Skip to Content

Thursday, November 26th, 2020

یه‌کگرتووی ئیسلامی له‌ ئاوی لیخندا ڕاوئه‌کات!

Be First!
by May 26, 2009 گشتی

یه‌کگرتووی ئیسلامی له‌ ئاوی لیخندا ڕاوئه‌کات!
حه‌مه‌ غفور

hamaxafoer@yahoo.com

له‌ نێو فه‌رهه‌نگی سیاسی بۆرژوازی کوردیدا به‌ گشتی، وه‌ له ‌نێو که‌لتووری "ئه‌زموونی دیموکراسی کوردستان"و فه‌زاو که‌شی نێو چوارچێوه‌ی سیناریۆی هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی کوردستاندا، شتی سه‌مه‌ره‌و دیارده‌ی گه‌لێک نامۆو ناکۆک‌و دژ به‌ نۆرمی ئاسایی ژیانی سیاسی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی قنچک ئه‌که‌ن‌و خه‌ریکن له‌سه‌ر سفره‌ی ناشیرینی گه‌نده‌ڵی‌و سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزبی‌و میلیشیایی ژیانی خۆیان له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای مۆدێرنی کوردستاندا درێژه‌پێئه‌ده‌ن!

یه‌کگرتووی ئیسلامی، که‌ خۆی وه‌کو حیزبێکی سیاسی ئیسلامیی، له‌نێو کۆڵێک خه‌وش‌و گوماندا، له‌ ناو ڕه‌حمی تۆپه‌ڵێک جم‌وجووڵ‌و هه‌ڵسووڕانی ناخاوێن‌و ناڕۆشن‌و ئاڵۆزدا‌، به‌دوای ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی کوردستاندا له‌ژێر په‌رده‌ی ڕێکخراوێکی خێرخوازیی ئیسلامیدا،‌ ئاواره‌یی‌و هه‌ژاری‌و بێدره‌تانی‌ خه‌ڵکی کوردستانیان قۆسته‌وه‌و‌ تان‌وپۆی یه‌کگرتووی ئیسلامیان ته‌نی‌و ئه‌م حیزبه‌یان لێ قووتکرده‌وه‌، ئێستا به‌نیازن فرسه‌ت بێنن‌و سوود له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن وه‌رگرن‌و هاوکێشه‌که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان قڵپکه‌نه‌وه‌و خۆیان به‌ شه‌فاف‌و بێگه‌ردو خاوێن وێناکه‌ن‌و گه‌ردنی خۆیان له‌ گزی‌و فزی‌و ساخته‌کاری‌و ته‌نانه‌ت دیارده‌ی گه‌نده‌ڵیش ئازادکه‌ن. ته‌ماشاکه‌ن یه‌کگرتووی ئیسلامی چۆن باسی به‌شداری خۆیان ئه‌کات له‌ هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی کوردستاندا؛ (هادی‌ عه‌لی به‌رپرسی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ به‌ ئاژانسی‌ (ئه‌سوات ئه‌لعیراق)ی‌ راگه‌یاندووه‌ “خۆمان بۆ كێبڕكێ بۆ كورسییه‌كانی‌ په‌رله‌مان ئاماده‌كردووه‌‌و ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنێكی‌ خاوێن‌و بێ‌ خه‌وش بێت ره‌نگه‌ له‌گه‌ڵ سێ‌ حیزبه‌كه‌ی‌ تردا 20 بۆ 30 كورسی‌ په‌رله‌مان به‌ده‌ستبهێنین”.)

یه‌کگرتووی ئیسلامی هه‌رچه‌ندی ئه‌یه‌وێ وێنای حیزبێکی میانه‌ڕه‌وی ئیسلامی له‌خۆیدا به‌رجه‌سته‌ بکات، بۆ ئه‌وه‌ی مۆرکێکی ئاسایی بدات له‌ ڕوخساری دڕدۆنک‌و نه‌شازی خۆی، وه‌ له‌گه‌ڵ ڕێڕه‌و و ڕیتمی ژیانی خه‌ڵکی مۆدێرنی کوردستاندا نزیکی بخاته‌وه‌-‌ ته‌نانه‌ت مه‌یلێک له‌نیو یه‌کگرتوودا هه‌یه‌ که‌ خوازیاری لابردنی ناوی ئیسلامیه‌ به‌سه‌ر ناوی حیزبه‌که‌یانه‌وه‌- به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌سڵ‌و فه‌سڵی ئیسلامی سایسی وه‌کو بزووتنه‌وه‌یه‌کی سیاسی توندڕه‌و، تۆتالیتایرو دژه‌ خه‌ڵکی‌و دژه‌ مۆدێرن‌و دژه‌ ئازادی‌و ته‌نانه‌ت دژه‌ دیموکراسیش، له‌ زه‌ین‌و فیکرو خۆهوشیاری کۆمه‌ڵگای کوردیدا، به‌رده‌وام ئاماده‌تره‌و باوه‌ڕپێکراو تره‌ له‌ هه‌ر وێنایه‌کی دیکه‌ی! ئه‌مه‌ی که‌ بڕیک ڕۆشنبیری کۆسته‌ی ناسیونالیست، یه‌کگرتووی ئیسلامیان وه‌کو حیزبێکی میانه‌ڕه‌و(به‌واتای نه‌رم‌و نیان‌و شیاو له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵی کوردی) قبووڵکردووه‌و چۆته‌ فه‌رهه‌نگی سیاسی‌و بیرکردنه‌وه‌یانه‌وه‌و زۆر جارانیش ئه‌بینین وه‌کو هێمای لێبورده‌یی‌و یه‌کتر قبوڵکردنیش ئه‌یانهێننه‌وه‌ له‌ به‌دواداچوونه‌کانیاندا‌، ناتوانرێ وه‌کو ئاماژه‌یه‌ک یان پێوه‌رێک بۆ جێگاگرتنی ئه‌م حیزبه‌ ئیسلامیانه‌ی سه‌ر ساحه‌ی کوردستان له‌ تێڕوانین‌و خۆهوشیاری خه‌ڵکی کوردستاندا لێکبدرێته‌وه‌!

یه‌کگرتووی ئیسلامی‌و هاوشێوه‌کانی دیکه‌شی، ئه‌بێ ڕۆژی سه‌د جار له‌به‌رده‌م قاپی فه‌رمانڕه‌وایی پارتی‌و یه‌کێتی‌و ئه‌زموونه‌که‌یاندا کۆرنووش به‌رن‌و ده‌سته‌وئه‌ژنۆ دانیشن‌و سوپاسگوزارو ده‌سه‌ودامێنی لوتفی جوولانه‌وه‌ی کوردایه‌تی بکه‌ن که‌ به‌هۆی خزمایه‌تیان له‌گه‌ڵ کۆنه‌په‌رستی ئیسلامی‌و که‌لتوورو نه‌ریتی دواکه‌وتووانه‌دا که‌ گه‌لێک گه‌رم‌و گوڕو به‌هێزه‌، وا ڕێگاکراوه‌یه‌و بوار ڕه‌خساوه‌ بۆ ڕه‌وت‌و جه‌ره‌یانی تیرۆریستی چه‌شنی یه‌کگرتووی ئیسلامی خۆیان بخزێننه‌ نێو ژیانی ئاسایی کۆمه‌ڵی کوردستانه‌وه‌، نه‌ک قاچی زۆرتر لێ ڕاکێشن‌و بێن‌و خۆیان به‌ فریشته‌ی دیموکراسی‌و نه‌زاهه‌و شه‌فایه‌ت له‌قه‌ڵه‌مبده‌ن!

سیمای گشتی‌ ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی‌ خه‌ڵکی کوردستان، ڕێره‌و و ئاراسته‌و که‌ناڵه‌ جۆراوجۆره‌کانی چاوه‌ڕووانیه‌کانی جه‌ماوه‌ری فراوانی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌، ژیانی شارنشینییان، خوێنده‌واری‌و نرخ‌و به‌های زانست‌و زانیاری‌و پێشکه‌وتن له‌ فیکرو تێڕوانینیاندا، نۆرمی سه‌رحاڵی‌و شادی‌و نیگه‌رانیان، به‌ ته‌واوی جیاوازه‌ له‌گه‌ل وێنای تێڕوانینی ئیسلامیانه‌ بۆ ژیان‌و زه‌مینه‌و ڕیشه‌ مرۆییه‌کانی کۆمه‌ڵی مرۆڤایه‌تی‌و ڕه‌وتی به‌ره‌وپێشچوون! ئیسلامی سیاسی‌و ڕه‌وته‌کانی، به‌وێنه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ناسیونال-عه‌شیره‌یی کوردی‌و حیزبه‌کانی، له‌ زه‌ین‌و هوشیاری خه‌ڵکی کوردستاندا سه‌رچاوه‌ی خه‌وش‌و ناخاوێنی‌و گومانن. چاوه‌ڕووانیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان، له‌ پێشیانه‌وه‌ ئازادیخوازان‌و ڕووناکبیرانی ئازاده‌و سه‌ربه‌خۆو شۆڕشگێر، له‌ڕێی ئه‌م بزووتنه‌وانه‌وه‌ نایه‌ته‌دی، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ڕێگای سه‌رفرازی‌و به‌دیهاتنیان له‌به‌رامبه‌ر کۆنه‌په‌رستی قه‌ومی‌و ئیسلامیدایه‌!
25/5/2009

 

 

Previous
Next

Leave a Reply