به بۆنه‌ی چۆله‌كه‌یه‌ك به‌سه‌ر شانی داهۆڵه‌وه
*
ئیره‌یی به چاوی منداڵه‌كه‌م ده‌به‌م
ده‌توانێ ڕكه بگرێت ،
تا رووناكی ببێته پلیكانه و خۆر تام بكات
باده‌م ماچ بكات و
چیرۆك بخاته پارووه نانێكه‌وه .
ده‌توانێ هاوین بخاته جانتاوه و
خۆی پێهه‌ڵكێشێ .
باران لای ئه‌و بۆ نانه‌وه‌ی قوڕه و به‌س .
ئه‌و تاسه‌كانی جاده نابینێ و
به پسكویتێكی به قیڕی ده‌زانێ .
به‌یانیان له بری ئیمزای دائیره ،
قاچی بووكه‌كه‌ی ده‌شوا .
*
به ده‌م شیرخواردنه‌وه له به‌رگی كتێبه‌كانم ده‌ڕوانێت و
داوای شمشێره‌كه‌ی جه‌نگیزخان ده‌كات ،
بۆ دروستكردنی زه‌ڵاته .
*
له نهێنی بوونی دیوار ناگات و
درزی گهچهكان به نووكی قه‌ڵه‌م تێده‌گا ،
كه دوای مێرووله‌یه‌ك كه‌وتووه .
*
بێ ئاگایه له غه‌دری مرۆڤ له ئاست ئاسندا ،
كاتێك ده‌كرێته قفڵ یا زنجیر .
*
تاكه خه‌می په‌یدا كردنی بزنێكه
پێڵاوی له پێدا بێت
*
به سه‌رسوڕمانه‌وه ده‌ڕوانێته ئه‌و كه‌سانه‌ی ،
بۆ سه‌وداكردنی پارچه قوماشێك شین و مۆر بوونه‌ته‌وه ،
به‌و زلییهوه كڕینی په‌تاته‌یان به جددی وه‌رگرتووه .
گه‌مژه نییه تا ئه‌و راده‌یه‌ی رایگه‌یه‌نێت ،
دنیا به بوونی ئه‌وه‌وه جوانه .
له كتێب دودڵم ده‌كات ،
ئێ كاتێ ددانێكت دێشێ ،
سوودی چییه دانتێ بناسی یان نا ؟
*
بێ ئه‌وه‌ی شاعیر بێت ،
ساتمه له قافیه ناكا ،
باینجانی هێنده‌ی پرته‌قاڵ خۆشده‌وێ .
لای ئه‌و ،
هه‌موو نه‌خۆشێك به ماچ چاك ده‌بێته‌وه .
كولله په‌پووله‌یه‌كی ساده‌یه ،
ئاساییه لای پشیله‌یه‌ك له‌سه‌ر سفره‌كه‌ی شوێنی هه‌بێت ،
یان ریشۆڵه‌یه‌ك ببێته حاكم .
*
به ده‌سته بچووكه‌كانی
داكۆكی له‌و به‌رازه ده‌كات ،
كه جوتیارێك له فیلمێكی كارتۆنیدا
له كێڵگه‌ی برنج ده‌یكاته ده‌ره‌وه .
*
ئه‌و شاگه‌شكه‌یه به ره‌نگه‌كان
بۆیه له‌لای دڵۆپه خوێنێك و خونچه‌یه‌ك ، یاوه‌رن .
*
دوور له ئه‌ندێشه .. لای ئه‌و :
تاریكی ته‌نیا په‌یوه‌ندی به خه‌وتنه‌وه هه‌یه .
*
كات له دڵیدا نه‌مامێكی سه‌وزه ،
شوێن له ده‌ره‌وه‌یدا شته‌كان ناشێوێنێ ،
عه‌قڵ توخمه‌كان به‌رباد ناكا ،
هه‌موو شتێكیش به جه‌سته ئاشت ده‌بێته‌وه .
*
بۆ ئه‌و به‌رخه‌ی له باخچه‌دا زیندانه ،
گیرفانی پڕ نوقڵ و قافیه ده‌كا .
بێ‌ئاگا له‌وه‌ی یاره‌كه‌ی ،
پڕۆژه‌یه‌كه بۆ خوان . .
*
نرخی شته‌كان نازانێت
ئه‌و ئاكارێكی مه‌به‌سته :
له ده‌می خواردندا دهمنهكاتهوه
*
هه‌موو سامانی ئه‌وه‌یه ،
كه دهتوانێَت بیست كاشی شۆسته بژمێرێت .
*
ئامۆژگاری قاپه پیسه‌كان ده‌كات :
جارێكیدی یاری به خواردن نه‌كه‌ن .
*
ماڵی دڵی هێند پته‌وه
هیچ سه‌رنجێكی له باره‌ی ره‌شه‌با نییه
*
به ئاوه‌ژوویی وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی ده‌ده‌مه‌وه
گه‌وره‌ی ناكه‌م ،
ته‌ونی خه‌ونی ناشێوێنم ،
پێی ناڵیم ناتوانێت به پایسكلی سێ تایه بچێته سه‌ر مانگ .
ده‌ریا له‌و ته‌شته گه‌وره‌تره
كه مه‌له‌ی تێدا ده‌كات .
ئاسمان له‌و كڵاوه‌ی فراوانتره
هه‌رچه‌نده دوو ورچی تێدایه .
پێی ناڵێم له هاویندا،
زه‌وی به شروبی – تا- فێنك نابێته‌وه
ئه‌و راستییه‌ی بۆ راست ناكه‌مه‌وه ،
كه پێی وایه هه‌موومان ئه‌سڵمان له خێزانی مه‌یمونه .
با هه‌ر وا تێبگات
ئه‌ستێره‌كان پارچه‌ی شكاوی ئه‌و ئاوێنه‌یه ،
كه باپیره‌ی ریشی له‌به‌رده‌م ده‌تاشێ .
با هه‌ر وا تێبگات ،
مردن یه‌كێكه له خزمه‌كان !
*
ئیره‌یی به چاوی منداڵه‌كه‌م ده‌به‌م
ته‌مه‌ن هێشتا له فێربوونی نه‌خستووه ،
ڕیز كردنی نه‌عل ده‌كاته باخچه‌ی هه‌ڵواسراو .
زانین ددانه‌كانی كلۆر نه‌كردووه ،
جوگرافیای ئه‌و هه‌ر هێنده‌یه :
جۆللانهیهك ده‌شێت ببێته نیشتمان .
ماتماتیكی ئه‌و ساده‌یه :
چوونه ده‌ره‌وه‌ی گه‌وره‌یه‌ك ،
یه‌كسانه به هێنانه‌وه‌ی چه‌ند نهستهلهیهك .
*
رۆژێك دادێ خۆی ده‌بێته حیكایه‌تێك ،
كه بۆ لایلایه ده‌ستنادا .
ده‌بێته ئاو به‌ڵام به شایه‌تی سهراب ،
ده‌بێته هه‌ور به‌ڵام بۆ خزمایه‌تی لم ،
ده‌بێته باران به‌ڵام بۆ كوژاندنه‌وه‌ی رۆژگار .
گه‌وره ده‌بێ …
بڕوا دێنێ ئه‌م دنیایه : كه‌شتی نوحه و هه‌ژاری لێ بار نه‌كراوه .
ئه‌م دنیایه ، هه‌تا نابێته سووتهكیش ،
بۆ جگه‌ره‌ی پیره‌مێردێك به دیار فرۆشتنی ته‌سبیحه‌وه وهنهوهز ده‌دا .
بڕوا دێنێ ، چاوی بۆ ژماردنی پۆله ریشۆڵه‌ی پایزان چێ نه‌كراوه ،
به‌ڵكو بۆ گریان .
گه‌وره ده‌بێ و له چاوشاركێكانی په‌شیمان ده‌بێته‌وه و
تێده‌گا كه‌س شایه‌ن نییه به شوێنی‌دا بگه‌ڕێی .
گه‌وره ده‌بێ و بۆ بینینی كه‌روێشكێك بلیت ده‌بڕێ .
خۆی ده‌ڕازێنێته‌وه بۆ خواردنی ماسی .
رقی له ره‌شه‌با ده‌بێ و
ورده ورده خۆی ، به‌بێ ویستی خۆی
ده‌بێته یه‌كێك له یه‌كه‌كان و
له ناو ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا
له ئه‌وانیدیدا ده‌توێته‌وه.
*
ئیره‌یی به چاوی منداڵه‌كه‌م ده‌به‌م .
بۆ ئیره‌یی به چاوی منداڵه‌كه‌م نه‌به‌م ؟
ته‌ڵعه‌ت تاهیر