Skip to Content

Saturday, April 27th, 2024
وڵاتێك لە نامەی ڕوح … مەدیحە سۆفی

وڵاتێك لە نامەی ڕوح … مەدیحە سۆفی

Closed
by April 7, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

١

کێ دەڵێ بە پەیامێکی ڕوحت

تەنیاییە تاقانەکەم شەهید نابێ

 

2

لەم جەنگە سەرشێتەی ناخم تێناگەم

لەوەتەی هەیە ئاڵای یاخیبوون هەڵئەداو

کە لاولاوی ڕوح تێی ئەئاڵێت

کرنووش بۆ فەتواکەی ئەبات

3

هەموو بە ڕوح تینووین

کەچی بە بنمیچی بریق و باقا

چەقی چاومان هەڵئەواسین

 

4

 

ژەهر تاڵە ……… جار جار وەکو ژیان

جار جاریش هەموو ژیان بەرسیلەی ژەهرە

بە ساڵ …..بەمانگ …….. حەرفێکی خۆی لانادا لە ژان

 

5

فێرم کە  چۆن ناڵەی ڕوحم دەگاتە خوا؟

فێرم کە چۆن ؟ …..سەبوورییەك

لە خواوەندەوە دادەکا

 

6

 ئاخر کوا دەریای عیشق تووینێتی دەشکێنێ……………..

 

7

بە شار بڵێن

دەبێ فێرم بکات

چۆن ناسنامەکەم ڕەنگی سەفەری ئارامی دەگرێ

ئاخر من نازانم چۆن قەڵەمی ڕوح بێ دەنگ دەبێ

 

8

دەترسام نەتوانم سەوزت بکەمەوە

دەترسام نەتوانم دیسانەوە

چەند نۆتەیەك لە کڵپەی مێلۆدی عیشقت

بکەمە لاوژەی ڕوح و

چرای تاریکی چاوەڕوانی پێ بکوژێنمەوە

دەترسام…..ئای دەترسام

 

9

من  تونێلە قەترانییەکانی ڕازەکانم

بە موناجاتی نیوەشەو دەبڕم

 

10

 

ئەم ڕوحە ماندووەم

لە ئیمپڕاتۆرییەتی وڵاتەکەی تۆدا چەند تینووە؟

 

11

 

بە شار بڵێن تەنها ئەوەندەم بەسە

من و ئەو ئێستاش هەرلە مێژووی خۆمان دەچین

 

12

 

لەبەر ئەوەی زۆر دەمێکە تاڵانت کردووم

هەر لە گەڕانم

بەشوێن ئارامگەیەکی ڕابوردووم

بە شوێن لەت لەتی ڕوحم

 

13

دەمووت….بەو ئاوێنەیەم دەوت

تۆ لە زیئبەقی ڕوحی من هەڵکێشراوی

قەد قەد ڵێڵ نابی

 

14

 

من لەسەفەرم و لەوەتەی هەم موسافیرم…

ئەی بۆ ڕێم ناکەوێتە سەر دورگەی قەدەرت؟

 

15

 

پەنابەری وڵاتێك بووم

ئێستا هاونیشتیمانی ڕوحمه

بە ڕەشەبای نیشتیمان دروستبووم

کەچی…..بۆ ڕەوینەوەی ئەم( تا ) یەم

هەر پەنابەری وڵاتی تۆم

 

16

کێ دەڵێ بە ڕۆمانی تەنها نیگایەکی چاوت

نۆبلی جیهان بەسەر ناخی قەڵەمەکەمدا دانابارێ!!

17

گەر ئەمجارە مردن خیانەتێك لە ژیان بکاو

ئەم تەمەنەم لە باوەشی خۆی داڵدە بدا

ئیتر ژیلەمۆی تەزبیحی ژیانم نەئەژمارد

 

18

چۆن نامە کورتەکان

پەرێزی  چاومی لە تەنهایی چۆڵ دەکرد و

دەبووە پایز

گەڵای جەنگەڵی تاریکی ناخمی دەوەراند

هەر ئاواش نوکی قەڵەمەکەم توینێتی دەنوسییەوەو

چاوەڕوانی دەخستە ڕێ و

ساتی بارینی بەفری ڕوحی

لەسەر پێدەشتی ڕوحم دەناسییەوە

19

 

کە عیشق کاڵ بووەوە…ئیتر چی بنووسرێ؟

کە سوتان کوژایەوە …قەڵەم خوڵامی کێ بێ؟

کە تەما قرتێنرا ..کە ئیشتیاق بووە خۆڵەمێش

کە گەڕان بە قاموسی دۆزینەوەی ئارامیا وەستا

چ مۆسیقایەك دەتکاتە مشتێ ژیلەمۆی گەش؟

 

 

20

هەر ئەوەندەی هەناسەی باران لە خاك و

ئەوەندەی پۆشاکی ئاسۆ لە تاڵی خۆرو

ئەوەندەی لەرەی گەڵای هیوا لە سروەی خەونەوە دوورە

21

 

منیش نازانم

 ئەو گەردەلوولەی خودا دەیخاتە ڕێ 

سەر بە چ جینێکی هەڵپڕووکێنەر و

چ ڕەسەنێکی بێ بەزەییە..

کە هەڵدەکا 

هەرچی سنوری وڵاتان و دونیای  مرۆڤ و فریشتەیە

دەرگای خۆیان دادەخەن و

هەرچی چاوی پاسەوانی ئازار هەیە کوێر دەبن

 

22

 

وڵاتی من بێ سنوره‌

له‌کام گۆشه‌ تۆ پێت خۆشه‌

ده‌وار هه‌ڵده‌ و دووبه‌دوو ده‌بینه‌ قه‌ره‌ج

 

 

23

وەرە من فرمێسکەکانم کۆکردووەتەوەو

هەمووی دەڕژێنمە فانۆسەکانی ڕوحتەوە

بەو ئاوێنەیەم دەوت:

من خەندە شارراوەکانم لە نێو ڕوانینەکاندا چاندووەو

هیواکانم لە تابلۆی کانییەکی بێگەردا چوارچێوە گرتووە

 

24

 

کێ دەتوانێ قومێ ئاو …سروەیەك لە ژیان

زەمەنێکی سەرخاك بەدیاری

وەکو پلیتی شانۆگەرییەك

بۆ ئەم وێنە لێكدابڕاوە بنێرێ؟

 

 

مەدیحە سۆفی/ ئەڵمانیا

https://www.facebook.com/pages/Madiha-Sofi/538772819478675

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.