Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
مەسیحیش دەمرێت  ….ئان سێكستۆن

مەسیحیش دەمرێت ….ئان سێكستۆن

Closed
by March 18, 2013 ئەدەب

 

 

لەو بەرزایەوە

هێلانەی قەلەرەشێك دەبینم

لەگەڵ كۆمەڵێك خەڵكی خەمگین.

هاوشاریەكانی من

كۆمەبنەوە هیچ لەئارادا نیە.

كەس خۆی نانوێنێت 

تەنها من نەبێت سەرقاڵی مردنم

ئەمەش هەواڵێكی تازە نیە..

 

لەوخوارەوە

سەربازەكان پێدەكەنن

وەك هەموو سەربازەكانی سەدەكانی پێشوو.

هیچ لەئارادا نیە، هەموومان مرۆڤین.

من و ئێوە 

هەموومان بەشوێن جێ پێی یەكتردا دەرۆین.

بەخوێن، پیاڵەكان دەشۆم

ئێوەش هەروا.

دڵم وەك كەروێشكێكی بەتەڵەوە بوو دەلەرزێت

ئێوەش هەروا.

ئارەزومە خودا ببینم و ماچی كەم و بۆنی كەم

ئێوەش هەروا.

بێ‌ هیچ هەوڵدانێ‌

بێ‌ هیچ ماندو بوونێ‌

كەیفم بەوەدێت مەلكوتی خودا بێت لەسەر مێزەكەم پێكەوە نان بخۆین

ئێوەش هەروا.

حەزدەكەم 

خوداوەند لەناو دەستەگەرمەكانیدا بمگوشێت

ئێوەش هەروا.

بۆچی ئەوەندە پێویستم بە بوونی تۆیە.

هاوشاریەكانی من بچنەوە ماڵەوە

ئێستا هیچ پێكەوەبونێكی ئەبەدی لەئارادا نیە.

با بەباشی پێتان بڵێم

چاوە تاریكەكانم بەرز ناكەمەوە

برۆنەوە ماڵەوە ، ئەمەی وتم 

شتێكی تایبەت بەخۆمە

خودا دەزانێت هیچ پەیوەندی بەئێوەوە نیە…

 

” ئان سێكستۆن”

” وەرگێرانی : نەبەز گۆران “

 

– ئان: لەساڵی (1928) لە ئەمریكا لەدایك بوە. لەساڵی ( 1974) كۆچی دوای كردوە.

– وێنەكەش خودی ئان خۆیەتی..

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.