
خه‌ڵکی کوردستان له‌به‌رده‌م چ ئاینده‌یه‌کدان؟
بۆ وه‌ڵام دانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره جدییه‌ی خۆی کردوه به ناونیشانی ئه‌م بابه‌ته، ئه‌گه‌ر بێت و به شێوه‌یه‌کی بابه‌تیانه و زانستیانه نه‌چینه ناواخنی، پێده‌چێت نه‌توانین وه‌ڵامێکی دروست به‌م پرسیاره بده‌ینه‌وه.
ئێستا هه‌لومه‌رج و بارودۆخی کوردستان به‌پێی ئه‌و جێگاوڕێگایه‌ی هه‌یه‌تی بۆ دیاری کردنی چاره‌نوسی خۆی و ده‌رچون له‌و باره هه‌ڵواسراویه‌ی وه‌ک ئوردوگایه‌کی زۆره‌ملێی بۆی دیاری کراوه، به‌ئه‌ندازه‌یه‌کی زۆر په‌یوه‌سته به هه‌ڵوێستی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کوردستانه‌وه، له کاتێکدا ئه‌و خۆی وه‌ک به‌رپرسی سه‌ره‌کی نێو ئایندهی کوردستان پێناسه‌ده‌کات. به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌م ده‌سه‌ڵاته سیاسیه کوردیه بۆخۆی به ناڕاسته‌وخۆ هۆکارێکی سه‌ره‌کی نێو ئه‌و هه‌لومه‌رجه ناموستهقرهیه که خه‌ڵکی کوردستان خۆیان و ئایندهکهیانی تێدا ده‌بیننه‌وه. ده‌کرێت پرسیار بکرێت؛ به چ شێوازێک ئه‌م ده‌سه‌ڵاته کوردیه به‌شێکه له مانه‌وه‌ی ئه‌م بارودۆخه هه‌ڵواسراویه‌ی خه‌ڵکی کوردستان له نه‌بوونی ئاینده‌یه‌کی دیاردا؟ ده‌توانین بڵێین ته‌مه‌نی ئه‌م مێژووه له ڕابردوی ده‌سه‌ڵاتی کوردی- یانی به‌شێکی سه‌ره‌کی له ئه‌ستۆی دوو حیزبه گه‌وره‌که‌یه، به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی له چه‌ندین پێشهاتدا نه‌یانتوانی ببن به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی خۆیان ئیدیعای بۆ ده‌که‌ن، واته ئه‌و نوێنه‌ره ڕاسته‌قینه‌یه نه‌بوون که خه‌ڵکی پێش ڕاپه‌ڕین ئومێدی خۆی به‌ستبوو به‌وانه‌وه.
ئه‌مان تا ئه‌و کاته‌ی خه‌ریکی تاڵان کردن و فه‌وتاندنی هه‌موو به‌هایه‌کی ئینسانیانه‌ی خه‌ڵکی کوردستانن، ئیتر ناکرێت به دیدێکی ئومێد به‌خشه‌وه خه‌ڵکی لێیان بنواڕێت. ئه‌م حه‌ره‌که‌ته کوردیه هێنده‌ی نوێنه‌رایه‌تی به‌شێک له‌و هه‌لومه‌رجه نێوده‌وڵه‌تیه‌ی سیستمی سه‌رمایه‌داری ده‌کات، نیو هێنده ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی تێدا نیه خه‌ریکی پلانێکی وابێت خه‌ڵکی کوردستان له‌و که‌لتور و فه‌رهه‌نگه رزیوه‌ی نێو جیهانبینی ئیسلام و خێڵ و عه‌شیره‌ت وه‌ده‌رنێ. ده‌ست نه‌بردن بۆکارێکی وا ڕاستی ئه‌و ڕسته‌یه‌ی سه‌ره‌وه نیشان ده‌دات.
له کاتێکدا نیزامی سه‌رمایه‌داری نێو ده‌وڵه‌تی به نوێنه‌رایه‌تی بازاڕه ئازاده‌که‌ی، هه‌رچی بۆی بلوێت و بتوانێت کارده‌کات تا له نێو دید و بۆ چونی وڵاتانی داوکهوت و پڕ له به‌رهه‌می نه‌وتیدا- دواکه‌وتووی زاڵ بێت و هه‌رچی فه‌رهه‌نگی پیاوسالاری و مه‌زهه‌بیه بره‌و پێده‌دات، چونکی تا ئه‌و کاته‌ی خه‌ڵکی یاخود ئه‌و خه‌ڵکه‌ی که وه‌ک به‌شێک له پێکهاته‌ی ده‌سه‌ڵات ناژمێردرێن، له خه‌وی خافڵگیرانه‌ی خۆیاندا بمێننه‌وه و هه‌ر خه‌ریکی ئه‌و لێکدانه‌وه‌یه بن که ژیانی کۆمه‌ڵگا له نێو ته‌سه‌وری قهزاوقهدهریدا ببیننه‌وه، سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته مشه‌خۆره‌کانی سه‌رسه‌ریان تا دێت ته‌مه‌ن درێژ تر ده‌بن و تادێت ئایندهی کۆمه‌ڵگا دهبسرێت به‌و ئاینده‌یه‌ی که ده‌سه‌ڵات بۆخۆی و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ده‌یبینێت. لێره‌دایه ده‌بێت بپرسین ئاخۆ خه‌ڵکی کوردستان له به‌رده‌م چ ئاینده‌یه‌کدان؟ بێگومان مانه‌وه‌ی بارودۆخی کوردستان له ژێر کاریگه‌ری ئه‌و هه‌لومه‌رجه پڕ له گه‌نده‌ڵی و پهرشوبڵاویهدا که ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هۆکاریه‌تی و له دیار نه‌بوونی هه‌رچ سونه‌تێکی کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌ده‌نیدا- ده‌بێت چ ئومێدێک ببینرێت بۆ ئایندهی خه‌ڵکی کوردستان.خه‌ڵکی کوردستان ده‌مێکه په‌لکێش ده‌کرێن بۆ نێو که‌لتورێك که چیتر نه‌توانن هه‌ست به‌هێز و ئیراده‌ی خۆیان بکه‌ن، ئه‌وه‌ی پاڵنه‌ری سه‌ره‌کی نێو ئه‌م په‌لکێش کردنه‌یه، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته یه‌ک له دوای یه‌کانه بووه که ده‌سه‌ڵاتدار بوون به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستانه‌وه، به‌ڵام خه‌ڵکی به‌هه‌ر جۆرێک بۆیان کرابێت ناڕه‌زایه‌تیه‌کانیان نیشان داوه هه‌ر له شێوازی خۆپیشان دانه‌وه تا گه‌شتوه به یاخی بوون دژی ده‌سه‌ڵاتی حاکم. به‌ڵام له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه و گرتنه ده‌ستی جڵه‌وی ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه، به سه‌رکردایه‌تی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی، خودی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته کوردیه هه‌رچی بۆی کرابێت له تێکشکاندنی ئه‌و ئیراده جه‌ماوه‌ریه‌دا بووه. له ژێر ناونیشانی جۆراوجۆردا تا ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی به‌کوله مه‌رگی و نه‌بوونی هیچ ئاینده‌یه‌ک ڕازی بن.
ئه‌وه‌ی له‌م ده‌وره‌ی پێشوه‌دا بینیمان ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی ده‌وره‌یه‌کی دیکه‌ی ئه‌و په‌رله‌مانه حیزبیه‌ی که ته‌نها نوێنه‌رایه‌تی حیزب ده‌کات، ئاستی ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیه جه‌ماوه‌ریه پرش و بڵاوه بوو ده‌رهه‌ق به‌و ده‌سه‌ڵاته کوردیه‌ی 18ساڵه خه‌ریکی تێک‌شکاندن و بێئیراده کردنی ئه‌و خه‌ڵکه‌یه بۆ ملکه‌چ کردن به‌رانبه‌ر خواستی حیزبه‌کانیان، وه‌ک نمونه‌یه‌کی بچوک به‌ڵام پڕ له‌مانا ڕوونی بکه‌مه‌وه( تا ئاستی ئه‌و نابووت بوونه‌ی که خوێندکارێک دوای ته‌واو کردنی خوێندنه‌که‌ی پێش ئه‌وه‌ی داوای دامه‌زراندن له جێگای په‌یوه‌ست و ڕه‌سمی بکات، ده‌بوا داوا له‌مه‌ڵبه‌ند و لق و ناوچه بکات تا ئه‌وه‌ی له دائیره‌یه‌کدا دابمه‌زرێت. بوونی ئه‌م تێزه- دیاره هه‌موو که‌سێکی ساده‌ش ده‌گرێته‌وه ئه‌گه‌ر بیه‌وێت له جێگایه‌ک کارێکی ڕه‌سمی ده‌ست بکه‌وێت). په‌لکێش کردنی کۆمه‌ڵگا بۆ ژێر تێکشکاندنی ئیراده‌ی خۆی- هه‌روا کارێکی ئاسان نیه ئه‌و تاکه لێی خۆش ببێت، ئه‌گه‌ر خاوه‌ن بڕێک لێکدانه‌وه و بیرکردنه‌وه بێت. چونکی ئه‌وه بێحورمهتی کردنه به‌که‌سێکه‌وه له‌کاتێکدا ده‌کرا جێگای په‌یوه‌ست دار به‌ده‌ر له ئیراده‌ی حیزب کاره‌کان جێبه‌جێ بکات، سه‌یر ده‌که‌یت ئه‌و جێگا ڕه‌سمیه ئه‌سڵه‌ن حسابێکی وای بۆ ناکرێت ئه‌گه‌ر بێت و له سه‌روتره‌وه ئیشاره‌تی بۆ نه‌کرێت. ئه‌مه و ده‌یان هۆکاری دیکه به‌شێکن له‌و ناجێگیریه‌ی خه‌ڵکی له نه‌بوونی توانای ده‌ربڕینی ئیراده‌ی خۆیدا. به‌ڵام هه‌ر خودی ئه‌و نارهوایهتیه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابوریه، واده‌کات له کۆمه‌ڵگا خۆبه‌خۆ و خۆڕسکانه ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه بگه‌یه‌نێته حاڵه‌تی ته‌قینه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری، ئیتر چه‌ند په‌رش و بڵاویش بێت دوائه‌نجام هه‌ر ده‌ته‌قێته‌وه. ئه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی له‌م نێوه‌نده‌دا هێنایه ده‌ره‌وه بوونی ئه‌و ناره‌زایه‌تیه ڕۆژانه‌یه بووه که خه‌ڵکی سیاسی به ئاسانی ده‌یتوانی هه‌ستی پێ‌بکات، بۆیه بوونی ئه‌و بزوتنه‌وه ناره‌زایه‌تیه خۆڕسکانه هه‌بووه، هۆکاری ئه‌وه نه‌بوه که بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دروستی کردبێت، چونکی خودی ئه‌ندامانی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه به‌شێکی سه‌ره‌کی بوون له نێو داموده‌زگا مشه‌خۆره‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا. که‌واته زیره‌کی ئه‌وان له‌وه‌دا بوو توانیان ئه‌و ناره‌زایه‌تیانه بۆخۆیان کۆبکه‌نه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی خه‌باتێکی درێژخایه‌نیان بۆ کردبێت. خۆئه‌گه‌ر ئه‌و توێژه‌ی ناو گۆڕانیش نه‌بوایه ئه‌و خه‌ڵکه ده‌نگی خۆی ده‌دا به‌لایه‌ک که له‌وی حازر نه‌چێت، تا ئه‌وه‌ی بتوانێت ئومێده‌کانی به‌ده‌ست بهێنێت. به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه ئاخۆ خه‌ڵکی ناڕازی هه‌ستی به‌توانا و ئیراده‌ی خۆی کردوه؟ ئه‌گه‌ر نمونه‌یه‌ک بهێنینه‌وه ڕه‌نگه خراپ نه‌بێت؛ وه‌ک ئه‌وه‌ی کاتێک که‌سێک ده‌مرێت، هه‌روا له چاوتروکانێکدا به‌سه‌دان و هه‌زاران خه‌ڵک خۆڕسکانه کۆده‌بنه‌وه بۆئه‌وه‌ی مردوه‌که بشارنه‌وه و له یه‌ک کاتیش‌دا له ڕووی مه‌عنه‌ویه‌وه کۆمه‌کێک به خاوه‌ن مردوو بکه‌ن. خۆ ئه‌م ئیراده‌یه بۆخۆی کارێکی جوانه که بهمردوهکه و خاوه‌ن مردوهکهش ده‌کرێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بهاتبایه‌و ئه‌و خه‌ڵکه خودی ئیراده‌یه‌کی ئاوا یه‌کگرتویان به‌کار بهێنایه بۆ خۆیان و ژینگه و ئاینده‌یان، ده‌کرا ئێستایان ئاوا له نێو نابووتی و تێکه‌ڵ بوون به‌گه‌نده‌ڵی و بێده‌ربه‌ستی به‌ڕێکردنی ڕۆژه‌کانی ژیانیان نه‌بوایه. هه‌ر نه‌ناسینی خودی ئه‌و توانا‌و ئیرادهیهشه وا له‌و جه‌ماوه‌ره ملیۆنیه ده‌کات که ملکه‌چی یاسا‌و ڕێسایه‌ک بێت که له‌ئه‌سڵدا له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌ودا نیه.
ئه‌وه‌ی ده‌کرێت بیڵێین، بوون و مانه‌وه‌ی ئه‌م بارودۆخه به‌م په‌رش و بڵاویه‌وه ته‌نها به‌قازانجی ئه‌و چینه مشه‌خۆره‌ی نێو ده‌سه‌ڵات ته‌واو ده‌بێت و ئایندهی کوردستان و خه‌ڵکه‌که‌شی ناکرێت له‌مه‌ی ئێستای باشتری به‌چنگ بکه‌وێت. بۆئهگهر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مڕۆی کوردستان به‌شێکی ته‌واو که‌ر نه‌بوایه له نێو ئه‌و پلانه نێوده‌وڵه‌تیه‌ی که کوردستانی ئاوا هێشتوه‌ته‌وه و خه‌ڵکیشی توشی بێئومێدی و سه‌رلێشێواوی کردوه، ئیتر وه‌ک ده‌ڵێن ده‌بێت وه‌ک ڕۆژی روون دیار بێت بۆخه‌ڵکی که ئه‌م ده‌سه‌ڵاته نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی گشت کۆمه‌ڵگا نیه هێنده‌ی نوێنه‌رایه‌تی سیستمێک ده‌کات که ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندی له‌ویادایه خه‌ڵکی وه‌ک تهماشاچیهک سه‌یری بارودۆخه‌که بکات. ئه‌مه ده‌رئه‌نجامێکه که له په‌رله‌مانه‌که‌یه‌وه ده‌توانین ئه‌م هه‌ڵوێست گیریه بکه‌ین که له‌هه‌موو ته‌مه‌نیا نه‌ی توانی پرۆژه یاسایه‌کی وا به‌ده‌ست بهێنێت ئومێدی کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌ده‌نی تیدا بخوێنریته‌وه.
به‌ڵام هێشتا ئه‌م په‌رله‌مانه‌ی که ده‌بوا وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌زهنی خه‌ڵکی ساده‌دا خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌کات نوێنه‌رایه‌تی کۆمه‌ڵگا و ئایندهی کۆمه‌ڵگا بکات، به پێچه‌وانه‌وه ڕێک و بێخه‌وش نوێنه‌رایه‌تی حیزبی حاکم ده‌کات. ته‌نها ئومێدێک بۆخه‌ڵکی کوردستان، به‌تایبه‌تیش بۆ ئه‌و نه‌وه نوێیه‌ی له‌کاتێکدا هه‌ست به‌سه‌رجه‌م ناعه‌داله‌تیه‌کان ده‌کات بتوانێت په‌ی به‌وه ببات که ته‌نها خه‌باتێکی بێ‌وچان و له‌یه‌ک کاتدا وشیار بونه‌وه‌یه‌کی سیاسی کۆمه‌ڵگا تا ئه‌و ئاسته‌ی هه‌ست به بوونی خۆی بکات، به‌ده‌ر له‌وه‌ی که مه‌لاکان و مزگه‌وته‌کان بۆی دیاری ده‌که‌ن، به‌شێک ده‌بێت له‌و ئاسته له وشیاری که هه‌ر له‌وێدا ده‌توانرێت به خه‌ڵکی بڵێین ئه‌وه ته‌نها ئێوه خۆتانن ده‌توانن ئایندهی خۆتان دیاری بکه‌ن و رێگا به‌ده‌سه‌ڵات نه‌ده‌ن به‌ئاره‌زوی خۆی سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌و خه‌ڵکه بۆخۆی قۆرخ بکات. به پێچه‌وانه‌وه له نه‌بوونی ئاوا وشیاریه‌کی سیاسیانه‌دا ده‌بێت کۆمه‌ڵگا ته‌نها چاوه‌ڕوانی هه‌لومه‌رجه‌کان بێت که ژیانی بگۆڕێت، نه‌ک ئه‌م ئه‌و بکه‌ره بێت هه‌لومه‌رجه‌کان به قازانجی خۆی بگۆڕێت. دیاره بۆئاوا هه‌ڵوێستێکیش پێشڕهوایهتیهکی وا ئازادیخوازانه‌ی پێویسته که بزوتنه‌وه‌یه‌کی وا بێنێته ده‌ره‌وه بتوانێت پێشڕه‌وایه‌تی کۆمه‌ڵگا بکات تا ئه‌و کاته‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته مشه‌خۆره له نێو ده‌بات و له جێگایدا کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌ده‌نی و دوور له هه‌رچ بنه‌مایه‌کی دیکتاتۆریانه داده‌مه‌زرێنێت که تێیدا به‌دوور له ته‌داخولی دینی و فه‌رهه‌نگی باو‌و، هه‌موو مرۆڤێک هه‌قی ئازادانه‌ی ژیانی خۆی هه‌بێت، ته‌نها له ڕێوڕه‌سمێکی ئاوادا ده‌توانین بگه‌ین به‌و بڕوایه‌ی که ئایندهی کۆمه‌ڵگامان ڕوو له گه‌شه‌یه‌و به تۆکمه کردنی ئه‌م جێگا‌و ڕێگایه له ناوه‌وه ترسه‌کانی ده‌ره‌وه‌ش خۆبه‌خۆ له نێو ده‌چن و ئایندهی کۆمه‌ڵگاشمان لێ ڕوون ده‌بێت.تایه‌ر حاجی حه‌سه‌ن
26/08/2009
هۆڵه‌ندا