Skip to Content

Sunday, November 29th, 2020

کەمتەرخەمەکان! … ن: ئانتۆنیۆ گرامشی

Be First!
by March 15, 2013 ئەدەب

 

 

 

بێزارم لە کەمتەرخەمەکان. منیش هەروەک فێریدریش هێبڵ گومان دەکەم ژیان کردن بە واتای پارتیزان بوونە.(١) مرۆڤە تەنیاکان و بێگانە لەگەڵ شار ناتوانرێت بوونیان هەبێ. ئەوەی کە زیندووە، بەڕاستی ناتوانێت هاووڵاتی بێت و هەڵوێستی نەبێت. کەمتەرخەمی، بێ هێزیە، مشەخۆریە؛ بێ غیرەتیە. ژیان نییە. وە لەبەر ئەوەیە، کە من لە کەمتەرخەمەکان بێزارم.

  کەمتەرخەمی، قورسایی مردووی مێژووە؛ فیشەکێکی سۆربە بۆ لەناو بردنی داهێنەر و بیرمەند؛ وە مادەیەکی سستە کە تێیدا باڵادەستترین گڕوتینە درەوشاوەکان نقووم دەبن. زۆنگاوێکە کە شارێکی کۆن دەگرێتە خۆی و باشتر لە دیوارە بەهێزەکان و لەخۆبوردوتر لە سنگی شۆڕشگێران پارێزگاری لەو شارە دەکات. لەبەر ئەوەی لە زەلکاوە مەنگ و قوڕاوەکان هێرشبەران قوت دەدات و لەناو دەبات و دڵسارد دەکاتەوە و هەندێک جاریش لە هێرشی قارەمانانە پەشیمانان دەکاتەوە. کەمتەرخەمی زۆر بەهێز لە مێژوودا هەڵدەسوڕێت. پاسیڤانە کار دەکات، بەڵام کار دەکات. قەزا و قەدەرە و ئەوەیە کە ناتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت. ئەوەی کە بەرنامەکان وێران دەکات، کە شێوە جوانە داهێنراوەکان لەناو دەبات. مادەیەکی ناشرینە کە لە دژی شعور هەڵدەستێ و سەرکوتی دەکات؛ وە بەو شێوەیەیە ئەوەی ڕوو دەدات لە شەڕدا لەسەر خەڵک هەموار دەبێت: دەرفەتی چاکەیەک کە کردەوەی قارەمانانە (بە نرخە جیهانیەکەی) دەتوانێت بخوڵقێنێت، ئیتر ئەوەندە سەرچاوە گرتوو لە داهێنانی کۆمەڵە خەڵکێکی کەم و دیاریکراو کە هەڵدەسوڕێن نییە، بەڵکوو بەستراوە بە  کەمتەرخەمی و حازر نەبوونی زۆرێک لەو کەسانە. 

  ئەوەی ڕوو دەدات، لەو لایەنەوە نییە کە هەندێک بیانهەوێت ڕوو بدات، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە کە کۆمەڵانی خەڵک بە خواستی خۆیان لا دەدەن و ئیجازەی هەڵسوڕان و پوچکە بوونی گرێهایەک دەدەن کە لە دوایدا تەنیا شمشێر دەتوانێت لێکیان هەڵبدڕێت. ئیجازەی تیشکدانی یاساگەلێک دەدات کە دواتر تەنیا ڕاپەڕین دەتوانێت بەتاڵیان بکاتەوە و دەهێڵێت مرۆڤانێک سواری دەسەڵات ببن، کە دواتر تەنیا شۆڕش دەتوانێت ئەوان لە تاج و تەختیان بێنێتە خوار.

  چارەنووسێک کە وادیارە بەسەر مێژوودا زاڵە، هیچ نییە مەگەر نیشانەی خەیاڵاوی ئەم کەمتەرخەمیە ئامادە نەبوونە کە لەژێر سێبەری هەندێک هۆکاردا گەشە دەکەن و پێدەگەن، دەستانێکی دیاریکراو کە داوی ژیانی گشتی دەچنن، دەستانێک کە هیچ چاوەدێرێک چاودێریان ناکات، وە کۆمەڵ لەوە بێ ئاگایە، چوونکە گرنگی پێ نادات.

  چارە نووسی یەک سەدە، هەموو دەستکردی ڕوانینە باریک و ئامانجە کورت ماوەکان و بەرزە فڕیەکان و حەزە کەسیەکانی گروپە بچووکە کاریگەرەکانە، بەڵام کۆمەڵانی مرۆڤ بێ ئاگایە؛ لەبەر ئەوەی گرنگیەکی پی نادات. ئەوکات ئەو هۆکارانەی کە ئیتر پێگەیشتون، سەر دەردەهێنن و داوی لە سێبەردا چندراویش بۆ بەجێ هێنانی ئەرکی خۆی دەست بەکار دەبێت. لەم لایەنەوە، وا دێتە بەرچاو کە چارەنووسێک هەیە بۆ دامرکاندنەوەی هەموو شتێک و هەموو کەسێک. وادیارە کە مێژوو هیچ نییە جگە لە ڕووداوێکی سروشتی گەورە. یەک هەلقوڵان. زەوی لەرزەیەک کە هەموو دەبنە قوربانی ئەو: ئەوەی بیەویت و ئەوەیشی کە نەیهەوێت، ئەوەی دەیزانێ و ئەوەی کە نەشیدەزانی، ئەوەی کە کاریگەر بووە و ئەوەیشی کە کەمتەرخەم؛ وە ئەم کۆتا دانەیەیان توڕە دەبێت و دەیهەوێت خۆی لە کاریگەریەکانی ئەو ڕووداوە بەدوور بگرێت. دەیهەوێت بە ئاشکرا بڵێت کە نەیدەویست؛ کە ئەو بەرپرس نەبووە. هەندێک زۆر خاوەن بەزەییانە دەناڵێنن، ئەوانی تر زۆر ناشرین جوێن دەدەن، بەڵام هیچکەس لەخۆی ناپرسیت – یان کەمن ئەوانەی لەخۆیان دەپرسن: ئەگەر منیش ئەرکی خۆمم بەجێ هێنابوایە؛ ئەگەر هەوڵم دابوایە نرخم بۆ خواستی خۆم دانابوایە و بە بۆچۆنی خۆم، ئایا ئەوەی روویداوە، ڕووی دەدا؟ بەڵام هیچ کەس نییە – یان کەمن ئەوانەی کە لە کەمتەرخەمی خۆیان زیان دەکەن و لە دێر باوەڕیان و لە باوەش نەکردنەوە بۆ… وە کاریگەر نەبوونیان بۆ گروپی هاووڵاتیانێک کە بۆ خۆبەدوور گرتن لە هەمان شەڕ هەوڵیان دەدا و ئەرکی خۆیان بە ئەنجام دەگەیاند بۆ بەدەست هێنانیەوەی ئەو چاکەیە.

  زۆرتریان بەڵام پێیان باشترە کە لە ڕووداوە ڕوودراوەکاندا باسی بێ ئاکامی ئامانجەکان بکەن و بەرنامە شکست خواردووەکان و لەو شێوە دلخۆشکەرانەی تر؛ وە بەم شێوەیە حازر نەبوونی خۆیان لە هەر ئەرکێکدا دەست پێدەکەنەوە. هەڵبەتە نەک لەبەر ئەوەی کە لە پێشترەوە دەتوانن شتەکان بە ڕوونی ببینن و چەند جارێک توانایان نەبووە کە ڕێگەچارەی گونجاو بدەن بە دەستەوە بۆ کێشە کەم وێنەکان یان کیشەهایەک کە پێویستی بە ئامادەیی بەرفراوان و کاتی پێویستە و بەهەمان ڕادە گرنگ بوون، بەڵکوو لەبەر ئەوەی کە ئەو ڕێگا چارانە بە شێوەیەکی زۆر جوان بێ بەرهەم و نەزۆک دەمێننەوە و ئەو هاوکارە لە ژیانی گشتیدا بە هیچ نوورێکی ئەخلاقی گیان ناگرێت؛ چوونکە بەرهەمێکی توێژینەوەی ڕۆشنبیرانەیە و نەوەک سەرچاوە گرتوو لە هەستی تەزێنەری ئەرکێکی مێژوویی کە هەمووانی لە ژیاندا کاریگەر دەوێت و گوێ پێ نەدان و کەمتەرخەمی بە هیچ شێوەیەک ناوێت.

  هەروەها لەبەر ئەوەش بێزارم لە کەمتەرخەمەکان: چوونکە ناڵەی بێ گوناحانەی نەمرییان، بێزارم دەکات، من لە هەر یەکێکیان حیساب دەپرسم کە چۆن ئەرکێک کە ژیان بۆیانی دیاری کردووە و رۆژ بە رۆژ بۆیان دیاری دەکات، بە ئەنجام گەیاندووە؟ لە هەرچیەک کە کردویانە و بەتایبەت لە هەرچیەک کە نەیانکردووە و هەست دەکەم کە بتوانم بەهێز بم هەستی بەزەیی خۆم بەفیڕۆ و فرمێسکەکانم لەگەڵ ئەوان بەش نەکەم.

  من پارتیزانم، زیندووم و لە ویژدانە بەهێزەکانی هاو رێی خۆم دەنگی ترپەی کاریگەری ئەو شارەی داهاتوو دەبیستم کە بەشی من خەریکە دروستی دەکات؛ وە لەوێدا، زنجیرەی کۆمەڵایەتی لە سەر پشتی هەندێک کەسی دیاریکراو قورسایی نانوێنێت و لەوێدا هەرچیەک کە ڕوو دەدات ڕێکەوت و قەزا و قەدەرێک نییە و بیرمەندانە و کردەوەی خودی هاووڵاتیانە. لەو شارەدا هیچ کەس نییە کە لە پەنجەرەدا ڕابمێنێت، ئەو کاتەی کە کەسانێک خەریکن گیان لەدەست دەدەن و دەمارەکانیان لەو لەخۆبوردوییەدا دەبڕدرێت و لەگەڵیدا کەسێکیش نییە کە لە پەنجەرەدا بمێنێت و کەمین بکات تا لە چاکەیەکی کەم کە کاریگەری کەسانی وەکوو ئەو لەگەڵ خۆی هێناویە، کەڵک وەربگرێت و گومانەکانی خۆی بە بێ رێزی بەو دەست لە گیان داشۆریوە و دەمار بڕدراوە، بڕیژێتە دەرەوە کە بۆچی لە گەیشتن بە ئیرادە و خواستی خۆی سەرکەوتوو نەبووە.

  من زیندووم، من پارتیزانم. کەواتە بێزارم لەوەی کە بەشداری ناکات. من لە کەمتەرخەمەکان بێزارم.

                                                                     یازدەی فێبریواری ١٩١٧

………………………………………………………………..

1- فریدریش هێبڵ، دەستنووسە ڕۆژانەکان، بە پێشەکی شیپیۆئازلاتاپێر کارابا. لانچانۆ ١٩١٢. فەرهەنگی دەروون، لاپەڕەی ٨٢. زیندوو مانەوە بە واتای پارتیزان بوونە. دواکەوتوان، ژمارە 2127. ئەم وتەیەی فریدریش هێبڵ لە ژمارەیەکی گۆڤاری “هاواری خەلک” لە مانگی مەی ١٩١٦ بڵاو کرابۆوە، هەڵبەتە لەگەڵ دوو دواکەوتەی ژێرەوە:- زیندانی بانگەشەی ئازادی دەکات و – لاو هەمیشە لەگەڵ ئەو بڕوایەی کە جیهان لەگەڵ ئەو دەست پێدەکات، سەرزەنشت دەکرێت. بەڵام پیرەکان هەمیشە لەو گومانەدان کە جیهان لەگەڵ ئەوان کۆتایی دێت. کامیان خرابترە؟

  ڕوونکردنەوەی وەرگێر: پارتیزان لەم نووسراوە ئەدەبیەدا دوو مانای هەیە: هەم بە واتای هەوادار و لایەنگر و هەم بە واتای چریکیش دێت. وە لەبەر ئەوە خۆم بەدوور گرتووە لە وەگێرانی ناوەکە و ئەسڵی وشەکەم داناوەتەوە تا هەردوو ماناکە لە مێشکی خوێنەردا دروست ببێت

 

Previous
Next

Leave a Reply