Skip to Content

Saturday, September 19th, 2020

گه‌شاوه‌ جاف نووسەرو چالاكی بواری كۆمەڵگەی مەدەنی لە بریتانیا

Be First!
by January 6, 2008 گشتی

…. …بۆ ئه‌وه‌ی ناهه‌مواریه‌كانی شه‌ر له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا نه‌هێڵین ده‌بێت سه‌ر تاسه‌ر په‌یره‌و و پرۆگرامی په‌روه‌رده‌ بگۆردرێت……
 
 گه‌شاوه‌ جاف ، ده‌رچووی په‌یمانگای ته‌كنیكی سوله‌یمانی به‌شی كارگێڕی ،ماوه‌ی ١٢ ساڵه‌ له‌ هانده‌ران ده‌ژی ‌ له‌ ووڵاتی به‌ریتانیا له‌ شاری له‌نده‌ن
 ئێستا سه‌رقاڵی خوێندنە له‌ بواری میدیا به‌ گشتی و  كامێرای ته‌له‌فزیۆنی به‌تایبه‌تی له‌ زانكۆی تایمس ڤالێ له‌ رۆژئاوای شاری له‌نده‌ن.
 ساڵانێكە ده‌ستی كردوه‌ به‌ نوسینی هۆنراوه‌ و بابه‌تی جیا جیا ‌له‌ بواری هونه‌ری و كۆمه‌لایه‌تی هه‌ندێ جاربابه‌تی رۆژنامه‌كان وه‌رده‌گێرێ بۆ كوردی
 وه‌ به‌ هۆی خویندنه‌كه‌یەوه‌ توانی  هاوكاری زۆر له‌ تیڤی یه‌ كوردیه‌كانی ئه‌وروپا بكه‌م وه‌ك ڕۆژ تیڤی له‌ ووڵاتی به‌لجیكا، كوردستان تیڤی له‌ وولاتی ئه‌ڵمانیا،تیشك تیڤی له‌ ووڵاتی فه‌ره‌نسا ، وه‌ كه‌ناڵه‌كانی بریتانی.
…. دیمانه / نامق هه ورامی…….
 
 *\ سروشتی كۆمەڵگەكانی دوای شەڕ چۆنەو كاریگەری بۆماوەكانی جەنگ زیاتر لە كام چین و توێژ دەردەكەوێت.؟
 سروشتی كۆمه‌ڵگه‌كانی دوای شه‌ڕ به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بینرێت ،ره‌وشتی كۆمه‌ڵایه‌تی نا‌مێنێت وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ته‌ندوتیژده‌بێت به‌رامبه‌ر یه‌ك تری هه‌روه‌ها ئه‌و چیلانه‌ی كه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا گه‌وره‌بوون خوێناویتر ده‌بن وه‌ هه‌ستی مرۆڤایه‌تیان كه‌م ده‌بێته‌وه‌ ، به‌تایبه‌تی ده‌بێته‌ هۆی دوا خستنی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ هه‌موو لایه‌نێكه‌وه‌ ،بێجگه‌ له‌ وه‌ی كه‌ ئابوری وولات ده‌رووخێنێ ئه م تێكچونی ژێرخانی ئابووری یه‌ ش هه‌موو تاكی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌گرێته‌وه‌ لێره‌دا فه‌سادی ئابوری و كارگێڕی(ئیداری) ده‌ست پێ ده‌كات كه‌ وه‌ها ده‌كات له‌ تاك كه‌ له‌ ڕێگه‌ی ماده‌وه‌ خۆیان دروست بكه‌ن وه‌ خه‌ڵك زیاتر هه‌ڵپه‌ده‌كات بۆ ماده‌ وه‌ نه‌بوونی ده‌بێته‌ هۆی توندوتیژی ، خۆشه‌ویستی له‌ نێوان تاكی كۆمه‌ڵگه‌ ناهێڵێت رۆحی تۆله‌ سه‌ندنه‌وه‌ به‌خوێن له‌ نێو ناخیاندا ده‌چێنی هه‌تا كۆمه‌ڵگه‌ی دوای شه‌ر له‌به‌ر نه‌هامه‌تیه‌كانیان كه‌ ڕۆژ به‌ڕۆژ زیاتر ده‌بێت زمانی شیرنیان به‌رامبه‌ر یه‌ك نامێنێ .هه‌روه‌ها گه‌ر هاتوو له‌ دوای شۆڕش ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕی ده‌كرا به‌ده‌ست نه‌هات نائومیدی له‌ ناو خه‌ڵك بڵاو ده‌بێته‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ژیان ره‌وتی سروشتی ژیان به‌ گشتی ده‌گۆڕێت
 وه‌ ئه‌مه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ چینی هه‌ژار دا زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت ،هه‌روه‌ك له‌ پێش دا ئاماژه‌م پێ دا كه‌ ئه‌و كه‌لێنه‌ ئابوریه‌ی كه‌ دوای شه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ پیوه‌ی ده‌ناڵێنێ وه‌ها ده‌كات له‌ تاك له‌به‌ر به‌ده‌ست هینانی بژێوی ژیانی ڕۆژانه‌ كه‌ بواری نه‌بیت فریایی فه‌رهه‌نگی تر بكه‌وێت لێره‌دا ئه‌توانین بڵین كه‌ دواكه‌وتن سه‌رهه‌ڵده‌دات له‌ هه‌مووی ترسناكتر نه‌خوینده‌واری بڵاو ده‌بێته‌وه‌ وه‌ زۆر به‌ی منداڵان له‌ خویندن ببێ به‌شده‌بن بۆ هاریكاری كردنی خێزانیان كه‌ له‌سه‌ر جاده‌ و كۆلانه‌كان خه‌ریكی كار ده‌بن ته‌مه‌نی منداڵی خۆیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن له‌و ته‌مه‌نه‌دا توشی مه‌عاناتی پاره‌ په‌یدا كردن ده‌بن وه‌ زۆر به‌گه‌نجی پیر ده‌بن بێجگه‌ له‌وه‌ی نا یه‌كسانی به‌ شێوازی كۆمه‌ڵگه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت .
 هه‌ندێك له‌ هۆكاره‌كانی دوای شه‌ر كه‌ سه‌ر هه‌ڵده‌دات له‌ كۆمه‌ڵگه‌كاندا له‌ش فرۆشی ژن و مێردمندال بۆ به‌ده‌ست هێنانی بژێوی ژیانیان ،كۆچ كردنی زۆربه‌ی گه‌نچی كۆمه‌ڵگه‌ بۆ ووڵاتانی تر كۆمه‌ڵگه‌ لێره‌دا هێزی گه‌نج زۆر له‌ده‌ست ده‌دا زیندوكردنه‌وه‌ی ئاین به‌ توندوتیژی په‌یڕه‌وی كردنی ،له‌ هه‌مووی سامناك تر دیارده‌ی خۆكوژی له‌ ناو جینی لاوان دا به‌ هۆی به‌ده‌ست نه‌هێنانی ئه‌و خواست و ئاواتانه‌ی كه‌ جاوه‌ری بوو دوای شه‌ڕ بۆی به‌دی بێت به‌ڵام ناتوانێت به‌دی بهێنێت.
 
 كۆمەڵگە لە دوای شەڕەوە چۆن دەتوانێت خۆی بگوازیًتەوە بۆ قۆناغی بنیاتنانەوە؟*/
 – گوێزانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ دوای شه‌ر بۆ بنیات نانه‌وه‌ ده‌بێت له‌ دوو بواری گرنگ دا ده‌ست پێ بكرێت كه‌ ئه‌م دوو هۆیه‌ ده‌بنه‌ هۆی بنیات نانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دروست و رۆشنبیر جاندنه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی له‌ نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌
 ئه‌م دوو بواره‌ش
 ١. په‌روه‌رده‌/ بۆ ئه‌وه‌ی ناهه‌مواریه‌كانی شه‌ر له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا نه‌هێڵین ده‌بێت سه‌ر تاسه‌ر په‌یره‌و و پرۆگرامی په‌روه‌رده‌ بگۆردرێت له‌ دایه‌نگه‌كانه‌وه‌ ته‌ده‌گاته‌ زانكۆكان كردنه‌وه‌ی خه‌لی رۆشنبیری له‌ گشت بواره‌ جیا جیاكاندا بۆ هۆشیار كردنه‌وه‌ی تاكی كۆمه‌ڵگه‌ وه‌ پاڵپێوه‌نانیان بۆ خوێندن و خویندنه‌وه‌ ئه‌مه‌ش به‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت كه‌ په‌ره‌بدرێت به‌ چینی لاوان له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ دابین كردنی پێداویست بۆ شیرین كردنیان له‌ ناخیاندا ، ناردنی خه‌ڵكان بۆ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات بۆ سوود وه‌رگرتی له‌ په‌یره‌و پرۆگرامی ئه‌و ووڵاتانه‌ له‌ بواری په‌روه‌رده‌ دا به‌تایبه‌تی خوێندن بۆ ئه‌م كارانه‌ش پێویستمان به‌ كه‌سانی چاونه‌ترس و رۆشنبیر ده‌بێت وه‌ك نووسه‌ر هه‌ڵبه‌سته‌وان ئه‌وان ده‌توانن گۆڕانكاری به‌رجاو به‌سه‌ر ره‌وتی كۆمه‌لگه‌دا بهێنن ئه‌م جینه‌ نابێت بێده‌نگ بن له‌ ئاست بنیات نانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌. دروست كردنی گروپی رۆشنبیری پیك بهێنن بۆ نوی كردنه‌وه‌ی بیری كۆمه‌ڵگه‌ هه‌وڵی زۆری بۆ بده‌ن   هه‌وڵبده‌ن بۆ به‌ده‌ست هێنانی سه‌رمایه‌ بۆ یارمه‌تی دانی قوتابیان به‌ گشتی وه‌ ده‌ست كورته‌كان به‌تایبه‌تی له‌ بواری خویندندا تا وه‌هایان لێ بكرێت له‌ خویندن دانه‌برێن هه‌وڵ دان بۆ كردنه‌وه‌ی كتێبخانه‌ له‌ گشت شوێنه‌كانی شار بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی راده‌ی هۆشیاری دابین كردنی كتێب و ئه‌نته‌رنێت و سی دی و دی ڤی دی جیاكردنه‌وه‌یان به‌پێی ته‌مه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ركه‌س به‌پێی ته‌مه‌نی خۆی سودیان لی وه‌ربگرێت ،هه‌روه‌ها كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری گشتی بۆ كۆبوونه‌وه‌ی منداڵان و گه‌نجان كات بردنه‌سه‌ر گۆڕینه‌وه‌ی بیرو را وه‌هایان لی بكرێت كه‌ باوربه‌ توانای خۆیان بكه‌ن .كه‌ باس له‌ گۆرینی پرۆگرامی په‌روه‌رده‌ ده‌كرێت مه‌به‌ست لیره‌دا لابردنی توندوتیژی یه‌ له‌ نا خوێندنگاكان و ماله‌كان دروست كردنی گروپێك له‌ ته‌یژه‌ره‌وه‌ی كۆمه‌لایه‌تی بۆ سه‌رپه‌رشتی كردنی مندااڵ و خێزانیان یارمه‌تی دانیان له‌ كاتی پێویست ڕێنمایی كردنیان وه‌  ده‌بێته‌ هۆیه‌كی تر بۆ خۆسه‌ویست كردنی خویندن له‌ لای منداڵان دابینكردنی ژه‌می خۆراك به‌تایبه‌تی  خۆراكی سه‌ره‌كی له‌ خوێندنگه‌كان وه‌ك سه‌وزه‌ و میوه‌ و شیره‌مه‌نیه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی مندالان ئه‌ندروست باشبن كه‌واته‌ گۆرینی بواری په‌روه‌رده‌ له‌ بناغه‌وه‌ هۆیه‌كه‌ بۆ دروست بوونی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مه‌ده‌نی پێشكه‌وتوووه‌ تیكه‌ڵ كردنی كور ه‌كچ جیانه‌كردنه‌وه‌یان له‌ بواره‌كانی خوێندندا ئه‌مه‌ش بۆ  ئه‌وه‌ی نایه‌كسانی له‌نێوان ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه‌دا په‌یدا نه‌بێت وه‌ رێنمایی كردنی زانستیان پێشكه‌ش بكرێت به‌تایبه‌ت   دانانی ڕێنمایی جنسی له‌ به‌رنامه‌ی په‌روه‌رده‌دا كه‌ ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ترس نه‌مێنی له‌ نێوان ئه‌م دوو ره‌گه‌زه‌و هه‌روه‌ها بۆیان روون بكرێته‌وه‌ باشی وخراپی یه‌كانی پێدانی ئامۆژگاری نه‌هیشتنی ئه‌م تابووه‌ له‌ ناو مێشكیاندا هه‌روه‌ك جۆن له‌م وولاتانه‌ به‌شێوه‌ی زانستی له‌ خوێندنگه‌كاندا ئه‌م رێنماییانه‌ تكی زۆر هۆشیار كردۆته‌وه‌   جونكه‌ دوای خێزان ماڵی دووهه‌م خویندنگه‌یه‌ كه‌ مندالی تێدا په‌روه‌رده بێت وه‌ك  ده‌ڵین كه‌ منداڵ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا حه‌وت ساڵ كه‌سایه‌تی  خۆی تیایدا دروست ده‌بیت مانای له‌ رێگه‌ی په‌روه‌رده‌وه
 ‌ ده‌توانرێت كه‌ كه‌سایه‌تی یه‌كی ته‌ندروست تیا بچێنرێت گه‌ر له‌ كه‌ش و هه‌وایه‌كی په‌روه‌رده‌یی باشدا به‌رهه‌م هێنرابێت بیری توند ره‌وی تێدا شۆرابێ .
 ٢. ڕاگه‌یاندان/  هه‌ریه‌ك له‌ ئێمه‌ ده‌زانین كه‌ راگه‌یاندن كاری گه‌ری گه‌وره‌ی هه‌یه‌ له‌ سه‌ر گشت تاكی كۆمه‌ڵگه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ده‌توانرێت زۆر گۆرانكاری ئه‌نجام بدرێت جو‌نكه‌ راگه‌یاندن ته‌نها خاڵی گه‌یه‌نه‌ره‌ له‌ نێوان ده‌ره‌وه‌ و بینه‌ردا به‌م شێوه‌ ده‌توانرێت گۆڕانكاری به‌رجاو بكرێت  راگه‌یاندن ده‌بێت میشكی تاكی كۆمه‌ڵگه‌ بشواته‌وه‌و ڕۆشنبرتریان بكات به‌هۆی به‌رنامه‌كانیه‌وه‌ كه‌ به‌شیوه‌یه‌ك به‌رهه‌م بهێنرێت كه‌ سوود بگه‌یه‌نی نه‌ك بۆ كات به‌سه‌ر بردن بێت بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته‌ كه‌ كه‌سانی كارامه‌ و ئه‌زموندار له‌م بواره‌دا جالاك بن بۆ بنیات نانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ ، دڵسۆزانه‌ كاربكه‌ن به‌دروست كردنی دۆكیومێنته‌ری له‌ گشت بواره‌كانی هه‌ر ڕۆژه‌ جۆره‌ خاڵێكی نو كۆمه‌ڵگه‌ روون بكه‌نه‌وه‌ به‌تایبه‌تی كه‌ هه‌ست كرا له‌ ج بوارێكدا كۆمه‌ڵگه‌ پێویستی به‌ هۆشیار كردنه‌وه‌یه‌ و زیاتر كاری بۆ بكرێت بۆ نموونه‌ هۆسیار كردنه‌وه‌ی تاك له‌ به‌رامبه‌ر ته‌ندوتیژی به‌گستی و به‌رانبه‌ر به‌ ره‌گه‌زی مێ به‌تایبه‌تی كه‌  له‌م رۆژانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا بۆته‌ كارێكی زۆر ئاسایی گه‌ر بمانه‌وی ئه‌م كاره‌ساتانه‌ كه‌م كه‌ینه‌وه‌ به‌ته‌نه هۆ بۆ جاره‌سه‌ركردنی رۆشنبیركردنه‌ له‌ رێگه‌ی راگه‌یاندانه‌وه‌ .هه‌روه‌ها به‌رهه‌م هێنانی به‌رنامه‌ی تایبه‌ت بۆ منداڵان كه‌  كاریگه‌ری بۆ منداڵ هه‌بیت بۆ بنیاتناننی داهاتووی جونكه‌ به‌هۆیه‌وه‌ مه‌به‌ست به‌رنامه‌یه‌ كه‌ تۆی به‌رهه‌م هێنه‌ر ده‌توانیت منداڵه‌كه‌ موبه‌رمه‌ج بكه‌یت ده‌توانیت تاكێكی زۆر هۆشیار بۆ كۆمه‌ڵگه‌كه‌ت به‌رهه‌م بێنیت به‌تایبه‌ت  به‌به‌رنامه‌ی زانستی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌روه‌ها كات و به‌رنامه‌كان ده‌بێت به‌پێی ته‌مه‌ن به‌رهه‌م بهێنرێت ره‌جاوی ئه‌وه‌ بكریت كه‌ ئه‌م به‌رهه‌مه‌ بۆ منداڵه‌ جونكه‌ هه‌ر فلیمی كارتۆنی به‌س نییه‌ بۆ منداڵ گه‌ر ئێمه‌ بمانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ بنیات بنێینه‌وه‌ ده‌بی بزانین جۆن مامه‌له‌ له‌گه‌ل به‌رنامه‌كانده‌كه‌ین كه‌ سوود ببه‌خشن به‌ تاكی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ قۆناغی سه‌ره‌تایی  تا قۆناغه‌كانی تر. 
 
 *\ رۆڵی حكومەت لەم كاتەدا دەبیًت چی بێت لەو گواستنەوەیەدا؟
 پێش هه‌موو شتێك ئه‌بیت كه‌ حزب له‌ حوكمه‌ت جایبكرێته‌وه‌ تا بتوانرێت كاری جدی بكرێت ئه‌وانه‌ی له‌ حكومه‌تدا كارده‌كه‌ن ده‌بی مرۆڤی دلسۆزبن بۆ كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان هیوایان بنیاتنانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌بێ نه‌ك ماده‌ و كورسی هه‌روه‌ها هه‌وڵبدرێت كه‌سی شیاو له‌ شوێنی شیاودا دابنرێت بێ بیر كردنه‌وه‌ كه‌ سه‌ر به‌ ج ڵایه‌نێكه‌  گه‌ر وه‌ها نه‌كرێت ئه‌م قۆناغه‌ زۆر به‌ سێوه‌یه‌كی نادروست بنیات ده‌نرێته‌وه‌
 حوكمه‌ت ده‌بی ریگرنه‌بی له‌به‌رده‌م رۆشنبیران وه‌ هه‌وڵبدات كه‌ كاریان له‌گه‌ل بكات وه‌ گوی بۆ خواسته‌كانیان له‌ پیناوه‌ی بنیاتنانه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌ بگرێت دژایه‌تی یه‌كتر نه‌كه‌ن ڕێز له‌ تیڕوانینی نوسه‌ران بگیرێت حوكمه‌ت ده‌بێت ژیان دابین بكات بۆ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ به‌گشتی و خه‌مخۆرانی كه‌ ده‌یانه‌وه‌ كار بكه‌ن بۆ ئه‌م قۆناغه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به‌ چڕی كاربكه‌ن خه‌یاڵی لای نه‌بوونی بژێوی ژیانی نه‌مێنێ.
 هه‌روه‌ها ده‌ست بكات به‌گۆڕینی شێوازی قوتابخانه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌نج ڕاكێش بێت بۆ منداڵان هه‌وڵ بدرێت كه‌ چاوپێ كه‌وتن له‌گه‌ل منداڵانی هانده‌ران بكرێت بۆ تێبینی كردنی جیاوازی له‌ نیو وولاتانی هانده‌ران و كوردستان سوود له‌ تێڕوانینه‌كانیان وه‌ربگیرێت حوكمه‌ت ده‌بێ وه‌هابكات گوی زۆر بدرێت به‌ باخچه‌ی ساوایان جه‌نكه‌ بناغه‌ی دروست بوونی مرۆڤه‌ و هه‌ستیارترین قۆناغه‌ ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگه‌ی دابین كردنی ئه‌نته‌رنێت بۆیان به‌شێوه‌ی ده‌رس پییان بوترێت هه‌روه‌ك جۆن له‌م وولاتانه‌ به‌رجه‌سته‌كراوه‌ هه‌ول بدریت سوود له‌ ئه‌زمه‌نی وولاتنی ئه‌وروپا وه‌بگیردرێت به‌ عه‌مه‌لی نه‌ك نه‌زه‌ری ئه‌ویش ده‌توانێت كاسێتی په‌روه‌رده‌یی و په‌روه‌رده‌كردنی مندالان له‌ هانده‌رانه‌وه‌ بۆ كوردستان بنێردرێت بۆ سود ورگرتن له‌ وتنه‌وه‌ی وانه‌ی رۆژانه‌ له‌ قۆناغی سه‌ره‌تایی دا ئه‌مه‌ش ئه‌كێكه‌ له‌و كارانه‌ی كه‌ به‌ حوكمه‌ت ده‌كرێت
 هه‌روه‌ها دانانی یاسایه‌ك كه‌ گشت تاكی كۆمه‌ڵگه‌ بپارێزێت بی جیاوازی وه‌ كار كردن به‌و یاسایه‌ نه‌ك هه‌ر بوونی هه‌بێت و كاری پێ نه‌كرێت بڵاوكردنه‌وه‌ی نامیلكه‌ و روونكردنه‌وه‌ی په‌یره‌و وپرۆگرامی حوكمه‌ت له‌باره‌ی ئه‌م گواستنه‌وه‌یه‌ بۆیه‌ تاكی كۆمه‌ڵگه‌ بزانێت كه‌ ئه‌رك و پارێزگاریه‌كانی چین له‌ كاتێكدا كه‌ به‌ره‌نگاری كێشه‌یه‌ك ده‌بیته‌وه‌ حوكمه‌ت ده‌بێت زۆر بكات له‌ كۆمه‌ڵگه‌ بۆ نه‌ هێشتنی جیاوازی نێوان ره‌گه‌زی جیاكان نێر و مێ یارمه‌تی دانی هه‌ژاران و نه‌هێشتنی كار كردن به‌ منداڵان یاسایه‌ك هه‌بێت كه‌ ته‌مه‌نی كاركردن دیاری بكات بۆ منداڵان وه‌ك ووڵاتانی ئه‌وروپا هه‌روه‌ها یاسایه‌ك بۆ نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری و به‌زۆر كردنی خوێندن بۆ مندالان دوورخستنه‌وه‌یان له‌ كاركردن گه‌شبین كردنی گه‌نج به‌ دابین كردنی پیداویستیه‌كانیان له‌ هه‌موو لایه‌نێكه‌وه‌ ئازادی راستقینه‌ی ڕا ده‌ربڕین نه‌‌هێشتنی توندوتیژی چاندنی هاریكاری و بروابوون به‌ حوكمه‌ت له‌ ناخی تاكدا بجێنێت یاسا ده‌بێت سه‌روه‌ر بێت جیاكردنه‌وه‌ی ئاین له‌ یاسا بۆیه‌ ئاین نه‌بێته‌ هۆكاری كه‌ خه‌لك چه‌واشه‌بكات  چونكه‌ تاكی  چاوری حوكمه‌ت ده‌كات كۆمه‌ڵگه‌ ناتوانێت ئه‌م جیاكاریه‌بكات ئه‌مه‌ ئه‌ركی حه‌كمه‌ته‌ یاسا بكاته‌سه‌روه‌ر هه‌روه‌ك ووڵاتانی ده‌ره‌وه‌ كه‌ هه‌موو تاكێك به‌ یاسا كارده‌كات و ئیپارێزێت هه‌تا له‌ ووڵاتی به‌ریتانیا ماڵی مه‌لیكه‌كه‌ش له‌ژێر حوكمی یاسادان بێ جیاوازی جونكه‌ گه‌ر ووڵات یاسا تێیدا په‌یره‌و نه‌كرێت  ناتوانێت كه‌ هیچ جۆره‌ بنیاتنانه‌وه‌یه‌ك به‌خۆیه‌وه‌ ببینێ .
 ئەی رۆڵی تاكەكان چییە،رێكخراوە ناحكومییەكان  دەبێت چی بكەن؟
 -ڕۆڵی تاك له‌م پرۆسه‌یه‌دا ده‌بێت ده‌رگاكانی كراوه‌بیت بۆ وه‌گرتنی فكره‌ی تازه‌ هاوكاری حوكمه‌ت بكات ره‌خنه‌ی بنیاتنه‌ر بگرێت له‌كاتی نارازی بوونی به‌شێوازی ژیان و ئه‌و قۆناغه‌ی كه‌پیایدا تێده‌په‌ڕێت
 وه‌ گه‌ر ده‌سه‌ڵات ئه‌و داواكاریانه‌ی یه‌ن گۆرانكاریانه‌ی نه‌كرد كه‌ پێویسته‌ بكرێت و كه‌موو كوریان به‌دی كرد له‌ گۆڕانكاری په‌روه‌رده‌ و راگه‌یاندن و هه‌موو لایه‌نه‌كانی ئه‌م قۆناغی گواستنه‌وه‌یه‌ ده‌بێ یێده‌نگ به‌بن هه‌ول بده‌ن فشار بخه‌نه‌ سه‌ر حه‌كمه‌ت بۆ جێبه‌چێ كردن ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگه‌ی كۆڕوكۆبوونه‌وه‌  و په‌یوه‌ندی كردن به‌ قوتابخانه‌ كانه‌وه‌وبه‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ئه‌م كه‌سانه‌ش ئه‌توانن له‌ ژێر ڕێكخراوێكی خۆیان كۆبكه‌نه‌وه‌ په‌یره‌وو پرۆگرامیان ئاشكرابكه‌ن وه‌ مه‌به‌ستی گه‌وره‌شیان خزمه‌تی كۆمه‌ڵگه‌بێت بۆیه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دروست به‌رهه‌م بهێنن كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مه‌ده‌نی بێت ، چونكه‌ به‌ته‌نها تاك ده‌سه‌ڵاتی نیه‌ گه‌ر به‌ كۆمه‌ڵ نه‌بێت هه‌روه‌ها بتوانرێت په‌یوه‌ندی به خه‌مخۆرانی ‌ كورد له‌ هانده‌ران بكرێت و هاتووجۆی ده‌ره‌وه‌ی ووڵات بكرێت تاله‌ نزیكه‌وه‌ به‌  كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ووڵاتان ئاشنابن به‌ به‌شیوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ بگوێزرێته‌وه‌ و كاری له‌سه‌ر بكرێت.
 هه‌روه‌ها ده‌بێ رێكغراوه‌كانی ناحكومی به‌ مانای ووشه‌ نا حكومی بن ئه‌گه‌ر به‌ پێچه‌وانه‌وه‌بێت ناتوانن خزمه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی بكه‌ن وه‌ زۆر به‌ خراپی ده‌شكێته‌وه‌ و خه‌ڵك چه‌واشه‌ ده‌كه‌ن به‌ ڕاسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ كار بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن به‌م جۆره‌ خه‌ڵكی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ خشته‌ده‌به‌ن وه‌ هێچ جۆره‌ گۆڕانكاریه‌كیان پێ ئه‌نجام نادرێت چونكه‌ له‌م ووڵاتانه‌ش رێكخراوه‌ ناحكومیه‌كان فشار ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات و له‌ گشت بواره‌كاندا گۆرانكاری ده‌كه‌ن به‌ڵام به‌ ڕاستی ناحكومین و له‌ خزمه‌تی پێش خستنی كۆمه‌ڵگه‌ كارده‌كه‌ن نه‌ك له‌به‌ر ناو و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ ئه‌توانرێت بوتریت كه‌ رێكخراوه‌كانی ناو كوردستان تا ئێسا كارێكی وه‌ها به‌ر چاویان له‌ خزمه‌تی كۆمه‌لگه‌ی مه‌ده‌نی دا نه‌كردوه‌ ده‌بێ هه‌وڵبده‌ن زیاتر بچنه‌ ناو خه‌ڵكه‌وه‌و گوێ بگرن له‌ كێشه‌كانیان و به‌ده‌سته‌ڵاتی بگه‌یه‌نن گه‌رنه‌توانن ئه‌م كاره‌بكه‌ن كه‌واته‌ نه‌بوونیان باشتره‌ چونكه‌ ده‌كرێ ئه‌وان ببنه‌ پردێك له‌ به‌ینی كۆمه‌ڵگه‌و ده‌سه‌ڵات زۆرجار ئه‌وه‌ی ئه‌وان ڕێكخراوه‌ ناحكه‌میه‌كان دركی پێ ده‌كه‌ن ده‌سه‌ڵات ئگادار نیه‌ لێی كه‌واته‌ كاركردنی چالاكیان هاریكاری دڵسۆزانه‌یان ده‌بێته‌ هۆیه‌كی گرنگ بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دروست له‌هه‌موو ڕوانگه‌یه‌كه‌وه‌ ده‌توانن كاری به‌پێز بكه‌ن یارمه‌تی ده‌سه‌ڵات بده‌ن وه‌ ببنه‌ جاوێك بۆیان كه‌ له‌ڕێگه‌یانه‌وه‌ كێشه‌كانی  كۆمه‌ڵگه‌ی پێ ببینرێت.
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply