پیاوێك كه ساڵانێكه به چه‌تر به سه‌رمدا ده‌كێشێ
ساڵانێكه پیاوێك به چه‌تر به سه‌رم دا ده‌كێشێ. وردتر بڵێم رێك پێنج ساڵی ته‌واو به‌سه‌ر ئه‌و كاته‌دا تێده‌په‌ڕێ كه بۆ یه‌كه‌مین جار به چه‌تر دای له سه‌رم. سه‌ره‌تا ته‌حه‌مولكردنی دژوار بوو، به‌ڵام ئێستا ئیتر راهاتووم له‌گه‌ڵی.
ناوه‌كه‌ی نازانم. مرۆڤێكی ئاساییه، له‌مانه‌ی كه هه‌موو رۆژێك له كۆڵان و سه‌ر شه‌قامه‌كان وێڵن. چاكه‌ت و پانتۆڵێكی ساده له‌به‌ر ده‌كات و لاجانگه‌كانی ماشوبرنج بوون. رواڵه‌تێكی ماتی هه‌یه. رێك پێنج ساڵ پێشتر له به‌یانییه‌كی ته‌ماوی و ماتدا ناسیم. بێخه‌یاڵ و ئاسووده له‌ژێر دارێكداو له‌سه‌ر كورسییه‌كی درێژ هه‌ڵاژابووم و رۆژنامه‌م ده‌خوێنده‌وه. كتوپڕ هه‌ستم كرد شتێك به‌ر سه‌رم كه‌وت و له كاسه‌ی سه‌رمدا ده‌نگی دایه‌وه.
سه‌رم هه‌ڵبڕی. هه‌ر ئه‌م خوێڕیله بێقیه‌مه‌ته بوو كه ئێستایش ده‌ست به‌ردار نییه‌و به‌رده‌وام به چه‌تره‌كه‌ی به سه‌رم ده‌كێشێ.
جاری یه‌كه‌م ته‌واو قه‌ڵس بووم. كاتی رۆژنامه خوێندنه‌وه گه‌ر كه‌سێك بێزاری ده‌كردم، ته‌واو تووڕه ده‌بووم. یارۆ بێئه‌وه‌ی باكی بێت ئارام ئارام دای له سه‌رم. وتم: (مه‌گه‌ر نه‌خۆشی؟ نه‌كا مۆخت جووڵابێت؟)
كابرا وه‌ك بڵێی هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌ویشم نییه، سه‌رگه‌رمی كاری خۆی بوو. هه‌ڕه‌شه‌م كرد پۆلیس ئاگادار ده‌كه‌مه‌وه. كه‌ڵكێكی نه‌بوو. وتم بێگومان تێكچووه. نادروسته ماندوش نه‌ده‌بوو. دواجار هاتمه كوڵ. هه‌ستام و كاتێك بینیم ده‌ست هه‌ڵناگرێ مشتێكی رێكوپێكم حه‌واڵه‌ی ده‌موچاوی كرد. راسته من تووڕه بووم و خوێنم هاتبووه كوڵ، به‌ڵام كابرایش هێنده له‌ڕولاوازبوو گه‌ر لووتیت بگرتایه گیانی ده‌رده‌چوو. مشته‌كه‌ی من هێنده‌یش رێك‌وپێك نه‌بوو، به‌ڵام یارۆ قروسكه‌یه‌كی كرد و ته‌ختی زه‌وی بوو. به هه‌ر زه‌حمه‌تێك كه بووه خۆی گردوكۆكرد و هه‌ستاو دووباره به چه‌تره‌كه به سه‌ری كێشامه‌وه. خوێن له لووتییه‌وه ده‌تكایه‌وه. نازانم چۆن بوو دڵم به حاڵی سووتاو له‌وه‌ی كه ئه‌وم به‌و رۆژه گه‌یاندبوو رقم له خۆم بۆوه. نه‌گبه‌ت! لێدانی چه‌تره‌كه‌ی مه‌حكه‌م نه‌بوو. عه‌سابمی تێك ده‌دا، به‌ڵام ئازاری زۆر نه‌بوو و زۆربه‌ی لێدانه‌كان نه‌رم بوون. به جدیمه. ته‌واو له‌م رووداوه په‌رێشان بووم. رێك وه‌ك مێشێك كه وزه‌وز ده‌كات و له‌سه‌ر لووتی مرۆڤ ده‌نیشێته‌وه، هه‌ستم به ئازارێك نه‌ده‌كرد، به‌ڵام قێزه‌ونی و ئازاری بابه‌ته‌كه له سه‌د ژان خراپتر بوو. ناوی چه‌تره‌كه بنێ مێش، مێشێكی زله كه جارجارێ له‌سه‌ر سه‌ری مرۆڤ ده‌نیشێته‌وه. مێش كه چ بڵێم!
به‌هه‌رحاڵ ته‌حه‌مولكردنی بۆ ئاسان نه‌بوو و هه‌ر كه تێگه‌یشتم یارۆ تێكچووه، تێمته‌قاند. به‌ڵام بێئه‌وه‌ی قسه‌یه‌ك بكات، یا ده‌ست له چه‌تره‌كه هه‌ڵبگرێت دوام كه‌وت. دوو پێم هه‌بوو و دووانیتریشم قه‌رزكرد، ئێستا رانه‌كه‌ی، كه‌ی راكه‌ی. منیش كه له راكردندا مێمڵم نه‌بوو.
سه‌ری له دووم نا. یه‌ك دوو جار زۆری له خۆی كرد تا دانه‌یه‌ك له سه‌رم بدات. به‌ڵام چه‌تره‌كه نه‌یپێكا. هه‌تیوه به هانكه‌هانك رای ده‌كرد به دوامدا، هه‌ناسه‌ی ته‌نگ بووبوو. ترسام گه‌ر كه‌مێكی تر رابكات به دوومدا، له هه‌مان جێ‌دا بكه‌وێ و گیانی ده‌ربچێت.
هه‌ربۆیه خێراییم كه‌م كرده‌وه‌و به هه‌نگاوی له‌سه‌رخۆ كه‌وتمه رێ. شتێك له رواڵه‌تیدا نه‌ده‌خوێنرایه‌وه، نه سوپاسێك و نه رق‌و قینێك. ته‌نها بێ ئامان به چه‌تره‌كه‌ی به سه‌رمی ده‌كێشا. بڕیارمدا سه‌ردانی بنكه‌ی پۆلیس بكه‌م و بڵێم: (جه‌نابی مولازم ئه‌م پیاوه به چه‌تر به سه‌رم ده‌كێشێ و من شكایه‌تم لێی هه‌یه.) دۆسێكه له‌و دۆسێ سه‌رنجڕاكێشانه ده‌بێت كه پێشینه‌ی له هیچ جێگایه‌كی دنیا نه‌بووه. بێگومان ئه‌فسه‌ری ئێشكگر جۆرێك سه‌یری ده‌كردم ئاوه‌زم له ده‌ست دابێت و دواتر داوای ناسنامه‌و ئه‌و شتانه‌ی ده‌كرد. دواتر به پرسیار دایده‌گرتمه‌وه، دواجاریش شتێك قه‌رزار ده‌بووم و ده‌بوو خۆم بچوومایه بۆ زیندان.
بیرم كرده‌وه باشترین رێگه‌ی قوتار بوون ئه‌وه‌یه بڕۆمه‌وه ماڵێ.
سواری ئۆتۆبۆسی هێڵی نه‌وه‌د و حه‌وت بووم. یارۆ بێئه‌وه‌ی ساتێك چاو له كاره‌كه‌ی بپۆشێ، یه‌كسه‌ر خۆی هه‌ڵدایه ئۆتۆبۆسه‌كه‌وه‌و له دوامه‌وه وه‌ستا. خۆم هه‌ڵدایه سه‌ر یه‌كه‌م كوشنێك كه بینینم. كابرایش هات و له په‌نامه‌وه وه‌ستا. به ده‌ستی چه‌پ خۆی به ده‌سكی بنمیچه‌كه گرت و به ده‌ستی راستیشی به جووڵه‌ی خاو چه‌تره‌كه‌ی به سه‌رم كێشا. موسافیره‌كان دزه نیگا سه‌یری یه‌كترییان ده‌كرد و پێده‌كه‌نین. شۆفێره‌كه له ئاوێنه‌كه‌وه چاودێری ده‌كردین. ورده‌ورده یه‌ك دووانێك كه‌وتنه پێكه‌نین و دواتر ئۆتۆبۆسه‌كه‌یان به‌سه‌ر خۆیاندا چڕژاند. خۆم ده‌خوارده‌وه. له شه‌رمه‌زاریدا شه‌ڵاڵی ئاره‌قه بووم. ئاره‌ق له ئازای ئه‌ندامم ده‌تكایه‌وه. هه‌موو موسافیرانی ئۆتۆبۆسه‌كه ده‌ستیان بۆ ئێمه راده‌كێشاو پێكه‌نینیان ئازاری ده‌دام. به‌ڵای گیانم بێئه‌وه‌ی بایه‌خێك به هه‌راوزه‌ناو قاقای موسافیران بدات، بێخه‌یاڵ سه‌رگه‌رمی كاری خۆی بوو و به‌رده‌وام چه‌تره‌كه‌ی هه‌ڵده‌سووڕاند و به سه‌رمی ده‌كێشا.
دواجار دابه‌زیم، یا باشتره بڵێم دابه‌زین. له وێستگه‌ی (پۆنته پاسیفیكۆ) له شه‌قامی (سانتافه) گلێربووینه‌وه. هه‌موو ئاوڕیان دایه‌وه‌و به گاڵته‌جاڕییه‌وه سه‌یری ئێمه‌یان ده‌كرد. حه‌زم ده‌كرد یه‌خه‌یان بگرم و بایده‌م و بڵێم: (مه‌گه‌ر ئه‌مه هی سه‌یركردنه؟ شێتی نا! تا ئێستا به‌شه‌رتان نه‌بینیوه؟ كه‌سێكتان نه‌بینیوه به چه‌تر به سه‌ری كه‌سێكیتر بكێشێ؟)
دواتر به خۆم ده‌وت بێگومان نه‌یان بینیوه ئیتر. پێنج شه‌ش مناڵ كردبوویانه گه‌ڕه‌لاوژه‌و به دوای ئێمه‌دا ده‌هاتن و وه‌ك سوور پێسته‌كان هه‌ڵڵاو هه‌نگامه‌یان نابۆوه. پیلانێكم داڕشت. كه گه‌یشتمه‌وه ماڵێ هه‌وڵ ده‌ده‌م ده‌رگای به روودا دابخه‌م. نه‌متوانی ده‌ره‌قه‌تی بێم. توند كێلونه‌كه‌ی گرت و زۆری هێنا. من پاڵم ناو ئه‌ویش پاڵی نا. دواجار هاته ژووره‌وه.
له‌و كاته‌وه تا نهۆ به‌رده‌وام چه‌تره‌كه‌ی به سه‌رم ده‌كێشێ. ناڕه‌سه‌نه خه‌و و خۆراكی نییه. تاقه كارێك كه ده‌یكات هه‌ڵسووڕانی چه‌تره‌كه‌ی و كێشانییه‌تی به شلكه‌ی سه‌ری منی كڵۆلدا. هیچ قوتار بوونێكم نییه له ده‌ستی. هه‌ر كارێك كه ده‌مه‌وێ بیكه‌م ئه‌ویش ئاماده‌یه. به گوڵاو بێت له رووتان له‌سه‌ر ئاویش ناهێڵێ ئاسووده‌بم. ته‌نانه‌ت له جێگای تریش كه مرۆڤ شه‌رم ده‌كات ناوی بڵێ. سه‌ره‌تا خه‌و نه‌ده‌چووه چاوم. به‌ڵام ئێستا گه‌ر لێدانه‌كان نه‌بن، خه‌وم لێناكه‌وێ.
سه‌رباری ئه‌مه‌یش هه‌میشه‌یش نێوانمان خۆش نه‌بووه. زۆر ده‌مێكه لێی ده‌پاڕێمه‌وه كه روونكردنه‌وه‌و لێكدانه‌وه‌و هه‌نجه‌تێك بۆ كاره‌كه‌ی داتاشێ. به‌ڵام چما له‌گه‌ڵ دیوارمه. ته‌نها به چه‌تره‌كه‌ی به سه‌رم ده‌كێشێ. ته‌نانه‌ت له هه‌ندێك كاتدا منیش بێكار نه‌ماومه‌ته‌وه‌و به مشت و له‌قه‌و چه‌نگ و ددان و- خودا لێم خۆش بێت- به چه‌تره‌كه‌ی وه‌ڵامم داوه‌ته‌وه. هه‌ر كه هه‌موو به‌ڵاكان خاكه‌ڕاییانه به گیان ده‌كڕێت من ده‌سته‌پاچه ده‌بم و ئه‌مه‌یش به ترسناكترین لایه‌نی كاره‌كه‌ی ئه‌و له قه‌ڵه‌م ده‌درێت. رواڵه‌تی ئارام و نه‌جیب و پیشان نه‌دانی نه‌فره‌ت و دوژمنایه‌تییه‌كه‌ی ئازارم ده‌دات. خۆڵاسه له خراپترین بارودۆخی شیاودا بێگومان باوه‌ڕی وایه كارێكی بڕیارده‌رانه‌ی نهێنی و تایبه‌ت ئه‌نجام ده‌دات.
سه‌رباری بێ هه‌ستی جه‌سته‌ی، ده‌زانم كه هه‌ر كاتێك ده‌ره‌قه‌تی دێم و وه‌ڵامی لێدانه‌كانی ده‌ده‌مه‌وه، ده‌ی ئێشێ. ده‌زانم كه لاواز و شلوشاوه. ده‌زانم كه ناتوانێ هیچ هه‌ڵه‌یه‌ك بكات و ده‌توانم به لێدانی گولله‌یه‌ك كاری ته‌واو بكه‌م و خۆم قوتار بكه‌م. ته‌نها نازانم له گۆڕیشدا لێمده‌گه‌ڕێ ئاسووده بم یا نا؟ ترسه‌كه‌م ئه‌مه‌یه ئه‌گه‌ر بمرم. دیسان به چه‌تره‌كه‌ی به سه‌رم بكێشێ. جگه له‌وه‌یش نازانم ده‌بێت گولله‌كه به خۆمه‌وه بنێم یا به‌وه‌وه. به‌هه‌رحاڵ به‌ڵگه هێنانه‌وه هیچ سوودی نییه. راستییه‌كه‌ی دڵنیام جورئه‌ت ناكه‌م خۆم، یا ئه‌و بكوژم. كوشتن له بوونی مندا نییه.
له هه‌مووی خراپتر ئه‌وه‌ی تازه په‌یمبردووه كه بێ لێدانه‌كانی ئه‌و ناتوانم به‌رده‌وامی به ژیان بده‌م. ئه‌گه‌ر رۆژێك لێدانه‌كانی ئه‌و نه‌بێت، سه‌رم ژان ده‌كات. جاروبار نیگه‌رانی ده‌مكوژێ له ترسی ئه‌وه‌ی نه‌بادا رۆژێك له لووتكه‌ی پێویستیدا كه به‌ند به به‌ندی له‌شم داوای لێدانه ئارامه‌كانی ئه‌و ده‌كات، رێگه‌ی خۆی بگرێت و بڕوات و ئیتر نه‌گه‌ڕێته‌وه. وێناكردنی ئه‌م بابه‌ته ئازای ئه‌ندامم ده‌له‌رزێنێ. ئه‌گه‌ر بڕوات و ئیتر من لێدانه ئارامه‌كانی چه‌تره‌كه‌ی ئه‌و له‌سه‌ر سه‌رم هه‌ست پێنه‌كه‌م، ئیتر چۆن ده‌توانم بڕۆمه خه‌ونگه‌لی ئاوا شیرینه‌وه؟!
فرناندۆ سۆرێنتینۆ
Fernando Sorrentino
بۆ فارسی: ئه‌سه‌دوڵڵا ئیمرایی
له فارسییه‌وه: جه‌بار سابیر
سه‌رچاوه:
زن وسگی
ترجمه اسدالله امرایی
نشر افراز، چاپ دوم، 1386