Skip to Content

Saturday, April 27th, 2024
چاوپێکەوتنی  گۆڤاری شەقام لەگەڵ (رابون مەعروف)

چاوپێکەوتنی گۆڤاری شەقام لەگەڵ (رابون مەعروف)

Closed
by May 23, 2013 گشتی

 

 

 

مانگی رابردو (نیسان) پەیامنێرێکی بەڕێزی گۆڤاری شەقام (کە بە داخەوە ناوەکەیم بیر نەماوە) ئەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ کردم و قەرار بو لە ژمارەی کۆتایی مانگ بڵاو بکرێتەوە، بەڵام دواجار لەبەر هەر هۆیەكبێت بڵاویان نەکردەوە. بۆیە پێم باشبو خۆم بیخەمە بەردەستی خوێنەران.

***

پ١: هەستدەکرێت هەردو هێزی دەسەڵاتدار لە بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکان دەترسن، بە بۆچونی تۆ ئەو ترسە لە چیەوە سەرچاوەی گرتوە؟

 رابون مەعروف: بە درێژایی دەسەڵاتدارێتی پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتیمانی بەسەر ئەم پارچەیەی کوردستان، ئەو دو حیزبە یەکێك لە نمونە هەرە خراپەکانی حوکمڕانیان لە مێژوی مرۆڤایەتیدا پێشكەشکردوە. بەو هۆیەوە سەرەڕای ئەو سەروەتە زۆرەی کە دەستیان بەسەردا گرتوە و بە شێوەیەکی نا شەرعی بۆ پاراستنی دەسەڵات و نفوزی خۆیان بەکاری دەهێنن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ئێستادا یەکێتی و پارتی پێگەو شەعبیەتیان زۆر هاتوەتە خوارەوە. ئەوان دەزانن لە هەڵبژاردنەکانی رابردو بە تەزویر و هەرەشە و ترساندن و بەکارهێنانی نا یاساییانەی دەسەڵات و ئیغرائاتی مالی (بە پارەی دەستبەسەراگیراوی خەڵکی کوردستان) زۆرایەتیان بەدەستهێناوە. بۆیە لەهەر هەڵبژاردنێكدا کەمترین ستاندارد و مەرجە نێودەوڵەتیەکانی تێدا رەچاو بکرێت، بە دڵنیایەوە یەکێتی و پارتی روبەڕوی شکستێکی گەورە دەبنەوە. ئەمەش ئەو دو هێزەی لە بەڕێوەچونی هەر هەڵبژاردنێکی مانادار ترساندوە و هەربۆیە یەکەمین شت کە ئەو دو هێزە بۆ هەر هەڵبژاردنێك بیری لێبکەنەوە ئەمەیە: چۆن بتوانن زۆرترین دەنگ تەزویر بکەن!

پ٢: سەرەڕای ئەو رەخنانەی لێیدەگیرێت و لەگەڵ داواکاریەکی فراوان بۆ هەموار کردنەوەی بەڵام تا ئێستا یاسای هەڵبژاردنەکان بۆ پارلەمانی کوردستان وەكخۆی ماوەتەوە. بە بۆچونی تۆ ئەم یاسایە کەموکورتی دەخاتە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانەوە؟

رابون مەعروف: من پێم وایە نابێت یاسای هەڵبژاردنەکان و جیاوازیەکان لەسەر ئەو یاسایە وەك زۆر بابەتی تر تێکەڵی بەرژەوەندی سیاسی و ململانێی ئەجێندا سیاسیە جیاوازەکان بکرێت. دەبێت کەسانی پسپۆڕ و شارەزای ئەو بوارە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئینتیمای سیاسی و فیکریان کۆبکرێنەوە و ئەوان گفتوگۆی ئەوە بکەن کە چی جۆرە یاسایەکی هەڵبژاردن بۆ بارودۆخی سیاسی وڵاتەکەی ئێمە باش و بەکەڵكە و خزمەتی پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی دەکات. 

 

بەڵام پارتی و یەکێتی سەبارەت بەم بابەتەش وەك هەمو بابەتە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی تر، یەکەمین شت کە لەبەرچاوی دەگرن بەرژەوەندی تەسکی حیزبەکانیانە و لەمەشدا بەرژەوەندی باڵای نیشتیمان و نەتەوە کراونەتە قوربانی بەرژەوەندیەکانی حیزب و ئەو گروپە بچوکەی دەستیان بەسەر ئەو دو حیزبەدا گرتوە. 

دەبێت لە کوردستان یاسایەکی ئەوتۆمان هەبێت بۆ بەڕیوەچونی هەڵبژاردنەکان کە لە پێشەوەی هەمو شتێك زەمانی جێخستنی دو پرەنسیپ و ستانداردی نێودەوڵەتی هەڵبژرادنی دیموکرات بکات، ئەوانیش (ئازاد و رەوا: Free & Fare). واتە هەم هێزەکان و لایەنگرانیان هەموان لە ئازادی تەواو بەهرەمەند بن بۆ کەمپەین کردن بۆ لیستەکانیان (کە ئەمە لە کوردستان نیە) وە هەم جۆرێك لە دادوەری و رەوایەتی هەبێت لە توانای ماڵی لە نێوان هێزە بەشداربوەکانی ململانێکانی هەڵبژاردن (لە کوردستان ئەمەش نیە). لە هەر هەڵبژاردنێکیشدا ئەو دو ستانداردە نێو دەوڵەتیە نەبو ئەوا دامو دەزگا نێو دەوڵەتیە سەنگینەکان ئەو هەڵبژاردنە وەك هاڵبژرادنێکی ئازاد و رەوا ناناسن. هەڵبەت سەرنجی خوێنەران بۆ ئەوە رادەکێشم کە هیچ هەڵبژاردنێکی کوردستان لەلایەن رێکخراوە گرنگە نێوەدەوڵەتیەکانەوە وەك هەڵبژاردنی ئازاد و رەوا نەناسراوە. 

یاسای ئێستای هەڵبژاردنەکان روبەڕوی کۆمەڵێك رەخنەی تر بۆتەوە کە پێم وایە خوێنەران ئاگادارین و من بە پێویستی نازانم دوبارەیان بکەمەوە.

پ٣: لە کاتێکدا ئێمە لە کوردستان دەستورێکی دەنگلەسەر دراو و پەسەندکراومان نیە، بابەتی خۆ کاندید کردنەوەی مەسعود بارزانی مشتومڕێکی گەورەی بەدوایخۆیدا خستۆتەوە چونکە بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم کە پارلەمان پەسەندی کردوە مەسعود بارزانی مافی خۆ کاندید کردنەوەی نیە. کەواتە بە بۆچونی تۆ هیچ ئەگەرێك هەیە بۆ خۆ کاندید کردنەوەی بارزانی؟

رابون مەعروف: لە نەبونی دەستورێکی دەنگ بۆ دراو، لە ئێستادا سەرۆکایەتی هەرێم بە گوێرەی ئەو یاسایە هەڵدەبژێردرێت کە پەرلەمانی کوردستان دەنگی بۆ داوە و پەسەندی کردوە. هەروەك بەشێك لە یاساناسەکان رایانگەیاندوە بەگوێرەی یاساکە بەڕێز مەسعود بارزانی مافی خۆ کاندید کردنەوەی نەماوە. 

کەواتە بەڕێز بارزانی بۆ ئەوەی بۆ خولێکی تر خۆی کاندید بکاتەوە، یان دەبێت بە ئاشکرا یاسا پێشێل بکرێت یان دەبێت یاساکە بە جۆرێك هەموار بکرێتەوە کە ماف بداتە بەڕێز بارزانی تا جارێکیتر مافی خۆ کاندید کردنەوەی هەبێت. هەردو ئەوەش نەریتی ئەو وڵاتانەن کە دیکتاتۆر و ستەمکارەکان دەستیان بەسەردا گرتون. هیوادارم بەڕێز بارزانی نەریتێکی ترسناکی دیکتاتۆرەکان دوبارە نەکاتەوە.

پ٤: ئایا تۆ پێشبینی دەکەیت کە هەڵبژاردنەکانی داهاتو گۆڕانکاریەکی ئەوتۆ لە هاوسەنگی هێزەکان بێننە ئاراوە؟ ئەگەر پێت وایە، ئایا ئەو گۆڕانکاریە لە چی ئاستێکدا دەبێت؟

رابون مەعروف: جارێ گۆڕانکاری لە هاوسەنگی هێزە سیاسیەکان لە کوردستان پێشتر رویداوە. من هیچ گومانم لەوە نەماوە کە لە ئێستادا یەکێتی و پارتی بە هەردوکیان پێکەوە لە نێو خەڵکیدا نوێنەرایەتی کەمینە دەکەن و زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان لایەنگری هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و بەرنامە و ئەجێندا سیاسیەکانیانن. بەمجۆرە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن پێکەوە نوێنەرایەتی زۆرینەی خەڵکی کوردستان دەکەن. بەڵام پارتی و یەکێتی رێگری و بەربەست دروست دەکەن لەرێگەی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و رەوا تا ئەو هاوسەنگیە راستەقینەیەی هێزەکان لە هەڵبژاردنەکان رەنگنەداتەوە. ترسی سەرەکی یەکێتی و پارتی لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و رەوا لە دەرکی ئەوانەوە هاتوە بەو گۆڕانکاریە لە هاوسەنگی هێزەکان. کەواتە بەڵێ، ئەگەر هەڵبژاردنێکی مانادار و ئازاد و رەوا بکرێت هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن سەرکەوتو دەبن و دەسەڵات دەگرنە دەست و پارتی و یەکێتی دەبنە ئۆپۆزیسیۆن.

پ٥: هەرچەندە یەکێتی رایگەیاندوە کە بە تەنها بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکات، بەڵام پشتگیری یەکێتی لە خۆ کاندید کردنەوەی بارزانی و رێکەوتنیان لەگەڵ پارتی تا دیسان دوای هەڵبژاردنەکان پێکەوە حکومەت پێکبێنن جەماوەری یەکێتی توڕە کردوە. کەواتە بە بۆچونی تۆ پەیوەندیەکانی یەکێتی و پارتی بەرەو چی ئاقارێك دەڕوات؟

رابون مەعروف: بناغەی پەیوەندیەکانی پارتی و یەکێتی لە ئێستادا بەرژەوەندیەکانی گروپێکی دەسەڵاتدارە بەسەر ئەو دو حیزبەدا نەك بەرژەوەندیە ستراتیجیەکانی خەڵکی کوردستان. خۆتان دەزانن بە بەراورد بە پارتی یەکێتی هێزێکی تازەیە. لە سەرەتای دامەزراندنیەوە یەکێتی بانگەشەی ئەوەی کردوە کە لە روی بەرنامە و جیهنابینی سیاسی و ئینجا کولتوری بەڕێوەبردنی حیزب لە بنەرەتەوە جیاوازە لە پارتی و لەسەر ئەو بنەمایەش لەگەڵ دەرکەوتنی یەکێتی خەڵکانێکی زۆری کوردستان پشتگیریان کرد. بەڵام لە ئێستادا جیاوازیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی زۆر کەمبۆتەوە و بەرەو نەمان دەچێت. ئێستا بەرژەوەندی گروپێکی دەسەڵاتدار بەسەر هەردو حیزبەکەدا بنەمای رێکخستنی پەیوەندیەکانیانە نەك بەرژەوەندی باڵای خەڵکی کوردستان و دیموکراسی. بەڵام ئەندامان و لایەنگرانی ئەو دو هێزە، بە تایبەتی یەکێتی کە هیچ بەرژەوەندیەکیان لەو تێکەڵاوبونەی یەکێتی و پارتی نیە سورن لەسەر پاراستنی جیاوازیەکانیان. بەڵام سەرکردایەتی یەکێتی بە پێچەوانەی خواستی جەماوەرەکەیەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی گروپێکی کەمی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی لەگەڵ پارتی ماڵیان تێکەڵ کردوە. لە راستیدا تێکەڵبونی بەرژەوەندی  ئەو دو گروپەی ئەو دو حیزبە بەڕێوە دەبەن ئەوەندە تێکهەڵکێشراوە کە جیاکردنەوەیان زۆر زەحمەتە. بەڵام لەگەڵ ئەو راستیانەشدا دەنگدەران بە پشتگیریکردنێکی فراوانی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەتوانن لەگەڵ هاوکێشە سیاسیەکاندا ئەو ڕێکەوتن و ماڵ تێكەڵکردنەی یەکێتی و پارتیش تێکبدەن.

پ٦: پێت وایە دواجار ئۆپۆزیسیۆن دەتوانن بەیەکەوە لەسەر کاندیدێك بۆ سەرۆکایەتی هەرێم رێكبکەون؟ ئەگەر هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بگەنە رێكکەوتن لەسەر یەك کاندید، بە بۆچونی تۆ کاندیدی ئۆپۆزیسیۆن شانسی سەرکەوتنی دەبێت؟

رابون مەعروف: هەروەك خۆتان دەزانن لە ئێستادا ئۆپۆزیسیۆن بڕیاریان داوە کاندیدیان هەبێت بۆ سەرۆکایەتی هەرێم. بە دڵنیاییەوە وا باشترە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن پشتگیری یەك کاندید بکەن و لە دۆخێکی ئاوادا شانسی سەرکەوتنی کاندیدەکەیان زۆرتر دەبێت. 

ئەگەر هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بتوانن کاندیدێك لە دەرەوەی رێبەرایەتی حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن دیاریبکەن رەنگە بتوانن هەمویان پشتگیری بکەن و یەکدەنگیان لەو بارەوە ئاسانتر دەبێت. بەڵام ئەگەر کاندید یان کاندیدەکانیان لە نێو سەرکردایەتی ئێستای هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بێت رەنگە بۆ ئەوەی هەمویان پشتگیری یەك کاندید بکەن هەندێك گرفتی هەبێت.

من خۆم پێم وایە گونجاوترین کەس بۆ رکەبەری بەڕێز مەسعود بارزانی بەڕێز نەوشیروان مستەفایە و هیچ گومانیشم نیە ئەگەر هەڵبژاردنەکە ئازاد و رەوا بێت بەڕێز نەوشیروان مستەفا لە هەڵبژاردنەکەدا سەرکەوتو دەبێت.

پ٧: بە گوێرەی راگەیاندنەکەی سەرۆکی هەرێم بێت تەنها هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم و پارلەمان دەکرێن و هەڵبژاردنی شارەوانیەکان باسنەکراوە. ئایا وا باشتر نیە هەرسێ هەڵبژاردنەکان پێکەوە بکرێن؟

رابون مەعروف: لە راستیدا دەبوایە هەڵبژاردنی شارەوانیەکان زۆر پیشئێستا بەڕیوەچوبا. بەڵام چونکە پارتی و یەکێتی مەترسی دۆڕانیان دەکرد و بەوەش دەسەڵاتی شارەوانیەکانیان لەدەست دەردەچو، ئەو هەڵبژاردنەیان نەکرد، کە ئەوەش دژی سەرەکیترین بنەمای دیموکراسیە. 

لە ئێستادا دیسان دیار نیە کە هەڵبژاردنی شارەوانیەکان چیان بەسەر دێت. لە راگەیاندنەکەی بەڕێز سەرۆکی هەرێم تەنها ئاماژە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی هەرێم و پارلەمان کراوە و ئەمەش خۆ دزینەوەی پارتی و یەکێتی دەگەیەنێت لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکان. کەسانێکی شارەزا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە وا باشترە لە ئێستادا هەرسێ هەڵبژاردنەکە پێکەوە بکرێن و هیوادارم ئەو بابەتە بە جدی بیری لێبکرێتەوە و موناقەشە بکرێت.

پ٨: بۆچونی تۆ چیە لەسەر لێدوانەکەی مامۆستا سەلاحەدین بەهادین کە ماوەی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی وەك خراپترین فەترەی تەمەنی سیاسی ئەو دەبینێت. لە کاتێکدا بارزانی چەند جارێك سەبارەت بە پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و ناوەند لێدوانی توندی داوە؟

رابون مەعروف: بەڕێز بارزانی سەرۆکی ئەم هەرێمەیە و گرنگترین پۆستی گشتی و دەوڵەتی بەڕێوە دەبات و بەڕیز مامۆستا سەلاحەدینیش هاوڵاتیەکی ئەم هەرێمەیە و هەمو مافێکی هەیە کە رەخنە لەوانە بگرێت کە دەسەڵات بەڕێوە دەبەن. بۆیە لێدوانەکانی سەبارەت بە ئەدای بەڕێز بارزانی نە سەیرن و نە نەنگیان تێدایە. 

من خۆم بە هیچ فەترەیەکی سیاسی بەڕێز بارزانی موعجیب نیم و بە درێژایی ئەو ماوەیەش کە سەرۆکی هەرێم بوە ستەم و نا عەدالەتی قوڵتر و ترسناکتر بونەتەوە. بەڕێز سەرۆکی هەرێم دەیتوانی هەم لە پەیوەند بە پەیوەندی هەرێم و بەغداد وە هەم لە ناوخۆی وڵاتەکەمان دەستپێشخەری کۆمەڵێك چاککاری بنەڕەتی لە سیستەمی دەوڵەتداری و بەڕێوەبردن بکردایە بەڵام نەیکرد. ئینجا وەفادار نەبوە بە کۆمەڵێك بەڵێن کە بە خەڵکی کوردستانی داوە. لە روانگەی منەوە کارێکی باش و مانادار بۆ عەدالەت و ئازادی و بە قازانجی خەڵك  چاکترە لە سەدان لێدوانی توند و بێمانا و بێناوەڕۆك.

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.