دیموكراسییه‌ت و به‌شداری سیاسی
روانگه
شتێكی شاراوه نییه، كه به‌شداری سیاسی تاكه‌كه‌س و هاووڵاتییان ئاماژه و پێوه‌ری پێشكه‌وتن و به شارستانی و دیموكراسیببونی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه، به واتایه‌كی تر له كوێدا به‌رفراوانترین رووبه‌ر و ئازادی و وه‌ك یه‌كی به‌شداری سیاسی بۆ كه‌سه‌كان فه‌راهه‌م بوو، له‌وێدا سیسته‌مه‌كه دیموكراسی و كراوه‌تره.
بۆ ئه‌وه‌یش ئه‌و ئاماده‌یی و به‌شدارییه‌ی تاكه‌كان له كایه‌ی ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراوه‌كانی و پرۆسه‌ی سیاسی‌دا پته‌و بكرێ، پێویست ده‌كات به‌شداری و رۆڵ و ئاماده‌گی كارای تاكه‌كه‌س له نێو حزب و بزووتنه‌وه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ده‌نییه جۆراوجۆره‌كاندا فراوان و به‌هێز بكرێ، ئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ون و مافه‌ی هاووڵاتیش له‌م رووه ده‌سته‌به‌ر ده‌كات بوونی یاسایه‌كی دیموكراسی و مه‌ده‌نی و ده‌ستورێكی مۆدێرنه، ئه‌مه‌و جگه له رۆڵ و چالاكی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، كه هاوكار ده‌بن له كردنه‌وه‌ی رێگا له به‌رده‌م به شداری سیاسی تاكه‌كه‌س و كاراییه‌كه‌ی، هاوكات هوشیاری خودی تاك و هاووڵاتی به‌و مافه سه‌ره‌كییه‌ی خۆی، چونكه دواجار مه‌عریفه بناغه و بنه‌ڕه‌تی ئه‌و به‌شداریكردنه‌یه، واته بوونی مه‌عریفه و هوشیاری به سروشت و بایه‌خی ئه‌و مافه و شوێن و رۆڵی تاك له پرۆسه‌ی گۆڕانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوریدا، له‌م دیدگایه‌وه ده‌بێ تاك وه‌ك ماف و ده‌ستپێشخه‌ری به‌رخوردبوون له‌و مافه، سه‌یری به‌شداری سیاسی بكات، نه‌ك وه‌ك په‌رچه‌كردار.
چه‌مكی مافی به‌شداری سیاسی تاك راسته‌وخۆ په‌یوه‌سته به خودی سیسته‌می دیموكراسی و چه‌مكی هاووڵاتیبوونه‌وه، به‌و پێیه‌ی هاووڵاتیبوون حاڵه‌تێكه یاسا و رێسا و عورفی سیاسی زامنی ده‌كه‌ن، به گوێره‌ی ئه‌و یاسایانه‌ش مافی به‌ڕێوه‌بردن و به‌شداریكردنی سیاسی، مافی ته‌واوی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگه‌یه، به‌چاوپۆشین له جیاوازی ره‌گه‌زی و ئیتنی و مه‌زهه‌بی و ئایدیلۆژی.
له‌لایه‌كی تر ئه‌و چه‌مكه په‌یوه‌ندی به چه‌مكی تواناسازی و زه‌مینه‌سازی هه‌یه، تواناسازی به مانای كاركردن له‌گه‌ڵ تاكدا بۆ ئه‌وه‌ی ببێته خاوه‌نی توانا و شیان، توانایه‌ك به هۆیه‌وه خودی خۆی و توانا و به‌هره و سه‌لیقه‌كانی بدۆزێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی به هۆیانه‌وه بگاته جۆری ئه‌و ژیانه‌ی خۆی ده‌یه‌وێت، هاوكات هاوكاری بكرێ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و میكانیزم ر ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی و مافانه‌ی بزانێ، كه هه‌موو ئه‌وانه كارئاسانی و زه‌مینه‌سازی بۆ ده‌كه‌ن، ئه‌و میكانیزم و مافانه‌ش كۆمه‌ڵێك بنه‌ما و به‌ها و پره‌نسیپ له خۆیان ده‌گرن، له‌وانه مافی هه‌ڵبژاردن به ده‌نگدان و خۆپاڵاوتن، پشت به‌ستن به خود، راهاتن و تواناشكان به‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كاری ده‌سته‌جه‌معی و هاوبه‌شی رێكخراو بكات. دیاره به‌شێكی زۆری دابینكردنی ئه‌و مافانه و زه‌مینه‌سازییه‌كانی ده‌كه‌ونه ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراوه‌كانی، هه‌ر له ئازادی به‌شداری سیاسی بگره، تا سازكردنی ئامراز و هۆكار و زه‌مینه‌ی گونجا و یه‌كسان بۆ تاك و گروپه‌كان، به‌شێكیشی ده‌وه‌ستێته سه‌ر شوناسی راسته‌قینه و كارایی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و نێوه‌نده كولتوری و فه‌رهه‌نگییه‌كان، به‌شێكی تریشی ده‌كه‌وێته سه‌ر ئاماده‌گی و هوشیاری تاك خۆی.
به‌شداری سیاسی، مافی به‌شداری راسته‌قینه و وه‌ك یه‌كی نێوان هاووڵاتیانه به جیاوازی ره‌گه‌ز و ره‌نگ و ئینتما له كاروباره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا، جا چ له رێگه‌ی چالاكی راسته‌وخۆ بێت (وه‌رگرتنی پۆستی سیاسی، نوێنه‌رایه‌تی فه‌رمی له سه‌كۆ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ده‌نگدان و خۆپاڵاوتن، دامه‌زران و ده‌ستبه‌كاربوون له ده‌زگای دادوه‌ری)، یان له رێگه‌ی چالاكی ناڕاسته‌وخۆ (كاری حزبی و سیاسی، كاری رێكخراوه‌یی و سه‌ندیكایی و كولتوری و فه‌رهه‌نگی، گرنگیدان به پرسه گشتییه‌كان…). به‌شداری سیاسی یه‌كێكه له بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی دیموكراسی و وه‌زیفه‌ی هه‌ر سیسته‌مێكی سیاسی و ده‌سه‌ڵاتێكی حوكمڕانه، كه بانگه‌شه‌ی دیموكراسی ده‌كات، كاری جددی بۆ به‌رجه‌سته‌كردن و هێنانه‌دی بكات.
به‌راست كه به‌شداری سیاسی ئه‌و مافه گرنگه بێت و له سایه‌یدا تاك شووناسی هاووڵاتیبوون و تاكگه‌رێتی خۆی به‌رجه‌سته بكات، ده‌كرێ لێی بێده‌نگ و خه‌مسارد بین؟ ئایا ده‌كرێ به بیانووی بوونی گه‌نده‌ڵی و بێدادی، ده‌ستبه‌رداری پرۆسه‌ی ده‌نگدان و كاری مه‌ده‌نی و رێكخراوه‌یی بین، كه هه‌موو ئه‌وانه له پرۆسه‌ی چاكسازی و به‌ره‌وپێشبردنی وڵات و كۆمه‌ڵگه‌دا رۆڵ و به‌های خۆیان هه‌یه؟