Skip to Content

Tuesday, March 19th, 2024
لێکۆڵینەوە لە هۆکارو چارەسەرەکانى توندوتیژى دژى ژنان

لێکۆڵینەوە لە هۆکارو چارەسەرەکانى توندوتیژى دژى ژنان

Closed
by September 12, 2008 ژنان

    پەیامى کۆتایى کۆنفرانسى
     لێکۆڵینەوە لە هۆکارو چارەسەرەکانى توندوتیژى دژى ژنان
  لە دەڤەرى ڕاپەڕین
 
 لەڕۆژانى 30 و31/8/2008 لە هۆڵى 5ى ئازار لە قەزاى ڕانیە، دەستەى ژنانى چالاکى ڕاپەرین بەهاوکارى ڕێکخراوى (CDO) کۆنفرانسى تایبەت بە (لێکۆڵینەوە لە هۆکارو چارەسەرەکانى توندوتیژى دژى ژنان لە دەڤەرى ڕاپەرین)، سازکرد، ئەم کۆنفرانسە بەرهەمى سێ مانگى کارى کۆمەڵێک ژن و پیاوى چالاکى بوارى داکۆکى لە مافەکانى مرۆڤ و مافەکانى ژنان بوو، کە بەهەوڵ و ماندوو بوونیان کار دەکەن بۆ نەهێشتنى توندوتیژى دژى ژن لە دەڤەرى ڕاپەڕین و ناوچەکانى ترى کوردستان .
 کۆنفرانس لە ڕۆژى یەکەمیدا بە پێشانگایەکى شێوەکارى و پاشان ساتێک وەستانى سەرجەم ئەندامان و میوانان بۆ گیانى ئەو ژنانەى بێتاوان لە ناو بران، دەستى بەکارەکانى خۆى کرد،  پاش ئەوەش لەلایەن چەند هونەرمەندێکى ناوەندى هونەرى ڕانیەوە شانۆیەک نمایش کرا کە گوزارشت بوو لە نەهامەتیەکانى ژن و باڵا دەستى پیاو سالارى و پاشان ڕەتکردنەوەى توندوتیژى دژى ژن، دوابەدواى ئەوە ووتەى ڕێبەرانى کۆنفرانس (دەستەى ژنانى چالاکى ڕاپەڕین و ڕێکخراوى CDO)لەلایەن خاتوو (مریەم سەمەد-سەرۆکى دەستە)ەوە پێشکەش کرا کە تیایدا پەیامى ڕێبەرانى کۆنفرانس ڕوون کرایەوە کە ئامانج و پاڵنەرەکان بریتى بوون لەو ڕێژە بەرچاوەى توندوتیژى لە دەڤەرى ڕاپەڕین دژى ژنان و هەردوو ڕێکخراو داوایان کرد کە با هەموو ڕێکخراو گروپە مەدەنیەکان بە هاوبەشى لەگەڵ حکومەت و حیزبەکان و ڕاگەیاندنەکان بەرەنگارى توندوتیژى دژى ژن ببنەوە و کارى هاوبەش و پێکەوەیى بۆ نەهێشتنى ئەو دیاردە نێگەتیڤە بکەن و ئەم کۆنفرانسە بکەنە سەرەتایەکى باش بۆ ئەو هەنگاوە.
 دواتر پهیامی مه‌کته‌بی یاریده‌رانی به‌ڕێز مام جه‌لال خوێندرایه‌وه‌ که به‌ناوی به‌ڕێز جه‌نابی مام جه‌لال و مه‌کته‌به‌که‌یان‌ وێڕای پیرۆزبایی و ده‌ستخۆشی و پشتیوانیان له‌ ئاماده‌کارانی کۆنفرانسه‌که‌ هیواشیان خواست خه‌بات بۆ رووبه‌روو بونه‌وه‌ی دیارده‌ی تووندوتیژی دژی ژنان به‌رده‌وام بێت و کۆتایی به‌و مه‌ینه‌تیانه‌ بهێنرێت که‌ ڕۆژانه‌ ژنان دوچاری ده‌بنه‌وه‌ له‌ کوردستان.
 پاش ئەوەش وتەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان پێش کەش کرا کە جگە لە دەست خۆشى لەئەنجامدانى کۆنفرانسەکە راگه‌یاند کە زۆرێک لەحیزبه‌ سۆسیال دیموکرات و چه‌په‌کان و ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و پەرلەمانتارانىڕۆژئاوا سه‌باره‌ت به‌و دیارده‌یه‌ قێزه‌ونه‌ به‌ نیگه‌رانیه‌وه‌ سه‌یری هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ن و پێمان ده‌ڵێن پێویسته‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ بنه‌بڕ بکرێت هه‌روه‌ها ئه‌و دیارده‌یه‌ ده‌بێتە هۆی که‌مبوونه‌وه‌و هاوسۆزی پشتیوانی رای گشتی ڕۆژئاوا له‌ کێشه‌ی ڕه‌وای گه‌له‌که‌مان.
  دواتر ووتەى بەڕێز وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى ژنان پێشکەش کرا کە تیایدا دەستخۆشى وەزارەتەکەى بۆ سازدانى ئەم کۆنفرانسە ڕاگەیاند و هەروەها بەرنامە و چالاکى وەزارەتەکەشى خستەڕوو بەمەبەستى بەرەنگار بونەوەى توندو تیژى دژى ژن لە هەرێمى کوردستاندا.
 دوا بەدواى مەراسیمى کردنەوەو پێشکەشە کردنى ووتەکان ، بەرنامەکانى کۆنفرانس بەپێ ى ئەجندایەکى دیارى کراو بەڕێوەچوو، سەرەتا لەلایەن (سەنتەرى توێژینەوەى کۆمەڵایەتى و تاوان)ەوە ئامار و زانیارى لەسەر ڕێژەو ژمارەى کوشتن وسوتاندنى ژنان لە دەڤەرى ڕاپەرین لەماوەى ساڵانی1-7-2003 تا 1-7-2008  خرایە روو که‌ له‌و ماوه‌یه‌دا 352 روداوی تووندوتیژی هه‌بوو به‌ هه‌موو جۆره‌کانییەوە.
 لە بڕگەى دووەمدا ئەنجامى ڕاپرسیەکى تایبەتى ڕێکخراوى گەشەپێدانى مەدەنیەت CDOلەسەر توندوتیژى دژى ژن و ڕاو سەرنجى خەڵکى دەڤەرى ڕاپەڕین لەسەر ئەو دیاردەیە پێشەکەش کرا، ڕاپرسیەکە بریتى بوو لە (1580) سامپڵ کە لەناو قەزاى ڕانیە و هەر پێنج ناحیەکەى دەوروبەرى لەسەرەتاى مانگى 8ى 2008دا لەلایەن تیمێکى ڕێکخراوى (CDO) ەوە ئەنجام درا بوو، لەسەرئەنجامى ئەم ڕاپرسیەدا ئەوە دەرکەوت کە بیروڕاو عەقڵیەتى بەکارهێنانى توندوتیژى دژى ژن لەو ناوچەیە بڵاوەو، ئەوەى ڕوودەدات زادەى ئەو کەلتورە شێواوو توندوتیژەیە کەلەسەر ئاستى کۆمەڵگا و بەشێوەیەکى بەر فراوان پەیڕەو دەکرێت، ئەم ڕاپرسیە ئەوەشى دەرخست کە هۆکارى توندو تیژى دژى ژن لەو دەڤەرە بریتى یە لە زاڵ بوونى عەقڵیەتى خێڵەکى و نەبوونى یان نزمى ئاستى هۆشیارى لاى تاکەکانى کۆمەڵ و بەکەم زانینى ڕەگەزى مێ لە بەشدارى کردن .
 دواتر بواردرا به‌ نوێنەرى بەڕێوەبەرێتى بەدواداچوونى توندوتیژى دژى ژنان سەر بە وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەمەبەستى ناساندنى بەڕێوەبەرێتیەکەیان و ئەو کارو چالاکیانەى ئەنجامى داوە لەگەڵ ئەو پلان و بەرنامانەى کەدەیەوێت لە کوردستان جێبەجێى بکات هه‌روه‌ها مژده‌ی کردنه‌وه‌ی بنکه‌یه‌کی به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌کانی له‌ ده‌ڤه‌ره‌که‌ راگه‌یاند.
  پاشان وتەى لیژنەى پشتیوانى کردنى ڕۆژنامە نووسانى مێینە پێشکەش کرا کە تایبەت بوو بە پشتیوانیکردنى ئەو هەوڵانەى بۆ داکۆکى لە ژنان دەکرێت و هەروەها دووپات کردنەوەى پشتگیرى بوو بۆ کۆنفرانسەکەو بەرەنگار بوونەوەى توندوتیژى دژى ژن بوو لە دەڤەرى ڕاپەڕین.
 لەهەمان دانیشتندا بابەتى (توندوتیژى دژى ژنان لە ڕەوانگەى ئاینى ئیسلام) لەلایەن بەڕێز (م.شێخ ماجد حەفید) ەوە پێشکەش کرا کە لە ناوەرۆکیدا باسى لە ڕاى ئاینى ئیسلام کرد سەبارەت بە ژن و مافەکانى ژن و پاشان بە چەند دەقێکى پیرۆز ئەوەى ڕەت کردەوە کەئیسلام هانى توندوتیژى بدات دژى ژن و تەئکیدى کردەوە ئەوەى ڕوو دەدات لە توندوتیژى دژى ژن هەمووى پێچەوانەى ئایینى ئیسلامەو تەنها ڕاى تایبەتى کەسەکانە .
 لە دانیشتنى دووەمی پاش نیوەڕۆی هه‌مان رۆژدا، بابەتێکی ده‌روونی له‌لایه‌ن دکتۆر (کامه‌ران)  له‌ ژێرناوی (هۆکارە دەروونیەکانى پشت توندوتیژى دژى ژن لە ڕووى دەرونناس)یەوە پێشکەشکرا کە لەو ڕێگەیەوە ئامادەکارى بابەتەکە ئەوەى ڕوون کردەوە کە چەندین نەخۆشى و پاڵنەرى دەروونى هەیە کە زانست دەیسەلمێنێت کە دەبنە هۆى پاڵنان و هاندەر بۆ خۆکوشتن و خۆسوتاندنى ژنان له‌کاتی دووچار بوون به‌ توندوتیژی په‌نای بۆ ده‌به‌ن و به‌ دوا رێگای ده‌زانن بۆ ده‌رباز بوون له‌و ره‌وشه‌ی که‌ تێده‌که‌ون.
 هه‌روه‌ها لێکۆڵینەوەیەکى ووردى زانستى لەژێر ناوی (تاوانى کوشتنى ژنان بە بیانووى شەرەف) لەلایەن (د.جوان ئیحسان)ەوە پێشکەش کرا کە بریتى بوو لە سەرئەنجامى توێژیەنەوەیەک کە لەسەر (150) تاوانبارى کوشتنى ژن بە بیانوى شەرەف ئەنجامدرابوو کە لە بەندیخانەکانى کوردستاندا حوکمەکەیان دەبەنە سەر، لەم توێژینەوەیەدا ئەوە دەرکەوت کە پاڵنەرەکانى کوشتنى ژن لاى ئەم تاوانبارانە پاڵنەرى کۆمەڵایەتى بوون، ئەوەش دەرکەوت کەبەشێکى زۆرى ئەم تاوانبارانە ئاستى هۆشیارى و خوێندەواریان زۆر نزمە و ئەمەش بە هۆکارێکى سەرەکى دیکە دانرا لە پاڵنەرەکانى ئەنجام دانى تاوانى لەو جۆرە،  دواین بڕگەى ڕۆژى یەکەمى کۆنفرانسیش بریتى بوو لە بابەتێكی یاسایی له‌لایه‌ن مامۆستا و یاساناس (ڕێواس فایه‌ق) به‌ناوی (توندو تیژى دژى ژن لە یاساى عێراق) دا کە بەووردى کێشە و گرفتەکانى ناو یاساى عێراقى بەرامبەر بە توندوتیژى دژى ژن و ئەو بڕگه‌ و ماددانه‌ی کە کەموکوڕیان تێدایه‌ و ده‌بنه‌ هۆی پاڵنانی توندوتیژی و یارمه‌تی بۆ تاوانباران بۆ رزگار بوون له‌ تاوانباریداخرایە ڕوو.
 ڕۆژی دووه‌می کۆنفرانس ئەندامانى کۆنفرانس دابەشکران بۆ شەش گروپ کە بریتى بوون لە (گروپى ڕاسپاردە بۆ حیزبە سیاسیەکان، گروپى ڕاسپاردە بۆ چارەسەرى توندوتیژى لەسەر ئاستى کۆمەڵگاو، و گرووپى ڕاسپاردە بۆ ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى، گروپى ڕاسپاردە بۆ بوارى کۆمەڵایەتى و دامەزراوە حکومیەکانى تایبەت بەژنان، گروپى ڕاسپاردەکانى تایبەت بەیاسا بۆ پەرلەمان و حکومەت و  و گرووپى تایبەت بە ڕاسپاردە بۆ دەزگاکانى ڕاگەیاندن).
 سەرئەنجام سەرجەم گروپەکان بەچەند ڕاسپاردەیەکى واقیعى دواین چالاکیەکانى دووەم ڕۆژى کۆنفرانسیان دەوڵەمەند کردوو بە ووردى گفتوگۆ لەسەر سەرجەم بڕگەو بابەتى ڕاسپاردەکان کراو بژاردەى ڕاسپاردەکانیش بریتین لەم خاڵانەى لاى خوارەوە :
 
  (Aگروپى ڕاسپاردە بۆ حیزبە سیاسیەکان :-
 1. ئاستى هۆشیارى ئەندامانى حیزب بەرز بکرێتەوە لەلایەن حیزبەکانەوە .
 2. بەرەو پێش بردنى ئاستى وشیارى کۆمەڵگا لەڕێگەى ئۆرگانە حیزبیەکانەوە .
 3. دەست وەرنەدانى حیزب لە کاروبارى حکومى و یاسایى .
 4. جیا کردنەوەى دەسەڵاتى یاسا و مەکتەبە کۆمەڵایەتیەکان .
 5. بەشدارى پێکردنى زیاترى ژنان لە پۆستە باڵاکانى حیزبى و حکومى بەپێى ئاستى هۆشیارى و پسپۆریان.
 6. بەشدارى پێکردنى ژنان لە هەموو ئەو خولانەى لە ناوەوەو دەرەوەى هەرێم دەکرێنەوە لە هەموو بوارێکدا.
 7. داڵدە نەدان و پشتیوانى نەکردنى ئەوانەى توندوتیژى دژى ژنان لە ئاستى بەرپرسیارێتى دا بن لەلایەن حیزبە سیاسیەکانەوە.
 8. هەوڵدان بۆ نەهێشتنى خێڵ و عەشیرەت لەلایەن حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە.
 9. پێگەیاندنى کادرى مەیدانى ژن بۆ بەگژدا چونەوەى توندوتیژى دژی ژنان لەلایەن حیزبەکان و ڕێکخراوە NGO کانەوە .
 10. دژایەتى کردنى داب و نەریتە کۆنەکان لەلایەن حیزبەوە .
 
 (B گروپى ڕاسپاردە بۆ چارەسەرى توندوتیژى دژى ژن لەسەر ئاستى کۆمەڵگا:-
 1. دروست کردنى خێزانێکى تەندروست لەڕێگەى پەروەردە و ڕاگەیاندن و وشیارى کۆمەڵایەتى .
 2. دانانى یاسایەک بۆ کاریگەر کردنى بۆ بەدواداچونى کێشە خێزانیەکان .
 3. دەسەڵات نابێت داڵدەى بکوژى ژنان بێت .
 4. چالاک کردن و زیاد کردنى ڕێکخراوەکان و سەنتەرە ڕۆشنبیریەکان لە ناو گەڕەکەکاندا و دانانى توێژەرى کۆمەڵایەتى .
 5. بەهێز کردنى ڕاگەیاندنى تایبەت بە ژنان و کێشە کۆمەڵایەتیەکان لەڕێگەى پرۆگرامەکان (Newspaper ،Internet ،Radio،TV).
 6. دابینکردنى هەلى کار بۆ ڕەگەزى مێینە.
 7. زیادکردن و چالاک کردنى شەڵتەرەکان بۆ داڵدەدانى ئەو ژنانەى کەهەڕەشە و مەترسیان لەسەرە .
 8. گرنگى دان بە ژنانى شوێنە دوورە دەستەکان .
 9. کەمکردنەوە لە کاریگەرى کولتورى توندوتیژى کولتورى دواکەتوو.
 10. نەهێشتنى بەکارهێنانى ئەو پەند و وتانەى کە لە تواناو ڕێزى ژن کەمدەکەنەوە.
 
 (C گروپى ڕاسپاردە بۆ ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى :-
 1. پێکهێنانی نێتۆرکێکی نوێ بە شێوازى ئەکادیمى و دوور لە هەمو بیرکردنەوە حیزبیەکان.
 2. کردنەوەى سەنتەرێکى ووشیارى کۆمەڵایەتى یاسایى بۆ ئەو گەنجانەى کە دەیانەوێت پرۆسەى هاوسەرگیرى پێک بێنن.
 3. دروستکردنى پەیمانێک لەلایەن ڕێکخراو و کەسانى کۆمەڵایەتى و  ئاینى کە بەنوسراوى رەسمى داوابکرێ کە هۆشیارى بڵاو بکەنەوە لەسەر توندوتیژى و وەرگرتنى واژۆ لە سەرۆک هۆز وخێڵ و عەشیرەتەکان کە پەیوەست بن بەو نوسراوەوە .
 4. دانانى پرۆگرامێک لەلایەن وەزارەتى پەروەردە تایبەت بە وشیارى یاسایى مافەکان بۆ ژن .
 5. وشیاکردنەوە بەگشتى بۆ هەردوو ڕەگەز.
 6. بەدواداچون بۆ ئەو پرۆژە یاسایانەى کە پێشکەش بە پەرلەمان کراوە.
 7. کردنەوەى خولى بەتواناکردن  بۆ توێژەرە کۆمەڵایەتیەکانى ناو خوێندنگاکان.
 8. ئامارى توندوتیژى دژ بەژنان بدرێتە دەست بەڕێوەبەرایەتى بەدواداچونى توندوتیژى دژ بە ژنان.
 9. فشار خستنە سەر دەزگاکانى داواکارى گشتى بۆ تۆمارکردنى داوا لەسەر ئەو قوربانیە ژنانەى کە کەسوکاریان داوا یان لەسەرکەس نیە .
 10. دروست کردنى فشار لەسەر ئەو کەسانەى کە بازرگانى بە دیاردەى لەش فرۆشیەوە دەکەن (سەرۆک باندەکان ) و سزادانیان بە یاسایەکى توند.
 11. فشار خستنە سەر حکومەت بۆ دابین کردنى بیمەى کۆمەڵایەتى  (چمانى اجتماعى) .
 12. دانانى(محقق عدلى ) ژن تایبەت بە لێکۆڵینەوەى ژنان .
 13. فشار دروست بکرێ کە مەکتەبە کۆمەڵایەتیەکان نەمێنێ .
 14. دیارى کردنى ژنێکى چالاک لەهەر گوندێکدا و دروستکردنى تۆڕێکى هاوبەش بۆ گەیاندنى زانیارى یەکانى گوندە کەلەسەر توندوتیژى دژى ژن لە گوندەکەدا.
 
 (D گروپى ڕاسپاردە بۆ بوارى کۆمەڵایەتى و دامەزراوە حکومیەکانى تایبەت بەژنان :-
 1. بڵاو کردنەوەى هۆشیارى پەیوەندى خێزانى و کۆمەڵایەتى لەڕێگەى ئەم میکانیزمانەى لاى خوارەوە :
 • لەڕێگەى میدیاکانەوە (نوسراو –بینراو-بیستراو).
 • لەڕێگەى ناوەندەکانى خوێندن .
 • لەڕێگەى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى.
 • لەڕێگەى مامۆستایانى ئاینى لە وتارى هەینى دا .
 • لەڕێگەى دامودەزگاکانى حکومییەوە .
 2. کردنەوەى سەنتەرێکى  هوشیارىوپێگەیاندنى ژنان و بەرزکردنەوەى ئاستى کۆمەڵایەتى بۆ بەدواداچونى کێشەى ژنان و چارەسەر کردنیان .
 3. کردنەوەى سەنتەرى توێژینەوەى کۆمەڵایەتى ،ئەنجام دانى توێژینەوەى بەردەوام و کارکردن لەسەر دەرئەنجامەکانى توێژینەوەکە .
 4. دانانى توێژەرى کۆمەڵایەتى و دەروونى بۆ بەدواداچونى کێشەکانیان لە دام و دەزگاکانى حکومەت بەتایبەت پەروەردە .
 5. زیاد کردنى بەشدارى سیاسى ژن لە هەرەَمى دەسەڵات و ناوەندەکانى بڕیار دان .
 6. کردنەوەى پرۆژەى ئابورى بەرهەم هێن کەژنان و کچانى ماڵەوە لەخۆ بگرێ .
 7. کردنەوەى خانەو لانەى ژنانى بێ نەوا وەپاراستنیان.
 8. کردنەوەى بەشى تایبەت بە ژنان بۆ سەرپەرشتى کردنیان بۆ ئەو ژنانەى کە بەگومانێکەوە گیراون .
 
  (Eگروپى ڕاسپاردەکانى تایبەت بە یاسا بۆ پەرلەمان و حکومەت:-
 گۆڕینى بیرکردنەوەى سیاسى دەسەڵاتى کوردى بۆ بیرکردنەوەیەکى سیاسى لیبڕاڵى .
 • پەرلەمان:
 1. هاوڵاتى بوون و وەک بنەمایەک بۆ دەست نیشانکردنى ئەرک و مافەکانى تاک لە دەستوورى هەرێمى کوردستان و یاساکانیدا .
 2. هەموار کردنى بڕگەى مادەى (3) لە قانونى (اێول محاکمات جزائیە).
 3. پەلە کردن لە دەرچونى یاساى تایبەت بە خەتەنەکردن و توندوتیژى خێزانى.
 4. بوونى ڕێژەیەک بۆ بەشدارى ژن کە کەمتر نەبێت لە30% لە هەموو دەزگاکانى هەرێم .
 5. هەموار کردنى مادەى(417) تا (419) پەیوەندار بە لەبارچوون و ڕێکخستنەوە .
 
 • حکومەت:
 1. کاراکردنى داواکارى گشتى .
 2. کاراکردنى بەڕێوەبەرایەتى بەدواداچونى توندو تیژى دژى ژنان .
 3. بەرزکردنەوەى ئاستى ڕۆشنبیرى هاوڵاتیان و ناساندنیان بە ماف و ئەرکەکانیان و كردنەوەى سەنتەرێكى ڕۆشنبیرى بۆ هۆشیاركردنەو ەو بە ڕۆشنبیركردنى ژنان .
 4. دابین کردنى شوێنى داڵدە دان بۆ هەر هاوڵاتیەک کە تووشى توندو تیژى دەبێتەوە بە تایبەتى ژنان .
 5. کردنەوەى پەیمانگاى پێگەیاندنى سیاسى و حکومى .
 6. دابین کردنى بیمەى کۆمەڵایەتى لەلایەن حکومەتەوە بۆ ژنە بێ دەرەتان و بێ لانەکان .
 7. دروستکردنى خانەى تایبەت لەلایەن حکومەتەوە بۆ ئەو ژنانەى ڕووبەڕوى توندو تیژى دەبنەوە .
 8. دابین کردنى نەخۆشخانەى تایبەت بۆ هەموو ئەو ژنانەى کێشەى دەروونیان هەیە
 9. دروستکردنى پەیمانگایەکى هۆشیارى خێزانى بۆ ئەوانەى کێشەى دەروونى و کۆمەڵایەتیان هەیە .
 
 (F  گروپى ڕاسپاردە بۆ دەزگاکانى ڕاگەیاندن :-
 1. بڵاو نەکردنەوەى بەرنامەى توندوتیژى لەڕێگەى میدیا و ڕاگەیاندنەکان بەشێوەیەک کاربکاتە سەر دەرونى تاک و کۆمەڵگا.
 2. گرنگیدانى ڕاگەیاندن بەلایەنى پەروەردەیى ووشیارکردنەوە.
 3. پتەوکردنى پەیوەندى نێوان ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکان.
 4. هەوڵى جدى بدرێ بۆ یەکسان کردنى ژن و پیاو لە میدیاکان.
 5. سوکایەتى نەکردن بە ژن لەڕێگاى میدیا و ڕاگەیاندنەکانەوە.
 6. کارئاسانیکردن بۆ ڕۆژنامەنوسان کاتێ بەدواداچون بۆ کێشەکانى ژنان دەکەن.
 7. گرنگیدانى ڕاگەیاندن بە شوێنە دوورە دەسەتەکان.
 8. هەوڵدان بۆ بەشدارى کردنى زیاترى ژنان بە دانانى ئەو یاسا ڕۆژنامەوانیانەى کە ئێستا لە پەرلەماندا گفتوگۆیا لەسەر دەکرێ.
 
 کۆنفرانس بەوپەڕى متمانە بە پشتیوانى خەڵک و ڕێکخراوەکان و میدیاى ئازاد ڕایدەگەیەنێت کە بەرنامەى داڕێژراو لەلایەن رێکخەرانى کۆنفرانس بە پشت بەستن بەو ڕسپاردانەى کە ئەندامان گفتوگۆیان لەسەر کردووە، دەبێتە هەنگاوێکى جدى و پراکتیکى بۆ خستنەگەڕى هەموو تواناکانمان بۆ بەرەنگارى توندوتیژى لەسەر ژن لە دەڤەرى ڕاپەڕین، هه‌روەها ئەوەش دوپات دەکەینەوە کە لەهەموو هەنگاوو چالاکیەکانماندا پشت ئەستور دەبین بەبەشدارى سەرجەم ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى و حیزبە سیاسیە پێشکەوتنخوازەکان و خەڵکى وشیارو بەئەمەکى سنوورەکە.
 سوپاس  بۆ هەموو بەشداران و میوانانى کۆنفرانس، سوپاسى زۆرمان بۆ ئەو کەس و لایەنانەى کە پشتیوانمان بوون لە سەرخستنى ئەم کۆنفرانسەدا.
  هەنگاو بە هەنگاو بەرەو نەهێشتنى توندوتیژى لەسەر ژن لەدەڤەرى ڕاپەڕین و سەرجەم شارەکانى ترى کوردستان.
 ڕێبەرانى کۆنفرانسى
 لێکۆڵینەوە لە هۆکارو چارەسەرەکانى توندو تیژى دژى ژنان لە دەڤەرى ڕاپەرین
 دەستەى ژنانى چالاکى ڕاپەڕین و ڕێکخراوى CDO
 
         31 /8/2008
                                                                    
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.