
سێ گومان له سه‌رۆکی هه‌رێم …. ئاری ئه‌بوبه‌کر
یه‌که‌م هه‌رچه‌ند له ئه‌ته‌کێتی سه‌رۆکایه‌تی وڵاتان دا، سه‌رۆک سه‌رۆکی هه‌موو میلله‌ته و ده‌بێت له‌دوای چونه سه‌رکورسی سه‌رۆکایه‌تی، به یه‌ک چاو سه‌یری هه‌موو میلله‌ته‌که‌ی بکات و جیاوازی نه‌کات له به‌ینی هاوڵاتییه‌کانی دا، به‌وانه‌شه‌وه که دژی سه‌رۆک بوون یان دژی سه‌رۆکن، به‌ڵام به‌داخه‌وه که سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان(که هه‌ندێک جار به مه‌به‌ست یا بێمه‌به‌ست له‌بری ناوی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، به سه‌رۆکی کوردستان ناوزه‌ندی ده‌که‌ن) تا ئێستا نه‌یتوانیوه به‌یه‌ک چاو سه‌یری هه‌موو دانیشتوانی کوردستان و هه‌موو شاره‌کانی بکات، ئه‌مه‌ش له‌ساده‌ترین لێکدانه‌وه‌ماندا، سه‌ردانی نه‌کردنی سه‌رۆکی هه‌رێمه‌وه بۆ سلێمانی و گه‌رمیان له‌ماوه‌ی چواساڵی ڕابردوودا، هه‌ڵێنجراوه، که‌تائێستاش سه‌رۆکی هه‌رێم وه‌ڵامێکی ڕونی ئه‌م قومانه‌ی خه‌ڵکی نه‌داوه‌ته‌وه، که بۆچی سه‌رۆکی هه‌رێم که‌مترین سه‌ردانی سلێمانی و گه‌رمیانی کردووه؟
دووه‌م گومان، که تاسه‌ر ئێسقان، مرۆڤی کورد ده‌یه‌شێنێت، ده‌نگوباسی نیشته‌جێکردنی فه‌له‌ستینییه‌کانه له کوردستان، له‌کاتێکدا که به‌هه‌زاره‌ها گه‌نج و لاو، دایکی شه‌هید و خانه‌واده‌ی ئه‌نفاله‌کان، پیر و په‌ککه‌وته‌و خانه‌نشینه‌کان، خاوه‌نی شوێنێکی نیشته‌جێی شایسته نین و یه‌کێک له گه‌وره‌ترین گرفتی گه‌وره‌ی کوردستان کێشه‌ی نیشته‌جێ بوونه، که‌چی سه‌رۆکی هه‌رێم ڕه‌زامه‌ندی خۆی بۆ نیشته‌جی کردنی فه‌له‌ستینییه‌کان ده‌رده‌بڕێت، که دیاره نیشته‌جێ کردنی فه‌له‌ستینییه‌کان ئه‌و ئه‌رکه‌ش بۆ حکومه‌تی هه‌رێم زیادده‌کات، که خانوو، موچه، قوتابخانه، خه‌سته‌خانه…….هتد بۆ ئه‌و فه‌له‌ستینیانه دابینبکات، ئه‌گینا ناکرێت سیانزه هه‌زار فه‌له‌ستینی بهێنرێته کوردستانه‌وه هه‌ڕه‌مه‌کییانه بخرێنه ناوشاره‌کانه‌وه، چونکه ئه‌گه‌ر به‌م شێوه هه‌ڕه‌مه‌کییه‌ش فه‌له‌ستینییه‌کان بهێننه کوردستان، ئه‌وا هه‌مدیسان گه‌وره‌ترین کێشه دروستده‌که‌ن بۆ خه‌ڵک و حکومه‌ت.
سێهه‌م گومان، به‌ئه‌نجام نه‌گه‌یاندنی حوکمی دادگایی تاوانبارانی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال، که ئه‌مه ده‌کرێت بڵێین ڕه‌شترین په‌ڕه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی باڵای کوردستانه، له مێژوی حکوم کردنیدا، له‌کاتێکدا خوێنی شه‌هیدان و کیمیابارانکراوان وه‌ک ئیدیعایه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌کارده‌هێنرێت. ئایا تا ئێستا سه‌رۆکی هه‌رێم، سه‌رۆککۆمار، وه‌زیره کورده‌کانی به‌غدا، به‌رپرسه حکومی و حیزبییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له خۆیان پرسیوه، بۆچی عه‌لی کیمیاوی و سوڵتان هاشم، نزار خه‌زره‌جی و …. بۆچی به سزا نه‌گه‌ینران، له‌کاتێکدا هونه‌رمه‌ندێک به‌ناوی دانیا عه‌لی توانی فان ئانرات، بازرگانی هۆڵندی چه‌کی کیمیاوی، به‌سزای دادگا بگه‌یه‌نێت؟ ئایا ده‌سه‌ڵاتی هونه‌رمه‌ندێک زۆرتره له‌و له‌شکره به‌رپرسانه‌ی کورد له حکومه‌تی عێراقی و هه‌رێمی کوردستان دا؟
پێدانه‌گری سه‌رۆکی هه‌رێم له‌سه‌ر به سزاگه‌یاندنی تاوانبارانی جینۆساید و هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال و خه‌مساردی کردن له‌م دۆزه گرنگه‌دا، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان ده‌خاته ژێر گومانی خه‌ڵکه‌وه، که‌ئایا سه‌رۆکی هه‌رێم به‌ته‌نگ گشت خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌یه، یان ئایا به‌ڕاست سه‌رۆکی هه‌رێم هه‌موو بستێکی ئه‌م خاکی کوردستانه‌ی به‌لاوه وه‌ک یه‌که؟ ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌که ئه‌رێیه، ئه‌دی ئه‌و پاڵنه‌ره چییه که مه‌ودای گومانی ئێمه پانوبه‌رینتر ده‌کات؟
له مه‌ودای ئه‌م گومانانه‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی که سه‌رۆکی هه‌رێم، ئه‌وه‌نده‌ی به‌ته‌نگ داکوتانی کورسی سه‌رۆکایه‌تی یه‌که‌یه‌وه‌تی، نیو ئه‌وه‌نده پێداگری له‌سه‌ر پرسه هه‌نوکه‌ییه‌کانی ئه‌م وڵاته نه‌کردووه، ئه‌مه‌ش بوختان نییه، به‌ڵکو خوێندنه‌وه‌ی چوارساڵی ڕابردووی کاره‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێمه.