سه‌رنجێكی گشتی له بارودۆخی كتێبی كوردی
كتێب، ئه‌و شته‌یه كه له ڕواڵه‌تدا وه‌ك كۆمه‌ڵێك كه‌ره‌سته‌ی نازیندوو (كاغه‌ز، مقه‌با، حیبر… هتد) خۆی ده‌خاته به‌ر ده‌ست و چاومان، به‌ڵام له‌ڕاستیدا زیندووێتیی ئه‌ندامه‌كانی ئه‌و هیچی كه‌متر نییه ئه‌گه‌ر پتر نه‌بێت له ڕاده‌ی زیندووێتیی ئه‌ندامه‌كانی هه‌ر زینده‌وه‌رێكی تر له‌م گه‌ردوونه‌دا. كتێب ئه‌گه‌ر ته‌نها شت نه‌بێت ئه‌وا یه‌كێكه له گرینگ‌ترین و دیارترین و كاریگه‌رترین ئه‌و شتانه‌ی كه زۆر به ئاسانی قۆناغ و سه‌رده‌مه جیاواز و دوور و درێژه‌كان تێده‌په‌ڕێنێ، زۆر به‌ده‌گمه‌ن نه‌بێت ئه‌گینا هه‌رگیز له‌گه‌ڵ له‌ناوچوونی مرۆڤ و قڕكردنی گیانله‌به‌ران و خاپووركردنی دێهات و شار و وڵات و به بیابانبوونی ده‌شتایی و سه‌وزایی و دارستانه‌كان و وشكبوونی سه‌رچاوه ئاوییه‌كاندا كتێب له‌ناوناچێت و هه‌ر ده‌مێنێته‌وه، سه‌ره‌ڕای نه‌بوونی ئه‌و شێوازی چاپكردنه خێرا و بڵاوكردنه‌وه به لێشاو و زۆره‌ی ئێستا له سه‌رده‌مه دێرینه‌كاندا، سه‌ره‌ڕٍای هه‌موو ئه‌و دۆزه‌خ و كووره و بنكی ده‌ریا و ئۆقیانووسانه‌ی كه له ڕابردوودا و له زۆر سه‌رده‌می جیاجیا و له زۆر شوێنی ئه‌م سه‌ر زه‌مینه‌دا بۆ له‌ناوبردن و فه‌وتاندنی كتێب ڕاخراون و دابینكراون، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ قڕكردنی گیانله‌به‌راندا كه‌چی ده‌توانین زۆر به‌گومان نه‌بین له‌وه‌ی مایه‌ی خۆشبه‌ختییه كه شتێك نییه پێی بوترێت كتێب قڕان و به‌ده‌گمه‌ن نه‌بێت له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و هۆكاره ترسناكانه‌دا نه‌توانراوه كۆمه‌ڵێك كتێب به‌ته‌واوی له‌ناببرێن، هه‌رچه‌نده زۆرجار مێژوو بۆمان ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه له زۆر سه‌رده‌مدا به ده‌ستی چه‌ندان سته‌مكار و فه‌رمانڕه‌وای دژ به ڕووناكی و بیری ئازاد له چه‌ندان شوێن، به ده‌یان و سه‌دان و هه‌زاران كتێب سووتاون و له‌ناوبراون و خراونه‌ته بنكی ده‌ریا و زه‌ریاكان و هیچ ئاسه‌وارێكیان لێ نه‌ماوه‌ته‌وه، به‌ڵام دواتر پاش سه‌ربوردێكی سه‌یر و ته‌یكردنی كۆمه‌ڵێك هه‌وراز و نشێو هه‌ندێ له‌م كتێبانه له كات و شوێنی تر ده‌ركه‌وتوونه‌ته‌وه.
وه‌ختێ دێهات و شار و وڵاتان خاپوور ده‌كرێن، هه‌رگیز كتێبه‌كان به‌ته‌واوی له‌م خاپووركردنه‌دا سه‌رنگووم نابن، هه‌ر كه ده‌شتایی و سه‌وزایی و دارستانه‌كان به‌هۆی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و بارودۆخی گه‌ردوونه‌وه به بیابان ده‌بن، كتێبه‌كان هه‌ر به سه‌وزی ده‌مێننه‌وه، به وشكبوونی سه‌رچاوه ئاوییه‌كانیش ئه‌وان به ئاوداری وه‌ك هاوه‌ڵ و هاوكارێكی زێده پێویست، وه‌ك دره‌ختێكی به‌ردار نه‌وه له‌دوای نه‌وه له ته‌ك مرۆڤدا له‌م گه‌شتی ژیانه‌دا سه‌فه‌رده‌كه‌ن و چه‌شنی ڕێبه‌رێكی چاوساغ و بیرتیژ و لێزان ده‌ستی مرۆڤ ده‌گرن و ده‌بنه سوكنایی و دڵنیایی بۆ خه‌ڵوه‌تی ئه‌م بونیاده‌مه له‌م گه‌ردوونه‌دا. بێجگه له‌وه‌ی كتێب، مرۆڤ له ڕابردووی خۆی وه‌ئاگا ده‌هێنێت و زانیاری و ئه‌زموون و مێژووی سه‌دان ساڵه و هه‌زاران ساڵه‌ی بۆ ده‌هێنێته به‌رده‌ست، له هه‌مان كاتدا ده‌بێته هه‌وێنی به‌رنامه‌ڕیژی و پلانسازی بۆ ئێستا و داهاتووی و دید و بۆچوون و بیركردنه‌وه‌كانی بۆ ژیان و بۆ دونیا قووڵتر و سه‌نگینتر و كاریگه‌رتر ده‌كات. باسكردن و وه‌سفكردنی ئه‌م هاوڕێ به‌كه‌ڵكه‌ی مرۆڤ به چه‌ند دێڕ و چه‌ند لاپه‌ڕه و ته‌نانه‌ت چه‌ند كتێبێكیش كۆتایی نایه‌ت، هه‌روه‌ها هه‌موومان ده‌زانین كتێب له چه‌ندان ڕه‌هه‌ندی ئایدیۆلۆژی و هیومانیستی و ئایینی و ئابووری… هتد هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێ و كتێبه‌كانیش له چه‌ندان پۆلی جیاجیا داده‌نرێن بۆیه، له دیدی جیاوازه‌وه هه‌م لایه‌نی پۆزه‌تیڤ له‌خۆده‌گرن و هه‌م نێگه‌تیڤ، ئه‌مه‌یش وامان لێده‌كات بڵێین هه‌ر هێنده به‌سه ئاماژه بۆ ئه‌وه بكه‌ین، ئه‌م گرینگییه بێ سنوور و له‌ڕاده‌به‌ده‌ره‌ی كتێب وای كردوه زۆر بپه‌رسترێ و زۆرجاریش هه‌وڵی فه‌وتان و له‌ناوبردنی ببرێت، هه‌ندێجار مورید و ده‌روێشی بۆ په‌یدا ببێت و ئاماده‌ی خۆبه‌ختكردن و گیانفیداكردن بێ له‌پێناو به‌رزڕاگرتن و سه‌روه‌ركردنی كتێبێك و په‌یامه‌كانی كه لای خۆی پیرۆزن، هه‌ندێجاریش دوژمنی سه‌رسه‌خت و زۆر ڕق ئه‌ستوور دژ به په‌یام و ناوه‌ڕۆكی هه‌ندێ له كتێبه‌كان په‌یدابوون و له‌كاردابوون و هه‌وڵی فه‌وتاندنی ئه‌و كتێبانه و ته‌نانه‌ت ده‌مداخستن و تیرۆركردنی نووسه‌ره‌كانیشیان دراوه، نه‌ك هه‌ر هێنده چه‌ندیشیان پێكرابێت له ڕێگریكردن و به‌رپێگرتن و ته‌نانه‌ت له كوشتنی شوێنكه‌وته و ئاره‌زوومه‌ندانی ئه‌و كتێبانه‌یش درێغی نه‌كراوه. ئێمه لێره‌دا زۆر له‌سه‌ر ئه‌م باسكردنه گشتی و ڕۆڵه گرینگه‌ی كتێب ڕاناوه‌ستین، چونكه پێگه و كاریگه‌ریی كتێب له ژیان و له كۆمه‌ڵگادا بۆ مرۆڤ زۆر ڕوونه، هه‌موان به‌وانه‌شه‌وه كه خوێنده‌وارییان نییه یان خۆیان هه‌رگیز كتێب ناخوێننه‌وه و نازانن هاوڕێیه‌تی كتێب بكه‌ن، تاڕاده‌یه‌ك ده‌زانن كتێب چییه و چ په‌یام و مه‌به‌ستێك له پشت بوونیه‌وه ڕاوه‌ستاوه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ئێمه لێره‌دا ده‌مانه‌وێت ڕاسته‌وخۆ بیكه‌ینه‌وه كه‌ره‌سته‌ی لێدوان ئه‌وه‌یه كه ئاخۆ ڕۆڵ و پێگه‌ی كتێب له‌ئێستادا كه سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه له كۆمه‌ڵگای كوردیدا چۆنه و له گه‌یاندنی ڕۆشنایی و ئه‌رك و په‌یامه ڕاسته‌قینه‌كانیدا به چ دۆخێك‌دا تێده‌په‌ڕێت، یاخود ئایا كتێب (دیاره مه‌به‌ست له‌و كتێبانه‌یه كه له‌م ساته‌ی ئێستا له‌دایكده‌بن و دێنه كتێبخانه‌ی كوردییه‌وه) ئه‌و سه‌نگ و هه‌یبه‌ته‌ی له ئێستاشدا ماوه كه به‌ڕِاستی بزوێنه‌ری بیركردنه‌وه و شڵه‌قاندنی گۆمی وه‌ستاوی هۆشیاریی مرۆڤی كوردبن و كۆمه‌كی گه‌وره بن بۆ دیالۆگ و قووڵبوونه‌وه و پسپۆڕیی مرۆڤه‌كان له هه‌موو پرس و قه‌یران و نه‌هامه‌تی و ڕووداو و پێشهاته‌كاندا؟
ئه‌مه پرسیاری سه‌ره‌كی و كرۆكی باسه‌كه‌ی ئێمه‌یه، دواتر به باسكردنی كتێب و په‌یوه‌ندیی به چه‌ند لایه‌نێكه‌وه و خستنه‌ڕووی هه‌ندێ هۆكار ده‌مانه‌وێ وه‌ڵامێكی ڕاگووزره‌رییانه به‌و پرسیاره بده‌ینه‌وه. ئه‌گه‌ر كه‌مێك له‌م دۆخه‌ی ئێستای ڕۆشنبیریی كورد ڕابمێنین، تێبینی ده‌كه‌ین كه به‌داخه‌وه كتێبی كوردی له‌م ساته‌دا ئه‌م ئه‌رك و ڕۆڵه‌ی خۆی نابینێت، لێره كوێرانه جاڕی ئه‌وه ناده‌ین یاخود ئه‌سه‌ف و حه‌سره‌ت بۆ ڕابردوویش هه‌ڵناكێشین بڵێین له ڕابردوودا وا بووه و ئێستا وا نه‌ماوه، چونكه ئه‌وه پێویستی به لێكۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه‌ی ورد و گه‌ڕان و پسپۆڕیی زیاتر هه‌یه، جگه له‌وه بارودۆخ و پێگه و بیركردنه‌وه له زۆربه‌ی شته‌كان گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتوه و ڕۆڵی كتێب په‌یوه‌ندیی به جۆری كتێب و چه‌شنی خوێنه‌ره‌كانه‌وه هه‌یه و بیركردنه‌وه‌ی ئایینی و ئایدیۆلۆژییش كاریگه‌ریی له كزكردن و یاخود پرشنگدان به ڕۆڵی كتێبه‌وه هه‌بوه و هه‌یه.
له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و پێناسه و وه‌سفه گشتییانه‌ی پێشتر به‌شێوه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌ن بۆ كتێب خستمانه‌ڕوو، سه‌باره‌ت به دۆخی كتێب له‌مڕۆی ڕۆشنبیریی كوردی و كۆمه‌ڵگای كوردیدا ده‌كرێ و گرنگیشه بپرسین، ئاخۆ كتێَبی كوردی ڕۆڵی ئه‌و ئۆرگانه زیندووه له كۆمه‌ڵگای كوردیدا ده‌بینێت كه بۆ هه‌موو به‌رنامه و پلان و نه‌خشه‌سازییه‌كان، بۆ جوانكردن و به بایه‌خكردنی ژیان، مرۆڤ بۆی بگه‌ڕێته‌وه و به‌هۆی سه‌رنجه تیژه‌كانی ناو كتێبه‌كانه‌وه له ژیان و له چاره‌كردنی كێشه‌كاندا وردتر و قووڵتر ببێته‌وه؟ ئایا ئه‌و كتێبه‌ی ئه‌مڕۆ له چاپخانه‌كانه‌وه دێته ده‌ره‌وه و ده‌چێته به‌ردیده‌ی خوێنه‌ر و ڕه‌فه‌ی كتێبخانه‌كان پڕده‌كاته‌وه، یه‌كێك ده‌بێت له گرینگ‌ترین و دیارترین و كاریگه‌رترین ئه‌و شتانه‌ی كه قۆناغ و سه‌رده‌مه جیاواز و دوور و درێژه‌كان تێپه‌ڕێنێ و له هه‌ر سه‌رده‌مێكدا پرشنگ و سیحر و جوانیی خۆی هه‌ر بمێنێت یان هی نوێی تێدا وه‌بینرێ و په‌خش بێ؟ به‌داخه‌وه له سۆنگه‌ی ئه‌و نیگه‌رانییانه‌ی هه‌ریه‌كه‌مان هه‌مانه سه‌باره‌ت به ئاستی كتێبه‌كان و جۆر و چۆنێتی و چه‌ندێتیی خوێنه‌ره‌كان و ئه‌و سه‌نگ و كاریگه‌رییه‌ی له كۆمه‌ڵگا و ژیانی مرۆڤی كورددا له ئێستادا هه‌یه‌تی، یه‌كسه‌ر ده‌توانین به (نه‌رێ) وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه بده‌ینه‌وه.
هه‌رچه‌نده سانسۆر له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه و په‌خشكردنی كتێب به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌می كردوه و ژماره‌ی چاپخانه و ده‌زگاكانی كتێب چاپكردن ئێجگار زۆر ده‌بن و كتێبی چاپكراوی كوردی به ژماره له‌هه‌ڵكشاندایه، هه‌روه‌ها ئاستی ئه‌م كتێبه له‌ڕووی ته‌كنیك و نه‌خشه‌سازی و هونه‌ره‌كانی ده‌رهێنانی به‌رگ و جوانكارییشه‌وه، سه‌ره‌ڕای كۆمه‌ڵێك كه‌موكوڕی به‌هۆی ناپسپۆڕییه‌وه، هه‌ر پێشكه‌وتنی دیاری به‌خۆیه‌وه بینیوه، به‌ڵام جێگه‌ی داخه هاوتای ئه‌مانه جگه له تاك و ته‌رای كتێب نه‌بێ ئه‌گینا ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كان به‌ره‌و ڕۆچوون و پڕمانایی و قووڵێتیی تێگه‌ییشتن له كێشه‌كان و زانستییانه بیركردنه‌وه و گوزارشتكه‌ر له هۆشیارییه‌كی باڵا نه‌ڕۆیشتوون. پێشتر له وه‌سفی گشتی كتێبدا وتمان زۆر به‌ده‌گمه‌ن نه‌بێت ئه‌گینا هه‌رگیز له‌گه‌ڵ له‌ناوچوونی مرۆڤ و قڕكردنی گیانله‌به‌ران و خاپووركردنی دێهات و شار و وڵات و به بیابانبوونی ده‌شتایی و سه‌وزایی و دارستانه‌كان و وشكبوونی سه‌رچاوه ئاوییه‌كاندا كتێب له‌ناوناچێت و هه‌ر ده‌مێنێته‌وه، كه‌چی به‌سه‌یركردنێكی خێرای دۆخی ئێستای كتێبی كوردی تێده‌گه‌ین، كه به‌ر له‌ناوچوونی مرۆڤ و قڕكردنی گیانله‌به‌ران كتێبی كوردی هه‌ر به‌شێنه‌یی و له‌به‌رچاوماندا ده‌مرن یان ده‌شێت هه‌ر به مردوویی له‌دایكبووبن. به‌ر له خاپووركردنی دێهات و شار و وڵات ئێمه به‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی خاپووری زۆرینه‌ی كتێبه‌كاندا ده‌كه‌وین و پێش ئه‌وه‌ی ببینین ده‌شتایی و سه‌وزایی و دارستانه‌كانمان به بیابان ده‌بن، كه‌چی ده‌بین ڕووبه‌ری مانای به‌شێكی ئێجگار زۆر كتێبی كوردی بیابانێكی بێروون و وشك و بێ به‌رهه‌مه. ئه‌گه‌رچی ئێستا دۆزه‌خ و كووره و بنكی ده‌ریا و ئۆقیانووسه‌كان چاوه‌ڕێی كتێب ناكه‌ن، كه جاران كتێبی پێ له‌ناوده‌برا، به‌ڵام ئێستا جۆرێكی تری له‌ناوبردنی كتێب هه‌یه كه ئه‌ویش له‌ناوبردنیه‌تی به‌ده‌ستی نووسه‌ر خۆی و به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه ئه‌و كه‌سه‌ی پێی ده‌وترێت نووسه‌ر هه‌وڵی دروستكردن و دانانی كتێب ده‌دات، له بنه‌ڕه‌تدا و له‌ڕاستیدا ئه‌و نه دانه‌ری كتێبه‌و نه كاری ئه‌ویشه‌و نه له ماهیه‌تی كاره‌كه‌ی تێگه‌ییشتوه، بۆیه كتێبێك به‌م قورسایییه‌ی كه هه‌ست ناكه‌ین قورسایی هه‌بێت و له چاپ ده‌هێنرێته ده‌ره‌وه و ڕه‌فه‌ی كتێبه‌كانی پێ قه‌ره‌باڵغ ده‌كرێت. بێگومان هۆكاری ئه‌مه یاخود وه‌ڵامدانه‌وه به‌و پرسیارانه‌ی پێشتر توێژینه‌وه‌ی قووڵ و خۆماندووكردنی زۆریان ده‌وێت و هه‌روه‌ها له ڕووبه‌ر و زه‌مینه‌ی جیاوازیشه‌وه هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێن و دواتر بۆچوون و لێكدانه‌وه‌ی جیاوازیش به‌رهه‌م ده‌هێنن، لێره‌دا به قسه‌كردنێكی كورت و خێرا له‌سه‌ر چه‌ند لایه‌نێك كه په‌یوه‌ندیی به كتێبه‌وه هه‌یه ده‌مانه‌وێت جۆرێك له وه‌ڵام كه شیاوی گفتوگۆی زیاتره دروست بكه‌ین:
كتێب و ناپسپۆڕێتی
به‌دڵنیایییه‌وه بیركردنه‌وه‌یه‌كی زۆر و زیره‌كییه‌كی زۆری ناوێ گه‌ر بڵێین، هۆیه‌كی دیار و زه‌قی خراپیی هه‌ندێ له كتێب كوردی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه به ده‌ستی كه‌سانی ناشاره‌زا و ناپسپۆڕ به‌رهه‌م هاتوون، هه‌موومان ده‌زانن نه‌ك هه‌ر دانانی كتێب، به‌ڵكو دروستكردنی هه‌ر شتێكی تر له‌م دونیایه‌دا، ئه‌گه‌ر دروستكه‌ره‌كه‌ی كه‌سێكی ناشاره‌زا و ناپسپۆڕ بێت، ئه‌و شته ئه‌گه‌ر بژی له دۆخێكی ته‌ندروستدا ناژی و نابێته خاوه‌نی سیما و پێگه و كاریگه‌رییه‌كانی كه له بنه‌ڕه‌تدا هه‌یه‌تی، بۆیه هه‌ر تووشی نوشستی و هه‌ره‌س ده‌بێته‌وه، به‌شێكی به‌رچاوی كتێبی كوردیش ته‌واو له‌م دۆخه‌دایه و ئه‌وانه‌ی دایده‌نێن پسپۆڕی ئه‌و بابه‌ته نیین، كه كتێبه‌كه لێی ده‌دوێت، به‌ڵكو له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆكاری نه‌رگسییانه‌ی وه‌ك (حه‌زكردن له سیاسه‌ت بێ تێگه‌ییشتن له سیاسه‌ت، حه‌زكردن له ئه‌ده‌ب بێ تێگه‌ییششتن له ئه‌ده‌ب، حه‌زی خۆ به‌ڕۆشنبیر ده‌رخستن، حه‌زكردن له ڕاگه‌یاندن، خولیای سه‌ریه‌كخستنی بڕوانامه… هتد.) هه‌وڵی دروستكردن و دانان كتێب ده‌ده‌ن، هه‌ر بۆیه كتێبه‌كان له‌بری ئه‌وه‌ی ببنه شوێنی قوڵبوونه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ی له‌سه‌ری ده‌دوێن و كۆمه‌كی مرۆڤ بكه‌ن و بۆئه‌وه‌ی دیدگاكانی فراوانتر و سه‌رنجه‌كانی تیژ تر بن له‌سه‌ر كێشه و دیارده و ڕووداوه‌كانی ژیان، كه‌چی ده‌بنه شوێنی بابه‌تی بێ هزر و بێ ئامانج و وه‌ڕسكردنی خوێنه‌ر و جوینه‌وه‌ی بابه‌تی هه‌زاران جار بیستراو.
كتێب و وه‌رگێڕان
ئاشكرایه به‌شێكی به‌رچاوی كتێبی ئه‌مڕۆ كه كتێبخانه‌ی كوردی پێشوازیی لێده‌كات، كتێبی وه‌ڕگێڕدراره، وه‌رگێڕانی ئه‌م كتێبانه جگه له‌وه‌ی به به‌رنامه نییه و هیچ پلانسازییه‌كی بۆ ئه‌نجام نه‌دراوه و ته‌نانه‌ت له خودی ته‌نها ده‌زگایه‌كی چاپكردنی كتێبیشدا هیچ په‌رۆشییه‌ك له‌م ڕوه‌وه نابینرێت، له هه‌مان كاتدا خودی وه‌رگێڕه‌كانیش له هۆشیاریی وه‌رگێڕان بێ ئاگان و ته‌نها وه‌رگێڕانیان به‌ستۆته‌وه به‌وه‌ی كه ده‌بێت شاره‌زاییی ئه‌و زمانه بین كه بابه‌تی لێ وه‌رده‌گێڕین، ئه‌مه به‌بێ ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی ئایا چه‌مكی شاره‌زایی چی ده‌گه‌یه‌نێت، ئایا ته‌نها تێگه‌ییشتن له‌و زمانه‌یه یاخود به ئاگابوونێكی قوڵه له لایه‌نی زمانه‌وانی به هه‌موو لقه ئاڵۆز و قورسه‌كانییه‌وه ئینجا لایه‌نی ئیستاتیكی و پراگماتیكی ئه‌و زمانه؟ هه‌روه‌ها ئێستا مه‌رجێكی تریشیان بۆ وه‌رگێڕان زیاد كردوه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت به باشی شاره‌زاییت له زمانی دوه‌م واته زمانی وه‌رگێڕدراودا هه‌بێت، كه دیسان ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه هه‌ر به وتن ئاسان بێ و ئه‌م خاڵه‌ش ئه‌وه‌نده سانا نه‌بێت كه به قسه ده‌وترێت، چونكه شاره‌زایی له زمانی خۆشتدا، ته‌نها تێگه‌ییشتن و قسه‌كردن و ته‌نانه‌ت داڕشتنیش نییه، به‌ڵكو تێگه‌ییشتنه له بایه‌خ و هێز و فه‌لسه‌فه‌ی هه‌ر وشه و ڕسته‌یه‌ك كه ده‌چێته سه‌ر كاغه‌ز، چونكه ئه‌گه‌ر وا نه‌بێت نووسین ده‌بێته داڕشتنێكی بێ مانا و وتنی ماندووكه‌ر و بێ هزر و هیچ ئامانجێك ناپێكێت. هه‌روه‌ها ئێستا وه‌رگێڕه‌كان خاڵێكی تریان بۆ وه‌رگێڕانی سه‌ركه‌وتوو زیاد كردوه، ئه‌ویش نزیكبوونه‌وه‌یه‌تی له زمانی یه‌كه‌می ئه‌و ده‌قه وه‌رگێڕدراوه‌ی كه یه‌كه‌مجار تێكسته‌كه‌ی پێ نووسراوه، واته خۆ لادان له‌وه‌ی كه له زمانێكی تره‌وه كاری وه‌رگێڕان بكرێت، ئه‌مه له‌كاتێكدا هه‌م زانینی ئه‌و زمانه‌ی تێكستێكی لێوه وه‌رده‌گێڕین هه‌م زانینی ئه‌و زمانه‌ی بۆی وه‌رده‌گێڕین له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی له زمانی یه‌كه‌م، واته هه‌ر سێ خاڵه‌كه‌ی، سێ خاڵی زۆر سه‌ره‌تاییی وه‌رگێڕانن له‌دونیادا و هیچ وه‌رگێڕانێك بێ ئاماده‌بوونی ئه‌م مه‌رجانه پێی ناوترێت وه‌رگێڕان، ئیدی باش بێت یان خراپ، ئه‌مانه ئه‌لفبای وه‌رگێڕانن و ته‌واوی مه‌رجه‌كانی وه‌رگێڕانن نییه، ئه‌م سێ مه‌رجه هه‌رسێكیان له ده‌وری زمان ده‌خوولێنه‌وه، له‌ڕاستیدا له پرۆسه‌ی وه‌رگێڕاندا زمان ته‌نها كه‌ره‌سته‌ی گواستنه‌وه‌یه، نه‌ك كۆی مه‌رجی سه‌ركه‌وتنی وه‌رگێڕانه‌كه، پێویسته له وه‌رگێڕاندا فه‌زای سایكۆلۆژی و ڕۆحیه‌ت و لایه‌نی مه‌عنه‌وی و مۆسیقا و به‌ها ئیستاتیكییه‌كان و ئاوێته بوون به بابه‌ته‌وه ڕه‌چاو بكرێن و به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌یه‌ك بگوێزرێنه‌وه یاخود دروست بكرێنه‌وه، ئه‌م لایه‌نانه له‌گه‌ڵ مه‌رجه سه‌ره‌تایییه‌كانی وه‌رگێڕاندا پێكه‌وه ئینجا تێكستێكی وه‌رگێڕاو دروستده‌كات كه بتوانێت ئاشنایه‌تییه‌كی قووڵ له‌گه‌ڵ خوێنه‌ردا دروست بكات، كه هیچی له‌گه‌ڵ ده‌قێكی خۆماڵی كه‌متر نه‌بێت.
كتێب و وتار
له‌م ساڵانه‌ی دواییدا له ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی كوردی تێبینی شتێك ده‌كرێت ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه زۆرترین كتێبی كوردی بریتی نییه له توێژینه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی و ئه‌كادیمی بێجگه له‌و نامانه‌ی بۆ وه‌رگرتنی بڕوانامه ئاماده ده‌كرێن، ئه‌گینا هه‌موویان پێكهاتوون له كۆمه‌ڵه وتار یان كۆكردنه‌وه‌ی چه‌ند ستوونێك یان بابه‌تێكی ڕۆژنامه‌وانی. ئه‌م دیارده‌یه بێجگه له‌وه‌ی به‌زۆری بۆ نه‌رگسیه‌تی ئه‌و نووسه‌رانه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه حه‌زیان له زۆركردنی ژماره‌ی كتێبه‌كانیان هه‌یه، له‌هه‌مان كاتدا تێكه‌ڵكردنی كایه‌ی ڕۆژنامه‌وانی و كاری جیدی و قوڵ و توێژینه‌وه‌یه به یه‌كتری، ته‌نانه‌ت به پاشكۆكردنی ناوه‌ندی ڕۆشنبیری و باڵاده‌ستكردنی نه‌فه‌سی ڕۆژنامه‌وانییه.
كۆمه‌ڵه وتار یان به كتێب كردنی كۆمه‌ڵێك وتاری ڕۆژنامه‌وانی له هه‌ندێ حاڵه‌تی ده‌گمه‌ندا نه‌بێت كه ئه‌ویش په‌یوه‌ندیی به تێگه‌ییشتنه‌وه هه‌یه له سیحری وشه و هونه‌ری حه‌شاردانی بابه‌تی قووڵ و مانای چڕ له چه‌ند وشه‌یه‌كی كه‌مدا كه ئه‌ویش به هه‌موو كه‌س ناكرێت، هه‌روه‌ها پێویسته ئه‌و وتارانه‌ی له‌سه‌ر كێشه هه‌نووكه‌ییی و ڕووداو و هه‌واڵه‌كانی ڕۆژ ده‌نووسرێن، تێگه‌ییشتنی قووڵیان له پشته‌وه بێت و لێكدانه‌وه‌كانیان ببنه هه‌وێنی تێگه‌ییشن له كێشه و ڕووداو و قه‌یرانی تر له سه‌رده‌م و كاتی جیاوازی تردا ئینجا ئاسایی ده‌بێت له دوو توێی كتێبدا هه‌ڵبگیرێن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌ست پێده‌كرێت ئه‌م به‌كتێب كردنه‌ی كۆمه‌ڵه وتار له ڕۆشنبیریی كوردیدا ئه‌م سیفه‌ته‌ی تێدا نییه، به‌ڵكو ئه‌م كاره ته‌نها بۆ نه‌فه‌سكورتی ئه‌و نووسه‌رانه ده‌گه‌ڕێته‌وه و كارێكه به‌هۆی زاڵكردنی دۆخی ڕۆژنامه‌وانییه‌وه هاتۆته ئاراوه، له‌كاتێكدا ده‌بوو ڕۆژنامه‌وانی ئه‌ركی خۆی ڕاپه‌ڕاندایه نه‌ك هه‌یمه‌نه‌ی به‌سه‌ر ناوه‌ندی ڕۆشنبیریدا بسه‌پاندایه.
ڕۆژنامه‌وانی له په‌راوێزی ڕۆشنبیریدایه‌و هه‌رگیز كه‌سی ڕۆژنامه‌وان به پیشه‌كه‌ی خۆی ناتوانێت پێناسێكی ڕۆشنبیریی بۆ خۆی دروست بكات، به‌ڵكو ڕۆژنامه‌وانی ته‌نها ئه‌وه‌نده په‌یوه‌ندیی به ڕۆژشنبیرییه‌وه هه‌یه كه بتوانێت ئه‌م ڕۆشنبیرییه و كار و ئه‌رك و پرۆژه و خه‌ونه‌كانی به ده‌ره‌وه‌ی خۆی بناسێنێت. واته رۆژنامه‌وانی ناتوانێت ڕۆشنبیری دروست بكات، به‌ڵكو ڕۆژنامه‌وانی ته‌نها ئه‌و ڕۆشنبیرییه ده‌ناسێنێت.
كتێب و باسكردن
به خوێندنه‌وه‌ی چه‌ندان كتێبی كوردی بۆت ده‌رده‌كه‌وێت، كاتێك نووسه‌رانیان خۆیان له بابه‌تێك یاخود كێشه‌یه‌ك ده‌ده‌ن، هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته وه‌ك ته‌ماشاكه‌رێكی بێ گیان و بێ كاریگه‌ر بدوێن، دابڕینی نووسه‌ر خۆی له‌و بابه‌ته‌و ته‌نانه‌ت له ژیانیش وای كردوه نووسینی كوردی زۆر نابه‌رپرسیارانه كار بكات و به‌رهه‌مبێت، بۆ نموونه نووسه‌ر كاتێك باس له یاسا ده‌كات، به‌لایه‌وه ئاسایییه خۆی هه‌موو یاساكانی زمان و یاسای نووسین و ئادابی قسه‌كردن پێشێل بكات، كاتێ ڕه‌خنه‌ی له گه‌نده‌ڵی ده‌گرێت، گرینگ نییه به‌لایه‌وه خۆی گه‌نده‌ڵی له كات كوشتن و نووسینی بێ ئامانج و ناپێویست بكات، باس له میژوو ده‌كات به‌ڵام نایه‌ت مێژوویانه بنووسێت، باس له ئیستاتیكا ده‌كاته، به‌ڵام خۆی ناكاته تێكستێكی ئیستاتیكی، ئه‌م شێوه باسكردنه، باسكردنه له ده‌ره‌وه‌ی ژیان و له‌ده‌ره‌وه‌ی سنووری تێكه‌ڵبوونه ڕۆحی و مه‌عنه‌وییه‌كان، بۆیه سه‌نگ و قوورسایییه‌كی ئه‌وتۆیان نابێت و ته‌نانه‌ت كتێبه‌كان به مردووییش له دایك ده‌بن.
كتێب و ڕووداو
خاڵێكی گرنگ له‌م بابه‌ته ده‌مانه‌وێت په‌په‌نجه‌ی بۆ ڕاكێشین نووسینی كتێب و سه‌یرنه‌كردنیه‌تی وه‌ك ڕووداو. ڕووداو ئه‌و چركه‌یه‌یه كه ده‌كرێت وه‌ك خاڵی گۆڕان و شڵه‌قانی گۆمێكی مه‌نگ ته‌ماشای بكه‌ین، به‌ڵام له نووسینی كتێبی كوردیدا كتێب نوووسین وه‌ك دیارده‌یه‌كی زۆر ئاسایی و هیچ نه‌گۆڕ و ساده ته‌ماشا ده‌كرێت، له‌ڕاستیدا له‌دایكبوونی كتێب ده‌بوو وه‌ك دروستبوونی ڕووداوێك ته‌ماشا بكرێت، كه ده‌كرێت ئه‌و شتانه‌ی په‌یوه‌ندیی پێوه هه‌یه له ڕیتمی ئاسایی و چه‌قبه‌ستووییی خۆیان ده‌ریان بهێنێت و هۆشیاریی مرۆڤیش بخاته سه‌ر دۆخێكی نوێی بیركردنه‌وه و ڕامان، واته كتێب نووسین هه‌میشه پێویست بوو په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ گۆڕانی هۆشیاریی مرۆڤ زیاتر بیركردنه‌وه‌وه هه‌بوایه.
كتێب و سانسۆر
به‌هۆی ئه‌وه‌ی دۆخی ڕۆشنبیریی كوردی دۆخێكی ناوازه‌یه و تا ساڵانێك به‌ر له ئێستا كتێب چاپكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی زۆر نوووسین كارێكی سانا نه‌بوو، سانسۆریش هه‌میشه وه‌ك كوته‌كێكی سیاسی و ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌سه‌ر نووسینی كوردییه‌وه ئاماده‌یی هه‌بوو، بۆیه له‌م ساڵانه‌دا وه‌ك كاردنه‌وه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر به جۆره سانسۆره، به‌شێكی نووسینی كوردی به شوێن بابه‌تی وروژێنه‌ری ئایینی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌گه‌ڕێت، ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به‌شێوه‌یه‌ك جێبه‌جێده‌بێت، كه گرنگ نه‌بێت هه‌موو ئادابێكی نووسین و بیركردنه‌وه‌ی زانستی و كاركردنی میتۆدی به‌لاوه بنرێت. بێگومان ئه‌م شێوه كاركردنه جگه له‌وه‌ی ئه‌م جۆره سانسۆرانه زیندوو ته‌نانه‌ت تۆختر ده‌كه‌نه‌وه، له‌ولاشه‌وه سانسۆرێكی تر كه له هه‌موو ناوه‌ندێكی ڕۆشنبیریی ته‌ندروستدا پێویسته هه‌بێت كه سانسۆری مه‌عریفییه، ده‌كوژێنێته‌وه و به بیانوویی دژایه‌تیی سانسۆره‌وه ڕێگه به چاپكردنی هه‌موو نووسینێك ده‌درێت، كه دووربێت له بنه‌مای نووسین و هیچ مه‌رجێكی ئه‌كادیمی و زانستی تێدا نه‌بێت.
كتێب و ڕوونكردنه‌وه
سیمایه‌كی تری زۆرترین نووسینی كوردی ئه‌وه‌یه كه حه‌زی له زۆر ڕوونكردنه‌وه‌یه، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌میشه خه‌ریكی دووباره‌كردنه‌وه‌یه، سیفه‌تی زۆر دووباره‌كردنه‌وه بۆته دیمه‌نێكی زه‌قی نووسینی كوردی، ئه‌وی بیستووته هه‌زاران جاری تر ده‌یبیستته‌وه، ئه‌وی خوێندووته‌وه، هه‌زاران جاری تر ده‌یخوێنیته‌وه، به‌م جۆره ئه‌م جووینه‌وه و كاوێژكرنه‌وه‌یه، جگه له دابه‌زاندنی ئاستی زانستی و پچڕانی په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ خوێنه‌ردا له هه‌مان كاتدا دووباره‌كردنه‌وه باڵ به‌سه‌ر بابه‌تی نوێ و دیارده‌ی تازه و مه‌یدانییه‌كانشدا ده‌گرێت، بۆ نموونه زۆر بابه‌تی ئه‌ده‌بی و ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی و سیاسی… هتد، ده‌خوێنیته‌وه، ته‌نها گێڕانه‌وه‌یه، ئه‌دیبێك له‌بری دۆزینه‌وه و كه‌شف و به‌كارهێنانی چه‌مكی ئه‌ده‌بی بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی تێكستێك كه‌چی باس له ڕووداوه دیار و شته زوو هه‌ستپێكراوه‌كانی ده‌قێك ده‌كا و تێكه‌ڵ به ژیانی نووسه‌ر یان خۆی ده‌كات، ده‌روونناسێك له‌بری كه‌ڵوه‌رگرتن له نوێترین لێكدانه‌وه‌ی زانستی ده‌روونی و به‌كارهێنانی چه‌مكه‌كان و به‌هۆیه‌وه تێگه‌ییشتن له دیارده‌یه‌كی ده‌روونی ئه‌مێَستای ده‌وروبه‌ری خۆی كه له‌گه‌ڵیدا ده‌ژی، كه‌چی ته‌نها حاڵه‌ته‌كان ده‌گێڕته‌وه و دیارده‌كه چۆنه هه‌ر وا باسی ده‌كاته‌وه، كۆمه‌ڵناسێكیش هه‌ر وا وێنه‌ی كۆمه‌ڵ ده‌گرێ و ئاییناسێكیش هه‌ر له سێبه‌ری ده‌قه‌كاندا ده‌خولێته‌وه و سیاسییه‌كیش هه‌ر ده‌قی به لێكدانه‌وه سیاسییه هه‌رزان جار دووباربۆوه گرتوه. ئه‌مه‌ش تێمان ده‌گه‌یه‌نێت نووسینی كوردی به‌ده‌گمه‌ن نه‌بێت تازه‌گه‌ر نییه و خۆی نادات له قووڵایییه‌كان و به‌كاری جیدییه‌وه سه‌رقاڵ نابێت و ئه‌گه‌ری تازه‌بوونه‌وه و به‌رهه‌مهێناوه‌ی شتی نوێ هه‌ڵنه‌گرتوه بۆیه هه‌میشه له په‌راوێزدایه.
تێبینی: ئه‌م بابه‌ته له ژماره (5) گۆڤاری (نووسه‌ر)ی یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد لقی سلێمانیدا ساڵی 2012 بڵاوكراوه‌ته‌وه.