Skip to Content

Thursday, November 26th, 2020

گــــه‌ڕان لــه‌ دووى نـــــان……هەژێن

Be First!
by April 10, 2009 چیرۆک

 گــــه‌ڕان لــه‌ دووى نـــــان
هەژێن

هه‌‌‌ر چۆن بوو، به‌‌ به‌‌‏رتيل و تكاکاری خۆم له‌‌ سنوور ڕزگار کرد و چوومه‌ ئه‌و دیو. برسيه‌‌‌تی و هيلاكى ئه‌‌‌‏و چه‌‌‏ند ڕۆژه‌ پێمه‌‏وه‌‌‌‌‌‌‌ ديار بوو، به‌‌‏م شێوه‌‌‌‌‌‌‌‏يه‌‌ گه‌‌‌يشتمه‌ ناوچه‌‌‏ى هه‌‌‏مه‌‏دان و كه‌‌‌وتمه‌ گه‌ڕان به‌‌ دواى كاردا، كاتى كارى كشتوزار و كوره‌‌‏خانه‌‌‏كان نه‌‌‏مابوو، له‌‌‏لايه‌‌‌كه‌‌‌وه‌‌‌‌‌‌‌ هێنده‌‌‌ برسيم بوو، وه‌‌‌‌‌‌‌‏خت بوو په‌‌‏لامارى گژوگيا بده‌‌‌‌م، له‌‌‏ولاشه‌‌‏وه‌‌‌‌‌‌‌ ترسى گرتن‌ و به‌‌هه‌ده‌‌‌‏ر ڕۆیشتنى هيلاكى ئه‌‌‌‏و چه‌‌‏ند ڕۆژه‌‏ و گيرفانبه‌‌تاڵيم، له‌‌ تاو ئه‌‌‌‏م باره‌، گه‌‌‌‏ر جوتيارێكم به‌‌ جلوبه‌‌‏رگى خاكييه‌‌‏وه‌‌‌‌‌‌‌ ببينيا‏يه‌‌ ئه‌‌‌‏وا زه‌‏نده‌‌‌‏قم ده‌‌‌‏چوو و وام ده‌زانی پاسداره‌‌. كات ده‌‌‌‌مه‌‏و ئێواره‌‌ بوو، چه‌‌‏ند کڕگه‌ (ده‌واجن) گه‌‌‌‏ڕابووم، كارم ده‌‌‌‏ست  نه‌‌‏كه‌‌‌وت، ئيتر هێزم تيا نه‌‌‏ما، گه‌‌‌‏يشتمه‌ ئه‌‌‌‏و بڕوايه‌‌ كه‌‌ ئه‌‌‌‌گه‌‌‌ر چوومه‌‏ته‌‌‌ ناو مۆڵگه‌ى پاسداره‌‌‏وه‌‌‌‌‌‌‌ ده‌‌‌‌بێت شتێك بۆ خواردن به‌‌ ده‌‌‌‏ست بێنم، هه‌‌‏ستم ده‌‌‌‏كرد وا له‌‌ هۆش خۆم ده‌‌‌‏چم. به‌‌‏ ڕاسته‌‌‌ جاده‌‌يه‌‌‌كى خاكیدا ملى ڕێگام گرتبوو، پاش چه‌‌‏ند هه‌‌‌نگاوێك ماشينێك هات، كه‌‌‏مێك تێپه‌‌‌‏ڕى و گه‌‌‌‏ڕایه‌وه‌‌‌‌‌‌‌ دواوه‌‌‌‌‌‌‌‌ و وتى:
بۆ ڕه‌‌‏حمه‌‏ت ئاباد ده‌‌‌‏‏چى؟
دواى كه‌‌‏مێك ڕامان‌  وتم  ئا به‌‌‏ڵێ.
سوار بووم و شوفێره‌‌‏كه‌‌ كه‌‌‌وته‌‌‌ پرسيار:
+ نامۆ ديارى‏ وانييه‌‌؟  
–  به‌‌‏ڵێ.            
+ سه‌رده‌شتی؟
– نا عيراقيم .
+ له‌‌ ‌ئاواره‌‌‏كانى هه‌‌‏ڵه‌‌‏بجه‌‌ى؟
– به‌‌‏ڵێ.
+ بۆچى ده‌‌‌‏چى بۆ ڕه‌‌‏حمه‌‏ت ئاباد؟   
-‌ به‌‌‌دواى كاردا ده‌‌‌‏گه‌‌‏ڕێم.
شۆفێره‌‌‏كه‌‌ ساتێك  بێده‌‌‌‏نگ بوو، ترسم لێنيشت، به‌ خۆمم وت " پياوى ڕژێم نه‌‌‏بێت و به‌‌‌گرتنم بدات، له‌‌‏ لايه‌‌‌كی تريشه‌‌‏وه‌‌‌‌‌‌‌ دڵخۆشى خۆمم ده‌‌‌‏دايه‌‌‏وه‌‌‌‌‌‌‌، ئه‌‌‌‏ى كێ ده‌‌‌‏ڵێ پياوى چاك نييه‌‌ و دڵى پێم نه‌ ‌سووتاوه‌‌‌‌‌‌‌؟
+ لێره‌ كه‌‌‏س ده‌‌‌‏ناسى.. پێشتر لێره‌‌ كارت كردووه‌‌‌‌‌‌‌؟               
نا نه‌‌‏خێر..

كه‌‌‏مێكمان مابوو له‌‌ دێكه‌‌ نزيك بينه‌‌‌وه‌. شۆفێره‌‌‏كه‌‌ ده‌‌‌‏ستى بۆ لاى چه‌‌‏پى ڕێگه‌‏كه‌‌ ڕاكێشا و  وتي: ئه‌‌‌‏وه‌‌‌‌‌‌‌ گه‌‌‌‏وره‌‌‏ترين کڕگه‌ى ئه‌‌‌‏م ناوه‌‌‌‌‌‌‌‌يه‌‌‏. كه‌‌ گه‌‌‌‏يشتينه‌‌ ڕێكى کڕگه‌كه‌‌ كه‌‌‏سێك به‌‌‌ره‌‌‌و سه‌‌رڕێگه‌‌كه‌‌ ده‌‌ها‌ت، قه‌دوباڵایه‌کی گه‌‌‌‏وره‌‌ ‏و ڕدێنه‌ ماش و برنجییه‌که‌ی خه‌‏ت دابوو، ناوچه‌‌‏وانى ته‌‌‌‏خت و ڕوتاوه‌‌‌‌‌‌‌، ده‌‌‌‏ستى بۆ ئۆتۆمه‌بێله‌‌‏كه‌‌ ڕاگرت. 
شۆفێره‌‌‏كه‌‌: سڵام ئاغاى مرادعلى. 
مرادعه‌لى: چۆنى ئاغاى سلێمانى، سه‌‏لامه‌‏تى؟
سلێمانى(شوفيره‌‌‏كه‌‌): زۆر سوپاس، خێره‌‌ وا له‌‌‏م سه‌‌ر ڕێگه‌‏يه‌‌ ڕاوه‌‌‌‌‌‌‌‏ستاوى؟
مراد‏على: چاوه‌‌‌‌‌‌‌‏رێى پیکابێکم ده‌‌‌‏كرد، باش بوو كه‌‌ تۆهاتى، كه‌‌‏مێك ئاڵفم هه‌‌‏يه‌‌ له‌‌‏ناو دێيه‌، به‌‌‌ڵكو بۆم بهێنى .
سلێمانى: هه‌‌‌ر ئێستا؟
مراد على: به‌‌‏ڵى هه‌‌‌ر ئێستا، نه‌‌‏فه‌‌ره‌‏كه‌‌‏ت هى ناو دێيه‌‌؟
سلێمانى: نا ئاواره‌‌‏ى عيراقييه‌‌، به‌‌‏دواى كاردا ده‌‌‌‏گه‌‌‏ڕێ، ئه‌‌‌‏م شه‌‌‏و لاى خۆم ڕاى ده‌‌‌‏گرم تا به‌‌‏يانى به‌‌‏ڵكو…
مراد‏على: ئه‌‌‌‏توانى شته‌‌‌‏كانى پێ باربكه‌‌‏يت و بيهێنيته‌‌‌‌وه‌‌‌‌‌‌‌‌ ئيره‌‌ له‌‌‏وانه‌‌‏يه‌‌ پێويستيم پێى هه‌بێت .
شۆفێره‌‌‏كه‌‌: ڕووى تێكردم و  وتى "ده‌‌‌‏توانى له‌‌‏ دواوه‌‌‌‌‌‌‌ سوار بى، ئاغاى مرادعه‌لى دێته‌‌‌ جێيه‌‌‌كه‌‌‏ت، ئه‌‌‌‏وه‌‌‌‌‌‌‌ به‌‌‏ختت هه‌‌‏بوو، وتى له‌‌‏وانه‌‌‏يه‌‌ كارمان هه‌‌‏بێت بۆى" …

ئيتر من له‌‌‏ پێستى خۆمدا جێم نه‌‌‏ده‌‌‌‌بووه‌‌‌‌‌‌‌‏وه‌‌‌‌‌‌‌، هه‌‌‌ر ئه‌‌‌‏و ئێواره‌‌‏يه‌‌ ده‌‌‌‏ستبه‌‌‏كار بووم تا به‌ره‌به‌رى زستان به‌‌‏رده‌‌‌‏وام كارمكرد، كاره‌‌‏كه‌‌ هێنده‌‌‌ سه‌‏خت بوو، مه‌‏‏پرسن. له‌‌ ئاشى کڕگه‌ ته‌‌‌‏نانه‌‌‏ت زۆرجار ئيشى نێوماڵيش، بووبووم به‌‌ هه‌‌‏موو شتێ، دڵم له‌‌ خۆشيا باڵه‌‌‌ فڕێى بوو، خواردنم جارجاره‌‌ له‌‌ ماڵيان بۆ‏ ده‌‌‌هات  كه‌‌ شۆربايه‌‌‌ك بوو يان  ئه‌‌‌‏و مامرانه‌‌‏ى كه‌‌ نه‌‌‏خخۆش ده‌‌‌‏كه‌‌‌وتن و سه‌‌رمان ده‌‌‌‌برين زۆرجار ئاڵفى مامره‌‌‏كان (گۆشت گيايى)م ده‌‌‌‌خوارد. سه‌‌رماوسۆڵه‌‌‌ى پاييز و بۆن و به‌‌‏رامه‌‏ى کڕگه‌ نه‌‌‏خۆشى خستم، چه‌‌‏ندجار تووشى له‌‌‏رزوتا بووم، به‌‌‏ڵام له‌‌‏به‌‌‏ر قاچاخبوونم نه‌‌‏ده‌چوومه‌ لای دكتۆر، تا دواجار تووشى سه‌‌رئيشه‌‌‏يه‌‌‌ك بووم و  له‌ پڕ ده‌‌‌‌بورامه‌‏وه‌‌‌‌‌‌‌. ناچار به‌‌‏ مرادعه‌لى خاوه‌‌‌‌‌‌‌‏نى کڕگه‌كه‌‌‏م ، گوت :
+ ئاغا گيان، ئيتر من ناتوانم به‌‌‏م جۆره‌‌ كار بكه‌‌‏م، به‌‌‏ڵكو هه‌‌‏قده‌ستی ئه‌م چه‌‌‏ند مانگه‌‌‌‏م بده‌‌‌‏يتێ و تا نه‌‌‏مردووم، بڕۆمه‌‏وه‌‌‌‌‌‌‌. وا بزانم ئيتر بۆ ئێوه‌ش‌‌‌‌‌‌ که‌ڵکم نه‌‌‏ماوه‌‌‌‌‌‌‌؟
مرادعه‌لی: چۆن ده‌‌‌‌بێ، من به‌‌‏م زمستانه‌‌ كێم ‌‌‌‌‌چنگ ده‌‌‌‏كه‌‌‌وێت؟
+ ئاخر به‌‌‌م جۆره‌‌ ده‌‌‌‌مرم، ده‌‌‌‌توانم دوو هه‌‌‌فته‌‌‌‌ى ‌تريش كاربكه‌‌‌م تاوه‌‌‌‌‌‌‌‌كو كه‌‌‌سێكى كه‌‌‌  په‌‌‌يدا ده‌كه‌‌‌ى، ئه‌‌‌‌وسا منيش به‌‌‌و هه‌‌‌قده‌‌‌‌سته‌‌‌‌وه‌‌‌‌‌‌‌‌ ده‌‌‌‌چمه‌‌وه‌‌‌‌‌‌‌ ناو خێزانه‌‌‌كه‌‌‌م. 
– هه‌‌‏قده‌‌‌‏ستى چى، مه‌‏گه‌‌‌‏ر تۆ ئه‌‌‌‏م چه‌‌‏ند مانگه‌‌، ئه‌‌‌‏و هه‌‌‏موو خواردن و شوێن و خزمه‌‏ته‌‌‌‏شمان كردووى له‌‌‏به‌‌‏ر چاو ناگرى؟
+ ئاخر حاجى ئاغا مه‌‏گه‌‌‌‏ر خۆت نه‌‌‏تگوت "مانگانه‌‌ دووازده‌ هه‌‌‏زار تمه‌‏ن شه‌‌‏و و ڕۆژ  كار بكه‌‌‏م و خه‌‏رجم واته‌‌‌ خواردن ‏و حه‌‏مام ‏و شوێنی خه‌‏وتنم له‌‌‏سه‌‌ر تۆ بێت؟
– نه‌‌‏خێر من له‌‌‏ڕێى خودا به‌‌‏زه‌‏يم به‌‌ تۆدا هاتووه‌ته‌‌‌‏وه‌‌‌‌‌‌‌، تاكو له‌ ‌‏برسا نه‌‌‏مرى.
+ ئاخر حاجى ئاغا من نه‌‌هاتووم بخۆم و ئاگام له‌‌ سكى مناڵه‌‌‏كانم نه‌‌‏بێت، من هاتووم چوار تمه‌ن بۆ  ئه‌‌‌‏م زستانه‌‌ به‌‌‏رمه‌‏وه‌‌‌‌‌‌‌،  تاکو مناڵه‌‌‏كانم له‌‌ ‏برسا نه‌‌‏مرن.
– ئێستا ده‌‌‌‏ڵێى ‏چى، هه‌‌‌روا ده‌‌‌‏ڕۆى يان بتده‌‌‌‌مه‌ ده‌‌‌‏ستى سوپا و بڵێم سیخوڕه‌؟
+ هه‌‌‌روا به‌‌ ئاسانى ناترسم، گه‌‌‌ر سیخوڕ  بووم، بۆ ڕاتگرتم؟
– خۆت ده‌‌‌‏زانى، تا به‌‌‏يانى لێره‌‌ بيت، ئه‌‌‌‏وا من مه‌‏جبورم بتده‌‌‌‌مه‌‏ ده‌‌‌‏ستى قانوون.
 
سه‌‌رپێچيم كرد و مامه‌‏وه‌‌‌‌‌‌‌، چه‌‌‏ندجار داوام لێكرد به‌‌‏ڵكو هيچ‏ نه‌‌‏‏بێ خه‌رجی گه‌ڕانه‌وه‌‏م تا سه‌‌ر سنوور بۆ بدات، ڕاستييه‌‌‌كه‌‌‌ى زۆريش ده‌‌‌‌ترسام، هه‌‌‌ر بۆيه‌‌‌ وا به‌‌‌ئاسانى له‌‌  هه‌‌‌قى خۆم خۆش ده‌‌‌‌بووم، ئاخر زياد له‌ ‌‏شه‌‌‏و و ڕۆژيك له‌‌ سنوورى حاجی هۆمه‌‌رانه‌وه‌ دوور بووم، هه‌‌‌رچيم كرد و كۆشا بێسوود‌‌‌ بوو.  به‌‌‏يانى كه‌‌ له‌‌‏خه‌‏و هه‌‌‏ستام به‌‌ ته‌‌‌‏مابووم بچم بۆ ماڵيان بۆ ناو دێ، به‌‌‏ڵكو سۆزی جوڵابێ و نائومێدم نه‌‌‏كات…
پێش ئه‌‌‌‏وه‌‌‌‌‌‌‌‌ى به‌‌ره‌‌‏و سه‌‌ر ڕێگه‌‏كه‌‌ يه‌‌‌كه‌‌‏م هه‌‌‌نگاو هه‌‌‏ڵبێنمه‌‏وه‌‌‌‌‌‌‌، به‌ره‌وڕووم ئۆتۆمه‌بێلێكى سوپا قوت بووه‌‌‌‌‌‌‌‏وه‌‌‌‌‌‌‌، هيچ بوارى‏  ڕاكردنم نه‌‌‏ما…
ئۆتۆمه‌بێله‌‌‏كه‌‌ ڕاوه‌‌‌‌‌‌‌‏ستاو و چه‌‌‏ند چه‌‌‏كدار دابه‌‌‏زين. لێپرسراوه‌‏كه‌‌‏يان كه‌‌ دانه‌‌‏به‌‌‏زى بوو، له‌‌‏ناو ئۆتۆمه‌بێله‌‌‏كه‌‌‏دا ڕوو له‌‌ چه‌‌‏كداره‌‌‏كان :
+ كوڕينه‌‌ ده‌‌‌‏سگيرى كه‌‌‏ن‌!
هه‌‌‌ر چه‌‌‏نده‌‌‌ وتم بارم وا و بابه‌ت وا، سوودى نه‌‌‏بوو، چاويان به‌‌‏ستم‌ و له‌‌‌گه‌‌‌ڵ خۆيان بردميان ..
له‌‌‏ ڕێگه‌ هه‌‌‌ر گاڵته‌‌‌‏يان پێده‌‌‌‏كردم و جارجاره‌ش‌ مستێكان ده‌‌‌‏ژه‌‏نيه‌‌ لا ته‌‌‌‏نيشتم.
+ نمه‌‏ك حه‌‏رام، به‌‌ قاچاخ هاتووى، له‌‌‏ ڕێى خودا كاريان پێداوى كه‌‌‏چى دزى ده‌‌‌‏كه‌‌‏ىو په‌‌‏لامارى ناموسى حاجى ئاغا ده‌‌‌‌ده‌‌‌‏ى ؟
هه‌‌‌رچه‌‌‏ند سوێندم ده‌‌‌‌خوارد، به‌‌ كوردى و چه‌‌‏ند وشه‌یه‌ك ‏فارسى ده‌‌‌‌مگوت به‌‌‏خوا هيچى  وا نييه‌‌ بوختانه‌‌، كه‌‌‌چى زياتر لێيان ده‌‌‌‏دام.. پاش ماوه‌يه‌ك لێكۆڵينه‌‌‌وه‌‌ و لێدان، چه‌‌‏ند ڕۆژ له‌‌ سوپاى هه‌‌‏مه‌‏دان زيندانى بووم… به‌‌‏يانييه‌‌‌ك زوو به‌‌‏خه‌‏‏به‌‌‏ريان هێنام‌ و وتيان:
+  سه‌‌رت بشۆ و خۆت خاوێن كه‌‌‏ره‌‌‏وه‌‌‌‌‌‌‌!

له‌‌‏م ڕفتاره‌‌‏يان زۆر سه‌‌رم سورما و  به‌خۆمم گوت: به‌‌‏خودا دياره‌‌‏ ئازاد ده‌‌‌‌بم، بڕيارم دابوو، گه‌‌‏ر وازم لێبێنن مه‌‏منون بم و  ئيدى‌ باسى پاره‌‌ نه‌‌‏كه‌‌‏م . كاتژمێر بوو به‌‌ هه‌‌‏شت، دوو چه‌‌‏كدار به‌‌ ئۆتۆمه‌بێل‏ بردميان..، كه‌‌‏ دابه‌‌‏زيم، ته‌‌‌‏رازوو و  ئاڵاى (کۆمارى ئيسلامى)م بينى، زانيم دادگه‌يه‌‌ و سه‌‌ره‌‌‌تاى كاره‌‌‌…  مرادعه‌لى(حاجى ئاغا)، پۆشاکى سوپاى پۆشیبوو، يه‌‌‌ك دونيا لێى ده‌‌‌‏ترسام، ئێستا ئيتر به‌راستی كه‌‌‏سێكى ‏دڕنده‌‌‌ ديار بوو، سه‌‌ره‌‌‏تا ئه‌‌‌‏ويان بانگ كرد و پاشان من. دواى چه‌‌‏ند پرسيار و  ناو و ناونيشان پرسين:
+ تۆ چۆن به‌‌ قاچاخ هاتووى بۆ ئێران؟
منيش له‌‌ ئه‌‌‌‏لفه‌‏وه‌‌‌‌‌‌‌ تا يا، باسم كرد، پێم وابوو ئيتر ئێستا به‌‌‏زه‌‏ييان به‌‌‏مندا ديته‌‌‌‏وه‌‌‌‌‌‌‌…
+ سه‌‌ره‌‌‏ڕاى چاكه‌‌‌ و يارمه‌‏تى له‌‌‏ڕێى خودادا، بۆ دزيت له‌‌‏ ئاغاى مرادعلى كردووه‌‌‌‌‌‌‌، ها؟
وتم: من هيچ‌ دزيم نه‌‌‏كردووه‌‌‌‌‌‌‌، به‌‌‏ڵكو داواى هه‌‌‏قى خۆمم كردوه‌‌‌‌‌‌‌، ئه‌‌‌‏و ئاوا به‌‌ دزى تاوانبارى كردووم ، هيچ ڕاست نييه‌‌ . ئيتر ئه‌‌‌‌م‌ قسانه‌‌‌ كا ژماردن‌ بوون بۆيان، هيچ  داديان نه‌‌‌دام و  سه‌‌رئه‌‌‌‌نجام شه‌‌‏ش مانگ له‌‌‏ ديزل ئابادى (كرمانشا) زيندانى بووم. شه‌‌‏و ڕۆژم له‌‌‌ژێر فشارى گيانى و ده‌‌‌‌روونى ئه‌‌‌‌و جانه‌‌‌وه‌‏رانه‌‌‏دا برده‌‌‌‌ سه‌‌ر، به‌‌‌و هيوايه‌‌‏ى كه‌‌ بمگێرنه‌‌‌وه‌ عيراق.

شه‌‌‏ش مانگ، هه‌‌‏وڵيان دا بمكه‌‌‏ن به‌‌ (توبه‌‌‌كارى ئيمام)، به‌‌‏ڵام بێسوود بوو، كاتى كه‌‌ پێيان وتم تۆ حوكمه‌‏كه‌‌‌ت‏ ته‌‌‌‏واو بووه‌‌‌‌‌‌‌‌ و به‌‌‏يانى ئازاد ده‌‌‌‌بيت، وه‌‌‌‌‌‌‌‏خت بوو باڵ بگرم، هه‌‌‌ر چه‌‌‏نده‌‌‌ نه‌‌‏مده‌‌‌‏زانى چۆن و به‌‌‏چ ڕوويه‌‌‌كه‌‌‌وه‌‌‌‌‌‌‌ بچمه‌‏وه‌‌‌‌‌‌‌ ناو منداڵ‌ و که‌سوکار.. شه‌‌‏وانه‌‌، خه‌‏وى ناخۆش ناخۆش وه‌‌‌‌‌‌‌‌ك ديوه‌‌‌‌‌‌‌زمه‌ له‌ ناخه‌وه‌ ده‌یان خواردم و وره‌‌‏م پێ نه‌‌‏ده‌‌‌‌ما.

به‌‌‏يانى زوو هه‌‌‏ستام، خۆم خاوێن كرده‌‌‌‏وه‌‌‌‌‌‌‌ و خۆم ئاماده‌‌‌ كرد، زيندانييه‌‌ ئيرانييه‌‌‌كان ئيره‌‌‌ييان پێده‌‌‌‌بردم، كه‌‌ ڕزگارم ده‌‌‌‌بێت و له‌‌ژێر ده‌‌‌‏سه‌‏لاتى خواكاندا نامێنێم. نه‌‌‏يان ده‌‌‌‏زانى كه‌‌‌ نوێنه‌‌‌رى خواكان عيراقيشان كردووه‌‌‌‌‌‌‌‌ته‌‌‌ دۆزه‌‏خ.

ئه‌‌‌‏مجار له‌‌‏‏گه‌‌‌‏ڵ چه‌‌‏ند چه‌‌‌‏كدار سوارى سه‌‌باره‌‌‌يه‌‌‌كيان كردم، چه‌‌‏ند كاتژمێر به‌ڕێوه‌ بووين. گه‌‌‌‏يشتينه‌‌ شاروچكه‌‌‏يه‌‌‌ك كه‌‌ له‌‌ ناوچه‌‌‏يه‌‌‌كى شاخاويدا بوو به‌‌‌نێوى «سه‌لاسى باوه‌جانى»، من نه‌‌‏مزانى ‏بۆچى بۆ ئه‌‌‌‏وێيان بردم، به‌‌‏ڵام ئه‌‌‌‏وه‌‌‌‌‌‌‌‏نده‌‌‌‌م ده‌‌‌‏زانى كه‌‌ له‌‌ عيراق نزيك بوومه‌‏ته‌‌‌‏وه‌‌‌‌‌‌‌… بردميانه‌‌ شوێنێك هه‌‌‌ر له‌‌ زيندانه‌‌‏كه‌‌‏ى« ديزل ئاباد» ده‌‌‌‏چوو، له‌‌‏گه‌‌‌‏ڵ نامه‌‌يه‌‌‌ك، داميانه‌‌ ده‌‌‌‏ستى لێپرسراوى ئه‌‌‌‏و شوێنه‌‌… پاش چه‌‌‏ند پرسيار و بێنه‌‌‌وبه‌‌‌رده‌‌‌، پێى وتم:
+ ئێره‌‌ قه‌‏ره‌‌‌نتينه‌‌‏يه‌‌ و  ده‌‌‌‌بێت چاوه‌‌‌‌‌‌‌‏ڕێى گه‌‌‌‏ڕانه‌‌‌وه‌ بيت. لێره‌‌ ده‌‌‌‏وره‌‌‏يه‌‌‌ك به‌‌‏سه‌‌ر ده‌‌‌‌به‌‌‏يت‌، گه‌‌‌‏ر شتت له‌‌‏سه‌‌ر نه‌‌‏بوو، ئه‌‌‌‌وا ده‌‌‌‏تنێرينه‌‌‌وه‌ بۆ عيراق…

سێ مانگيش له‌‌‏وێ، كه‌‌ زياتر له‌‌ باخچه‌‌‏ى ئاژه‌‏ل ده‌‌‌‏چوو، ته‌‌‌‏مه‌‏نم به‌‌ سه‌‌ر برد. هه‌‌‌رچى مروڤى تێكشكاو‌ و پۆخڵه‌‌ بوو به‌‌هۆى ده‌‌‌‏ست تێكه‌‌‏ڵكردن له‌‌‏گه‌‌‌‏ڵ لێپرسراوه‌‌‌‌‌‌‌‌كانى قه‌‏ره‌‌‌نتينه‌‌‌كه ‌‌‌و هه‌‌‏واڵگرى بۆيان، ده‌‌‌‏رده‌‌‌‏چوون بۆ ناو بازاڕ و‌ سه‌‌ردانی و هه‌‌‏موو شتێكيان ده‌‌‌‏درايێ، هه‌‌‌ر له‌‌‏وێش تێگه‌‌‌يشتم كه‌‌ ده‌‌‌‏درێينه‌‌‌وه‌ ده‌‌‌‏ست جه‌‏لاده‌كانى (به‌عس). سێ مانگيش له‌وێنده‌رێ زه‌‏جرم كێشا. كاتێ وتيان خۆت ئاماده‌‌‌ بكه‌‌ بۆ کاروانی به‌‌‏يانى به‌‌‏ره‌‌‏و عيراق. له‌‌‏به‌‌‏ر هه‌‌‏ڵهاتنم له‌‌ عيراق كه‌‌  به‌‌ تاوان ده‌‌‌‏ژمێردرا، گشت مووه‌‌‌‌‌‌‌‌كانى له‌‌‏شم ڕاست بوونه‌‌‌وه‌! زيندانى (ئه‌بوغريب) و (هه‌يئه‌)ى كه‌‌‏ركوكم بير كه‌‌‌وته‌‌‌‏وه‌‌‌‌‌‌‌، گه‌‌‌ر بڕياردان به‌‌‏ده‌‌‌‏ستى خۆم بوايه‌‌، ئه‌‌‌‏وا له‌‌ نێوان هه‌‌‏ڵبژاردنى قه‌‏ره‌‌‌نتينه‌‌‏ى کۆماری ئيسلامی و زيندانه‌‌‏كانى ڕژێمی به‌عسدا دۆش داده‌مام. چونكه‌‌ دڵنيا بووم، له‌‌ هه‌‌‌ردوو باره‌‌‌كه‌‌‌دا له‌‌  بوونى خۆم كه‌‌‌وڵم ده‌‌‌‏كه‌‌‏ن. كه‌‌‏ گه‌‌‏يشتمه‌ سه‌‏ر  سنوور ده‌‌‌‏ستم له‌‌‏خۆم به‌‌‏ر دا. لێدان و سوكايه‌‌‌تى له‌‌‏برى پێشوازى و ئارامكردنه‌‌‌وه‌، ده‌‌‌‏تگوت گشت كه‌‌‏ڕوڵاڵين، كه‌‌‏س به‌‌ خۆى ڕا نه‌‌‏ده‌‌‌‌بينى‌‌ داواى قومێك ئاو بكات.  له‌‌‏وێش به‌‌ نۆكه‌‌‏رى دوژمن‌ تاوانباركراين و گوازراينه‌‌‌وه‌ بۆ (ده‌‌‌‏زگاى ئاسايشى گشتى كه‌‌‏ركوك). دواى ئه‌‌‌‏شكه‌‌‏نجه‌‏ و لێكۆڵينه‌‌‌وه‌، دراين به‌‌ دادگه‌ى شۆڕش و ئه‌‌‌‏وانيش به‌‌‏ويژدانى نيشتمانپه‌‌‏روه‌‌‌‌‌‌‌‏رانه‌‌‌يان يه‌‌‌كى سالێك زيندان وه‌‌‌‌‌‌‌‌ك ديارى له‌‌‏سه‌‌ر بڕيارى سه‌‌رۆك پێشكه‌‌‏ش كردين.
ئه‌‌‌‌وه‌‌‌‌‌‌‌‌ى نه‌‌‌ده‌‌‌‌بوو بوو، خه‌‌م ‌و په‌‌‌ژاره‌‌‌م بۆ منداڵه‌‌‌كانم له‌‌‌لايه‌‌‌ك ‌و زوڵمى حاجى ئاغا‌ و ڕۆژانى «ديزل‌ ئاباد» ‌و قه‌‌ره‌‌‌نتينه‌‌‌ و ئه‌‌‌‌شكه‌‌‌نجه ‌‌و سووكايه‌‌‌تى ئه‌‌‌‌م هاونيشمانييانه‌‌‌م له‌‌‌ ژيانى خۆم بێزاريان كردبووم. هه‌‌‌ر چۆن بوو ئه‌‌‌‏و ساڵه‌‌‏شمان له‌‌ وڵاتى بێنانیدا به‌‌‏سه‌‌ر برد، ولاتێك كه‌‌ بوو بووه‌‌‌‌‌‌‌ وێرانه‌ی شه‌ڕه‌ بێ ئه‌ژماره‌کان. ساڵه‌‌‏كه‌‌‏م ته‌‌‌‏واو كرد و به‌‌ده‌‌‌‏ست به‌‌‏سه‌‌رى بردميانه ‌(سه‌ربازگیری) و له‌‌‏وێشه‌‌‏وه‌‌‌‌‌‌‌ بۆ «به‌سره‌» تا  خزمه‌‏‏تى وڵاتێك بكه‌م كه‌ زيندان بوو بۆ‏م .

پاش هه‌وڵێکی زۆر و بیر لێکردنه‌وه‌ و پرسیار، خۆم دزيیه‌‌‏وه‌‌‌‌‌‌‌‌ و به‌‌ به‌‌‏رتيل‏ و ئه‌‌‌‏مسه‌‌ر و ئه‌‌‌‏وسه‌‌ر، گه‌‌‌‏‏يشتمه‌‏وه‌‌‌‌‌‌‌ هه‌‌‏ولێر ‌و سه‌‌رم له‌‌ ماڵی خۆمانه‌‌‌وه‌ ده‌‌‌‏رچوو. نه‌‌ شار شارى جاران بوو، نه‌‌ مالێ خۆمان، ماڵه‌که‌ی جاران. كاتێ من شارم به‌‌‌جێهێشت‌ ، ليستى سه‌‏وز حاكم بوو، كه‌‌ گه‌‌‌‏ڕامه‌‏وه‌‌‌‌‌‌‌ ليستى زه‌‏رد باڵاده‌‌‌‏ست بوو، ده‌‌‌‏تگوت ساڵه‌‌هايه‌‌ ئه‌‌‌‏‏م شاره‌‌‏م نه‌‌‏ديووه‌‌‌‌‌‌‌. له‌ته‌ك ده‌‌‌‏رگه‌ كرانه‌‌‌وه‌ و وه‌‌‌‌‌‌‌‌ژوور كه‌‌‌وتنم، هه‌‌‏موو دايانه‌‌ پرمه‌‌ى گريان و باوكه‌‌ڕۆ… منيش له‌‌‌وان خراپتر، زۆر به‌‌ په‌‌‏له‌‌ چاوم گێڕا، دايكم و كچه‌‌ بچكۆله‌‌‏كه‌‌‏م ديار نه‌‌‏بوون، منيش بێ پرسيار ده‌‌‌‏ستم كرد به‌‌ گريان. له‌ته‌ك به‌رزبوونه‌وه‌ی ده‌نگی من و مناڵه‌کان، جیرانه‌کانیش هاتن و کۆڕی شیوه‌ن گه‌رم بوو. سه‌‌ره‌‌‏تا وامزانى ‏بۆ خۆم ده‌‌‌‏گرين، به‌‌ڵام كه‌‌ چه‌‌‏ندجار وشه‌‌‌ى جه‌‏‏ر‏گسووتاوى و هه‌‌‏تيوكه‌‌‌وتنيان دابه‌‌‌گوێم‌ دا، تێگه‌‌‏يشتم، هاوارم ‌كرد: كوا دايكم، كوا شيلان؟ به‌ڵام بێجگه‌‌‌ له‌‌ گريان و باوه‌‌‌‌‌‌‌‏ش پێداكردن و گه‌رمبوونی کۆڕی شێوه‌نه‌که‌، وه‌ڵامێكی دیکه‌م وه‌رنه‌گرته‌وه‌. له‌‌ تاو ئه‌‌‌‏م باره‌ و دووركه‌‌‌وتنه‌‌‌وه‌‏م، ئاره‌‌‏قه‌‏ى شه‌‌‏رمه‌‏زارى و فرمێسکی چاوانم تێکه‌ڵ بووبوون و به‌خوڕ ده‌هاتنه‌خوار… ئاخر من چووم نانيان بۆ بێنم، نه‌‌‏مزانى تاماوم ده‌‌‌‌بێ شه‌وان به‌  ئاره‌‌‏زووى ديداريان له‌ خه‌ودا سه‌ر بنێمه‌وه‌.

نۆڤه‌مبه‌ری 1998

* پێشتر له‌ ژماره‌ (6)ی گۆڤاری «ژیله‌مۆ»دا بڵاو کراوه‌ته‌وه‌، لێره‌دا به‌ هه‌ندێك چاکسازی له‌ ڕێنووس و داڕشتندا، بڵاوی ده‌که‌مه‌وه‌

Previous
Next

Leave a Reply