Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
سێبەرەکانی کەرکووك … سەلام محەمەد

سێبەرەکانی کەرکووك … سەلام محەمەد

Closed
by April 3, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

سەرنج : ئەم شیعرە لە مانگەشەوێکی حوزەیرانی ١٩٨١ دا لە زینۆی سووری خڕەی ناوزەنگ نووسراوە . بە درێژای شەو خەریکی شیعرەکە بووم و  ببوومە پارچەیەك لە سروشتەکەی دەوروبەرم . ئەم شیعرە هەر لە ساڵی ١٩٨١ دا لە نامیلکەیەکدا  لە شاخ  بڵاوکراوەتەوە بەڵام چەند ژمارەیەکی کەمی لێ چاپکرا بۆیە بە فراوانی نەکەوتە دەستی خوێنەران . پاش هەوڵێکی زۆر کە چەند ساڵێکی خەیاند نامیلکەکەم دۆزیەوە و ئەمەیش یەکەم جارە دوای تێپەڕبوونی سیی و دوو ساڵ بە سەر نووسینی بە بێ هیچ دەستکاریەك وەکو خۆی بڵاوبکرێتەوە .

 

سەلام محەمەد

 

 

ئیمشەو بێداریم کێوێکە گورگ گەمارۆی داوە

جۆگەلەی شەوق و ئاوی تریفەی مانگی گەلاوێژ

تك تك ئەڕژێنە سەر شووشەی سپی بیرەوەریم و

هێجگار لەسەرخۆ

ژیلەمۆی تینووی برینەکانم باوەشێن ئەکەن

رۆحم وەك رەگی پیرەدارێکی تازەهەڵکەنراو

بۆتە هاوار و قرچە قرچەکەی

لە ناو ئەشکەوتی تاریك و دوورا دەنگ ئەداتەوە

ئەو ئەستێرەیەی بە ئاسمانەوە بەرەو خوار ئەکشێ

لە گەڵ تارمایی هەوری لەرزۆکا

چاوشاركێ ئەکا و

رەشماڵی تیشکە سێبەردارەکەی

جار جار ئەبێتە گۆمی تریفە و

هەندێ جاریش وەك دایکێکی بە سۆز

بە پەنجەی نەرمی 

سەروپەرچەمی

درەختی گوندە راگوێزراوەکان ئەهێنێ و ئەبا

زۆر لە خوارەوە بناری تاریك

گوێی هەڵخستووە بۆ هاژەی چەم و ناڵەی رەشەبا و

زیقە و واق واقی تاق تاق کەرەی شەو

بێدەنگی دۆڵ و هەڵمی هەناسەی شاخی چاوەڕێ

وەك کڵاوڕۆژنەی

ژێر لق و پۆپی دەمەوعەسرانی

رۆژانی ماچ و دڵداری و ئەوین

لە سەر ئاوێنەی

سەرنجی مەنگ و بیرکردنەوەما

ئەدرەوشێتەوە

منیش هەست ئەکەم هەموو لووتکەیەك

شاپەریەکی بەسەرەوەیە و

لە سەر ئاوازی مەرگ و گیان کێشان

سەما ئەکات و 

بەژنی زڕاڤی تۆم نیشان ئەدات

ئای چەندە جوانی

ئەی دەزگیرانی

تەمەنی وێڵ و شەوانی مەستیم

بیرت ئەکەم و نامەوێ هەرگیز بێمەوە بۆ لات

ئەم سەرە گێژەم هەڵئەگرم ئەڕۆم

وڵاتە و وڵات

ئەمڕۆ دڵەکەم بیابانێکە

تەنیا بە ئاوی کانیاوی کوێستان ئەبوژێتەوە

سبەینێ لە سەر شۆستە و شەقامی شارێکی دوورا

وەکو پاشایەك بێ یار و هاوڕێ

بێ خاك و وڵات

سەر ئەنێمە سەر پەرداخی ئاڵ و 

شیعری تەنیایی و لەدایکبوونی بۆ ئەخوێنمەوە

نیوەشەویش هات

ئەخزێمە نوێنی گەرم و تامەزرۆی 

سۆزانیەکی دەربەدەرەوە

ئەو لەشی ماندووی دائەپۆشێت و خەو بە رۆژانی :

( خاوێنیی گیان ، کاتی منداڵی ، سەردەمی کۆنی یەکەم دڵداری ، 

شەوی سووتانی پەردەی کچێنی و خواوە ئەبینێ  )

منیش بە ئاستەم

گوڵە ماچێکی سەرخۆش و رێبوار

لە ناوچەوانی تۆمار ئەکەم و دەمەوبەیانی

کە هێشتا نوقمی خەوی شیرینە

بێ ماڵئاوایی دوور ئەکەومەوە

منی بێ یار و بێ هاوڕێ و وڵات

سەری خەواڵووم هەڵئەگرم ئەڕۆم وڵاتە و وڵات

ئەزانم هەرگیز خۆشەویستی تۆم بیر ناچێتەوە

بەڵام دڵنیام نایەمەوە لات

ئەی دەزگیرانی تەمەنی وێڵ و شەوانی مەستیم

چەندەی دوور بە دوور بۆت ئەتلێمەوە 

ئەوەندە و زیاتر

لە نزیکەوە لێت بێزار ئەبم

سبەینێ کە خێڵ ئەگەڕێنەوە

سبەینێ کاتێ :

زەردەخەنەی شاخ ،

فرمێسکی شار و دێهاتی خەمبار تێکەڵاو ئەبن

چی خونچەی سیس و زەردهەڵگەڕاوی

خۆشەویستانی لێك دابڕاوە ، ئەگەشێنەوە

سبەینێ کۆچی خێڵ بەرەو خوارە

کۆچی دڵیشم رێگای ژوور ئەگرێت

 

# # # # # 

 

ئەگەر بۆ دە ساڵ داگیرت کردم

ئەو پاشایە نیم ترس دایگرێ و 

بەیداخی سپی بەرز کاتەوە

شۆڕەسواریش نیم

حیلەی ئەسپەکەم وەك هەوری بەهار

دەنگت راماڵێ و

بە رم و شمشێر بێمە پێشەوە

من چەندەی رقم لێت ئەبێتەوە

ئەوەندە و زیاتر

ئەوینت رەگی

لە ناو خوێناوی گیانما چەقیوە

 

  # # # # #

 

وا تریفەی مانگ زەردەکاتەوە و 

روو لە ئاوا بوون

هاوار و هاژەی

پێدەشت و چیا و دۆڵی تاریکی

وڵاتی بەفر و خوێن و زریانی داوە بە شانا

منیش بێداریم کێوێکە گورگ گەمارۆی داوە

تك تك بارانی سەرنجەکانم

بە ناخی ئاسۆی شین هەڵگەڕاوا

شۆڕبوونەتەوە و 

چاوی ئارامیان بڕیوەتە خۆر

کە پاش چەند ساتێ

لە نێوان سنگ و مەمکۆڵەی قوتی

دوو لووتکەی بەرزا

چاوی هەڵدێنێ و

تیشکی زێڕینی

لە سەر روومەتی گەڵای چنار و

باڵای چەماوەی

پەڵەگەنمی ژێر شنەی گزنگ و

زەردە ماسی نێو رووباری سارد و 

پیرە دارگوێزا رەنگەداتەوە

ئای چەندە جوانی

ئەی دەزگیرانی پەنا دیوار و 

سێبەرەکانی شاری کەرکووکم

ئێستاش هەر تۆزێ چاو بنووقێنم

بۆنی هەناسەت

چەشنی بەرامەی خۆڵی پاش باران

ناخم پڕ ئەکات لە گوڵ و ئاگر

ئەبینم هەردوو باسکی نەرمی خانمێکی جوان

بە سەرە پەنجە بانگم ئەکەن و

بە چاویش باسی 

کوڕە شوانێکم بۆ ئەگێڕنەوە

حەزی لە کچی ئاغا کردبوو

ئاغا کە زانی شاربەدەری کرد

جاڕی دا ئەگەر بگەڕێتەوە

هەر بە زیندوویی

بیکاتە خشتی دیوارێکی نوێ

کوڕە تا حەوت ساڵ لە هەردو کێوا

هاوڕێی ئاسك و گورگ و پڵینگ بوو

لەو ماوەیەدا نەفرەتی عەشق ناوچەکەی داگرت

تنۆکێ باران نەهاتە خوارێ

رمڵ لێدەر و مەلا و پیاوچاکان

بە ئاغایان وت :

ئەگەر کوڕە شوان بگەڕێتەوە و 

کچەی دڵخوازێ لێ مارە بکرێ

نەفرەتی رەشی ئاسمان لا ئەچێ

ئاغاش جاڕی دا کوڕە شوانەیان هێنایەوە دێ

کچەی دڵخوازیان لێ مارە کرد و 

دەمەوئێوارە بەرەو ژووری بوك رێگای گرتە بەر 

پاش حەو ساڵ دووری کە چاوی پێکەوت

دڵی داخورپا

تەزووی وەك چەقۆ دەمارەکانی بەیەکا هێنا

هەردوو باسکی بە دەرگاوە  نا و 

زۆر بە سۆزەوە حەیرانی ئەووت

تا لە پڕێکدا نووزەی لێ بڕا

کچە کە هەڵسا دەستی بگرێت و 

بینووسێنێتە باوەشی گەرم و تامەزرۆیەوە

هەر لە رەگەوە قۆڵی هاتە دەر

تومەزا شوانە بە گڕ و کڵپەی عەشق سووتاوە

چاو ئەکەمەوە :

هێشتا تارمایی خانمی جوانم لێ ون نەبووە

هەردوو باسی بۆم کردۆتەوە

بە سەرە پەنجە و سیمای پڕ تکا

بانگم ئەکات و

شێتانە دەم و لێوی ئەکرۆژێ

ئەی خانمی جوان

ئەی دەزگیرانی پەنا دیوار و

سێبەرەکانی شاری کەرکووکم

منی سووتاوی گڕی دڵداری

دڵنیام ئەگەر بێمە باوەشی ئاگرینتەوە

لە سەر گەردن و لە نێوان هەردوو مەمکۆڵەی قنجا

ئەبمە خۆڵەمێش ..

 

# # # # # 

 

ئەمڕۆ دڵەکەم بیابانێکە

تەنیا بە ئاوی کانیاوی کوێستان ئەبوژێتەوە

سبەینێ کە خێڵ ئەگەڕێتەوە

ئەزانم منیش

ئەوەندە تاسەی دیدارت ئەبم

رەنگە چڕنووکی هەناسەی تاڵم 

کێو لە بن بێنێ

بەڵام ئەڕۆم و نایەمەوە لات

سەری شەکەتم ئەدەمە کۆڵا وڵاتە و وڵات

من چەندەی رقم لێت ئەبێتەوە

ئەوەندە و زیاتر

ئەوینت رەگی لە ناو خوێناوی گیانما چەقیوە .

زینۆی سوور /  ناوزەنگ

١٩٨١

تێبینی  : لە ژمارە ٨٦ ی گۆڤاری هەناردا بڵاوکراوەتەوە

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.