Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
دەبێت مۆم بم مۆم .. دەبێت بەفر بم بەفر ….هێمن ڕەئووف

دەبێت مۆم بم مۆم .. دەبێت بەفر بم بەفر ….هێمن ڕەئووف

Closed
by August 30, 2009 ئەدەب

 

  www.hemnrauf.kurdblogger.com

         
 
دەزانم لە بیتۆییدا ڕۆحم دەبێتەوە بە مۆم!
بەڵام دەبێت نەسوتێم و نەتوێمەوە
دەبێت خۆم بخزێنمە نیو سندوقی نامە نەخوێندراوەکان
ئەونامانەی هەمووشەوێک دەیاننوسم
هەموو ڕۆژێك لە هزرمدا دەیانچێنم
هەموو ساتێ مەیانی ووشەکان دەگەڕێم
هەموو چرکەیەك پیتەکان ئەمدیودیو دەکەم.. بۆیان.
چوونکە دەزانم ژوورەکەت پێویستی بەم ترووسکە بێڕەنگەیە
دەزانم چاوەڕێم دەکات
دەزانم من دێم و دەبێت لەوێ بتوێمەوە
دەزانم خوێندنەوەی نامەکان
ترووسکایی مۆمەکەیان دەوێت
چوونە بەردەم ئاوێنەکان  ڕەنگی مۆمەکەیان دەوێت
بە نێو کووچە تاریکەکاندا گەڕان، هاودەمی مۆمەکەیان دەوێت
دەزانم دێم ..  دەبێت مۆم بم مۆم

دەزانم ئەم زستانە لە بێتۆییدا لەگەڵ یەکەم بەفردا دەبمە بەفر!
بەڵام دەبێت نەتوێمەوە
دەبێت نەهێڵم ڕەش ببمەوە
دەبێت خۆم لە دڵی چاڵەبەفرێ بئاخنم
تا دێت، ئەو زەمەنەی من دێم
چوونکە دەزانم
دۆزەخی ئەم دوورییە
سوتووی ئەم تەنهاییە
گەرووی ووشکی ئەم تینوێتییە
بەفری دەوێت بەفر
دەزانم دێم ..  دەبێت بەفر بم بەفر

نازانم بێتۆیی لە کوێ لەنگەرم پێدەگرێت
ڕەنگە لە خەیاڵدا کەنارگیر بم
یان بڕژێمە خەمەوە
یان لە تاراوگەی وێنەکانتا نامۆ ببمەوە
یان دیسان بۆ ئامێزی قەسیدەکانی چراو پەپولە
نازانم
لەوانەیە هەر بێتۆ نەبم
گەر کرا، خۆم دەخزێنمە دڵتەوە
خۆ ئەوێ هەر ماڵی ڕۆحمە
ئەوە ڕۆحم ! ئەی خۆم؟
نازانم
نازانم چی دەکەم لە بێتۆییدا
دەترسم
نا.. ناترسم
دەزانم ناچار ناچار
لە بێتۆییدا ئەم ڕەشماڵە هەڵدەدەم
دەبێ نەهێڵم
مۆم و بەفر بتوێنەوە
دەزانم بێتۆیی تەواو دەبێت
دەبێت مۆم بم مۆم
دەبێت بەفر بم بەفر.

August  2009

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.