Skip to Content

Thursday, December 3rd, 2020

گوتاری شەڕ، گوتاری مانەوە

Be First!
by October 13, 2011 گشتی

 

کێشەی سەرەکی نێوەندی دەسەڵاتدارانی کورد لەوێوە دەست پێ دەکات هەمیشە ڕۆحە شەڕەنگێزەکانی تاناتۆس ناخیان چۆڵ ناکات، لەوێشدا بۆ ماوەیەک کۆتای دێت، تا بە سەر خوێندا نەتسێن ڕەحەت نابن. سەیر لەوەدایە ئەمە شاراوە نیەو لە هیچ کۆڕو کۆبونەوەیەکدا نەیانشاردوەتەوە، بەڵکو جەختیشی لەسەر کراوەتەوە بەشێوەیەک دەڵێن هێزی شەڕ هێندە نزیکە لێمانەوە کە دەکرێ بە تەواوی جیا نەکرێتەوە لە فەزای تێڕوانینی فەرمانڕەواکان لە ئێستای بارودۆخی سیاسیدا، بەجۆرێک ئەم عەشقە بۆ مەرگ وەک هەر بەشێکی تری فیسیۆلۆژی بەردەوام لە داخوازی تێرکردندایە. ئیشکالی ئەم چەشنە لە مۆدێلی دەسەڵات هەر بەوەوە ناوەستێ شەڕ بکات لە پێناوی مانەوەدا، بەڵکو کایەی سیاسەتیش وا پێناسە دەکات کە گوایە تۆپەڵێک قوڕەو هەر دەشێ ئەو فیگەرو وێنانەی لەسەر دروست بکرێت کە خودی ئەو مۆدێلە دۆگمایە دەخوازێت نەک ڕۆژگارو ئیرادەی سیاسەت. ئەو پێی وایە دەشێ کەڤاڵی سیاسەت بگۆڕێت بەڵام نەک ناوەڕۆک و ئەو هایولایانەی کە سیاسەتی لێوە بەرهەم دێت و سیاسەتی لێوە پیشان دەدرێ، پێی وایە لە هەر سەردەمێکدا بوونی ئەو مومکینەو خودی هەڵگرتنی هەموو جۆرێک لەو وێنانەیە زەمەن لەگەڵ گۆڕاندا فەرزیان دەکات، بەڵام بە بێ ڕەچاو کردنی لایەنە مادی و مینۆکی (مەعنەوی)یەکانی کە لە ڕوی مادیەوە قوڕ* لە ماوەیەکی زەمەنیدا دەکرێ وشک بێتەوەو لە بەردەم ئەگەری لە دەستدانی تواناکانیدایە بۆ پیشاندانی فیگەرێکی ترو شکڵێکی تر، هەروەها لە ڕوی مەعنەویشەوە بێ خواستی جەماوەر پێداگیری لە سەر پیشاندانی هەر هونەرێک خۆی لە خۆیدا لەو ماناو بەهایانە خاڵی دەکاتەوە کە لە ناو مێژوی ستاتیکاوە هەناسەی لێ وەردەگرێت. لەلایەکی تر ئاشکرایە هەموو قوڕێک توانای هەڵگرتنی تێکڕای ئەو سیفەتانەی نیە کە بکرێت هونەرێکی باش بەرهەم بێنێت، وە ئەو قوڕەش دواجار دەبێتە هەڵگری ئەم جۆرە  خەسڵەتانە دەکرێ ڕۆشنبیرانەو هونەرمەندانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ بۆ ئەوەی هونەرێکی باش بەرجەستە بکات، بەڵام هەر کاتێک هونەرمەند بیری لەوە کردەوە نەخشە بۆ خۆهەڵشێلان و دووبارە دروست کردنەوەی پەیکەرێکی تر بکێشێ کە هەڵگری هەمان جەوهەری پێشوی خۆی بێت لە شکڵێکی تردا ئەوا لە پڕ وێڕای پتورکان و ڕزین تێکشکانی ماناو ناوەڕۆک و ڕەمزەکانی خودی هونەریش ڕوبەڕوی کارەسات و قەیران دەکاتەوە. لێرەوە گرنگە لە نێو تەمتومانی ئەم جۆڕە لە نوسیندا ئەوە لەیەک جیا بکەینەوە کە لە هاوکێشەی ئەم جۆرە هونەرانەدا هونەرو هونەرمەند دەبن بە یەک و هونەرمەند دێت و خۆی وەکو هایولایەک بەکار دەبات و فیگەرێک لە ئاستی هونەری خۆیدا پێشکەش دەکات.  
ئەوەی سیاسەتمەدارانی گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان دەیانەوێت بیکەن هەمان کار کردنە بەو دەرەنجام و ئایدیاڵانەی تۆپەڵە قوڕێک بە هەڵگرتنی ماناو ئادگارەکانیەوە دەیبەخشێت و نایەوێت لە وێنەی پەیکەرێکدا بچێتە مێژوەوە، دواجار لە دۆخێکی کوشندەدا لە دەرەوەی مێژوو هەناسەی لێدەبڕێت و بە پتورکاوی دوور لە سەرنج دەمێنێتەوە. سیاسیەکان دوور لە هەست بە بێ توانایی و بێ تامو بۆنی و ڕزیویان بەردەوامی بەم پێشانگانە دەدەن بە چەشنێک هەر جارەو بە هونەرێکی بێزەوەرو خاڵی و پتورکاو لە دیدگا لە گۆشەی سەرەوەی پیشانگاکانەوە بێشەرمانە خۆیان پیشان دەدەنەوە بێ ئەوەی ڕەزامەندی تاکە یەک سەرنجیش بە دەس بهێنن بە جۆریک وەک (ئیحلام موستەغانمی) دەڵێت “تابلۆکان پێویستیان بە بینەری تازەو سەرنجی تازە هەیە” بە واتایەک ئەگەر قایل بوویەک نەمابێتەوە لە بەردەم قایل بوون بەو پیشانگا سیاسیانەی کە ئەمڕۆ دوێنێ و پێرێی سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان پیشانیاندا بەو هەموو کەمووکوڕیانەیەوە ئەوا چاوەڕوانی چی دەکەن. بۆ دەشی پیشانگاکان بە تەنها شوێنی پیشاندانی یەک جۆرە قوڕ بێت لە کاتێکدا لە ڕوی ناوەڕۆک و ماناوە پیشانگا جیاوازە لە مۆزەخانە، چونکە پیشانگا شوێنی پیسشاندانی هونەری تازەو وێنەی تازەو ڕەنگی تازەیە، بۆیە ناکرێ ئەوەی ئەمڕۆ لەسەر ئاستی پیشانگای سیاسەت لە هەریمی کوردستان پیشان دەدرێت بە پیشانگا ناو ببرێت چونکە لە خراپترین جۆردا دەکرێ ناو ببرێت بە جۆرێک لە مۆزەخانە لەبەر ئەوەی مۆزەخانە شوێنێکە بۆ پیشاندانی هونەر بە باش و خراپیەوە وەک ئەوەی کاری لەسەر کراوە و هەروەها پاراستنی وەک ئەوەی لە ڕابوردودا هەبووە.
بۆ پشتڕاس کردنەوەی ئەوانەی لە سەرەوە باسم کرد سەرنجتان بۆ خاڵێک ڕادەکێشم لەو ڕوانگایەوە ڕۆژانە گوێمان بەر ئەو گوتارو ئامۆژگاریانە دەکەوێت کە جەختە لەسەر هەڵگیرسانەوەی شەڕی براکوژی و پێداگیری لەسەر ئامادە بوونی سێبەری ئەگەرەکانی گەڕانەوەی ئەو دێوەزمەیە، وە لێرەوە گەر هەوڵ بدەین خوێندنەوەیەکی ڕیشەی و سایکۆلۆژی ئەم دەربرینانە بکەین ئەوا بەو حەقیقەتە دەگەین کە ئیرادەی شەڕ لە نێو خەیاڵدانی ئەم هێزانەدا بەرامبەر بە نەیارو ڕکەبەرەکانیان هێندە زیندوە کەوا ئەگەرەکانی لە کات و شوێنێکی دیاری کراودا نیشتەجێ نیە بتوانرێت سنورەکانی دیاری بکرێت و ڕێ لە وەیشومەکانی بگیرێت. چزوی شەڕ لەگەڵ حاجاتەکاندایە، لەگەڵ تینوێتی و خەونی ڤەمپایەرەکانی تاریکیدایە، چونکە دواجار ئەوە دەرکەوتەی ئەو مەترسیانەن وا لە ئەوی شەڕخواز دەکات وەک لایەنێکی لە ڕواڵەتدا ئامادە بێت دان بنێت بە ئەوی تردا لە وێنای فیگەرێکی ترو هونەرێکی تر بۆ بەخشینی مانایەکی جیاواز بە سیاسەت، لەملاشەوە ئامادە نەبێت لە جەوهەردا ئەم فەرمانە قبوڵ بکات. ئەوە وێنای ڕەهای قایل نەبوونی ئەوە لە پێداگیری لەسەر هێشتنەوەی کەلوپەلو کەڤاڵەکانی لەسەر ئاستی پیشانگای هونەرە سیاسیەکان، هاوکات قەدەغە کردنی مافی کردنەوەی پیشانگای تر لە قوڕی ترو لە فۆرم و مانای تردا. ئەو دێت و بە ئاشکرا و بێ سڵ کردنەوە لەبەرچاوی جەماوەردا ئەوە ڕادەگەیەنێ کەوا “هەرچی هەوڵێکمان هەیە دەیدەین کەوا شەڕی برا کوژی دوبارە نەبێتەوە” لە ڕاستیدا ئەم دەستەواژەیە بە شێوەیەکی پەتی وادەر دەبڕێت کە دڵسۆزیەک هەیە بۆ بەر گرتن لە هەستی شەڕخوازی، لە هەمان کاتدا زۆر سایکۆلۆژی و مشتومڕئامێزە، کەوا ئاماژەکانی هەڵگری مانای ترسناکن، زیادەڕۆی نیە گەر بڵێم شۆکی پاش دەرکەوتنی عەورەتە، چونکە قسەش عەورەتی خۆی هەیە. ئەمە هەروا قسەی پیاوێکی سادەی پەراوێز خراوی نێو کۆمەڵگا نیە، بەڵکو هەڕەشەی پیاوێکی بە شان و شەوکەتی میلیتارە کە خاوەنی نفوزێکی زەخمی چەکدارە و توڕەی و پێکەنین و برسێتی و تینوێتیەکانی سادە نیەو هەمیشە ئەگەری ڕوداویان لێ دەکرێت، تەنانەت خەو بینینەکانیشی هێندە ترسناکن کە زۆرجار کاریگەری بە سەر واقیعەوە جێ دەمێنێت. واژەکان، نابێت هەروا بە واژەی ئاسای سەیر بکرێن و لێکدانەوەی سەرپێیان بۆ بکریت، چونکە ئاماژەکانی بەسەر یەکەوە ئەوەمان پێ دەڵێن لە خەیاڵدانی کەسی واعیزدا گەدەیەکی بەدهەرسی پەنهان هەیە، هەر هەوڵدانێک بۆ هەڵفڕانی ئەم جۆرە واعیزە لەسەر کورسیەکەی دەبێتە هۆی بێدار بونەوەی ئەم ڕوبەرە برسیە و هەر بێدار بونەوەیەکیش کاردانەوەی سایکۆلۆژی بەدوای خۆیدا دەهێنێ و سەرەنجام وادەکات بە فەرمانێک دەرگای هەرچی قەسابخانە هەیە بکاتەوە و لە خێری کەسوکاریدا موچە بۆ کوژراوە تەڕو تازەکان ببڕێتەوە، هەروەها دوای ماوەیەکیش چەند پارچە زەوییەکیش دابەش بکات بەسەر عابا بەسەرە جەرگ بڕاو چاوتەڕەکاندا.
 لێرەدا لانی کەم ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەبێت چ نیازێک لە خەیاڵدانی واعیزدا ماخۆلان دەکات، سێبەری چ گوتارێکی ترسناک بە بەردەوامی بەسەر ئەم هەرێمەدا هاتوچۆ دەکات. ئەوە ئاماژەی جەنگ و نیازی دەست بەردار نەبوونی ڕوبەرەکانی نومایشە، ئەوە بەرزەفت کردنی هەموو شەرعیەتەکان و کۆ کردنەوەیەتی لەسەر پێست و لە نێو خوێن و (دی ئێن ئەی)ەکانی خۆیدا. ئەوە ئاماژەیەکی ڕونی چۆڵنەکردنی پیشانگایە، واتە هەر هێزێک بەناوی هونەری نوێ و میکانیزمی نوێ و ئەڵتەرناتیڤی نوێ لە هەر کاتێکدا ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی هۆڵی پیشانگاکەو خەون بە پیشانگای تازەو وێنەی تازەو هونەری تازەوە ببینێت، ئیدی ئۆباڵی خۆی لە ملی خۆی و “ئەگەر براشمان بێت دەیکوژین” هەر ئیرادەیەکیش بە ئاراستەی چۆڵکردندا بنرێت بەزاندنی خەتی سورەو بە توندی ڕوبەڕوی دەبینەوە، بۆیە پێشنیار دەکات پێش ئەوەی بگاتە ئەو ڕادەیەی کۆنترۆڵ نەکرێت، با هونەرمەندە ڕکەبەرەکان بێن و لە ژێر چاودێری لیجنە کارتۆنی و دروست کراوەکانی خۆیاندا بە فەرمانی سەرۆک گۆشەیەکیان بۆ چۆڵ دەکەین و لە ژێر هەمان ناوی (سەروەری بۆ سەرۆک و خوێنەکەی)  پێکەوە دەمی دەرگای هونەری سیاسەتەکانمان بەڕوی جەماوەردا دەکەینەوە. ئەمە پێشنیاری ئەوە، ئەوێک بە خۆی و ڕاوێژکارەکانیەوە، ئیتر بێ باک لەوەی ئایا چەند کەس لەو جەماوەرە ئامادەی بینینی دەبن. لەکاتێکدا پیشانگا لە ڕووی زاراوەیەوە بەمانای پیشاندان دێت، پیشاندانیش لە خۆیدا پرۆسەیەکە دەکەوێتە نێوان ئۆبجێکت و سۆبجێکتەوە، یان چاوو وێناو سومبولەکانەوە، جا کاتێک لایەنێک لەو دووبەرەیە ئامادە نابێت لە میانی دەستپێکی پرۆسەکەدا، دواجار پرۆسەکە بە بێ ئەنجام و ناتەواو دەهێڵێتەوە، بۆیە دەکرێ بڵێین سەرجەم ئەو پیشانگایانەی کە جەماوەر بە تاسەوە بە شێوەیەکی فیعلی تیایدا غائیبە، دەکرێ بە هەمومانەوە هێڵێکی سوور بە ژێریاندا بهێنین و لە بابەتی هونەریەوە بکرێن بە بابەتێک بۆ توێژینەوە.

قوڕ: بەکار بردنی ئەم ووشەیە بە شێوەیەکی ئیستیعارە بە کار نەهێنراوە، کە خوێنەر وا بزانێت لە میسۆلۆژیاو چیرۆکە ئاینیەکانەوە وەرگیراوە، چونکە لێرەدا قوڕ هەڵگری ڕەمزێکی ترە.

٠٦/١٠/٢٠١١
نوری حەمەئەمین

Previous
Next

Leave a Reply