عەزیزم .. چی باسکەم ؟…. نەوزاد بەندی
Closed
هەموویان بە زستان جەستەیان ئەشۆن و
هاوینیش وەک خاولى ..
هەموویان بە بەهار سەیران و ..
پاییزیش بۆ باوێشک..
هەموومان دوژمنى یەکترین ..
هەموومان هەوڵ ئەدەین
لە پێستى یەکترى
لە دڵى یەکتری
وەک برین ..
هەموومان لەدەرگاى یەکتری ،
خاشاک و
دڕک و داڵ
لە جیاتى سێو ، ئەگرین ..
عەزیزم .. چی باسکەم ؟
کە ئێمە بە خوێنى یەکترى وا تینووین
بۆ ئەوەى یەکترى بکوژین ، وا زینووین
سێبەرى دارەکان لوول ئەکەین ،
ئەیبەینە ماڵەوە ،
نەک سەگێک سەرخەوێ بشکێنێ ..
فێنکایى کانیەکان کەپس ئەکەین ،
ئەیخەینە ناو بتڵى ئەفراوە ..
ئەیخەینە ناو کیسى پەنگوین و
ناهێڵین مێروویەک ..
ڕۆژووی پێ بشکێنێ ..
کەئێمە هەموومان پەنجەمان چەقۆیە ..
زمانمان درۆیە ..
تامەزرۆى شەڕێکین
تەنانەت لەبەر شەڕ ، وا ڕێکین ..