
هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردوستان وسایکۆلۆجیای په‌یامه ناڕاسته‌وخۆکان!
به‌تایبه‌تی له کۆڕ‌و کۆمه‌ڵه خۆرهه‌ڵاتیه دواکه‌وتوه‌کانا که کوردوستانی خۆیشمان یه‌کێکه له‌و کۆمه‌ڵانه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مرۆڤی تاک بێبه‌ری کراوه له هه‌ل و ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی خونچه ی
که‌سایه‌تیه‌که‌ی له که‌ش و هه‌وایه‌کی ئینسانیی ئازاد دا بپشکوێ و بکرێته‌وه و بگه‌شێته‌وه و پێبگاو ببێته مرۆڤێکی ، تاکێکی، که‌سایه‌تیه‌کی سه‌ربه‌خۆ و بنجداکوتاوی خاوه‌ن ویست (ئیراده) و بڕیاری ئۆتۆنۆم و سه‌ربه‌خۆ، له کۆمه‌ڵێکی ئاوادا که ئاگایی و هوشیاری ده‌رباره‌ی خود(خۆئاگایی) و ڕۆشنبیری به‌گشتی تێیدا گه‌لێک لاوازه، چاولێکردن و لاساییکردنه‌وه ی سه‌رۆک و ڕابه‌ر و پێشه‌وا و سکرتێری گشتی و گه‌وره کان به‌گشتی یه‌کێکه له سه‌ره‌کیترین و کاریگه‌رترین ڕه‌وش و مێتۆدی فێربون و ڕه‌فتارکردن. بۆ چاولێکردن و کۆپیکردنی ڕه‌فتاری گه‌وره‌کانی سه‌رو خۆمان، زۆرجار هه ر پێویست به‌وه‌ش ناکات که گوێمان له‌سه‌رو خۆمان بێت چیده‌ڵێن و چیمان پێده‌ڵێن و چی به نه‌یار و ناحه‌زه‌کان ده‌ڵێن، کورد ده‌ڵێت " گه‌وره ئاو ده‌ڕێژێ و بچوک پێی تێده‌خات". چما باوکێکی جگه‌ره‌کێش یا مهینۆش تان دیوه به کوڕه‌که‌ی بڵێت کوڕم جگه‌ره بکێشه و له مه‌یخانه‌کان مه‌ی بنۆشه؟ بێگومان، نه‌خێر، که‌چی گه‌لێک جار دروست وادێته‌وه که کوڕ و کچ زۆر شتی باش یا خراپ ناڕاسته‌وخۆ و به‌بێ مه‌به‌ست و پلان و ئاگالهخۆبونی ته‌واو له باوک و دایکه‌وه وهرهدهگرن. په‌ندی پێشینان پێمان ده‌ڵێت" ساڵی خۆش له به‌هار ڕا ده‌رده‌که‌وێت". ئه‌وه‌ی له کۆڕوکۆبونه‌وه گشتی و ئاشکرا‌کانی سه‌رکرده‌کانی لیستی کوردوستانی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی 25 ی 7 به‌وردی گوێی گرتبێت له وتار و په‌یڤ و په‌یامه‌کانیان بۆ گوێگره‌کانیان، هه‌ر هه‌موی لێوان‌لێو بون له زبری و توندوتیژی و سوککردنی نه‌یار و کێبه‌رکێ که‌ره‌کانیان و سوتاندنی ته‌ڕ و وشکیان و زه‌مینه خۆشکردن بۆ تێکدانی که‌ش و هه‌وای هه‌ڵبژاردنه‌کان و فێڵ و دزی تێیاندا. 24 ی 6ی 2009 له یاریگه‌ی فرانسوا حه‌ریری له هه‌ولێر ، به بۆنه‌ی کردنه‌وه‌ی هه‌ڵمه‌تی بانگکردن و جاڕدانی هه‌ڵبژاردنه‌کان، جه‌لال تاڵه‌بانی ناڕاسته‌وخۆ به مونافیسه‌کانی خۆی له لیستی گۆڕان گوت فیشاڵ و قسه‌ی بێ سه‌روبه‌ر ده‌که‌ن . مه‌سعود بارزانیش هه‌ر له‌و بۆنه‌یه‌دا له په‌یوه‌ند له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕاندنی ڕه‌شنوسی ده‌ستوری هه‌رێمدا باسی له چقڵ بۆ چاوی ناحه‌زان و دوژمنان کرد و پێی وتن با هه‌ر بۆخۆیان بڵێن، یه‌عنی با هه‌ر گ…بخۆن،دواتریش که ده‌ڵێت:" جارێکی تر ڕێگه ناده‌م دوژمنان یاری به چاره‌نوسی گه‌له‌که‌مان بکه‌ن" وه‌ک ئه‌وه‌یه به ده‌رویش و لایه‌نگره‌کانی بڵێت: من ئۆکسجین و ئاو و خۆراک و ڤیتامینم بۆ کورد و ده‌بێت هه‌ر له ده‌سه‌ڵاتا بمێنمه‌وه ده‌نا چاره‌نوسی کورد ده‌بێته تۆپی به‌ر شه‌قی دوژمنان. پێشتریش جه‌لال تاڵه‌بانی له بۆنه‌یه‌کی تردا، له دیدارێکی ته‌له‌فیزۆنی دا خۆی و ده‌سه‌ڵاتی پارتی و یه‌کێتیی به مانگی چوارده دانا و ئه‌وانه‌شی ڕه‌خنه‌یان لێده‌گرن به و سه‌گانه‌ی که بێهوده به مانگ ده‌وه‌ڕن. سه‌رکرده‌کانی خوار بارزانی و تاڵه‌بانی ، به ڕه‌وشی ئه‌مان و له‌سه‌ر ڕێچکه‌که‌یان هه‌مبانه‌ی چڵکنی پڕ له به‌ردی وشه و تۆمه‌تی ناڕاست و ناشیرینی خۆیان کرده‌وه و که‌وتنه ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ هاویشتنی به‌ڕوی هاوکاران و لایه‌نگرانی موعاره‌زه، به‌تایبه‌تی لیستی گۆڕانی مونافیسی بههێزیاندا. به وشه ناشیرین وسواوهکانی وه‌ک : تابوری 5 و پیاوانی داگیرکه‌رانی کوردوستان و گێره‌شێوێنان و خائینه‌کان و ئێره‌یی که‌ران و… مێشکی لایه‌نگره‌کانیان ئاخنی. ئه‌ندامێکی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی له ماڵپه‌ڕه‌که‌یدا نوسیبوی ئێمه ناهێڵین هه‌رێمی کوردوستان بکه‌ویته ده‌ستی خه‌ڵکی که‌م ئه‌زمونه‌وه، ئه‌مه یانی ئه‌گه‌ر لیستی کوردوستانی له هه‌ڵبژاردنه‌کانا دۆڕاندیشی و زۆرینه شی له‌ده‌ستدا، پارتی و یه‌کێتی مل بۆ ئه‌نجامه‌کانی هه‌لبژاردن ناده‌ن و ده‌سه‌ڵات بۆ لیستهبراوهکان چۆڵناکه‌ن. ئه‌ندامێکی تری مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی له یه‌کێ له کۆبونه‌وه کانا ناڕاسته‌وخۆ به گوێگره‌کانی وت ئه‌گه‌ر لیسته‌که‌یان هه‌ڵنه‌بژێرن ئه‌وا کاروکاسبی نامێنێت و له‌وه‌ش خراپتر شه‌ڕی براکوژی هه‌ڵده‌گیرسێ و درواسێکانمان هێرشی سه‌ربازی ده کهنه سه‌رمان و ئه‌زمونه‌که‌مان تێکده‌شکێنن، ئه‌م قسانه‌ش به شێک بون له ستراتیژیی ترساندن و تۆقاندنی خه‌ڵک له په‌یوه‌ند به پێویستیه بنه‌ڕه‌تیه‌کانی ژیان وه‌ک نان و ته‌ناهی و ئاسایش، به بڵاوکردنه‌وه‌ی درۆ و شێواندنی ڕاستیه‌کان، وه‌ک یه‌کێک له ناشرینترین و ڕوخێنه‌رترین ڕه‌وشه‌کانی بانگ و جاڕدانی هه‌ڵبژاردن، هه‌ر ئه‌م ترساندن و تۆقاندنه ش یه‌کێ له هۆ گرنگه‌کانی که‌میی ڕێژه‌ی ده‌نگده‌ران بو له چاو هه‌ڵبژاردنه‌کانی 1992 و 2005 دا. ده‌بێت سه‌رکرده‌کانی لیستی کوردوستانی له کۆبونه‌وه نهێنی و زۆر تایبهتیهکانا له گه‌ڵ مورید و دهروێشهکانیانا چی ئامۆژگاری و فه‌رمانێکیان به‌وانه‌ی خوار خۆیان دابێت؟ هه‌ندێ له چاودێران باس له پلانی پێشداڕێژراو ده‌که‌ن( پلانیB ) بۆ فێڵ و دزی له ده‌نگدانا، کاتێک مه‌ترسیی دۆڕان دێته پێشێ.
بۆیه په‌یامی ڕونی سه‌رکره‌دکانی لیستی کوردوستانی بۆ لایه‌نگره‌کانیان ئه‌وه‌بو که به هه‌ر نرخێک بوه ده‌بێت هه ڵبژاردنهکان ببه‌نه‌وه ، که‌واته هۆی سه‌ره‌کیی ئه‌و هه‌موه فێڵ و ناپاکیه‌ی لیستی کوردوستانی له ده‌نگدان به‌تایبه‌تی له هه‌ولێر و دهۆک کردیان و هه‌مو چاودێره بێلایه‌نه خۆماڵی و بێیانیه‌کان شایه‌تیان له‌سه‌ر دان، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رکردایه‌تیی پارتی و یه‌کێتی. ئه‌و قسه‌یه‌ی نێچیروان بارزانیش له کاتی سه‌ردانی بۆ عه‌لی باپیر ی ڕابه‌ری (کۆمه‌ڵی ئیسلامی) و و سه‌لاحه‌دین به‌هادین(ڕابه‌ری یه‌کگرتوی ئیسلامی) و داوای لێبوردن لێیان، که ده‌ڵێت" ئێمه رێنماییمان نه‌داوه به‌كه‌س تا هێرش بكاته سه‌ر باره‌گای ئه‌و دوو حیزبه” ،هیچ له‌و ڕاستیه‌ی سه‌ره‌وه ناگۆڕێت، چونکه وه‌ک ڕونم کرده‌وه، خه‌ڵکی توندڕه‌و و ناحاڵی و حیزبیی کوێرکراو پێویستیان به ڕێنمایی ڕاسته‌وخۆ نیه، به‌ڵکو هێما و سیگنال و وشه و ڕسته‌یه‌کی نادروست و حیساب بۆ نه‌کراوی سه‌رکرده و لێپرسراوێکی گه‌وره‌ی حیزبی له سه‌ر نه‌یاران و مونافیسه‌کانی حیزبه‌که‌ی، به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بیگۆڕێت به کرداری توندڕه‌وانه دژی لایه‌نگرانی حیزبی نه‌یار و مونافیس، وه‌ک ئه‌وه‌ی له هه‌ولێر و دهۆک به‌رانبه‌ر لایه‌نگرانی لیستی گۆڕان و چاکسازی و خزمه‌تگوزاری کرا. په‌ندێکی ئه‌ڵمانی ده‌ڵێت ( پێش ئه‌وه‌ی وشه‌کان ده‌ربڕین، ده‌بێت به ترازوی زێڕ بیانکێشین).
به‌ڕاستی ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌کانا نه‌یهێشت خوێنی زۆرتر بڕژێ له‌وه‌ی که ڕژا، ئه‌وه‌ی له‌غاوی ئه‌سپه شپرزه و ناشیرینه‌که‌ی پارتی و یه‌کێتیی گرت و توند ڕایکێشا له وه‌ی که به سمه‌کانی سه‌دان ئینسانی کورد پێشێل و خڵتانی خوێن بکات ، ئه‌م هۆکارانه بو: هؤشیاریی کۆمه‌ڵانی به‌رینی خه‌ڵکی کوردوستان و نه‌فره‌تیان له شه‌ڕ و توندوتیژی . لیسته به‌هێزه‌کانی ئۆپۆزیسۆن که لیستی گۆڕان و چاکسازی و خزمه‌تگوزاری بون، گه‌لێک ئارام و هێور و دانبه‌خۆدا گرتوبون و عاقڵانه ڕه‌فتاریان کرد، وازهێنانی لیستی گۆڕان ــ که بۆنی مه‌ترسیی توندوتیژیان کرد ــ له‌و کۆبونه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌ی نیازبو له گۆڕستانی شه‌هیدانی سله‌یمانی و له هه‌ولێر بیکه‌ن، به‌ڵگه‌ی په‌رۆشی و دڵسۆزیی ئه‌و لیسته بو بۆ گیان و ژیانی مرۆڤ. بونی 3 فه‌وج سه‌ربازی ئه‌مریکی بۆ چاودێریی هه‌ڵبژاردنه‌کان و بونی کونسولگه‌ریی وڵاتانی بێیانی له هه‌ولێر و بونی سه‌دان ڕۆژنامه‌نوس و وێنه‌گر و چاودێری بێلایه‌نی خۆماڵی و بێیانی، که سه‌رجه‌م پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنیان بنچاودهکرد. بێگومان له‌ناو لیستی کوردوستانیشدا، به‌تایبه‌تی و زۆر زۆر تر له ناو باڵی یهکێتیداــ وه‌ک له سله‌یمانی بینیمان ــ هه‌تا له باڵی پارتیی لیسته‌که‌دا، وه‌ک له هه‌ولێر و دهۆک بینیمان که پارتی تێیاندا ده‌سه‌ڵاتی موتڵه‌قی هه‌یه، خه‌ڵکانێکی دڵسۆز و ناتوندوتژ و خاوه‌ن ڕه‌وشتی به‌رز هه‌بون که ده‌وری جوان و باشیان بینی له پرۆسه‌ی ده‌نگدانا. به‌ڵام کۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کان، له سه‌رو هه‌مویانه‌وه فه‌ره‌ج حه‌یده‌ریی سه‌رۆکی، لایه‌نداریی لیستی کوردوستانیی کرد،به‌تایبه‌تی به درێژکردنه‌وه‌ی ده‌نگدان بۆ1 سه‌عات، که به شایه‌تیی زۆربه‌ی چاودێره بێلایه‌نه‌کان، ئه‌و درێژکردنه‌وه‌یه هیچ پێویست نه‌بو، وه له‌و سه‌عاته‌دا پارتی به نزیکه‌ی 10 جۆر و چه‌شن فێڵ و دزی و گزی کرد له ده‌نگدانی نایاسایی بۆ لیسته‌که‌یان، بۆیه هه‌قیه‌تی فه‌ره‌ج ده‌ست له‌کار بکێشێته‌وه، ده‌نا ده‌بێت شکاتی یاسایی لێبکرێت.
سه‌رجه‌م پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی 25 ی 7 ی 2009 پرۆسه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتوبو بۆ گه‌له‌که‌مان و چه‌ند ههنگاوێکی بۆ پێشه‌وه پێنا له خه‌باتی ڕه‌وای خۆی دژی زوڵم و نادادپه‌روه‌ری له ناوه‌وه‌ی خۆیدا. هاوڵاتیانی هه‌رێمی کوردوستان دوای 25 ی 7 ی 2009 ژیانیان باشتر ده‌بێت له پێش ئه‌و ڕۆژه و هه‌رێمه‌که‌شمان به‌رانبه‌ر به‌غداد به هێزتر ده‌بێت.
د.هه‌ژار مه‌عروف ــ 29 ی 7 ی 2009