ترێی تاڵی شه‌هید ئه‌بوبه‌کر عه‌لی
گوڵه سووره‌که‌ی حامیه‌ی سلێمانی
ساڵ زیاتره ئه‌م شیعره‌ی (ئه‌بو به‌کر عه‌لی)م له‌لایه، یان دروست ئه‌وه‌یه بڵێم ساڵ زیاتره داوێتی پێم، به‌و نیازه‌ی چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌کی له‌سه‌ر بنووسم و له‌گه‌ڵ شیعره‌که‌دا بڵاویبکه‌ینه‌وه. به‌ڵام ته‌ماشاکه‌ن ڕۆژگار چ بۆسه‌یه‌کی نایه‌وه؟ چاوه‌ڕوانیی هه‌موو شتێکم ده‌کرد، به‌ڵام هه‌رگیز به‌خه‌یاڵمدا نه‌ده‌هات به‌م مه‌ره‌یه بچێ و ئه‌مڕۆ، (١٠|١٠|١٩٩٤) له چله‌ی شه‌هیدبوونیدا ئه‌م کورته نووسینه له‌سه‌ر شیعری (ترێی تاڵ) بیخوێنمه‌وه.
ئه‌بوبه‌کری ڕاستگۆ و ڕێزدار. ئه‌بوبه‌کری (عیصامی) و ڕه‌نجده‌ر. پشتوپه‌نای بێلانه‌وبانه و ئۆردووی له ژماره نه‌هاتووی خه‌ڵکی بێکار. زێده‌گۆیی نییه ئه‌گه‌ر بڵێم هیچکام له هاوته‌مه‌نه‌کانم هێنده‌ی من شاره‌زای ئاکاری نووسه‌ره لاوه‌کان نین. لێیان داواکارم په‌یڕه‌وی ڕه‌وشتی شاعیرانه و نه‌فسبه‌رزیی ئه‌و بکه‌ن. ئه‌و ئاماده نه‌بوو له‌به‌رده‌م هیچ که‌سێک و بۆ هیچ ده‌ستکه‌وتێک بنوشتێته‌وه. زمان پاک بوو، ڕێزی له خۆی له پێشتری ده‌گرت و به‌رده‌وام خۆی پێده‌گه‌یاند. ئه‌و بۆ خه‌ڵک ده‌ژیا. ئه‌و له‌ڕووی نه‌ده‌هات لافی شاعیرێتی لێبدات، چ جای سینگهه‌ڵکێشان و خۆهه‌ڵکێشان. که‌میشی ده‌گوت. من ئه‌م قسانه‌م بۆ ئه‌وه نییه خوانه‌خواسته له ڕێزی که‌س که‌مبکه‌مه‌وه، به‌ڵام پێـم خۆشه لاوه‌کان ئه‌بوبه‌کری گوڵه سووره‌که‌ی حامییه‌ی سلێمانی بکه‌ن به پێشه‌نگ بۆ خۆیان و له‌مه‌ولایش سوێندی گه‌وره‌ی هه‌موو لایه‌کمان (به گۆڕی ئه‌بو به‌کر عه‌لی) بێت.
شه‌هیدان له هه‌موان ڕاستگۆترن. که دێته سه‌ر گفت، ئەوان خاوه‌نی گفتی خۆیانن. کاتێکیش دێته سه‌ر هه‌ڵوێست، دیسان ئەوان خاوه‌نی هه‌ڵوێستی بێلاف و گه‌زافی خۆیانن. مرۆڤ به‌ده‌ستی خۆی شه‌هاده‌ت هه‌ڵنابژێرێ. خوا شه‌هیده‌کان هه‌ڵده‌بژێرێ. شه‌هیدان چه‌پکه گوڵی خواوه‌ندن. شه‌هیدان میوانی حه‌زره‌تی حسێن و حه‌زره‌تی مه‌سیحن. گوڵه سووره‌که‌ی حامییه‌ش میوانێکی ئازیزی ئه‌وانه.
*
ڕه‌نگه جیاوازیی نێوان شاعیر و که‌سێکی دیکه‌ی ئاسایی ئه‌وه‌بێت، شاعیر ده‌توانێ ئه‌و خه‌م و ناڕه‌وایی و ناجۆرییانه‌ی، که خه‌ڵکی دووچاریان ده‌بن و به‌ده‌ستیانه‌وه ده‌ناڵێنن و پێوه‌ی ده‌تلێنه‌وه، ئه‌م بتوانی به‌رزیانبکاته‌وه و بیانگۆڕێ به شیعر و بەشیعریان بکات. یان به‌واتایه‌کی دی، جیاواز له خه‌ڵکی ئاسایی، شاعیر بتوانێت له‌ڕووی چۆنێتییه‌وه، هه‌ڵچوونه‌کانی خۆی ئاراسته بکات و گۆڕانکارییان به‌سه‌ردابهێنێ. بیانکات به کاری هونه‌ریی و شۆڕشێک له چۆنێتییاندا به‌رپا بکات. ده‌نا ئه‌م وشانه‌ی، کە ئه‌بوبه‌کر عه‌لی بۆ که‌ره‌سه‌ی شیعر به‌کاری هێناون، هه‌ر هەمان ئه‌و زاراوانه‌ن، که ڕۆژانه به‌سه‌ر زاری ئه‌و خه‌ڵکه‌وه‌ن. ئه‌بوبه‌کر، وه‌ک هێندێک نه‌چووه له بنکی قامووس و گوندە چه‌په‌که‌کانەوه به شوێنیان‌دا بگه‌ڕێت. بۆیه شیعره‌کانیشی پێویستییان به په‌راوێزبازیی نییه.
له‌م شیعره‌دا ڕه‌گه‌زی نێر ده‌نگی دلێره. ڕه‌گه‌زی مێ ڕۆڵی نه‌رێنی ده‌بینێ و سست و نادیاره، یان ده‌کرێ بڵیین نا ئاماده‌یه. مه‌گه‌ر ته‌نیا له وشه‌کانی به‌راییدا شتێک لە ئاکاری مێینەمان بۆ ڕوونببێته‌وه. هه‌ر ئه‌و مێێنه‌یه‌شه شیعره‌که‌ی ناوناوه (ترێی تاڵ) و گه‌لێک ناتۆه‌ری دیکه‌یشی داوه‌ته پاڵ شاعیر، وه‌ک: ته‌ریو، خۆپه‌رست، گێل، سست… تاد
له‌هیکرا ناونیشانی شیعره‌که (ترێی تاڵ)، سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆلای خۆی ڕاده‌کێشێت. ترێ، میوه‌یه‌کی شیرینه، ئه‌دی بۆچی لێره‌دا تاڵه؟ ئه‌وی ڕاستی بێ ترێی تاڵ تانووتی که‌سی، یان ئه‌گه‌ر بگونجێ بوترێ، تانووتی قارەمانی شیعره‌که‌یه. ئه‌ویش کارکته‌رێکی مێینه‌یه و به ته‌وسه‌وه، ته‌شقه‌ڵه به شیعره‌کانی شاعیر ده‌کات.
ئه‌م ناونیشانه پارادۆکسە (مفارقه) یه‌و، یه‌که‌م جار نییه بێته نێو ژانره ئه‌ده‌بییه‌کانه‌وه. ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، له‌ساڵی ١٩٣٢ دا، هێشتا قوتابیی (حقوق) بووه، کاتێک (یادگار و هیوا) ی له گۆڤاری (هاوار) ی وڵاتی سوریادا بڵاو کردووەته‌وه. ئەو لەوێدا ده‌ڵێ:
له‌به‌ر چاوی به‌د له‌ترسی به‌دکار
دڵم ده‌که‌مه گۆڕی یادگار
به‌گریانی وشک به‌ناڵه‌ی بێده‌نگ
دێنمه له‌رزین ته‌ختی کردگار
سه‌رنج بده‌ن: (گریان) ته‌ڕه و فرمێسکی له‌گه‌ڵدایه. که‌چی ئه‌و گوتوویه‌تی: (گریانی وشک). (ناڵه) ده‌نگه و ده‌نگێکی به‌رز و سه‌رنجکێشیشه. که‌چی ئه‌و گوتوویه‌تی (ناڵه‌ی بێده‌نگ). له‌م ڕۆژگاره‌یشدا نموونه‌ی دیکه‌ی له‌و جۆره له‌لای خۆمان زۆرن. وه‌ک: په‌ڕه‌سێلکه‌ی سپی، ناونیشانی دیوانه شیعرێکی سه‌لام مسته‌فایه. یان فرمێسکی ڕه‌ش، درامایه‌کی ته‌له‌ڤزیۆنه، له سیناریۆ و ده‌رهێنانی کامه‌ران ڕه‌وف. یان ئه‌ستێره‌یه‌ک له ڕۆژی ڕوونا، کورته چیرۆکی محه‌مه‌د فه‌ریق حسه‌ن ١٩٧٢
له ئه‌ده‌بی بیانیشدا نموونه زۆرن، وه‌ک: به‌فری گه‌رم، کە نا‌وی ڕۆمانێکی ناسراوی (یوری پۆنداریف)ە. (گوڵه زه‌نبه‌قی ڕه‌ش)، کە ڕۆمانی (ئه‌سکه‌نده‌ر دۆما)یە. (شه‌وه سپییه‌کان)، کورتە ڕۆمانێکی ده‌ستۆیفسکییە. یان (نیوه‌شه‌و به‌یانیت باش)، کە ڕۆمانی کچه نووسه‌ری دۆمنیکی، (جین ڕیز)ە. تۆوی ئاگر(بذور النار)، کە ڕۆمانی (لطفیة الدلیمي) یە، ١٩٨٨. یان کۆمه‌ڵه چیرۆکی تاوانباره پیاوچاکه‌کان (مجرمون طیبون) ی (مهدي عیسی الصقر)،١٩٦٤
شه‌و، له‌لای ئه‌بو به‌کر عه‌لی، هه‌ر جاره له به‌رگێکدا دووباره‌ده‌بێته‌وه. وه‌ک: پرچ و شه‌و و ڕق، ئه‌و شه‌وانه‌ی منی ڕووبار، ئه‌و شه‌وانه‌ی منی باران. دیارە شه‌و کاتی حه‌وانه‌وه‌ی دوای ماندوبوون و ڕه‌تاندنی ڕۆژه. کاتێکە بۆ ئارامی و بیرکردنه‌وه‌یه. کاتی پێداچوونه‌وه‌یشه به‌کرده و کۆششی ڕۆژانه‌ماندا، به چاک و خراپیانه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنیانه. وه‌لێ ده‌کرێ له‌ژێر باڵی شه‌ودا پیلانی ئه‌هریمه‌نانه بهۆنرێته‌وه، هه‌ر له‌ژێر چارشێوی شه‌ویشدا جێبه‌جێ بکرێت. لای ئه‌بو به‌کر هه‌ر ئه‌وه‌نده نییه. ئه‌و ناونیشانی دیوانه‌که‌یشی به وشه‌ی شه‌وه‌وه په‌یوه‌نده، که نا‌وی (ئه‌و شوانه‌ی له پرچه‌کانت ڕه‌شترن) ی لێناوه. له‌و دیوانه چکۆله‌یه‌دا، شه‌ش شیعر هه‌ن، به‌ناوی: شه‌وی یه‌که‌م، شه‌وی دووه‌م… ئەو له کۆتاییشدا نووسیوێتی: (چاوه‌ڕوانی شه‌وه‌کانی تریش بن)
ڕه‌نگه زیاتر بۆ ئه‌وه بگه‌ڕێته‌وه، ئه‌وی شاعیر شه‌وانه بۆی ده‌لوێ به شێنه‌یی بیربکاته‌وه. ده‌کرێ مه‌به‌ستی درێژه‌دانیش بێ به پرسێک، بخوازێ بخایەنێت و به‌م زووانه کۆتایی نه‌یه‌ت. ڕه‌نگه کۆنترین کتێبێک نا‌وی شه‌وی هه‌ڵگرتبێ، کۆحیکایەتی (هه‌زار و یه‌ک شه‌وه ــ الف لیلة و لیلة) بێت، که مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی تێیدا درێژ کردنه‌وه‌ی شه‌وه‌کانه و به‌و پێیه، درێژه‌دانیشه به حیکایه‌ته‌کان تاکو شه‌هره‌زادی نه‌وبووکی حیکایه‌تخوان بتوانێ به‌ڕاده‌یه‌ک کار له پادشا بکات، په‌شیمانیبکاته‌وه و ده‌ست له ژن کوشتن هه‌ڵبگرێت.
ده‌بێ ئه‌وه‌ش له‌بیرنه‌که‌ین، شه‌و به هه‌موو ئه‌و خاسییه‌ته ڕۆمانسییانه‌ی، پێیانه‌وه په‌یوه‌سته وه‌ک: دیمه‌نی مانگ و خه‌رمانه‌ی ده‌وری، جریوه‌ی ئه‌ستێره گه‌شه‌کان و هیمنییه‌که‌ی و هه‌ندێ جار ترسناکییه‌که‌ی؛ هەمیشە جێی ڕامانی شاعیران بووه و ده‌رفه‌تێکیش بووه بۆ ڕۆنان و بیرکردنه‌وه.
لەلای خۆمان وێڕای ده‌یان پارچه شیعری وه‌ک: ( شه‌وه‌زه‌نگ، شه‌وێکی تر، شه‌وه‌زه‌نگه، شه‌وی به‌رات) ی عه‌بدوڵڵا په‌شیو، حه‌سیب قه‌ره‌داخی، ع. ح. ب. و حه‌مه عه‌لی مه‌دهۆش، چه‌ندان دیوانه شیعر به‌ناوی شه‌وه‌وه هه‌ن، وه‌ک: شه‌و نییه خه‌وتان پێوه نه‌بینم. عه‌بدوڵڵا په‌شێو. شه‌وانی ته‌نییایی. سه‌عدوڵڵا په‌رۆش. دیاریی شه‌و، ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌د ڕه‌شید. هه‌روه‌ها یه‌کێک له شیعره هه‌ره به ناو‌و ده‌نگه‌کان، بریتییه له پێنج خشته‌کییه‌کی( هه‌ردی) له‌سه‌ر غه‌زه‌لێکی شێخ نووری:
قه‌ت نه‌ده‌ی ئازاری گیانی مه‌ست و بێدارانی شه‌و
خۆت نه‌ده‌یته به‌ر شه‌پۆلی ئه‌شکی بێپایانی شه‌و
بۆچی ئه‌بو به‌کر هێنده (شه‌و) دووباره ده‌کاته‌وه؟
شه‌و له‌لای شاعیر یه‌کسانه به ته‌نیایی (العزلة). له شه‌ودا مرۆڤ له‌گه‌ڵ خۆیدا ته‌رخان و خه‌ریکه. بیر له ڕابوردوو، ئێستا و داهاتووی خۆی ده‌کاته‌وه. به‌کردوه‌کانیدا ده‌چێته‌وه، جا ئه‌گه‌ر ده‌ستکه‌وت بن یان دۆڕاندن. لەشەودا ڕه‌نگ بۆ پرۆژه‌ی ئاینده‌ی خۆی ده‌ڕێژێ. سه‌رجه‌می داهێنه‌ران سوودیان له هێمنی شه‌وگار وه‌رگرتووه. زۆربه‌ی کاره نه‌مره‌کان له‌ژێر باڵی شه‌ودا له‌دایک بوون. چونکه داهێنان به‌نده به (خود) ه‌وه. کاردانه‌وه‌ی جیهانبینی خوده، هیچ پێویستیی به هه‌ره‌وه‌ز و کۆمه‌کی خه‌ڵکی ده‌وروبه‌ر نییه، بۆیه ته‌نیاباڵی و ته‌نایی شه‌و بۆ مرۆڤی داهێنه‌ر باشترین کۆمه‌که. ئه‌و پێویستی به دوورکه‌وتنه‌وه و ته‌نیایی و ته‌ناهییه. ئه‌مانه‌یش له‌ژێر باڵی شه‌ودا ده‌ڕه‌خسێن. ته‌نیاباڵی له‌لای که‌سانی به‌هره‌دار یه‌کسانه به کار و به‌رهه‌می زیاتر. شیعریش وه‌ک داهێنانه‌کانی دیکه، گه‌لێ جاران له‌سایه‌ی ته‌نیایی و هێمنیی شه‌ودا له‌دایکده‌بێ. له‌لای موسوڵمانه‌کان چونکه (قورئان) له ژێر باڵی ته‌نایی شه‌وێکدا دابه‌زیوه، بۆیه پیرۆزیی ئه‌و شه‌وه (لیلة القدر) بارته‌قای هه‌زار مانگه.
وێڕای ئه‌مه‌یش تاریکی دیمه‌نێکی ماته‌مزه‌ده‌ی هه‌یه. ئه‌بو به‌کر هه‌میشه توێژاڵێک ته‌می خه‌م به ڕوخسارییه‌وه دیار بوو. وشه خه‌مئامێز و خه‌مناکه‌کانی وه‌ک: (گلێنه‌ی ته‌ڕ، قیامه‌ت، هه‌ڵقرچان) له‌گه‌ڵ شه‌ودا دێنه‌وه و گونجاون.
لەلای فیرعه‌نه‌کانی میسری کۆن. خۆرکه‌وتن به‌واتای له‌دایک بوون و ژیانی نوێ و خۆرنشین به‌واتای مردن هاتووه. بۆیه (هه‌ره‌مه‌کان)، که گۆڕی پادشاکانیانن، له به‌ری (خۆرئاوا) ی ڕوباری نیل بنیاتنراون.
شه‌و له‌کن تاوانباران بۆ چنینی پیلان و لای خه‌ڵکی وڵاتپارێزیش (قه‌ڵای مێردانه). شه‌و هه‌میشه له‌لای ئه‌بو به‌کر عه‌لی سارده. ته‌نانه‌ت (گڕ) یش سه‌رمایه‌تی:(( سارد وه‌ک وه‌ک ئه‌و گڕه‌ی شه‌و له چراکه‌ی موشیردا ئه‌نوست.) ئه‌بو به‌کر به خۆی ده‌ڵی: (منی شاعیری شه‌و و خه‌م) شه‌وه‌کانی ئه‌م شاعیره: (پاییزه‌ن) و توولانین:
شه‌و تابووتی ملیۆن ڕایه‌ڵه خۆزگه‌مه
شه‌و دۆزه‌خه.. زامه. خه‌مه.. قریشکه‌مه
ڕووبار: لای ئه‌بوبه‌کر زۆر دووباره ده‌بێته‌وه. ڕووبار جووڵه‌ی هەمیشەیی و خۆ نوێکردنه‌وه‌یه. ده‌کرێ به جووڵه‌ی زه‌مان و مێژووی بچوێنین ،که دووباره‌نابنه‌وه. ڕووبار هه‌ر ده‌ڕوات و سه‌وزایی لێ ده‌که‌وێته‌وه به هه‌ردوو که‌ناریدا ژیان و ئاوه‌دانی له‌پاش خۆی جێدێڵێ. زه‌مینی بێ ڕووبار بیابانه و ژیان لەوێدا وه‌ستاوه. ڕووبار ئاوێکی لێشاوو گه‌وره‌یه و بە ئاسانی پیس و لیخن نابێ، ده‌شێ بکرێته هێمای نه‌مری و به‌رده‌وامیی ژیان.
باران: دیسان هێمایه بۆ ژیان. ئه‌گه‌ر نه‌بارێ ئه‌وا ژیان له‌سه‌ر زه‌وی ده‌پێچرێته‌وه. وڵاتی ئێمه‌ش پشت به باران ده‌به‌ستێ. بۆیه ئه‌گه‌ر له‌واده‌ی خۆی دوابکه‌وی، ئه‌وا سرووتی(طقوس) ی تایبه‌تیی بۆ به‌ڕێده‌خرێ وه‌ک، نوێژه بارانه و بووکه به‌بارانێ. لەلای ئێمە باران هێمای خێر و بەرەکەته. لێره‌وه‌یه، ڕه‌نگه فیگه‌ری (باران) به‌شی شێری له گۆرانییه فۆلکلۆرییه‌کاندا به‌ر که‌وتبێ. به‌ڕاده‌یه‌ک باوه‌ڕ ناکه‌م هیچ گه‌لێک هێنده‌ی کورد گۆرانیی بۆ باران وتبێ. له‌کن هێندێک له نووسه‌رانی دنیاش هه‌ر وه‌ها که‌وتووەته‌وه. وه‌ک: (سروودی باران ــ أنشودة المطر)ی بدر شاکر السیاب و ڕۆمانی (خۆشه‌ویستیی له سایه‌ی باراندا ــ حب تحت المطر)ی نجیب محفوظ و شانۆیی (دڵدارانی باران) ی ئه‌حمه‌د سالار.
قه‌ره‌ج: گوزارشتی (قه‌ره‌جێکی ده‌وارنشین) یش زۆر له‌ژیانی ئاواره‌یی خۆیه‌وه نزیکه، کاتێک ئەو له خانوویه‌کی قوڕینی به چنگه‌کڕێ پێکهێنراودا، له حامییه‌ی سلێمانی ده‌ژیا. دیاره قه‌ره‌ج بێخاک و نیشتمانن. وه‌ک ئه‌فسانه‌که‌ی له‌مه‌ڕ خۆیان ده‌ڵێ، به‌ر نه‌فره‌تی خوا‌و مێژوو که‌وتوون و زۆر حیکایه‌تی ناحه‌زانه‌شیان له‌سه‌ر هه‌ڵبه‌ستراوه. وه‌ک ئه‌و ئه‌فسانه‌یه‌ی، کە دەڵێ: گوایه له سه‌رده‌می په‌یدابوونی حه‌زره‌تی مه‌سیحدا. پاره‌یان له قه‌یسه‌ر وه‌رگرتووه، ئاسنگه‌ریان دۆزیوه‌ته‌وه و بزماریان بۆ خاچه‌که‌ی مه‌سیح له‌لا به‌کردداوه. له سۆنگه‌ی ئه‌م تاوانه‌یاندا به‌ر نه‌فره‌تی خودا که‌وتوون و ئاواره و بێ وڵات ماونه‌ته‌وه.
ڕه‌نگه که‌م شاعیر هه‌بن هێنده‌ی ئه‌بوبه‌کر به‌رامبه‌ر ڕه‌گه‌زی مێ تووڕه بن. هەتا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی ده‌ڵێ:
لێتان ناگرم به‌ڕێزینه ئێوه هه‌ر وان
هه‌ر یه‌که‌تان تاوانێکی تری(حه‌وا)ن
به‌ڵام تووڕه‌بوونی شاعیر، له سۆنگەی به‌که‌مزانینی ڕه‌گه‌زی مێوه نییه، به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ندەی بە مەبەستی بێدارکردنه‌وه و پێداچوونه‌وه‌ی ده‌ره‌تانی خۆیانه. بۆ ئه‌وه‌یه زیاتر ڕێز له خۆیان بگرن و به‌رگریی بکه‌ن و به‌هێزه‌وه بێنه مه‌یدان. ئه‌و ڕک و هه‌ڵچوونه‌ی، که له زۆر شیعردا به‌رامبه‌ر به ڕه‌گه‌زی مێ دووباره ده‌بێته‌وه و هێندێک جاران ده‌گاته ڕاده‌ی ده‌ستلێکبه‌ردانی تاهه‌تایی و به‌کۆتا گه‌ێشتنی میانه‌ی نێر و مێ، زیاتر له خۆشه‌ویستییه‌کی به‌تین و ڕکێکی شه‌ریفانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ.
حەمەفەریق حەسەن
———————————–
سه‌رچاوه:
شیعری: (ترێ ی تاڵ)ی ئه‌بو به‌کر عه‌لی، به ده‌ستخه‌تی خۆی.
سەرنج: ئه‌م نووسینه له مه‌راسیمی چله‌ی شه‌هید بوونیدا،(١٠|١٠|١٩٩٤) له هۆڵی ڕۆشنبیریی شاری سلێمانی خوێنراوه‌ته‌وه.