پرۆژه‌یه‌ك بۆ گفتوگۆ له‌سه‌ر ئێستای شانۆی قوتابخانه و شانۆی مناڵ …تاهیر عه‌بدولواحید
پرۆژه‌یه‌ك بۆ گفتوگۆ له‌سه‌ر ئێستای شانۆی قوتابخانه و شانۆی مناڵ
تاهیر عه‌بدولواحید
زۆرجار سه‌باره‌ت به دیارده‌یه‌ك ده‌خوێنینه‌وه و ده‌بیستین، كه پێی ده‌وترێت قه‌یرانی بزوتنه‌وه‌ی شانۆی كوردی، شوناسی ئه‌م دیارده‌یه فره‌لایه‌ن و ئاڵۆزه، له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی واقیع زه‌ق و به‌رچاوه‌و پشتخسته‌كانی خۆی له‌سه‌ر هونه‌ری شانۆله‌م پێگه‌یه‌دا داناوه، سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌م كاته‌دا خۆ به‌دورده‌گرم له ده‌ستنیشانكردنی به‌شێكی زۆر له هۆكارو ئه‌وكاریگه‌ریانه‌ی ئه‌و قه‌یرانه‌یان خولقاندوه چونكه ئه‌وه باس وخوازێكی تره، به‌ڵام به پێویستی ده‌زانم ئاماژه بۆ فاكته‌رێكی به‌هێز و حه‌قیقی ئه‌و قه‌یرانه‌بكه‌م، ئه‌ویش گرنگینه‌دانه به خودی شانۆ و شانۆی قوتابخانه و شانۆی مناڵان له‌نیۆ سیستمی په‌روه‌رده‌ییماندا، ئه‌وه‌ش له سه‌ره‌تای ژیانی مناڵیمان له نێو زۆرینه‌ی خێزانه‌كان و كۆمه‌ڵگه و پاشانیش له قۆناغی باخچه‌ی ساوایان و په‌روه‌رده‌ی هونه‌ریمان له نێو خوێندنگاكانماندا به‌دی ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش به پله‌ی یه‌كه‌م به‌رپرسیارێتیه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی شێوازی په‌روه‌رده‌ییمان له‌نێو خێزان و كۆمه‌ڵگه و په‌روه‌رده‌ی هونه‌ریمان له‌نێو قوتابخانه‌دا، گومان له‌وه‌ناكرێت كه په‌یوه‌ندی نێوان داهاتوی هونه‌ر و له‌به‌رچاوگرتنی وگرنگیپێدانی له هه‌موو ئاسته‌كاندا ، له‌گه‌ڵ په‌روه‌رده‌ی هونه‌ری له‌قۆناغی مناڵیدا له‌هه‌ر پێگه‌یه‌كدا په‌یوه‌ندیه‌كی ڕاسته‌وانه‌ییه و لاوازی و به‌هێزی دووهه‌میان كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر ئه‌ویتریان داده‌نێت، باشترین نمونه‌ش بۆ سه‌لماندنی ئه‌و بۆچونه ئه‌وه‌یه گه‌ربه‌وردی سه‌یرێكی ئه‌و پێگه جوگرافیانه بكه‌ین كه زۆرترین ئه‌فراندن و به‌رهه‌می ئینسانی و هه‌ستكردن به به‌های ژیان و زیندوێتی رۆحی مرۆڤی تێدایه، ئه‌و پێگه و شوێنانه‌ن كه هونه‌رتیایاندا خاوه‌نی مێژو و شوناسه و له‌ئاستێكی باڵادایه، زۆرینه‌ی تاكه‌كانی ناو ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه بێبه‌ها ته‌ماشای ژیان و ئینسان و هونه‌ر و ئه‌فراندنی هونه‌ری ناكه‌ن، هونه‌ر به‌شێكی دانه‌بڕاوی ژیانیانه و بیركردنه‌وه‌ی جدی له هونه‌ر، هونه‌رمه‌ندی جدی و بینه‌رو وه‌رگری جدی مۆركێكی حه‌قیقی واقیعی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیانه.
مناڵ مرۆڤێكه زیهنیه‌تێكی گونجاوی هه‌یه بۆ وه‌رگرتن و ئه‌مباركردن، خاوه‌نی خه‌یاڵێكی فراوانه، هونه‌ریش ته‌لیسمێكی تایبه‌تی هه‌یه له‌سه‌ر ژیانی ئینسانه‌كان، توێژینه‌وه نوێیه‌كانیش سه‌باره‌ت به هونه‌ری مناڵان به‌به‌رده‌وامی جه‌ختیان له‌سه‌ر گرنگی شانۆی مناڵ كردۆته‌وه له‌ڕوی وروژاندنی هه‌ست و خه‌یاڵ و ئه‌فراندن، هونه‌ری شانۆی مناڵ له‌توانایدایه له‌هه‌ر سێ قۆناغه‌كانی ژیانی مناڵیدا كه ده‌ناسرێن به(قۆناغی خه‌یاڵئامیز 6 ساڵ تا 12 ساڵ) ( قۆناغی سه‌ركێشی و پاڵه‌وانئامێزی 13 ساڵ تا 15 ساڵ ) ( قۆناغی پێكهێنانی كه‌سایه‌تی و ئاراسته جیاوازه‌كان 16 ساڵ تا 18 ساڵ ) خه‌یاڵدانی ببزوێنێت و دواجار بیكاته مرۆڤێكی چالاك و پۆزه‌تیڤ له نێو كۆمه‌ڵگه‌دا، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه هاوكاری ده‌كات له ژیانیدا له‌ڕوی پێكهێنانی كه‌سایه‌تی و له‌ڕوی سۆزداری و كۆمه‌ڵایه‌تی و فیكرییشه‌وه ده‌یكاته مرۆڤێكی چه‌سپیو، چونكه هونه‌ر له‌توانایدایه كه ئه‌وه‌ی دیالۆك ده‌یڵێت ته‌واوی بكات گه‌ربه‌سه‌ریدا زاڵنه‌بێت وه‌ك هۆكارێكی په‌یوه‌ندی.
شانۆی قوتابخانه توانای باشتركردنی ئه‌دائی ئه‌كادیمی هه‌یه، ئه‌ویش به‌وه‌ی كه سه‌رنجی مناڵ ڕاده‌كێشێت بۆ فێربون، چونكه ئه‌و مه‌عریفه و متمانه‌یه‌ی كه له هونه‌ردا به‌ده‌ستهاتووه له بابه‌ت و باسی تردا ڕه‌نگ ده‌ده‌نه‌وه، هه‌روه‌ها پێشڕه‌وی مناڵان ده‌كات بۆ ره‌فتار و كاری مرۆڤدۆستانه، چونكه كاری شانۆیی پێویستی به ڕامان و وابه‌سته‌بون و قوڵبوونه‌وه هه‌یه، به‌مه‌ش له ڕوی سایكۆلۆژیه‌وه ده‌توانێت خودی خۆی تۆكمه بكات و ڕێكیبخات، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی كه شانۆی قوتابخانه له‌خۆیدا وه‌ك پێویست دۆزینه‌وه‌یه‌كی ئه‌فرێنه‌رانه‌یه و ئه‌زمونكردنێكی زاتیه، چونكه قوتابیه‌كان فێرده‌بن كه چۆن كێشه‌كانی خۆیان به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر بخه‌نه ڕو و هه‌ڵوسوكه‌وتی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن. له‌هه‌مان كاتیش‌دا رێخۆشكه‌رده‌بێت بۆ گه‌وره‌كان هه‌تا ئاشنابن به چۆنێتی گه‌شه‌كردنی مناڵان له‌ڕوی فیكری و سۆزداریه‌وه شانۆی قوتابخانه به‌شێوه‌یه‌كی باش هاوكاری فێرخوازه‌كان ده‌كات بۆ فێربونی زمانێكی پاراو، بۆ تێگه‌یشتن له كه‌لتوری خۆیان و كه‌لتوره جیاوازه‌كانی تر. هه‌ره‌وها كاتی بێكاری قوتابیه‌كان ده‌كاته خۆشگوزه‌رانی وكاتی به‌سوود. له‌ڕێگه‌ی به‌شانۆكردنی وانه‌كانیشه‌وه خوێندن و فێربون ده‌بێته كایه‌یه‌كی خۆشه‌ویست له لای فێرخوازان، قوتابخانه‌ش له شوێنێكی ناحه‌زه‌وه ده‌كاته كه‌شێك بۆ تێرامان و ژیانی فێرگه‌یی.
وه‌ك ئاكام دواجار به ڕاستیه‌ك ده‌گه‌ین، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه گه‌شه‌سه‌ندنی مێشكی مناڵ هه‌سته‌وه‌ریه‌كی بالای هه‌یه بۆ هونه‌ر و له‌هه‌مان كاتیش‌دا وه‌ڵامدانه‌وه‌ی، ئه‌م كاریگه‌ریانه‌ش بۆیان هه‌یه كه تا ماوه‌یه‌كی دورودرێژ و رۆژانی دوایی ته‌مه‌نی ئه‌و مناڵه به‌رده‌وامیان هه‌بێت، به‌ڵام گه‌ر هاتو رۆڵی هونه‌ر وه‌ك پێویست له‌به‌رچاو نه‌گیرا له‌و قۆناغه هه‌ستیاره‌دا ئه‌وا هه‌لێكی ناوازه و زیڕین له‌ده‌ست ده‌ده‌ین بۆ داهاتووی ئه‌و مرۆڤانه‌ی ده‌كرێت ببنه بنچینه‌ی حه‌قیقی پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پێشكه‌وتو.
ساڵانێكه وه‌ك نه‌ریتێَكی باو به‌ڕێوه‌به‌رێتی چالاكی قوتابخانه‌كان ڤێستیڤاڵی ساڵانه‌ی خۆی بۆ شانۆی قوتابخانه‌كان سازده‌كات، ئه‌م هه‌وڵه یه‌كێكه له دیارده ژیاریه‌كانی شاری سلێمانی و پێگه‌ی خۆی هه‌یه له نێو چالاكیه هونه‌ریه‌كانی كه‌رتی په‌روه‌رده، سه‌رباری كاریگه‌ریه پۆزه‌تیڤه رێژه‌ییه‌كانی ڤێستیڤاڵه‌كه له‌سه‌رقوتابخانه‌كان له روی په‌روه‌رده‌یه‌وه، له‌هه‌مان كاتدا به‌و پێیه‌ی ئه‌و ڤێستیڤاڵه تاكه كه‌ناڵێكه كه ساڵانه تایبه‌تكراوه به شانۆی قوتابخانه‌كان، زۆرگرنگ و پێویست ده‌بوو كه وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و كه‌سانی پسپۆر له‌به‌ڕێوه‌به‌رێتی چالاكی قوتابخانه‌كان هه‌موو خولێك و دوای كۆتایهاتنی ئه‌و ڤێستیڤاڵانه هه‌ڵوێسته بكه‌ن و توێژینه‌وه‌ی مه‌یدانی و لێكۆڵینه‌وه‌ی جدی ئاماده‌بكه‌ن له‌سه‌ركۆمه‌ڵه ته‌وه‌رێك كه‌به‌ڕای من گرنگترینیان پرسیاركردنه له‌سه‌ر:
( په‌یوه‌ندی هونه‌ر له‌گه‌ڵ په‌روه‌رده – شوناسی شانۆی قوتابخانه‌و بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی – شانۆ و كاریگه‌ری له‌سه‌ر فێربون – شانۆ و كاریگه‌ریه‌كانی له‌سه‌ر كه‌سایه‌تی مناڵ – رۆڵی شانۆ له گه‌شه‌كردنی چێژبینینی هونه‌ری – واقیعی ئێستای گرنگیدان به شانۆی قوتابخانه له‌كوردستان و فاكته‌ره‌كانی گه‌شه‌كردن و گرنگیپێدانی ) یان ئه‌و ئاكامانه‌ی كه به‌ده‌ستهاتون له سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان، یان به‌ره‌وپێشچون و زه‌مینه‌سازی به‌رجه‌سته‌كراو بۆ ڤێستیڤاڵه‌كانی دواتریش بخرانایه‌ته ڕو بۆچۆنێتی به‌راوردكاری و ده‌ستنیشانكردنی به‌ربه‌سته جۆراوجۆره‌كان، هه‌روه‌ها هه‌نگاونانی جدیتر چیده‌بێت بۆ ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و فاكته‌رانه‌ی ئه‌و هونه‌ره زیندوه له‌نێو كایه‌ی په‌روه‌رده‌دا به‌ره‌وپێشتر ده‌به‌ن؟ هه‌نگاوێكی له‌وجۆره له‌ئیستادا ئه‌ركێكی حه‌تمیه و پێویسته به‌وردی كاری بۆ بكرێت، خۆ ئه‌گه‌ر له‌ساڵانی رابردودا به‌هۆی باڵكێشانی ده‌سه‌ڵاتێكی توتالیتاری و دژه‌ئینسانی وه‌ك رژێمی به‌عس و كه‌می شاره‌زایی له‌و بواره‌دا نه‌توانرابێت وه‌ك پێویست كار بۆ ئه‌وبواره بكرێت، له‌دوای راپه‌رینیشه‌وه به‌هۆی تێنه‌گه‌یشتن له رۆحی سه‌رده‌م و په‌تای گه‌نده‌ڵی و روداوه ناچیز و كاره‌ساتهێنه‌ره یه‌كله‌دوایه‌كه‌كان و نه‌بوونی ئه‌جێندایه‌كی سیستماتیكی ،ئیداری ــ هونه‌ری ــ پاشخانێكی رۆشنبیری تۆكمه ، ئه‌و ئه‌ركه به‌جێ نه‌هێنرابێت، خۆئێستا دوای ئاماده‌كردنی ژماره‌یه‌كی زۆر له توانا هونه‌ریه‌كانی ئه‌و مامۆستایانه‌ی له نێو په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كان له‌به‌شی شانۆ ده‌رچون و ئه‌و نیمچه‌ئارامیه‌ی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و تاراده‌یه‌كیش بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی، ناكرێت چیتر پرسیار له واقیعی ئیستای شانۆی قوتابخانه و شانۆی مناڵ نه‌كرێت و نه‌خرێنه ژێر جه‌بری پرسیاره‌وه، كه ئایا ئه‌و ئاكامه‌ی به‌ده‌ستهاتووه له ئاستی پێویستدایه بۆ ئه‌مرۆمان؟ یان چی بكرێت بۆ گرنگیپێدانی زیاتر؟ ئایا رازیبین به‌وه‌ی كه له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی واقیع به‌رجه‌سته‌یه و هه‌ربه‌و شێوه باوه‌ی جاران بگوزه‌رێت؟ یان پێویسته گۆڕانكاری نه‌وعی بكرێت له چۆنێتی و كواڵیتی ڤێستیڤاڵی قوتابخانه‌كان و ئه‌و ئاماده‌كاریانه‌ی كه بۆی فه‌راهه‌م ده‌كرێت؟ گرنگینه‌دانی پێویست به پێكهاته سه‌ره‌كیه‌كانی شانۆی قوتابخانه و ئاماده‌نه‌كردنی زه‌مینه‌ی له‌بار و گونجاو بۆ گه‌شه‌كردنیان گوناهێكی گه‌وره و هه‌ستنه‌كردنه به به‌رپرسیارێتی له‌م سه‌رده‌مه‌ماندا ده‌رهه‌ق به داهاتووی مناڵ له‌روی ئاكارو شێوازی په‌روه‌رده و ئاماده‌كردنی تاكێكی ته‌ندروست له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌دا، من ناڵێم هیچ نه‌كراوه، لێره‌وله‌وێ هه‌وڵی به‌رچاو و دڵسۆزانه دراوه كه جێگه‌ی بایه‌خن، به‌ڵام ئایا ئه‌وه‌ی كه هه‌یه‌و هه‌بووه تاچه‌ند كاریگه‌ری خۆی داناوه؟
زۆرێك له‌و چالاكیه شانۆییانه‌ی له‌نێو ڤێستیڤاڵه‌كاندا ده‌یانبینین، جێگه‌ی دڵخۆشی نین و كه‌مترین بنه‌ما و پێكهێنه‌ره سه‌ره‌كیه‌كانی شانۆی مناڵ وشانۆی قوتابخانه‌یان تیا به‌دیده‌كرێت، ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه وزه و توانای باشیان تێدا ده‌بینرێت وه‌ك بنچینه‌ی سه‌ره‌تایی، گه‌رهاتو به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست نه‌خشه‌یان بۆ بكێشرێت و ئاشناتر بكرێن به پێكهاته سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌و هونه‌ره‌ناوازه‌یه، به‌ڵام كێشه‌ی سه‌ره‌كی له زه‌مینه‌و ئاماده‌كاریدایه كه پێشتر كاری بۆنه‌كراوه، ئه‌وه‌ش به دامه‌زراندنی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه و دامه‌زراوه‌ی تایبه‌ت به‌گرنگیپێدان و پاڵپشتیكردن و په‌ره‌پێدانی شانۆی قوتابخانه فه‌راهه‌م ده‌بێت.
نمایشكردنی چالاكیه شانۆییه‌كانی ئه‌و ڤێستیڤاڵه له‌یه‌ك هۆڵدا كه ئه‌ویش هۆڵی چالاكی قوتابخانه‌كانه و كه‌مترین تایبه‌تمه‌ندی هۆڵی شانۆیی و ته‌خته‌ی شانۆی تێدایه، له‌یه‌ك فه‌زای شانۆیی نه‌گۆڕدا، زۆرجاریش زوربه‌ی شانۆییه‌كان هه‌مان دیكۆر و ئێكسسوار و ته‌نانه‌ت جلوبه‌رگ و روناكیش له‌نێو ئه‌و هۆڵ وته‌خته‌ی شانۆییه‌دا به‌كار ده‌هێننه‌وه، یه‌كێكه له گرفته‌سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌و ڤێستیڤاڵه.
ئه‌وه‌ی له‌نێو ئه‌و ڤێستیڤالانه‌دا گوزه‌راوه و ده‌گوزه‌رێت ده‌قاوده‌ق ڕه‌نگدانه‌وه‌ی واقیعی ئیداری ــ هونه‌ری ــ رۆشنبیری شانۆی قوتابخانه‌یه و پێوه‌رێكی جدیه بۆ بینینه‌وه‌ی ئاستی گرنگیپێدانی حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و چالاكی قوتابخانه‌كان به‌كایه‌ی هونه‌ر به‌گشتی و هونه‌ری شانۆش وه‌ك نمونه له نێو كایه‌ی په‌روه‌رده و فێركردندا.
له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه وه‌ك لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار و پسپۆر له بواری شانۆی مناڵان، به‌ڕێوه‌به‌رێتی چالاكی قوتابخانه‌كان پشكێكی زیاتر و گه‌وره‌تری وابه‌سته‌بونه ئه‌خلاقیه‌كه‌ی له ئه‌ستۆدایه كه نه‌خشه‌و پلانی جدی و سستماتیكی و زانستی بخاته‌ڕو بۆ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و لایه‌نه به‌رپرسه‌كان له بۆ به‌ره‌وپێشبردن و گرنگیپێدانی شانۆی مناڵان و شانۆی قوتابخانه، ئه‌وه‌ش هه‌ڵبه‌ته كاری له‌خۆبردوانه‌ی ده‌وێت، پێویسته ببنه هێزی فشار له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده كه كاری باشتر بكات بۆ ئه‌و كایه‌یه‌و ئاوڕی جدیتری لێبداته‌وه له‌ڕوی مادی و ئاماده‌كردنی زه‌مینه‌سازی باشتر، له‌ڕوی رۆشنبیری و به‌ده‌ستهێنانی پسپۆریشه‌وه هه‌ماهه‌نگی بكرێت له‌گه‌ڵ په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كان بۆ تایبه‌تكردنی وانه‌ی تایبه‌ت به‌شانۆی مناڵ و شانۆی قوتابخانه، هه‌روه‌ها ۆرك شۆپی به‌رده‌وام سازبدرێت و پلانی ساڵانه‌ش له نێو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده بۆ ئه‌و مه‌به‌ستانه دابنرێت.
كاركردن بۆ مناڵ له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان قورسترین ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی ئینسانیه كه ده‌بێ له‌م سه‌رده‌مه‌ماندا له ئه‌ستۆی بگرین ، مناڵه‌كانمان شایسته‌ی زۆر له‌وه گه‌وره‌ترو باڵاترن له‌وه‌ی فه‌راهه‌م كراوه و ده‌كرێت هه‌تا ئه‌وانیش دوارۆژ نه‌یه‌نه سه‌ر پانتاییه‌كی بێرون و به‌تاڵ و زنجیره‌ی هه‌ستكردن به بێهوده‌یی و بێهیوایی له‌ژیاندا یه‌خه‌ی ئه‌وانیش نه‌گرێت.
سه‌رچاوه‌كان:
1ـ تأپیر مسرح الدمی ومسرح الممپلین علی خیال الگفل ـ راچی شحاده
2- المسرح التعلیمی بین النڤریه والتگبیق../ إعـــداد د . أحمد حسن اللوح