودجێتی هەرێم، نەوتەکەی بەغا و بەشی کورد لەم نەوتە، کێشەی کەرکوک…..هتد). هۆی ئەمەش بەکورتی ئەوەیە کۆمەلگەی کۆلاپس و گەندەل خۆی وانیشاندەدا کۆمەلگەێ سیاسییە بەلام لە بنەڕەتدا کۆمەلگەێ سیاسی نا-ڕاسیۆنالی و  دژە تاکە (ئەنتی- ئیندڤیدوالە). بۆیە ئێمە لەم ڕووەشەوە گوماندەکەین ئەو سیاسەتەی لە کۆمەلگەی ناوبرودا پیادەدەکرێ لکێنراوبێ بە هزراندنەوە. ئەوەش کە وایلە سیاسەتکردوە لەم جۆرە کۆمەلگەیە نا- هزری و نا- ڕاسیۆنال بێ ئەوە نییە کە کەیسی نێودەولەتی کوردی کێشاوییە بەلکو ئەوەیە کە سوود لەم کێشاویبوونەی کەیسی کورد وەردەگیرێ. ئەوانەش کە سوود لە کەیسی کێشاویبوونی نێودەولەتی مەسەلەی کورد وەردەگرن هەرئەوانەن کە ئەمڕۆ ئەندازیاری سەرەکی دیاردەی گەندەلیزمن. تۆش کە دەبینی نوێنەرەکەت گەندەل و دژەئایندە و بێهزرە ئەمە وادەکا دەروونێ پەشێو و تاکێ ڕاڕا و هەلچووی کوردی دروستبێ کە نە لە هەندەران بکارێ بگیرسێتەوە و نەش لە کوردستان.
مەبەستمان، ئەگەرچی سیاسەت لە کۆمەلگەی ناوبراو بووە بە ناسراوترین چەمک و زۆرترین بایەخیشی لەسەرە وەلی لەدواینباردا سیاسەت لە کۆمەلگەی نوێی کوردی دوورە لە هزراندنەوە. واتە سیاسەت پێوەندی بە هزرەوە نییە بەلکو پێوەندی بە سەفسەتە و ڕەوانبێژی سیاسییەوە هەیە. هەروەها سیاسەت لەم کۆمەلگەیە بە سێستەمێ لە وتارئامێزی و جێگۆڕکیێکردن بە وشە و بڕیار و ووتنی سیاسییەوە لێکێنراوە نەک هوشیاری تاک، مێژوو و دۆزی مرۆڤ لە کۆمەلگە و..هتد. ئەم شێوازەش لە سیاسەتکردن بێهۆشی و دەبەنگی سیاسی لەناو زۆرینەی خەلکی کۆمەلگە دروستدەکا.بۆیە سیاسی(ئەلبەتە ڕۆشنبیریش) کۆمەلگەی گەندەل پتر لە تاکە ئاسایەکانی کۆمەلگە (وەک کاسبکار، کرێکار ، ژنی مالەوە یان..) پێویستی بە سەردانی شیکەرەوەیدەروونییە. چونکە سیاسی ئەم جۆرە کۆمەلگانە بە هوشیاریەوە نا- هوشیاری بەرهەمدێنن. کەسێکیش کە بەمجۆرە ڕەفتارکا ئەوە کەسێ دەروون پەشێو و ناساغە. ئەم کەسە کە پێویستی بە یارمەتییە ئەم یارمەتیە تەنیا لە فۆڕمی دەروونی و گیانی دەشێ بەم کەسە بدرێ جا ئەو یارمەتیە ڕەنگە هەندێ شێوە وەرگرێ لەوانە ڕاهێنانی ئەم کەسە لەسەر بەکاربردنی هەندێ جۆری تایبەت لە دەرمان، یان بەکاربردنی هەندێ وەرزشی هزری و فیزیای، یاخود ڕاهێنانی ئەم کەسە لەسەر وەرگرتنی چارەسەر(عیلاج، تێڕاپی) لەڕێگای زمانەوە، واتە ئەوەی کە قسە بۆ ئەم کەسە نەخۆشەبکرێ و لەسەر ئەوە ڕاهێنرێ دەروونی بیمار و ناساغە و پێویستی بە وەرگرتنی چارەسەر و تیمارسازی هەیە. هۆی ئەوەش ئێمە گرینگی بەم جۆرە کەسە،یان تاکە، لە کۆمەلگەی گەندەلی ئەمڕۆی کوردی دەدەین بۆ ئەوەدەگەڕێتەوە ئەم جۆرە تاکانە (جا ئەوە تاکی سیاسی بێ بەتایبەت و یانیش ڕۆشنبیر بەگشتی) درووستکەر و ورووژێنەری گەلێ لە ڕاڕایی و پەشێوییە دەروونی و بووناویەکانی تاکی کوردن. تاکی کورد کە زۆرینەی لە بەرنامە و بیرکردنەوەکانی ئەم جۆرە تاکە (واتە تاکی سیاسی) سەردەرناکا لە خۆخواردنەوە و خۆپیشانەوە و هەلچوونی کاتی زیاتر بەولاوە شتێ ئەوتۆی لەدەستناێ. ئەم تاکە(واتە تاکی کورد)، کە دەبێ پتر لەوەی لەدەستبێ، هوشیاری لەسەر نەک هەر تەندرووستی خۆی نیە کە تاکێ نا-تەندرووست و دەروون هیلاکە بەلکو لەسەر داوا و ویستەکانیشی نییە. واتە تاکی کۆمەلگەی گەندەل زانیاری و ئاگای لەسەر باری جەستەی و دەروونی و عەقلی خۆی نییە و هەروەها بەهەمانشێوە زانیاری و ئاگای لەسەر ماف و خواستەکانیشی نییە. ئەمە کە کێشە دروستدەکا ڕیزێ نا- تێگەیشتن و نا-ساغی ڕۆشنبیری و سیاسیش دەخاتەوە کە کۆمەلگە بە گشت توێژ و چینەکانیەوە پرشی ئەو کێشەیەیان بەردەکەوێ. بۆیە بوونی دامەزراوەی دەروونی و شوێنی تایبەت بۆ چاودێریکردنی تەندروستی هاولاتی هێجگار گرینگ و پێویستە. ئەمە کە ستراتیژێ دیاریکراوی پەروەردەی و تەندروستی دەوێ کاری هەموانە و مەرجە ببێ بە شوێنبایەخی زۆرینەی تاک و توێژەکانی کۆمەلگەی نوێ کوردی چونکە سیاسەتی گەندەل و نقومبوو لە هەلە و پێشبڕکێی نەزۆک گرفتی دەروونی تاکی کۆمەلگەی کوردی ئەمڕۆی زیاد و ئالۆزکردووە ئەمەش وایکردووە ڕۆشنبیری تاکی کورد، جا ئەوە سیاسی بێ یان ڕۆشنبیر یانیش کاسبکار یاخود ئەکادیمیکەر، پێوەندی بە زانستی شیکردنەوەیدەروونییەوە تابلێی لاواز بێ و ئەم ڕۆشنبیرییە خۆی لە قەرەی کێشەی دەروونی تاک و دیاردە دەروونیەکانی کۆمەلگەی تازەی کوردی نەدا و هەلوێستەی ڕۆژانەی خۆشی لەو ڕوەوە دەستنیشاننەکا. هەربۆیشە تاکی کۆمەلگەی کۆلاپس و گەندەلی کوردستان پێویستیێ زۆری بە چاودێری شیکردنەوەی دەروونی هەیە چونکە ئەم تاکە بەتازەگی لە قولای تراژیدیا لەدوای تراژیدیاکان ( مەهاباد لەپاش مەهابادەکان ) هاتۆتەدەر و ناشێ ئاوا فەرامۆشکرێ و بابەتی شرۆڤەکردنی دەروونناسی نەبێ. بەلام ئەم تاکە چۆن ئەم شڕۆڤەکردنەی بۆدەکرێ ئەگەر دەروونناسی و کێشە و دیاردە دەروونیەکان دانبە بوونیانا نەهێنرێ. ئەم تاکە چی لە ڕۆشنبیری کۆمەلگەکەی بکا تەنیا سەرقالی نووسینی سەروتاری نەزۆکی سیاسی و ڕەخنەی ئەدەبی بێ ئایندەیە. کۆمەلگەی ئەم تاکە کە دەروون پەشێو و شەکەتێ هێجگار زۆریتیایە چی لە تێکستی شیعری و ئەدەبیبکا کە خودی تێکستەکان بیماری و پەشێویەکەی زیاتردەکەن. بۆیە هێپۆتێزی سەرەکی ئەم بەشە لە نووسینەکەمان خۆی لەسەر ئەو سەرنجە بوونیاددەنێ کە لەم تێگەیشتنە پێکدێ: کۆمەلگەی گەندەلی ئەمڕۆی کوردی کە دونیایێ سایکۆ (دەروونبیمار) ی سیاسی و ڕۆشنبیری هەیە پێویستیێ هێجگار زۆری بە شیکەرەوەیدەروونی هەیە. بەکورتی دەلێین: بیری سیاسی و ڕۆشنبیری بیمار پێویستە شیکرێتەوە و ئەو کۆمەلگانەش ئەم کەسانە بەرهەمدێنن یەکجار پێویستیان بە مێتۆدە تازەکانی شیکردنەوەی دەروونی هەیە. ئەگەر پێیشمانوابێ سیکۆپات لەناو کورد لەزیاد بووندایە ئەمە پێویستە وەک کێشەێ کۆمەلایەتی ئاسایی و وەک بەری ئەو دونیا تێکشکان و شەڕ و مالوێنکاریانە وەرگیرێ تاکی کورد بەسەریهاتووە بەلام ئەوەی ناشێ بەشتێ ئاسای وەرگیرێ شاردنەوەی ئەو کێشانەیە و باوەڕنەکردنیشە بە بیماریبوونی دەروونی تاک. واتە ئەوەی ئێمە پیێمانوابێ ئەم دیاردەیە، واتە دەروونبیماری (یان بەسایکۆبوون) ،لە کورد بەدەرە و  کورد سەرووی ئەوەیە دووچاری گرفتی دەروونی بێ چونکە کورد شێرە و نامەرد بەزێن و پالەوانە. لەڕاستیدا هەقایەتی شێری و نامەرد بەزێنی و پالەوانیەکەمان پێوەندی بەملایەنەوە نییە و ئەوە مانای ئەوەناگەێنێ ئێمە ناشێ ناساغدەروون نەبین. پاشان لەبەرئەوەی ئێمە مێژوویێ تال و زۆرداریئامێز ژیاوین ئاوەلناوێ زۆرمان بۆخۆمان دروستکردوە ئەو ئاوەلناوانە ناتوانن کارێواکەن بۆهەمیشە دەروونتەندوروست بین. هەر تایبەت بەملایەنە ئەوەشدەلێین کە، ئێمە لەماوەی سەد سالی تەمەنی ناسیۆنالیزمی کوردی لەبەرمانەوە و بەردەوامبوونمان، بۆ ترسانی دوژمنانی کورد و مێژوونوسینەوە هەمیشە دۆستی پلەیەکی مەرگ بووینە و پێمان شەرم و عەیببووە بلێین حەزمان لە ژیانە. ئێستاش دوایئەوەی کەوتووینەتە ناو ژیانەوە ، یان دروستتر بدوێین پاشئەوەی فڕێدراوینەتە ناو ژیانەوە، بەتازەگی لەوە گەیشتووین ئێمە بۆئەوەی هەبین دەبێ ساغ و بەهۆش و پڕلەئاوەزبین. بەلام ئەمە هەر دۆزی ئێمە نییە کە بەمجۆرە خەریکی خۆگوزەرانە بەلکو سەرجەم دانیشتوانی گۆی زەوی ئەو ویستەیان تیایە، واتە بژین، هەبن، و ئەمجار بەتەندروست و پڕ لە ئاگایش بن. چونکە دەمێک نییە ئاشووبەکانی جەنگ و جینۆساید و قاتوقڕی لە جیهانا خۆی لە کەمی ناوە. بۆیە لەم سەردەمە ئالۆزەی جیهان تەنانەت کێوی و گوندی و دەشتەکی و دوور لە شارستانی و گیرخواردو لەناو جەنگەل و یبابانەکانیش پەلەکێشی ئەزموونگا و نەخۆشخانە و کلینیکەکان دەکرێن. کەواتە ئێمە تەنیا نیین لەوەی دەرووننەخۆشین یان هەستکەنەفت و ئاوەزداڕماوین بەلام لەوەیانە تاک و تەنیاین کە ئێمە نامانەوێ دانبەوەبنێین ئەوەین هەروەها هۆکارەکانی بوونیشمان بەوە جودا و تایبەتە. چونکە دۆزی کۆمەلایەتی و سیاسی و کولتووری ئێمە جیا و ڕیزپەڕە. بۆیە ئێمە ئەوەین و ناجۆریشن لە بوونەکەمان بەوە.
بۆئەوەی نەختێ ڕووخسارەکانی کۆمەلگەی گەندەل لەمڕوەوە دەستنیشانکەین دەلێین، کۆمەلگەی گەندەل پڕە لە دیاردەی نەخۆشی دەروونی بەلام نەخۆشیە دەروونیەکان لە کۆمەلگەی ناوبراودا دەشاردرێنەوە واتە کەسی دەروونبیمار ئامادەنیە لە کۆمەلگەی گەندەلدا خۆی وەک دەروونبیمار نیشاندا ئەمەو کەسی ناوبراو زانیاریشی لەسەرئەوە نییە دەروونیبیمارە. هۆئەوەش ئەم کەسە بەمجۆرە هەلسوکەوت لەتەک دەروون و جەستەی خۆی دەکا ئەوەیە کە کەسی ناوبراو ڕۆشنبیری لەسەر جەستەی خۆی نییە. واتە ئەم کەسە نازانێ چۆن دەروون بیمار دەبێ و نیشانەکانی بیماربوونی دەروونی لە چی پێکدێنن. لەهەمانکاتدا  ""ئەم کەسە دەروون بیمارە"" ناکارێ و ئەو شیاویەی تیابەدیناکرێ دەروون لە لەش (جەستە) جیاکاتەوە ، هەروەها ئەم کەسە ئەو زانیاریەشی نیە چۆن قسەلەسەر لایەنی دەروونی و کارئەندامزانی(فسیۆلۆژیای) خۆیبکا. بۆیە هەلەناکەین گەر بلێین کەسی کۆمەلگەی گەندەلی کوردی لەبنڕا حالیبونی لەسەر دۆزی دەروونی و بوناووی خۆی نییە. دەرئەنجامی ئەوەش کە ووتمان وامانلێدەکا بۆئەوەبچین ئەم کەسە تائەوپەڕی پێویستی بە یارمەتی و چارەسەری دەروونی و بە تیمارسازی پزیشکی دەروونیە.
ئەلبەتە وێرای ئەوی لایسەرەوە ئەوەش دەلێین، زۆربەی پسپۆڕانی بواری دەروونناسی لە ولاتانی ڕۆژئاوا باسلەوەدەکەن مرۆڤ پێویستە بکارێ جیاوازی لەنێوان ئەو نەخۆشیانە بکا دووچاری جەستە(لەش)ی دەبێ و ئەوانەش کە دووچاری دەروونی یان دووچاری ئاوەزی(عەقلی) دەبێ. ڕاستە هەردوو جۆرەکانی نەخۆشی هەر لە بوونیادی هەمان مرۆڤدا (لەهەمان گیاندا) ڕوودەدەن بەلام هەریەک لەو دووجۆرە نەخۆشیەش کاردانەوەی خۆشیان بەسەر لایەنی کارئەندامزانی مرۆڤەکەوە بەجێدێلن. بۆنموونە ئەگەر مرۆڤێ بۆچەند ڕۆژێ نەچێتەسەر پێشاو، واتە قەبز بێ، ئەم قەبزییە شیاوە کێشەی جەستەیی بۆ ئەم مرۆڤە دروستکا، واتە ئێشێ لە ئاکامی ئەم ڕووداوە جەستەیەوە لەم مرۆڤە دروستدەبێ بەلام هەمان کێشە دەتوانێ کاردانەوەی دەروونیشبخاتەوە. بەلام ئەو ئێشە دەروونیەی ئەم حالەتە دەیخاتەوە جیایە لەو ئێشە دەروونیەی حالەتیێ تر دەیخاتەوە بۆنموونە کاتێ ئافرەتیێ منالی لەباردەچێ یان پەلاماردەدرێ یانیش هاوسەرەکەی ئەنفالدەکرێ ئەو کێشە دەروونیانەی لە ئەنجامی ئەو ڕووداوە جیاجیانەوە دووچاریدەبێ لە حالەتی قەبزبوونەکە جیایە. کەواتە ئێشە دەروونیەکان وەک یەک نیین و کاردانەوەکانیشیان تابلێی جوداوازن چونکە هەندێ نەخۆشی دوروونی کاتی و وەختیین و هەندێ تریش درێژخایەن و بگرە هەمیشەین بەتایبەت ئەگەر درەنگ ئەو نەخۆشیە دەروونیە دەستیشانکرێ. بۆیە تووشبوون بە نەخۆشی دەروونی شتێکە لەسەر ئەوە وەستاوە چی ئەوە دروستدەکا. گەر کەسەکە، واتە نەخۆشەکە، ڕۆشنبیری تەندروستی هەبێ و توانای ئاخاوتنی هەبێ ، واتە لە ئاکامی ئەو نەخۆشیە دەروونیەوەی دووچاری بووە ئاوەزی لەدەستنەدابێ، دەکارێ ڕووداوی پێوەبوون یان تووشبوونەکەی بە نەخۆشیە دەروونیەکە دەستنیشانکا بەلام ئەو نەخۆشەی لەئاکامی ئەو نەخۆشییە دەروونیەی دووچاریبووە ئاوەزی خۆی لەدەستداوە ئەوا بەدلنیاییەوە ئەم جۆرە نەخۆشانە ناتوانن گوزارە لە باری دووچاربوونەکانی خۆیانبکەن چونکە لەدەستدانی ئاوەز گرفتێ گەورە لەبەردەم ئاگای ئەو کەسە دروستدەکەن. ئەلبەتە ئەو حالەتانەی نەخۆش ئاوەزی بیمارنییە ڕەنگە ساناترین حالەتبن کە پسپۆڕەکانی نەخۆشییە دەروونیەکان ڕێکەوتیدەکەن چونکە نەخۆشەکە یارمەتیدەرە بۆ دۆزینەوە و دەستنیشانکردنی بەشێ لە ئاماژەکان و ئەلبەتە هۆکارەکانیش بەلام ئەو کەسەی منالێکی خۆی دەکوژێ یان خۆیدەکا بە باخچەێکی ساوایانا و دەستدرێژی لە ڕیزێ منالدەکا ڕەنگە ئەوە نەتوانێ شتێ ئەوتۆ لەسەر دەروونی خۆیبلێ. لە هەموو حالەتەکانا ئەوەی کارئاسانی دەکا پسپۆڕەکان زووتر لە ڕووداو و یان کێشە دەروونیەکان بگەن ""هوشیاری تەندرووستی"" نەخۆشە، کە مەرجە لای تاکەکانی کۆمەلگە هەبن. ڕەنگە ئەم لایەنە لە کۆمەلگە هاوچەرخەکانا ساناتربێ ئامادەبوونی چونکە تاکی ئەو جۆرە کۆمەلگانە ئاگایی لەسەر دەروون و تەندروستی جەستەیی خۆ هەیە بۆیە کاتێ کەسێ هەست بە پەشێوی دەروونی دەکا دەچێ بۆلای پزیشکە دەروونیەکەی نەک ""پزیشکە گشتیەکەی خێزان"" یان پزیشکی هەناو. مەبەستمان بەلانی کەمەوە لە کۆمەلگە نوێکانا تاک ئەوەندە هوشیارە کە بکارێ ئاماژەکانی نەخۆشی جەستەیی ، واتە ئەوی لە لەشا دروستدەبێ، لە ئاماژەکانی نەخۆشیە دەروونیەکان ،کە شاراوە و پەنهانن لە دەروونی مرۆڤدا، جیاکاتەوە. ئەمە کە هەنگاوێ پۆزەتیڤە پێوەندیێ زۆریشی بەگەشەی ڕۆشنبیری تەندروستی تاک لەو جۆرە کۆمەلگانە هەیە و هەروەها ڕۆلی مێدیا و شوێنە پەروەردەی و تەندروستیەکانیش لەمڕوەوە دیار و بەرچاویین. بەلام هەرچی کۆمەلگەکانی ئێمەیە کێشەکە لەوێوە دەستپێدەکا تاک کەسێ دیار و دانپیاهێنراو نیە. گومانیشی ناوێ زۆرێک لە ئێمە بپرسین تاک لەم جۆرە کۆمەلگانە، کۆمەلگەی گەندەل، چۆن دیاربێ لەکاتێکا کۆمەلگە شوێنیێکە بۆ بەرچاوخستن و دەرکەوتنی شتی گەورە؟ واتە کۆمەلگە کۆمەلگەی گشتە. کۆمەلگە کۆمەلگەێ کۆلێکتیڤە(جەماعییە) و تاک (ئیدڤید) ئەو جێیەی لەناو کۆمەل نیە. بۆیە کۆمەلگەی کۆلاپس و گەندەل لەبەرئەوەی کۆمەلگەێ کۆلێکتیڤی و ئەنتی ئیندڤیدوالە نایەوێ خۆی لەقەرەی شتە ووردەکان بدا و ، بۆیشە ئەم کۆمەلگەیە تەنیا بووە بە شوێنێ بۆ خستنەڕووی گشت، ماس، و شتە درشتەکان. بۆنموونە تاکی سیاسی لەگەل تاکی ڕۆشنبیری بەرچاوترین تاکی ئەم جۆرە کۆمەلگەیەن وەلی ئەم دووتاکە کۆلێکتیڤین و ئەنتی- ئیندڤیدوالن کە دەبایە وانەبایە. ئەمەش ئەوەدەگەێنێ گشت ڕەفتار و خەسلەتەکانی ئەم جۆرە تاکانە نیشانەن لەسەر بەتاکنەبوونیان، ئەم دوو جۆرە تاکە (تاکی سیاسی و تاکی ڕۆشنبیر) لەبەرئەوەی لەوەکەوتوون تاک بن هەریەکە خۆی لە قەبیلەێ سیاسی یان ڕۆشنبیری ناونوسکردوە و ئەم لەسەر لیستی ئەو دەبێ بەوە یان لە فلانە شوێن کار وەردەگرێ ئەویتریش لەسەر لیستی ئەویتر دەبێ بەهەمان شت. واتە تاک تاکی خۆی نیە و تاکی گروپ و خێلە. بۆنموونە فلانە تاک نەبووە بە سەفیر یان ڕاگری کۆلێژ یانیش بەرپرسی سەندیکاێ یان هەفتەنامەێ لەبەرئەوەی تاکێ سیاسی یان تاکێ ڕۆشنبیری بێوێنە و خاوەن ئەزموونێ ڕیزپەڕە بەلکو لەبەرئەوە بووە بەوە چونکە ئەم تاکە لەوەکەوتووە تاک بێ ، یان تاکی ناوبراو لەڕێگای بوونی بە ئەندام لە لیستێ حیزبی یان خێلێ سیاسیی بووە بەوەی هەیە(بەوەی بووە) . کەواتە ئەم تاکە گەر ئەمەی نەکردایە هیچکات نەدەبوو بەوەی هەیە (بەوەی بووە). واتە مەرجی بوونی بەوەی بووە وازهێنانیەتی ، کەوتنەیەتی، لە بەتاکبوونیخۆی. ئەمەش کە خەسلەتی سەرەکی تاکی کۆمەلگەی گەندەلە دۆزێ تابلێی کوشندەشی لە کۆمەلگا و ئەو بوارانەش دا خستۆتەوە (وەک خێزان، هاوڕێیەتی، دانیشگا، شوێنی کار وخۆشەویستی) کۆمەلگە وێنەی خۆی تیادەبینێتەوە و یان کرمەلگە تیایا کاریگەرە.

 

Previous
Next

Leave a Reply