Skip to Content

Saturday, April 27th, 2024
نامه‌یه‌ک بۆ هاوڕێیانی زیندانیانی سیاسی( چه‌پ وکۆمۆنیست

نامه‌یه‌ک بۆ هاوڕێیانی زیندانیانی سیاسی( چه‌پ وکۆمۆنیست

Closed
by October 9, 2009 گشتی

هاوڕێیانی خۆشه‌ویستم ئه‌م کاته‌تان باش سڵاو ڕێزم هه‌یه‌ بۆتان 

 ئێوه‌ ژماره‌یه‌کی به‌چاو له‌ هه‌ڵسوڕاوانی بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی و کرێکاری له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌شی به‌عسدا به‌شێک له‌ ژیان و خه‌باتی خۆتان له‌ زیندانه‌ تاریکه‌کاندا به‌سه‌ر بردووه‌ ، ئیوه‌ هه‌ر ڕۆژێکتان له‌ زینداندا مێژوویه‌که‌ له‌ خه‌بات و له‌خۆبووردن ، ئیوه‌ ئه‌و له‌شکره‌بوون که‌ دڕه‌نده‌ترین ده‌سه‌ڵاتان ترساندو پێتانووت ئێمه‌ هه‌ین ، بۆیه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ که‌وته‌ گیانتان و کون به‌ کون به‌دواتانا ده‌گه‌ڕاو به‌هه‌ر نرخێک ده‌یویست ده‌سگیرتان بکات ، مێژووی ئێوه‌ له‌ زیندانه‌کاندا و به‌ تایبه‌ت له‌ ( ئه‌منه‌ سوره‌که‌ی سلێمانی ) مێژووی هه‌ڵسوڕان و خه‌بات و گیانبازی هه‌ڵسوڕاوانێکه‌ بۆ  دنیایه‌کی ئازاد و یه‌کسان بۆ کۆمه‌ڵگا ، سه‌ره‌ڕای که‌م ئه‌زموونی و چه‌ندین دیارده‌ی نه‌خوازراو له‌و ژیانه‌ سه‌خته‌ی زینداندا ، به‌ڵام ئێوه‌ توانیتان وانه‌یه‌کی قوڵی له‌خۆبودووی پێشکه‌شی مێژووی  چه‌پ و پێشکه‌وتوخوازی بکه‌ن له‌ کۆمه‌ڵگای کوردوستاندا  ،  به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تاکو ئێستا ئه‌و مێژووه‌ به‌شێوه‌یه‌کی داڕێژراو به‌ به‌رنامه‌وه‌ نه‌نوسراوه‌ته‌وه‌ و دیکۆمێنت نه‌کراوه‌ ، له‌کاتێکدا هێز و بزووتنه‌وه‌کانیتر زۆر به‌گرنگیه‌وه‌ ئه‌م کاره‌یان به‌شێوه‌ی جۆراو جۆر ئه‌نجامداوه‌ ، له‌م باره‌وه‌ چه‌ند هه‌وڵێکی پرش و بڵاو هه‌یه‌ وه‌ک چاوپێکه‌وتنی ( هاوڕێ لوقمان مسته‌فا عه‌بدوڵا  له‌گه‌ڵ گۆڤاری خه‌رمانه‌ ژماره‌ 7 ، چاوپێکه‌وتنی هاوڕێ کاوه‌ عومه‌ر له‌گه‌ڵ که‌ناڵی ئاسمانی کوردسات به‌رنامه‌ی ئه‌و ڕۆژانه‌ی ئه‌مڕۆیان دروست کرد  ) ئه‌مه‌و من ئاگادارم که‌ ژماره‌یه‌ک هاوڕێ ئه‌م مێژووه‌یان لای خۆیان نووسیوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام تاکو ئێستا نه‌که‌وتۆته‌ به‌ر چاوی خوێنه‌ر و نه‌بۆته‌ مێژوویه‌کی دیکۆمێنتکراو ، هاوڕێیانی زیندانی و خۆشه‌ویستم زۆر گرنگه‌ گیانبازی ئێوه‌ له‌ زیندانه‌ ڕه‌ش و تاریکه‌کانی به‌عس هه‌ر له‌ناو دالتاو نێوانی دێڕی نووسینه‌کاندا نه‌مێنێته‌وه‌ ، ئه‌بێت هه‌موومان هه‌وڵ بده‌ین هه‌رکه‌س و به‌پێی تواناو کاتی خۆی به‌شێک له‌م کاره‌ بخه‌ینه‌ سه‌ر شانی خۆمان ،  ئه‌م کارانه‌ پێوویستی به‌ هیمه‌تیکی گشتی هه‌یه‌ بۆ فه‌رامۆش نه‌کردنی ئه‌و مێژووه‌و نووسینه‌وه‌ی ، بۆیه‌ من به‌م نامه‌یه‌ داوا له‌هه‌مووتان ده‌که‌م که‌ هه‌ر هاوڕێیه‌ک بتوانیت چیرۆکی واقیعی چۆنیه‌تی ده‌سگیرکردنی و ژیانی خۆی له‌ زیندانه‌ تاریکه‌کانی به‌عسدا بنووسێته‌وه‌و هه‌ر یادگاری و بیره‌وه‌ریه‌کی هه‌یه‌ یاداشتی بکات ، من داوا ئه‌که‌م که‌ به‌هیچ جۆریک ده‌مارگیری ئه‌خلاقی واتان لێنه‌کات به‌هۆی ئیعتراف یان واقیعه‌تێکی سه‌ختی زیندان قسه‌کانی خۆتان نه‌که‌ن ، چونکه‌ ئێوه‌ پێش ئه‌وه‌ی هه‌ر شتێکبن ئینسانن و له‌ خوێن و گۆشت و ئێسقان پێکهاتوون ، مێژووی ئێوه‌ مێژووی بزووتنه‌وه‌یه‌که‌ ئه‌گه‌ر خۆتان قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌که‌ن ئه‌وا ئه‌مڕۆ یان سبه‌ینێ نه‌یاره‌کان ئاوه‌ژووی ده‌که‌نه‌وه‌ ، من پێشنیار ده‌که‌م که‌ لیژنه‌یه‌کی چه‌ندکه‌سی دروست بکه‌ین بۆ گفتوگۆ کردن له‌سه‌ر ئه‌م پرۆژه‌یه‌و بیروڕا گۆڕینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م هاوڕێیان و بڕیاردان له‌سه‌ر به‌چاپ گه‌یاندنی ئه‌و یاداشتانه‌ له‌دووتووێی کتێبێکدا ،  من بۆ خۆم زیندانی نه‌بووم به‌ڵام خۆم به‌ شه‌ریکی خۆشی و ناخۆشی و خه‌باتان ده‌زانم ، بانگه‌وازتان ده‌که‌م به‌شێک له‌ کاته‌کانی خۆتان له‌ده‌ره‌وه‌ی زیندان دیاری بکه‌ن بۆنووسینه‌وه‌ی ژیانی ناو زیندان .
هاوڕێتان
هیدایه‌ت مه‌لا عه‌لی                                                 hidayat_malaali@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.