Skip to Content

Saturday, September 26th, 2020

گفتووگۆیەك..بەرهەمی خەیاڵ….*كامەران سوبحان

Be First!
by March 12, 2008 ئەدەب

 ئێمە دوای گفتوگۆو تێڕامانێكی زۆر لە شانۆگەری (دادپەروەران)ی كامۆ، وادەزانین وێنە جیوەییەكانی هزرمان تیشكێكی ڕەونەقدارەو ئەكتەر دەتوانێت (بۆریا ئانكۆف و ستیڤان فیدرۆف) مان بۆ نمایشبكات، هەندێ جاریش غرورمان زیادەبێت، دەڵێین لەم نمایشەدا ڕۆحی كامۆ نمایش دەكەین! كاتێك وەك دەرهێنەر بینینێكی جیاوازمان بۆ دەقێكی (جۆزیف ئۆكۆنەر) دەبێت، ئەو بینینە بەرهەمی تێڕامان وگفتگۆیەكی مەجازییانەیە لەگەڵ كارەكتەرەكانی (پیتەر تۆلی و ماریل)دا، بۆ ئەوەی وەك تێكستەكە لە هەموو كون و قوژبنێكدا ئاوازی خۆشەویستی بەرهەمبێنین.
 دەرهێنەر، ئەی مارشاڵی تەختەی شانۆ، ژەنەڕاڵی ڕۆژە تەپوتۆزاوییەكانی ناو هۆڵ، خۆت بدە دەست (جۆزیف ئۆكۆنەروكامۆو پیتەرڤایس و مۆلێر) با تێڕوانینەكانت بۆ بگەیەننە بینەر، ئیمپڕاتۆری شانۆ، دەرهێنەری بێ خەیاڵ، وەك پیشەی هەمیشەیی خۆت، بە دوای ئەو ئەكتەرانەدا بگەڕێ كە ماندووت ناكەن، بێ كێشەن و بێ بیركردنەوەن، (گۆردن گریكان)ە، وەك بووكەڵە تەماشایان بكەو بەدەستەكانت شوێنی جوڵەیان بۆ بكێشەو وەك داشی شەتڕەنج جێگۆركێیانە پێبكە، قەلەق مەبە، تۆو ئەكتەرەكانت سەربكەن بەیەكداو ڕۆژانی پڕۆڤە وەك ڕۆژانی چایخانەو پیاسەی شەقامەكان و بیرەوەرییەكانی قوتابخانە بگوزەرێنن، چونكە ئەمڕۆ لە دوێنێ دەچێت، دوێنێ لە سبەی وسبەی لە دووسبەی و هەموو ڕۆژەكانی پڕۆڤە لە یەك دەچن! یەك سات بوەستن ، گوێم لە دەنگێكی جیاوازە، تۆزێك بێدەنگبن، ئەوەتا، ئەوە ئەكتەرێك لەو قوژبنەدا شیعر دەخوێنێتەوە… ئەكتەر بە فۆڕمێكی گاڵتە جاڕانەوە پێت دەڵێت :هەرگیز شیعرم نەخوێندوەتەوەو بە شاعیرانیش نیگەرانم، شیعر وڕێنەیەكە مرۆڤ لە كاتی نیگەرانیدا دەیكات، بەڵام من نیگەران نیم، تا  وڕێنەیە بكەم، نازانم تۆی دەرهێنەر بۆ ئەكتەرەت وەڵامت چییە؟..بێدەنگی …
 جارێكی تر، لە ئەندێشەی خۆتدا سەرقاڵی پڕۆڤەی لە شانۆگەریی (دادپەروەران)ی كامۆدا، هەموو ڕستەكان وەك قسە قۆڕەكانی پڕۆڤەتان دەڕوات، كاتێك بە وەهمی خەیاڵی خۆت داوناوە من ڕۆڵی (ستیڤان فیدۆرف)ت بۆ ببینم، من هەموو خەونێكم پەرپاكردنی شۆڕش بوو، چونكە لە سەرەتای ژیانمەوە تا ئەو كاتەی ڕێكەوت خستمیە ئەم هۆڵە پیس و پۆخڵەی تۆ، بە سروودی شۆڕش و بە درۆكانی شۆڕش هەڵدەپەڕیم، تۆ خۆت هەموو قسەكانی فیدۆرفت زۆر بێ ڕۆحانە خوێندەوە، بەڵام من دەزانم چۆن ڕستەكانی ئەم كارەكتەرە دەخوێنمەوە، گەر تۆ زۆر بێ باكانە دەقەكەت هاتووەتە بەردەست و هیچ بەهایەك دانانێیت بۆ نووسەر، ئەوا من پێچەوانەی تۆ، چەندجارێك ئەو دیالۆگە سەرنجڕاكێشەی فیدۆرف بە یادی كەفووكووڵی گەنجییەوە وبە دەنگێكی بەرز دەخوێنمەوە: (من زۆر ڕقم لەو كەسانەیە كە بێزاربوون و لە تاو تەمەڵی و تەوەزەلی، دێنە ناو شۆڕشەوە)، ئەم ڕستەیەی من، جارێكی تر ئاڕاستەی ڕۆژێكی پڕۆڤەمان بەرەو گۆشەیەكی تر دەبات، لە پڕۆڤەدا باس لە شاكاری نمایش و فەلسەفەی نەمری دەق و زۆر مانای تری نمایش دەكەین، بەڵام بیرمان چوەتەوە لە شارە یەك ملوێنییەكەماندا هەزار كەس ئەو نمایشەمان نابینێت، هەربۆیە ئەوەی ئێمە دەیڵێین لە پڕۆڤەدا بەرهەمێكی درۆزنانەی خەیاڵەو هەرگیز نابێتە واقیع و نمایش ناكرێت!
 گۆشەیەكی تایبەتە دوو هەفتە جارێك كامەران سوبحان لە ئەدەب و هونەری كوردستانی نوێ دەینوسێت.
 
kameransubhan@yahoo.com
 

Previous
Next

Leave a Reply