سۆشیالیزم.. نه‌هێشتنی جیاوازی چینایه‌تی
له‌بری پێشه‌كی
واپێویست ده‌كات له‌سه‌ر سۆشیالیزم له‌دوو روانگه‌وه شیكردنه‌وه و راڤه‌ی بۆ بكه‌ین، ئه‌وه‌ش بۆ زێتر حاڵی بوونه له‌لایه‌نه‌كانی ئه‌م تیۆره‌یه، ئه‌ویش لایه‌نی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تیه. جیاوازی چینایه‌تی له‌ناو مرۆڤدا كه ڕه‌گی سه‌ره‌كی ئه‌م تۆره‌یه به‌رئه‌نجامه‌كه‌ی لایه‌نی ئابوری و لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تیه. ورده ورده هه‌وڵده‌ده‌ین لایه‌نه‌كان رونبكه‌ینه‌وه و راڤه و تێبینی خۆمانی له‌سه‌ر بنوسین.
سۆشیالیزم سیسته‌مێكی ئابوری كۆمه‌لایه‌تیه، هه‌ڵده‌ستێت به خاوه‌ندارێتی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ پێداویستی به‌رهه‌مهێنانی بنه‌ڕه‌تی، له‌پێناو پێویستیه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا بۆ باشتركردنی، دانانی یاسایه‌كی بنه‌ڕه‌تی له‌ناو ئه‌و سیسته‌مه‌دا بۆله‌ناوبردنی جیاوازی چینایه‌تی له‌كۆمه‌ڵگادا وه ڕه‌تكردنه‌وه‌ی به‌كارهێنانی مرۆڤ له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه. به‌ئامانجی لێكۆڵینه‌وه‌كردن له عه‌داله‌ت و یه‌كسانی له‌نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگادا. ژماره‌یه‌ك بیروباوه‌ڕ و سیسته‌م هه‌بوون كه ده‌سوڕانه‌وه به‌ده‌وری فكری سۆشیالیزم‌دا. تیۆری ماركسی لینینی ئه‌و فكره‌یان گواسته‌وه بۆ واقیع و كردیانه بنه‌ڕه‌تێك بۆ سۆشیالیزم، هه‌روه‌ها لێكۆڵینه‌وه‌یان كرد له دامه‌زراندی سیسته‌می سۆشیالیزم‌دا كه له‌جه‌وهه‌ردا بیری ماركسی – لینینی بوو بۆ ئه‌و بابه‌ته.
سۆشیالیزم به‌ره‌نگاری سه‌رمایه‌داری بوویه‌وه، بۆله‌ناوبردنی خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی كه هۆكارێك بوو بۆ به‌رهه‌مهێنان، گۆڕیان به خاوه‌ندارێتی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆئه‌وه‌ی گۆڕانكاری بكات له بونیاتنانی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له كۆمه‌ڵگادا، ئامانجی به‌رهه‌می سه‌رمایه‌داری لێكۆڵینه‌وه‌كردن بوو له خاوه‌نداری و پێداویستیه‌ك بۆ به‌رهه‌مهێنان و به‌كاربردنی چینی كرێكار، ئه‌و ئامانجانه بوو كه سیسته‌می سۆشیالیزمیان به‌رهه‌مهێنا بۆ پێداویستیه‌كانی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگه‌ی ماددی و ڕۆحی و سنورێكیان بۆ به‌كاربردنیان دانا. سه‌پاندنی ئه‌و سیسته‌مه پێویست بوو كۆمه‌ڵگا ئیشی پێبكات له‌به‌رئه‌وه‌ی “كرێكار تا كارنه‌كات ناتوانێت خواردن بخوات” له‌به‌رئه‌وه كۆمه‌ڵگه گۆڕا بۆ كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رمایه‌دار، وه‌گۆڕا بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی یه‌ك بگرێت له‌گه‌ڵا سه‌رمایه‌داره‌كان و كرێكاره‌كاندا.
سۆشیالیزم سیسته‌مێكی ته‌واوه له ڕووی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌وه، ئامانجی ئه‌وه‌بوو له عه‌داله‌ت بكۆڵێته‌وه له‌كۆمه‌ڵگادا، سه‌پاندنی كاریان به‌كارهێنا به‌سه‌ر تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگادا به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌كاریان به‌رن، هه‌ستان به خاوه‌ندارێتی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ پێداویستی به‌رهه‌مهێنان
له‌بواری ئابوری‌دا لێكۆڵینه‌وه ده‌كرێت له شێوازی به‌رهه‌مهێنانی سۆشیالیستی جگه‌له‌ه‌ی كه ببێته پێداویستیه‌ك بۆ به‌رهه‌می خاوه‌ندارێتی كۆمه‌ڵگا یان خاوه‌ندارێتی بۆ ده‌وڵه‌ت و هاوكاریكردنه‌كانی.
له‌بواری كۆمه‌ڵایه‌تیدا ململانێی چینایه‌تی هه‌یه ئه‌م ململانێیانه له‌نێوان گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانیشدا هه‌یه، یاسایه‌كیان ده‌ركرد بۆ ڕێكخستنی ژیانی كۆمه‌ڵگه بۆ چاودێریكردنی كۆمه‌ڵگه به‌باشی و چاودێریكردنی هه‌موو تاكێك به‌باشی به‌یه‌كه‌وه، له‌و قۆناغه‌دا توانرا بونیاتی سۆسیالیستی بنرێت بۆ لێكۆڵینه‌وه‌كردن له یه‌كسانی كۆمه‌لایه‌تیدا له‌به‌رئه‌وه‌ی كاریان دابه‌شكرد بۆ كاری زیهنی و كاری جه‌سته‌یی، بۆ كاری پیشه‌سازی و كاری كشتوكاڵی.
ده‌وڵه‌ت.. ناسیۆنالیزم..سۆشیالیزم
هه‌روه‌ك ده‌زانین له سه‌رده‌ی هه‌ژده‌یه‌م و به‌شی زۆری سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا كاری ده‌وڵه‌ت بریتی بوو له پاراستنی ئازادی نه‌ك فه‌راهه‌م كردنی ئازادی، لێره‌وه‌یه سیاسه‌ت ناسی ده‌وڵه‌ت به پاسه‌وانی میلله‌ت پێناسه ده‌كات، واته ده‌وڵه‌تێك باسی ئازادی تاك ده‌كات له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیه گشتی و تایبه‌تیه‌كانیدا واته هه‌وڵدانی ده‌وڵه‌ت لێره‌دا هه‌وڵدانه بۆ نه‌هێشتنی جیاوازی له‌نێوان تاكه‌كاندا. كاركردنی سۆشیالیزم كاركردنه بۆ هاوسه‌نگ كردنی بیری فه‌ردخوازی توندڕه و كۆمه‌ڵگه‌خوازی په‌رٍِگییردا، ئه‌م هاوسه‌نگیه‌ش كارێكی ئاسان نییه.
ئه‌گه‌ر سه‌ده‌ی نۆزده، سه‌ده‌ی ته‌وژمی ناسیۆنالیزم بێت ئه‌مه مانای ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه مه‌سه‌له‌كانی حوكمڕانیكردنیان فه‌رامۆش كردبێت، به‌ڵكو له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوون كێشه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك له سنوری جوگرافیای خۆیدا چاره‌سه‌ری كێشه ناوه‌كیه‌كانی بكات. ده‌زانین كێشه نه‌ته‌وه‌یه‌كان داینه‌مۆی جوڵه‌و بزوێنی گه‌لان بوون به‌ڵام هه‌موو كێشه‌كانیان پاوه‌ن نه‌كردبوو چونكه چینی ناوه‌ند مقۆ مقۆی ئه‌وه‌یان بوو كه بگه‌نه ده‌سه‌ڵات بۆ ئه‌وه‌ی ژیانێكی خۆش بۆ خۆیان هه‌ڵبژێرن و دژایه‌تی ده‌سه‌ڵاتداران بكه‌ن وه چینه‌كانی خواره‌وه له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوون كه بژین ئیدی له‌ژێر سایه‌ی چ حكومه‌تێك یان چ ده‌سه‌ڵاتێكدا بن؟! گرنگ نییه به‌لایانه‌وه به‌ڵكو ئه‌وه گرنگه كه ئه‌وان له برسا نه‌مرن. شۆڕشی پیشه‌سازی هات و گه‌وره‌ترین جیاوازی دروست كرد له‌نێوان چینی هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ندا واته چینی هه‌ژاران بوونه مه‌قاشێك بۆ په‌یداكردنی سه‌روه‌ت و سامان بۆ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان، ئه‌مه‌ش بوو به‌گرێیه‌ك و ململانێی دروست كرد له‌نێوان ئه‌و دوو چینه‌دا كه كاریگه‌ریه‌كی خراپی لێكه‌وته‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چینی سه‌رمایه‌داره‌كان، ئه‌م پشێویه هۆكاره‌كه‌ی سه‌رمایه‌داره‌كان بوون كه ده‌یانویست كرێكاران بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیان به‌كاربهێنن.
لێكۆڵینه‌وه له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌مه‌ڕ سروشتی موڵكایه‌تی تایبه‌ت دوو ئاقاری هه‌بوو:
یه‌كه‌م/ پێی وابوو موڵكایه‌تی تایبه‌ت ده‌بێته مایه‌ی گه‌شه‌كردن و كه‌ڵه‌كه بوونی سامانی نیشتمانی دواجار تاكه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا لێی سودمه‌ند ده‌بن و ده‌بێته هۆی به‌خته‌وه‌ری و خۆشگوزه‌رانی بۆ كۆمه‌ڵگا.
دووه‌م/ پێی وابوو موڵكایه‌تی تایبه‌ت كاریگه‌ریه‌كی نێگه‌تیڤی هه‌یه له‌سه‌ر خۆشگوزه‌رانی و به‌خته‌وه‌ری تاك و كۆمه‌ڵگا. پێویسته ئه‌ركه‌كانی كرێكار و چینی چه‌وساوه باش بكرێت نه‌ك بۆ مه‌رامه‌كانی خۆ و كۆكردنه‌وه‌ی زیاترین پاره وپول به‌كاربهێنرێت، هه‌روه‌ك ده‌زانین ئه‌م شێوه هه‌ڵسوكه‌وته‌ی چینی سه‌رمایه‌داری كاریگه‌ری نێگه‌تیڤی هه‌بوو له‌سه‌ر ده‌رونی كرێكار، به‌م جۆره كۆمه‌ڵگا به‌س ته‌نها سه‌رقاڵی كێشه نه‌ته‌وایه‌تیه‌كان نه‌بووه به‌ڵكو چینی كرێكارانیش هه‌وڵی ئه‌وه‌یان ده‌دا كه به‌هره‌مه‌ند بن له ده‌ستكه‌وته‌كان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ژیانێك بۆ خۆیان دروست بكه‌ن.
وه‌ك ده‌زانین سه‌ره‌تای هه‌موو ڕێبازێكی سیاسی بازدانی به‌خۆیه‌وه بینیوه و چه‌نده‌ها برانچی تری لێكه‌وتۆته‌وه به‌ڵام مه‌به‌ست له سۆشیالیزم ده‌ست تێوه‌ردانی ده‌سه‌ڵاته له جموجوڵی ئابوری ناو كۆمه‌ڵگا یان سۆشیالیزم دروست كردنی چه‌ند پرۆژه‌یه‌كه یان چه‌ند یاسایه‌كه كه له‌ڕێگه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه بۆ چاككردنی باری ئابوری خه‌ڵك به‌ڵام له‌ڕاستیدا سۆشیالیزم مانا ئه‌سڵیه‌كه‌ی هه‌وڵدانه بۆ نه‌هێشتنی موڵكایه‌تی تایبه‌ت و گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت بۆ موڵكایه‌تی گشتی، كه‌واته سۆشیالیزم دژ به هه‌موو پره‌نسیپه تاك گه‌راییه‌كانه و له هه‌وڵی ئه‌وه‌شدا بووه بیگۆڕێت بۆ كۆمه‌ڵگا خوازی كه سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگا به‌شداربن تێیدا.. واته نیشتیمان وه‌ك یه‌ك جه‌سته بۆ ته‌واوكردنی پێداویستیه‌كانی یه‌كتری، ئه‌م كاره‌ش كاركردنه بۆ نه‌هێشتنی جیاوازی، تاكه‌كان ئه‌فزه‌لیه‌ت بده‌ن به‌سه‌ر یه‌كدیدا، له پای ئه‌و هه‌ل و مه‌رجه ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌دا و له‌سه‌ده‌ی نۆزه‌دیه‌مدا نوسینه سۆشیالیستیه‌كان وه‌كو په‌رچه‌كردارێك دژ به‌و ژیانه نامرۆڤایه‌تیه‌ی ملیۆنه‌ها مرۆڤ تیایدا ده‌ژیا هاته ئاراوه، له‌ڕاستیدا بیرۆكه‌ی یان فیكری سۆشیالیستی ته‌نها و ته‌نها كوڕی ئه‌و سه‌رده‌مه نییه به‌ڵكو ئه‌م كێشه‌یه یان ناسه‌قامگیریه هۆی ئه‌و كێشه ئه‌زه‌لیه‌ی كه ڕه‌گ و ڕیشه‌ی خۆی داكوتاوه له‌ناو مێژوودا به‌ڵام پێش سه‌ده‌ی هه‌ژده و نۆزده په‌رت و بڵاوی ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ی پێوه دیاربوو به‌ڵام پاش ئه‌م سه‌رده‌مه واته له‌و ده‌مه‌دا تیۆریه‌كان فۆرمه‌ڵه‌كران كه ئامانجیان گه‌ڕانه‌وه‌ی خۆش گوزه‌رانی بوو بۆ چینی كرێكاران و خۆش به‌خت بكرێت له‌گه‌ڵا جیاوازی تیۆریانی سۆسیالیستی‌دا وه‌ك ده‌زانین بوونی هه‌یه و نكوڵی لێناكرێت به‌ڵام ئامانج نه‌هێشتن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕێبازی تاك گه‌راییه‌تی بوو چونكه وه‌ك ده‌زانین سیسته‌می سه‌رمایه‌داری ئامانجی ئه‌وه‌یه له زۆربه‌ی كاتدا خوێنی كرێكاران بمژێت له‌پێناو زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ندبونی خۆیدا چونكه ئه‌و ئامانجی خزمه‌تكردنی مرۆڤایه‌تی نییه، به‌ڵكو ئامانجی ئه‌وه‌یه كه زیاترین ده‌ست كه‌وتی ده‌ست بكه‌وێت.. هه‌وڵَدان و گه‌ڕان به‌دوای ئه‌وه‌دایه كه كه‌مكترین بڕی پاره‌ی تێچو سه‌رف بكات نه‌ك هه‌وڵدانێك كه خزمه‌ت به مرۆڤایه‌تی بكات.. لێره‌دا قسه و باسی ئێمه قسه كردنه له‌سه‌ر سۆسیالیزمی یۆتۆبی یان ئایدیاڵی كه ئه‌میش له نوسین و به‌رهه‌می سێ قوتابخانه‌دایه ئه‌ویش ئه‌مانه‌ن:
یه‌كه‌م/ قوتابخانه‌ی سان سیمۆن
دووه‌م/ قوتابخانه‌ی شارل فۆریێ
سییه‌م/ قوتابخانه‌ی ڕۆبه‌رت ئۆین
هه‌وڵدانی ئه‌م قوتابخانه‌یه هه‌وڵێك بوو دژ به ڕێبازی فه‌ردانیه‌ت و ده‌ربازبوون له‌و یاسا ئابوریه سروشتیانه‌ی كه له‌سه‌ر ململانێ دروست بووبوون، وه هه‌روه‌ها له‌دژی ئه‌وه بوون كه نابێت ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌ست وه‌ربداته ئابوریه‌وه به‌ناوی ئابوری ئازاد و ته‌نها ئه‌ركی ده‌وڵه‌ت پاراستنی موڵك و ماڵاتی ئه‌وانه‌ی كه خاوه‌ن سه‌رمایه‌ن، ئه‌م قوتابخانانه بانگه‌شه‌یان بۆ پره‌نسیپه‌كانی خۆیان ده‌كرد نه‌ك ئه‌وه‌ی به هه‌وڵدانێكی پراكتیكی به‌ڵكو كاركردنیان په‌یوه‌ست بوو به داواكردنه‌وه نه‌ك ئه‌وه‌ی كه پێویسته جێ به‌جێ بكرێت.
یه‌كه‌م/ سان سیمۆن (1760/ 1825ز)
سان سیمۆن و لایه‌نگرانی ڕه‌خنه‌یان له مافی موڵكایه‌تی تایبه‌ت ئه‌وه‌بوو و ڕه‌تیان ده‌كرده‌وه كه موڵكایه‌تی تایبه‌ت مافێكی سروشتی بێت، وه هه‌روه‌ها هێرشیان ده‌كرده سه‌ر كه مافی میراتی وه هه‌موو ده‌ست كه‌وتێكیان به ناڕه‌وا له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا كه به‌بێ هه‌وڵا و خۆڕه‌نجاندن ده‌ست كه‌وتبێت، چونكه ئه‌مان ده‌یانوست هه‌موو كارێك و پرۆژه‌یه‌ك پێویستی به هه‌وڵه وه داواكاری دووه‌میان ئه‌وه‌بوو كه كرێكار ئازاد بكرێت، چونكه به‌ڕای ئه‌وان پێیان وابوو كه كرێكار بووه‌ته كۆیله به‌ده‌ست سه‌رمایه‌داره‌كانه‌وه وه داوایان له ده‌وڵه‌ت ئه‌وه‌بوو كه ئه‌ركی وه‌به‌رهێنان بگرێته ئه‌ستۆ بۆ ئه‌وه‌ی پشێوی ڕوونه‌دات و كاریش بۆ هه‌مووان بڕه‌خسێنێت وه هه‌ر ڕه‌خنه‌كانی سان سیمۆن بوو له ده‌وڵه‌ت و موڵكایه‌تی تایبه‌ت وایكرد كه ئه‌نگلس و ماركس تیۆریاكه‌ی خۆیان به‌و شێوه‌یه دابڕێژن.
دووه‌م/ شارل فۆرێی (1772/ 1827)ز
كه‌سێكی ئابوریناس و فه‌یله‌سوف بوو، خاوه‌نی تیۆری كۆمه‌لایه‌تی و ئابوری بوو.. زۆر كاریگه‌ر بوو به بیری سۆشیالیستی پێش كارل ماركس. وه فۆێ نه‌یتوانی سۆشیالیزم به‌مانا قوڵه‌كه‌ی به‌كاربهێنێت وه ئاره‌زووی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی سیسته‌می پاشایه‌تی نه‌بوو به‌ڵكو فۆرێی داوای ده‌كرد كه فیدراسیۆنێكی به‌ر فراوان دروست بكرێت و ئه‌م فیدراسیۆنه‌ش بكرێت به‌چه‌ند گروپێكه‌وه به‌ناوی (phalansteres) و هه‌ریه‌كه‌یان له 1620 ئه‌ندام بن، نیوه‌یان پیاو و نیوه‌كه‌ی دییان ژن بن، كاركردن له‌ناو ئه‌م گروپانه‌دا له‌سه‌ر بنه‌مای حه‌ز و ئاره‌زوو بێت بۆ ئه‌وه‌ی توانای كار زیادبكرێت وه پێویسته به‌رهه‌می (phalansteres) به‌م شێوه‌یه بێت.
12/5 بۆ كار و 12/4 بۆ سه‌رمایه 12/3 بۆ چالاكی و كات به‌سه‌ربردن.
سۆسیـــــــــــالیزمی فۆرێی به‌وه ناسراوه كه سۆسیالیزمێكی هه‌ره‌وه‌زیه وه له‌به‌ر ئه‌وه له هه‌موو سۆسیالیسته‌كانی دی خه‌یاڵی تره چونكه ئه‌و پێی وابوو كه هاوكاری له‌نێوان تاكه‌كاندا پێویست به‌حكومه‌ت و ده‌وڵه‌ت ناكات.
سێ یه‌م/ ڕۆبه‌رت ئۆین 1771/ 1851ز
ئۆین پێی وابوو سه‌رمایه‌داری به‌و پێیه‌ی باس له به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی و ململانێی ئازاد ده‌كات ئه‌وا ناكۆكه له‌گه‌ڵا دۆخی سروشتی‌دا و له‌گه‌ڵیدا ناگونجێت، ئۆرین به كارگه فابرینیه‌كانی خۆیه‌وه ده‌ستی كرد به‌جێ به‌جێكردنی بیر‌و باوه‌ڕه سۆسیالیستیه‌كه‌ی مه‌به‌ستی له‌و كاره‌ش چاككردنی هه‌لومه‌رجی كرێكاران و خــــــۆشگوزه‌رانی ژیانیان بوو، بۆ ئه‌م كاره‌ش كرێی ڕۆژانه‌ی زیادكردن و كاته‌كانی ئیشی بۆ كه‌م كردنه‌وه وه هه‌روه‌ها هه‌وڵیدا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی ته‌ندروستیان باش بێت بۆ ئه‌م كاره‌ش بنكه‌ی ته‌ندروستی بۆ كـــــــــردنه‌وه و چه‌ند ده‌رمانخانه‌یه‌كی بۆ كردنه‌وه تا به‌بێ قازانج پێیان بفرۆشێت و هه‌روه‌ها قوتابخانه‌ی بــــــــــۆ منداڵه‌كانیان كـــرده‌وه.
سامان غفور باقی
په‌راویز و سه‌رچاوه‌كان:
1/ http://mousou3a.educdz.com/أوین/
2/http://www.myegyptsun.com/forum/showthread.php?t=8346
3/http://international.daralhayat.com/internationalarticle/167298
4/why socialism? By Albert Einstien
5 capitalism, socialism,democracy… josiph A. Schumpemter.. Goerge Allen & unwin (puplished) Ltd 1976