Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
زیهنیێتی حیزبسالاریی قوڵترە لە زیهنیێتی پیاوسالاریی

زیهنیێتی حیزبسالاریی قوڵترە لە زیهنیێتی پیاوسالاریی

Closed
by March 30, 2013 گشتی

 

 

 

 

ئەگەرچاوبخشێنین بەمێژووی دوور و نزیک دا، دەبینین کە زۆر هەبوون لە ئەو زیهنیێت و نەریتەپاشوەڕۆیانە کە مرۆڤی خوارەوەی خۆیان وەک موڵک و کۆیلەی خۆیان سەیرکردووە و هیچ بەهایەکیان بۆ دانەناون بێجگە لە بەکارهێنانیان، هەر لە خواوەندەبێدەمامکەکانەوە بگرە تا خواوەندەدەمامکدارەکان و ئەوانەی خۆیان وەک سێبەری خوا و پاشا، ئاغا، شێخ، دەوڵەت، و دواهەمینیشیان حیزب بەزیهنیێتێکی دەستەڵاتداری و خۆبەخاوەن زەوی و خۆبەخاوەن مرۆڤ دەبینن.

خواوەندەبێدەمامکەکان؛ ئەوانەی بەئاشکرا هاواریان دەکرد و خۆیان بە مەزنی مرۆڤەکان دەبینی و سەرەوەی خۆیان هیچکەسیان نەدەدیت و دانیانپێدا نەدەنان لە چەشنی فەرعەون و فەرعەونەکان کە مرۆڤکوشتن و مەڕکوشتن بێ جیاوازی بوو لەلایان و مرۆڤەکانیش خۆیان باوەڕیانهێنابوو کە ئەوانە خوان و ئەمانیش قوربانیی ئەوانەن، هەر بۆیە کۆمەڵگە وەک مێگەل هەڵسوکەوتیان دەکرد و ئەوانیشیان وەک خاوەنی کۆمەڵگەکەیان دەبینی.

پاشا، شێخ و دەرەبەگەکانیش یەک‌لەدوای‌یەک میراتگری هەمان زیهنیێتی پاشوەڕۆ و خوێنمژی مرۆڤەبەخواوەندبوەکان بوون، پاشا هێزی هەموو وڵات لەدەستیدا بوو، ئیرادەی دانیشتوانی وڵاتیش هەمووتەسلیمی پاشایە، واتە؛ پاشا بڕیاردەر و خاوەنوڵاتە و دانیشتوانی وڵاتیش هەموو سەربازی ئەون و بڕیاری پاشا وەک بریاری خوا سەیری دەکرێت وگوتنەکانیشی بێ بیرکردنەوە پەسەند دەکرێت. دەرەبەگەکان؛ واتە نوێنەری پاشا یان پاشائاسا لە هەرکوێیەک بووبن، لە شار یان لە گوند ئەوا هەرخۆیان بڕیاردەر بوون و هەموو دانیشتوانیش تەنیا جێبەجێکەر بوون و دەرەوەی ئەوە مافێکی دیکەیان نەبووە، کامە زەوی و ڕەزوباخی پڕپیت  بوایە ئەوان خۆیاندەکرد بە خاوەنی و داگیریان دەکرد، کامە کچی جوانی خێڵ یان شار و گوندی ژێردەستەڵاتیان بوایە بێ یەکودوکردن دەیانخواست، ئیدی کچ منداڵە و ئاغا پیرەپیاو هیچ گوێی پێ نەدەدرا، هەرکەسێکیش سەرپێچی بکردایە هەر لە سەرتاشینیەوە بگرە تا دارکاریکردن و کوشتنیشی؛ مافیان بە خۆیان دەدا و سەرەوەی خۆشیان یاسایەک نەبوو.

شێخەکانیش لەڕێگای دینەوە و (خۆنزیکبوون و یەکپشتبوون لەگەڵ پێغەمەرەکان) خۆیان پێناسە دەکرد و خەڵکیش وەک خوا دەیانپەرەستن. خەڵک سوێندی گەورەیان سەری شێخ و گۆڕی شێخ و ماڵی شێخ بوو، کامە مەڕی چاخ ومریشکی گۆشتن بوو دەبوایە هەر شێخ بیخواردایە، زۆربەی مرۆڤەکانیش بەشانازیەوە خۆیان بە دەروێشیان دەزانین و زۆریشیان خۆیان بە سەگی شێخ وپاسەوانی بەردەرگای شێخ دەزانی و هاواریان دەکرد “سەگی بەردەرگاتین یا شێخ!” و شێخیش دەستێکی بە سەری هەرکەسیان دا بهانیایە؛ ئەوا لەبەرامبەردا شێخ پارچەیەک زەوی وەردەگرت و کامە مانگاش پڕشیر بوایە هەر پێشکەش وشایانی شێخ بوو.

سیستمی دەوڵەتی و دەوڵەت بەنێوی پارێزگاریکردن لە مرۆڤەکان هەموو مرۆڤایەتیان تەفروتونا کرد و نەک هەر مرۆڤیان نەپاراست؛ تەنانەت مرۆڤیان لەناوبرد و هەموو مرۆڤایەتیان کردووە بە دژی یەکتر و ژیانی مرۆڤەکانیان وێرانکردووە، هەزاران ساڵە سیستمی دەوڵەت دروست بووە و دەوڵەت هەیە کەچی مرۆڤەکان هەر لە نەهامەتی وچارەڕەشیدا دەژێن، مرۆڤ تا ئێستاش خێروخۆشی لە سیستمی دەستسازیی مرۆڤ نەدیوە و تا دەشڕوات ژیانی تاکی کۆماڵگەی مرۆیی بەرەو تەنگبوون ونائارامی دەڕوات.

 

گەلی کورد بە درێژایی مێژوو خوێنی بە دەستی یەک بە یەکی ئەم سیستمانە ڕژاوە و نهاکەش بەردەوامە، درێژەی هەمووئەمانەش ئێستا حیزبایەتیە، بەڵام بەنێوی کوردایـێتی و نەتەوایێتی ونیشتمانپەروەرێتی، بەداخەوە! حیزبایەتی ئەمرۆ سەرەوەی هەموو بەهائەخلاقیەکانە و سەرەوەی هەمووپیرۆزیەکانیشە، بەئاشکرا دەبینین بەرژەوەندیەکانی گەلی کورد دەکرێتە قوربانیی حیزبایێتی وپارتایێتی، قسەی حیزب سەرەوەی گەل و نەتەوەیە، لەبری ئەوەی حیزب ئیرادەی خۆی تێکەڵ بە ئیرادەی نەتەوەکەی بکات؛ کەچی ئیرادەی نەتەوەکەی تەسلیم بە خۆی دەکات و خۆشی تەسلیم بە وڵاتێکی دیکە یان هێزێکی دیکە دەکات، ئەمرۆ حیزبیش ئەندامانی خۆی وەک بەندەی خۆی چاولێدەکات و وەک کۆیلەیەک لەگەڵی دا هەڵسوکەوت دەکات.

حیزبەکان؛ ئەندامەکانی خۆیان وەک موڵکی خۆیان چاولێدەکەن نەک موڵکی گەلەکەیان، هەر بۆیەش دەتوانن سزایان بدەن، دەریان بکەن، بەشەڕیان بدەن، بیان کوژن و کەسیش نەتوانێت پرسیاربکات کە بۆچی و لەبەرچی وادەکەن.

 

زۆرجار باس لە پیاوسالاری دەکرێت و ڕخنەدەگیرێت کە پیاو؛ ژن بە موڵکی خۆی دەزانێت، هەر بۆیەشە هەڵسوکەوتی ناشایستی لەگەڵ دا دەکات و ماف بەخۆی دەدات، بەڵام حیزبەکان زۆر پتر لە پیاوسالاری حیزبسالاری دەکەن و هەڵسوکەوتیشیان لەگەڵ ئەندامانیان ناشایستە، ئەگەرپیاو تەنها لەگەڵ ژنێک خراپ بێت ئەوا حیزب لەگەڵ کۆمەڵێک خراپە، ئەگەر ژن بەتاک هەتکبکرێت و بێڕێزیی پێ بکرێت؛ ئەوا حیزب بەپۆل بێڕێزی دەکات وهەتکی حورمەتیان دەکات، ئەگەر پیاو تەنیا ژنێک وەدەربنێت؛ ئەوا حیزب بەگروپ و بەدەستە ئەندامانی خۆی وەدەرناوە و تۆمەتی جۆربەجۆریشی بۆ هەڵبەستوون. دیارە پیاویکی نەزان و نەفام وزۆردار ژن بەموڵکی خۆی دەزانێت و شوێنکەوتوی سیستمی دەرەبەگی وشێخگەرایە و ڕێگاش نادات هیچکەس ڕخنەی لێ بگرێت، و دەڵێت ژن ژنی خۆمە و هیچکەس بۆی نیە دەستبخاتە ژیانمەوە، بەڵام هەمان بیرکردنەوە وهەمان تێڕوانینیش لە حیزبەکان هەیە و خۆشیان ناودەنێن حیزبی مۆدێڕن و دیموکرات؛ کەچی ئەگەر ئەندامێکیان بکوژرێت، خۆیان بیکوژن یان خۆی بکوژێت ئەگەرپرسیاربکەی ئەرێ ئەم ئەندامەی ئێوە بۆچی کوژرا یەکسەر لەوەڵام دا دەڵێن بەتۆ چی! ئەندامی خۆمانە و هیچکەس بۆی نیە لێی بکۆڵێتەوە، هەر بۆیە بەڕاستی حیزبایەتی نزمتر یان قوڵترە لە پاشایێتی و شێخایێتی و پیاوسالاریش.

 

ئیتر؛ دەبێت گەلی کورد ئەندامانی حیزبەکان لە بەموڵککردنیان ڕزگاربکات و ڕێگاش نەدات حیزب ببێتە خاوەنی جەستە وهێز و ئیرادەی تاکی کورد، دەبێت گەل مافی خۆی هەبێت و خاوەن ئەو دەستەڵاتەش بێت کە ماف بخوازێت لە حیزبەکان و ڕێگەی حیزب نەدات ئەسپی خۆیان بە ئەوشێوەیەی دەیانەوێت تاوبدەن، با گەل! چەکوشەکەی ئیبراهیم هەڵبگرن و بتی حیزبسالاری بروخێنن و لە جێگای دا؛ سەروەری دابـنـێن.

 

تاریق یوسفی

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.