Skip to Content

Sunday, January 24th, 2021

گەنج لە سەردەمی گلۆبالیزم دا

Be First!

 

 

 

 هەر قۆناغێکی مێژوویی ، هەوڵیداوە سیمایەک و ناسنامەیەکی نوێ بداتە گەنجان لە جیهاندا. گەنج داینەمۆی هەموو گۆڕانکاریی و پێشکەوتن و سەرکەوتنی هەموو قۆناغێکی مێژووییی بووە.  گەنج هەر لەبەرئەم ڕۆڵە تایبەتیی و گرینگەشی ، جێگاییەکی تایبەتی لەناو هەموو کۆمەڵگاکانی جیهاندا هەبووە. گەر لاپەڕەکانی مێژووی مرۆڤایەتیش هەڵبددەینەوە ، دەبینین لەهەر قۆناغێکدا ، گەنج سیما و ناسنامەیەکی تایبەتی بەخۆی هەبووە. یان بە واتایەکی تر ، گەنج هەوڵیداوە بەرگێکی نوێ بپۆشێت و خۆی لە نەوەی پێشتر جیابکاتەوە. ئەم بەرگ پۆشینە نوێیەش ، بەبەردەوامی وەکو سێبەرێکی گەنجان وابووە. 

دیارە کۆمەڵێک هۆکار، کاریگەری گەورەیان بەسەر دروستکردنی کەسایەتی گەنجانەوە هەیە ، لەپێش هەمووشیانەوە هۆکاریی ( سیاسی، کۆمەڵایەتی ، ئابووری، تەکنەلۆژی) . گەر بەخێرایی چاوێک بەلاپەرەکانی مێژوودا بخشێنین ، دەبینین لەهەر قۆناغێکدا گەنجان وێنەیەکی تایبەتییان هەبووە. لەسەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا، گەنجانی جیهان ، هەموویان لەناو بیری ناسیۆنالیزم دا خەرق بووبون. لە ئوروپا و ئەمریکا ، هەستی ناسیۆنالیزم، توانی دۆزەخێكی گەورە بۆ گەنجان دروستبکات ، بەملیۆنان گەنج بوونە قووربانی خەونە شێتەکانی هیتلەر و مۆسۆلینی وچرچل ورۆزلڤێلت.  ناسیۆنالیزمی رۆژئاوایی ، دوو جەنگی ماڵوێرانی گەورەی بۆ جیهان خوڵقاند، کە گەنجان بەنزینی ئەم جەنگانە بوون. 

لەجیهانی سێهەمیش ، هەستی ناسیۆنالیزمی توانی گەنجانی ئاسیا و ئەفریکا و ئەمریکای لاتین هان بدات ، کە داگیرکەرە ئوروپاییەکان لە وڵات دەربکەن و بە خەونی سەربەخۆیی خۆیان بگه‌ن. لەم قۆناغەدا ناسیۆنالیزم بووبوە  سیمایەکی گەورەی بیرکردنەوەی گەنجان و پانتاییەکی گەورەی لەناو جیهانی گەنجاندا داگیرکردبووە. 

لەپاش کۆتایی جەنگی دووەمی جیهانی و پەیدابوونی جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا و رووسیا، بیری کۆمۆنیستی و چەپگەرایی ، بووبوە دایکێکی میهرەبان بۆ هەموو گەنجانی جیهان. دیارە ئەمەش کۆمەڵێک هۆکاریی هەبووە، لەوانە گەنجان وەکو هەموو جارێک دەیانوویست خۆیان لە نەوەی پێش خۆیان جیابکەنەوە. نەوەی پێشووتر زیاتر هەمی نیشتمان و رزگاربوون لە داگیرکەرانی بوو، لێ ئەم نەوەیە کێشەی لەگەڵ دەسەڵاتی نیشتمانی هەبوو، داوای یەکسانی و ئازادیی و خۆشگوزەرانی دەکرد. ئەم داواکاریانەش نەوەی پێش خۆی نەیدەتوانی دابینی بکات. لەلایەکی تریشەوە، ئەم نەوەیە  دەسەڵاتی نیشتمانی ، وەکو رێگری گەورە و دوژمنی سەرەکی خۆی دەبینی، هەربۆیە هەوڵی ڕووخانی کۆشکی دەسەڵاتی ئەم نەوەیەی دەکرد، هەتاوەکو خۆیان ببنە خاوەنی ئەم کۆشکە.  

 

گەنجی 1968 و شۆرشی کولتووریی/

 

هیچ وەختێک هێندەی ساڵی 1968 رۆڵی گەنج لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دەرنەکەوتووە. هەموو کاتێک کەباسی ئەم ساڵە دەکرێت ، یەکسەر گەنج دێتە ناو مەسەلەکەوە. لەم ساڵەدا جارێکی تر فەرەنسا بووەوە  بە دایکی شۆرش ، لێ ئەمجارەیان شۆرشەکە دژی دەسەڵاتی پاشا و چینی ئەرستۆکراتی نەبوو، بەڵکە دژی دەسەڵاتی دیموکراسیی و نیشتمانی بوو. لەم ساڵەدا خوێندکارانی فەرەنسا ، توانیان دەسەڵاتی پیاوە پۆڵایینەکەی فەرەنسا جەنەڕال دیگۆل برووخێننن، ئەو پیاوە فەرەنسییەی کەهەموو جیهان ڕێزی لێدەگرت ، بەڵام  لەلای گەنجانی فەرەنسا  بەگەورەترین دوژمنی خۆیانیان دەزانی . شۆرشی خوێندکارانی فەرەنسا ، توانی هەموو گەنجانی ئوروپاو جیهان ، دژی دەسەڵاتی نەوەی کۆن  هان بدات و، دژی هەموو کولتوورێکی پێش خۆیان بوەستنەوە. بە دڵنییایەوە تێزەکانی ماوتسیتوونگ لەبارەی شۆرشی کولتوورییەوە ، یەکێک بوو لە ئینجیلەکانی ئەم نەوەیە. رووخانی قەڵای باستیلی کولتووریی کۆن ، بووە مەیدانی شەڕوپێکدادانی نەوەی نوێ دژ بە نەوەی کۆن . شۆرشی 68 توانی ، لەڕووی کولتوورییەوە ژنان بە تەواوەتی لەژێر چەپۆکی پیاوان رزگار بکات . لەڕووی سێکسییشەوە ، توانرا گەورەترین هەنگاوبنرێت و چیتر سێکس نەبەسترێتەوە بە شەرەف و نەریتی کۆمەڵگاوە. هەروەها لە ڕووی پەروەردەییشەوە ، ئەم شۆرشە توانی چیتر ئەو سیستەمە عەسکەرتارییە کۆنەی  پەروەردەی منداڵان  نەمێنێت و، سیستەمێکی ئازاد و لیبڕال جێگای بگرێتەوە.  بەدڵنیایەوە خوێندکارانی 68 ، توانییان گەورەترین شۆرشی کولتووری لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تۆماربکەن ، کەهەتاوەکو ئەمرۆش بە هەزاران کتێب و لێکۆڵینەوەی جۆراوجۆر لەمبارەیەوە کراوە.

 

گەنج  وگلۆبالیزم /

لەپاش رووخانی بلۆکی رۆژهەڵات و یەکێتی سۆڤێت ، خۆری مەسەلە سیاسیەکان بەرەو ئاوابوون چوو. چیتر سیاسەت نەبووە کرۆکی بیرکردنەوەی گەنجانی جیهان . بەڵکە زیاتر خەونی خۆشگوزەرانی بووە  هەمی گەنجان.  بەڵکە لەم قۆناغەدا کەبە سەردەمی گلۆبالیزم دەناسرێت ، جارێکی تر گەنج سیما و پۆشاکی نوێیان بۆ خۆیان دووری. کە دەتوانم بڵێم ، دیارترین خاڵی ئەم قۆناغەش ئەوەبوو، کە چیتر سیاسەت ئەو گرینگیەی جارانی لای گەنجان نەما ، بەتایبەتی لە ئوروپا و ئەمریکادا.

 

کۆچ /

لە ئاسیا وئەفریکاو ئەمریکای ، خەونی گەنجان بووە  گەیشتن بە بەبەهشتی ئوروپا و ئەمریکا . کۆچ پانتاییەکی گەورەی لە ناو مێشکی هەموو گەنجان داگیرکردە.  لە کوردستانیش بەهەمان شێوە ، گەیشتن بە ئوروپا گەورەترین خەون و ئامانجی گەنجی کورد بوو. دەتوانین بڵێین کۆچ ، دیارترین سیما و ناسنامەی گەنجان بوو لە ساڵانی نەوەتدا. بگرە هەتاوەکو ئەمرۆش گەنجانی کیشوەرە هەژارەکان ، تاکە خەونییان ئەوەیە بگەنە رۆژئاوا. دیارە ئەمەش زیاتر بەهۆی ئەو بێ هیوایەی کە تووشی گەنجان بووە ، کەلە هەموو ڕوویەکەوە هەست بە نائومێدی دەکەن . ئەوان نائومێدن لە سیاسەت ، لە ئابووریی وڵات ، لە هەمووشی خراپتر چیتر گەنجان باوەڕیان بە شۆرش نەماوە، چونکە زۆر شۆرش کراو، خەڵكی تر خواردی. لەلایەکی تریشەوە  هەستی تاککەرایی و خۆپەرستی زۆر بەسەر گەنجاندا زاڵ بووە، چیتر وەکو جاران باوەڕییان بە کاری کۆمەڵ نەماوە، هەرکەسەو هەوڵ دەدات ،خۆی کێشەکەی چارەسەربکات ، چونکە وادەزانێت کە کەسی تر ناتوانێت کێشەکەی بۆ چارەسەر بکات. لەبەرئەوە تاکە رێگا هەڵهاتن لە کێشەکان و گەڕان بە دوای چارەسەرێکی تایبەتییدا، کەئەویش خۆ گەیاندنە ئوروپا و ئەمریکایە. چونکە ئەوان لەو باوەرەدان کە تەنها لێرە ژیانێکی ئازاد و خۆشگوزەران و بژێوییەکی باشت دەبێت. 

 

گەنجی فەیسبووک /

هەمووکاتێک تەکنەلۆژیا رۆڵێکی بەرچاوی گێڕاوە لە گۆڕانکارییە سیاسی و ئابووریی و کولتوورییەکاندا. ئینتەرنێت و شۆرشی ئەلکترۆنی و داهێنانی تۆرەکۆمەڵایەتییەکان ( فەیسبووک ، تویتەر) ، لەم چەند ساڵەی دوایشدا ، رۆڵێکی ئێچگار مەزنیان لە گۆڕانکارییە گەورەکان هەبووە، بەتایبەتی لە بەهاری عەرەبیدا.  هیچ وەختێک هێندەی ئەمڕۆ، تەکنەلۆژیا نەیتوانییەوە کاریگەری بەسەر گەنجانەوە هەبێت. ئەمڕۆ تەکنەلۆژیا پانتاییەکی گەورەی  لە مێشکی  گەنجان داگیرکردووە.  گەنج هێندەی هۆگری تەلەڤوونی دەستی و کۆمپیوتەرە ، هێندە شتی تری بەلاوە گرینگ نییە، تەنانەت وای لێهاتووە ئەم دووانە لە خواردن و خواردنەوەش گرینگ تربن.  ئەمڕۆ تەکنەلۆژیا بۆتە زەریاییەکی گەورە ، کە بەشێکی زۆری گەنجان خۆیان تێفرێداوە. بەشی هەرەزۆریشیان نازان چۆن لەناو ئەم زەریا گەورەیەدا مەلەبکەن ، هەربۆیە تووشی کۆمەڵێک کێشەی کۆمەڵایەتی و دەروونی و ئابووری دەبن.

 

کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی شۆرشی تەکنەلۆژی بەسەر گەنجانەوە./ 

تەکنەلۆژیا وەکو هەموو شتێکی تر ، لایەنی پۆزەتیڤی و نێگەتیڤی هەیە. بە واتایەکی تر ئاو دەکاتە کێڵگەیەکەوەو سەوزی دەکات ، بەڵام لەلایەکی تریشەوە ماددەی ژەهراویش لەگەڵ ئاوەکە دەهێنێت بۆ ناوکێڵگەکە. گەر فلتەرێک نەبێت ، ئەوا هەموو شتە جوانەکان سەوز نابن و سیس دەبن. شۆرشی ئەلکترۆنی توانی هەموو سنورە جوگرافیی و سیاسی و کولتووریەکان برووخێنێت و جیهان بکاتە گوندێکی چکۆلانە. لێ ئەم تێکەڵاوییەش زۆرجار دەبێتە هۆی کۆبوونەوەیەکی ناخۆش و دەبێتە هۆی بۆگەن بوون. 

ئەمڕۆ گەنجان بە شێوەیەکی ئێجگار  ترسناک ئالوودەی تەکنەلۆژیا بوون ، کەئەمەش چەند کاریگەرییەکی خراپی هەیە :

 

نەمانی ئینتیما/

بە بڕوای من یەکێک لە گەورەترین کێشەی گەورەی گەنجان ئەمڕۆ ئەوەیە، کە تەکنەلۆژیا وایلێکردوون گیانی ئینتمایان تێدا لەناوبەرێت. بە مانایەکی تر ، تەکنەلۆژیا وای لە گەنجان کردووە ، کەهەموویان تەنها ئینتمایان بۆ تەکنەلۆژیا بەتایبەتی ( تەلەفون و کۆمپیووتەر و ئینتەرنێتو فەیسبووک) هەبێت. ئەمڕۆ  تەکنەلۆژیا توانی خۆی بکاتە دایکی هەموو گەنجان. بەڵام ئاخۆ مەبەستمان  لە ئینتیما چییە؟. گەر ئینتیما ئەوەبێت ، کە پەیوەندییەکی رۆحی و بەتین لەنێوان تاکەکاندا دروستبکات، ئەوا بە دڵنییایەوە ئەمڕۆ گەنجان هێندەی وابەستەی کۆمپیوتەر و ئینتەرنێتن، هێندەی وابەستەی خێزان ونەتەوەو ئایین و پارتە سیاسیەکان نین. کێشەی گەورەش لەوەدایە ، کەئەمڕۆ گەنجان هیچ خەونێک یان ئامانجێکیان نەماوە، بەڵکە تەنها ئەوان لەگەڵ ئامێرێکدا خەون و ئامانجەکانیان باس دەکەن. ئەمڕۆ هێندەی گەنجان کاتییان لەگەڵ ئامێرەکانی کۆمپیوتەر و تەلەفوندا دەبەنە سەر ، نیوەهێندە لەگەڵ کەسە نزیکەکانیان یان هاورێکانیان نابەنە سەر . کەئەمەش وایکردووە گەنجان تووشی حالەتێکی دەروونی خراپ و گۆشەگیری بکات .

 

گۆشەگیریی و ناکۆمەڵایەتیی بوون /

ئەمڕۆ بەشێکی زۆری خێزانەکان کێشەی ئەوەیان هەیە، کە منداڵەکانیان بەشێوەیەکی ترسناک ئالوودەی کۆمپیوتەر بوون. وایلێهاتووە گەنجێک رۆژانە چەندین سەعات ، لەبەردەم کۆمپیوتەرەکەیدا دادەنیشێت و تاقەتی نییە چەند ساتێک لەگەڵ خێزانەکەیدا دابنیشێت. بەشێکی زۆری گەنجان تەنانەت تاقەتی ئەوەشیان نەماوە بچنە دەرەوەو سەردانی برادەرە نزیکەکانیان بکەن. یان کاتێک کە میوانێک دەچێت بۆ ماڵێک ، دەبینیت تەنها گەورەکان و پیرەکان پێشوازی میوانەکان دەکەن و قسەوباس پێکەوە دەکەن. گەنجەکان لە ژوورێکی تایبەتی خۆیاندا دانیشتوون خەریکی فەیسبووکن.  دیارە هەموو کاتێک مرۆڤ ، کائینێکی کۆمەڵایەتیی بووە. ڕاستە فەیسبووک تۆرێکی پەیوەندی فراوانی ئەلکترۆنییە، لێ هیچ وەختێک ئەم تۆرانە ناتوانن جێگای پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە نزیکەکان بگرنەوە. 

نەخوێندەواری مۆدێرن /

خاڵێکی تر کە بۆتە ترسێکی گەورە بۆ سەر ژیانی گەنجان ، ئەویش وازهێنن لە خوێندنەوەی کتێب و پشتکردن لەهەموو جۆرە نووسراوێک . ئەمەش  بۆتە جێگای مشتومڕی زۆربەی بیرمەندانی جیهان، کە ئەوان پێیان وایە جیهان بەرەو پرۆسەیەکی دەبەنگبوونی کۆمەڵگا هەنگاو دەنێت. ئەمڕۆ گەنجان تاکە سەرچاوە مەعریفیان، تەنها وتەنها کۆمپیوتەرە. زۆرجاریش ئینتەرنێت رۆڵی گازینۆکانی قوومارکردن دەبینێت، گەنجان ئالوودەی یارییەک یان چەنەحانێیەکی بێ تامی  رۆژانە دەکات.  ئەمرۆ زۆرکەم لەگەنجان بەدوای خوێندنەوەی کتێبەوەن . دیارە کتێب تەنها وەکو سەرچاوەیەکی مەعریفی گرینگ رۆڵی نییە،، بەڵکە لەڕووی گەشەی مێشک و کەسایەتیشەوە رۆڵی گرینگی هەیە. خوێندنەوە جۆرە وەرزشێکی رۆحییە کە هەموو مێشکێک پێویستییەتی . لێ ئەمڕۆ ئینتەرنێت وای لەگەنجان کردووە ، کەبەهیچ شێوەیەک کاتی خۆیان بۆ خوێندنەوەی کتێب دانەنێن. کەئەمەش ترسێکی گەورەیە بۆ نەوەی نوێمان. 

 

پێش کۆتایی/

دیارە ئەم بابەتە قسەوباس و لێکۆڵینەوەی زۆری دەوێت ، گەنجان لە قۆناغی گلۆبالیزم دا، تەواو لە قۆناغەکانی تر جیاوازن. ڕاستە گەنج لەم سەردەمەدا ، کۆمەڵێک دەرگای نوێی بۆکراوەتەوە، بەڵام لەهەمانکاتیشدا زۆرجار ئەم دەرگایان بەرەو دۆزەخێکی ترسناکیان دەبەن ، کەلەوانبێت قۆناغی زێرینی تەمەنیان لەدەستبددەن . لێ من زۆر دڵم بە گەنجان خۆشەو، دەزانم ئەو ووزە گەورەیەی کەلەناو لەشیاندا هەیە، دەتوانێت گەر بەباشی بەکاربهێنرێت ، نەک زاڵ بن بەسەر کێشەکانیان ، بەڵکە دەشتوانن جیهانێکی نوێ بۆ خۆیان و گەلەکەیان بخووڵقێنن. لەلایەکی تریشەوە ڕاستە تەکنەلۆژیا کاریگەری نێگەتیڤی زۆری بۆ سەر گەنجان هەیە، بەڵام نابێت ئەوەشمان لەبیربچێت ، ئەوە فەیسبووک بوو کە گەنجانی گێتی عەرەبی کۆکردەوەو توانیان مەزنترین شۆرش لە مێژووی گەلانی عەرەبیدا تۆماربکەن . هەروەها توانیان کۆتایی بە پاییزی تەمەنی دیکتاتۆرە خوێناوییەکانی عەرەب بهێنن و مژدەی بەهارێکی جوان بە گەلانی جیهان بددەن. هەرچەندە لەم بەهارەشدا دڕکی زۆری لەگەڵ خۆی سەوز کرد، بەڵام بوونی گوڵێکی بۆنخۆش و جوانی گەنجان ، دەتوانێت لەناو هەزاران دڕکی ناشرین و دزێودا دیاربێت. 

هیوادارم گەنجان سوود لە تەکنەلۆژیای نوێ وەربگرن بۆ سوودی خۆیان و کۆمەڵگاکەیان ، بەڵام زۆرئاگاداریی بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیا نوێیە بن ، چونکە ئەمە وەکو ئاگرێک وایە ، گەر نەزانیت بەکاریبهێنیت ، ئەوا لەجیاتی ئەوەی خۆتی پێگەرم بکەیتەوە ، ئەوا خۆتی پێدەسووتێنیت . 

 

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

 

 

 

 

 

 

 

Previous
Next

Leave a Reply