Skip to Content

Thursday, July 7th, 2022

گۆرانی جه‌نگێكی به‌رده‌وام …. ئیبراهیم هه‌ورامانی

Closed
by August 20, 2009 ئەدەب

 

مه‌یدانه‌كانی جه‌نگ فراوانن
له‌وێ‌ له‌مه‌یدانه‌كانا
سه‌ركه‌وتن
دۆڕاندن …
دابه‌ش ده‌بن .
براوه‌كان
به‌هه‌نگاوی شادومانی
له‌مه‌یدانه‌كانی جه‌نگدا هه‌نگاو ده‌نێنن .
دۆڕاوه‌كان …
به‌هه‌نگاوه‌ی شه‌كه‌ته‌وه‌
له‌مه‌یدانه‌كانی جه‌نگدا پاشه‌كشه‌
له‌خه‌ونه‌كانیان ده‌كه‌ن .
مه‌یدانه‌كانی جه‌نگ  فراوانن
جه‌نگه‌كان  فراوانن
جه‌نگی نان
جه‌نگی ژیان
جه‌نگێك بۆ مانه‌وه‌
جه‌نگێك بۆ ئازادبوون
مه‌یدانه‌كانی جه‌نگ
تا دێ‌
فراوان و
فراوان تر ده‌بێ‌ .
من و تۆ
دووسه‌ربازی بێ‌ چه‌ك
دوو سه‌ربازی
دوور له‌شه‌رانگێز …
به‌رده‌وام
له‌مه‌یدانی جه‌نگ دا ین
جه‌نگێك نه‌ بۆنی بارووتی لێوه‌ دێ‌
نه‌بۆنی ئینسان كوشتن .
من و تۆ
به‌رده‌وام
له‌مه‌یدانی جوانترین جه‌نگداین
ئه‌وه‌ڵ و دوا سه‌ربازی
نه‌دۆڕاوین …
به‌رده‌وام له‌به‌رده‌م به‌یداخی
سه‌ركه‌وتن له‌دوای
سه‌ركه‌وتن
مانگه‌شه‌وو
چڵه‌ ڕێحانه‌ی ناسك
وه‌ك مارشی پاش
كۆتایی جه‌نگ ده‌مانباته‌وه‌ بۆ
به‌رده‌م له‌حزه‌كانی
سه‌ركه‌وتن .
جه‌نگه‌كانن زۆرن
مه‌یدانه‌كانی جه‌نگ زۆرن ..زۆر
سه‌ربازه‌كان ده‌بنه‌ دووبه‌ش
شكست و
سه‌ركه‌وتوو
ته‌نیا له‌ جه‌نگی ئێمه‌دا
ته‌نیا له‌مه‌یدانی جه‌نگی
نێوان من وتۆ دا
جه‌نگ ناكه‌ینه‌ شكست .
ئه‌وه‌ ئێمه‌ین
له‌دوو سه‌ربازی
دوا له‌حزه‌كانی
جه‌نگێكی سه‌ركه‌وتوو
ده‌چین .
ده‌جه‌نگین و …
نیگاكانمان
ده‌به‌خشینه‌ جوانترین
له‌حزه‌كانی جه‌نگ …
مه‌یدانی ئه‌م جه‌نگه‌مان
پڕده‌كه‌ین
له‌ گۆڵی سوور
له‌گۆڵی په‌مه‌یی
له‌گۆڵی جوانترین ڕه‌نگ .

 

Previous
Next