Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
شه‌ڕ مه‌که‌ن و بێ داوایش دامه‌نیشن

شه‌ڕ مه‌که‌ن و بێ داوایش دامه‌نیشن

Closed
by June 25, 2012 گشتی

 

 

 

ناچێته‌ مێشکی هیچ ئاوه‌زمه‌ندێکه‌وه‌ که‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کی چه‌ند هه‌زار ساڵه‌ خاوه‌نی سیپاره‌یه‌کی نووسراو له‌ مێژووی خۆی به‌ ده‌ستی خۆی نه‌بێت.  چه‌توونه‌ هیچ مرۆڤێکی خاوه‌ن ویژدان و لێزان له‌ بواری مێژوو بڕوا بکات له‌ ماوه‌ی هه‌زاران ساڵ دا ئه‌و هه‌موو خان و سه‌ردار و میر و  خونکاره‌ له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ک هه‌ڵکه‌وێت و هیچیان هۆشی نووسینه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌ک له‌ ژیان و به‌سه‌رهاتی خۆیان و ڕووداوه‌کانی ده‌وروبه‌ری خۆیانیان نه‌بووبێت، له‌ کاتێکدا که‌ ده‌ر و دراوسێکانی خاوه‌نی زانکۆ و ئه‌کادێمیا و په‌رتووکخانه‌ و چی و چی بوون.  به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ به‌سه‌ر کورددا سه‌پێنراوه‌ و له‌ هۆش و هزری ئاخنراوه‌ وا ده‌ڵێت که‌ کورد سه‌ره‌ڕای مێژووی لانیکه‌م 2000 ساڵه‌ی به‌ڵام خاوه‌نی  تاقه‌ یه‌ک ڕسته‌ و وشه‌ی نووسراوه‌یش نییه‌.  هه‌رچی هه‌یه‌ له‌ وڵاته‌که‌یدا بێت یان له‌ وڵاتانی دراوسێی هه‌مووی هی بێگانه‌یه‌ و هیچی مافی کوردی به‌سه‌ره‌وه‌ نییه‌! ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و نووسراوانه‌ به‌ زمانی کوردیش  نووسرابن هه‌ر کوردی نین و هی کورد نین… به‌ڵکوو ئه‌وه‌ زمانێکی تره‌ و ئێستا نه‌ماوه‌ و فه‌وتاوه!‌…  ئه‌و ناهه‌قی و سته‌م و بێدادی و چه‌واشه‌کارییه‌ وای کردووه‌ ئه‌مڕۆ تاکی کورد خۆیشی قه‌ناعه‌ت به‌وه‌ بکات که‌ فه‌رهه‌نگ و وێژه‌ی نوسه‌واری نه‌بووه‌ و نییه‌؛ و هه‌رچی هه‌یه‌ هی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست و زاڵم و سته‌مکاره‌.  خوویه‌کی نادروست و نابه‌جێ له‌ مێشکی تاکی کورد دا جێگیر بووه‌ که‌ هه‌موو که‌س و نه‌ته‌وه‌یه‌ک له‌ خۆی باڵاتر و پیرۆزتر ده‌زانێت و خۆی له‌ هه‌مووان که‌متر و سووکتر ده‌بینێت.. 

به‌خته‌وه‌رانه‌، کورد به‌ هه‌ر هۆیه‌که‌وه‌ بێت، ئه‌گه‌ر مێژووی نووسه‌واریشی نه‌بێت وه‌ک بێگانه‌کان ده‌ڵێن، به‌ڵام وێژه‌یه‌کی ڕه‌نگین و زه‌نگین و له‌ بن نه‌هاتووی زاره‌کیی هه‌یه‌ که‌ هه‌مووی پوخته‌ و  پاڵه‌فته‌ی پاک و په‌تیی ئه‌و مێژووه‌ نووسراوه‌یه‌یه‌ که‌ به‌ناهه‌ق لێی دزراوه‌ و شێوێنراوه‌ و فه‌وتێنراوه‌.  ئامۆژگاری و په‌ند و ڕێنوێنی و به‌یت و باو و چیرۆک و سه‌ربرده‌‌ و فه‌رمایشی پیر و حه‌کیمان و ده‌یان شتی جۆراوجۆر و باییمه‌ندی تر که‌ هه‌ر کامه‌یان به‌شێک و جزمێک و فه‌سڵ و بابێک له‌ په‌رتووکی مێژووی هه‌زاران ساڵه‌ی ئه‌م نه‌ته‌وه‌ خاراو و له‌کڵ ده‌رهاتووه‌یه‌.  هه‌رچه‌نده‌ به‌شێک له‌م مێژووه‌ زاره‌کییه‌ به‌تایبه‌تی له‌ ناوچه‌ی سۆران له‌ فه‌وتان ڕزگار بووه‌ و چووه‌ته‌ نێو توێی په‌رتووکانه‌وه‌؛ به‌ڵام به‌ له‌به‌رچاوگرتنی فراوانی و مه‌زنیی زمانی کوردی و ئه‌و وێژه‌ زاره‌کییه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌، ده‌کرێ بڵێین ئه‌وه‌ی په‌رژاوینه‌ته‌ سه‌ر نووسینه‌وه‌ی و له‌ فه‌وتان قوتاری بووه‌، تنۆکێکه‌ له‌ ده‌ریایه‌ک و ده‌نکێکه‌ له‌ خه‌رمانێک.  هه‌ربۆیه‌ کاری زۆر و ئه‌رکی قورس هێشتا له‌به‌رده‌مدایه‌ و بیری ورد و مووقه‌ڵێشی گه‌ره‌که‌.

وه‌ک دیاره‌ زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌ و نه‌ژاده‌کانی دنیا له‌ ڕووی ئایین و مه‌زه‌به‌وه‌ تا ڕاده‌یه‌کی زۆر یه‌کده‌ستن و هه‌ر ئه‌و یه‌کده‌ستییه‌ ئایینییه‌ش یه‌کێتییی فه‌رهه‌نگ و نه‌ریتی لێکه‌وتووه‌ته‌وه‌ و یارمه‌تیده‌رێکی باشیان بووه‌ بۆ سه‌رکه‌وتن و کۆکردنه‌وه‌یان له‌ ده‌وری هێما و سه‌مبولگه‌لێک که‌ دواتر ناوی نراوه‌ پیرۆزی و سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی.  کورد به‌ هه‌ر هۆیه‌که‌وه‌ بێت له‌ نیعمه‌تی هه‌بوونی یه‌ک ئایین و باوه‌ڕ بێبه‌ش بووه‌ و به‌ زۆره‌ملی بێت یان به‌ ویستی خۆی که‌ دینی ئیسلامی هه‌ڵبژاردووه‌، نزیکه‌ی نیوه‌ی بووه‌ به‌ سوننی و نیوه‌که‌ی تری شیعه‌، جگه‌ له‌ که‌مایه‌تییه‌ ئایینیه‌کانی تریش که‌ هیچکامیان بێ ڕۆڵ و کاریگه‌ری نین.  ئه‌م دابه‌شبوونه‌ی کورد به‌سه‌ر شیعه‌ و سووننی دا به‌ر له‌ هه‌ر شت گه‌وره‌ترین زه‌بری له‌ خودی کورد و یه‌کێتیی نه‌ته‌وایه‌تیه‌که‌ی داوه‌ و بووه‌ته‌ خۆره‌ بۆ لاشه‌ی ناسیۆنالیزمی کورد.  مه‌سه‌له‌ ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ یه‌کیک له‌م مه‌زهه‌بانه‌ خراپه‌ و دژی کورده‌ و ئه‌وه‌که‌ باش و ئه‌رێنیییه‌‌، مه‌سه‌له‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌وه‌نده‌ی بڕوا ئایینیه‌که‌ گرنگی و بایه‌خی پێدراوه‌،‌ مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی ئه‌وه‌نده‌ به‌لاوه‌ گرنگ نه‌بووه‌؛ و به‌رده‌وام لایه‌نی نه‌ته‌وایه‌تی خراوه‌ته‌ ژێر سێبه‌ری ئایینه‌وه‌.  له‌م نێوه‌دا دوژمنانیش ئه‌وه‌نده‌ی بۆیان لوواوه‌ له‌ پێناوی فراوانترکردنی که‌لێنی نێوان ئه‌م دوو کورده‌دا فوویان به‌ ژیله‌مۆکانی ژێر خۆڵه‌مێشی ئاییندا کردووه‌ و گه‌شاندوویانه‌ته‌وه‌…  هه‌ر بۆیه‌وه‌ ئێستا و له‌م سه‌رده‌مه‌دا که‌ شیعه‌ و سوننی له‌ ئاستی جیهانیدا تێغ له‌ یه‌کتری ده‌سوون، هه‌وڵیش نه‌دراوه‌‌ که‌ هێماگه‌لێکی کاریگه‌ر و شوێندانه‌ری هاوبه‌ش له‌ نێوان شیعه‌ و سوننیی کورددا بدۆزرێته‌وه‌ و بکرێت به‌ بناغه‌ و بنه‌مای کار و تێکۆشان بۆ هه‌مووان؛ و سه‌ره‌نجام ناسیۆنالیزمی کوردی له‌سه‌ر بنیات بنرێت؛ له‌ بنه‌ڕه‌تدا ڕه‌نگه‌ له‌باره‌ی کات و سه‌رده‌میشه‌وه‌ دره‌نگ بێت بۆ وه‌ها کارێک.  ئه‌وه‌ که‌ هه‌ندێک که‌س و لایه‌ن له‌ سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه په‌نایان بۆ زیندووکردنه‌وه‌ی ئایینی زه‌رده‌شتی ده‌برد و بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌کرد هه‌ر کاردانه‌وه‌ و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م چاره‌ڕه‌شییه‌ بوو…  به‌ بڕوای نووسه‌ر ئه‌گه‌ر له‌ ئایینیشدا جیاوازی له‌نێوان ئه‌م دوو که‌رته‌ به‌رچاوکه‌وتبێت‌، له‌ فه‌رهه‌نگ و وێژه‌ و زمان دا هاوبه‌ش بوون و ئه‌وه‌نده‌ له‌ یه‌کتری دوور نه‌که‌وتوونه‌ته‌وه‌؛ هه‌ر بۆیه‌ ڕێی تێده‌چێت وێژه‌ی زاره‌کیی کوردی که‌ که‌یله‌ له‌ گه‌وهه‌ری شه‌وچرا، زیندوو بکرێته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ زاراوه‌ و ده‌سته‌واژه‌ و تێرمه‌ زانستی و ڕامیاری و کۆمه‌ڵناسییه‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ هاوتا و هاوواتا بکرێن.  جۆرێک شکۆ و شانازی و پیرۆزی و مه‌زنییان پێببه‌خشرێت که‌ تاکی کورد به‌ڕێزه‌وه‌ لێیان بڕوانێت و له‌ ویژدانی ناخودئاگای خۆیدا جێگایان بۆ ته‌رخان بکات.

ئه‌م نووسراوه‌یه‌ هه‌وڵی کۆکردنه‌وه‌ و هاوێرکردن و پۆلبه‌ندیکردنی وێژه‌ی زاره‌کیی کورد نادات؛ به‌ڵکوو له‌ درێژه‌ی خۆیدا تێده‌کۆشێت وته‌یه‌کی کورت و پڕ واتا و حه‌کیمانه‌ی کوردی بداته‌ به‌ر تیشکی لێکۆڵینه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ و به‌ وردی بچێته‌ نێواخنییه‌وه‌ و گرنگی و قورسایی ئه‌و وته‌یه‌ و ئاستی هۆشیاری و مرۆڤدۆستیی دانه‌ران و بڕوامه‌ندانی ئه‌م وته‌یه‌ بخاته‌ به‌رچاوی خوێنه‌ر.   هه‌روه‌ها ئه‌م نووسراوه‌یه‌ هه‌وڵده‌دات ئه‌و ڕاستییه‌ ڕوون بکاته‌وه،‌ ئه‌گه‌ر تاکی کورد له‌ زمان و وێژه‌ و مێژووی ڕابردووی خۆی به‌ چاوی بایه‌خه‌وه‌ بنۆڕێت، هیچی که‌متر نه‌بووه‌ نه‌ک ته‌نیا له‌ نه‌ته‌وه‌ سه‌رده‌سته‌کانی تورک و فارس و عه‌ره‌ب، ته‌نانه‌ت له‌ نه‌ته‌وه‌ پێشکه‌وتووه‌کانی جیهانیش.  ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ کورد به‌ مه‌نتیقی کوردی و به‌ پێوه‌ر و پێودانگی کوردی بڕوانێته‌ گه‌نجینه‌ی وێژه‌ی خۆی، نایابترین و گرانبه‌هاترین گه‌وهه‌ر و مرواریی ئه‌وتۆی تێدا ده‌دۆزینه‌وه‌؛ که‌ ده‌کرێت ببنه‌ ده‌سمایه‌ و سه‌رمایه‌ و پشتیوانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی؛ و چه‌رخی خه‌باتی ڕزگاریخوازانه‌ی ئه‌م کورده‌ به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی و ڕزگاریی یه‌کجاری پاڵبده‌ن.  وته‌ی “شه‌ڕ مه‌که‌ن و بێ داوایش دامه‌نیش”  ئه‌و ده‌سته‌واژه‌ هه‌ڵبژارده‌یه‌یه‌ که‌ له‌م باسه‌دا شیته‌ڵ و شیمانه‌ ده‌کرێت و شیله‌ و خه‌ستاوه‌که‌ی به‌ پاک و پوختی پێشکه‌ش به‌ خوێنه‌ری زیت و ڕۆشنبین و ڕۆشنبیر ده‌کرێت. 

ئای که‌ وته‌یه‌کی پڕمانا و حه‌کیمانه‌ی که‌موێنه‌یه‌.  له‌ ڕیزی ئه‌و وته‌ پڕبایه‌خانه‌دایه‌ که‌ به‌ ئاوی زێر ده‌نووسرێنه‌وه‌ تا به‌رده‌وام به‌ ڕووی مرۆڤاه‌یه‌تیدا بترووسکێنه‌وه‌ و ژه‌نگ به‌ خۆیانه‌وه‌ نه‌گرن.  هه‌روه‌ک له‌ خوێندنه‌وه‌ی وته‌که‌وه‌ ده‌رده‌که‌وێت، دوو به‌شی سه‌ره‌کی که‌ هه‌رکامه‌یان فه‌لسه‌فه‌یه‌کی له‌ پشته‌وه‌یه‌ پاڵیان داوه‌ به‌ پاڵی یه‌کترییه‌وه‌ و میوه‌یه‌کی خۆش چێژ و خۆشبه‌رامه‌یان به‌رهه‌م هێناوه‌.   له‌ به‌شی یه‌که‌م دا پێشینان، مه‌زن و میر و و پیر و پیاوچاکانی خاوه‌ن ئه‌زموون و دنیادیته‌ ئامۆژگاریمان ده‌که‌ن نه‌جه‌نگین،  ئاژاوه‌ و هه‌را و خوێنڕێژی و کوشتار و وێرانی نه‌که‌ینه‌ ئامانج و کاری بۆ نه‌که‌ین.  خۆ بپارێزین و دوور بکه‌وینه‌وه‌ له‌ هه‌ر جووڵه‌ و بیرۆکه‌یه‌ک که‌ ئاراسته‌که‌ی به‌لای جه‌نگ و مرۆڤکوشتن دا بێت.  ئه‌وه‌ ئاکار و خوو و ڕه‌وشتی هه‌موو دایک و باوکێکی کورده‌ بۆ ڕۆڵه‌که‌ی که‌ خۆی له‌ خراپه‌ و ئاژاوه‌ دووربگرێت و نه‌بێته‌ هۆی فیتنه‌ و هه‌را؛ که‌ هه‌میشه‌ ده‌ره‌نجامی دڵته‌زینی لێده‌که‌وێته‌وه‌.  هه‌روه‌ک ڕوون و ئاشکرایشه‌ له‌وه‌ته‌ی کورد هه‌یه‌ هه‌رگیز هه‌وڵی په‌لاماردانی هیچکه‌س و لایه‌نێکی نه‌داوه‌.  هه‌میشه‌ نه‌ته‌وه‌ و نه‌ژاده‌کانی تر هه‌وڵی داگیرکرنی کوردستان و تێکدانی ره‌وشی ئارامی کوردستانیان داوه‌؛ و له‌ ڕێگای سه‌پاندنی باج و سه‌رانه‌ و.. مه‌ردمی کوردستانیان خستووته‌ ته‌نگانه‌وه‌ و ژیانیان لێیان تاڵ کردووه‌.  سه‌ختترین و ساردترین زه‌ردوما و هه‌ڵه‌مووتی هه‌ڵبژاردووه‌ بۆ ژیان، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی پارێزراو بێت و دوور بکه‌وێته‌وه‌ له‌ جه‌نگ و ئاشوب و توندوتیژی.  به‌ گه‌نم و دانه‌وێڵه‌ و سپیایی و میوه‌ و وشکه‌بار و پێست و خوریی خۆی قه‌ناعه‌تی کردووه‌، شووره‌ و په‌رژینی پته‌وی له‌ ده‌وری سامان و دارایی خۆی هه‌ڵچنیوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگا له‌ ئاژاوه‌ی ئه‌م و ئه‌و بگرێت و بیانوویه‌ک بۆ فیتنه‌گێریی شه‌ڕخوازانی ده‌وروبه‌ری نه‌هێڵێته‌وه‌. به‌رده‌وام له‌ مافی خۆی خۆشبووه‌ و دایشکاندووه‌ تا ڕێگه‌ له‌ توندوتیژی بگرێت.

به‌شی دووه‌م له‌م وته‌ به‌نرخه‌ هه‌م فه‌رمانه‌ و هه‌م هۆشیارکردنه‌وه‌یه‌ و هه‌م هاندانه‌ بۆ تاکی کورد که‌ له‌ به‌رامبه‌ر زوڵم و ناهه‌قی و ناعه‌داڵه‌تیدا بێده‌نگ  نه‌بێت.  فێری ده‌کات که‌ سته‌م و بێدادی نه‌په‌ژرێنێت و هه‌رده‌م له‌ به‌رامبه‌ر که‌موکووڕی و ناته‌واوییه‌کاندا زمانی واز‌ و هاواری به‌رز و ده‌نگی دلێر بێت.  ئه‌وه‌ی که‌ زۆر جێگای سه‌رنج و تێڕامانه‌ ئه‌مه‌یه‌ که‌ ئه‌م  وته‌ جوان و شیرینه‌، ئه‌م ئامۆژگارییه‌ حه‌کیمانه‌یه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ داوای بێده‌نگنه‌بوون ده‌کات له‌ هه‌مان کاتیشدا ڕێنوێنی ئه‌نجامدانی کاری توندوتیژی ناکات و به‌وه‌نده‌ به‌سه‌نده‌ ده‌کات که‌ بڵێت نییه‌تی جه‌نگ و توندوتیژیتان نه‌بێت، به‌ڵام له‌ هه‌مبه‌ر سته‌میشدا خاوه‌ن قسه‌ بن و بێده‌نگی هه‌ڵمه‌بژێرن.  هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک داواکاریی چاکسازی و ئاڵوگۆڕ و پێشکه‌وتنی له‌ ژیاندانه‌بت ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ ناته‌ندروسته‌ و شایانی ئه‌وه‌ نییه‌ پێیبگوترێت کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی.  مرۆڤ له‌ سروشتی خۆیدا ئاره‌زووی گۆڕان و جێگۆڕکێ و تێکه‌ڵاوی و هاموشۆی هه‌یه‌.  مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکی ته‌ماعکاره‌ و ئه‌و ته‌ماعه‌یش هه‌ڵیده‌نێت و دنه‌ی ده‌دات بۆ گه‌ڕان به‌دوای باشتر و خۆشتر و زۆرتردا.  به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م وته‌ پڕبایه‌خه‌دا به‌رچاو ده‌که‌وێت ئه‌مه‌یه‌ که‌ نابێت بیر له‌ توندوتیژی بکرێته‌وه‌؛ به‌ڵام چاوله‌ده‌ستی و بێده‌نگی و پشتبه‌ستن به‌ قه‌زاوقه‌ده‌ریش ناپه‌سه‌نده‌ و ناکرێت هه‌ر بیریشی لێبکرێته‌وه‌.

به‌ ئاوڕ دانه‌وه‌ له‌ ڕابردووی دوور و درێژی پڕ فیداکاری و سه‌ربزێویی کورد بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه‌ که‌ ڕۆڵه‌کانی کورد له‌ هه‌ر گۆشه‌ و قوژبنێکی ئه‌م نیشتمانه‌ ده‌رفه‌تیان بۆ لووابێت، به‌ دڕێژایی مێژوو هه‌وڵی به‌جێهینانی ئه‌م فه‌رمایشه‌ پیرۆزه‌ی باپیرانیان داوه‌، لێ مخابن نه‌ به‌ وردی چوونه‌ته‌ نێو قوڵایی بیرۆکه‌که‌وه‌ و نه‌ به‌رامبه‌ره‌کانیشیان ئه‌وه‌نده‌ خاوه‌ن فه‌رهه‌نگ و شارستانیه‌ت و ڕۆشنبیری بوون تا ڕێز بۆ ویست و داخوازییه‌کانیان دابنێن؛ و ته‌نانه‌ت هه‌وڵیان نه‌داوه‌ بۆ ساتێکیش گوێیان لێبگرن و خواسته‌کانیان بژنه‌فن.  هه‌ر بۆیه‌  تا هه‌نووکه‌ش کورد ده‌ره‌تانی پیاده‌کردنی ئه‌م ئامۆژگارییه‌ی بۆ نه‌ڕه‌خساوه‌ و هه‌لێکی گونجاوی ئه‌وتۆی ده‌ست نه‌که‌وتووه‌ به‌ وردی و قووڵی ئه‌م یه‌که‌ بئه‌زموێت.

شه‌ڕ مه‌که‌ن وبێ داوایش دامه‌نیشن له‌ ئه‌مڕۆ له‌ بواری ڕامیاریدا ده‌کرێ چالاکانه‌ به‌کاربهێنرێت و له‌باتی زۆر وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌ی باوی ئه‌م سه‌ردمه‌ سوودی لێوه‌ربگیرێت. (Civil disobedience) نافه‌رمانیی مه‌ده‌نی، (Nonviolence activity) چالاکیی ناتوندوتیژی و زۆر ده‌سته‌واژه‌ی تر هه‌یه‌ که‌ ڕه‌نگه‌ له‌ نێوه‌ۆرکدا به‌قه‌د وته‌ کوردییه‌که‌یش واتادار نه‌بن.

ئه‌م وته‌یه‌ تاکه‌ وته‌ی پێشینانمان نییه‌ که‌ ئاوا جوان و ڕه‌وان و پڕ حیکمه‌ت بێت و له‌ خزمه‌تی ئاشتی و مرۆڤایه‌تی و دادپه‌روه‌ریدا بێت.  ماریفه‌تی پیره‌کانی هه‌ورامان، ئامۆژگارییه‌کانی خدری زینده‌، په‌نده‌کانی ئێڵبه‌گی جاف و هتد…  هه‌موو شایانی لێوردبوونه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ن و پێویسته‌ هه‌وڵی نووسینه‌وه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌ی وردیان بۆ بدرێت.

 

عه‌بدولواحیدی خه‌نده‌ڕه‌ش

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.