Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
سەبارەت بە دەستور، عەلمانیەکانی کوردستان لە کوێن ؟

سەبارەت بە دەستور، عەلمانیەکانی کوردستان لە کوێن ؟

Closed
by May 31, 2013 گشتی

 

 

 

 

کەم نین ئەو حزب و لایەنە سیاسیانەی خۆیان بە عەلمانی دەزانن. کەم نین ئەو ڕیکخراوە جەماوەری و پیشەیی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی! کە خۆیان بە عەلمانی دەزانن. کەم نین ئەو رۆژنامەو رۆژنامەنوس و هونەرمەندو ئەدیب و لێکۆڵەرەوەو شاعیر و نوسەر و توێژەرەوانی فەلسەفی… کەخۆیان بەعەلمانی دەزانن. کەم نین ئەو ڕیکخراوە ژنان و ئافرەتانەی خۆیان بەعەلمانی دەزانن. کەم نین ئەو کەسایەتی و هەڵسوڕاوە سیاسی و جەماوەریانەی بانگەشەی سەربەخۆی دەکەن و خۆیان بەعەلمانی دەزانن. کەم نین مامۆستایانی زانکۆ و قوتابخانەکان کە خۆیان بەعەلمانی دەزانن. کەم نین ئەو پارێزەرو دادوەرانەی خۆیان بە عەلمانی دەزانن…. واتە ریزو ئۆردیەکی زۆر هەیە کە خۆیان بەعەلمانی دەزانن و بانگەشەی دنیایی بوون و بانگەشەی جیای دین لە دەوڵەت. بانگەشەی چەمکی هاوڵاتی بوون. بانگەشەی سەروەری یاساو بەرابەری یاسایی و پشتگیری لە یاسای مۆدێرن، پێداگری لەسەر ئازادی دینداری و بێدینی، ئازادی کاری رۆژنامەگەری، یەکسانی یاسایی ژنان و پیاوان، ئازادییە فەردی و مەدەنیەکان …تاد، دەکەن.

پرسیار ئەوەیە ئەم ئۆردووە لە بەرامبەر بە پرۆژەی پێشنیاری دەستوری هەرێمی کوردستاندا، بۆ بێدەنگن؟ یان بۆچی لە بروابوونیان بە عەلمانیەتەوە لەبەرامبەر بەو پرۆژەیەدا هیچ ناڵێن؟ بۆچی لەبەرامبەر بە مادەی شەشی دەستور  کە دەڵێت” …بنەماکانی شەریعەتی ئیسلام سەرچاوەیەکی سەرەکی یاسا دانان ” وە بیدەنگن لە بەرامبەر بەو بەندەی کە دەڵێت ” نابێ یاسایەک دابنرێت ناکۆک بێت لەگەڵ حوکمە نەگۆرەکانی ئیسلام…” بۆچی لەبەرامبەر بە برگەیەدا کە دەڵێت” هەموو کەس مافی ئازادی دەربرێنی هەیەو پیویستە ئازادی ڕۆژنامەنووسی و هۆیەکانی ڕادەربڕین و راگەیاندن و فرەلایەنیان مسۆگەر بکرێ، بەڵام ئەمە توانج و تەشەر ودەستدرێژی بۆسەر مافی خەڵکی دیکەو سوکایەتی بە پیرۆزییە ئایینیەکان و هاندان بۆ توندوتیژی و برەوپێدانی رق و کینە لەنێو پێکهاتەکانی گەلی کوردستان-عێراقدا ناگرێتەوە”…

ئەم چەند بڕگەو بەندەی دەستور، پایە سەرەکیەکانی دەستور و رەگەی ئەو بەڵگەنامەیەیە کە پێی دەوترێت دەستوری هەرێم. وە ئەمانە نەک هەر ناکۆکن بە عەلمانیەت و دیموکراتی! بەڵکە تەواو دژی ئازادی و مافی فەرد و مافی هاوڵاتیبوون و مافی کەسایەتی ژن و یاسای مۆدێرن و کاری رۆژنامەگەری ئازادو پرسی رەخنەگرتن لە زۆر لایەنی سیاسی و کۆمەڵایەتی و یاسایی و کەلتورین …

هەموو ئەو ریزە بەرینە لە عەلمانیەکانی کوردستان باش دەزانن، هێرش بۆسەر کاری رۆژنامەنوسی و رۆژنامەگەری بە پلەی یەکەم لە ژێر ناوی سوکایەتی بە پیرۆزیەکان، لە ژێر ناوی رێزنەگرتن لە ئادابی گشتی، لە ژێر ناوی تەشیر و سوکایەتیکردن، بەرێوەدەبرێن. سوکایەتی و توندوتیژی و بێمافی بەرامبەر بەژنان تا کوشتینیان و ناچار بە خۆکوژیان… لە ژێر ناوی شەرەفدا، پشتی بە یاسای سەرچاوەگرتوو لە ئیسلام بەستوەو و کوشتنی ژن بە کەشتنی عەمد” ئەنقەست” تەماشا ناکرێت و وەکو تاوانی کوشتنیکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت. بە واتایەکی تر بێمافی و سوکایەتی و توندوتیژی و قەسابی ژنان یاسا لەپشتیەتی و بەرگری لێدەکات. یاسا لە پشت زیندانی و هێرش کردنە بۆ سەر رۆژنامەنوسان و کاری رۆژنامەگەری، بۆسەر شاعیر و ئەدیب و نوسەر و لیکۆڵەرو رەخنەگرو… لە ژێر ناوی بەرگری لە ئادابی گشتی و پیرۆزیەکان. هەموو ئەو ڕیزە لە عەلمانیەکانی کوردستانیش دەزانن کە ئەوەی دەستورێک دەکاتە دەستورێکی داوکەوتوانەو دیکتاتۆر و دژ بە مافی هاوڵاتیان، ئەو دەستورانەن کە پشتیان بە ناسنامەی قەومی و حاشاکردن لە ناسنامەی هاوڵاتی بوون بەستووە. پشتیان بە یاساکانی ئیسلام و مەزهەبێکی دیاریکراو، بەستووە. کەواتە ئەوەی دەستور بە پلەی یەکەم دەکاتە بەڵگەنامەیەک و سەرچاوەیەکی سەرەکی یاساکان، ناوەرۆکی دەستور و پایەسەرەکیەکانی دەستورە.

دەستوری پێشنیاری هەرێمی کوردستان، کە ئێستا بۆتە سەنتیزی ململانێی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆن، ململانێکەیان لەسەر کۆنەپەرست بوون و دواکەوتویی دەستورەکە نییە، لەسەر ئەوە نییە ئەم دەستورە بەیاسا ئازادییەکان و ئازادی و بەیان و بڵاوکردنەوە و رۆژنامەگەری و چاپەمەنی لە ژیر ناوی تەشیرو سوکایەتی بە پیرۆزیەکان!… سنوردارو قەدەغە دەکات. ململانیەکەیان لەسەر ئەوە نییە ئەم دەستورە مافی فەردی و مەدەنی ئینسانەکان بەیاسا لە ژێر ناوی” ناکۆک بووبن بە حوکمەنە گۆرەکانی ئیسلام” ژێر پێدەخات. ململانێکەیان لەسەر ئەوە نییە، کە مافی ژنان و کوشتنیان بە پشتیوانی یاسایی، کە ئامارەکانی چەند بەرابەری جەنگی ناوخۆیی دەسەڵات، کیمیابارانکردنی هەڵەبجەیە… بەر پێبگریت. بەڵکە هەردوو لا دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆن و خێڵی بەرینی نوسەرە بێئیرادەکراوەکانیان، بەرگری لەو دەستورە دەکەن. بانگەشەو پێداگریشیان بۆ گێرنەوەی دەستور و هەموارکردنەوەی بۆ هەموارکردنەوەی پایە سەرەکیەکانی دەستورەکە و ناوەرؤکە دژی ئینسانی و بێمافیە یاسایەکانی سەرچاوەگرتوو لە ئیسلام نیییە. بەوەش نیشانی دەدەن کێشەی ئەوان مافی هاوڵاتی بوون، مافی فەرد و مافە مەدەنیەکانی ئینسان، مافی ژنان، ئازادی بەیان و بیرورا و کاری رۆژنامەگەریی نییە، بەڵکە ململانێی ئەوان لەسەر جۆری دەسەڵاتدارێتی بەسەر کۆمەڵگادایە، کە ئایا بە شێوەی پەرلەمانی یان سەرۆکایەتی دەتوانن، ئەم کەشە دژە ئینسانییە، بەسەر کۆمەڵگای کوردستاندا، دابسەپێینن. سیستەمی سیاسی سەرۆکایەتی بێت یان پەرلەمانی، سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمان پەنجە مۆری بۆ بکرێت یان راستەوخۆ هەڵبژێردرێت. هیچ لەو راستیە ناگۆرێت کە دەبێتە پارێزەرو جێبەجێکەری ناوڕۆکی کۆنەپەرستانەی ئەو دەستورە دژە ئازادی و دژە مافی هاوڵاتی و بوون و دژی مافی تاک و دژە ژنە و دژە کاری رۆژنامەگەرییە، وە لەیەک وشەدا دژی کۆمەڵگا.

چەپ و عەلمانیەکانی کوردستان، پێویستە لە بەرەیەکی سەربەخۆی فراواندا، بەدژی ئەم دەستورەو گەمەی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆندا، بێنە مەیدان و رێگە نەدەن، ئەم دەستورە ببێتە چوارچێوەیەک بۆ لەقاڵبدانی ئازادییەکان و مافی هاوڵاتی وبوون و پێویستە بە پرۆژەی پێشکەوتنخوازانەی خۆیانەوە، هەم دەستوری پیشنیاری و ئەو کایەی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆن، تور بدەن. ئەو ململانێیەی ئێستا لە ژێر ناوی دەستوردا، لە ئارادایە، بە جیا لە جەنگی راگەیاندنی هەڵبژاردنەکان، جەنگی واقعی دەسەڵاتدارێتییە، بەسەر ویستی ئازادی و ئازادیخوازی مافی ئینسانی، ئینسانەکان لە کۆمەڵگای کوردستاندا. ئەم دەستورە و پایەکانی چاکسازی و هەموارکردنەوە هەڵناگرێت و پێویستە بە تەواوەتی وەلا بنرێت.

 

             عەبدوڵا مەحمود

abdulla.mahmud@gmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.