Skip to Content

Sunday, November 1st, 2020

کۆچی زامدار …. دیدار مەسیفی

Be First!
by September 9, 2011 گشتی

به‌ر له‌ مانگێک و له‌وانه‌یه‌ پتریش بێت، بێ رێکه‌وت و پلان له‌ هه‌ولێر به ‌به‌رده‌م یه‌کێتی نووسه‌راندا ڕه‌ت بووم، سه‌ره‌تا ویستم نه‌چمه‌ ژووه‌ره‌وه‌ چونکه‌ چ نووسه‌رانم له‌ نزیکه‌وه‌ نه‌ده‌ناسی. یان هه‌رده‌م ئه‌گه‌ر شوێن هۆتێڵ، رێستوران، یان هه‌ر شوێنێکی گشتی دیکه‌ی هاوچه‌شن نه‌بێت، هه‌ستده‌که‌م ئه‌وه‌ خۆم نیم بێ ئه‌وه‌ی پاره‌ بدات بچێته‌‌ ژوور. هه‌روه‌ها لێره‌ من هه‌رده‌م له‌ بانه‌ران‌ ده‌سڵممه‌وه‌ چونکه‌ پێش چاوانم ده‌گرن و خه‌یاڵم په‌رت ده‌که‌ن. یان به‌ گشتی خه‌ڵکی په‌رت ده‌که‌ن، سه‌رباری پێشگرگه‌لێکی توکمه‌ی له‌ بابه‌ت کۆمه‌ڵه‌، یه‌کێتی، رێکخراو، بنگه‌، باره‌گا، پارت، ده‌ستگه‌، و هتد.
من چه‌ند جارێکی دیکه‌ له‌م شوێنه‌ چووبوومه‌ ژوور، جارێکیان له‌گه‌ڵ شاعیرێک دانیشتم له‌و کاته‌ی کراسێکی سپی له‌به‌ر بوو و به‌دڵێکی سپیی قسه‌ی ده‌کرد. جارێکی دیکه‌ له‌گه‌ڵ نووسه‌رێک چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ک دانیشتم بێ ئه‌وه‌ی فرسه‌ت بێت یه‌کتریی بناسین،  و جارێکی دیکه‌ش هه‌ر خۆم بووم و له‌گه‌ڵ که‌سی دیکه‌ نه‌دوابووم. به‌ڵکه‌، له‌ جیاتی له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌کانی ژووره‌وه‌، بێده‌نگ بێده‌نگ به‌ سوپاسه‌وه‌ فڕم له‌ چایه‌ ده‌دا و ته‌ماشای گۆڤارو رۆژنامه‌کانی سه‌ر مێزه‌کانم ده‌کرد. ده‌رئه‌نجام له‌ هه‌ر سێ جاری چوونه‌ ژووره‌وه‌ و هاتنه‌ده‌ره‌وه‌مدا شادمانییه‌ک دایگرتم که‌ هێشتا خه‌ڵک ماوه‌ له‌ خه‌می فه‌رهه‌نگ و وێژه‌ دابێت، سه‌رباری که‌شی ئاڵۆزی پڕ له‌ قسه‌وقسه‌ڵۆک که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی گه‌لێک کورت جارێکیان شایه‌تحاڵی ئه‌وه‌ حاله‌ته نه‌شیاوه‌ بوو بووم. ئه‌وه‌ی فازیل سوڵتانی شاعیر له‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌رده‌م به‌ گوێیانمیدا ده‌چرپاند.
به‌ڵام ئه‌و رۆژه‌ جودا بوو له‌و کاته‌ی بێ ئه‌وه‌ی به‌ خۆم بزانم به‌ به‌رده‌م یه‌کێتی نووسه‌ران ره‌ت بووم و دیمه‌نێک منی شه‌خته‌ وه‌ستاند. له‌ ده‌ره‌وه‌ دیتم پیاوێکی پیر خه‌ریکه‌ له‌ ژووره‌وه‌ به‌ حاڵ بۆ دانیشتن له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌یه‌کی نێو جامخانه‌یه‌که‌دا ده‌نووشتێته‌وه‌. وه‌ستام و ‌ له‌ ئێشکگره‌که‌ی پێش ده‌رگام پرسی که‌ ئایا ئه‌و پیاوه‌ شه‌که‌ت و مانووه‌ مه‌حمود زامداره یان نا؟‌. کوڕه‌‌ به‌ به‌ڵێ وه‌ڵامی دامه‌وه و ئیتر من‌ نه‌متوانی خۆم له‌ چوونه‌ ژووره‌وه‌ بگرم و ‌له‌ به‌ خزمه‌تگه‌یشتنێک خۆم بدزمه‌وه‌ که‌ له‌وانه‌یه‌ هه‌رگیز بۆم دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌. پێشتر له‌ وینه‌دا زامدارم به‌ چ نه‌ناسیبایه‌وه‌ به‌ که‌پۆیه‌ گه‌وره‌ و جوان و رووه‌ شاز و کاریزمایه‌که‌ی ده‌مناسییه‌وه‌ که‌  شێوه‌یه‌کی دروستی ئه‌و نووسه‌رانه‌ی هه‌بوو که‌ ناخیان پڕه‌ له‌ شتی جوان.
ئه‌و به‌ ته‌نیا له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌یه‌‌که‌ی به‌ر ده‌رگای هۆڵی کۆڕ و دیوه‌خانی نووسه‌ران دانیشتوو وه‌ک ئه‌وه‌ی کارئه‌کته‌رێکی ته‌مسیله‌ ره‌شوسپییه‌کانی عه‌لییه‌ فه‌ندی بێت. به‌ڵام من نه‌مکر به‌ ته‌مسیل و رێک چووم له‌ ته‌کی دانیشتم. یه‌که‌م جارم بوو مه‌حمود زامدار به‌ خوێن و گۆشته‌وه‌ وه‌ها له‌ نزیکه‌وه‌ ببینم.
سڵاوم لێی کردم و گووتم من براده‌ری فازیڵم.
به‌وه‌ ئه‌و گه‌شایه‌وه‌ و سه‌رباری هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌و،  هه‌ستمکرد ناوی فازیڵ هه‌ستێکی فێنکی به‌و دا که‌ بۆنی ئۆقیانووسی ئارامی لێ هاتبێت. من که‌مێک باسی خۆم کرد و له‌ نێو ئاخاوتنی پڕ له‌ کۆشش و وچانی وی دا خافڵام و خۆم له‌ بیرکرد. ئه‌و نه‌خۆش بوو و کیسه‌یه‌کی پڕ له‌ ده‌رمانیشی پێبوو، به‌ڵام قسه‌کانی سه‌ر زوبانی بۆنی زار و دڵی گه‌نجێکی چوارده‌ ساڵیان لێ ده‌هات.
له‌م دیداره‌ به‌ زامدارم گوت رۆمانێکم نوسیووه‌، ئه‌و له‌ وه‌ڵامدا گوتی که‌ ئه‌و شه‌ست و چوار کتێبی هه‌ن. به‌وه‌ من یه‌کسه‌ر بچووک بوومه‌وه‌ و دواتر له‌ پڕ گه‌ورۆنه‌ بووم‌ چونکه‌ له‌ نزیکه‌وه‌ دیتم که‌ نووسه‌ر و ئه‌دیبێکی وه‌ها پڕ به‌رهه‌م، به‌ نه‌فسێکی یه‌کجار گچکه‌ و دڵ و وده‌روونێکی وه‌ها پاک و پاراو قسانی بۆ ده‌کردم.
 ئه‌و نیو سه‌عاته‌ی له‌ ‌ خزمه‌ت زامدار گه‌لێک شتم به‌ خه‌یاڵدا هاتن و له‌و موناسه‌به‌یه‌ ناشاده‌ ده‌توانم هه‌ر ئه‌وه‌نده‌‌ی لێ بنووسم.
خودا له‌ سوڵتان مه‌حمود گه‌وره‌تره‌
و کێ له‌ زامدار مه‌حمودتره‌   ‌

Previous
Next

Leave a Reply