Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
مۆراڵ لە نێوان مرۆڤ و یەزداندا….کامەران چڕوستانی

مۆراڵ لە نێوان مرۆڤ و یەزداندا….کامەران چڕوستانی

Closed

درووستبوونی ئاینەکان زۆر لەپێش سەرهەڵدانی شارستانییەتی مرۆڤدا کاردانەوەیەک بوو بۆ ئەو دیاردە سروشتییانەی، کە مرۆڤ ڕۆژانە لە ژیانی خۆیدا دەیبینی و بەرەو ڕووی دەبۆوە، لە هەمان کاتدا نەیدەتوانی ڕوونکردنەوەیەکی لۆژیکانە بۆ ئەو دیاردانە دابنێت. مرۆڤ لاوازێتی خۆی بە ئاشکرا دەبینی لەبەردەم هێزی بێسنووری سروشتدا. لە تاواندا بۆ ئەوەی خۆی بخاتە ژێر پارێزگاری هێزێکی دەسەڵاتدارتر، کە بتوانێت بیپارێزێت، چەندەها ئاین و ڕێبازە جیاوازەکانی لە سەرتاپای جیهاندا پێکهێنراوە، کە هەتا ئێستاش هەندێکیان هەر هەمان سروشت دەپەرستن، کە لە سەرەتای شارستانێتی مرۆڤدا هۆکاری دروستبوونی ئاینەکان بوون. هەندێکی تریشیان سومبوڵێکی کردووە بە هێمایەک بۆ ئەو دەسەڵاتە بێپایانە، کە دەتوانێت ئەو کۆمەڵگایە و تاکەکانی بپارێزێت و لە هەمان کاتدا دەتوانێت ئەو سروشت و ژیان و کێشە و نەهامتییانەش بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، کە هەموو ساتێک لەوانەیە ژیانی مرۆڤ بخەنە مەترسییەوە. جا ئەو دەسەڵاتە بتێک بێت، یاخود یەزدانێک بێت یان هەر شێوازێکی تر بێت لە هێزێکی باڵادەستتر لە مرۆڤ.
شێوازی ئاینەکان هەرچۆنێک بن و هەرچەندێک بەربڵاو بن، ئایا چ کارتێکردنێکی هەیە لە ڕەوشت و هەڵسوکەوتی تاکی هەر کۆمەڵگایەک؟ ئایا ئاین چەند هەوڵی داوە لە “پێگەیاندن”ی کەسایەتی تاک لە ناو کۆمەڵگادا؟ ئایا ئاین چەند ڕۆڵ دەبینێت بۆ تێڕوانینمان لە هەموو دیاردە و پەیوەندییەکانی ژیانمان؟ هەموو ئاینێک لە سەردەمی دروستبوونیدا کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای نوێی بۆ ئەو کۆمەڵگایە هێناوەتە کایەوە، کە بووەتە هۆی پەیدابوونی کۆمەڵێک دابونەریت و تێکەڵاوکردنیان بە دابونەریتە کۆنەکەوە. لە هەمان کاتدا هەندێک دابونەریتە کۆنەکەی کۆمەڵگای لە شێوەی یاسایەکدا داڕشتووە. بێگومان ئەم یاسایانە کاریگەری خۆیان هەبووە و هەیە لەسەر زۆر لایەنی ژیانی کۆمەڵگا و هەندێک جاریش لە ڕێکخستنی یان ڕێکخستنەوەی ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگا. بەڵام هەموو ئەم بنەما و یاسایانە لە ڕوانگە و تێڕوانین و ئاستی پێگەشتن و تێگەشتنی ئەو سەردەمەوە هەڵدەقوڵێت، کە ئاینەکە تیایدا سەری هەڵداوە.
بەڵام مانەوەی کۆمەڵگا لە ئاستێکی دیاریکراوی پێشکەوتن وگۆڕانکاری لە بوارەکانی تری ژیاندا، کاریگەرێکی زیاتری هەبووە لە مانەوەی پێشکەوتن وپەرەی کەسایەتیی مرۆڤ، چونکە سیستێمی ئاینەکەش هەرچییەک بێت و هەرچۆنێک بێت تەنها بریتییە لە یەکێک لەو فاکتەرانەی، کە کاردەکاتە سەر ڕەوت و چۆنێتی پێشکەوتنی کۆمەڵگا و تاکەکانی. گەشەی کۆمەڵایەتی، ئابووری، ڕۆشنبیری، زانستی و ئاستی دیموکراتی فاکتەرێکی بەهێزن بۆ پەرەی تاک لە کۆمەڵگادا و دیاریکردنی پێناسەی وشەکانی ژیان لەسەر بناغەیەکی مرۆڤانەی مۆدێرن، نەک تەنها بوونی چەتری ئاینێک، کە لە ژێریدا بە پێناسە کۆنەکانی ژیان کۆمەڵگایەکی دواکەوتوو بژین. بەڵکو لە هەندێک باردا خودی ئاینەکە دەبێتە هۆی خاوکردنەوە و ڕێگرتن لە ڕەوتی پێشکەوتن لە کۆمەڵگادا، ئەویش بەهۆی ئەو سنوورە یاسایی و دابونەریتییانەیە وڕێگرتن لە زۆر سەربەستی کەسایەتی، کە بەسەر کۆمەڵگادا دەیسەپێنێت وە کە هەندێکیان یاخود زۆربەیان لەگەڵ سەردەمێکی تردا ناگونجێت بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەی، کە بەسەر سەرتاپای کۆمەڵگایەکدا دێت بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتیی.
بۆ نموونە زۆربەی ئاینەکان لەسەر بناغەی “پاداشت و سزا” بنیات نراون، کە یەزدان یان هێزی دەسەڵات پاداشتی پەیڕەوکەرەکان و سزای ئەوانە دەدات، کە لە ڕێبازی ئاینەکە لایان داوە. بێگومان لە سەردەمی پەیدابوونی ئاینە جیاوازەکاندا کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە ئاستێکی وادا نەبووە، کە بتوانێت ڕێبازێکی باشتر بگرێتە بەر بۆ ئەوەی قەناعەت بە کەسانی کۆمەڵگاکە بکات بە پەیڕەویکردنی ئاینەکە و دوورکەوتنەوە لە مامەڵەی نامرۆڤانە و هەڵە لە کۆمەڵگادا. واتا لەو کاتەدا زیاتر بنەمای هێز و دەسەڵات و سزا بنەمایەک بووە بۆ ملکەچکردنی خەڵک بۆ پەیڕەوییەکان، جگە لە هەندێک ئاینی ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا، کە ئەوان بە شێوازێکی تر لە مەسەلەی یەزدان و بەردەوامبوونی ژیان دەڕوانن. خودی بنەمای “پاداشت و سزا” خۆی هۆکارێکە بۆ سنووردارکردنی کەسایەتیی تاک و هێشتنەوەی لە ناو بازنەیەکی داخراودا، کە نەتوانێت ئازادانە دەربچێت یاخود بوارێکی تاقیکردنەوە بە خودی خۆی بدات دوور لەو هێڵە سوورەی، کە بۆی دیاری کراوە. ئەمانە و چەندەها فاکتەری تر هەن، کە هۆکار بوون لە سنووردارکردنی کەسایەتی تاکی هەر کۆمەڵگایەک.
 ئایا کاریگەرێتی ئاین چەندە لەسەر مامەڵە و هەڵسوکەوتی ژیانی ڕۆژانەمان؟ ئایا پێناسەی مۆراڵ لەم کۆمەڵگایانەدا چی دەگرێتە خۆی؟ تێڕوانینمان لە چ خاڵێکدا کۆکردۆتەوە؟ ئایا ئاستی مۆراڵی مرۆڤایەتیمان لە کوێدایە؟
جگە لە بنەما ئاینییەکان، کە لە ئاینێکەوە بۆ ئانێکی تر جیاوازە، هیچ ئاینێک لە ناو هەر کۆمەڵگایەکدا بێت، کاریگەرێکی وا گەورەی نەبووە لەسەر گەشەی کەسایەتیی و پێشخستنی سەرتاپای ئاستی مۆراڵ لە ناو کۆمەڵگادا. جگە لە هەندێک لایەنی تایبەت بە پێناسەی مۆراڵ، کە دەکەوێتە ناو سنووری مامەڵە جەستەییەکان و سەربەستی سێکسیی. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ لاوازیی و خاویی پێشکەوتنی کۆمەڵگا لە هەموو لایەنەکانەوە، کە لەو کێشانەدا ڕەنگ دەداتەوە، کە ڕۆژانە تاک لە ژیاندا بەرەو ڕووی دێت.
هەر وەک نموونەیەک: کۆمەڵگای ئەوروپی پێشکەوتنێکی زۆری لە زۆربەی لایەنەکانی ژیاندا بە خۆیەوە بینیوە و ئەمەش کاریگەری خۆی هەبووە لە پێشکەوتنی ئاستی کەسایەتیی تاک، بوونی متمانە بە خود و بە بەرامبەر، ئازادیی لە ڕا و بۆچوونەکاندا، ڕێزگرتن لە کەسی بەرامبەر و ئەو شێوازەی، کە دەیەوێت تیایدا بژی. هەموو ئەمانەش پێناسەیەکی نوێی دا بە وشەی مۆراڵ، دوور لەو پێناسەیەی، کە لە ناو کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکاندا بەربڵاوە. گەر سەرنجێک و بەراوردێک بکەین دەبینین هێندەی لە لە ڕۆژێکدا لە ناو کۆمەڵگایەکی ئیسلامیدا درۆ دەکرێت، لە ساڵێکدا بۆ هەمان ژمارەی دانیشتوان لە ناو کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکەدا درۆ ناکرێت. بەبێ ئەوەی لەم کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییانەدا ئاوڕێک بدرێتەوە لەوەی، کە ڕاستگۆیی و درۆکردنیش بەشێکن لە مۆراڵە مرۆڤایەتییەکان. یەکێک لە خەسلەتەکانی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان بریتییە لە دوورییان لە سوکایەتیکردن بە کەسانی تر، کە ڕۆژانە چەندەها نموونە بە شێوازێک دێتە بەر ڕێگای ژیانمان، کە بەشێک لەوانەی ئەو تاوانە ڕەوشتییە بەجێ دێنن خاوەنی ئیمان و باوەڕێکی ئاینیین. درۆکردن و بێمتمانەیی کۆمەڵگاکانی ئێمە وای کردووە، کە ڕۆژانە بۆ زۆربەی مامەڵەکان سوێند بە یەزدان، خوا، پێغەمبەر و قورئان، شەرەف، تەڵاق و … هتد بەکاربهێنین، کە ئەمیش ئاوێنەی ئەو بێمتمانەیی و ناڕاستییانەیە، کە لە ناو کۆمەڵگاکەدا بەربڵاوە. لەوانەشە هەندێک، کەم یان زۆر، لە درۆکان لەژێر پەردەی سوێندەکاندا خۆیان شاردبێتەوە و کەسەکە ڕوویەکی ئیماندار و لەخواترس بە دەوروبەری پیشان بدات. ئەمە و چەندەها لایەنی تر هەن وەک بەزەیی، یارمەتی، خۆهەڵقورتاندن لە ژیانی کەسانی تر، وەسفکردنی کەسێک بە پیاهەڵدان یان شکاندنیی .. . هتد لە هەموو ئەم مامەڵانەدا ئێمە کێشەیەکی زۆرمان لەگەڵ کەسایەتیماندا هەیە و هەندێکیشیان لە ژێر سێبەری ئاینەکەدا دەشارینەوە، بۆ پیشاندانی ڕووی ماسکەیەک، کە زۆر دوورە لە ڕاستی کەسایەتییەکەمان.
لە ناو ئەم کۆمەڵگایانەدا گەر درۆ، هەڵخڵەتاندن، قسە دروستکردن، دووڕوویی و بێبەهاکردنی خەڵک بە بەشێکی گرنگ دابنێین لە پێناسەکردنی وشەی مۆراڵ بە هەمان ئاستی پەیوەندییە جەستەیی و سێکسییەکاندا، ئەوا بەشێکی زۆر دەبێت نیشانەیەکی پرسیار سەبارەت بە مۆراڵی خۆی دابنێت و ئاوڕێک لە مامەڵە و وتەکانی خۆی بداتەوە.
مۆراڵی هەر کۆمەڵگایەک پابەندە بە بار و پێشکەوتنی سیاسیی، ئابووری، ڕۆشنبیریی، پەروەردەیی و زۆر فاکتەری تریش. ئاینەکانیش دەسەڵاتیان بۆ کارتێکردن لە پەروەردەی ڕەوشتی کەسێکدا لەو فاکتەرانەی تر هەرگیز بەهێزتر نییە، گەر کەمتر نەبێت. هەر ئەم هۆاکارانەشە کاتێک لەگەڵ کەسێکی باوەڕداردا باسی ئەو لادانە مۆراڵییانە دەکرێت، هەموو گوناهەکە لەسەر ئاینەکە لادەبات و هەمووی دەڕژێنێت بەسەر مرۆڤدا، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی ئەو فاکتەرە دەرەکییانە بکرێت، کە کاریگەرن لەو خەسڵەتەدا و هەروەها بەشداربوونی خودی ئاین لە لاوازکردن و سنووردارکردنی کەسایەتی تاکدا.
مۆراڵ بەشێکی گرنگە لە ژیانی هەر کەسێکماندا وە هەر یەکەش سنوورەکان و پێناسەکانی ئەم دەستەواژەیە لە سنووری تێگەشتن و بیروبۆچوونەکانی خۆیدا دیاری دەکات.  مەرج نییە ئاین ببێت بەو فەرهەنگەی، کە مرۆڤ پێناسەی ئەو وشەیەی تیادا بەدی بکات، گەر مرۆڤ خۆی بەدوای ئەو ڕاستییەدا لە ناخ و دەروون و ڕۆحیدا نەگەڕێت. ڕەوشت و بەدڕەوشتی بە تێڕوانین و تێگەشتنی مرۆڤ لە خودی خۆی و دەستەواژەکانی ژیانەوە بەستراوە، جا ئێمە چۆن دیارییان دەکەین، ئەوا هەر یەک لە ئێمە وەڵامێکی لە ناو هزری خۆیدا شاردۆتەوە.

کامەران چڕوستانی
chrostani@hotmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.