Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
پرۆسەی دیموکراسی، بەلاچوونی پارتی دەستپێدەکات…!

پرۆسەی دیموکراسی، بەلاچوونی پارتی دەستپێدەکات…!

Closed
by September 1, 2013 گشتی

 

 

 

 

 

پتر لە بیست ساڵە کورد لەباشووری کوردستان حوکمی خۆی دەکات و لەماوەی ئەم بیست ساڵەدا دەسەڵات چ بەجیا یان پێکەوە لەدەست دووهێزی سەرەکیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکیەتی نیشتمانی کوردستاندا بووە. و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی پرۆسەی دیموکراسی، کە لە دەستاودەستکردنی دەسەڵاتدا بەرجەستە دەبێت، نەچەسپێت و تەنیا لەپەراوێزدا بمێنێتەوە.  

ئیستاش کە باشووری کوردستان لەبەردەم هەڵبژاردنێکی نوێی پەرلەماییدایە، دیسان ئەم پرسە بەبیری هەموواندا دێت، کە ئاخۆ ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەک کە باشووری کوردستان پێویستیی پێیەتی، یانیش هەروەک جاران دەمێنێتەوەو پتر بەرەو کرمۆڵبوون دەچێت..؟

بەگشتی ئەوەی چاوەڕواندەکرێت لە سێ ئەگەری گشتیدا خڕدەبێتەوە:

یەکەم/ ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەتەنیا پتر لەنیوەی دەنگەکان بەدستبخات. و بۆ پێکهێنانی حکومەت پێویستی بەهیچ هێزێک نەبێت و یانیش تەنیا بۆ پەیداکردنی هاوبەشێک  بۆ داپۆشینی سیاسەتی تاک حزبی، هاوپەیمانییەکی ڕواڵەتی پێکبهێنێت. ئەمەش خراپترین ئاکامێکی هەڵبژاردن دەبێت . چونکە بەواتای بەردەوامیی و پەرەسەندنی گەندەڵی و چەسپاندنی سیاسەتی تاک حزبی و پەراوێزخستنی هێزەکانی ترو بێواتاکردنی دەسەڵاتیی دامودەزگایی، و بگرە لەناوبردنی حزب بە پارتیی خۆشیەوەو شووێنگرتنەوەی بەدەسەڵاتی ماڵباتیی کە ئێستا بەکردەوە پەیڕەودەکرێت. 

 دووەم/ ئەوەی پارتیی کەمتر لەنیوەی دەنگەکان بەدەستبخات بەڵام هێشتا وەک هێزی هەرە گەورەو سەرەکی بمێنێتەوەو لە ڕێگای هاوپەیمانێتییەکی ڕواڵەتییەوە کەبەچەند پلەوپایەو بڕەپارەیەک سنوورداردەبێت، زۆرینە مسۆگەر بکات و دەسەڵات لەدەستیدا بمێنێتەوە. ئەمەش بەواتای بەدیهاتنی هەمان ئاکامی ئەگەری یەکەم. 

 سێیەم/ پارتی کەمتر لەنیوەی دەنگەکان بەدەستبخات، و باقی هێزەکانی تر پێکەوە هاوپەیمانییەک پێکبهێنن و پارتی لەدەرەوەی دەسەڵات بهێڵرێتەوە. ئەمەش تاکە ئاکامێکە کە دەتوانێ گۆڕانکاریی لەسیستەمی سیاسیدا بەدی بهێنێت و دووفاقەیی دەسەڵاتی حزبی و حکومی لەناوبەرێت و دامودەزگا دەوڵەتییەکان لەماڵباتیەوە بگۆڕێت بۆ دیموکراسی و گەندەڵی ڕێشەکێش و یانیش سنووردار بکات. ئەمەش ئەو ئاکامەیە کە هەموو هێزەکان و بەتایبەتیش یەکیەتی نیشتمانی کوردستان، دەبێ کار بۆ بەدیهاتنی بکەن.

 

یەکیەتی نیشتمانی کوردستان، وەک هێزێکی سیاسیی گەورەی کاریگەر لەکوردستاندا لەبەردەم قەیرانێکی سەخت و ژانێکی مەزنی نوێبوونەوەدایە. 

ئەم هێزە کە هەموو نیشانەکان دەریدەخەن سەرۆکەکەی بەڕێز مام جەلال، بەچاکبوونەوەشی لەنەخۆشیەکەی جارێکی تر ناتوانێت ڕۆڵی پێویست لەسەرکردایەتی یەکێتیدا بگێڕێت و ئەگەر مەرگ و ئیفلیجیش نەبێت، پیری و کۆتاییهاتنی تەمەن، ئەو چارەنووسە حەتمیەیە کەدەبێ هەمووان ملی بۆ بدەن. سەرەڕای گومان و دڵەڕاوکێی لێهاتوویی جێگرەوەکانی، زۆرپرس و کێشەی تر چاوەڕوانی ئەم حزبە دەکەن کە هەم داهاتووی خۆی و هەمیش تائاستێکی زۆر چارەنووسی باشووری کوردستان دەکەوێتە ژێر تیشک و کاریگەرییەکانییەوە.

پەیوەندییەکانی نێوان یەکیەتی و پارتی، کەدوای ساڵانێک لەکێشەو شەڕ، بەهاوپەیمانێتی لەنێوانیاندا کۆتاییهات. دەکرێ بەهەندێ گومان و سەرنجەوە بڵێین بۆ قۆناغی ڕابردوو پێویست بوو. و دەستکەوتی باشی بۆپرۆسەی سیاسیی بەگشتیی بەدواوەبوو. و گەرچی بەشی شێری چنینەوەی دەستکەوت لەم ڕێکەوتنە بەر پارتی کەوت، و زۆرترینی جارەکان تەنازول لەلایەن یەکیەتییەوە بوو، و ئەمەش زیانی زۆری بەڕۆڵ و قەبارەی یەکیەتی گەیاند. بەڵام کارێک بوو لەبری کەموکوڕی، بە ئیمتیاز بۆ یەکیەتیی تۆماردەکرێت. چونکە ئاکامەکەی بەوەندە کۆتایی نەهات کەتەنیا پارتی سوودمەند بێت، بەڵکو بەرژەوەندیی گشتیشی تێدابوو.

بەڵام ئەمڕۆ، کە بارودۆخەکە گۆڕانی بەسەردا هاتووەو پرۆسەی سیاسیی لەباشووری کوردستاندا لەبەردەم قۆناغێکی تری نوێدایە. یەکیەتی نیشتمانی کوردستان ئەرکێکی نەتەوەیی مێژوویی گەورەی دەکەوێتە سەرشان. کە هەم بۆ گێڕانەوەی ڕۆڵ و قەبارە لەدەستچووەکەی خۆی و هەمیش بۆ پێشخستنی پرۆسەی سیاسیی و چوونە ناو پرۆسەی دیموکراسییەوە کە هێشتا لەکوردستاندا دەستی پێنەکردووە، پێویستە.

 ئەمەش بەرلەهەرشت بریتییە لە ماڵئاواییەکی هەیشەیی لە ڕێکەوتنی ستراتیژی و هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانێتیی لەگەڵ پارتیدا. کەئەمە هەرگیز بەواتای بانگهێشتن بۆ شەڕو کێشەو دەست لەیەخەی یەکتر گیرکردن نییە. بەڵکو بەواتای دەستپێکردنی قۆناغێکی تر کە مونافەسەیەکی هێمنانەی دیموکراسیانە تیایدا زاڵ بێت.

یەکیەتی لەماوەی ئەم چەندساڵەی پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ پارتیدا، بووەهۆکاری پەردەپۆشکردنی هەر پێشێلکاری و گەندەڵی و زێدەڕەویەک، و ڕێگرتن لەدەستپێکردنی پرۆسەی دیموکراسی و پاساوەکانیش بریتیی بوون لە: ڕێکخستنەوەی ماڵی کوردیی، و بەدەستخستنی سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی سەرتاسەریی عیراقدا، و ڕێگەگرتن لە سەرهەڵدانی تێرۆرو شێواندنی دۆخی ئارامیی لەکوردستاندا…هتد و کەم تا زۆریش ئەم پاساوانە لای بنکەی فراوانی خەڵک قبوڵکران و لە هەموو هەڵبژاردنە سەرتاسەرییەکانی عیراقدا لە پێناو بەرژەوەدنی و چارەنووسی کورد، لیستی پارتی و یەکیەتی دەنگی زۆرینەی بەدەستخست. بەڵام نەبەرژەوەندی کوردو نە هی خودی یەکیەتی چیتر ڕێگا بەبەردەوامیی ئەم هاوپەیمانێتییە دەدن. هۆکاری یەکەمیش ئەمەیە کە ئەم پەیوەندییە تا دێت لاسەنگتر دەبێت و یەکیەتی لەهێزێکی کاریگەریی سەربەخۆوە دەکاتە پاشکۆیەکی بێدەسەڵات. کە جگە لەهەندێک پارە، هیچ دەسەڵات و دەستکەوتێکی لەگەڵدا بەش ناکرێت، بەڵام لەهەموو ڕیسواییەکاندا هاوبەشە.

دیارە کە بەرپرسانی یەکیەتی ئەم جۆرە هەڵسەنگاندنانەیان پێخۆش نییەو زۆربەشیان پێیان ڕاست نییە. بەڵام ئەوەی کەیەکییەتی تادێت لەشکۆمەندییەکەی کەمترو کەمتر دەبێتەوە. و لە ژێر باڵی گەرمی پارتیدا بەرەو توانەوە دەچێت. لای هیچکەس شاراوە نییە. و ئەگەر سەرکردایەتی یەکیەتی ئەم ڕاستییەو ئەم هەستەی خەڵکی نەبینن دیارە ئاگایان لە شەقام نییە.

بەڵام ئەگەر سەرکردایەتی یەکیەتی واقیعبینانەتر بۆ هەلومەرجەکە بڕوانێت. بە کۆمەڵێک هەنگاو دەتوانێت، خۆی لەقەیرانی سیاسیی نێوخۆیی دەربازکات و لەبری ئەمە بەرەو نوێبوونەوە کە بەردەوام بۆ هەرهێزێکی سیاسیی گرنگە، پێشبکەوێت.

کوردستان و دەستپێکردنی پرۆسەی دیموکراسی پێویست بەوە دەکات کە لانیکەم بۆ جارێکیش بێت پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر کورسی دەسەڵات بهێنرێتە خوارەوەو یانیش هێزێکی بەرهەڵستکاری وا بەهێز لەبەرانبەریدا پێکبهێنرێت، کە چیتر نەتوانێت بەمێتۆدەکانی خۆی دەسەڵات بەڕێوەببات. واتای ئەم خواستە بەهیچ جۆرێک گەلەکۆمە لەپارتی و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ئەم هێزە نییە. پارتی بۆخۆی هێزێکی گەورەیە، نەدەسڕدرێتەوەو نە پرەنسیپی سڕینەوەش شیاو، و ڕەوایە. بەڵام تەنیا کاتێک دەتوانین بڵێین پرۆسەی دیموکراسی لەکوردستاندا دەستی پێکردووە، کەدەسەڵاتی سیاسیی دەستاودەست بکات.

هەروا ناشخوازم پێشوەخت ئەم حوکمە بدەم کە ئەو هێزەی بەشیمانە جێگای پارتی دەگرێتەوە حەتمەن لەو باشتر دەبێت. لێرەدا باس لەباشی و خراپی نییە بەقەدەر ئەوەی باس لە لابردنی دەزگاودوکانێکە کە گەندەڵی و ناعەدالەتی بەرهەم دەهێنێت.

پێدەچێ یەکیەتی کە تائێستا هیچکات لەدەرەوەی دەسەڵات نەبووە، گواستنەوەی پێگەی خۆی بۆ ئۆپۆزسیۆن، بە دۆڕانی سیاسیی وجۆرێک لە ئابڕووچوون، یان شکانی شکۆمەندییەکەی بزانێت. کە بیرکردنەوەیەکی ئاوا زێدە هەڵەیە چونکە لەسەرێکەوە ئابڕوو شکۆمەندیی هیچ پەیوەندییەکیان بە هەبوون لەدەسەڵات، یان ئۆپۆزسیۆندا و یانیش بردنەوەو دۆڕان لەهەڵبژاردندا نییە. نە بردنەوە شکۆمەندییەو نەدۆڕانیش ئابڕووچوون. ئەگەر فەرهەنگێکی واش لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا هەبێت، پێویستە گۆڕانی بەسەردا بێت. چونکە پرۆسەی دیموکراسی بریتییە لەدۆڕان و بردنەوەی بەردەوام. ئەوەی ئەمڕۆ دەیباتەوە حەتمەن ئەو ڕۆژەش دێت کە بیدۆڕۆنێت. و بەردەوام هێزەکان لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا لە جێگۆڕکێدان. ئەمە ئەزموونی دیموکراسییە لەهەموو جیهانداو هەرگیز نەبووەو نابێت کەهێزێک بۆ هەمیشە بیباتەوەو ئەگەر وەها شتێکیش ڕوویدا ئەوە دیارە، نهێنییەک لەئارادایە. ئەو نهێنییەش تەنیا بریتییە لەتەزویرو خۆسەپاندنێک کە ڕژێمە دیکتاتۆرو تۆتالیتارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  پەنایان بۆ بردووەو دەبینین چۆن بەشۆڕش و خوێنڕشتن دەسەڵاتیان لەدەست دێتەدەر..!

هێزە سیاسییەکانی باشووری کوردستان ئەم هەلەیان لەبەردەستدایە کە بە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی بەهێز لە بەرانبەر پارتیدا، ببنە هۆکاریی خوڵقاندنی هەلومەرجێکی نوێ، کە بەلانی زۆرەوە گۆڕان لە پرۆسەی سیاسییدا دەهێنێتە ئاراوە. و بەبێ وەها گۆڕانکارییەک، ئەم ڕەوشە هەر بەردەوام دەبێت و بواری تەحەمولی خەڵکیش تادێت کەمتر دەبێتەوە. دەنا پێچەوانەکەی، واتا هاوپەیمانێتی لە پێناو بڕێک پارەو چەند پۆستی حکومی لەگەڵ پارتیدا، بۆهەر هێزێک سووکایەتیکردن بەخۆیە. چونکە دەیکاتە پاشکۆو دەبێتەهۆی پێشکەشکردنی نموونەیەکی خراپ لەژیانی سیاسییدا. و بەرەو پەرتگەیەکیشی دەبات دەربازبوون لێی ئاسان نابێت. 

 

 

31-08-2013

           دارا مەحمود

darachimen@hotmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.