
تێگه‌یشتنمان له ئه‌پستمۆلۆژیای سیاسی
گه‌ڕان به شوێن هه‌قیقه‌ته فه‌لسه‌فییه‌کاندا جگه له هوشیار کردنه‌وه‌یه‌کی که‌می کۆمه‌ڵگا و ئازارێکی زۆری فیکریی و جه‌سته‌یی بۆ خوود هیچی تر جێ ناهێڵێت
………………………………………………………….
ئه‌رستۆ له فه‌لسه‌فه‌ی مه‌نتیقدا له‌و خاڵه‌وه ده‌ستی پێ کرد که ناکرێت ( یه‌ك شت له یه‌ك کاتدا – ئه‌لف – بێت و – ئه‌لف – یش نه‌بێت ) ، ئه‌و به پێچه‌وانه‌ی بۆچوونێك که بۆ په‌رده پۆش کردنی هه‌ڵه سیاسییه‌کان ده‌گووترا :- – سیاسه‌ت هونه‌ری مومکیناته – بچووك ترین هه‌ڵه‌ی ستراتیژیی سیاسیی به واتای خوڵقاندنی ئه‌و کاره‌ساته گه‌وره‌یه مه‌ز‌نده ئه‌کرد که ده‌بوو دیسان جه‌ماوه‌ر به سه‌ختی نرخه تراژیدیه‌که‌ی بده‌ن ، ئه‌رستۆ له وانه‌ی – یا ڕاست یا چه‌پ ، نه‌چه‌قین له ناوه‌ڕاستدا – :- زۆر به ووردی باس له‌و دوو حاڵه‌ته لێك جوودایه ئه‌کات که به دڵنیایی زۆرینه‌ی سیاسه‌تمه‌داران جار جار له واده‌ی په‌ککه‌وتن له ده‌ربڕینی ته‌عبیردا یاخوود له هه‌وڵی خۆ دزینه‌وه له ئاست چه‌ند وه‌ڵامێکی گرنگدا په‌نا ئه‌به‌نه به‌ر ده‌یان تاکتیك بازیی به گووفتاری ئاڵۆز و نیوه‌چڵ و گه‌مه‌ی پێچاو پێچ پێ کردنی گه‌وهه‌ری پرسه هه‌ستیاره‌کان که سه‌رئه‌نجام به‌رهه‌می وه‌ڵام دانه‌وه‌ی ئاشکراو درووستی کۆمه‌ڵگا له نێوه‌ندێکی مه‌ته‌ڵ ئاسای یه‌کلایی نه‌کراوه‌دا جێ ئه‌هێڵن ، له تووێژینه‌وه‌ی سیاسی‌دا ئه‌م شێوازه ئیزدیواجیه‌ی به‌رده‌وام به گووفتار شتێك ووتن و به ڕه‌فتاریش شتێکی جیاواز کردن به ده‌یان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی نێگێتیڤ و بگره سامناکیشی لێ ئه‌که‌وێته‌وه که سه‌ره‌تاکه‌یان به نه‌مانی متمانه‌ی نێوان جه‌ماوه‌ر و سیاسییه‌کان ده‌ست پێ ئه‌کاو به تێپه‌ڕ بوونی زه‌مه‌نیش هیچ هێزێکی مادی و مه‌عنه‌وی ناتوانێت چیتر له‌و لووتکه‌ی تووڕه‌یی و چه‌واشه بوونه‌ی تاکه‌کاندا هه‌مان ڕێز و متمانه له ده‌ست چووه‌که بخاته‌وه چوارچێوه هێمنه‌که‌ی جارانی خۆی چوونکه له‌م قۆناغه بۆهیمییه قه‌تیسه‌دا که‌سی سیاسه‌تمه‌دار هه‌موو سنووره‌کانی پراگماتیزمیه‌تی به‌زاندووه و به‌م حاڵه‌ش ئه‌گه‌ر هاوشان به ده‌یان ڕاوێژکاری پسپۆڕ هه‌ر مه‌نسه‌بێکی باڵای حکومیشیی پێ بدرێت ئه‌وا هه‌ر به حوکمی – مانیا – یی واتا نه‌شئه گرتوو ، کورده‌واریی خۆشمان پێی ئه‌ڵێت :- نه‌دی و بدی – یانه و مه‌زاجیانه له‌و نێوه‌نده گیر خواردووه‌دا سه‌ربه‌خۆ و یه‌ك لایه‌نانه ئه‌وه‌نده‌ی جوگرافیای ده‌سه‌ڵاتی بڕ بکات شه‌رعییه‌تێکی نهێنیی ئه‌دات به سیسته‌می - لۆلیس – یاسا په‌ناگیر کردن و هاوکات – نیپۆتیزم – خڕ کردنه‌وه‌ی ناسیار و خزمه‌کانی خۆی له ده‌وری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته حکومیه باڵایه‌ی هه‌یه‌تی ، – ئۆگه‌ست کانت – ی بیرمه‌ندی فه‌ره‌نسیی و دامه‌زرێنه‌ری قوتابخانه‌ی زانستی کۆمه‌ڵایه‌تیی هاوچه‌رخ – مۆدێرن سیسیۆلۆژیی – 1798 – 1857 ز ئه‌م قۆناغه عه‌شوایی و پڕ خه‌رجه بێ به‌رهه‌مه‌ی – نیپۆتیزم – ( خزم خزمێنه ) له وه‌زیفه‌ی باڵادا به ترسناك ترین نێوه‌ندی ستراکتوور شێوێنه‌ر و بیمه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی تێکده‌ر وه‌سف ئه‌کات که دواجار ڕێگا خۆش کردنه بۆ خوڵقاندنی کلتووری حوکمی تاك ڕه‌ویی و چه‌سپاندنی یاسای ئاره‌زوومه‌ندانه و زه‌ق تر کردنه‌وه‌ی ئه‌و جیاوازیه چینایه‌تیانه‌ی که ئه‌شێت دوای تڕ‌ۆ کردنی ئه‌قڵ و مه‌نتیق له‌وێ ئیتر خوودی زۆر شت له یه‌ك کاتدا – ئه‌لف – بێت و – ئه‌لف – یش نه‌بێت ، – مونیف – ی ڕۆمان نووس ئه‌م نێوه‌نده تاریك و پڕ ته‌لیسمه‌ی ناو ناوه – ڕه‌حمدانی تۆڕێك وورده دیکتاتۆری تووله مار ئاسای سه‌ره‌تا بێ ددان – ، نیتشه‌ش ئاکامه‌که‌ی به مێگه‌ل بوونی کۆمه‌ڵگا ئه‌بینێت :- ( ئاخ یوزیف ی پزیشك و هاوڕێم من بۆ ته‌حه‌موول کردنی ته‌نیایی و ئازاره‌کانم به زۆر ڕێگای جیاواز خۆمم خپ کرد به‌ڵکوو گۆڕانێك له ناو گه‌مژه‌کانداڕوو بدات ، به خۆم ئه‌ڵێم ئاخۆ که‌ی بێت له‌م مێگه‌له جیا ببمه‌وه تاوه‌کو بتوانم بۆ ئه‌به‌د به دوای هزره‌وه بم ؟! ) ، هه‌رچی سه‌باره‌ت به پرسی چۆنێتی به جیهانگیریی کردنی هه‌موو گه‌لانی ئه‌مڕۆشه که هێشتا به ده‌یان نه‌ته‌وه و ووڵاتانی جیهانی سێیه‌م و بگره شه‌شه‌می سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه هه‌ن دوور له قبووڵ کردن یا تێگه‌ییشتن له گرنگیی بوونی چه‌ند ئه‌کادیمیایه‌کی تووێژینه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندن و ئاڵ و گۆڕی باسه فیکریی و مه‌عریفییه‌کان یاخوود به بێ ئاووڕ دانه‌وه‌ی جدی له چمکه‌کانی زانست و ته‌کنه‌لۆژیاو هونه‌ری باڵای سایکۆلۆژیه‌تی ئیداریی سه‌رجه‌میان وا له نێوه‌ندی ناو براودا فیکر گیرۆده و جه‌سته چه‌قیوو له نێوان دوو ته‌ووژمی تووند و جیاوازدا خۆیان داوه‌ته ده‌ست کاری قه‌ده‌ر ، یه‌که‌م ته‌ووژمیان بریتییه له گێژاوه شه‌پۆلی عه‌وله‌مه‌یه‌کی به هه‌ڵه ته‌رجه‌مه کراو بۆ که‌ناره‌کان و بانگه‌شه‌ی سۆشیال دیموکراتێکی به ووردی شی نه‌کراوه و بازاڕێکی ئازادی ڕاڤه و واتا نا ڕوون لای زۆرینه ، دووه‌میشیان بریتییه له هه‌مان فه‌زای نیمچه کاریزمیی و فیودالیی چه‌ند تووێژێکی پۆشته و بۆینباغ به‌ستووی نه‌خوێنده‌وار و سه‌رلێو له ته‌قلید و نماییشی خوو پێوه گرتووی ڕووه مه‌زاهیرییه‌کان ، یاخوود هه‌ر لایه‌نی که‌م سه‌باره‌ت به پرسی ئه‌وه‌ی له نێو ئه‌و گه‌ل و نه‌ته‌وه جێماوانه‌ی هێشتا سه‌رقاڵی بوونیاد نانی چه‌ند سه‌نگه‌رێکن بۆ خوودی چه‌ند ئایدیۆلۆژیایه‌کی له مێژه‌وه داته‌پیوی ده‌یان جار ته‌جرووبه کراوی مۆده به سه‌ر چوو ، ئاخۆ له‌وێ تا چه‌ند خوێندنه‌وه‌ی فیکریی و مه‌یدانییان بۆ ڕه‌خنه‌ی جدیی و واتاکانی ئه‌پستمۆلۆژیای سیاسیی هه‌یه ؟! هه‌ڵبه‌ته به بێ په‌ل هاویشتن بۆ شیکاری ووردی حاڵه‌ته دووره‌کانی ئه‌و جوگرافیایانه که ئێره جێگایان نیه هه‌ر له‌م نزیکه‌ی که خۆم ئه‌یبینم و زیاتر له ناو کلتووره کوردیه‌که‌یدا گه‌وره بووم وه‌ڵام و پرسی منیش له یه‌ك کاتداو بۆ ڕۆژێکی سه‌رلێو له عیشقی فیساگۆرسیی وه‌ك ئه‌مڕۆ بۆ مه‌نسه‌به‌کان ئه‌وه‌یه ئاخۆ چاوه‌ڕوانی چ گفتوگۆیه‌کی فیکریی و فه‌لسه‌فیی به‌رهه‌مدار له که‌سانێكی مه‌نسه‌بدار ئه‌کرێت که له ناو کۆشکێکی سێ چوار نهۆمیدا چ له سه‌ر جۆلانه‌ی فه‌ره‌نسیی باڵکۆنیه‌کانیان و چ له سه‌ر مۆبیلیای ژووره دیکۆر ئیتاڵییه‌کانیان یاخوود له‌سه‌رنوێنه ئامریکایی و له‌به‌رده‌م تیڤییه‌کی شاشه فلاتی سی و پێنج ئینجی کووژاوه‌دا هێشتا چاو به فرمێسك سه‌رگه‌رمی خوێندنه‌وه‌ی داستانی له‌یل و مه‌جنون و مه‌لحه‌مه‌ی ڕۆسته‌م و زۆراب بن !! ؟
—————————————-
ئه‌پستمۆلۆژیا وه‌ك زانستێکی سه‌ره‌تا مه‌عریفیی و هونه‌ریی و وێژه‌یی و دواتر سیاسیی بریتیه له درێژ کراوه‌ی ئه‌و شه‌ڕ و مل ملانێ فکرییه تووند و درێژ خایه‌نه‌ی نێوان چوار تووێژ له بیرمه‌ندانی کۆنی ئه‌غریق :- میسالیه‌کان ، واقیعیه‌کان ، ئه‌قڵانیه‌کان ، ته‌جریبیه‌کان ، ( به ده‌سته‌واژه‌ی ئه‌و عه‌سره) که وه‌ك میراتگرێکی شه‌رعی به ناوی بزاوتی – ئه‌رستۆتالییه‌ت – له 383 ی پ . ز دا به شه‌ش مانگ دوای مه‌رگی ئه‌رستۆی هاوڕێ و مامۆستایان له‌سه‌ر بنچینه‌ی پێنج شاکاره کۆکراوه‌کانی ئه‌رستۆ خۆی ، مه‌نتیق ، سرووشت ، میتافیزیکا ، ئه‌خلاق و سیاسه‌ت ، ووتار و شیعر – دایانمه‌زراند ، بزاوتی ناوبراو وه‌ك په‌یمانگا و ئه‌نجوومه‌نێکی هه‌میشه ڕاوێژ پێکراوی هه‌موو بوواره‌کان که زۆربه‌ی زانایانی ئه‌و عه‌سره‌ی ئه‌غریق و دوای خۆیانی له خۆ گرتبوو دوای نزیکی 2100 ساڵ له هه‌ڵمه‌تی نوێگه‌ریی و هاتنه کایه‌ی ده‌یان قوتابخانه‌ی فیکریی جیاواز و واڵا کردنی ده‌رگای پێشوازیی فیکریی و مه‌یدانیی خۆیان به ڕووی زۆرێك له قوتابیانی فێرخواز و بیرمه‌ندانی فێر که‌ری ئاوروپا و جیهان هاوپێچ به سه‌دان گۆڕانکاریی بنه‌ڕه‌تی – میسۆدۆلۆژیی = تووێژینه‌وه‌ی زانسته فه‌رهه‌نگیه‌کان – و بیداجۆژیی = تووێژینه‌وه‌ی زانسته په‌روه‌رده‌ییه‌کان – کۆسمۆلۆژیا = زانستی مێژووی که‌ون و هتد ، ئێستاش ئه‌رستۆتالیه‌ت هه‌مان قوورسایی فیکری و فه‌لسه‌فی خۆی له‌سه‌ر ته‌واوی دانیشگا و زانکۆکانی ئه‌مڕۆ هه‌ر به‌رده‌وامه ، ووشه و واتای لێکدراوی ئه‌پستمۆلۆژیا پاش گه‌لێك تاو و توێی فیکریی سه‌ر ئه‌نجام له سه‌ره‌تای چه‌رخی نۆزده‌دا وه‌ك دوا پێناسه‌ی سه‌قامگیری مه‌عریفی له لایه‌ن فه‌یله‌سووفی ئۆسکۆتلاندی – جیمس فریدریك فیرێر – به که‌مێك ئیزافاتی به‌ڵگه‌دار و ڕێزمانیی خۆی ده‌رباره‌ی هه‌ردوو جیهانی لێك جوودای تێزی ترادیسیۆنیزم – کۆنخوازیی کوێرانه و سکۆلاریزمێکی هه‌زم کراو که هه‌موو دوێنێ ڕه‌فز نه‌کات واتای ووشه‌که‌ی بۆ یه‌که‌مجار به – تووێژینه‌وه‌ی زانسته ڕه‌خنه‌ییه‌کان ، دراسات علوم نقدیه – نێوزه‌ند و پۆڵینی ناو فه‌رهه‌نگی فه‌لسه‌فیی کرد ، به بڕوای جیمس و ده‌یان بیرمه‌ندی تر وه چوون پشتگیرییه‌ك له‌و بۆچوونه‌ی دامه‌زرێنه‌ری قوتابخانه‌ی ته‌جریبیی – کلود برنار – ( له هه‌ر کوێ بینیت چه‌ك له پێش فیکره‌وه دانیشتووه ئه‌وا ئه‌پستمۆلۆژیا کورسییه مردوه‌که‌ی ژێریانه ) هه‌موو له‌وه‌دا هاوڕا بوون ئیشی ئه‌پستمۆلۆژیا هه‌ر له سه‌ره‌تاوه وه‌ك لووتکه مه‌عریفه‌یه‌کی ڕه‌خنه گر و ئاڵته‌رناتیڤ ناس له ناوکه‌والیسه‌کانی سیاسه‌ت و ده‌زگا و دیوانی فه‌رمانڕه‌وا‌کاندا له داییك بوو بوو وه ته‌واوی نه‌وه بیرمه‌نده‌کانیشی له‌و گه‌وره فه‌یله‌سووفانه بوون که به درێژایی سه‌دان ساڵ وه‌ك قوتابی سه‌له‌ف هه‌ر ئه‌نجوومه‌نه و له ووڵاتانی خۆیاندا سه‌ره‌تا له گریك و ئینجا له هه‌موو ئه‌وروپاو ئاسیای کۆندا تاقه ڕاوێژکاری سه‌رکه‌وتووی بواری سیاسیی و سه‌ربازیی و دارایی و هونه‌ریی و فه‌رهه‌نگیی و ئاسایش و ئاوه‌دانیی و ڕێکخه‌ری ده‌ستوور و یاسا پته‌وه ستراتیژییه‌کانی ناو کۆشکی ئیمپڕاتۆر و مه‌لیك و پادشا و گه‌وره سه‌ردارانی سوپا بوون ، دیاره به‌رده‌وام بوون و بره‌و دان به‌م ڕێبازه ئه‌کادیمیه‌ی حوکم کردنی ده‌وڵه‌ت به دڵی زۆرێك له حوکمڕانه تووڕه و شه‌ڕانیه‌کانی چه‌رخی دووانزه و سیانزه به دواوه نه‌بوو ئه‌وان له سوراغی چۆنێتی دۆزینه‌وه‌ی بیانووه یاسایه‌ك بوون حوکمڕانیی کردنی عه‌رش تاکوو مردن و هه‌ققانییه‌ت دان به وه‌چه میرات گرتنی کورسی پادشاییش تێیدا به ده‌ستوور ئیشی پێ بکرێت ، خاتوو – د. هه‌نا ئارێند – ی به ڕه‌چه‌ڵه‌ك یۆنانیی زاده‌ی نووسه‌ر و تووێژه‌ره‌وه‌ی ئه‌وروپای خۆر ئاوا نشین 1906 – 1975 ز ده‌ڵێت جیا کردنه‌وه‌ی ئایین له ده‌وڵه‌ت هیچ زیانێکی ئه‌وتۆی له ئه‌وروپا نه‌دا به‌ڵام کاتێك وه‌زیفه‌ی تاو و توێ کردنی سیاسه‌ت و ڕه‌خنه گرتن لێی و چاودێری و ڕێنمایی کردنی سیاسیان و پاڕله‌مان و حکومه‌ته‌کان له فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌پستمۆلۆژی سه‌ندرایه‌وه ئیتر یه‌که‌م سێبه‌ری هه‌نگاوی ڕه‌شی حوکمی تاکڕه‌ویی و میراتگریی ده‌سه‌ڵات سه‌رباری ئه‌وروپا زۆرێك له ووڵاتانی جیهانیشی گرته‌وه و زۆریشی نه‌برد جه‌سته‌ی دیکتاتۆرییه‌تی خاوه‌ن هه‌نگاوه‌که به ئاشکرا تر له ده‌یان جوگرافیای جیاوازدا ده‌رکه‌وت ، به‌ڵام خاتوونی بیرمه‌ندی ناوبراو جیاواز له بۆچوونی چه‌ند مێژوو ناسێك یه‌که‌م هه‌نگاوی ئه‌م جیا کردنه‌وه و له وه‌زیفه خستنه ئه‌خاته گه‌ردنی که‌چ و به‌رژه‌وه‌ند بازی – نیکۆلۆ دی برناردۆ دی ماکیاڤیللیی 1469 – 1527 – و قوتابییه‌کانی له عه‌سری حوکمڕانیه‌تی لۆرینزۆی دووی فلۆره‌نسا – ئیتاڵیای ئه‌مڕۆ – ، خاتوو – هه‌نا ئارێند – له کتێبی – مرۆڤ و حاڵه‌ت – دا به شرۆڤه‌وه باس له‌و هه‌قیقه‌ته ئه‌کات که هه‌موو مرۆڤه‌کان که‌م تا زۆر جۆره داهێنانێکیان تێدایه به‌ڵام ئه‌وه‌ی له هه‌مووان داهێنه‌ر تر و گرنگ تره بۆ خوودی حکوومه‌ت و کۆمه‌ڵگاکان وجوودی بیرمه‌نده ئه‌پستمۆلۆژیه‌کانیانه ئه‌و بیرمه‌ندانه‌ی که زۆر پێویسته چ سیاسی‌یان و پاڕله‌مانتارانی ئه‌و ووڵاتانه یاخوود قووتابیانی فیکر و فه‌لسه‌فه و زانست جیاواز له نووسینی به‌هاداری هه‌ر ڕۆشبیرێکی ناوداری تری ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه و له پێناوی ئه‌وه‌ی له نێوه‌نده عاسییه فیکریی و مه‌یدانییه‌کاندا گیر نه‌خۆن و ته‌نگه نه‌فه‌سیی دۆگمایی بوون نه‌یان خنکێنێت حیسابێکی ته‌واو جدیی و موتاڵایه‌کی چه‌ند جاره بۆ هه‌ر بابه‌تێکی ئه‌م بیرمه‌نده هه‌ره دوور بین و مه‌نتیق ناسانه‌یان بکه‌ن ، قفڵی باسمان ووته‌یه‌کی شکسپیره :- گورگ گورگ نه‌ئه‌بوو ئه‌گه‌ر مه‌ڕیش مه‌ڕ نه‌بووایه – ، ئێمه‌ی کورد دوای نیمچه تێپه‌ڕاندی هه‌موو ئه‌و وێستگه سه‌راپا پڕ تراژیدیایانه‌ی مێژوو که سه‌رباری ئه‌وه‌ی له سه‌روو ئیراده‌ی خۆمانه‌وه زیاتر ڕۆڵی مه‌ڕه به‌سته‌زمان و به قووربانیی کراوه‌کانمان تێیدا له‌سه‌ر فه‌رز کرابوو هاوشان به‌وه‌ی زۆرجاریش هه‌ر به ئیراده‌ی ته‌واوی خۆشمان ڕۆڵی چاوساغی ڕێگای چه‌قۆ به ده‌سته‌کانمان تێدا بینی چیتر ئه‌مڕۆ پێویستمان به کار ئاسانیی کردنه بۆ خستنه سه‌ر پێی بزاوتێکی سنوور و هێڵی سوور بۆ نه‌کێشراو و له قاڵبی ئایدیۆلۆژیا نه‌دراوی ئه‌پستمۆلۆژی که بیرمه‌نده ده‌گمه‌ن و گوێ لێگیراوه‌کان تێیدا وه‌ك سه‌رقافڵه‌ی ڕاوێژکاران و ڕێنمایی ده‌رانی فره بووار له نێوه‌ندی ئه‌و دوو ئه‌قڵیه‌ته‌ی شکسپیر ناوی بردوون ئه‌و پێناسه و په‌یڕه‌وه لێ وون بوه گوونجاوه‌ی نه گورگ و نه مه‌ڕی هاوچه‌رخمان فێر بکه‌نه‌وه تاکوو زۆرینه‌مان به تایبه‌ت تووێژی گه‌نجان له سایه‌یدا وه‌ك هه‌ر مرۆڤێکی گوزه‌ران شایسته و مافه کۆمه‌ڵایه‌تیی و یاسایی بۆ دابین کراوه فه‌رز و بێ منه‌ته‌کان سه‌ره‌تا به‌ر له ده‌وروبه‌ر و سرووشت له‌گه‌ڵ خووده یاخیی و نامۆ کراوه‌کانی خۆیاندا ئاشت ببنه‌وه ، ئاخر به‌خته‌وه‌ریی لووتکه ته‌نها له که‌سانێکدا به‌رهه‌م دێن که خاوه‌نی ئاکارێکی جوانی مۆڕاڵیی و بیر و داهێنانێکی پێشتر ته‌جرووبه کراوی سوود به‌خش بن
——————————————————————–