Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
ئێران و شۆرش لە جیهانی عەرەبیدا

ئێران و شۆرش لە جیهانی عەرەبیدا

Closed


 

بۆچی میسریەکان توانییان رژێمەکەییان برووخێنن ، بەڵام لە ئێران هەر لە سەرەتاوە ناڕەزاییەکان سەرنەکەوتن ؟
ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە  سەر شانۆی سیاسی کشایە دواوە. دوو شەممەی پێشوو ، هەرچەندە خۆپیشاندان قەدەغەکرابوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەزاران کەس لە تاران و شارەکانی تر ڕژانە ناو شەقامەکان و دەستیان بە خۆپیشاندان کرد . لێ ژمارەی خۆپیشاندەران لەچاو خۆپیشاندەرانی قاهیرەدا  کەمتر دیارە. لێ نابێت ئەوەشمان لەبیربچێت ، لە ئێران هەرکەسێک بڕیار بدات بەشداری خۆپیشاندان بکات ، دەبێت کاتێک هاتە دەرەوە خوداحافیزی لە ماڵ و خێزانی خۆی بکات ، چونکە هیچ دیارنییه ئایا جارێکی تر دەگەڕێتەوە ماڵەوە یان نەء ؟ چونکە هەر کەسێک بەشداری خۆپیشاندان بکات چارەنووسی دیارنییه ، یان بێ سەرووشوێن دەکرێت ، یان دەخرێتە زیندان و ئەشکەنجە دەدرێت.
لێ ئەم هەلوومەرجە نوێیه دەتوانێت باشترین خزمەتی ( بزاڤی سەوز) بدات ، کە پێش 20 مانگ لەمەوپێش دەستیپێکرد. ئەم هەلوومەرجە دەتوانێت  وەکوو فریادرەسێک بێت بۆ ئەو بزاڤە. ئەو هەستی ترس ، توندوتیژی و گیران و دێوەزمەی دەسەڵات، دەتوانێت لەناو مێشکی خەڵکیدا نەهێڵێت. ئەمڕۆ خەڵکی جارێکی تر دەتوانن خەون بە  هەوایەکی باشی ئازادی  ببینن.
( وڵاتی میسر ئازادبوو) ئا بەم شێوەیە ووتەبێژی حکومەتی ئێران ، خۆشی خۆیان ڕاگەیاند، کاتێک هەواڵی وازهێنانی موبارەک و رووخانی رژێمەکەی بڵاوبوویەوە. دیارە ئێران رژێمی موبارەک بە دوژمنی خۆی دادەنا ، چونکە یەکێک بوو لە دۆستەکانی رۆئاوا. ئێران دژی میتۆدی رژێمی موبارەک نەبوون ، بەڵکە دژی دۆستایەتی موبارەک و  رۆئاوابوو. بەڵام لەهەمان کاتیشدا کۆماری ئیسلامی ئێرانی ، لە میدیاکانی خۆیدا بەتایبەت تیڤیەکانی ، هەواڵی خۆپیشاندان و پێکدادانە خوێناویەکانی شەقامی عەرەبی بڵاوناکاتەوە ، دیارە ئەوەش لەترسی خۆیان.
ئایا ئێرانیەکان خۆیان لە جیهانی عەرەبی جیادەکەنەوە؟
 بە دڵنییایەوە نەخێر. لە ئێران هەموو شتێک دەستی پێکردووە: خەڵک گیانی ڕاپەڕینی تێدایە، گەنجان زۆر تینووی ژیانی ئازادین، ئینتەرنێت رۆژ بەرۆژ ڕۆڵی زیاتر دەبێت .  ئەوەی لای میسریەکان تازە هەبوو، لەلایەن ئێرانیەکان دەمێکە بوونی هەیە :  خەباتی کۆمەڵگای مەدەنی ئێرانی ، کە لە رۆئاوا جێگای رێزو شانازی بووە. لە هاوینی 2009 کاتێک  لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییدا ساختەکرا، گەورەترین خۆپیشاندان لە تاران سازکرا، ئەمەش لە رۆئاوا وەکوو نیشانەیەکی ئاگاداری بۆ ڕووخانی  رژێمی ئێران لەقەڵەم درا .  ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی وێنەیەکی تەواو جیاوازمان پێ پیشان دەدات ، کە زۆر دوورە لەو وێنەیەی کە ئیسلام لامان هەیەتی . لە بزاڤی ناڕەزاییەکاندا ژنان رۆلی بەرچاوییان دەگێرا، گەنجی شیک ، جلوبەرگ و پۆشاکی رۆئاواییان دەپۆشی .  ئەمەش بۆ رۆئاواییەکان لە ڕووی ئەتستاکیەوە ( جمالی، جوانسازی) بە پێشبینیەکی باش دانرا  بۆ سەرکەوتنی خۆپیشاندانەکانی ئێران .
جێگای ئاماژەیە  لە ئەنجامی نارەزاییەکان و (بزاڤی سەوز) ، خەڵکانێکی زۆر بوونە قووربانی . خەڵکانێکی زۆر خرانە زیندانەوەو سزای هەتا ژیانی کۆتایی لە زیندان ، یان سزای لە سێدارەیان بەسەر خەڵکانێکی تردا سەپاند. خەڵکانێکی زۆریش بە ناچاری ڕێگای دەرەوەیان گرتە بەر و هەموو شتێکی خۆیان بەجێهێشت. دیارە ئابەم شێوەیەی ئێران ، لە مەیدانی ئازادی قاهیرەدا( ساحة تحریر)  ، خۆپیشاندەران تووشی سزای  لەوجۆرە نەبوون .  بەڵام لێرەدا ڕووبەروی پرسیارێکی گەورەو گرنگ دەبینەوە، ئەویش ئەوەیە  بۆچی کاتێک  بە ملیۆنەها کەس لە هاوینی ساڵی 2009 دا، خۆپیشاندانیان دژی ئەحمەدی نەژاد کردو، ئامانجیان ئەوەبوو کە ئەحمەدی نەژاد نەبێتەوە بەسەرۆک ، بەڵام ئەم بزاڤە دیمۆکراتیه‌ی ئێرانیەکان سەری نەگرت و ئەحمەدی نەژادیش چوارساڵی تریش بوویەوە  بەسەرۆک و سیاسەتی خۆی لە ئێران و ناوچەی رۆهەڵاتی ناڤین سەپاند ؟.

لە ئێران کۆمەڵێک فاکتەری گرنگ هەن ، کەدەتوانن نائارامی گەورە بۆ رژێم دروست بکەن :
چالاکی بزاڤە تیرۆریستیەکانی کەمە نەتەوەکانی ئێران ، جەنگی  ماددە هۆشبەرەکان ( تلیاک و حەشیش و هیرۆین)، لەهەمانکاتیشدا بڵاوبوونەوەو بازرگانیکردن بەو ماددە هۆشبەرانەوە، بێکاریەکی زۆر، هەڵئاوسانی  دارایی. لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتەکەی ئەحمەدی نەژاد ، توانی سیاسەتی پاشەکەوتکردن بسەپێنێت ، کە بوو بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی شتوومەکەکان . بەڵام ئەحمەدی نەژاد توانیشی بمێنێتەوە.  لەکاتێکدا کە خەڵکی لە سیاسەتی حکومەت هێندە ناڕازیی و تووڕەبن ، بەڵام بۆچی  ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی  سوود لەم  بارە کۆمەڵایەتی و سیاسیەی ئێران وەرناگرێت؟ .
دیارە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەش ، سێ فاکتەری گەورە ڕۆڵیان هەیە .

1.    ڕۆڵی ئایین /
لەناو خۆپیشاندەرانی مەیدانی تەحریری  قاهیرەدا ، هەزاران کەس سەفی نوێژیان دەبەست و نوێژیان دەکرد ، ئەم وێنەیە لە خۆپیشاندانەکانی تاران بوونی نەبوو . لە ئێران ئایین لە ڕێگای دەزگاکانی دەوڵەتەوە ، زۆر بە قووڵی چۆتە ناو کۆمەڵگاوە. تەنانەت چۆتە ناو ژیانی تایبەتی هەموو تاکێکی کۆمەڵگاشەوە. لەکاتی ڕووخانی رژێمی شادا ، خەڵکی ( الله الکبر) گەورەترین دورشمی خۆپیشاندانەکانی ئەو سەردەمە بوو. ئەمڕۆ ئۆپۆزسیۆنیش هەمان چەک دەتوانێت بەکاربهێنێت . بەڵام ئایا سەرکەوتوو دەبێت ؟
ئێرانیەکی موسڵمان لە کاتی شۆرشی ساڵانی 1978 و 1979 لەرێگای بوونی باوەڕێکی ئایینیەوە خۆی دەپاراست . هەر هەمان ئەو باوەڕەش بوو ، کە هانی مووسڵمانێکی میسریدا کە  ساڵی 2011  شۆرش لە دژی رژێمی موبارەک بکات و بیروخێنێت. ئەو باوەڕەش بوو کە : خودا و ئیسلام پشتی خۆپیشاندەرانن و بەهانایانەوە دێت .  بیری ئایینی بوو بە ووزەی گەورەی شۆرش .  ئەم ووزە شۆرشگێریەش ( واتە ووزەی ئایینی) مانای ئەوە نابەخشێت ، کەئەم ڕاپەڕینە جەماوەریە ، بزاڤێکی ئیسلامی توندڕەوانە لە خۆ دەگرێت، یان دەوڵەتێکی ئیسلامی دروست دەکات ، بەڵکە ئەمە زیاتر پەیوەستە بە باری رۆحی کەسەکانەوە. 
لە کاتی خۆپیشاندانەکانی میسردا ، خەڵکی لە مزگەوتەکانەوە دەرژانە ناو خۆپیشاندان و مەیدانی تەحریرەوە. هەموویان کاتێک پێش ئەوەی بچنە مەیدانی تەحریرەوە ، قوورئانێکیان لە دەست دا بوو.  واتە قوورئان و مزگەوت ڕۆڵی سەرەکیان لەم راپەرینەدا بینی . لێ لە تونس دیمەنەکە جۆرێکی تر بوو، دیارە ئەوەش بە حوکمی ئەوەی کە شۆرشەکەی تونس ، قاڵبێکی  مەدەنی بەخۆوە گرتبوو، کە زیاتر خەڵکانی چینی ناوەراست سەرکردایەتییان دەکرد . بەڵام ئەمە مانای ئەوە نابەخشێت ، کە تونسیەکان بێ باوەڕن و  باوەڕیان بە رۆلی ئیسلام نییه .
لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا ، پەیوەندی خەڵکی لەگەڵ ئایین زۆر ئالۆزکراوە. ئەوان دەبێت ئیسلام بوونی خۆیان لەبەرامبەر دەزگاکانی دەوڵەتدا ڕابگەیەنن. خاتوو شیرین عەبادی ، کە پارێزەر و چالاکوانی بواری ماڤی مرۆڤە ( هەڵگری  خەڵاتی نۆبڵیشە بۆ ئاشتی ،،،،وەرگێر)  دەڵێت :
( ڕووخاندنی سیستەمێک ، کە خۆی بە دەوڵەتێکی ئایینی دەزانێت ،  زۆر زەحمەتە . پێوستی بە خۆ ئامادەکردنی شەخسی زۆر دەبێت ، بۆ ئەوەی دژی  دەسەڵاتدارانی ئایینی لە سەر زەوی خەبات بکەیت . )
بۆ خەڵکی ئێران زۆر زەحمەتە خەبات دژی رژێمێک بکەیت، کە ئایینی کردۆتە  شەرعیەتی رەسمی حکومەتەکەی . هەرلەبەرئەوە لەو شوێنانەی کە ئیسلامی سیاسی تێدا بەهێزە، کاری سیاسی بۆ ئۆپۆزسیۆنەکان زەحمەتە. لە جەزائیر  ئیسلامیەکان بە تیرۆر خەڵکی دەترسێنن ، لە ئێرانیش بەهۆی دەوڵەت و دەزگاکانیەوە خۆیان سەپاندووە.

2.    بەشداربوونی ژمارەیەکی زۆری جەماوەر/
بزاڤی سەوز لە ئێران ، بەپلەی یەکەم کاری سیاسی خۆی لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە دەکات ، وەبەم شێوەیەش بەردەوامی بە ژیانی خۆی دەدات .  لێ هەڵمەتی ناڕەزاییەکان و خۆپیشاندەران لە میسر ، توانییان بگەنە بۆچوونی سیاسی تایبەت بە خۆیان : ئەویش ئەوەیە ئەم بۆچوونە سیاسیانە تەنها لە ڕێگای بەشداربوونی جەماوەرێکی زۆری خەڵکیەوە دەتوانرێت پراکتیزەبکرێت  و رژێمەکان بگۆرێن . بە واتایەکی تر گۆڕانکاری کاتێک دروست دەبێت ، کە بەشێکی زۆری کۆمەڵگا تێیدا بەشداربێت .  بۆ ماوەیەکی زۆر  لە میسر گرووپەکانی ماڤی مرۆڤ  و گرووپە سۆسیالیست و کرێکاریەکان  لە دوو بواری دژ و جیاواز لەیەکتری کاریان دەکرد .  چینی ناوەراستی میسری زیاتر خۆیان لە ناو گرووپەکانی ماڤی مرۆڤ دەبینیەوە. لێ کرێکاران و جووتیاران ، زیاتر خۆیان لەناو گرووپە سۆسیالیست و سەندیکا کرێکاریەکان دەبینیەوە. ئەمان خەباتییان دژی ئەو ناعەدالیەتە بوو کە سیستەمی نیولیبرالیزم و بازاری ئازاد دروستی کردبوو. بەڵام گرووپەکانی ماڤی مرۆڤ زیاتر کاریان دەکرد ، کە سیستەمێکی  لیبڕال و ئازاد دروست بکەن . لێ هەردوو گرووپی فایسبووک ، کە خەڵکیان مۆبۆلیزەدەکردو هانی خۆپیشاندانی خەڵکیان دەدا لە دژی رژێمی موبارەک، ناوی خۆیان نابوو ( گرووپی 6 ئەپریل) . لەم رۆژەدا لە ساڵی 2008 لە شاری مەحەلە  کرێکارانی ڕستن و چنین ، گەورەترین خۆپیشاندانیان سازکرد.
جێگای ئاماژەیە لەم خۆپیشاندانەی دواییشدا ، شاری مەحەلە ڕۆڵی سەرەکی گێرا. پاشان سەندیکای کرێکاران لە شاری سوێس داوای مانگرتنی سەرتاسەری کرێکارانیان کرد. هەموو هێڵی ئاسنینی میسر لە کار کەوت. گەر هەموو ئەمانە نەبوونایە، بە دڵنیاییەوە ڕژێمی موبارەک نەدەرووخا. هەموو ئەم گرووپانە پێکەوە توانییان ئامانجێکی هاوبەش پێک بهێنن و خەباتی بۆ بکەن ، بێ ئەوەی ململانێی لەسەر سەرکردایەتی یان کەسێک بکەنە سەرۆکی خۆیان . بە واتایەکی تر زیاتر ئامانج کاری هاوبەش بوو . ئەویش ڕووخاندنی ڕژێمی موبارەک بوو.
دیارە لە ئێرانیش کرێکاران  خەباتی خۆیان دەکەن . ژمارەیەکی زۆری مانگرتنی کرێکارانی ناو کارگەکانی ئێران هەیە ، مانگرتن و خەباتی ڕۆژانە  بۆ باشکردنی مووچەی مانگانە، شەروپێکدادان لەگەل هێزەکانی پۆلیس و سووپای ئێرانی ڕوویداوە . هەمووئەمانە لە ئێران هەیە . جگە لەوەش چەندین سەندیکای کرێکاری سەربەخۆش بەشێوەیەکی نهێنی دروستبوون، کە کار بۆ بەرگریکردن لە ماڤی کرێکارن دەکەن .
( نیگەرانیەکانی ئێوە ، نیگەرانی ئێمەشە) ئابەم شێوەیە میر حوسێن موسەوی هاوخەباتی خۆی بۆ کرێکاران دووپاتکردەوە. بەهەموو شێوەیەک ئۆپۆزسیۆن هەوڵ دەدات ، هەموو چالاکیەکانی بواری کرێکاران و خەبات  بۆ عەدالەتی کۆمەڵایەتی ، بۆ لای خۆ رابکێشێت  و بیانخاتە ناو بزاڤەکەیەوە، لێ لەم هەوڵەیاندا سەرکەوتوو نابن.  مووسەوی کە پێشتر خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید کرد و پێشتریش سەرۆک وەزایرانی ئێران بوو، ئەو دەیەوێت بە شێوەیەکی هێمنانە و لەسەرەخۆ لە سیستەمی ئێرانیدا ریفۆرم بکاتن .  ( بمرێ دیکتاتۆری ) ئابەم شێوەیە موسەوی هاوار دەکات ، دیارە لێرەدا مەبەستی ( عەلی خامەنەئی) باڵا دەسترین کەسی کۆماری ئیسلامیە. بەم شێوەیەش بەرەو شەخسیکردنی سیستەمەکە هەنگاو دەنێنن. ئێرانیەکان هیچیان نییه لە دەستی بددەن جگە لە زنجیرەکانی دەستییان . لێ بەشێکی زۆری ئێرانیەکان بەشێوەیەکی تر بیردەکەنەوە. ئەمڕۆ  وڵاتەکەیان لە باشترین حاڵەتی سەربەخۆبوون دایە ، وە ئەم حالەتەش لەماوەی 200 ساڵی پێشوودا ئێران بە خۆیەوە نەدیوە. هەموو ئێرانیەکانیش دڵخۆشن بەم سەربەخۆبوونەی وڵاتەکەیان . بەشێکی زۆری چینی ناوەراستی ئێرانی ، ترسیان لە دەستدانی هەندێک دەستکەوتی خۆیانە، لێ ئەم ترسە لای میسریە هەژارەکان نەبوو. بەدڵنییایەوە چینی دەوڵەمەندی ئێرانیش حەز بەگۆڕان لە سیستەمی ئێرانی دەکەن ، لێ ئەوان هیچ کاتێک حەزیان بە موجازەفەکردن نییه . ئەمڕۆ ئێران خۆی لە نێوان دوو لێواردا دەبینێتەوە. لەلایەک حەزی گۆڕان و نوێبوونەوە، لە لایەکی تریشەوە ترس لە شۆرش و باری نائارامی . 

3.    بازنەی کاری سیاسی  ئێران /
لەوکاتەی کە ئەحمەدی نەژاد کۆنفرانسی رۆژنامەوانی ببەستێت ، یەکسەر رۆژنامەوانانی چینی، رووسی ، عەرەبی ، سەنتراڵ ئاسیاوەی ( تورکمانستان، کازاخستان ، ئۆزبەکستان، تاجیکستان ، ئەرمەنستان ) توورکی ئامادە دەبن . ئێران و رۆئاوا ، ئەمە  دوو وێنەی دژ بەیەکن.  موبارەک و رۆئاوا ، هەردووکیان یەکن . موبارەک زیاتر سەر بە رۆئاوا بوو. لێ ئێران و ڕۆئاوا دوو دوژمنی  یەکترین . لێرەدا ڕووبەڕوی پرسیارێکی گرنگ و هەستیار دەبینەوە، ئەویش ئەوەیە:
ئایا کەسانی چالاکوانی ماڤی مرۆڤ و دیمۆکراتخواز ، دەتوانن پشت بە حکومەتەکانی رۆئاوا ببەستن و یارمەتی وەرگرن ، یان دەبێت ئەم بزاڤانە تەنها و تەنها پشت بە خەڵکی خۆیان ببەستن ؟ .
ئەگەر بێت و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی پشتگیری و یارمەتی لە رۆئاوا وەربگرێت ، ئەوا زۆر بەئاسانی لە ناوخۆدا وەکوو تابووری پێنچەم  و پیاوی بێگانە وەسف دەکرێن . لێ لەهەمان کاتیشدا رۆئاوا دووڕوویەکی پێوە دیارە . لە کاتێکدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هیلاری کلینتۆن بە ترسەوە باسی ئۆپۆزسیۆنی  میسری دەکرد، لێ  بەهەموو شێوەیەک پشتگیری ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی دەکات ، تەنانەت سایتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ، لەسەر
 سایتی تیوتەر twittert ی خۆی  بەشێکی بەزمانی فارسی کردۆتەوە  بۆ پشتیگیرکردنی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی .
ئێمە هەتاوەکوو ئێستا زانیاریەکی تەواوەتیمان دەربارەی لایەنگران و هەوادارانی ڕژێمی ئێرانی نییه . بە دڵنیاییەوە ڕژێمی ئێرانی لەمەشدا ساختەکاری دەکات و دیارنییه چەندە ئەم حکومەتە لەلایەن خەڵکیەوە پەسەندە. لەهەمانکاتیشدا نابێت بەو قسەپووچە هەڵبخەڵەتێین ، کەلەگەڵ ڕووخانی هەردوو سەرۆکی ( تونسی و میسری) سەریهەڵدا، ئەمە بە ڕابوونی ئیسلامی دابنێین و بە لەدەستدانی رۆڵی رۆئاوا لەناوچەکە سەیر بکەین . بەڵکە بە پێچەوانەوە دەبێت ئەم شۆڕشانە و ڕووخانی ئەو دوو دیکتاتۆرە ، وورەیەکی زۆر بەهێز بە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بدات و جارێکی  تر خۆی ڕێکبخات و ئامادەبکاتەوە بۆ شۆرش .

ئێران بە هێمنی فیرعەون فڕێدەدات /
هەر کاتێک گەل بریاری ڕاپەرین و شۆرشی دا ، هەموو ڕژێمێکی ئۆتۆریتێت و دیکتاتۆر ژیانی نامێنێت و دەرووخێت. لێ لەو باوەڕەدا نیم کەئەم حاڵەتە لە ئێران ڕووبدات ، بەتایبەت لەم  رۆژانەدا ، لەکاتێکدا کەهەموو جیهانی عەرەبی خۆی لە ناو راپەرین و شۆرشێکی گەورەی جەماوەریدا دەبینێتەوە. سەرەتا بن عەلی دیکتاتۆری تونس بوو بەیەکەم قووربانی ، پاشان حوسنی موبارەک ( فیرعەونەکەی میسر) ، بوو بەدووەمین دیکتاتۆر کەلەسەر عەرشی دەسەڵات لابرا. لێ رژێمەکەی تاران ، هیچ ترسی  لەم ڕووداوانەی ئەم ناوچەیە نییه.
عەلی خامنەئیی کە بەرزترین پلەی دەسەڵاتداری وڵاتی ئێرانی هەیە ، ئەم شۆرشە عەرەبیانەی بە ( ڕابوونی ئیسلامی ) وەسف کرد. لە ڕوانگەی عەلی خامەنئیەوە ، ئەم شۆرشانە وەکوو شۆرشی ساڵی 1979 ی ئێران وەسف کرد. ئەمە پارادۆکسێکی زۆر سەیرو تەفسیرێکی سیاسی زۆر دژوارە، لە کاتێکدا رژێمی ئێرانی ، ساڵی 2009 ، بە دڕندەترین شێوە خۆپیشاندان و نارەزاییەکانی خەڵکی سەرکووت کرد، کە چی داوای ڕابوونی  ئیسلامی دەکات ، بەڵام ئەوان دژی رابوونی  گەلی ئێرانن !.
هەرچەندە ئەم تەفسیرە سیاسیەی خامنەئی  بۆ شۆرش و ڕاپەرینەکانی جیهانی عەرەبی ، لە ڕووی لۆجیکیەوە  کەمێک ڕاستن . بە دڵنییایەوە ئەو حکومەتەی کەلەپاش موبارەک دێت ، زۆرتر  ئایینیخواز و ئیسلامی دەبێت ، وەئەم حکومەتەش زۆر لە تارانەوە نزیکترە تا رژێمە ئۆتۆکراتەکەی پێشوو.
بە دڵنییایەوە ئەو حکومەتە عەرەبییانەی کەئەم شۆرشانە لەپاش خۆیان دەیانهێنێت ، زۆر لە  حکومەتەکانی پێش خۆیان دژی دەوڵەتی ئیسرائیل دەبن . وەئەمەش لە خزمەتی بەرژەوەندیەکانی رژێمە کەی تارانە ، کە گەورەترین دوژمنی دەوڵەتی ئیسرائیلە .
بەگشتی کۆماری ئیسلامی ئێران ، لەناوچەکەدا پەیوەندی زۆر باش و هێمنی زیاتر لەگەڵ ئەو حکومەتە دیمۆکراتانە هەیە ، هەتا لەگەڵ رژێمە دیکتاتۆر و ئۆتۆکراتەکانی ناوچەکە .  لەوکاتەوەی کە لە توورکیا پارتی گەشەپێدانی ئیسلامی دەسەڵاتی گرتۆتە دەست ، ئێران و توورکیا  باشترین و بەهێزترین پەیوەندیان هەیە ، کە لە مێژووی نێوانیان بەو شێوەیەی ئێستا  پەیوەندییان بەهێز نەبووە. هەروەها لە عێراقیش لەوکاتەوەی کە حکومەتی عێراقی لەلایەن حیزبە ئیسلامیەکانەوە بەڕێوەدەبرێت ، پەیوەندی نێوان ئێران و عێراق زۆر بەهێز و پتەو بووە.  ئێران زیاتر لەو رژێمە دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە دەترسا، بە پێچەوانەوە پەیوەندی زۆر باشی لەگەڵ  حکومەتە دیمۆکراتەکانی ناوچەکە هەیە .  گەر سەیری ئەو بەڵگەننامانە بکەین کە سایتی ویکیلیس لەماوەی پێشوودا بڵاویکردەوە، تێیدا هاتووە ، کە  مەلیکی سعودیە  ( مەلیک عبدالله بن عبد العزیز ئال السعود) ، رژێمی ئێران بە ( مار) شووبهاندبوو. بە هۆکاری سەرەکی هەموو کێشەکانی دانابوو . هەربۆیە داوای ( سەر بڕین) ئەو مارەی کردبوو . واتە ڕووخانی ڕژێمی ئێران . لێ  لە سەرۆک وەزیرانی توورکیا  ، گوێمان لەم بۆچوونانە نابێت . بەڵکە بە پێچەوانەوە  لەکاتی کێشەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێراندا ، ئەو پشتی لە واشنتۆن کرد  لەگەڵ ئێران قسەیکرد . بەم شێوەیەش دژی سیاسەتی ( تەریک خستن ، پەراوێزخستنی) ئێران وەستایەوە، کە رۆئاوا پەیڕەویی دەکرد.
لەنێوان تاران و ئیستەنبول دا پەیوەندیەکی ئێجگار باش هەیە، دیارە ئەمەش لەسەر بنەمای  بۆچوونیان بۆ دیمۆکراسی  نییه . بەڵکە ئەم پەیوەندیە باشە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ڕژێمی ئێرانی پێی باشە خۆی لە حکومەتی ئیسلامی توورکی نزیک بکاتەوە، بەتایبەت لەو کاتەی  لە ناوچەکەدا بارێکی نائارامی و راپەرینێکی زۆر ناوچەکەی گرتۆتەوە . بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییه کەهیچ کێشەیەکییان نییه ، چونکە هەردوولا هەوڵ دەدەن لەوکاتەی  ناوچەکە  نەخشە سیاسیەکان دەگۆڕێن و ئەمریکاش لە سەنگەرێکی زۆر بەهێزدا  نییه ، هەردووکیان خۆیان بە ئەلتەرناتیڤ دادەنێین و خۆیان بە دوو زلهێزی جیهانی ئیسلام دادەنێن. لەهەمان کاتیشدا هەردوولا لە ململانێی و منافەسەدان ، بۆ زاڵ بوونی رۆڵی سیاسی خۆیان لە ناوچەکەدا . بە دڵنییایەوە ئەم ململانێ و منافسەیە بەردەوام دەبێت و لە داهاتووشدا بەهێزتر دەبێت ، بەڵام هەتاوەکوو ئێستا هیچ دیارنییه ئەم منفاسەیە لە داهاتوودا بەرەو چ ئاقارێک هەنگاو دەنێت .

بەڵام ئایا  ئەو ناڕەزایی و  بێ هوودەیەی خەڵکی ئێران بەرەو کوێوە دەڕوات ؟ ئایا هەوای شۆرشە عەرەبیەکان بەرەو ئێران نایەت و  ئەو ئۆپۆزسیۆنە سەرکەووتکراو خامۆشەی ئێران جارێکی تر زیندووناکاتەوە و گیانی شۆرشگێری ناکاتەوە بەر ؟ .
هەردوو سەرکردەی دیاری ئۆپۆزسیۆنی ئێران مەهدی کەروبی و حوسێن موسەوی ،  بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوەو داوایان لە گەلی ئێران کردووە کە بۆ هەفتەی داهاتوودا بێنە سەر شەقام و خۆپیشاندان ئەنجام بددەن . لەهەمان کاتیشدا چوون بە رەسمی داوای مۆڵەتی خۆپیشاندانیان لە دەزگا ئەمنیەکانی ئێران کردووە. یەکێک لە ڕاوێژکارانی حوسێن موسەوی ووتی:
( ئەگەر بێت مۆڵەتمان نەدەنێ خۆپیشاندان بکەین ، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە حکومەتی ئێران لە دەنگی خەڵکی دەترسێت )
ئیرادەی بەهێز بۆ ئازادی و خۆشی ژیان ، هەردووکیان خاڵی هاوبەشی خۆپیشاندانەکانی جیهانی عەرەبی ساڵی 2011 و خۆپیشاندانەکانی 2009 ی ئێرانن . لێ  هەتاوەکوو ئەمرۆ ئەنجامی هەردوو خۆپیشاندانەکان تەواو جیاوازن . ( ئەکبەر گەنجی)  کەیەکێکە لە سیمبۆڵە دیارەکانی  ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی ، پرسیارێکی زۆر ئازار ئامێز دەکات :
( دیکتاتۆری تونس زەینەلعابدین بن عەلی لەماوەی  کەمتر لە مانگێک لە خۆپیشاندان و ڕاپەڕین ، وازی لە  دەسەڵات هێناو ڕژێمەکەی ڕووخا . لێ بۆچی لە ئێران پاش چەندین مانگ لە خۆپیشاندان و راپەڕین ئەم سەرکەوتنەمان بەدەست نەهێنا ؟ )
وەڵام ئەوەیە : هەردوو بزاڤەکە جیاوازیەکی زۆریان هەبوو ، سروشتی ڕژێمەکان جۆرێکی تر بوو، چۆنێتی خەبات و راپەڕینەکان لەدژی ڕژێمەکان ، بە دڵنیایەوە  جیاوازبوو لەیەکتری .
پاشتر ئەکبەر گەنجی ووتی :
( ئێمە ” تونس و ئێران ” هەردوو وڵات بە دەست دیکتاتۆریە دەناڵێنین . لێ بەداخەوە هیچ ئەنجامێک پێکەوە گرێمان نادات . بە دڵنیاییەوە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیش ، دیمۆکراسی و ماڤی مرۆڤی دەوێت ، لێ ڕووبەڕووی کێشەیەکی گەورە دەبێتەوە ، ئەویش  مەسەلەی ئۆرگانیزەکردنە ” ڕێکخستن”) .

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک شتی گەورەش هەردوو وڵات پێکەوە دەبەستێتەوە ، ئەویش ئەوەیە :
بوونی ژمارەیەکی زۆری گەنجی خوێندەوارو  خاوەن بڕوانامە، کە هەرهەموویان تینووی ئازادین و تێکەڵاوی ژیانی گلۆبالیزم بوون ( مەبەست ئینتەرنێت ، فەیسبووک ، تویتەر،،،وەرگێڕ)  .
بە واتایەکی تر ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی پێویستی بە شتێکی ئێجگار گرنگە ئەویش :
بەشداربوونی جەماوەرێکی زۆری خەڵکی لە خۆپیشاندان و نارەزاییەکان .

a.abdulla@araspress.com


لە گۆڤاری  واتە ژمارە 9 بڵاوکراوەتەوە.

سەرچاوە:

Charlotte Wiedemann. Verblassendes Gruen .www. Zeit.de. 17.2.2011
Ulrich Ladurner. Werft den Pharao ruhig raus!. www. Zeit.de. 11.2.2011
    

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.