ماڵی ڕێحان، گه‌ڕان بۆ دۆزینه‌وه‌ی خود
مرۆڤ خاوه‌نی خودێكی ته‌نیا و سه‌ربه‌خۆیه و شوناسێكی تایبه‌تی هه‌یه كه له هه‌موو مرۆڤێكی دیكه‌ی جیا ده‌كاته‌وه، به‌وه‌ی هه‌ر مرۆڤێك ئه‌زموونێكی تایبه‌ت ده‌ژی له نێو بووندا، بۆیه ئه‌م خوده له زۆر كات و بارودۆخدا و به هۆی هه‌ندێ هۆكاری ناوه‌كی و ده‌ره‌كییه‌وه ون ده‌بێت یان له ده‌ست ده‌درێت به تایبه‌تی له سه‌رده‌می نوێ‌دا، بۆیه ناتونین له‌م بابه‌ته بدوێین گه‌ر باس له ترس و ئازار و نیگه‌رانیی و گومانه‌كانی مرۆڤ نه‌كه‌ین له سه‌رده‌می مۆدیرنه‌دا، كه زیاتر وه‌كو (ئه‌ریك فرۆم) ده‌ڵێت:((مرۆڤ له سه‌رده‌می نوێ و ته‌كنه‌لۆژیادا زیاتر وه‌كو كاڵایه‌ك ته‌ماشا ده‌كرێت، نه‌ك وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن عه‌قڵ.)) واتا له سه‌رده‌می مۆدێرنه‌دا چیدی مرۆڤ له‌وه ده‌كه‌وێت مرۆڤبوونی خۆی ئه‌زموون بكات و مانا به ژیانی بدات و بۆ خه‌ون و خه‌یاڵ و ئاره‌زووه‌كانی خۆی بژی، به‌ڵكو كه‌ره‌سته‌یه‌ك ده‌بێت به ده‌ستی ته‌كنه‌لۆژیا و وه‌كو لێبووكێكی گاڵته‌جاڕی لووت سووری سه‌ر شه‌قامه پیسه‌كانی لێ دێت، خۆی له ده‌ست ده‌دات و ئامێره‌كان یاری پێ ده‌كه‌ن، واتا ئامێره‌كان و ته‌كنه‌لۆژیای نوێ چاره‌نووس و شێوه‌ی ژیانی بۆ ده‌ستنیشان ده‌كات، چونكه هه‌موو هۆكاره‌كانی سه‌رده‌می نوێ یارمه‌تیده‌ری باشن بۆ له‌ده‌ستدانی خود له لایه‌ن مرۆڤه‌وه، لێره‌وه خۆ به‌ده‌ستهێنان له‌م سه‌رده‌مه‌دا ده‌بێته كارێكی زه‌حمه‌ت و پڕ كێشه و نه‌هامه‌تی بۆ مرۆڤ.
مرۆڤی مۆدێرن قاره‌مانه، قاره‌مانێكی ته‌نیا و ئاساییه ڕمێكی به ده‌سته‌وه‌یه، نازانێت له كوێی بدات و خاڵی ئامانجی بۆ دیاری ناكرێت، جه‌نگاوه‌رێكه نازانێت ڕووبه‌ڕووی چ هێزێك بوه‌ستێته‌وه و بجه‌نگێت، چونكه ئه‌و هێزانه‌ی به‌رانبه‌ری ڕاوه‌ستاون هێزگه‌لێكن جادوویین و نابینرێن، لێ هه‌ن و كار له سه‌ر پووكانه‌وه‌ی ئه‌م مرۆڤه قاره‌مانه ده‌كه‌ن، له به‌رانبه‌ر قاره‌مانی مۆدێرنه، قاره‌مانی پێش مۆدێرنه هه‌یه كه زیاتر له خوداكان ده‌چێت و هێزێكی سه‌روو مرۆیی هه‌یه و بوونه‌وه‌رێكی به‌ختیاره، چونكه ده‌زانێت سه‌ری ڕمه‌كه به یارمه‌تی و هاریكاری خوداكان له كوێ بدات و خاڵی مه‌به‌ست بپێكێت، له توانایدایه به ئاسانی نه‌یاره‌كانی خۆی دیاری بكات و ده‌شزانێت له چی كات و شوێنێكیشدا رووبه‌ڕوویان ببێته‌وه، واتا براوه‌ی هه‌موو ململانێكانه.
جه‌وهه‌ری ئه‌ده‌بیش پاراستنی رۆحی مرۆڤه له هه‌موو كات و زه‌مه‌نێكدا و كار له‌سه‌ر به‌رزڕاگرتن و گه‌وره‌كردنی ڕۆحی مرۆڤ و سه‌ركه‌وتنی ده‌كات له هه‌موو ململانێكاندا، واتا ئه‌ده‌ب ئه‌و كاره ده‌كاتـ، كه پێویسته بیكاتـ، كه بریتییه له سه‌نته‌ركردنی مرۆڤ و به ده‌ستهێنانه‌وه‌ی خودی ونبوو و له‌ده‌ستدراوی ئه‌م بوونه‌وه‌ره و به‌رگرییكردن له مرۆڤ و تواناكانی بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه به تایبه‌تی له سه‌رده‌می مۆدێرنه‌دا.
ئه‌م پێشه‌كییه‌م بۆ ئه‌وه باس كرد، چونكه ناوه‌ڕۆكی ئه‌م ڕۆمانه‌ی له باره‌ی ده‌نووسین باس له گه‌ڕان ده‌كات بۆ دۆزینه‌وه‌ی خودی ونبوو لای مرۆڤ.
ڕۆمانی (ماڵی ڕێحان) له نووسنی ( هۆشه‌نگ شێخ محه‌مه‌د) كه یه‌كه‌مین ڕۆمانی ئه‌م نووسه‌ره‌یه، ماوه‌یه‌كی كه‌مه بڵاو بۆته‌وه، ده‌قێكه كراوه‌ته‌وه به ڕووی چه‌نده‌ها باسی گرنگ و پڕ بایه‌خ و له ده‌رگای چه‌ندین بابه‌تی هه‌ستیاری داوه، وه‌كو مێژووی كێشه‌ی نێو فكری ئیسلامی له سه‌ر چه‌مكه‌كانی (پیرۆزی و پاكی و گه‌وره‌یی و خودا…هتد) و گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌فسانه‌ی یونانی و هیندی و به‌كارهێنانی زمانێكی شیعرئامێز و ناسك، له لایه‌كی تره‌وه كاری له‌سه‌ر ئاوه‌ژووبوونه‌وه‌ی مانا كردووه، كه نێرێك ئاوس ده‌بێت، ئه‌مه بۆ خۆی پێچه‌وانه‌ی واقیعه، كه له ڕاستیدا هه‌میشه مێ ئاوس ده‌بێت، به‌ڵام هه‌موو شته‌كان كاتێك دێنه نێو ئه‌ده‌به‌وه گۆڕانكاری گه‌وره و قووڵیان به سه‌ردا دێت و مانای واقیعی خۆیان له ده‌ست ده‌ده‌ن و ده‌بنه هه‌ڵگری مانای ئه‌ده‌بی، هه‌روه‌ها بۆ بنیاتنانی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی سوودی له ڕواڵه‌تێكی نێو سروشت وه‌رگرتووه، ئه‌ویش گوڵی(ڕێحان)ه، به هۆی ئه‌و بۆنه خۆشه‌ی كه هه‌یه‌تی، سه‌راپای جیهانی نێو ڕۆمانه‌كه بۆنڕێژ ده‌كات، هه‌تا نێو خودی مرۆڤه‌كانیش و بۆنه‌كه‌ی ده‌چێته هه‌موو جه‌سته‌یان و شوێنێكیان نابینیته‌وه بۆنی ڕێحانی نه‌گرتبێت (چاوییان ، لووتیان، ده‌میان،گوێیان، قژیان، دڵیان، ده‌ستیان، قاچیان، گه‌ده‌یان، سییان هه‌ناسه‌یان و…ته‌نانه‌ت ئه‌ندامی زاوزێیان و ….هه‌موو شوێنێكی نێو ئه‌و جیهانه دروستكراوه له كاغه‌ز ده‌گرێته‌وه.).
هه‌روه‌ها له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌وه هه‌ست به بوونی فیكرێكی قووڵ و تێڕامانێكی ورد ده‌كه‌ین له لای ئه‌م ڕۆماننووسه، كه له‌سه‌ر زمانی كاره‌كته‌ره‌كانییه‌وه زۆر فیكر ده‌خاته ڕوو، ڕه‌خنه‌ی توند له ده‌سه‌ڵاتداران ده‌گرێت كه چۆن جیهانییان كردووه به بیرێكی تاریك و نوته‌ك و چی‌یان به‌سه‌ر جیهاندا هێناوه، هه‌روه‌ها ململانێی هه‌میشه‌یی نێوان جه‌سته و ڕۆح ده‌خاته ڕوو… هتد، بۆیه من هه‌رگیز باوه‌ڕم به‌و وته بێ مانایه نه‌بووه كه بۆته یه‌قینێك و جێگا بۆ گومان ناهێڵێته‌وه كه ده‌ڵێت:((هه‌موو سه‌ره‌تایه‌ك به لاوازی و بێهێزی ده‌ست پێ ده‌كات.)) هیچ سه‌ره‌تایه‌ك لاواز نییه و به بێهێزی ده‌ست پێ ناكات، به‌ڵكو جۆرێكه له بوێری، بوێری و جورئه‌تی بڕیاردان بۆ ده‌ستپێكردن. ئه‌م سه‌ره‌تایه‌ی (هۆشه‌نگ) نموونه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌یه، هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی باسمان كرد سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌ن، كه ئه‌م سه‌ره‌تایه سه‌ره‌تایه‌كی جوان و به‌هێزه.
ئێمه لێره‌دا ته‌نیا له‌سه‌ر گه‌ڕان به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی خود ده‌وه‌ستین و كه‌مێك لێی ده‌دوێین، كه چۆن كاره‌كته‌ره‌كان ده‌جه‌نگێن بۆ به ده‌ستهێنانه‌وه‌ی ئه‌و خوده‌ی ونیان كردووه…
هه‌ر له یه‌كه‌م ڕسته‌ی ڕۆمانه‌كه‌دا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌م ڕۆمانه گه‌ڕانی به‌رده‌وامی مرۆڤه بۆ دۆزینه‌وه‌ی خود، ئه‌و خوده‌ی كه ونی كردووه، یان لێی سه‌نراوه‌ته‌وه، كاتێك كه كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ده‌ڵێت:((ئاوسم به شتێك. ل7)) .
هه‌موو كاره‌كته‌ره‌كان به جۆرێك له جۆره‌كان ئاوسن به دۆزینه‌وه‌ی هه‌قیقه‌تی خۆیان و له گه‌ڕاندان بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان بدۆزنه‌وه، پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه جه‌نگاوه‌رێكه ماوه‌یه‌كی زۆر ده‌گه‌ڕێت تا به هۆی ئاوس بوونییه‌وه خۆی بدۆزێته‌وه، هه‌ر وشه‌ی (جه‌نگاوه‌ر) ئه‌و ڕاستییه ده‌سه‌لمێنێت كه ئه‌م مرۆڤه وه‌كو جه‌نگاوه‌ر ده‌نگێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی خودی خۆی، دوای گه‌ڕانێكی زۆر به دوای (ڕێحانی كافووری) كه ڕۆماننووس وه‌كو خوازه‌یه‌ك به‌كاری هێناوه، واتا ئه‌و شوێنه‌ی كه جه‌نگاوه‌ره‌كه خۆی تێدا ده‌دۆزێته‌وه، كاتێك به هۆی عه‌تاره پیره‌كه‌وه ده‌گاته باخچه‌ی (ڕێحانی كافووری).
به‌ڵام نه‌ده‌بوو جه‌نگاوه‌ر پێویستی به عه‌تار هه‌بێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی ( چیای هه‌وه‌س) چونكه ئه‌مه تا ڕاده‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ناوه‌ڕۆكی ڕۆمانه‌كه ناكۆك و دژه، كه جه‌نگاوه‌ره‌كه ده‌یتوانی له ڕێگه‌ی گه‌ڕانی به‌رده‌وامی خۆیه‌وه بگاته شوێنی مه‌به‌ست كه ڕۆماننووس وه‌كو میتافۆڕ به‌كاری هێناوه بۆ دۆزینه‌وه‌ی خود له لایه‌ن جهنگاوهرهكهوه، له‌به‌رئه‌وه‌ی مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكه وابه‌سته‌ی بیركردنه‌وه و ئه‌زموونی تایبه‌تی خۆیه‌تی، هه‌ر له ڕێگه‌ی هه‌وڵه تاكه‌كه‌سییه‌كانی خۆشییه‌وه ده‌توانێت خۆی بناسێت و تامه‌زرۆی خۆدۆزینه‌وه بێت.
(پیره‌مێردی كوتاڵ فرۆش) یه‌كێكی دیكه‌یه كه عه‌وداڵی دۆزینه‌وه‌ی خودی خۆیه‌تی، كاتێك دوای چلوچوار ساڵ خۆ له بیر كردن، به هۆی سه‌رقاڵ بوون به كاری كوتاڵ فرۆشییه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند بێت، له پڕ به ئاگادێته‌وه و هه‌ستی نۆستالیژیا دایده‌گرێت، نه‌ك نۆستالیژیایهك بۆ خۆشه‌ویستی ڕابوردوو، به‌ڵكو بۆ دۆزینه‌وه‌ی خۆی له نێو ئه‌و مێژووه دووره‌دا، بۆیه ده‌ڕواته‌وه بۆ گونده‌كه‌ی خۆی، بۆچی؟ بۆ به ده‌ستهێنانه‌وه‌ی خۆی و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و خوده‌ی كه چلوچوار ساڵه ونی كردووه، واتا ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێت به دوای خۆیدا ئه‌مه به ڕوونی له وته‌یه‌كی پیره كوتاڵ فرۆشه‌كه ده‌رده‌كه‌وێت، كه ده‌ڵێت:((هه‌ڵاتم و دوای چلوچوار ساڵ گه‌ڕامه‌وه بۆ هه‌قیقه‌تی خۆم، بۆ ره‌نگی خۆم،ئێستاش ده‌بێت جارێكی دیكه به‌و ره‌نگه زه‌رده‌وه به دنیا وهرببمهوه، به‌ڵام له پێناو هیچ نا، ته‌نیا له پێناو خۆم و هه‌قیقه‌تی خۆمدا.ل68)) .
یه‌كێكی تر له كاره‌كته‌ره‌كانی نێو ئه‌م ڕۆمانه ئه‌و عهتارهیه كه هه‌موو ته‌مه‌نی خۆی له‌نێو ژناندا به‌سه‌ر بردووه، دوای خۆشه‌ویستییه‌كی زۆری بۆ كچێك و دواتر خواستنی، وا هه‌ست ده‌كات كه خۆی دۆزیوه‌ته‌وه، ماوه‌ی ساڵێك له‌گه‌ڵیدا ده‌بێت و دواتر ژنه‌كه‌ی لێی جیا ده‌بێته‌وه، چونكه خۆشی نه‌ویستووه و حه‌زی له پیاوێكی دیكه بووه، عه‌تاریش بۆی ڕوون ده‌بێته‌وه كه هێشتا خۆی نه‌دۆزیوه‌ته‌وه، دووباره ده‌ست ده‌كاته‌وه به گه‌ڕان بۆ دۆزینه‌وه‌ی خۆی، هه‌ر بوونی پیشه‌ی عهتارچێتی مانایه‌كه بۆ گه‌ڕانی مرۆڤ به دوای شتێك‌دا، كه لێره‌دا مه‌به‌ست لێی گه‌ڕانه به دوای به ده‌ستهێنانی خود.
كاروان محه‌مه‌د فه‌تاح