Skip to Content

Monday, November 30th, 2020

گرینگە ڕوناکبیرانی کورد خۆیان لەسەر خوێندنەوەی …1

Be First!
by March 24, 2012 فەلسەفە

گرینگە ڕوناکبیرانی کورد خۆیان لەسەر خوێندنەوەی ڤیتگنشتاین و پۆست ڤیتگنشتاینیەکان ڕابێنن!
فەلسەفەکردن لەسەر شێوازی نەرێتی فەلسەفەی شیکردنەوەی


بەشی یەکەم

سەرەتا:
ئێمە لەڕێگای ئەم نووسینەوە نە کێشەی نێوان سێستێمە ڕوناکبیری و نەرێتە فەلسەفیە ڕۆژئاوایەکان گفتووگۆئەکەین و، نەش کەموکوڕی نێوان دوو نەرێتە فەلسەفیە بەرچاویەکەی ڕۆژئاوا ڕاڤەئەکەین، کە لێرە مەبەست فەلسەفەی شیکردنەوەی (شیکارەی) Analytic philosophy و فەلسەفەی کۆنتنێنتال (کیشوەری) ە Continental philosophy کە هەردوو پێکەوە  لەئەمئێستادا فەلسەفەی ئەکادیمی ڕۆژئاوایش پێکدێنن، بەڵکو ئامانجی بنەڕەتی ئێمە لە نووسینی ئەم چەند لاپەڕەیە بۆ گرینگیدانە بە دۆزی سەرهەڵدان و کاریگەری ئەزموونێ فەلسەفی ،کە زێدە پێویستە ڕوناکبیرانی کورد خۆیان لەسەر خوێندنەوەی ڕابێنن، ئەویش ئەزموونی بیری فەلسەفی ڤیتگنشتاین Wittgenstein(1889-1951) و پۆست ڤیتگنشتاینیەکان  Post-Wittgensteinians ە، ئەگەر نەلێین گشت ئەوەی پێیدەڵێن نەرێتی بیرکردنەوەی فەلسەفەی شیکردنەوەی. ئەم ئامانجە خۆی لەسەر ئەو تێگەیشتنە فەلسەفیە بوونیاددەنێت کە ئەو جۆرە خۆڕاهێنانە لەسەر بیری فەلسەفی بە پلەی یەک ڤیتگنشتاین و دواتر پۆست ڤیتگنشتاینیەکان خۆڕاهێنانی ڕوناکبیرانی کوردە لەسەر بیرێک نەرێتێ فەلسەفی گەورەی لە جیهانی فەلسەفە و خودی شیکردنەوەدا خستۆتەوە. خۆڕاهێنان لەسەر خوێندنەوەی فەلسەفەی ڤیتگنشتاین و پۆست ڤیتگنشتاینیەکان خۆڕاهێنانە لەسەر نەرێتێ فەلسەفی ڕۆژئاوایی کە سەد ساڵێکە کاریگەریێ زۆری نەک هەر لە نێوەندە فەلسەفیەکانا خستۆتەوە بەڵکو گرینگی خۆی لە بوارە جۆراوجۆرەکانی زانستە تەجریبی و مرۆییەکانیشا سەپاندووە.
دیارە چەند ساڵێک لەمەوبەر ، لە 2005 ،دواتر لەدووتوێی کتێبێک بەناوی “”ویستی فەلسەفاندن: بادیو و ڤیتگشتاین”” (1) ، شێوازی بیرکردنەوەی ڤیتگشتاینمان بەردەستی خوێنەرانی کورد خست. گرینگیدانی ئێمە لەو کتێبە و لەدووتوێی ئەم چەند لاپەڕەیە و لەدواتری کارەکانیشماندا لەسەر ئەم بیرمەندە نەمساوی- ئینگلیزە بۆ سەرنجخستنە سەر بیرێکێ فەلسەفییە خۆی بەئاسانی نادات بەدەستەوە. بیرێکی فەلسەفی کە تووندووتۆڵ و چڕ و تێکئاڵایە. لەهەمانکاتدا قسەکردن لەسەر بیری فەلسەفی ڤیتگشتاین ، و بگرە پۆست ڤیتگنشتاینیەکانیش ، قسەکردنە لەسەر نەوەێ لە بیرمەندان و نەرێتێ فەلسەفی وتارێ فەلسەفی جیا لەچاو دژە نەرێتەکەی خۆی پێشنیاردەکات( مەبەست فەلسەفەی کۆنتنێنتالە) کە شوێنی لە جیهانی ڕوناکبیری کوردی دا وونە. لێرە مەبەست لەو نەرێتە فەلسەفیە نەرێتی فەلسەفەی شیکردنەوەییە (شیکارەییە) کە لەگەڵ دەرکەوتنی ژینگەی ڕوناکبیری و ئەکادیمی فەلسەفی لە ڕۆژئاوا سەرلەبەرگۆڕی و تەنانەت فەلسەفەشی کرد بە دوو کەرتەوە، کەرتێکیان بوو بە فەلسەفەی شیکردنەوەی و کەرتەکەی تریشی بوو بە فەلسەفەی کۆنتنێنتال(کیشوەری).
ئاشنابوونی ڕوناکبیرانی کورد بە بیری ڤیتگنشتاین و پۆست ڤیتگنشتاینیەکان لەلاێ و ، لەلاێتریش بە بیری نەرێتی فەلسەفەی شیکردنەوەی ، کە نەرێتێ لۆژیکئامێزە ، تابلێیت َئاکامئامێز و سوودداردەبێت. ڕەنگە و زۆریش ئاسایە سەرەتا ڕوناکبیرانی کورد سەختییان نەک تەنیا لە تێگەیشتن لە گوزارە و دەربڕین و بیرۆکەکانی ڤیتگنشتاین و پۆست ڤیتگنشتاینیەکان هەروەها بیرمەندانی نەرێتی فەلسەفەی شیکردنەوەی بێتەپێشێ بەڵکو لە تێکڕای ئەوەی پێیدەڵێن میراتی فەلسەفی شیکردنەوەی ئەنگلۆ-ئەمەریکی Anglo-American یش ، کە خۆی وەک فەلسەفەێ ماتماتیکی، فەلسەفەێ زانستی، فەلسەفەێ زمانەوانی و یان چاترە بڵێین پۆزەتڤیزمێ لۆژیکی Logical positivism یاخود ئیمپریزمێ لۆژیکی Logical Empiricism نیشاندەدات.
بۆئەوەی هەرلەمسەرەتایەوە هەندەسەی نووسینەکەمان بەردەستخەین ئاماژە بەوەدەکەین کە سەرەتا تێگەیشتنێ پووخت لەسەر فەلسەفەی شیکردنەوەی بەدەستەوە دەدەین و بۆ ئەو مەبەستەش زۆر بەکورتی قسە لە “”کەرتبوونی ماڵی فەلسەفی ڕۆژئاوایی “” دەکەین و دواتر لەژێرناوی “”ئیدیالیزمی ئەڵمانی (بەتایبەت هیگڵیزم) و نەشونمای فەلسەفەی شیکردنەوەی ئەنگلۆفۆنی”” گەشتەکە بەناوی دەڤەری فەلسەفەی شیکردنەوەیا بەردەوامدەکەین، پاشان دێینە سەر “”سەرچڵییە فەلسەفیەکانی ڤیتگنشتاین و پۆست ڤیتگنشتاینیەکان”” و هەروەها ئاوڕێکیش لەو تێزە فەلسەفییە دەدەینەوە ساڵانێک لەمەوبەر ئالان بادیو تایبەت بە ڤیتگنشتاین بەناوی “”ڤیتگنشتاین وەک دژە  فەلسەفە”” خستیەوە و، لەکۆتایشدا ڕەخنەی بیرکردنەوەی فەلسەفی ڕوناکبیرانی کورد، ئەڵبەتە لەژێرناوی “”ترسی ڕوناکبیرانی کورد لە لۆژیک”” ، یان ترسی ڕوناکبیرانی کورد لە بیرکردنەوەی ماتماتیکی ، وەکیتر ترسی ڕوناکبیرانی کورد لە بیرکردنەوەی فەلسەفی شێوە ماتماتیکییانە دەکەین.

دابەشبوونی ماڵی فەلسەفە بەسەر دوو نەرێتی جیادا
بۆ توێژەرەوانی بواری فەلسەفە ڕوونە کە فەلسەفەکردن لەسەر شێوازی نەرێتی فەلسەفەی شیکردنەوەی لە زانستە سرووشتیەکانمان نزدیکدەکاتەوە، بەو پرسیارانەشمانەوە دەئاڵێنێ نەک هەر  چۆن ئێستا فەلسەفە تەماشای زانست دەکات بەڵکو ئەوەش کە ئایندەی بیری فەلسەفی لەگەڵ گەشەی بیری زانسی بەرەوکوێدەچێت؟ فەلسەفەی شیکردنەوەی بەیارمەتی پەرەسەندنی تەکنیکی لە لۆژیکی هێمای(سیبۆلی) دا و دامەزراندنی ماتماتیک لەناو ئەم لۆژیکەدا ڕۆحی زانستیانە و گومانکارانەی ڕۆشنگەری بوژانەوە(2). بۆیە هەرزوو فەلسەفەی شیکردنەوەی لەلایەن زاراوەگەلێ وەک “پۆزەتڤیزم”، “سرووشتگەری” و “زانستگەری” یەوە داگیرکرا (3).
بۆیە، تێگەیشتن لە دۆزی فەلسەفەی هاوچەرخ بەبێ تێگەیشتن لە ستاتۆسی فەلسەفەی شیکردنەوەی ئەستەمە چونکە ئەم جۆرە فەلسەفەیە لە سەد ساڵی ڕابردوودا لە نێوەندی فەلسەفەی ئەکادیمی ئەنگلۆفۆندا(ئینگلیزیزماندا) هەندێ فیگوری فەلسەفی دروستکرد(ڕاسێل، مۆر، ڤیتگنشتاین  ، کواین و….) کە کاریگەریان لەناو نەرێتێ فەلسەفی (نەرێتی فەلسەفەی شیکردنەوەی) و زمانێکدا(زمانی ئینگلیزی) لەیەککاتدا خستەوە. بۆیە ئەم فەلسەفەیە بەشێکە لە مێژووی هزری ڕۆژئاوا و سرووشتی ئەم هزرەش دەچێتە لاپەڕەکانی مێژووی ئەم هزرە ڕۆژئاوایەوە. لێ لەدیدی توێژەرەوەێکی فەلسەفیەوە بەناوی ئاڤریم سترول  Avrum Stroll بەهەڵەخوێندنەوەی مێژووە پێمانوابێت ئیدیای فەلسەفەی شیکردنەوەی بۆ  جۆرج مۆڕ G. E. Moore  دەگەڕێتەوە، بەقسەی ئەم توێژەرەوەیە نەرێتی شیکردنەوەی لقوپۆپی بۆ یۆنانی کۆن دەگەڕێتەوە (4). بۆ داکۆکیکرنیش لە قسەی ئەم توێژەرەوەیە دەڵێین ، ئەگەرچی فەلسەفەی شیکردنەوەی لەلایەن ئەفڵاتوونەوە پراکتیزەکراوە وەلێ لەسەردەمی نوێدا لەلایەن رۆنیە دێکارت  René Descartes و تۆماس هۆبز  Thomas Hobbes و چەند کەسانێتریشەوە چالاککراوەتەوە، بەس زۆرجار کە قسە لە فەلسەفەی شیکردنەوەی دەکرێت جەغت لەو فۆڕمەی دەکرێت لە سەرەتای سەدەی بیستدا بەخۆوە گرتوویەتی،  کە ئەوەش بێئەملاوئەولا دوو ئاڕاستە بەخۆوە دەگرێ یان دوو نێوەند ئەو فۆڕمە پێکیدێنن، یەکێکیان ئەڵمانیایە و ئەویتر بەریتانیا. لە ئەڵمانیا دا گوتلوب فرێگە  Gottlob Frege وەک دامەزرێنەری ماتماتیک (بیرکاری) و لۆژیک دەردەکەوێت و مانای بۆ فەلسەفەی شیکردنەوەی دەبێت و لەتەک هەوڵەکانی بێرتراند ڕاسێل Bertrand Russell  و ڤیتگنشتاین یەکدەگرێتەوە و گفتووگۆکانیشی لەسەر سرووشتی زمان و بەڵگەهێناوە کاریگەری بەسەر فەیلەسوفانی دواتریشەوە بەجێدێڵێت. لەو کارانەی فرێگە بڵاویکردونەتەوە و کاریگەریان لەسەر باوکردنی هزری ماتماتیکی و لۆژیکی هەبووە نووسینێکیەتی بەناوی “”لەمەڕ مانا و سەرچاوە- ڕێفڕێنس-“” لە 1892 ، و ئەویتریشی بریتیە لە “”بیرەکان”” لە 1918 (5). هەر لەم دەمووەختەشدا لە بەریتانیا جۆرج مۆر بە ڕەتکردنەوەی فەلسەفەی ئیدیالیزمی بەریتانیەوە سەرقاڵبووە ، کە ئەو دەمە ئەم جۆرە فەلسەفەیە لە بەریتانیادا لەگەشەکردندا بووە و ، ئەڵبەتە نووسینی “”سرووشتی دادوەری”” یش بە دەستپێکی ئەو ڕەتکردنەوانە دەژمێردرێت کە لەودەمەدا مۆر بۆ ڕەخنەکردنی بیری لۆژیکی فەیلەسوفێکی ئیدیالیستە بەریتانیەکان بەناوی فرانسیس هێربرت برادلی F. H. Bradley یەوە بڵاویکردۆتەوە (6). ئەم لایەنانە کە لە بڕگەی دواتری نووسینەکەمان دا دێینەوە سەری لایخوارەوە بەپێویستی دەزانین سەرنجبخەینەسەر دۆزی کەرتبوونی ماڵی فەلسەفەوە.
بەزمی دابەشبوونی فەلسەفە لە ڕۆژئاوا لەڕووی ئەکادیمیەوە مێژووی خۆی هەیە و سەرچاوە و لێکدانەوەی تایبەتیشی لەپشتەوەیە. ئەم دابەشبوونە کە سەرچاوە لە فەلسەفەی زانینی یان تیۆری زانینی Epistemology کانتەوە هەڵدەگرێت تاهەنووکەش بۆ بیرمەندانی ڕۆژئاوا بابەتێ مشتوومڕئامێزە. ئەم دابەشبوونە کە 200 ساڵێکی فەلسەفەی ڕۆژئاوایمان بیردەخاتەوە لە کانتەوە دەستپێدەکات تا پۆستمۆدێرنەکان و درێژەشی هەیە. کەوابێت، دابەشبوونی ماڵی فەلسەفە بۆ دوو ئاڕاستەی جیا یەکێکیان شیکردنەوەی ئەویتر کۆنتنێتال بۆ سەدەی 18 دەگەڕێتەوە و، ئەو دابەشکردنە لەئێستادا قووڵتر و ووردتریشبووەتەوە.
پێویستە ئەو لایەنەش سەرنجیبخرێتەسەر کە ئەو دەمەی فەلسەفەی کانت لە ڕۆژئاوا سەریهەڵدا خودی فەلسەفەی ڕۆژئاوا پای لەناو سەدەی هەژدە، سەدەی ڕۆشنگەری، دا بوو. هەرئەودەمە دوو شەپۆلی فەلسەفی (ڕاسیۆنالیزم و ئەزموونگەری) بەناو ئەورووپا گوزەری کردبوو یان بابڵێین ڕۆشنگەی هاتەسەر خوانی ئەو دوو شەپۆلە. کانت لەگەڵ هاتنی بوو بە هەوێنی ڕۆحی بزووتنەوەی ڕۆمانسیەتی ئەلمَانی ،کە ئاگایی ئەورووپای گۆڕی، و ئەڵبەتە  بوو بە بابی ئیدیالیزمیزیش لە سەدەی نۆزدە (7).
پرسیارەکەی لێرەدا ئەوەیە بۆ ئەم دابەشبوونە لەگەڵ کانت دا بەرجەستەدەبێت؟ تێکڕای توێژەرەوەکان کۆکن لەسەرئەوەی کانت عەقڵی پووخت دەکات بە بناغە بۆ زانینی زانستیی ڕۆژئاوا ئەمەش درزێ دەخاتە بیری فەلسەفی ڕۆژئاواییەوە. وەکیتریش عەقڵی پووخت دەبێت بە سەرچاوەی کەرتبوونەکە و بناغەێکیش بۆ گۆڕینی گفتووگۆکردن لەمەڕ تیۆری زانین. کەواتە، ئەوی چۆن زانین بەدەستبهێنین بۆ کانت دەبێت بە پرسیارێ زێدە تازەیگرینگ. ئەمەش لەسەرێترەوە ڕێگاێ بوو لەلایەن کانتەوە بۆ خستنە ژێرپرسیاری میتافیزیکی ڕۆژئاوا(8). لێرەوە کانت گفتووگۆی تیۆری زانین بەجۆرێدەکات کە ئامانجە نەک ئۆنتۆلۆژی. ئەم جۆرە تێگەیشتنە بۆ زانین خۆی لەهەردوو شەپۆلە فەلسەفیە باوەکەی ئەودەمەی ڕۆژئاوا جیاکردەوە ( واتە ڕاسیۆنالیزم و ئەزموونگەری) کە لەگەڵ هاتنی کانت و لەدەمووەختی ڕۆشنگەریدا زاڵبوو. کەواتە، کێشەی کانت لەوێوەدەستیپێکرد کە زانین نە سەرچاوە لە ئەزموونەوە هەڵدەگرێ ، کە ئەزموونگەری ویستی ئێمەی لەسەر ڕابێنێت ، نەش لە عەقڵەوە ، وەک ئەوەی ڕاسیۆنالیزم خۆی لەسەر بوونیادنا. بۆ کانت بەمجۆرە بیردەکاتەوە؟ چونکە کانت پێیوابوو زانین لەگەڵمانا لەدایکدەبێت و پێش ئەزموون (هەستەکان) دەکەوێت و لە تێگەیشتنیشمانا ئامادەیە و دەشبێت بە بناغە بۆ ئەو زانینەی بەدەستیدێنین. بەس لێرەدا شوێنێک بۆ پەیداکردنی زانین بەڕێگای ئەزموون لە فەلسەفەی کانت هەر بوونی هەیە. لێ کانت قوورسایدەخاتە سەر ئەو زانینەی نا-ئەزموونییە، کە لەڕێگای ئەزموون و تێژیانەوە بەدەستناێت کە ئەوەش زانینێ ترانسندێنتالانەیە، بۆنموونە بۆ بوونی یەزدان پێویستمان بە بەڵگە نییە چونکە ئەوە زانینێکە لەناخمانا ئامادەیە لەگەڵ هاتنەدونیامانەوە.
لێ لەگەڵ دەرکەوتنی فەلسەفەی شیکردنەوەی لە سەرەتای سەدەی بیستدا پێکدادانەکان لەنێوان بیرمەندانی هەردوو نەرێتەکە(نەرێتی فەلسەفەی شیکردنەوەی و نەرێتی فەلسەفەی کۆنتنێنتال ) تەشەنەی سەند و مشتومڕەکانیشیان ئاقاری جیاجیاشی لێکەوتەوە. هەندێ لە توێژەرەوەکانی بواری فەلسەفەی هاوچەرخ ، ئەوانەی ڕیشەی کێشەی دابەشبوونی فەلسەفە بەسەر دوو نەرێتی ئەکادیمیدا بۆ ئەو کێشەیەی دەگەڕێننەوە گشت فەیلەسوفانی پۆست کانتی Post – Kantian ڕووبەڕوویبوونەوە، پێیانوایە فەلسەفە لە قەیرانێ مێتۆدیدایە. بەڵێ کێشەکە ئەوەبوو چۆن ئەو شتەی کانت لە “”ڕەخنەی عەقڵی پووخت”” دا دەستنیشانیدەکات فەیلەسوفەکان دەیژێن، واتە مەسەلەی ئیدیالی کۆسمۆپۆلیتی (جیهانی) فەیلەسوف (9). وەلێ هۆی دابەشبوونی فەلسەفە بەسەر دوو نەرێتدا و گەڕانەوەشی بۆ فەلسەفەی ڕەخنەیی کانت ، یان بۆ دوالیزمی کانت، لە کانت بەولاوە بووەبە گفتووگۆێکی فەلسەفی زۆر قووڵ و هەریەک لە بیرمەندانی ئەو دوو نەرێتە جیایە شیکارەی جیا تایبەت بە کێشە فەلسەفیەکان بەردەستدەخەن و تیۆری زانینیش گلانیخۆی بەم مەسەلەیەوە هەیە. چونکە فەلسەفەی ڕۆژئاوا لەپاش کانت بەولاوە نەیتوانی خۆی  لەقەرەی ئەو دوالیزمە بدات فەلسەفەی ڕەخنەی کانت لەپاش خۆی بۆ فەیلەسوفانی بەجێهێشت و ئەمەش وایکرد ماڵی فەلسەفە بکرێ بە دوو بەشەوە(10). وەکیتریش دەکرێ بووترێت، فەلسەفەی کۆنتنێنتال ، بۆخۆ بوونیاندنانی خۆی، سەرچاوەی لە گفتووگۆکانی نێوان هزری کانتی و فەلسەفەکانی ئیدیالیزمی ئەڵمانیەوە هەڵگرت(11). ئەم لایەنە کە لایخوارەوە دەگەڕێینەوە سەری بەشێ لەو تێگەیشتنانەمان بۆ شیدەکاتەوە کە چۆن تیۆری زانین لەنێوان ئەو دوو نەرێتەدا دووچاری کەرتبوونێ فەلسەفی بووە.

لێدانی ئیدیالیزمی ئەڵمانی(بەتایبەت هیگڵیزم) و نەشونمای فەلسەفەی شیکردنەوەی ئەنگلۆفۆنی

بۆئەوەی ڕوونتر قسە لەو چەند دێڕەکەین لایسەرەوە ووترا دەڵێین، دەرکەوتنی فەلسەفەی شیکردنەوەی لەسەر شانی زمان و بە ماتماتیکردنی فەلسەفە(لۆژیک) وەک پەرچەکردارێک دژ بە ئیدیالیزمی ئەڵمانی و دواتر گشت فەلسەفەی کلاسیک هاتەکایەوە و بووش بە فەلسەفەێک بەناوی فەلسەفەی ئەنگلۆ- ئەمەریکی  Anglo-Americanیەوە کە لە نێوەندە فەلسەفیە ئەنگلۆفۆنەکانا خۆیسەپاند(12). ئەم پەرچەکرداریە کە دواتر بە وەرچەرخاندنێ زمانەوانی ناسرا لە قۆناغێ لە قۆناغەکانی دا بە کۆلاپسی پۆزەتڤیزمی لۆژیکی کۆتایهات.
ئەوی دەکرێ تایبەت بەو چەند دوا دێرەی لایسەرەوە زیادکرێت ئەوەیە، فەلسەفە لە نەرێتی شیکردنەوەیدا – کە بە فەلسەفەی شیکردنەوەی ناودەبرێت –  دەمێکە بە فەلسەفەی ئەکادیمییەوە لە جیهانی ئینگلیزی زماندا(ئەنگلۆفۆن) لە پێوەندیدایە، کە بەریتانیا و وڵاتە یەکگرتووەکان دەگرێتەوە. بۆیە فەلسەفەی شیکردنەوەی بەزۆری دەدرێتەپال فەلسەفەی ئەنگلۆ-ئەمەریکییەوە تا فەلسەفەی جوگرافیاێکی ترەوە. هەندێکیش ئەم دابەشکردنە نەرێتیە ڕەخنەدەکەن چونکە بیرمەندانی شیکەرەوەی ئەڵمانی زمان ناگرێتەوە (فرێگە، ڤیتگنشتاین و بازنەی ڤیەنا) کە مانایان بۆ نەرێتی فەلسەفەی شیکردنەوەی بێئەندازە گەورە بووە (13). پێشمانوایە ئەوەی فەلسەفەی  شیکردنەوەی تەنیا بکرێت بە فەلسەفەێ ئەنگلۆفۆنی ئەمە هەڵەێ مێتۆدیە و پێویستە مێژووکردانی فەلسەفەی نوێی ڕۆژئاوا کارێ زۆر لەسەر ڕاڤەکردنی ئەم لایەنە بکەن.
جۆرج هێنریک ڤۆن ڕایت Georg Henrik von Wright کە ساڵانێ زۆر (لە 1939 بۆ 1948) کاری لەگەڵ ڤیتگنشتاین لە زانکۆی کامبرج کردوە و پاش ئەوەی ڤیتگنشتاین لەو زانکۆیە لە سالی 1948 دەستی لەکارکێشاوەتەوە ناوبراو شوێنی گرتۆتەوە و، بە یەکێ لە فیگورە بەرچاویەکانی فەلسەفەی شیکردنەوەی لە وڵاتانی ئەسکەندەناڤیش دەژمێردرێت. ئەم فەیلەسوفە پێوایە مێژووی فەلسەفەی شیکردنەوەی تاهەنووکە نەنووسراوەتەوە و ، هەروەها فەلسەفەی شیکردنەوەی تەنیا شەپۆلێ زۆربەهێز و بڵاوئامێزی ئەم سەد ساڵەی دوای نەبووە لەبواری فەلسەفە دا بەڵکو شەپۆلێ زۆر خەسڵەتدارییش بوو کە ڕۆحی سەردەمی تیاکۆبوەتەوە(14). ئەم بیرمەندە فینلەندی-سویدیە وایبۆدەچێت فەلسەفەی شیکردنەوەی فەلسەفەی سەردەمێکە بە زانست و تەکنیک  خەسڵەتدارکراوە. ڤۆن ڕایت بۆئەوەی زۆرتر پێداگیری لەم فەلسەفەیە بکا ڕیشەکەی بۆ ڕۆشنگەری دەباتەوە و دەیکات بە میراتهەڵگری فەلسەفەی ڕۆشنگەری، ئەڵبەتە بەو جیاوازیەی کە فەلسەفەی شیکردنەوەی خۆی وەک دژەئاڕاستەی بیرکردنەوەێ تری فەلسەفی نیشاندەدات کە ئەویش سەرچاوەی لە ڕۆشنگەریەوە وەرگرتووە، ئەو فەلسەفەیەش فەلسەفەی ئیدیالیزمی ئەڵمانییە. لێرەوە ناوبراو هەردوو بیرمەندی ئینگلیزی و فەڕەنسی (ڤۆلتێر و ڕاسێل)دەکات بە نوێنەری  فەلسەفەی ڕۆشنگەری (15).
ئێمە پێمانباشە بۆ یەکلاکردنەوەی دیرۆکی فەلسەفەی شیکردنەوەی بەمجۆرە بێینەووتن: بەکاربردنی ناوێ گشتی بۆ جۆرێ لە فەلسەفەی شیکردنەوەی لە نیوەی سەدەی بیست دا پراکتیزە بوو ، ئەوەش لە سەرەتادا لە بەریتانیای مەزن و وڵاتانی ئەڵمانی زماندا و دواتر لە ئەمەریکای باکوور، ئوسترالیا و نیوزلاند سەریدەرهێنا و، خۆشی بریتیکرد لە “شیکردنەوەێ واتای” و ئامانج لێی تێکشکانی واتا ئاڵۆزەکان بوو بۆ هی ساناتر(16). ئەم بایەخدانە بە واتا بواری زانستیشی(فیزیا، کیمیا) گرتەوە. ئەمەش هاوشێوەیێکی لەنێوان فەلسەفە و زانست دا دروستکرد. هاوشێوەییەکە ئیلهامێکی بە ناوی “ئەتۆمیزمی لۆژیکی ” Logical atomism یەوە لێکەوتەوە کە دەکات ماوەی ساڵانی 1920 و 1930 کان. لەم ڕوەوە، مەرامی چ ڤیتگنشتاین و چ ڕاسێلیش گەڕان بوو بەدووی سادەێتی ، و جەغتی ڤیتگنشتاینیش لەمبارەیەوە لەسەر ئەوەبوو ئەو سادەییە بەبێ وابەستەبوون بە ئەزموونی مرۆڤەوە لە بوونمانا ئامادەیە (17). لەگەڵ هەموو ئەو هاوشێوەیەش لە نیوەی سەدەی بیست دا لەنێوان شیکردنەوەی زانستی و فەلسەفیدا هەبوو گەلێ لە فەیلەسوفان ئەوکات وایبۆدەچوون فەلسەفە لە زانست زۆر جیاوازە. خودی ڤیتگنشتاین لە “”تراکتاتۆس لۆژیکۆ- فیلۆسۆفیکۆس”” Tractatus logico-philosophicus دا باس لەوەدەکات فەلسەفە یەکێک نییە لە زانستە سرووشتیەکان و لە پەرەگرافی 4.111 ی “”تراکتاتۆس “”دا بۆ ڤیتگنشتاین وشەی فەلسەفە شتێکە دەکەوێتە سەرەوە یان خوارەوەی زانستە سرووشتیەکانەوە نەک تەنیشتیانەوە (18). ئەڵبەتە گومانناکرێت ئەم بۆچوونەی ڤیتگنشتاین بۆ شوێنی فەلسەفە لە “”تراکتاتۆس”” دا پێوەندی بە تایبەتێتی هزری فەلسەفی ڤیتگنشتاینەوە هەبووە کە دواتر ناوبراو لە گەلێ لەو بۆچوونانەی لە “”تراکتاتۆس”” دا پێیگەیشتووە، پاشگەزبوەتەوە.
لێرە جارێ لە سێرکردنەکانی ڤیتگنشتاین دوور دەکەوینەوە و قسە لەو پێوەندیە دەکەین لایسەرەوە تایبەت بە زانست و فەلسەفە وووترا. ئەو بینینەی لایسەرەوە و بینینیتریش بۆ پێوەندی نێوان فەلسەفە و زانست لە ڕوانگەی فەلسەفەی شیکردنەوەیدا گۆڕانی بەسەردا هات و ، لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستدا و لەسەر دەستی کواین  Quineڕووی لە گۆڕانکرد و گەڵێ لە فەیلەسوفان گەیشتن بەو تێگەیشتنەی فەلسەفە و زانست یەکتر تەواودەکەن (19). هەرچۆنبێت، لەمکەینوبەینەدا دابەشکردن لەنێوان شیکردنەوەی فەلسەفی واتاکان و شیکردنەوەی زانستی نافەلسەفی ناواتای بابەتەکان (شتەکان) زۆر بە ووردی وەرنەگیرا. بەپێیئەوەی واتا و ئەڵبەتە فەلسەفەش بەکاربراوئامێزنابن گەر پێوەندیان بە جیهانی ناواتاییەوە نەبێت ئەمە تەماشاکردنی بۆ ئەو پێوەندیە ناساناکرد. سەرباری ئەوە، زانست واتاکان بەکاردەبات و گەلێ لەو واتایانەش لە واقیعدا زۆر بناغەین. کانت ووتەنی : دەرکپێکردنەکان بەبێ واتاکان کوێرن و واتاکانیش بەبێ دەرکپێکردنەکان بەتاڵن (20).  
لێرەوە دێینە سەر لایەنێتر کە تایبەتێتی خۆی لە ژیانی فەلسەفەی شیکردنەوەیدا هەیە و بە لێدانی ئیدیالیزمی ئەڵمانیەوە تایبەتە. لێدانی ئیدیالیزمی ئەڵمانی لە نێوەندی ئەکادیمی بەریتانی بۆ هەردوو بیرمەندی بەرچاوی فەلسەفەی شیکردنەوەی جۆرج مۆر و بێرتراند ڕاسێل شتێ ئامانجدار و پرۆگرامکراوبوو. بۆیە لەگەڵ ڕەتکردنەوەی هیگڵیزم لە زانگۆکانی بەریتانیا و لەنێوەندی ڕوناکبیری ئینگلیزیزماندا فەلسەفەی شیکردنەوەی ووردە ووردە کاریگەری خۆی خستەوە و ڕۆڵیشی لە بڵاوبوونەوەی بیرێ ئەنتی ئیدیالی دا دی. ئەمە سەرەتاێ بوو بۆ ئەو کودەتا یان وەرچەرخاندنە فەلسەفیەی ئەو دوو بیرمەندە بەریتانیە لەژێر ناوی فەلسەفەی زمانەوانی کردیان کە ئامانجلێی تەنیا لێدانی ئیدیالیزمی ئەڵمانی و بەتایبەت هیگڵیزم نەبوو کە خەریکبوو باڵ بەسەر بیرکردنەوەی فەلسەفی لە بەریتانیای مەزن دا ڕاکێشێ بەڵکو لێدانی ئەو نەرێتە فەلسەفیەش بوو کە پێیدەڵێن فەلسەفەی کلاسیک.
لەو دەمووەختەدا کە کارەکانی هەردوو بیرمەندی (جۆرج مۆر و بێرتراند ڕاسێل) شیکردنەوەی فەلسەفی ڕۆڵی بەرچاوییان لە ڕەتکردنەوەی ئیدیالیزی ئەڵمانی لە بەریتانیا دا دەبینی فەلسەفەی لۆژیکی فرێگە Frege کاریگەری خۆی بەسەر فەلسەفەی سەدەی بیستەوە دەگێڕا. ئەو دەمەش کە ڕاسێل و مۆر  کاریان لەسەر سنووردارکردنی ئیدیالیزمی ئەڵمانی دەکرد بایەخیان بە ئیدۆمی زمانەوانی دەدا و بەڵگەکانیشیان لەسەر بناغەی زاراوەکانی مانا و گوزارە  Proposition دادەمەزراند (21). بەکشتیش ڕاسێل پێیوابوو ڕێزمانی زمانی سرووشتی فەلسەفیانە زۆرجار گومڕاکارە(خەڵەتێنەرە). بۆئەوەی ئەم لایەنە چارەسەرکرێت ڕاسێل ئەو ڕێگایەی بەگونجاو دەزانی کە سەرلەنوێ گوزارەکان لە زمانێ ئیدیالیانەی فۆڕماڵی لۆژیکی سیمبۆلیدا داڕێژرێنەوە ، ئەمەش لەبەرئەوەی ڕاسێل پێیوابوو تەنیا بەمجۆرە ئەو گوزارانە فۆرمی لۆژیکی ڕاستی خۆیان نیشاندەدەن. ئەمشێوە کارکردنە لەسەر زمان وای لە فەلسەفەی شیکردنەوەی کرد بەجۆرێ فراوان زمان بکات بە بابەتێ سەرەکی ناو فەلسەفە و وەچەرخاندنێ مێتۆدۆلۆژیانە لە بواری شیکردنەوەی زمانەوانی Linguistic دابکات و، هەرلەبەرئەوە دەکرێ بووترێت فەلسەفەی شیکردنەوەی لەناو ئەم وەچەرخاندنە زمانەوانیەدا لەدایکبوو. لێرەوە دەکرێ بووترێت واتای زمانەوانی شوێنێ گەورەی لەناو فەلسەفە بۆخۆی پەیداکردوو و چووشە ناو ڵاپەڕەکانی فەلسەفەی مێژووی ڕۆژئاواوە. لەبەر ئەم هۆیە فەلسەفەی شیکردنەوەی شۆرشێ گەورەی نەک هەر دژ بە ئیدیالیزمی بەریتانی بەرپاکرد بەڵکو دژ بەهەموو فەلسەفەی نەرێتیش(22).
ڕاستە بایەخدانی فەلسەفەی شیکردنەوەی بە زمان لە کەموکوڕی بەدەر نییە بەس ڕووکردنی ئەم فەلسەفەیە لەزمانناسی توانی تاپۆی فەلسەفەی سەدەی بیست بکات و، گەر لەسەر زمانی ئەم فەلسەفەیە و یەکێ لە فەیلەسوفانی ئەم سەدەیە بەناوی مایکل دیمێت Michael Dummett ەوە بدوێین دەڵێین: ئامانجی فەلسەفە شیکردنەوەی بنەماکانی هزرە و ڕاسترین مێتۆدیش بۆ شیکردنەوەی هزر بریتیە لە شیکردنەوەی زمان(23) .
بەپێی ئێنسکلۆپێدیای فەلسەفی بێت، قۆناغەکانی فەلسەفەی شیکردنەوەی دەشێ دابەش 5 قۆناغ کرێت. قۆناغی یەکەم تاڕادادەێک لە 1900 وە تا 1910 بەردەوامدەبێت. ئەم قۆناغە خۆی لە ڕیالیزمێ شێوە فۆرمێکی ئەفڵاتوونی دا خەسڵەتداردەکات و وەک ئەلتەرنەتیڤێکیش بۆ ئیدالیزم لەسەر دەستی ڕاسێل و مۆر دەکەوێتە گەڕ (24). هەروەک لایسەرەوەش ئاماژەیپێکرا ئەو ڕیالیزمە کۆششێ بوو بۆ ڕەتکردنەوەی ئیدیالیزمی ئەڵمانی کە خەریک بوو لە دانیشگاکانا لە بەریتانیا تەشەنەبسێنێ. یان ڕوونتر بدوێین دەڵێین، گەشەی ڕیالیزم لە شوێنێ وەک بەریتانیا لەسەرەتای سەدەی بیست ڕەنگدانەوەی خۆی هەبوو بەسەر بەرتەسکبوونەوەی فێختەیزم، شلینگیزم و هیگڵیزم لەم شوێنەدا. فەلسەفەی ئیدیالیزمی ئەڵمانی (فیختە، شلینگ، هیگڵ) کە لە کۆتای سەدەی 18 دژ بە فەلسەفەی کانت  Kant، دژ بە بیرۆکەی عەقلی پووخت لای کانت، سەریهەڵدا، کە دواتر لەتەک ڕۆمانتیزم و ڕۆشنگەری دا یەکیگرتەوە ، بووە هۆکارێ لە شوێنێ وەک بەریتانیا بە جۆرە ڕیالیزمێ شێوە بەریتانی وەڵامدرێتەوە و دواتر ئەو ڕیالیزمە لە بەریتانیا ڕووشی لە پەرەدان بە فەلسەفەی پۆزەتڤیزم نا.
بیرماننەچێت بەشداری هەریەک لە ڕاسێل و مۆر بۆ دامەزراندنی ڕیالیزمێ لە بەریتانیا بەوەوە گرێدراپێیدڵێن زمان  Language. بۆنموونە لەو قۆناغەدا، (1900 بۆ 1910) ، کە لایسەرەوە ئاماژەیپێکرا، فەلسەفەی ڕاسێل خۆی لە تێگەیشتنێکدا دا چڕکردەوە کە لەتەک ڤیتگنشتاین دا لەژێر ناوی ئەتۆمیزمی لۆژیکی Logical atomismپەرەیان پێدا. دەشکرێ بڵێین ئەتۆمیزی لۆژیکی سەرەتا لای ڕاسێل سەریدەرهێنا دواتر کەم یان زۆر لەسەر دەستی ڤیتگنشتاین لە “”تراکتاتۆس””دا درێژەیپێدرا (25). بەس لەهەمانکاتدا مۆر لە بەریتانیا گەشەی بە فەلسەفەێ ڕیالیستی بەناوی واتای عەقڵی یان بیری سەلیم  Common senseەوە دەدا.
واتای عەقڵی یان بیری سەلیم واتاێ ئەرستۆییە. ئەم بیرۆکەیە لای ئەرستۆ گەشەی کردوە و لقوپۆپی بەناو فەلسەفەی ڕۆژئاوا لێبڵاوبۆتەوە و، بەپێی ئەم بیرۆکەیە بێت هەستەکانی مرۆڤ کە تێگەیشتن لەسەر شتەکان لای مرۆڤ دەروستدەکەن لای گشت مرۆڤەکان وەک یەکوان ، بۆنموونە دەریا هەر دەریایە بۆ هەموان.
قۆناغی دووەمی فەلسەفەی شیکردنەوەی تائەندازەێک لەماوەی 1910 بۆ 1930 باو دەبێت و، ئەم قۆناغە بەوە دەناسرێتەوە کە فەلسەفەی شیکردنەوەی ڕوودەکاتە ئەتۆمیزمی لۆژیکی و گەشەدان بە شیکردنەوەی زمانی ئیدیال. قۆناغی سێهەمی فەلسەفەی شیکردنەوەی تاڕادەێک لەماوەی ساڵەکانی 1930 بۆ 1945 دا سەردەردێنێ کە بە گەشەی پۆزەتڤیزمی لۆژیکی ناوزەددەکرێت و لەسەر دەستی بیرمەندانی بازنەی ڤیەنا Vienna Circle و لەلایەن فەیلەسوفێکی بەریتانی بەناوی ئایێر  A. J. Ayer ەوە باودەکرێت. قۆناغی چوارەمی فەلسەفەی شیکردنەوەی تائەندازەێ لەماوەی ساڵانی  1945 بۆ 1965 دەستبەکاردەبێت و ئەم قۆناغە بەوە خەسڵەتداردەکرێت کە فەلسەفەی شیکردنەوەی ڕوو لە شیکردنەوەی زمانی ڕۆژانە (سادە) دەکات و ئەم جۆرە شیکردنەوەیەش بەچەند ڕێگاێک لەژێرسایەی فەیلەسوفانی کامبرج وەک ڤیتگنشتاین، جۆن ڤیزدوم John Wisdom هەروەها فەیلەسوفانی زانکۆی ئۆکسفۆرد وەک گیلبرت ڕایل Gilbert Ryle ، جۆن ئۆستین John Austin  ، پێتەر ستراوسۆن  Peter Strawson و پۆل گریس  Paul Grice گەشەدەکات(26).
بەپێی ئەوی لایسەرەوەبێت، ووردە ووردە قۆناغێ تر لە ژیانی فەلسەفەی پۆزەتڤیزمی لۆژیکی لە ماوەی 1940 کانا دەستیپێکرد کە ئەوەش دەرکەوتنی فەلسەفەی زمانی ڕۆژانەیە(سادە) کە سەرێکی لە کامبرجەوە دەرکەوت ، لەگەڵ دوا فەلسەفەی ڤیتگنشتاین، و ئەویتری لە ئۆکسفۆرد Oxford ەوە. لەم قۆناغەدا ڤیتگنشتاین پێیوایە فەلسەفە کێشەی خۆی ئەخولقێنێ ئەمەش ئەوە دەگەێنێت کە هیچکات کێشەی فیعلی بوونی نابێت. هەروەها ناڕوونی لە بەهەڵە بەکاربردنی وشەی سادەی فەیلەسوفانەوە گەشەدەکات. وشەکانیش لەدەرەوەی کۆنتێکستی سادەی خۆیان بەکاردەبرێن و “کێشە فەلسەفیەکان گەشەدەکەن کە زمان لە پشوودا بێت”(27).  ڤیتگنشتاین گەلێ لە گریمانەکانی فەلسەفەی شیکردنەوەی – لە سروشت و پێویستی شیکردنەوەوە بۆ سرووشتی زمان – خستەژێپرسیارەوە. بەشێک لە ئیلهاماتە ئەفۆریستی Aphoristic یەکانی ڤیتگنشتاین، وەک “پرسیار لە مانا مەکە پرسیار لە بەکاربردن بکە” و”تێگەیشتن لە گوزارە واتە تێگەیشتن لە زمان”، پەرچەکرداری جیاوازیان ، لە لێکدانەوە فرێگەیەکانی پێتەر گێیچ Peter Geach و میکایل دومیت Michael Dummett ەوە ،بۆ هۆلیزم Holism ی  کواین  Quine و دۆنالد داڤیدسۆن  Donald Davidson و بەرەو ڕێبازی هەلوەشانەوەی بۆڤسما  O.K. Bouwsma و فیلیپس  D. Z. Phillips خستەوە (28).
سەرباری ئەوی لایسەرەوە ووترا، کەوابێت نەک هەر زانکۆی کامبرج بەڵکو زانکۆی ئۆکسفۆردیش بوو بە بنکەی  فەلسەفەی زمانی سادە (زمانی ڕۆژانە) و ، لەم زانکۆیەشدا ئەم جۆرە زمانە لەژێر سەرپەرشتی گیلبرت ڕایل و جۆن ئۆستین سەریهەڵدا. ڕایل لە نووسینە فەلسەفیە زمانەوانیەکانی دا داکۆکی لە جۆرێک لە ڕەفتارگەری Behaviorism ێ فەلسەفی دەکرد و ڕەخنەی دوالیزمی دێکارتیش دەکرد. هەوڵی ڕایل بۆ ڕاڤەکردنی واتای ئاگای بەشێکە لەو کۆششانەی ناوبراو بۆ بەشداریکردن لە تەقەلاکانی ڤیتگنشتاین بۆ چارەسەر دۆزینەوە بۆ کێشە فەلسەفیەکان ناویەتی. هەرچی ئۆستینە تەقەلا تیۆریەکانی لەبواری تیۆری “”کردەی ووتن””دا خۆی گیردەکرد و لەڕێگای ئەم تیۆریەوە باسی لە زمانی سادە یان زمانی ڕۆژانە دەهێنایە پێشەوە کە پێشتر جێی بایەخی ڤیتگنشتاین بوو. ئۆستین پێیوابوو زمانی سادە یان زمانی ڕۆژانە دوا وشە نییە لە فەلسەفە دا بەڵکو یەکەمە(29).
هەرچی دوا قۆناغی ئەتۆمیزی (گەردگەری) لۆژیکیە بریتیە لە پۆزەتڤیزمی لۆژیکی کە لەژێر کاریگەری هەوڵەکانی مۆریتس شلیک Moritz Schlick سەردەردێنێ کە لەتەک رودۆلف کارناپ Rudolf Carnap بە یەکێ لە دامەزرێنەرەکانی بازنەی ڤیەنا Vienna Circle دادەنرێت و لەژێر کاریگەری تیۆری فیزیای ماکس پلانگ Max Planck دا گەشە بە تێگەیشتنە پۆزەتڤیستیەکانی خۆی دەدا. یەکێ لە بیرۆکە بنەڕەتیەکانی شلیک ئەوەبوو کە زانست یەکەیە، هەروەها لایەنێتر لە پرۆژە پرینسیپیەکانی ئەم فەیلەسوفە نەمساوییە ئەوەبوو چۆن گشت زمانە مانائامێزەکان وەرگێڕدرێنە سەر زمانی زانستی، بەواتاێتر کار بۆ کەمکردنەوەی مانائامێزی زمانی نازانستی بۆ زمانێ زانستی بکرێت. ڕوونیشە کە ئەم پرۆژەیە ناسەرکەوتوو دەمێنێتەوە بێ جیاکردنەوەی دەربڕینە مانائامێزەکان لە بێ مانائامێزەکان. لێ ئایێر A.J. Ayer پتر لە گشت فەیلەسوفانی شیکردنەوەی و بەتایبەت بیرمەندانی پۆزەتڤیزمی لۆژیکی کاتەکانی بۆ قسەکردن لەسەر بێمانائامێزی تەرخانکرد. دیدی سەرەکی ئایێر خۆی لەو تێگەیشتنە کورتدەکردەوە کە دێڕ تەنیا و تەنیا ئەوکاتە مانائامێزە کە یان شیکارەی (تەحلیلی) بێت یانیش تەجریبیێ سەلمێنەدار (30). 
لە 1960 کانا فەلسەفەی زمانی سادە(زمانی ڕۆژانە) دەسەڵاتی خۆی لەدەستدا. هەندێک لە فەیلەسوفەکانی ئۆکسفۆرد ئامرازیانە لەسەرە مەرگی خۆیاندابوون. سێرل Searle دەستیدایە گەشەدان بە تیۆرێک لەمەڕ کردەی ئاخاوتن و ، ئەمەشی وەک ئیلهامێک بۆ کارێ دامەزرێنەرانە لەمەر سروشتی نەعەمود Intentionality و کاری کۆمەڵایەتی بەکاردەبرد. یەکێ لە مامۆستا و قووتابیەکانی ئۆستێن بەناوی گریس H.P. Grice پەرەی بە تیۆریێکی خۆی لەبارەی بەکاربردنی زمانەوە دا، کە لە گەلێ ڕوەوە گەڕانەوە بوو بۆ سێرل (31).
دراماتیکترین هۆی وەلاکەوتنی فەلسەفەی زمانی سادە(زمانی ڕۆژانە) بۆ تەقەلا تیۆریەکانی ستراوسۆن P. F. Strawson دەگەڕێتەوە. چونکە ناوبراو میتافیزیکی وەک بوارێ هێنایەگفتووگۆ کە پۆزەتڤیزمی لۆژیکی لەسەری ڕانەهاتبوو. ستراوسۆن سەبارەت بە میتافیزیک شتێکی ووت کە لە نەرێتی فەلسەفەی پۆزەتڤیزمییەوە دوور بوو، ئەوەش گوایە دوو جۆر میتافیزیک هەیە ، میتافیزیکی باش و میتافیزیکی خراپ. سەرەتای سەرچڵیەکانی ستراوسۆن لەمڕوەوە بەو سەروتارە دەستیپێکرد کە لە تیۆری وەسفگەری ڕاسێل ڕەخنەبوو. هەرلەم دەمووەختەشدا کواین W. v. Quine سەریهەڵدا و تیۆریە فەلسەفیە لۆژیکیەکانی، بەتایبەت ئەوی لەبارەی لۆژیکی فۆڕمالەوەبوون کەوتنەگەڕ. ئەمەو کواین ڕەخنەی تیۆری زانینی ئیمپریستیشی کرد ، ئەڵبەتە لەسەر بناغەی ئەوەی کە ئەو زانینانەی ئیمپریزم دەمانداتێ پێویستی بە ڕاستکردنەوەیە (بڕوانە سەروتارە ناودارکەی کواین: دوو دۆگمی ئیمپریزم “Two Dogmas of Empiricism”).
جێیسەرنجە، لەماوەی 1930 و 1960 کانا هەندێ هەوڵی تر لە بواری فەلسەفەی شیکردنەوەی سەریدەرهێنا کە لقوپۆپیان بەرەو ئیتیک و سیاسەت دەهاویشت و کارەکانی جۆن ڕاولز John Rawls و تۆماس ناگل Thomas Nagel لەمڕوەوە شایانی ئاوڕدانەوەن (32). کەوابێ لە بواری فەلسەفەی شیکردنەوەیشدا بیرمەندگەلێ بایەخیان بە بابەتی ئیتیک و دادپەروەری و ماف هەیە.  
مایەوە تایبەت بە قۆناغەکانی فەلسەفەی شیکردنەوەی ئەوەش بڵێین کە لەماوەی 1960 کانا ڕخنەکان لەناوە و دەرەوەی بزووتنەوەی شیکردنەوەی بۆ دەستهەڵگرتن لە فۆڕمی زمانەوانی دەستیپێکرد. فەلسەفەی زمانەوانی ڕێگای لە فەلسەفەی زمان کردەوە ، فەلسەفەی زمانیش ڕێگای لە میتافیزیک کردەوە و، میتافیزیکش ڕێکای لە دیسپلینی تری فەلسەفی کردەوە. بەمجۆرە قۆناغی پێنجەم لە 1960 کانا دەستیپێکرد و تا کۆتای سەدەی بیست بەردەوام بوو کە ئەوەش بە جۆرە حالەتێ لە هەلبژێرەیی Eclecticism یان پلورالیزم(فڕەگەری) ناویدەرکرد. ئەم قۆناغە کە دەشێ بە قۆناغێ پۆست فەلسەفەی شیکردنەوەی زمانەوانی Post-linguistic analytic بناسرێت بەوە تایبەتمەنددەکرێت کە ناکرێ بە هەندێ زاراوەی هاوبەش دید و یان بایەخی فەلسەفی بناسرێندرێت(33).
هەروەک لایسەرەوەش ووتمان نەرێتی فەلسەفەی شیکردنەوەی خۆی هەر لەسەرەتاوە وەک دژە جەمسەری ئیدیالیزمی بەریتانی و دواتر لەئاستێ گەورەتردا دژبە فەلسەفەی کلاسیک بەگشتی دییەوە. لەسەرێترەوە ئەم فەلسەفەیە خۆی دژ بە نەرێتی تریش دیەوە لەوانە ئاڕاستەی دیاردەناسی Fenemenology کلاسیک (شێوازی هۆسڕل) و دواترەکانی ئەم ئاڕاستەیە، وەک بوونخوازی Existentialism (شێوازی سارتەر، کامۆ و ..هتد) هەروەها فەلسەفەی پۆست مۆدێرن (هایدیگەر، فوکۆ و دێریدا). هەرچی پراگماتیزم Pragmatism ە خۆی وەک قووتابخانە یان نەرێتێ جیاکار دەردەخات و خەسڵەتی هاوشێوەی لەتەک سەرەتاکانی فەلسەفەی شیکردنەوەی دا زۆرە ، ئەمەش بەتایبەت لەسەر دەستی کارەکانی پێرس C. S. Peirce و لێڤیس C. I. Lewis (34).
بۆئەوەی ئەوی لایسەرەوە تایبەت بەو نەرێتەی فەلسەفەی شیکردنەوەی ڕەتیدەکاتەوە، کە ئەویش فەلسەفەی کۆنتنێنتال (کیشوەری) ە ، چەند ووتنێ بێنینەپێشەوە بەپێویستی دەزانین ئاماژە بۆئەوەبکەین فەلسەفەی ناوبراو ، واتە فەلسەفەی کۆنتنێنتال(کیشوەری)، فەلسەفەێ ئەورووپاییە و بە زمانێ ئەورووپای تایبەتەوە گرێدراو نییە و گشت کیشوەرەکانی ئەورووپایش دەگرێتەوە. کەوابێت فەلسەفەی کۆنتنێتال خۆی وەک فەلسەفەی ئیتنۆسێنتریزم Ethnocentrism یش دەردەخات چونکە خۆی دەکات بە فەلسەفەی تەنیا ئەورووپا(35). ئەمە وادەکات ئەو هەوڵانەی لەدەرەوەی کیشوەری ئەورووپای( چینی، ژاپۆنی، هیندی و …) لەبواری ئەم فەلسەفەیەدا بەرهەمدێن لەبەرچاونەگێرێن. بۆیە، ئەوەی پێوەندی بە دۆزی هەردوو نەرێتە فەلسەفیەکەوە هەیە لەناوجەرگەی ئەورووپا بەپێویستی دەزانین لایخوارەوە بەکورتی بەرباسیدەخەین و تاوێکیش لەسەر دۆخی فەلسەفەی کۆنتنێنتال دەوەستین و ئاقار و ئاڕاستە جیاکانی دەستنیشاندەکەین.
هەروەک پێشتریش ئاماژەمانپێکرد لە دوای مەرگی کانت بەولاوە قسە لەسەر بوونی دوو نەرێتە فەلسەفیەکە بەردەوام بوو و، بەدەرکەوتنی فەلسەفەی هیگڵیش ئەم لایەنە قووڵتربووەوە و ڕووبەری فەلسەفەی کۆنتنێتالیش بەرینترکرا چونکە فەلسەفەی هیگڵ تەوژمی فەلسەفی جۆراوجۆری لەپاشخۆی دروستکرد(هیگڵییە لاوەکان بۆنموونە). هەر تایبەت بەم لایەنە پێویستە دەستبۆ ئەو باسەش ڕاکێشین کە، دەکرێ نووسینی هەندێ فیگوری تریش،  جگەلە کانت ، لەوانە: ڕوسۆ و ڕۆمانتیکی ئەڵمانی و ئیدیالیزم (هێردەر Herder، نۆڤالیس  Novalis، برایانی شلێگل Schlegel ،هۆلدرلین Hölderlin و شێلینگ  Schelling)بۆ ڕەخنەکانی فەلسەفەی کۆنتنێتال لەبەرچاوبگیرێت، کە دواتر گشت ئەوانە زۆر سێستەماتیکانە لە فەلسەفەی هیگڵ دا ڕەنگیاندایەوە و ،پاشانیش خودی فەلسەفەی هیگڵ فەلسەفەی پۆست هیگڵی خستەوە، کە کاریگەری لەناو فەلسەفەی کۆنتنێتال دا (36) تا هەنووکەش بەرچاوییە.
خودی فەلسەفەی شیکردنەوەی بەریتانیش کە پێشتر ئاماژەمان پێکرد خۆی بە ڕەتکردنەوەی هێرشی هیگڵیزم بۆسەر زانکۆکانی بەریتانیا سەرقاڵکرد. بەس ئەو کاتەی هیگڵیزم لە بەریتانیا لەسەردەستی ڕاسێل و مۆر ڕاودەنرا شوێنی بۆخۆی لەناو زمانی فەلسەفەی فەڕەنسیدا مسۆگەرکرد و موریدێ فەلسەفی زۆری لە زانکۆکان و نێوەندی ڕوناکبیری فەڕەنسی ، بەتایبەت لە پاش جەنگ بەولاوە ، بۆخۆی کۆکردەوە. لە 50 ساڵی ڕابردووشدا هیگڵیزم لەناو کولتووری فەلسەفی فرانکۆفۆنی هەوێنێ زۆری دانا، جائەوە چ لەناو دیاردەخواز(سارتەر ، میرلۆ-پۆنتی   Maurice Merleau-Ponty ) و بوونخوازەکان (سارتەر ، ئیمانوێل لێڤیناس Emmanuel Levinas ،سیمۆن دۆ بۆڤوار Simone de Beauvoir) بووبێت یان چ لەناو مارکسیەکانا. لەمبارەیەشەوە ڕۆلی بیرمەندی فەڕەنسی بەڕەچەڵەک ڕووس ، ئەلێکساندەر کۆژێڤ  Alexandre Kojève ،ناشێ لەبیرکرێ کە مانای بۆ بڵاوکردنەوەی فەلسەفەی دیاردەخوازی هیگڵ لە شوێنێ وەک پاریس دی. ئەم بیرمەندە ڕووسە پاشئەوەی لەماوەی مانەوەی ئەڵمانیایدا کەوتە ژێرکاریگەری فەلسەفەی دیاردەخوازی هیگڵەوە ئەم کاریگەریەی لەتەک خۆیڕا بەرەو پاریس گواستەوە و لەوێڕا کاریکردە سەر لاوازکردنی ئەو ئیدیالیزمە کانتییەی لەودەمەدا لە پاریس سەروەربوو. وەکیتریش بۆ زۆربەمان ئەوە ڕوونە کە هاتنی فەلسەفەی هیگڵ بۆ وەڵامدانەوەی ڕەخنەی عەقڵی پووختی کانت بوو. کەوابێت مۆر و ڕاسێل لە بەریتانیادا تەنگیان بە هیگڵیزم هەڵچنی کەچی لەشوێنێ وەک پاریس لەسەردەستی کۆژێڤ سەریدەرهێنایەوە و نەوەێکی لەدەوری خۆی کۆکردەوە: لاکان، ژۆرژ بەتای Georges Bataille ، میرلۆ-پۆنتی، سارتەر، شتراوس و..تا دەگاتە ژان ئیپۆلیت  Jean Hyppolite کە ڕۆلی بەرچاوی لە دوای جەنگ لە فەڕەنسا بۆ بەفەڕەنسیکردنی فەلسەفەی هیگڵ دی.
بەبۆچوونی ئێمە ئەم تەقەلا فەلسەفییەی کۆژێڤ نەک هەر کاریکردە سەر بە کۆنتنێنتالبوونی فەلسەفەی فەڕەنسی پاش جەنگ بەڵکو ئەوەش کە چۆن فەلسەفەی فەڕەنسی لەدوای جەنگ بەولاوە یان لە 80 ساڵی ڕابردوودا ببێ بە گۆڕەپانێ بۆ بەخێوکردنی ئیدیالیزم و هیچگەرای و دوورکەوتنەوەش لەو جۆرە شێوە فەلسەفەیەی بەریتانیەکان لە 80 ساڵی پێشوودا کاریانلەسەرکرد، واتە لۆژیک و جێکردنەوەی بیری ماتماتیکی لەناو لۆژیکدا.
ئاشکرایە مۆدێلی ڕاستەوخۆی ناو فەلسەفەی شیکردنەوەی زانستە و ئەم زانستەش لەڕێگای لۆژیک و عەقڵەوە پیادەدەکرێت هەرچی فەلسەفەی کۆنتنێتالە (کیشوەریە) بایەخ بە ڕەووشت(ئیتیک) و مانای فەلسەفە لە ژیان دا دەدات. وێرایئەوە، نزدیکبوونەوەی فەلسەفە بەتایبەت فەلسەفەی زمان لە بیرکاری کاریگەرێ زۆری بەسەر ئەو کودەتا لۆژیکیەشەوە هەبوو فەلسەفەی شیکردنەوەی پێیگەیشت و لەمڕوەشەوە فرێگە وەک باوکی ڕوحی فەلسەفەی شیکردنەوەی دەژمێردرێت. ئەو هەوڵەی دواتر بیرمەندانی فەلسەفەی شیکردنەوەی بەریتانیش بۆ بەکاربردنی بیرکاری لەناو لۆژیک دایان بەری ئەندێشەی لۆژیکی و بیرکاریانەی فرێگە بوو. گەشەکردنی فەلسەفەش بەجۆرێوا لەناو زمانی ئەنگلۆفۆنیدا لە سەد ساڵی ڕابردوودا بۆ ڕێگرتن بوو لە هەڕەشەی ئیدیالیزمی(ڕۆمانسیەتی) ئەڵمانی کە بەریتانیا و وڵاتانی تری ئەورووپای خستبووە ژێڕکێفی خۆیەوە. ئەمەش وایکرد زانینی ماتماتیکی لەلایەن فەلسەفەی شیکردنەوەییەوە بکرێ بە بناغە بۆ ووتنی ڕاستی و ، واشنیشاندرێت زمان لەو فۆڕمەی لە فەلسەفەی کلاسیک دا بەکاردەبرێت ناکارێ باشە لە خراپە جیاکاتەوە بۆیە پێویستی بۆ بیری ماتماتیکی لە فەلسەفەدا هاتەپێشەوە. واتە ئەوەی ئەتوانێ بمانگەێنێ بە ڕاستی ماتماتیکە نەک شتە میتافیزیکیەکان. بۆیشە شتی میتافیزیکی لە “”تراکتاتۆس”” کەی ڤیتگنشتاین دا بێمانا و پووچە. بەپێی ئەم سێرکردنە ڤیتگنشتاینیانەیەبێت زمان تەنیا دەکارێ گوزارە لەجیهانی دەرەکی بکات بەس ناتوانێ باشە و خراپەکانی ناو ئەم جیهاننە یەکلاکاتەوە. لە “”تراکتاتۆس”” دا ڤیتگنشتاین بێدەنگی بەرامبەر پرسیارە میتافیزیکی و ئیتیکیەکان هەڵدەبژێرێ و، ئەم لایەنەش ڤیتگنشتاین لەپاشخۆی لەناو بیرمەندانی فەلسەفەی شیکردنەوەی، کە بەشێکیان بە بیرمەندە پۆست ڤیتگنشتاینیەکان ناوزەددەکەین، چاک بڵاوبوەوە. واتە بێدەنگبوون لە کێشە میتافیزیکی و ئیتیکیەکان. ئەم لایەنەی ڤیتگنشتاین قوورسایخستەسەر ژینگەێ ئەوتۆی لەناو فەیلەسوفانی پاش خۆی لە کامبرج ، و تەنانەت  لە ئۆکسفۆردیش ، دروستکرد تێگەیشتن بۆشتەکان لەڕێگای شیکردنەوەیانەوە بێتەبەرهەم. لێرەشەوە دەکرێ باس لەو لایەنەشکەین کە چۆن بەڵگە و سەڵمێنە بەرچاوخستن لە شیکردنەوەی فەلسەفیدا خۆی چڕکردەوە و هەرچی فەلسەفەی کۆنتنێتالە ، کە فەیلەسوفانی فرانکۆفۆنی و گیرمانی دەگرێتەوە، لە ڕاڤەکردنە فەلسەفیەکانیانا کەوتنە بایەخدان بە گومان و ڕوونکردنەوەی ئەفۆریستی. وەکیتریش، فەلسەفەی کۆنتنێتال زێتر بایەخ بە دانای دەدات تا زانین کە فەلسەفەی شیکردنەوەی پێوەیسەرگەرمە. بۆیشە لەیەک لەو ڕەخنانەی لەدیدی فەلسەفەی شیکردنەوەییەوە ئاڕاستەی فەلسەفەی کۆنتنێتال دەکرێت ئەوەیە کە بیرمەندانی فەلسەفەی کۆنتنێتال لە بەکاربردنی مێتۆدی میتافیزیکی گومانکارانە بەردەوامن (37). تەنانەت نەدانی پلەی (دکتۆرای) شەرەفیش ، لەدیدی ئێمەوە، لە ساڵی 1992 لە زانکۆی کامبرج بە دێریدا نەک هەر بۆ ئەم لایەنە دەگەڕێتەوە بەڵکو بەشێکیشە لە کێشە دێرینەکان نێوان بیرمەندانی دوو نەرێتە فەلسەفیەکە(38).
بەپێی ئەو تێگەیشتنە سەرپێیانەی لایسەرەوە بێت ، ئەو بزووتنەوە و شەپۆلە فەلسەفیانەی ، هەر لەسەرەتاوە ، لەناو نەرێتی کۆنتنێنتال (کیشوەری) دا کارابوون لەژێرکاریگەری فەلسەفەی فەرەنسیزمان و ئەلمَانیزماندا بوون. دیارە بزووتنەوەی فەلسەفی ڕۆشنگەری لەمبەینەدا ووننابێت کە چەند مانای لە ژیانی فەلسەفەی نەک هەر شیکردنەوەی بەڵکو لە فەلسەفەی کۆنتنێنتالیش دا دیووە. فەلسەفەی کۆنتنێنتال کە دەمانباتەوە بۆ لای هیگڵ، کیێرکەگەرد ، نیچە، هۆسڕل ، هایدیگەر ، ئیدیالیزمی ئەلمَانی، کانت، هیگڵیزم، مێژووگەری، هێرمینۆتیکی ئەلمَانی (لە دیلتای Dilthey یەوە بۆ گەدامێر ) ، دیاردەناسی و بزووتنەوەی دیاردەناسی سیاسی (هەنا ئەرندێت )، ڕەخنە لە هیۆمانیزم ، مارکسیزم (گرامشی، لۆکاش) جا ئەوە لە فۆڕمی قووتابخانەی فرانکفۆرت (والتەر بنیامین) بێت یاخود لە فۆڕمی بنەماخوازی فەڕەنسی (لوی ئەلتیسێر) و، خودی بنەماخوازی فەڕەنسیش بەگشتی(بارت، لاکان، شتراوس) و هەڵوەشانەوەگەری (دێریدا) تا دەگاتە بیرمەندە هاوچەرخە کۆنتنێنتالە ئیتالی (تۆنی نیگری، ژۆرژیۆ ئاگامبین، گیانی ڤاتیمۆ، و…) و فەڕەنسی (ژان – لۆک نانسی، فیلیپ لاکۆ- لابارت، ژاک ڕانسیێر، ئالان بادیو ، و…) و ئەلمَانیەکان (ئەکسێل هونێت Axel Honneth).  
وەکیتریش دەشێ ئەوی لایسەرەوە لە چوارچێوەێ تریشدا ، لە شێوەی ئاڕاستە و بزووتنەوەی فەلسەفیش، پۆلکرێت وەک: ئاڕاستەی دیاردەناسی ئەلمَانی (هۆسڕل و هایدیگەر) و دەرکەوتنی قووتابخانەی ڕەخنەی فرانکفۆرت Frankfurt School ، کە قووتابخانەێ کۆمەلناسی نیو-مارکسیستیانەبوو و بیرمەندێ زۆری لەخۆکۆکردەوە (وەک تیۆدۆر ئەدورنو و ماکس هۆکهایمەر Max Horkheimer ، ئیریش فرۆم Erich Fromm و هێربرت مارکوز  Herbert Marcuse و تادەگاتە نەوەی نوێیان وەک یورگێن هابرماز Jürgen Habermas و ئەکسێل هونێت Axel Honneth و..). بەس هەر لە ناو زمانی ئەلمَانی بزووتنەوەی هێرمینۆتیک (هانس – جۆرج گەدامێر  Hans-Georg Gadamer) دەرکەوت. لێ ئەوی بە زمانی فەڕەنسیەوە تایبەت بوو نەرێتی فەلسەفەی کۆنتنێتال زۆرتر خۆی لە هەندێ بزووتنەوە و شەپۆلی دیدا چڕکردەوە لەوانە ئاڕاستەی بوونخوازی فەڕەنسی (سارتەر، کامۆ، ) ، دیاردەی بنەماخوازی (کلۆد – لیڤی شتراوس )، پاش بنەماخوازی (دولۆز، فوکۆ ، دێریدا) ، پۆستمۆدێرنیزم (دێریدا، لیوتار، بۆدریار)، فێمینیزم(کریستێڤا  Kristeva ، ئێلێن سیکسو  Hélène Cixous، ئیریگەرای Irigaray) ، مارکسیزم(لوی ئەلتۆسێر)، هیچگەرای یان بەنیچەکردنی فەلسەفەی فەڕەنسی (فوکۆ)، شیکردنەوەی دەروونی (فیلێکس گۆتاری )، دیاردەی هێرمینۆتیکی فەڕەنسی(پۆل ڕێکۆر  Paul Ricœur) و تادەگاتە نەوەێتر وەک ڕانسیێر و بادیو ، ئەڵبەتە بیرمەندی سلاڤێنیش سلاڤۆی ژیژک لە ڕیزی نەوەی نوێی فەیلەسوفانی کۆنتنێتالە.
شایانیباسیشە، لەئێستادا فەلسەفەی کۆنتنێتال تەنیا لەناو هەردوو ماڵی زمانی ئەڵمانی- فەڕەنسیدا گیرینەخواردوە بەڵکو بەهۆی زۆربوونی بزووتنەوە و ئاڕاستەکانی فەلسەفەی کۆنتنێتال (هەلوەشانەوەگەری دێریدا ، شیکردنەوەی دەروونی دولۆز ، هەندێ جۆر لە ئاڕاستەکانی فێمینیزمی ئەمەریکی و ئەسکەندەناڤی تادەگاتە پۆستمۆدێرنە ئەمەریکییەکان کە پشت بەکارەکانی هایدیگەر – نیچە دەبەستن ) گەلێ لە ڕوناکییر و بیرمەندانی بەریتانی، ئەمەریکی، کەنەدی و ئوسترالیشی بەخۆوەگلاندووە.
گشت ئەو ناو و شەپۆلە فەلسەفیانەی لایسەرەوە پۆلکران ، کە دەچنە خانەی نەرێتی فەلسەفەی کۆنتنێتالەوە، بایەخدانەکانیان لەو بوارانەدا چڕکردەوە کە دواتر بوو بە سیما و خەسڵەتە دیارەکانی ئەم جۆرە نەرێتە فەلسەفییە، لەوانە: ڕەووشت، سیاسەت، مێژوو ، جەستە، جوانکاری، دەروونناسی، سیمیۆلۆژی، ڕەخنەکردنی زانست یان زانینی زانستی، واتە ئەو زانستگەریەی ڕۆشنگەری بناغەی بۆدانا. بێگومان، لەو ڕەخنانەوەی هەر لەئەوەڵەوە نەرێتی فەلسەفەی کۆنتنێتال خۆیلەسەر ڕاهێنا ئەو ڕەخنانەبوون  ئاڕاستەی ناودارترین فەلسەفەی تازەی ئەودەمەی ئەورووپای دەکرد( واتە، ڕۆشنگەری)، ئەو فەلسەفەیەی خۆی لەسەر بناغەی زانستگەری و عەقڵگەرای دادەمەزراند (39). لەبڕی ئەوە فەلسەفەی کۆنتنێتال کاریلەسەر بایەخدان بە مانای ژیان دەکرد، کە ئەوەش لەناو بیرمەندانی فەلسەفەی کۆنتنێتال لەگەڵ دیاردەناسی ئەڵمانی گەشەی کرد، هەروەها بایەخدان بە: باشە، جوانی، خراپە، تێگەیشتنە میتافیزیکی و هونەری و کۆمەڵایەتیەکانیش بوون بە پۆلی تێڕامان و ڕاڤەکردن بۆ فەلسەفەی کۆنتنێتال.   
یەک لەو لایەنانەی لە فەلسەفەی شیکردنەوەیدا سەرنجی دەخرێتەسەر بایەخدانی ئەم فەلسەفەیەیە بە زمان. بەس ئەو وتارە یان شێوە شیکردنەوە زمانەوانیەی لەسەر دەستی بیرمەندانی فرانکۆفۆنی ، کە سەر بە نەرێتی فەلسەفەی کۆنتنێتالن، لەماوەی باوبوونی بیرکردنەوەی بنەماخوازی سەریهەڵدا لەژێر کاریگەری وانە زمانەوانیەکانی زمانناسی سویسری بەناوی فێردینان دۆ سۆسێر ا Ferdinand de Saussureدا بوو. وانەکانی ناوبراو بۆ بیرمەندانی بنەماخوازی فەڕەنسی (لاکان، بارت، شتراوس، و..) مانادربوو تەنیا ئەوەندەیە کە ئەو وانانە بواری گەشەی تیۆریەکانی سنووری فەلسەفەی کۆنتنێتالی تێنەپەڕاند و بگرە خودی بیرمەندانی فرانکۆفۆنی لە قۆناغی پاش بنەماخوازی و پاشتازەگەریدا بەجۆرێ تر کەوتنە سێرکردنی وانەکانی ئەم زمانناسە سویسریە.
بۆ کۆتایهێنان بەوی لایسەرەوە خستمانەبەرباس دەچینە سەر گفتووگۆێکی فەیلەسوفێکی کۆنتنێنتالی ئینگلیزیزمان بەناو سیمۆن کریچلی Simon Critchley یەوە. ناوبراو لەو دەروازەیەی بۆ کتێبێکی خۆیی تایبەت بە فەلسەفەی کۆنتنێنتال (کیشوەر) نووسیوویەتی باس لەوەدەکات ئەو دابەشبوونانەی لەئێستادا سەبارەت دیراسەتکردنی فەلسەفە بەرچاودەکەون دەرئەنجامی هەندێ نابەجێی و  خۆ- وەسفی پرۆفیسیۆنالی تیرەین ( تۆ فەیلەسوفێ شیکەرەوەی، پۆست شیکەرەوەی، کۆنتنێنتالی یان مۆدێرنی ئەورووپایت؟ ) (40). بەقەولی ئەم بیرمەندە هەردوو فەلسەفەی کۆنتنێتال و شیکەرەوەی دەرئەنجامی خۆ-وەسفیێ تیرەی بەپرۆفیسیۆنالکردنی ئەم دیسپلینەیە، جۆرە بەپرۆفیسیۆنالکردنێکی دیسپلین کە بووەتە هۆی لاوازکردنی فونکشونی ڕەخنەی فەلسەفە و بەهێزکردنی بەپەراوێزکردنی فەلسەفە لەناو ژیانی کولتوریدا. کێ فەیلەسوفێ کیشوەریە و کێش فەیلەسوفێ شیکەرەوەییە؟ مانای ئەم دابەشکردنە و کاریگەریشی بەسەر ئایندەی فەلسەفەوە ناوبراو بە وردی لەو کتێبەیدا گفتووگۆی دەکات (41). بۆ ئەم بیرمەندە ئەم دابەشبوونە هەرسنابێت و پێیشیوایە بە زیانی فەلسەفە دەکەوێتەوە. چونکە ، لەدیدی ئەم بیرمەندەوە، دابەشبوونی فەلسەفە بەسەر دوو نەرێتی فەلسەفیدا دابەشبوونی فەلسەفەیە بەسەر دوو تیرە(تایفە)ی فەلسەفی کە بە پەراوێزبوونی فەلسەفە کۆتایدێت. ئەمەش ترسناکە گەر فەلسەفە لە ژیانی کولتووری مرۆڤی هاوچەرخدا پەراوێزکرێت و ، هەروەها فەلسەفە لە ئەرکەکانی دوورخرێتەوە یان بەشتی لاوەکی و پووچەوە سەرگەرمکرێت.
سیمۆن کریچلی کەڵێنێ لەنێوان ئەم دوو نەرێتە فەلسەفیەدا دەبینێتەوە کە هیواخوازە دایخات بەس ناتوانێ ئەم کارەبکات نەک هەرلەبەرئەوەی بۆ پتر لە 200 ساڵ دەچێ ئەم کەڵێنە هەیەو لەئێستاشا گەورە و گەورەتربۆتەوە بەڵکو لەبەرئەوەش ناوبراو بەخۆشی وەک فەیلەسوفێکی کۆنتنێتال دەخوازێ ئەم کێشەیە چارەسەکا نەک وەک فەیلەسوفێ لەدەرەوەی ئەو نەرێتە فەلسەفیە. بەڵام پرسیاری ئەوەی ئەم دابەشکردنە چ کاریگەرێکی بەسەر چارەنووسی فەلسەفەوە لە جیهانا دەبێت ؟ ، کە ئەم بیرمەندەش دەیخاتە ڕوو، وایبۆدەچین بۆ بیرمەندانی ئەم دوو نەرێتە فەلسەفیە پێویستە ببێ بە شایانی ئاوڕدانەوە. چونکە هەر فەیلەسوفە و لە تەماشاکردنی نەرێتی و قووتابخانەی خۆیەوە بڕوانێتە کێشە فەلسەفیەکان و پرسیارە بنچینەیەکانی فەلسەفە بکات بە قووربانی شەڕە نەرێتی و قوتابخانەیەکان، ئێمەش پێمانوایە، ئایندەی فەلسەفە لە مەترسیدایە.
هەروەک پێشتریش ووتمان، ڕاستە نەشونمای نەرێتی فەلسەفەی شیکردنەوەی ئەنگلۆفۆنی واتە چرکەساتەکانی دەرکەوتنی ئاڕاستەێ فەلسەفی لە نێوەندی ئەکادیمی و ڕوناکبیری ئەورووپای و خۆچڕکردنەوەی لە ناوچەی ئەنگلۆ-ئەمەریکی دا لێ فەیلەسوفانی شیکەرەوەی هەموو وەک یەک نانووسن و پلوڕالیستی ئەم نەرێتە وادەکات قسەکەی گیلبێرت هارمان Gilbert Harman بە نموونە بێنینەوە کە دەپرسێت: فەلسەفەی شیکردنەوەی چییە؟ خۆشی وەڵامدەداتەوە و دەڵێت: فەلسەفەی شیکەرەوەی ئەو فەلسەفەیە کە تۆ خواردنی نیوەڕۆت لەگەڵ کێ دا دەخۆیت؟ (42). ئەم قسەیەی هارمان ئەوەشمان بۆ شیدەکاتەوە فەلسەفەی شیکەرەوەی ئەنگلۆ- ئەمەریکی ئاقار و بزووتنەوەی زۆری لێبوەتەوە و ئەمەلایەنە درێژەشی هەیە. نموونەکەی ناوبراو ئەوەشمان بەگوێڕادەچرپێنێ تۆ لەسەر ئەو مێزی نانخواردنە چ گوڵبژێرێک دەکاری بکەیت. چونکە دەرکەوتنی فەلسەفەی شیکردنەوەی ئەنگلۆفۆنی (ئینگلیزیزمان) لە سەرەتای سەدەی بیستەوە دەرکەوتنی نەرێتێ فەلسەفی بونیادنراو بووە لەسەر لۆژیک، فەلسەفەی زانست، زانستی زمان (زمانەوانی)، دەرووناسی، فیزیا، بیری ماتماتیکی، تیۆری زانین یان زانست و دواتر لقوپۆپی بەرەو ئیتیک و سیاسەتیش ( بۆنموونە لەسەر دەستی: جۆرج مۆر  G. E. Moore، جۆن ڕاولز  John Rawls و تۆماس ناگل  Thomas Nagel) هاویشت. لەدیدی فەیلەسوفی سویدی هانس ڕوین Hans Ruin  یشەوە فەلسەفە بەپێی تێگەیشتنە یۆنانیەکەی بریتیە لە شتێ تیۆری و بایەخێ زانستی و هەرئەوەشە شارستانی ڕۆژئاوای بەو پەرەسەندنە گەیاندوە ئەمڕۆ تیایەتی (43). بۆیە دەکرێ بڵێین بوونی دوو نەرێتە فەلسەفیەکە ئەو دەمە دەکرێت بە بناغە بۆ پەرەدان بە پرۆسە یۆنانیەکەی فەلسەفەکردن کە ئەو دوو نەرێتە فەلسەفییە لەئاست کات و کێشەفەلسەفیەکانی سەردەمی خۆیان بن و فەلسەفە بۆ مەبەستی لاوەکی و پەراوێزخوازی خودی فەلسەفە بەکارنەبەن. فەلسەفەش لەدواینباردا بریتیە نییە تەنیا لە ووتنهێنانەپێشەوە لە سیاسەت، جوانکاری، ئیتیک و شتە کۆمەڵایەتی و هونەریەکان بەڵکو فەلسەفە بەرپرسیاریێ گەردوونی هەیە و پێویستی بە جووڵە و سەرچڵی بەردەوامە و پردی نێوان زانستەکانیشە.

  ئازاد حەمە/ پاریس

azadhama500@yahoo.fr

سەرچاوەکان و پەراوێزەکان:
1.داوا لە خوێنەر دەکەین بۆ فەسلی دووەمی ئەم کتێبەی لایخوارەوە بگەڕێتەوە:
ئازاد حەمە. ویستی فەلسەفاندن: بادیو و ڤیتگشتاین. چاپی یەکەم 2007 ، چاپخانەی ئاراس ، هەولێر.
2. David West. Continental Philosophy: An Introduction. Polity; 2011.p،4.
3. Aaron Preston. Analytic Philosophy: The History of an Illusion. Continuum. 2010، p،x.
4. Avrum Stroll. Twentieth-Century Analytic Philosophy. Columbia University Press.2001، p،5.
5. A. P. Martinich  and E. David Sosa (ed.). A Companion to Analytic Philosophy. Wiley-Blackwell ،2005.p،1.
6. Ibid.
7. Roger Scruton . From Descartes to Wittgenstein. Routledge. Second edition. London and New York، 1995،p، 134.
8. بڕوانە ئەو بەشەی لە کتێبی لایسەرەوە بە (کانت) ەوە تایبەتە.
9. Andrew Cutrofello. Continental philosophy: Acontemporary introduction. Routledge; 2005. P، xiv.
10. Ibid،. p،4.
11. William A. McNeill، Karen S. Feldman (ed.). Continental Philosophy: An Anthology. Blackwell، 1998، p.1.
12. David West. Continental Philosophy: An Introduction. Polity; 2011.p،4.
13. Aaron Preston. Analytic Philosophy: The History of an Illusion. p،1.
14. Georg Henrik von Wright، ”Analytisk filosofi. En historisk-kritisk betraktelse”، ss. 207—232 i Huvudinnehåll. Tolv filosofiska uppsatser، red. Åke E. Andersson och Nils-Eric Sahlin (Lund: Nya Doxa، 1993).

15. Ibid.
16. A. P. Martinich  and E. David Sosa (ed.).A Companion to Analytic Philosophy. P.1.
17. Ibid.، pp.1-2.
18. Ibid.،p.2.
19. Ibid.
20. Ibid.
21. Analytic Philosophy in Internet Encyclopedia of Philosophy. http://www.iep.utm.edu/analytic/ 
22. Ibid.
23. David West. Continental Philosophy: An Introduction. PP. ix، 5.
24. Analytic Philosophy in Internet Encyclopedia of Philosophy.
25. Roger Scruton . From Descartes to Wittgenstein. P،268.
26.  Analytic Philosophy in Internet Encyclopedia of Philosophy.
27. A. P. Martinich  and E. David Sosa (ed.).A Companion to Analytic Philosophy.p،2.
28.  Ibid.،p.3.
29. Ibid.
30. Ibid.،p.2.
31. Ibid.،p.3.
32. Ibid.،p.4
33. Analytic Philosophy in Internet Encyclopedia of Philosophy. http://www.iep.utm.edu/analytic/ 
34. Ibid.
35. David West. Continental Philosophy: An Introduction. Polity; 2011.p،4.
36. Ibid.،p2،3.
37. Ibid،.p.5.
38. http://courses.nus.edu.sg/course/elljwp/againstdsdegree.htm.
39. David West. Continental Philosophy: An Introduction. Polity; 2011.PP. ix، 1.
40. Simon Critchley. Continental philosophy: A very short introduction. Oxford University Press. 2001.
41.Ibid.
42. A. P. Martinich  and E. David Sosa (ed.).p،5.
43. Hans Ruin &Nicholas Smith (red.). Hermeneutik och tradition : Gadamer och den grekiska filosofin. Förlag:Södertörns högskola. 2003، s. 9.


بۆ خوێندنەوەی بەشی دووەم کلیکی ئێرەبکەن….

بەشی سێیەم

Previous
Next

Leave a Reply