نووسه‌ری کوشنده … حه‌مه مه‌نتک
له‌م ڕۆژانه‌دا خه‌ریکی خوێندنه‌وه‌ی کتێبی (زمان، ئه‌ده‌ب و ناسنامه)ی (د.هاشم ئه‌حمه‌دزاده) بووم. کتێێکه شایه‌نی خوێندنه‌وه‌یه، یه‌کێ له‌و زاراوه و چه‌مکانه‌ی سرنجی بردم، چه‌مکی (نووسه‌ری کوشنده) بوو. پێشتر چه‌مکی (خوێنه‌ری کوشنده)مان له‌کن (به‌ختیار عه‌لی) بیستووه. (به‌ختیار عه‌لی) له‌م وتاره‌یدا خوێنهرێکمان له نێو کورددا پێ ده‌ناسێنێ، توانای ڕاڤه‌کردن و خوێندنه‌وه‌ی هه‌مه‌ڕه‌نگی نییه. هه‌رچه‌نده ڕه‌نگه ئه‌م بۆچوونه‌ی ناوبراو بۆ خوێنه‌ری ئێستا پڕبه‌پێستی نه‌بێ، چونکوو خوێنه‌ری ئێستا (بێگومان خوێنه‌ره چالاکه‌کان) به‌هۆی ئاشنابوونیان به مێتۆد و قوتابخانه ڕه‌خنه‌ییه‌کان توانای ڕاڤه‌ی جوداجودای هه‌یه.
(هاشمی ئه‌حمه‌دزاده) له ژێر ڕۆشنایی تیۆره‌که‌ی (ڕۆلان بارت)، (مه‌رگی نووسه‌ر) ئه‌م چه‌مکه ده‌ناسێنێ، ئێمه له نووسه‌ری قه‌رز ده‌که‌ین، له ڕێیه‌وه ده‌چینه نێو کاریگه‌رییه نێگه‌تیڤه‌کانی ئه‌م جۆره نووسه‌رانه. ئایا نووسه‌رانێکی وه‌ها چه‌نده ڕۆڵیان له کوشتنی بیری خوێنه‌ر هه‌یه؟ ئایا ده‌قگه‌لی وه‌ها تا چه‌نده زه‌مه‌ن ده‌بڕن؟ نووسه‌رگه‌لی کوشنده چ ده‌قگه‌لێک به‌رهه‌م ده‌هێنن؟ له‌ڕێی وه‌رامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه‌وه هه‌وڵده‌ده‌ین ڕاڤه‌یه‌ک بۆ ئه‌م ته‌رزه نووسه‌ره بکه‌ین.
ئه‌وه ئاشکرایه تا هاتنی بونیادگه‌ره‌کان، ده‌سه‌ڵاتی باڵا له ده‌ق به ده‌ست نووسه‌ره‌وه بوو. نووسه‌ری ده‌ق له ژێر ڕۆشنایی بۆچوون و ئایدیۆلۆژیای خۆی ده‌قی ده‌نووسی، ده‌ق هه‌ڵگری تێمه و مه‌به‌ستی نووسه‌ر بوو. بۆ نموونه نووسینی ده‌قی ڕۆمان، شێوازی گێڕانه‌وه‌ی تاکده‌نگی بوو، ده‌سه‌ڵاتی نووسه‌ر به‌سه‌ر کاره‌کته‌ره‌کانه‌وه زاڵبوو، جووڵه و په‌یڤ و بیرکردنه‌وه‌ی کاره‌کته‌ره‌کان ملکه‌چی په‌یڤ و ئایدیۆلۆژیای نووسه‌ربوون. به‌ڵام له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م و له‌گه‌ڵ ڕاڤه‌کانی (میخاییل باختین) بۆ ڕۆمانه‌کانی دیستۆیفسکی، نووسینی ڕۆمانی فره‌ده‌نگ هاته‌کایه‌وه، له‌وێدا ئازادی به کاره‌کته‌ره‌کان درا خاوه‌ن چیرۆک و په‌یڤی خۆیان بن، ته‌نانه‌ت بۆیان هه‌بوو ببن به وه‌گێڕ (الروای). له بونیادگهرهکانیشهوه گرنگی به خوێنه‌ر درا. خوێنه‌ر بوو به چه‌قی به‌رهه‌مهێنانی واتا و ڕاڤه‌ی جودا له نێو ده‌قدا، ته‌نانه‌ت نوێترین مێتۆد و تیۆر له ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ئێستا، مێتۆدی (ئێستاتیکای وه‌رگر/ خوێنه‌ره). ئه‌م مێتۆده گرنگی به‌و ڕاڤانه ده‌دا که خوێنه‌ر له‌نێو ده‌قه‌که به‌رهه‌می ده‌هێنێ.
ئه‌گه‌ر له حاڵی ئێستای ئه‌ده‌بی کوردی بنۆڕین، نووسه‌ره کوشنده‌کان، به ده‌قه کوشنده‌کانیان باڵاده‌ستترن، له ده‌قی نووسه‌رانه. ده‌قی نووسه‌رانه، زاراوه‌یه‌که (بارت) خاوه‌نیه‌تی ئه‌و ده‌قه‌یه (( خوێنه‌ر ناکاته به‌رخۆر، به‌ڵکو ده‌یکاته به‌رهه‌مهێنه‌ر و خولقێنه‌ری ده‌ق.))1 ئه‌مه ده‌قی ئه‌و نووسه‌رانه‌یه، ده‌قه‌کانیان به کراوه‌یی بۆ خوێنه‌ر جێده‌هێڵن. ئه‌وه‌ی دواجار کۆده‌کانی ده‌ق ده‌کاته‌وه، ئه‌وه‌ی دواجار واتا و ڕاڤه‌ی دیکه، به‌رهه‌می دیکه له‌نێو ئه‌و ده‌قه هه‌ڵده‌هێنجێت، خوێنه‌ره، ئه‌وه تاکه تێمه و بیری نووسه‌ر نییه له‌نێو ده‌قه‌که، به‌ڵکوو ئه‌و واتایه‌یه که خوێنه‌ر ده‌یخولقێنێ، زۆربه‌ی جاریش ئه‌و واتا و ڕاڤه‌یه له‌گه‌ڵ مه‌به‌ست و تێمه‌ی نووسه‌ر تێکناکه‌نه‌وه. نووسه‌ری کوشنده نووسه‌رێکه هیچ مه‌ودایه‌ک بۆ خوێنه‌ر ناهێڵێته‌وه، نووسه‌رێکه له‌سه‌ر کوشتنی بیری خوێنه‌ر کارده‌کات. نووسه‌رێکه (( ڕێگه به خوێنه‌ره‌وه نادات له ڕه‌وتی خوێندنه‌وه‌دا به‌رهه‌مهێنه‌ری مانا و له ڕاستیدا ده‌قێکی نوێ بێت.))2 که‌واته نووسه‌ری به توانا ده‌قێک به‌رهه‌مده‌هێنێ خوێنه‌ر بتوانێ به‌هۆی خوێندنه‌وه‌کانی خۆی ده‌قێکی دیکه‌ی لێ به‌رهه‌مبهێنێ. ئه‌مه‌ش ڕاسته‌وخۆ خوێنه‌رێکی چالاکمان بۆ به‌رهه‌مده‌هێنێ. نووسه‌ری کوشنده له نێو ئه‌ده‌بی کوردی به‌رهه‌مهێنه‌ری ده‌قی نائه‌ده‌بی و ناهونه‌رین. له به‌رهه‌مهێنانی نووسه‌ری کوشنده‌دا حیزب ده‌ستێکی باڵای هه‌یه. نووسه‌رگه‌لێک ئه‌ده‌ب بۆ مه‌رامی حیزبی به‌کارده‌به‌ن. چۆن له‌سه‌رده‌می شیوعییه‌کان له ڕووسیا ئه‌و نووسین و ده‌قه‌ی خزمه‌تی به ئایدیۆلۆژیای حیزبی شیوعی نه‌کردبا، بۆ تاراوگه ڕاوده‌نران، (پاستێرناک) نموونه‌یه‌کی دیاره. هه‌ر ده‌قێک بارگاوی به مه‌رام و ئایدیۆلۆژیای حیزبی بێت، ده‌قێکه مردنی له‌گه‌ڵ بڵاوکردنه‌وه‌یه‌تی. نووسه‌ری کوشنده خوێنه‌ر ده‌کوژێ، بوار بۆ ئاماده‌یی خوێنه‌ر ناهێڵێته‌وه. (( که خوێنه‌ر ئاماده نه‌بوو، ده‌ره‌نجامه‌کانی له‌سه‌ر ته‌واوی ڕۆشنبیری ده‌رده‌که‌وێته‌وه. گه‌وره‌ترین زیانێک که ونبوونی خوێنه‌ر دروستی کردووه مردنی ڕه‌خنه‌یه. یه‌که‌مین شت که له‌گه‌ڵ مردنی خوێنه‌ردا ده‌مرێت ڕه‌خنه‌یه.))3 گه‌وره‌ترین زیانێک نووسه‌ری کوشنده له ده‌ق و ئه‌ده‌بی بدات، کوشتنی ڕه‌خنه‌یه، چونکوو ده‌ق به شێوه‌یه‌ک سنووردار و به‌رته‌سک ده‌کاته‌وه، بوار بۆ بیرکردنه‌وه‌ی دیکه ناهێڵێت. ئاخر نووسه‌ری کوشنده ده‌ق له قاڵب ده‌دا، ته‌نانه‌ت وای لێ ده‌کا هیچ مێتۆدێک بۆ ڕاڤه‌کردنی گونجاو نه‌بێ، گرنگی به لایه‌نی هونه‌ریی و زمانی ده‌ق نادات، به‌ڵکوو زیاتر گرنگی به‌و تێمه ئایدیۆلۆژیایه ده‌دا، که ده‌قی له پێناو ده‌نووسێت. ڕهوگهلێک له‌و نووسه‌ره کوشندانه کۆمه‌ڵێ گۆڤار و ڕۆژنامه‌یان بۆ ده‌رده‌کرێ، له‌وێدا ئه‌و ژه‌هره کوشنده‌یه به‌ناوی ده‌ق و نووسینی ڕه‌خنه‌یی ده‌خه‌نه جه‌سته‌ی ئه‌و بوونه به‌سته‌زمانه‌ی نێوی ئه‌ده‌بی کوردییه. ئه‌مه‌یش بێگومان کاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕه‌وتی هونه‌ری ڕه‌خنه ده‌بێت. نووسه‌ری کوشنده له نووسینه‌کانیدا به ئاشکرا مه‌رامی خۆی به‌رانبه‌ر ئه‌ویدیکه ده‌رده‌بڕێت، زۆرجا له‌بری ئه‌وه‌ی به پێوه‌ر و مێتۆد ده‌ق هه‌ڵسه‌نگێنێ و کۆده‌کانی بکاته‌وه، هه‌وڵده‌دا قسه له‌باره‌ی که‌سایه‌تیی نووسه‌ری ده‌ق بکا، ئه‌م نووسینانه نه‌وه‌یه‌کمان بۆ په‌روه‌رده ده‌که‌ن، به‌بێ مێتۆد و پێوه‌ر ڕای خۆی ده‌ربڕێت. گۆڤار و ڕۆژنامه کوشنده‌کانیش ئه‌وه‌نده‌ی بایه‌خ به‌و نووسینه کوشندانه ده‌ده‌ن، نیو هێنده بایه‌خ به ده‌قی نووسه‌رانه ناده‌ن. (( ئه‌و به‌ناو ڕه‌خنه و وه‌شاندنه فرانهی کوردی هێشتا پێکهاته‌یه‌کی خێڵه‌کی و کێبه‌رکێی بازرگانی له پشته‌وه‌یان ئاماده‌یه، بۆیه خه‌می ئه‌و گۆڤار و به‌ناو ڕه‌خنه‌گرانه‌یش هه‌ر په‌سندانی ئێل و ئهشیرهتهکهی خۆیان و پڕکردنه‌وه‌ی ئاره‌زووه ڕووکه‌شه‌کانی خۆیانه.))4 ئه‌مه هۆکاری ئه‌و کاره‌ساته‌یه، که ئێستا به‌رۆکی ئه‌ده‌بی کوردی گرتووه، کاره‌ساتی ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یه‌کمان نییه له‌سه‌ر بنه‌مای مێتۆد و ده‌ق، خوێندنه‌وه و ڕاڤه بۆ ده‌ق بکا. بۆیه‌یش ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی وه‌کوو کایه‌کی سه‌ره‌کیی ئه‌ده‌بناسی بوونی له‌نێو ڕۆشنبیریی و ئه‌ده‌بیاتی ئێمه لاوازه. چونکوو نووسهرانێکمان هه‌ن کار بۆ کوشتنی ئه‌و کایه گرنگه‌ی ئه‌ده‌بناسی ده‌که‌ن، نووسه‌رانێکی کوشنده‌ن، خوێنه‌رانێکی کوشنده به‌رهه‌م دێنن. ئه‌و خوێنه‌ره کوشندانه‌ی (به‌ختیار عه‌لی) زۆر هونه‌ریانه وه‌سفیان ده‌کا به‌وه‌ی یه‌ک وه‌زیفه‌یان هه‌یه، ئه‌ویش ده‌رکردنی حوکمی سه‌رپێییانه به‌سه‌ر ده‌قدا، حوکمی (زۆر جوانه، یان زۆر خه‌راپه)، به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی دیکه‌ی هه‌بێ، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و پێوه‌رانه‌مان پێ بڵێت بۆ جوانه؟، یان بۆ خراپه؟ به چ پێوه‌رێک و له ژێر چ مێتۆدێک؟
نووسه‌ری کوشنده ده‌قگه‌لێک به‌رهه‌م دێنێت، یه‌ک ئاسۆی خوێندنه‌وه‌ی هه‌بێت. هه‌وڵی قوفڵدانی بیری خوێنه‌ر ده‌دات. ئێستا له‌نێو ئه‌ده‌بی کوردی‌دا نووسه‌رانێکی به‌ناو لێکۆڵه‌ر و ڕه‌خنه‌گر بوونیان هه‌یه، ده‌چنه ژێر پێناسه‌ی نووسه‌ری کوشنده، چونکوو له نووسینه‌کانیان ده‌قی دیکه به‌رهه‌مناهێنن. به‌بێ هیچ پێوه‌رێک ده‌ق ده‌خوێننه‌وه، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر کاری ڕه‌خنه‌یی له ده‌قێکی شیعری بکا، ته‌نێ دێره شیعره‌کان ڕاڤه ده‌کا، واتایان بۆ خوێنه‌ر ده‌نووسیت. واتا شاعیر به شیعر تێمه‌یه‌کی ده‌ربڕیوه، کاکی به‌ناو ڕه‌خنه‌گر به‌بێ هیچ مێتۆدێک به په‌خشان واتای دێره شیعره‌کان ده‌نووسێته‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی واتایه‌کی جودا بئافرێنێت. به‌بێ ئه‌وه‌ی کۆده‌کانی ده‌ق بکاته‌وه. ئه‌م نووسه‌ره کوشندانه ئه‌رکێک ده‌خه‌نه سه‌رشانی نووسین و ڕه‌خنه، که ئه‌مه ئه‌رکی ڕاسته‌قینه‌ی نووسین و ڕه‌خنه نییه، چونکوو ده‌قی نووسه‌رانه ئاسۆکانی به‌ڕووی خوێنه‌ر ده‌کاته‌وه، هه‌مان ئه‌و چه‌مکه‌یه که (ئیمبه‌رتۆ ئیکۆ) پێی ده‌ڵێت (ده‌قی کراوه)، ئه‌مه ده‌قێکه ڕاڤه و خوێندنه‌وه‌ی جودا هه‌ڵده‌گرێت. به‌رانبه‌ر به‌وه (ئیکۆ)، (ده‌قی داخراو)مان پێده‌ناسێنێت، ئه‌مه‌یان ده‌قێکه ئه‌زموونی خوێندنه‌وه تێیدا ئه‌زموونێکی سنوورداره. خوێنه‌ر ناتوانێت واتای جودای لێ هه‌ڵێنجێت، نووسه‌ری ئه‌م ده‌قانه نووسه‌رانێکی کوشنده‌ن، نووسه‌رانێکن ده‌یانوێت هه‌رخۆیان تاکه نووسه‌ر بن، تێمه‌ی ئه‌وان تاکه تێمه بێ له نێو ده‌قه‌که. ئه‌م نووسه‌رانه زه‌مینه بۆ داخستنی ده‌رگه و په‌نجه‌ره‌کان له‌سه‌ر خوێنه‌ر خۆش ده‌که‌ن.
سه‌رچاوه و په‌راوێزه‌کان:
توێژینه‌وه‌ی تیۆری ئه‌ده‌بی، راجێر وێبستێر، و: عه‌بدولخالق یه‌عقووبی، ده‌زگای موکریان، هه‌ولێر، 2006، ل189.
زمان، ئه‌ده‌ب و ناسنامه، د.هاشم ئه‌حمه‌دزاده، ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر، 2012، ل153.
خوێنه‌ری کوشنده، به‌ختیار عه‌لی، چاپجانهی ره‌نج، سلێمانی، 2005، ل31- 32.
شه‌به‌نگی بوون زایه‌ڵه‌ی ده‌ق، هه‌ندرێن، یانه‌ی قه‌ڵه‌م، سلێمانی، 2008، ل82.