Skip to Content

Friday, December 4th, 2020

یاده‌وه‌ری شوێن ….. گۆران عه‌لی كه‌ریم

Be First!
by October 27, 2011 گشتی

هیچ شتێك هێنده‌ی شوێن ناتوانێ‌ یاده‌وه‌ریمان داگیربكات. ئه‌وه‌ی كه‌ واقعیش ده‌كاته‌ یاده‌وه‌ری خودی شوێن خۆیه‌تی. چونكه‌ مرۆڤ هه‌میشه‌ به‌ركه‌وته‌ی له‌كه‌ڵ شویندا هه‌یه‌. وه‌ له‌رێگه‌ی شوێنه‌وه‌ ده‌توانێ‌ بونیادی كاركردنی خۆی پێك بهێنێ‌ ده‌توانێ‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دونیای ده‌ورو به‌ریدا بكات. ئه‌وه‌ شوێنه‌ ده‌توانێ‌ پرمان بكات له‌ بیره‌وه‌ری و دواتر حكایه‌ته‌كانمان به‌جۆررێكیتر بگێرینه‌وه‌. ده‌مه‌ێت له‌م بابه‌ته‌مدا باسی میعمار بكه‌م له‌ كوچه‌و كۆڵانه‌كانی شاری سلێمانیدا ئه‌و میعمارانه‌ی كه‌ پێكه‌وه‌ به‌شێك له‌ یاده‌وه‌ری ئه‌م شاره‌یان پێك هێناوه‌. زۆر به‌ ئاشكرای له‌ده‌قه‌ شیعریه‌كانی به‌شێك له‌ شاعیراندا ئه‌مه‌ ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌. بێگومان هونه‌رمه‌ندانیش زۆر كاریان له‌سه‌ر میعماری ئه‌م شاره‌ كردوه‌ كه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان به‌پێی ستایلی كاركردنی خۆی گوزارشتی له‌و میعمارانه‌ كردوه‌ كه‌بۆته‌ به‌شێك له‌ یاده‌وه‌رییان. بۆنمونه‌ له‌ به‌شێك له‌ تابلۆكانی هونه‌رمه‌ند (سه‌روه‌ت سه‌وز) دا خانوه‌ قورین و به‌ردینه‌كانی سلێمانی ده‌بینین .وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ هونه‌رمه‌ند ده‌ست به‌سه‌ر دیوارێكی سابونكه‌راندا یاخود دیوارێكی شێخاندا بخشێنێ‌. ئه‌و تابلۆیانه‌ی (سه‌روه‌ت سه‌وز) به‌ته‌نیا دروستكردنه‌وه‌ی دیوارێك نییه‌ به‌ڵكو ده‌رخستنی رۆحی شارێكه‌ كه‌ له‌ پشت دیواره‌كانه‌وه‌ به‌نهێنی ده‌ژی. لای سه‌روه‌ت میعمار ته‌نیا فۆرمی میعماری نیه‌ به‌ڵكو هه‌ڵگری ئه‌و مرۆڤانه‌یه‌ كه‌بونه‌ته‌ یاده‌وه‌ری شارێك. ده‌مه‌وێت نمونه‌یه‌كی تر بهێنمه‌وه‌ له‌سه‌ یه‌ك دوو كاری هونه‌رمه‌ند (سامان كه‌ریم) كه‌ ئه‌ویش له‌ناو هه‌ندێك كاریدا زۆر به‌قوڵی كاری كردوه‌ له‌سه‌ر میعمارو  یاده‌وه‌ری مرۆڤی كورد. هه‌رچه‌نده‌  ستایلی كاركردنی هه‌ردوكیان جیاوازه‌ به‌ڵام له‌و خاڵه‌دا یه‌ك ده‌گرنه‌وه‌ كه‌ ئیش له‌سه‌ر ئه‌م یاده‌وه‌رییه‌ی مرۆڤی كورد ده‌كه‌ن . سامان كه‌ریم له‌ هه‌ندێك له‌ تابلۆكانیدا كاری له‌سه‌ر ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌و هه‌ندێك زاویه‌ی میعمار كردوه‌ له‌ كوردستاندا كه‌ ئه‌مانه‌ش گوزارشت كردنه‌ له‌ ژیانی مرۆڤی كورد چونكه‌ هه‌ریه‌كێك له‌ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌ گوزارشت كردنه‌ له‌ به‌رده‌وامی ژیان. بێگومان ده‌شكرێ‌ بڵێم كه‌ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی تریش هه‌ن كه‌ به‌ تابلۆكانیان گوزارشتیان له‌ میعمارو كوچه‌و كوڵانه‌كانی سلێمانی كردوه‌ به‌ڵام ته‌ركیز كردنی من له‌سه‌ر ئه‌م دوو هونه‌رمه‌نده‌ كاركردنیانه‌ به‌شێوازی تازه‌گه‌ری. چونكه‌ به‌ده‌ر له‌م دوو هونه‌رمه‌نده‌ چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی تریش هه‌ن كه‌ له‌رێگه‌ی تابلۆكانیانه‌وه‌ گوزارشتیان له‌ میعمار كردووه‌ له‌ كوردستاندا. هه‌ندێكیشیان تا ئه‌و ئاسته‌ی كه‌ گوزارشته‌كانیان شێوازێكی راسته‌وخۆی پێوه‌ دیاربوه‌ .بۆ نمونه‌ هه‌ندێك تابلۆكانی هونه‌رمه‌ند (ئاكو غه‌ریب). ئه‌وی كه‌ هه‌وڵ َده‌دات میعمار و كوچه‌و كوڵانه‌كان بپاریزێت ده‌بێت شاره‌وانی بێت هه‌ڵبه‌ته‌ مه‌به‌ستم له‌و میعمارو كوچه‌و كۆڵانانه‌یه‌ كه‌ یاده‌وه‌ری شاری سلێمانیان پێك هێناوه‌. به‌شێكی زۆری یاده‌وه‌ری شار په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌شوێنه‌وه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌م شاره‌دا هه‌وڵ بۆ سرینه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری ئه‌م شاره‌ ده‌درێت. هه‌رچه‌نده‌ هونه‌رمه‌ندان و شاعیران هه‌وڵیانداوه‌ وه‌ك كارێكی كلتوری پارێزگاری له‌و به‌شه‌ زیندووه‌ی یاده‌وه‌ری میلله‌تێك بكه‌ن به‌ڵام ده‌شبێت لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كه‌له‌سه‌ر ئاستی یه‌كه‌م شاره‌وانییه‌ پاریزگاری له‌م كلتوره‌ بكات. ئه‌وانه‌ به‌ته‌نها كۆمه‌ڵێك بینا نین كه‌ ده‌روخێن به‌ڵكو ئه‌وه‌ سرینه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌. ئه‌و یاده‌وه‌رییانه‌ی كه‌ خه‌ون و جێگه‌ی پیاسه‌و ژووانی عاشقه‌ نهێنیه‌كان بووه‌.

Previous
Next

Leave a Reply