Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
دەفتەری ئەزموونی خوێندکاران لە پارسەنگی هەڵسەنگاندندا

دەفتەری ئەزموونی خوێندکاران لە پارسەنگی هەڵسەنگاندندا

Closed
by January 20, 2013 گشتی

 

 

 

 

ئەزموون یان تاقیکردنەوە بە هەردوو دیوەکەیەوە: تیۆری و پراکتیک،  کۆڵەکەیەکی سەرەکی پرۆسەی فیرکردن و پەروەردەیە لە هەموو ئاستەکانی خوێندندا، بۆیە لە کۆلێژەکانی پەروەردە لە هەموو زانکۆکانی دنیادا بابەت و رشتەیەکی سەربەخۆیە، پرۆگرام و سیستم و بنەمای زانستی خۆی هەیەوە مامۆستای پسپۆرو شارەزاو کارامە بەبەردەوامی توێژینەوەو لێکۆلینەوە لە جەوهەری جێبەجێ کردنی پرۆسەکەدا دەکەن و لە گەڵ گۆڕانکارییەکانی تەکنەلۆژیاو زانست و پێ بە پێ لە گەڵی دەڕۆن.

ئەزموونەکان بە گوێرەی بابەت و مەبەست و پرۆگرام وئاکام جیاوازیان هەیە . وەک ئەزموونی خوێندکاران، ئەزموونی وەرزشوانان ، ئەزموونی سەربازی ، ئەزموونی فیرکردنی شۆفیری هتد…. .

کڕۆکی بابەتەکەی ئێمە ئەزموونی خوێندکارانە لە قۆناغی یەکەمی سەرەتای تا قۆناغی دوانزدەمین لە خوێندنگەکانی کوردستانی باشووردا. خوێندکار هەموو ساڵی بە پێی قوناغەکەی چەندین ئەزموون ئەنجام دەدات. تەنانەت لەبەر بەهاو کاریگەری پرۆسەکە، بەرێوەبەرایەتییەکی سەربەخۆ ، لە وەزارەتی پەروەردە بە ناوی (بەرێوەبەرایەتی گشتی ئەزموونەکان لە هەرێمی  کوردستان) چەند ساڵیکە دامەزراوە. لێرەدا باسەکەم لەسەر ئەزموونی بە-نووسین (تحریری) خەستدەکەمەوە –  ئەزموونی زارەکی با بۆ دەرفەتێکی تر بێ-

شاڕەگەزەکانی ئەزموونی بە- نووسین چوار توخمە:

توخمی یەکەم: بابەتی ئەزموون

توخمی دووەم: پرۆسەی جێبەجێکردن

توخمی سێیەم : هەڵسەنگاندن

کۆلکەی هاوبەشی هەر سێ توخمەکەش خوێندکارو مامۆستایە ( مامۆستا بە هەردوو ئۆرکانەکەیەوە مامۆستای پرسیار- دانەر/ مامۆستای پرسیار- سەحدەر).

توخمی یەکەم: بابەتی ئەزموونەکە

   دەستنیشانکردنی بابەتی ئەزموون بۆ خوێندکار بنەمایەکی حاشاهەڵنەگری تاقیکردنەوەی  رێکوپێک و پوخت و سەرکەتووە. مافێکی سەرەکی خوێندکارە کە بزانێ :١. ئەو ماددەیەی تاقیکردنەوەکەی  لیدەدا لە لاپەڕە چەند دەستپێدەکا تا لاپەڕە چەند دەگرێتەوە. ٢. مەرجە بابەتەکان خوێندرابن و خوێندکار زانیاری باشی لەسەر هەبێ و ئەگەر خوێندکارێ بەهەر هۆیکەوە لە بابەتەکە دابڕابێت دەبێ پێش وەخت ئاگادار بکرێتەوە .٣. ئەگەر تاقیکردنەوەکە ناوئاخنی دەرەوکی تێدا بێ، وەک بەستنەوەی بابەتەکەی ناو کتێب بە بابەتی دەرەوەو کتێبخانە و ژینگە و دەوروبەر، پیویستە خوێندکاری لێ غافڵ نەکرێت.٤. پێش وەخت بە ماوەیەکی گونجاو رۆژی تاقیکردنەوەکە دەستنیشان بکرێت تا خوێندکار دەرفەتی ماقولی پێداچوونەوەو سەعیکردنی لەبەر دەستدابێ.

توخمی دووەم: پرۆسەی جێبەجێکردن

 ئەمەیش چەند بڕگەیەکی بەرچاوی هەیە، وەک:

شێوازی پرسیار : زۆر زەرورییە مامۆستای پرسیار – دانەر، زانیاری و شارەزای لە بابەتی ئەزموونکردن خوێندبێ یان کۆرس و خوولی شیاواندنی دیبێ. تەنیا دەرس گوتنەوەکە کافی نییە بۆ بوونی تواناو بەهرەی پرسیار دانان ، کە ئەویش بۆ خۆی  لقێکی بابەتی ئەزموونکردنە. ئاساییە مامۆستای کەم ئەزموون لە دانانی پرسیار داوی یارمەتی و رێبەرایەتی مامۆستای کارامەو شارەزا بکات.

دارشتنی پرسیار: سەرەقەڵەمی ناونیشانی پرسیار، دەبێ روون و ئاشکراو دیار بێ. خاڵی لە تەموومژ، گومانهەڵنەگر، بەدەر لە مەتەڵ و دوور لە خەیاڵ و بۆچوون. پێویستە ناوەرۆکی لەقەکانی پرسیارەکەش مەبەست بپێکن و بزانرێت داواکراوەکان چیین. پەیرەوکردنی زمانی ستاندەرو رێزمان و خاڵیبوون لە هەڵەی رینووس و چاپکردن مەرجی سەرەکی داڕشتنی جوان و مانابەخشن.

چاپکردنی پرسیار: بڵاوبوونەوەی تەکنەلۆژیای تازە، لە کۆمپیوتەرو پرنتەرو فۆتۆکۆپیکردن ، کارئاسانی زۆری بۆ ئەزموون بەرێوەبردن کردوە. دەبێ مامۆستای بابەت بۆ خۆی پرسیاری خۆی تایپ بکات. ئەو مامۆستایانەی تا ئێستا شارەزایان لەم بوارەدا نییە دەبێ خوولی فێربوونی ئەم ئامێرانە ببینن. چاپکردنی پرسیارە لە بازارو فۆتۆکۆپیکەرەکان ئەستەمەو کێشەی زۆری بەداوەیە. پرسیار تایپکردن ڕشتەیەکی تایبەتەو جیاوازە لە گەڵ نووسینی بابەتی ئاسای. رێکخسینی پرسیار لەسەر بنەمای: ئاسان بۆ مامناوەند دوای بۆ قورس دوای بۆ قورستر. وە نووسینەوەی رستەکان لە سەر بنەمای رستەی کورت ، مامناوەند داوی درێژترو درێژترین. خاڵبەندی زانایانەو بەجێ، زۆر یارمەتی تێگەیشتنی پرسیار دەدا و تەمومژ دەڕەوێنێتەوە.دەبێ ماوەی ئەزموونەکەش بە رێکی لە بەشی سەرەوی پرسیارەکان تۆماردەکرێت.

پێداچوونەوەی پرسیارو وەڵام دانان: دوا تایپکردنی پرسیار دەبێ مامۆستای پرسیار-دانەر بە وردی بە کۆپی  تایپەکە دابچێتەوەو هەڵەکان چاککاتەوەو پاکنووسی بکات. جا یەک یەک وەڵامیان لەسەر کاغەز بداتەوەو، بزانی دووبارە بوونەوە وەڵام لە ناو وەڵام داهەیە یان نا. دوا هەنگاو ، دڵنیا بێ نمرەکان راست و دروست، بە دادپەروەری دابەش دەکرین بەسەر لق و چڵەکاندا.

دەفتەری وەڵامدانەوە: دەفتەرو رووپەڕی ئەو لاپەڕانەی خوێندکار پرسیارەکانی تێدا وەڵامدەداتەوە، قەد بێ بایەختر نییە لە خودی وەرەقەی پرسیارەکان . ئەودەفەترە تەنیا وەڵامەکانی  تێدا نەنووسراوەتەوە، بەلکو بە لێکۆڵینەوەی زانستی سەلمێندراوە کە وەک وێنەو ئاوێنەیە، مامۆستای-سەحدەر شکڵ و رۆخسارو نیگای خوێندکاری تێدا دەبینێ. بە توێژینەوەی پراکتیکی هەمان وەڵامیان لەسەر دوو جۆرە پەڕەو دەفتەری جیاواز نووسیوەو ، پرسیار-سەحدەر بۆ هەمان وەڵام نمرەی جیاوازی داناوە، نمرە باشەکە بەبەر دەفترەجوان و سپی و رێکوپێکەکە کەتووە، نمرە خراپەکەش بەشی وەرەقە پیس و خراپ و گەچراوەکە بووە. سەدحەیف و مەخابن لە سەرتای ساڵەکانی تەنگژەو قاتوقوڕی سەرەتای ساڵەکانی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو- دوای ڕاپەرین- خوێندکارەکانمان بێبەشنەکران لە دەفتەر لە ئەزموونەکانیان . کەچی وا لە ساڵی (٢٠١٣) بەو بوجە زەبەلاحەی وەزارەتی پەروەردە، خوێندکار مەحرومکراوەن لە دەفتەری تاقیکردنەوە. لە زۆربەی خوێندنگەکان لە قوناغی یەکەوە تا قۆناغی دە خوێندکار بۆ خۆی وەرەقە دەکڕێ و رۆژی ئەزموون جووتێکی دەدەنێ. بۆ قوناغی دە، تا دوانزە دەفتەریان بە ئەژمار پێدەدرێ. لێرە داواکارم زوو بە زوو لایەنە بە پرسەکان ئەم نوقسانییە چارەبکەن. چیتر دووبارە نەوبێتەوە.

توخمی سێیەم : هەڵسەنگاندن

 ئەزموونکردن ، لە یەکەم هەنگاویەوە تا داو هەنگاوو دەرچوونی ئاکامەکەی، پرۆسەیەکە لە پێناو هەڵسەنگاندنی ئاستی زانیاری و مەعریفی و هۆشیاری و کارامای خوێندکار. کەواتە ئەوم خاڵە لە سەرەوەی ترۆپکی پرۆسەکە دەبریسکێتەوە. هەڵسەنگاندن نەک تەنیا پلەو پایەو توانای خوێندکار دەستنیشاندەکا بەلکو ڕەوشی دوارۆژی وڵات و نەتەوەش، لە پێشکەتن و چەقین و دواکەوتن دەکەوێتە ئەستٶی ئە. چۆن؟ هەڵسەنگاندنی ناتەواوو نەزۆک و لاواز، ڕەنگ بێ نمرەی بەرز ببەخشی بە خوێندکاری لاواز و بێتوانا، کە نەتوانن لە قۆناغەکانی دوای و لە کۆلێژەکانیان سەرکەون ، ئەوە نەک هەر بە هەدەردانی سامان و پارەیە ، بەلکو کوشتنی نەوەیەک و دوارۆژیشە!

مەرجەکانی تەسیحدانی سەرکەتوو چییە؟

١. مامۆستای-سەحدەر دەبێ وەڵامی پرسیارەکانی بە وردی هەزمکردبێ و هیچ کێشەیەکی نەبێ ، بە نووسراوەی کۆپییەکی وەڵامەکەی لەبەر دەست بێ.

٢. باری دەروونی ئەو مامۆستایە ئاسایی و خۆش بێ. داپێویسەکانی بۆ جێبەجیکرابی: شوێنیکی ئارام و بێدەنگ و رۆناک. کورسی و مێزی خۆش و باش. ئاوهەوایەکی ئاسای زستان و هاوین لە ژووری کارەکەیدا. ئاوی خاوێن و چاوو خواردنەوە ساردوگەرمەکانی لێ نزیک بێ. دەستشۆرو ئاودەستی پاک و خاوێن لە شوێنەکە هەبێ.

٣. زۆر گرینکە، بۆ هەر دەفەترێک بای ئەوەند کاتێ  دابندرێت کە بە وردی و بە شێنەی بخوێندرێتەوەو نمرەی بۆ دابنرێت. زۆر زۆر بەداخەو، خۆم وەک مامۆستایەکی خاوەن ئەزموونی سێ و پێنچ ساڵ، بە دەگمەن مامۆستای – سەحدەر دەبینم ئەم خاڵە رەچاوبکات و نەیکات بە پێشبڕکی و غارغاردانە. زۆرجارلە ئاکامیشدا لەکەیەکی ڕەش لە رووی پرۆسەکەدا دەدەن.

٤. نمرەدان دەبێ بۆ هەر بڕگەی پرسیارێک بە ژمارەو نووسین تۆمار بکرێت، کۆ بکرێتەوەو داوی لقەکان کۆبکرێنەوە بە نووسین و واژوو تۆمار بکرێن لە ناوە دەفتەرەکەوە لەسەر بەرگی دەفتەرەکە. واباشترە هەڵەکان راستبکرێنەوە تۆمار بکرێن، بە تایبەتی بۆ چەوت و راست و بۆشایی و هەڵبژاردەکان .

٥. وردبینی و چاوخشانەوە بە نمرەکانی ناو دەفتەرکەو سەر بەرگی دەفتەرەکە ، لە لایەن کەسێکی تر پێویستە. مامۆستاش وەک هەموو پێشەورێکی ترمرۆڤەو  قابیلی هەڵەکردنەوە، پاراستنی مافی خوێندکاریش لە ئەستۆی ئەواندایە. زۆر زۆر بەداخەو ، بە تایبەتی لە ئەزموونەکانی نیشتمانی ئەم کارە بە شێوەیەکی ڕۆتینی بێ رۆح و هەناسە ئەنجامدەدرێ  و بەبێ گوێدان بە پێکانی نیشانەی مەبەست ، نووکە قەڵەمە سوورەکەی لیدەدەن و پەڕ هەڵدەدەنەوە. ساڵی پار، کاتێ چەند سەرپەریشتیارێک بە وردبینی وەڵامی پرسیارەکانی زمانی ئینگلیزی قوناغی دوانزدە دا چوونەوە لە سەت دەفتەر دە تا دوانزدە دەفتەر هەڵەی تێ کەتبوو! تۆ بڵییت چەند دەفتەری تر تێپەڕی وەو کەسیش هەڵەکانی نەدیوە؟

ئایا دەفتەری ئەزموونەکان بدرێتەوە خوێندکار یان نا؟

خوێندکار وەک توێژێکی گەورەو سامانێکی مەزنی نەتەوایەتی و دوا رۆژ، کۆمەڵیک مافی خۆی هەیە لە خوێندنگەو دەرەوی خوێندنگەوە لە ناو خێزان و کۆمەلکادا. بەداخەوە زوریان بەو مافانە نازانن، گللەیشیان لێناکەم، چوون زۆرێک لە مامۆستاکانیشیان مافەکانی خۆیان نازانن. یەکێک لە مافەکانی خوێندکار، کە بەیاسا کراوە ، لە وڵاتە پیشکەتووەکان ، ئەوەیە دەبێ دەفەری ئەزموونەکانی خۆی بدرێتەوەو خۆشی بە وەڵام و نمرەکان دابچێتەوە. بە داخەوە لە کوردستان ئەمە یەک لانەکراوەتەوە ، بەرێوەبەرێک پەیرەوی ئەم خاڵە دەکاو هێندێکیش رێنادا خوێندکار دەفتەری خۆی بدرێتەوە. هێندێ جاریش پاساوی ئەوە دەهێنەوە کە بەرێوەبەرایەتی ئەزموونەکان یان پەروەردەکان رێگا بەوە نادەن.

گرفتێکی گەورەی پرۆسەی پەروەردەوفێرکردن لە کوردستان باشوور ئەوەیە تا ئێستا پرۆسەکە بە یاسا نەکراوە، هەر ساڵ و هەر مانگەی  رێنمایی تازەو هەموارکردنەوە بەرێوەیە، لە کاتێکدا لە ساڵی (١٨٩٥) لە وڵاتێکی وەکو بەریتانیا بڕگر بڕگەی پرۆسەکە بەیاساکراوەو بە گوێرەی رۆژگاریش لە گەڵی دەرون و نۆژەنیدەکەنەوە.

 لایەنە باشەکانی دەفتەر دانەوە:

 ١. خوێندکار کە با چاوی خۆی هەڵەکان دەبینی باشتر لێی حاڵیدەبێ و تێیدەگاو دوبارەی ناکاتەوە. ٢. دڵنیادەبێ کە نمرەکانی تەواون و هەڵە لە کۆکردنەوەو دابەشکردنیان دا نییە ٣. کە دەزانێ حەقی خۆی پێدراوەو هیچ کەموکورێک لە تەسیحدانەکە دانییە، جۆرە رێزو خۆشەویستییەکی لە دڵدا دروست دەبێ بەرانبەر مامۆستاکەی. ٤ ئەوەانەی هەنیشە رەخنەو توانج لە ئاکامی ئەزموونەکان دەدەن ، خوێندکارو دایک وباوک و هێندێ لایەنی فورمی یان نافۆرمی دەزگاکانی دەوڵەتن، جا کە خوێندکار دەفتەرەکی دیتو رازی بوو ئەوا رێژەو هێزی ئەو رەخنەیە دادەمرکێتەوە. ٥. چونکە مامۆستا دەزانی خوێندکار ساحب حەقەو جوان جوان دەفتەرەکەی خۆی دەپشکنێتەوە، هەوڵدەدا بە شێوەیەک تەسیحی بدات کەس نەتوانێ گللەی و کازندەی هەبێ. ئەمەیش لە بەرژەوەندی هەردوو لادایە.

لایەنە لاوازەکانی دەفتەر دانەوە:

 من تەنیا دوو خاڵ دەبینم لە دانەوەی دەفەرەکە، هێندێ جاربۆی هەیە خوێندکار دەستکاری وەڵامەکەی خۆی بکات. ئەمەیش پەیوەندی هەیە بە ئاستی رەوشت و هۆشیاری خوێندکارەکە. بە پەیوەندی مامۆستا بە خوێندکارەکانی و بوونی رێزو ئیحترام. بە زیرەکی مامۆستا بە تۆمارکردنی وەڵامە راستەکان تا ڕی لە خوێندکار بگرێت لە دەستکاریکردن. دووەم: ئەو پۆلانەی ژمارەیەکی زۆر خوێندکاری تێدایە وەختی پیر دەوی بۆ پێداچوونەوەکەی خوێندکاران.

هێندێ وردەی خاڵی تریش هەن کە رەوشی ئەزموونەکان خۆشتر یان ناخۆشتر دەکەن. وەک . قەبزی ژوورو هۆڵی ئەزموون و تاریکی وە ساردو سووری لە زستان وگەرمی و هەناسەبڕی لە هاویندا، نە بوونی ئاوسازگارو پێویست. ئەوا جگە لە هێمنی و ئارامی یان ژاوەژاو دەنگەدەنگی هەموولایەک و تەقەتەقی کەعبی پیڵاوە قورساکان و شیڕوهۆڕی بێماناو ناوەخت.

 هیوادارم مامۆستاو خوێندکارەکان و لایەنی بەرپرس ، سەرنج لە بابەتەکەم بدەن و لەسەر کەمو کوریەکانی بازنەدەن. لەبەر گرینگی ئەو جۆرە نووسینە  کە زۆر کەم لە وڵاتی ئێمەدا قسەی لەسەر دەکرێ.

 

 

Facebook: fazil shawro

Email:  fzgaedii@yahoo.com

فـازیـل شـەوڕۆ

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.