Skip to Content

Sunday, April 28th, 2024
موسیقا مانای رێکخستنی جوانکارانەی دەنگە

موسیقا مانای رێکخستنی جوانکارانەی دەنگە

Closed
by March 18, 2013 ئەدەب

 

 

 

هیچ کام لە ئاواز دانەرەکان نەیانتوانیوە بە شێوەیەکی ڕاستەقینە لە شاموار١ زیاتر دەنگەکانی هەڵەبجە بخوڵقینن.

شاموار خۆی بوو دەنگی میلۆدیا و دەنگی ئیقاعی (کیش و ڕیتم) لە واقیعدا بەرجەستەکرد.

توانی دەنگی فروکەکان، بومباکان، منداڵان و پیران، دەنگی ئافەتان لە دوا هەناسەیاندا دەرببڕی، تەنانەت دەتوانم بڵێم شاموار توانی هەستێک لای گوێگر دروست بکات وەک لەو کاتانەی بومبوردوماندا ژیابێ و گوێگر وا بزانی هازەکانی هەڵەبجەن لە ئامیرەکانی دەنگەوە دینەدەرو ژوورەکە پڕ لە بۆنی سێوی گەنیو دەکەن.

دیارە تۆ وەک گۆیگریک هەندی فەنتازیا دەبیستی، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە فەنتازیا نییەو، دەتوانی یەک ئاواز چەندان جار ببیستی و بە ئارەزووی خۆی ئیقاعەکە دەگۆرێت و دە توانی لە دواوە ئاوازەکە ببستی، ئاواز دەشێ درێژ یان کورت بێتەوە و لە چەند بڕگەیەکدا کۆبێتەوە، جا ئەگەر بتەوی تی بگەیت دەبێ بەوردی گوێ ڕاگریت؛ لە بارو دۆخێکی هێمنانە دابێ، چونکە لە ناکاو جۆرە ئاوازێک بە گوێی گوێگردا دەدا، کە ئەوانەی لەسەر گۆیگرتن لە موسیقای کلاسیکی راهاتوون پیشبینی ناکەن.

فیلیپ شاموار کاتیک بۆ ئەم پارچە موسیقایە ئاوازی دانا، لە ژێر کارتێکردنی هەڵەبجە دابوو، لە ژێر کارتێکیردنی باوەڕدابوو بە کورد و کوردستان، ئەگەر نا نەیدەتوانی ئازار و ئاواتەکانیخەڵکی کوردستان دەربڕێت.ئەوەی لەم دنیایەدا جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە زۆر لە هونەرمەندانی جیهانی گورانییان چڕیوە و ئاوازیان داناوە و وێنەیان دروستکردووە و لە سەر ئازار و ئاواتەکانی کوردستانییەکان نووسیویانە، بێ ئەوەی لە کارەکەیاندا بیر لە پاداشتیک بکەنەوە، بەڵکو هەندیکیان دەستکەوتەکانیشیان کردۆتە پێشکەشی کوردستان، لەم بارەیەشەوە دەتوانین ناوی گورانیبێژی ناسراو کریس دیبرگ٢ ببەین بە تایبەتی گۆرانییە بەناوبانگەکەی بە ناوی ذە سیمپل تروث٣، هەروەها پەیکەرتاشی سوێدی باربڕۆ هیدسترۆم٤ و زۆر کەسی تریش کە هەموویان بە کارەکانیان بە سەرهاتی ئێمەیان بە جورێک دەربڕیوە کە بێ هاوتان.

ئەگەرچی ئەوان سەردانی کوردستانیشیان نەکردووە و پەیوەندیی توندیان لە گەڵ خەڵکی کوردستاندا نەبووە. بۆ نموونە باربرۆ لە سەر ئەرکی خۆی پەیکەرێکی بۆ شەهیدانی هەڵەبجە تاشی و لە باخچەیەکی شاری سولیفتیو٥ دانرا.

پارچە موسیقای هەڵەبجە لە دانانی شاموار پتر لە سی جار لە شارەکانی فەرەنسا لێدەدرێ بێ ئەوەی بەرپرسەکان لە کوردستان بیریان لەوە کردبیتەوە ئەم هونەرمەندانە بۆ سەردانی کوردستان بانگهێشت بکەن و دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنن کە هونەرەکەیان بخنە بەرچاوی گەلەکەمان.

بیستومە گویە باربرۆ ئاواتە خوازە کوپیەک لە پەیکەرەکەی لە بەردەم شاری هەڵەبجەدا جێگیربێت!!

ئایا لە جێی خۆیدا نییە لە یادی هەڵەبجەی شەهیددا شاموار بۆ کوردستان بانگ بکرێ تا پارچە موسیقای ‌هەڵەبجە پێشکەش کات؟؟

لە سەر بەرگی سێ دێ ئەمە نوسراوە کە بەکوردییەکەی پێشکەشتانی دەکەین زۆر سوپاسی مامۆستا کەمال حەمەرەش دەکەین کە یارمەتیداین بۆ وەرگیرانی ئەم تیکستە لە فەرەنسیەوە:

Symphonie N.2 Sarajevo ناوی سێدی: 

Philippe Chamouard دانانی ئاواز:

Orchestre Régional de Bayonne- Côte Basque٦ لێدانی موسیقا:

Robert Delcroix بەسەروکایەتی :

Halabaja – A la mémoire des victiکات:٦٤ خولەک و ١٩ چرکە، ٥ تراکە تراکی ٤ بە ناوی: 


سەمفۆنی ژمارە ٢ ساراێڤۆ ١٩٩٤

 

ساڵی ١٩٩١ کاتیک یەکەمین کێشەکانی نەتەوەیی لە یۆگۆسلاڤیای پێشو دەستی پێکرد، ئەوروپا، ساتیک بە خەیاڵیدا نەهات ئایدیۆلۆژییەک کە لەگەڵ شەری جیهانی دوهەمدا کۆتایی پێهاتبوو سەر لە نوێ هەڵبداتەوە؛ ئەوەش مافەکانی مرۆڤ سەر لە نوێ پێشێلکران پاکسازی نەژادی لەگەڵ دروستکردنی کامپی زیندانی بوو بۆ دانیشتوان و سەربازی بێ چەک ڕوویدا، ئەمجارەیان لە سەرانسەری وڵاتتێکدا کە لە هەموولایەک ڕەشەکوژی و کوشتن و بڕینی سەرپێیی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکان ڕەفتاری نامرۆڤانەیان بەرامبەر بە زیندانیەکان مەحکومکرد، بە هەزاران ئافرەت پەلاماردران و نزیکەی سێ ملیۆن کەس ناچاری کۆچکردن و جێگا گۆڕین کران، ئەم جۆرە بەسەرهاتانە کە لە ئەوروپادا چاوەڕوانی ڕودانیان نەدەکرا لە پاش ئەوانەی ئەڵمانیای نازی، سەریانهەڵدایەوە. ئەمڕۆ لە بەر ئەوەی کە تەلەڤیزیۆن هەواڵەکان بە هەموو جیهاندا پەخشدەکاتەوە، لەو جۆرە درامایەی بۆسنەکان قبوڵناکرێت.

ڕستە نەماندەزانی یەکەی ١٩٤٥ مانای نەماوە لە کاتێکدا کە هەم ماف و هەم ئەرکیشە کە دژی بەربەریەتی هاوچەرخ ڕاپەڕین و مەحکومی بکەین.زمانی دەنگەکان ئامرازێکن بۆ بەشداریکردن تیادا، هەوڵدەدات ببێتە سیمبولێکی بیرەوەری گشتی و هەروەها خواستیارە کە ببێتە سیمبولێکی هیوا بۆ گەلێ، کە باری زۆرگرانی ڕابردوی بە کۆڵەوەیە بێ ئەوەی مۆسیقایەکی پرۆگرام بێت نەک ڕەسمێکی دەقاودەقی ڕوداوەکان.

سێ بزوتنی سەمفۆنیاکە باسی چەند لایەنێکی تراژیدیاکە دەکات؛ لە پڕ بنچینەو درێژەپێدانی کێشەکە بە هۆی جۆرێک لە بێ هەڵوێستی و چاوەڕوانیەوە کە لە بزوتنی دوهەمدا وێرانی و نیگەرانی مرۆڤ وەڵامی دەداتەوە. نە هاواری بێ هیوایی و نە دەنگی ڕاپەڕیو، بەڵکە زیاتر تەعبیرە لە ئەشکەنجەیەکی کپ و دەرونی کە شوێنەواری زیتر دەمێنێتەوە.

کەش و هەوایەکی وەنەوزەدار وەنەوزەدار زاڵدەبێت کە تیایدا جار جارە تروسکەی هیوایەک دەردەکەوێت و لە ئەنجامدا وردە وردە خۆی نوقمی شەو دەکات لە بزوتنی سێهەمدا، بەکارهینانی دەنگ و هەڵبەستێکی ئابی ١٩٩١ کە لاوێکی موسوڵمان، کاتێک لە کامپی ترنۆپۆجە٧ زیندانی بوو نوسیویەتی قەبارەیەکی زیاتر تەعبیر لە ئەشکەنجەکەدەکات، کە هیوا لە دایک دەبێتەوە بەهۆی ئەو کەشە کەمتر ڕەشبینەی دوا کێشەکانەوە. ئەمجارە بە ئاشکرا دەردەبڕرێت بەڵام گەرایەکی بزوتنی یەکەم و دوهەم هەموو قایل بونیەکمان بە ئاشتی و ئازادی لە ئیستا و داهاتوی نزیکدا لێ قەدەغەدەکات.

 

تێکستی هەڵبەست

گوندەکەم ئەوەندە جوانە

ئەوەندەم حەز بە سەفەری دەکرد

گوندەکەم، ئێستا خۆشناوێت

کەمپێکی تیایە و گیانم ئەشکەنجەی تیا دەکێشێت

ساڵێکە لەو کەمپە دەژیم و لە خۆم دەپرسم منداڵەکانم لە کوێن

ئەوە کامپی سامناکی و ترسە

ئەوەی دەچێتە ناوی هیچ هیوایەکی نامێنێت

کەسوکارمان هەوڵدەدەن یارمەتیمان بدەن

بەڵام چی دەتوانن دژی ئەم گیاندانە بکەن؟

گوندەکەم بەسەر قوربانیەکانیا دەگری

پڕ کێشی ناکەم ژمارەی کوژراوەکان بڵێم

بۆ خوشکەکەم دەگریم

بۆ براکەم دەگریم

بۆ باوکم دەگریم

ی.ی کەمپی ترنۆپۆلجە ئابی ١٩٩٣


هەڵەبجە ١٩٩٠

 

١٦ مارتی ١٩٨٨ ژمارەیەک فڕۆکە بەرەو شاری هەڵەبجەی کوردان کە دەکەوێتە باکوری عیراقەوە، فرین. سی چرکە پاش ئەوەی کە بەسەر شارەکەدا تێپەرین، پیاو ژن و منداڵ هەناسەیان توند بوو، کەوتن ئینجا لەسەر زەوی کەوتنە خۆچەڕاندن و پێچخواردن، نێچیری ئازاری سەخت بوون هەتا مردن.

فڕۆکەکان کە عێراقین، گازێکی ژەهراوی کوشندەیان بەسەردا ڕشتن گوندی تری کوردستانی عێراق بە هەمان شێوە گاز باران کران لەلاین ڕژێمی بەغدادەوە کە چەکی کیمیاوی بەرامبەر بە دانیشتووە کوردە ڕاپەڕیوەکانی وڵاتەکەی خۆی بەکار دەهێنێت.

هەڵەبجە بۆ تەل و پێرکیسیۆن٨، پێشکەشە بە بیرەوەری هەموو دانیشتووانی هەڵەبجە و گوندەکانی تر (پازدە هەزار کوژراو) کە بوونە قوربانی ئەو چەکی شەرمەزارییە.


سەرپۆشەکانی بێدەنگی ١٩٩٣

 

لە جەوهەری پارچە مۆسیقای سەرپۆشەکانی بێدەنگی دا ئەم ڕستەیەی شاعری لوبنانی جوبران خەلیل جوبران خۆی دەنوێنێت: سفانکس جارێک دووا و سفانکس وتی: دەنکە لمێک بیابانێکە، بیابانێک دەنکێک لمە. ئێستا با بچینەوە ناو بێدەنگی.

لە پەندە ڕۆژهەڵاتیەوە، بێدەنگی کە لە هەمان کاتدا میکرۆکۆسم و ماکرۆکۆسم لە خۆ دەگرێت، دەبێتە باشترین فەلسەفە بۆ گەیشتن بە بەرزترین پلەی دانایی و باڵاچچوون، وەک سفانکسی جیزە لە میسر، بەمجورە یەکێتی بوون بەستراوە بە بێدەنگیەوە کە تەنها ئەم توانای هەیە بگاتە دوا ڕاستیەکان و نەمری.

ئامرازە دەنگ دارەکان لەگەڵ بێ دەنگیدا بەیەکدا دەدەن، دەتوانین بڵێین، دەنگ لە قۆناغی پاکیدا دەبێت لەگەڵ بۆشایی، لەگەڵ نەبووندا تێکەڵ ببێت و بە پێچەوانەشەوە، تا بەم شێوەیە یەکێتییەکی تەواو دروست دەکەن.

مادە داڕیژراوەکان پانتاییەکی هامۆنی فراوان بە کاردەهێنن، ڕەچەیەکی شەفافی نەغمە لەگەڵ تامپیەکاندا، درێژخایەن کە سەمبۆلی دەرەوەی کات و هەتا هەتاییە، ئاسۆییەکی نوسین کە ئەمیش خۆی لە ڕایەڵە هەرمۆنیەکانداتواندوەتەوە.

چەند جارێک بێدەنگی گێرانەوەی مۆسیقا ڕادەوەستێنێت وەکو ئەوەی بیەوێت ئەمە بە تایبەتی لە سەرەتاوە. ژانی کات ڕابگرێت لە کۆتایی پارچەکەدا ڕودەدات بۆ ئەوەی کە دەنگ و بێدەنگی بتوانن بە جۆریکی وا یەک بگرن کە وا دەربکەوێت کە لە نەبونەوە دێن و لە کاتێک لە نزیکی ئەنجامیشدا بۆی دەگەڕێنەوە لە کۆتاییدا دەنگ وادەردەکەوێت زاڵ ببێت لەگەڵ بەرزبونەوەیدا وردە وردە تا دەگاتەلوتکە چەند بتوانێت بەرز ( سەرنجێکی ناو پارچە مۆسیقاکە) لە واقیعدا بێ چەند و چون وتەکەی خۆی نوقمی قوڵترین بێدەنگی دەکات سفانکس هاتە دی.

تیکستی: فیلیپ شاموار

 

موسیقاری ئاوازدانەر فیلیپ شاموار تەنیا لە بابەتی شا نۆکانیدا  خۆی بەریبازێکەوە نەبەستتۆتەوە کە ئەگەر لە بەسەرهاتێکەوە وەرنگیرابن ئەوا بەلای کەمەوە لەگەڵ ڕاستیدا جووتن، تەنانەت لە کۆشسیدا و لە ئاوازدانانیشدا، پارچە موسیقاکانی یەکەمی کە دوای تەواوکردنی (کونسێرڤاتۆر)٩ نووسیونی، لە ژێر سەرکردایەتی م.ڕۆزنتاڵ وج تسیپین دا١٠ بەڕێوەچوون.بەڵام ناسینی موسیقای گوستاڤ مالیر١١ بوونەتە خاڵی دەستپیکردنی قۆناغیکی گومان و بیرکردنەوە.

فیلیپ لە زانکۆی سۆربۆن١٢خویندویەتی و پلەی دوکتورای لەسەر ئۆرکیسترای سیمفونیاکانی مالیر وەرگرتووە و لە ساڵی ١٩٧٨ دا بڕیاری دا هەموو پارچە ئاوازەکانی ڕابوردووی لە ناوبەرێت، چونکە وای لێکدەداتەوە کە لە ژێر کارتێکردنی کەسانی تردان و لە گەڵ گیانی ئێستای ئەودا ڕێک ناکەون.

فیلیپ شەیدای ئاواز دانەری نەمسایی ناوبراو دەبێت و کتیبیکی نووسیوە بە ناونیشانی (مالێر وەک خۆی لە خۆیدا)١٣ ساڵی ١٩٨٩ بڵاوی کردۆتەوە، هەروا ئەندامی شانازیی ئەنترناسیۆنال ( گوستاڤ مالێرە) بووە لە ڤیناو، نوسەریش بووە لە بڵاوکراوەی دۆچ گراماڤۆندا١٤و لەسەر دانانی ئاوازی مۆسیقا لە زانکۆی پاریس دەرسی گوتۆتەوە.

فیلیپ شاموار نایەوی ئاوازەکانی لە قاڵبێکی تیوریی پوختدا گیر بکات، بەڵکو ڕێگای دەربڕینی بۆ گۆیگرتن گرتوتە بەر و لەسەر بنچینەی نووسێنیکی هارمۆنی بە بەباشی کاری تێدا دەکردن، سەرچاوەکانی بەهرەکەی بە تایبەتی دەگەڕیتەوە بۆ ئایدیڵوژییەکەی مرۆڤایەتی و رووحیی.

ساڵی ١٩٩٢سەر لە نوێ بڕیاری دا پارچە ئاوازەکانی پێشکەش بکات، بۆ ئەمەش بە خیرایی ئامادە دەکرێن و چەند جارێک لە لاین چەند ئۆرکیسترای جیاوازەوە پێشکەش دەکرێتەوە. وەک: ئورکێسترای کۆلۆن١٥، سەمفونیای فەرەنسی، ئەوەی بایۆن- لە سەر کەناری باسک١٦، سەمفۆنیای پیکاردی١٨، فیلهارمۆنی لۆرێن١٩، ئۆرکێسترای کۆنسێرڤاتۆری پاریس٢٠.

رووداوێکی دەگمەنە کە پارچە مۆسیقای هەڵەبجە لە ماوەی دوو ساڵی دوای دانانییەوە بتر لە ٣٠ جار لە لاین ئورکیسترای سەمفونی لومانەوە پیشکەش کراوە.

 جگە لەم شاکارانەی کە لەم سی دی یە تۆمارکراون، قۆناخێکی ئۆرگ ئوپالیسانس سێ دێی سکارابۆشی بڵاوکردۆتەوە. هەروا قەرزار باری فیلیپ شاموارین کە کەتەلۆگێکی ئورکێسترای بەخشندەی رووناکیی پێشکەش کردووین کە سەرچاوەی بەهرەکەی چەندان جەژنی میللی هیندییەو، هەروا سفێن کە سەرچاوەی بەهرەکەی ئەینە و ڤالسی مەرمەڕ و سیمفۆنیای ژمارە یەکی هەرێمی تیبێت٢١.

 

Philippe Chamouard ١- 

Chris De Burgh -٢

The Simple Truth -٣

Barbro Hedström -٤

Skellefteå -٥

Orchestre Régional de Bayonne- Côte Basque -٦

Trnopolje camp -٧

٨- وشەی تەل و پێرکیسیۆن: تەل مانای تەلی تار و کەمانچە و …تاد، پێرکیسیۆن بە تەپڵ و باتری و هەموو ئالەتەکانی تر کە تەقەیان لێبێت 

Conservatoire -٩

Manuel Rosenthal & Georges Tzipine -١٠

Gustav Mahler -١١

Sorbonne University -١٢

Gustav Mahler Tel Quen Lui Meme -١٣

Deutsche Gramophon -١٤

orchestre colonne -١٥

Orchestre Symphonique Francais Celui de Bayonne-Cote Basque -١٦

Le Sinfonietta de Picardie -١٧

Le Philharmonique de Lorraine -١٨

Orchestre du Conservatoire de Paris -١٩

Symphony n°1 ” Orchestre du Conservatoire de Paris -٢٠

Tibetan”Symphony n°1 “Tibetan” -٢١

 

* لە ئوکتۆبەری ٢٠٠٥ لە نامەیەکدا کە ئاڕاستەی بەڕێز (هێرۆ خانم) کردبوو تێیدا پیشنیازم کردبوو کە بەڕێزیان هەوڵبدات کە ئەم هونەرمەندانە بانگهێشت بکات لە یادی ١٨ ساڵەی هەڵەبجەدا؛ نامەکە لە پرسگەی تەلەفزێونی خاک وەرگیرا و بەڵێنیاندا کە بگات بە دەستی بەڕێزی و لە ڕای بەڕێزی ئاگادارمان بکەنەوە، بەڵام پێدەچێت نامەکەیان پشتگوێ خستبێت، هەمان داوا ئاڕاستەی وەزیری ڕۆشنبیری بەڕێز فەلەکەدین کاکەیی کرا بەڵام بێ ئەنجام بو.

 

* لە ژمارە ٢٦٧ چوارشەمە ٢٩/٣/٢٠٠٦ لاپەڕە ٨ هاوڵاتی و لە ژمارە٤٢-٤٣ 2001 چراخان بڵاوکراوەتەوە.

 

https://www.youtube.com/watch?v=eAaC1bfXuPE *بۆ گوێگرتن لە پارچە مۆسیقای هەڵەبجە:  

 

https://www.youtube.com/watch?v=PsECkoxT8Lc * بۆ گوێگرت لە هەمو سی دی کە:   

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.