Skip to Content

Monday, August 15th, 2022

به‌ڕبه‌شاتڕی سیاسی …. دڵشاد تاقانە

Closed
by October 13, 2011 گشتی

 

ژماره‌یه‌کی که‌م نین به‌ناو ‌کادیری ڕێکخراوه حیزبیه‌کانی کوردستان له‌پۆزسیۆنی خواروو سه‌روو وا تیگه‌یشتوون که‌ ئه‌وان نمونه‌ی بێ هاوتای سه‌رکه‌تووی کاروباره‌ سیاسیه‌کانن خۆیان به‌کادیری پێشکه‌وتوو یا زۆرڕه‌وتر سه‌رکردایه‌تی ناوزه‌ند ده‌که‌ن بۆ هه‌موو پێگه‌ و پۆستێک خۆیان پێ شایه‌نه‌ له‌به‌رامبه‌ریش هه‌ڤاڵ و هاوڕێکانی ده‌وروبه‌ریان پێ بوده‌ڵه‌ یان لانی که‌م خوار ئاستی توانا و ڕۆشه‌نبیریانه‌ هه‌رچه‌ندی توانست و  لێوه‌شاوه‌یی خه‌باتیشیان زیاتر بێ ! وه‌ک پێپلیکانه‌ به‌سه‌ریان ده‌که‌ون گه‌ر کاتێکیش زانیان لێزان و شایه‌نن بازنێک به‌ده‌وریان ده‌کێشن تا نه‌چنه‌ پێش و گه‌شه‌ی پایه‌ی به‌رز نه‌که‌ن . ئه‌و هه‌سته‌ ده‌بده‌به‌ییه‌ش له‌خۆڕا و بێ هۆکار نی یه‌ ؟ هه‌ندێ جار له‌خۆبایی بوونه‌ هه‌ندێ جاریش هاندانی ده‌س له‌پشتدانی سه‌رووتره‌ که‌ بێ بنه‌ما پفیان ده‌ده‌ن له‌ته‌که‌تولبازی باڵباڵێن و ئینتیمای کوێرانه‌ ! خۆیان پێ وه‌ک به‌ربه‌شاتڕه‌ چه‌ندین پۆست و پۆزسیۆن وه‌رده‌گرن له‌لایه‌ک خاوه‌ن ئیمتیاز و له‌لایه‌ک نوسه‌ر ، له‌ولا سه‌رۆکی لیژنه‌ی نازانم چی ! له‌لاکه‌ی تر ئه‌ندامی کۆمیته‌ی تۆ بیڵێ ؟ ‌له‌مسه‌ر به‌رپرسی ده‌زگای…… له‌وسه‌ر سه‌رۆکی هۆبه‌ی فڵانه‌ وه‌زاره‌ت ! خۆ ته‌واو نابێ … کورد ده‌ڵێ: دوو گندۆره‌ به‌ده‌سته‌کی هه‌ڵناگیرێ . به‌س ئه‌وان وه‌ک شاگردی چایخانه‌ پێنج شه‌ش ئیستکان به‌ده‌ستێک هه‌ڵده‌گرن به‌ڵام ئه‌وه‌ من مردی و تۆش زندی به‌دڵنیایی هیچی ناگه‌یه‌نن پێیان دا ده‌ڕژێ مێژووش شاپێک له‌دوڕ قون و شه‌قازیله‌یه‌کی وه‌ستایانه‌ له‌بن گوێیان ده‌دا.

به‌ڕبه‌شاتڕ چی یه‌ ؟
بۆ ئه‌وانه‌ی زۆرگه‌نجن یا هۆکاری ته‌مه‌ن هاوکاریان نه‌بووه‌ به‌ڕبه‌شاتڕ بناسن ڕوونی ده‌که‌ینه‌وه‌ له‌کۆتایی حه‌فتا و سه‌ره‌تاتکه‌ی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوو فه‌نتازیای فلیمکارتۆنێکی منداڵان هه‌بوو ئێواران سه‌یرمان ده‌کرد ناوی ( به‌ڕبه‌شاتڕ ) بوو . ( به‌ڕبه‌) کاره‌کته‌ری کارتۆنی بوو پاشناوی ( شاطر ) ی عه‌ره‌بی واته‌ لێهاتوو ، پێکراو یا به‌کرمانجی ژێ هاتی هه‌ڵگرتبوو ئینجا به‌عه‌ره‌بی زوو زوو ده‌یگوت: به‌ڕبه‌شاتڕ ئه‌عزه‌م ساحر . شێوه‌یه‌کی ئه‌میبایی گیانداربوو ده‌یتوانی به‌پێ ی خواستی خۆی له‌ته‌نگانه‌کان له‌ئاسمان ببێته‌ فڕۆکه‌ یا به‌له‌م له‌ئاودا ، کاتی باران ده‌بوو به‌چه‌تر ، خۆی ده‌کرد به‌گوریس و درێژ ده‌بۆوه‌ … یا هه‌رشتێکی بویستایه‌ خۆی ده‌کردێ نمونه‌یه‌کی یاریده‌ده‌ری گیانداران و خێرخوازبوو به‌ڵام تواناکانی خه‌یاڵی بوو ، خێزانیشی هه‌بوو ناویان خۆی به‌ڕبه‌بابه‌ ، ژنه‌که‌ی به‌ڕبه‌مامه‌ ، به‌ڕبه‌لاله‌ کچه‌ جوان و به‌نازه‌که‌ی به‌ڕبه‌بێلا موزیکژه‌ن هه‌روه‌ها به‌ڕبه‌بۆ وه‌رزشه‌وانی ماڵبات بوو . ئه‌وان کاری به‌دیان نه‌ده‌کرد به‌ڵکو هاوکاری چاکه‌بوون به‌س ئه‌و شێوه‌ خۆگۆڕینه‌ و توانا خه‌یاڵیه‌ی هه‌موو شتێکیان پێده‌کرا چاوکێش بوو لێره‌ خواستمانه‌وه‌ بووه‌ سه‌رباسی ته‌نزێکی سیاسی . من ناوی جنۆکه‌ ناهێم ئه‌وانه‌ی له‌و سه‌رده‌مه‌ ژیابن ده‌ڵێن به‌ڕبه‌کان ڕاستی یه‌ ئێستاش به‌ڕبه‌شاتڕی سیاسیمان هه‌یه‌ خۆی ده‌کاته‌ هه‌موو شتێک چه‌ندین پێگه‌ و ده‌سه‌ڵات وه‌رده‌گرێ به‌س به‌داخه‌وه‌ له‌ڕێگای چاکه‌ نا به‌ڵکو خۆپه‌رستی تاکه‌ که‌سی و به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی گروپی حه‌به‌ربه‌شی سه‌ربه‌خۆی ، وه‌ک ئه‌سپی ژێر عاره‌بانه‌ هه‌رپێشه‌ خۆی ده‌بینێ هێنده‌ خۆڕه‌پێشکه‌ری خۆتێهه‌رقورتێنه‌ره‌ له‌هه‌موو دیزه‌یه‌ک ئه‌سکوه‌ ! زۆرتریش جاسوسی سه‌ر هه‌ڤاڵ و هاوڕێکانیه‌تی له‌کام پۆست بێ زمانی چاکه‌ به‌ده‌وروبه‌ره‌که‌یدا ناهینی ، به‌دڵنیایی باسکردنیان ڕه‌وایه‌ و ڕه‌شبینی نی یه‌ . بێگومان به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ش که‌سایه‌تی و کادیری هه‌ڵکه‌وتوو هه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ جێ ی متمانه‌ن ده‌کرێ چاو بنوقێنی و لێگه‌ڕێ ی ده‌ستت بگرن هه‌رگیز له‌گه‌ڵیان ساتمه‌ش ناکه‌ی نه‌ک هه‌ڵدێران ! به‌ڵام لێره‌ تابڕی پێنوسه‌که‌ ڕووه‌و نیشانی‌ سیاسیه‌ به‌ربه‌شاتڕه‌کانه‌ به‌ڕاستی ده‌گمه‌نن ئه‌وانه‌ی ساچمه‌یه‌کیان به‌ر نه‌که‌وێ .

خۆم هه‌ڵده‌بژێرم ..
هه‌رهه‌ڵبژاردنێک بێته‌ پێش گرینگ نی یه‌ بۆچی یه‌ ؟ ئه‌وا خۆیان پاڵێوراوی یه‌که‌من ! له‌گچکه‌ترین پۆزسیۆنه‌وه‌ تا کۆنگره‌ و مه‌کته‌بی سیاسی ڕێگه‌یان هه‌بێ خۆیان هه‌ڵده‌بژێرن ! هه‌رگیز پاڵێوراوی نی یه‌ هه‌رخۆی پاڵێواروه‌ جارێ پۆسته‌کانی په‌رله‌مان و حکومه‌ت بێ شاره‌زایی یا تایبه‌تمه‌ندی بۆیان شیاوه‌ دوو سێ ی له‌سه‌ر نی یه‌ . گچکه‌کان لاسار و هیچ له‌باردانه‌بوو ڕاپۆرت نوسی مه‌سئولبازن گه‌وره‌کانیش مامی حه‌فت گونن هیچ تریانه‌یه‌ک لۆیان هه‌ڵ ناگرێ ئه‌گه‌ر هیچی له‌ده‌س نه‌ما ئه‌وا وه‌ک عه‌ره‌به‌که‌ی ناسریه‌ گه‌ر پاڵێوراوه‌ سوکه‌ره‌که‌ی خۆی نه‌گاته‌ پۆسته‌که‌ ئه‌وا ملی که‌سه‌ شیاو و به‌توانا سه‌ربه‌رزه‌کان ده‌شکێنێ ئه‌وه‌نده‌ بێ ویژدانه‌ گایه‌کی به‌س لۆ جه‌رگه‌که‌ی ده‌کوژته‌وه‌ !‌  
من و من ….
هه‌رگیز چاوی به‌براده‌ره‌که‌ی هه‌ڵنایه‌ له‌ڕوو دۆسته‌ پاشمله‌ دوژمنه‌ . پێکه‌نینی توزحیزانه‌ ئادگاری ده‌موچاوی ده‌رده‌خا ئاسان ده‌خوێندرێته‌وه‌ . له‌هه‌موو ڕسته‌یه‌ک منێکی خۆی تێدایه‌ ، ئه‌و قاره‌مانی هه‌ڵکه‌وتووی بواره‌که‌یه‌ سه‌روسه‌ربرده‌ی ته‌واو نابی خه‌باتی له‌سه‌رکرده‌کانیش وێوه‌تره‌ ! مردووی درۆی مردووه‌ بێ پرسه‌تازیه‌ به‌ڕێ ی کردیه‌ . زۆرانێکیان که‌مه‌رژه‌نی ئاهه‌نگه‌کانی سه‌رده‌می به‌عس یا خه‌فیفه‌ یا جاشولکه‌ی ئاخوڕی شه‌رمه‌زاری چاوشۆڕن که‌چی لای ئوستاده‌کانیان نمونه‌ی هه‌ڵکه‌وتوون ڕه‌فتاری به‌عسیانه‌یان مه‌رجی سه‌رکه‌وتنیانه‌ چونکه‌ په‌روه‌رده‌ی عیشت وه‌رگر و به‌ڵێ گه‌وره‌من !

دۆخین شله‌ ..
له‌به‌رای کاربه‌ده‌ستانی سه‌روو یان توخمی مێ ئه‌و هه‌مان خۆشداکه‌نه‌یه‌ شوره‌یی له‌هیچ ناکا ، تکه‌ ئابرووی ڕژاوه‌ هه‌رگیز عاره‌ق ناکا ، سۆنه‌یه‌کی مه‌له‌وانه‌ له‌حه‌فت ئاو ده‌دا قاپی ته‌ڕنابێ ! ئه‌گه‌ر خه‌باتێکی سه‌ره‌تای هه‌بێ ئێستا باوه‌ڕی پێنه‌ماوه‌ له‌ڕاوی دۆلار شه‌که‌ته‌ سه‌ی حاحایه‌یه‌ ، وه‌ک ده‌ڵه‌به‌باش سه‌یه‌لی ئاوایی به‌دواوه‌یه‌ . له‌سه‌ر نه‌کڕینی ماشینێکی مه‌سئولانه‌ ئاماده‌یه‌ واز له‌حیزبه‌که‌ی بێنێ ! لۆیه‌ به‌ناچاری لێره‌ ڕه‌خنه‌تڕێنیان ده‌که‌ین .
زڕه‌ کۆبونه‌وه‌ ..
بۆ کۆبونه‌وه‌ دوو وێنه‌ی به‌رپرسی یه‌که‌م هه‌ڵده‌واسێ تا له‌هه‌موو کامیره‌کانه‌وه‌ ده‌ربچێ ” به‌ڵی ده‌روێشتین قوربان ” . سه‌ره‌تا چه‌ند ساتێک بۆ گیانی شه‌هیدان ڕاده‌وه‌ستین . فه‌رموون دانیشن … له‌کۆبونه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌مان ، باسی شته‌ گرینگه‌کان ده‌که‌ین ، ( چززززز پـــــڤ سیــــــــک ) ده‌نگی مایکه‌که‌ قدیلانه‌ی به‌شداربووان ده‌کاته‌وه‌ ده‌کۆکێ: ئح ئحم دوو پتیش له‌مایکه‌که‌ ده‌دا ، بابێنه‌وه‌و سه‌رباسه‌که‌مان ئه‌وشتا‌نه‌ی باس هه‌ڵده‌گرن ،  له‌کۆبوونه‌وه‌ی ڕابردووش باسمان کرد ؟ لێکۆڵینه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر ده‌که‌ین چونکه‌ مه‌سه‌له‌که‌ خۆی له‌خۆیدا گرینگه‌‌ . دیموکراسیه‌ت و مافی مرۆڤ و مافی ژنان گرینگن .  ئه‌مڕۆ له‌عێراقدا ، له‌سه‌ر ئاستی کوردستان و هه‌موو دنیاش هه‌رواده‌بێ ده‌سه‌ڵات واو ئۆپۆزسیۆن وا . جه‌نابی س……  ( چه‌پ چه‌پ چه‌پ ) هه‌ر وا ده‌ڵێ . قسه‌دانی پڕ فیشاڵی ڕسته‌ی سواوه‌ی هه‌ڵدان به‌سه‌رۆکی یه‌که‌م له‌هه‌موو زڕه‌ کۆبونه‌ویه‌کدا ده‌ڵیته‌وه‌ ڕسته‌کانیش هیچ په‌یوه‌ندیان به‌یه‌که‌وه‌ نی یه‌ جگه‌ له‌وشه‌ی بریقه‌داری سیاسی زۆرگۆتراوه‌ی بێ ئه‌رزش . زۆر حه‌ز ده‌کا له‌سه‌ر میمبه‌ری کۆبونه‌وه‌ به‌رامبه‌ر ئاماده‌بووان دانیشێ ، ئه‌گه‌ر لۆی نه‌کرا ئه‌وا چاکه‌ت و که‌ڕه‌ڤاته‌که‌ی ده‌به‌ستێ هه‌ردوو ده‌ستی له‌بن هه‌نگڵ ده‌نێ له‌ڕیزی پێشه‌وه‌ی کورسیه‌کان داده‌نیشێ ئه‌گه‌ر بشزانێ به‌ری ناکه‌وێ پێشتر ته‌له‌فۆن ده‌کا جێگه‌ بۆ خۆی و خانمه‌ نه‌زانه‌که‌ی بگرن تا له‌کامیرای ته‌له‌فزیۆنی هه‌وا‌ڵه‌کانی شه‌و ده‌ربچێ خۆی گیف ده‌دا به‌ڕغه‌بابه‌ی زلتر ده‌کا ! ئاخر قوڕمساغ خۆ سیاسه‌ت به‌به‌ڕغه‌بابه‌ ناکرێ .

ڕه‌خنه‌ وه‌رناگرێ
..
قوڕبه‌سه‌ر ئه‌و براده‌ره‌ دڵسۆزه‌ی ڕه‌خنه‌یه‌کی لێ ده‌گرێ هه‌تا مایه‌ له‌بیری ناچێ ئه‌ودڕکه‌ی له‌بن پێ ی هه‌رده‌رده‌ینی ! ناهێلی بگاته‌ هیچ ئاست و پۆستێک هێنده‌ هه‌ناو ڕه‌شه‌ ئه‌گه‌ر له‌ده‌ستی بێ ده‌ری ده‌په‌ڕێنی ، له‌لای سه‌رۆکه‌که‌ی له‌خۆی گه‌وره‌تر وه‌ک مێش هه‌رڕۆژه‌ی خاڵه‌گوێک له‌سه‌ر وێنه‌که‌ی داده‌نێ تا له‌کۆتایی ته‌واو ڕه‌شی ده‌کا ! هه‌رهیچی پێ نه‌کرا براده‌رایه‌تی فێسبووکی قبوڵ ناکا به‌وه‌ش تۆڵه‌ی خۆی ده‌کاته‌وه‌ ! له‌کاتێک ڕه‌خنه‌ لێگیران له‌بنه‌چه‌دا ئاگادارکردنه‌وه‌یه‌ بۆ ڕاستکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ و که‌موکوڕیه‌کانه‌‌ به‌قازانجی ڕه‌خنه‌لێگیراوه‌که‌ ته‌واوده‌بێ به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ئێمه‌ لینگاوقوچ تێیده‌گه‌ن حه‌زیان له‌وه‌یه‌ کادیری خوارتریان ڕه‌خنه‌گر نه‌بێ به‌ڵکو سۆنه‌ی گوێڕایه‌ڵ بێ . جارێک براده‌رێک گۆتی: فڵانه‌ براده‌ر که‌یفی به‌چاره‌ی تو نایه‌ . ئه‌منیش گۆتم لۆ ؟ ده‌نا ئه‌من زۆر ڕێزی ده‌گرم و ته‌له‌فۆنیشم لۆ کردیه‌ ! گۆتی: ئه‌و ده‌رێ ئاخر جاره‌ک ڕه‌خنه‌ی لێگرتییم ! ئینجا یه‌کجار ڕه‌خنه‌ له‌به‌ڕبه‌شاتڕێکی سیاسی بگری هه‌تا هه‌تایه‌ لایان ڕه‌ش ده‌بی که‌یفیان به‌چاره‌ت نایه‌ ، جا وه‌ره‌ ئه‌و که‌ره‌ی له‌و قوڕه‌ی ده‌ربهینه‌ !
خنۆکی سیاسی ..
پێگه‌ی وه‌رگرتووه‌ ده‌سه‌ڵاتیشی هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر مه‌سئوله‌ یا تڕه‌مه‌سئوله‌ به‌ڵام له‌داهێنان و به‌رهه‌می بیرمه‌ندی ئیفلیجه‌ هیچی پێ نی یه‌ ، په‌په‌گایی ڕسته‌ بیستراوه‌کان ده‌ڵیته‌وه‌ ئه‌وانیش ئه‌ویان گه‌ره‌که‌ . جارجاره‌ بیرۆکه‌ی نوسه‌ره ‌داهێنه‌ره‌کان ده‌دزێ وه‌ سه‌روتار بازاڕی خۆی پێ گه‌رم ده‌کا ، زۆربڵێ ی چه‌وته‌ و خراپ گۆیه‌ ئه‌وه‌ی ده‌یڵێ ناڕاسته‌ هه‌ر درۆیه‌ . توشی خنۆکی سیاسی بووه‌ وه‌ک ئه‌و کابرایه‌ی دوو تاژی هه‌بوو به‌یانیان هێلکه‌ و ڕۆنی ده‌دانێ منداڵه‌کانیش نان و چا ، یه‌کێ له‌‌ده‌رودراوسێ ی خه‌ڵکی ئاوایی پێی ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر ئه‌و هێلکه‌ و ڕۆنه‌ی به‌یانیان نایده‌یه‌ ‌منداڵه‌کانت و تانجیه‌ خنۆکه‌ گه‌ڕه‌کانت ده‌یخۆن هیچ ڕاویان پێ ناکرێ تڕۆی لێکه‌وته‌ن بیده‌ی به‌من له‌چه‌قێنی به‌پێخواسی که‌روێشکت لۆ ده‌گرم ! جا کابرا نه‌ک هه‌رخۆی خنۆکه‌ ده‌سته‌گه‌ره‌که‌شی خنۆکی سیاسین . خنۆک ئه‌و که‌سه‌یه‌ له‌کاره‌کانی ده‌خنێته‌وه‌ له‌به‌ری ناڕوا ده‌ست و پێ سپی لێکه‌وته‌یه‌ به‌کوردیه‌که‌ی سه‌وه‌ڕ نابا .   

ڕێکخستن به‌گۆتره‌ ..

هه‌رچی گه‌جه‌ر و گوجه‌ری عه‌شیره‌ته‌که‌ی ، گونده‌که‌ی شاره‌که‌ی هه‌یه‌ خڕیان ده‌کاته‌وه‌ له‌نه‌سریه‌ هێند ده‌سبڵاوه‌ موچه‌خۆر و مووچه‌ده‌ره‌ باڵی وا فش ده‌کاته‌وه‌ نێره‌که‌ری باقلانی یه‌ . نه‌ک که‌سێکی پێ ڕێک ناخرێ به‌ڵکو ڕووخێنه‌ر و دڵسۆز به‌ده‌رنه‌ره‌ ! به‌پاره‌ به‌خشین و پشه‌پشانه‌ گاگه‌لێکی بن دیوار و ناوی بێ نیشان هه‌روا بێ ته‌رازووی کێشان  ئه‌ندامی ڕێکخستن به‌گۆتره‌ ده‌فرۆشێته‌ سه‌رووی خۆی ، سه‌رووه‌که‌ش چی له‌گه‌ڵ ناکرێ کڕیاره‌ چونکه‌ ئه‌ویش هه‌رخۆی موشته‌ری ئێوارانه‌ .

                            
                                                  Dlshadtakana@yahoo.com

Previous
Next