Skip to Content

Friday, May 27th, 2022

ئه‌نتیک (Antique)

Closed

پێشکه‌شه‌ به‌ هه‌موو ئه‌و ئازیزانه‌ی، که‌ لێره‌ ناویان هاتووه‌

دوای ئه‌وه‌ی له‌ پیشه‌که‌م ده‌رکرام، گرفتی گه‌وره‌م ئه‌وه‌ بوو، که‌ له‌مه‌ودوا کاتی خۆم به‌ چی به‌سه‌ر ببه‌م… سه‌ره‌تا ویستم وه‌کو سه‌رده‌می دواناوه‌ندی و ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی زانکۆ بۆ کتێبه‌کانم بگه‌ڕێمه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر زوو زانیم توانای خوێندنه‌وه‌م نه‌ماوه‌… ده دوانزده‌‌ جار دێڕێکم ده‌خوێنده‌وه‌ و لێی تێنه‌ده‌گه‌یشتم… هه‌رکه‌ کتێبم به‌ ده‌سته‌وه‌ ده‌گرت، باوێشکم ده‌دا و خه‌وی قورسم لێ ده‌که‌وت… کاتێکیش بێدار ده‌بوومه‌وه‌، ده‌توت له‌ زیندان گه‌ڕاومه‌ته‌وه‌… گیانم داده‌هێزرا و خه‌یاڵی پووچ یه‌خه‌یان ده‌گرتم… ئه‌مجاره‌یان به‌و مه‌به‌سته‌ی ئیشتیهای خوێندنه‌وه‌م بکرێته‌وه، هه‌وڵم دا چیرۆکێک بنووسم، که‌ له‌ زووه‌وه بیرۆکه‌که‌ی‌ له‌ خه‌یاڵمدا جینگڵی ده‌دا… ئاخر‌ جاران هه‌میشه له‌ کاتی‌ نووسیندا زیاتر ئاره‌زووی خوێندنه‌وه‌م ده‌کرد، که‌چی له‌ یه‌ک دوو دێڕی ساده‌ به‌ولاوه‌م بۆ نه‌نووسرا، بۆیه‌ کۆڵم دا و گه‌یشتمه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی من تازه‌ نه‌ ده‌توانم بخوێنمه‌وه‌ و نه‌ پێشم ده‌کرێت شتێکی کاریگه‌ر و سه‌رنجڕاکێش بنووسم… ڕاستییه‌که‌ی بۆم ده‌رکه‌وت، که‌ له‌و یه‌ک دوو ساڵه‌ی له‌ زانکۆ خه‌ریکی وتنه‌وه‌ی لێکچه‌ (Lecture)‌ بووم، به‌ بێ ئه‌وه‌ی ئاگام لێ بووبێت هه‌موو تواناکانی خه‌یاڵ و بیرکردنه‌وه‌مم له‌ ده‌ست داوه‌… ده‌بووایه‌ ئیشێکی دیکه‌ش بدۆزمه‌وه‌، نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باری داراییم خراپ بوو، به‌ڵکو ده‌مزانی بێکاری بۆ منێکی ته‌نیا جۆرێکی دیکه‌ی مردنه‌، به‌ڵام هه‌ر زوو بۆم ده‌رکه‌وت، که‌ زه‌حمه‌ته‌ ئیشێکم ده‌ست بکه‌وێت، له‌گه‌ڵ زه‌وق و توانامدا بگونجێت… زۆرجار خه‌ونم به‌وه‌وه‌ بینیبوو وا خانه‌نیشین کراوم و کتێبخانه‌یه‌کم له‌ ناوجه‌رگه‌ی شار داناوه‌… هه‌م له‌ کتێب و گۆڤاره‌وه‌ نزیکم و هه‌م به‌رده‌وام‌ نووسه‌ر و خوێنه‌ران سه‌ردانم ده‌که‌ن، که‌چی نه‌مده‌زانی ڕۆژێک دێت ئه‌وه‌ی نامه‌وێت به‌ لایدا بچم، کتێبه‌، بگره‌ ده‌گه‌مه‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ی، که‌ حه‌ز ناکه‌م له‌گه‌ڵ یه‌ک نووسه‌ریش قسه‌ بکه‌م… کاتێ ده‌مبینین، ڕووی خۆمم لێ وه‌رده‌گێڕان… بانگیان ده‌کردم و وه‌ڵامم نه‌ده‌دانه‌وه‌… ئێواره‌یه‌کیان (شێرزاد حه‌سه‌ن)ی چیرۆکنووس له‌ دووره‌وه‌ به‌و پێکه‌نینه‌ی پێی ده‌ناسرێته‌وه‌، به‌ره‌و ڕووم ده‌هات و ده‌یویست وه‌کو جاران له‌پاڵ گێڕانه‌وه‌ی یه‌ک دوو نوکته‌ بۆ یه‌کتر، ئینجا باس له‌و چیرۆک و ڕۆمانانه‌ بکه‌ین، که‌ له‌و ماوه‌یه‌ خوێندبوومانه‌وه‌، به‌ڵام من ئه‌و کۆڵانه‌ ته‌سکه‌ی ده‌ستی ڕاستمم به‌ هه‌ل زانی و ڕێگای خۆمم گۆڕی… له‌وێ هه‌نگاوه‌کانم خێرا کرد، تا ته‌واو خۆمی لێ ون بکه‌م، که‌چی کاتێکم زانی وا به‌ دوامه‌وه‌یه‌ و بانگم ده‌کات… نه‌ده‌کرا ئاوڕ نه‌ده‌مه‌وه‌، چونکه‌ تا هێزی تێدا بوو بانگی ده‌کرد:
_ بوه‌سته‌ سامان…!! به‌ڵێنت ده‌ده‌مێ باسی کتێب و نووسه‌رانت له‌گه‌ڵ ناکه‌م.
ئینجا تۆپه‌‌ڵێک جنێوی له‌و جنێوه‌ سه‌یرانه‌ی پێیان ڕاهاتووه‌ به‌ کۆمه‌ڵێک شاکاری دنیا و خاوه‌نه‌کانیشیان‌ دا… زۆرم به‌لاوه‌ سه‌یر بوو، که‌ ئه‌و ده‌یزانی من بڕیارم داوه‌ له‌ کتێب و نووسه‌ران نزیک نه‌بمه‌وه‌، چونکه‌ من ئه‌مه‌م لای که‌س نه‌درکاندبوو… نه‌شمده‌ویست لێی بپرسم، که‌ ئاخۆ چۆن ئه‌مه‌ ده‌زانێت، چونکه‌ ده‌ترسام ئه‌و باسه‌ به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان بۆ باسی نووسه‌ر و کتێب بگۆڕێت… باش بوو خۆی وتی:
_ خه‌مت نه‌بێت قسه‌یه‌ک ناکه‌م تۆ پێی سه‌غڵه‌ت ببیت، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێم تۆ یه‌که‌م که‌س نیت تووشی ئه‌و نه‌خۆشییه‌ بووبیت.
له‌وه‌ ده‌چوو خۆیشی چه‌ند جار ئه‌مه‌ی منی به‌سه‌ر هاتبێت، بۆیه‌ هه‌م له‌ حاڵه‌ته‌که‌م تێده‌گه‌یشت و هه‌م ده‌شیویست دڵنه‌واییم بداته‌وه‌… بۆچی پێم خۆش بوو ناوی له‌و حاڵه‌ته‌ ده‌نا نه‌خۆشی…؟! نازانم… به‌ڵام من وا له‌ دڵم چه‌سپیبوو، که‌ چاکبوونه‌وه‌م مه‌حاڵه‌… زۆر به‌ پارێزه‌وه‌ له‌گه‌ڵم ده‌دوا، نه‌بادا دوور له‌ خواستی خۆی وشه‌ی کتێب، نووسین، چیرۆک، ڕۆمان، داهێنان، نووسه‌ر و هه‌ر شتێک پێوه‌ندیی به‌وانه‌وه‌ هه‌بێت، به‌ کار بهێنێت… ئه‌مه بۆ من تا ڕاده‌یه‌ک ئاسان بوو، که‌ به‌رده‌وام خۆمم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕاده‌هێنا به‌ لای ئه‌و وشانه‌دا نه‌چم، به‌ڵام ده‌مزانی بۆ ئه‌و زه‌حمه‌ته‌… به‌ڵێ، زۆر سه‌خته‌ تۆ له‌ ڕێگای ئه‌و شتانه‌وه‌ که‌سێکت ناسیبێت و به‌رده‌وام گفتوگۆتان له‌باره‌یانه‌وه‌ کردبێت، که‌چی له‌پڕ بته‌وێت زمانت له‌ وتنیان بپارێزیت… کاتێ پێم وت له‌ پیشه‌که‌م ده‌رکراوم و به‌ دوای کارێکدا ده‌گه‌ڕێم، که‌ له‌گه‌ڵ توانا و زه‌وقمدا بگونجێت، ئه‌و ماوه‌یه‌ک بیری کرده‌وه‌ و دوایی پێی وتم:
_ نازانم بۆچی هه‌ست ده‌که‌م باشترین ئیش بۆ تۆ ئه‌وه‌یه‌، که‌ دووکانێکی ئه‌نتیک دابنێیت.
وامزانی گاڵته‌ ده‌کات، چونکه‌ (شێره‌) به‌و شتانه‌ ناسراوه‌، که‌چی خێرا بۆم ده‌رکه‌وت به‌ ڕاستییه‌تی… دوایی تێگه‌یشتم ئه‌مه‌ ته‌نیا فێڵێکه‌ بۆ ئه‌وه‌ی من بگه‌ڕێمه‌وه‌ ناو دنیای خه‌یاڵ، چونکه‌ کارکردن له‌ دووکانی ئه‌نتیک و مۆزه‌خانه‌دا چاکترین ڕێگایه‌ بۆ ئاکتیڤبوونی فانتازیا… ئێستاش نازانم بۆچی ئه‌و بیرۆکه‌یه‌م په‌سه‌ند کرد و له‌ ماوه‌یه‌کی که‌مدا دووکانێکی ئه‌نتیکم له‌ ناوجه‌رگه‌ی شار دامه‌زراند، به‌ڵام ئایا هه‌موو ئه‌و خه‌یاڵانه‌ی من له‌و ئیشه‌ وه‌رمده‌گرت، کردمیانه‌وه به‌‌ چیرۆکنووس و بۆ خوێندنه‌وه‌ی کتێبیان گه‌ڕاندمه‌وه…‌؟!
ده‌مه‌وێ سه‌ره‌تا ددان به‌وه‌دا بنێم، که‌ له‌گه‌ڵ ئیشه‌که‌مدا زۆر ئاسووده‌ بووم، چونکه‌ له‌و ڕێگایه‌وه‌ زۆربه‌ی ئه‌و هاوڕێیانه‌مم دۆزییه‌وه‌، که‌ به‌ درێژاییی ته‌مه‌نم لێم ون بووبوون… هه‌ر کاتێکم ده‌زانی یه‌کێ له‌وانه له‌پڕ‌ ده‌هاته‌ دووکانه‌که‌م و له‌ باوه‌شی ده‌گرتم… فرمێسکی به‌سه‌ردا ده‌باراندم و ده‌یوت ئه‌وه‌ چه‌ند ساڵه‌ له‌ تۆ ده‌گه‌ڕێم… ڕاستییه‌که‌ی من ئه‌زموونێکی سه‌یرم له‌گه‌ڵ ونکردنی هاوڕێیه‌کانمدا هه‌یه‌… نازانم بۆچی له‌پڕ لێم ون ده‌بوون و له‌ هیچ شوێنێک نه‌مده‌دۆزیینه‌وه‌… خۆشبه‌ختانه‌ له‌ ڕێگای ئه‌و ئیشه‌مه‌وه به‌‌ زۆربه‌یان شاد بوومه‌وه‌: (شێرزاد ڕه‌ئوف)، (ڤیان حیسام)، (سه‌لاح جه‌وهه‌ر)، (به‌ختیار ڕه‌حمان)، (سه‌فین سابیر)، (سنه‌وبه‌ر ئه‌حمه‌د)، (ئیدریس پیرداود)، (شاخه‌وان که‌ریم ده‌روێش)، (خه‌سرۆ کاوێس)، (سائیب ئه‌کره‌م)، (شۆڕش ده‌رگه‌له‌یی) و زۆری دیکه‌م دۆزییه‌وه‌، به‌ڵام بێگومان خه‌فه‌تم ده‌خوارد، کاتێ ده‌مبیست دووان له‌ کچه‌کان به‌ چه‌قۆ و ده‌مانچه‌ی باوک و برایان کوژراون… کوڕه‌کانیش یه‌کێکیان له‌ قادسیه‌ و چوار پێنجێکیان له‌ پێشمه‌رگایه‌تی گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌… هه‌ندێکیان له‌ ڕاپه‌ڕین سنگیان داوه‌ته‌ به‌ر گولله‌… ئه‌و هاوڕێیانه‌م له‌گه‌ڵ ده‌ستی خۆیاندا که‌لوپه‌لی زۆر ده‌گمه‌ن و گرانبه‌هایان بۆ ده‌هێنام، که‌ نه‌مده‌زانی له‌ کوێیان په‌یدا کردوون‌… هیی سه‌رده‌می منداڵیی خۆمان بوون و دواتر له‌ هیچ شوێنێک نه‌ده‌که‌وتنه‌وه‌ به‌رچاوم… هه‌ڵماتی شووشه‌ و به‌رد، وێنه‌ی ئه‌کته‌ره‌ سینه‌ماییه‌کان، به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی فیلمی وێسته‌رن، که‌ جاران چ له‌ گه‌ڕه‌ک و چ له‌ گۆڕه‌پانی قوتابخانه‌ به‌ دزیی مامۆستاکان ڕه‌سمڕه‌سمێنه‌مان پێ ده‌کردن، قاپی چینیی نه‌خشین، پیاڵه‌ی زه‌ڕلی، کاسکێتی حه‌سیر، قایشی پانی چه‌رم و ده‌یان شتی دیکه‌، که‌ پێشکه‌شیان ده‌کردم و له‌ دووکانه‌که‌مم داده‌نان… ئه‌گه‌رچی ئه‌وان به‌و مه‌به‌سته‌ ده‌یانهێنان، که‌ بیانفرۆشم و بژێویی ڕۆژانه‌ی خۆمیان پێ دابین بکه‌م، به‌ڵام ڕاستییه‌که‌ی نه‌مده‌توانی ده‌ستبه‌رداریان ببم… کاتێکم زانی من کرێی دووکانه‌که‌مم بۆ نادرێت… هه‌رچه‌ند هاوڕێیه‌کانم پێیان ده‌وتم، که‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئیشه‌که‌م به‌رده‌وام بم، ده‌بێت که‌لوپه‌له‌کانم ساغ بکه‌مه‌وه‌ و به‌ڵێنیان ده‌دامێ، که‌ هیی دیکه‌م بۆ ده‌هێنن، به‌ڵام سوودی نه‌بوو… بیرم له‌ فرۆشتنی ئه‌و خانووه‌ کرده‌وه‌، که‌ وه‌کو زۆر شتی دیکه‌ له‌ دایک و باوکمه‌وه‌ بۆم مابووه‌وه‌… هه‌ر ئه‌وان خۆیشیان به‌ کرێ دابوویانه‌ یه‌کێ له‌و خێزانانه‌ی، که‌ دوای ڕاپه‌ڕین له‌ ئێران گه‌ڕابوونه‌وه‌… پیاوه‌که‌ هه‌موو سه‌ره‌مانگان، کاتێ‌ ده‌هات و کرێی بۆ ده‌هێنام، پێی ده‌وتم:‌
_ تکایه‌ دکتۆر سامان ئه‌م خانووه‌ به‌ من بفرۆشه‌… چه‌ند داوا بکه‌یت، یه‌کسه‌ر ده‌یخه‌مه‌ ناو ده‌ستت، چونکه‌ له‌ حه‌فتاکان خانوویه‌کی له‌م شێوه‌یه‌م هه‌بوو‌ و سه‌رۆکجاشێک لێی زه‌وت کردم… تازه‌ش وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئاسان نییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م خانووه‌م پێ بفرۆشیت، وا ده‌زانم ئه‌ویان بۆ گه‌ڕاندوومه‌ته‌وه‌.
به‌ پاره‌ی ئه‌و خانووه‌ توانیم کرێی ساڵێکی دووکانه‌که‌م بده‌م… که‌لوپه‌له‌کانم نه‌ک هه‌ر نه‌فرۆشت، بگره‌ به‌رده‌وام هیی دیکه‌شم بۆ ده‌هات و بووبوومه‌ خاوه‌نی مۆزه‌خانه‌یه‌کی بچکۆله‌… تاقه‌ شتێک زۆر ئازاری ده‌دام، ئه‌وه‌ بوو، که‌ ڕۆژانه‌ چاوه‌ڕێی (ئومێد فه‌همی)ی هاوڕێی منداڵیمم ده‌کرد، که‌ له‌ ساڵی حه‌فتاوشه‌شه‌وه‌ لێم ون بووبوو… هیوام ده‌خواست ئه‌ویش ئاوا وه‌کو ئه‌وانی دیکه‌ له‌ناکاو ده‌رکه‌وێت، به‌و مه‌به‌سته‌ی تێر تێر له‌ باوه‌شی بگرم، به‌ڵام ئه‌و ئاواته‌م نه‌ده‌هاته‌ دی… له‌ هه‌مووی ناخۆشتر ئه‌وه‌ بوو، کاتێ له‌و هاوڕێیانه‌مم ده‌پرسی، ئاخۆ بۆچی (ئومێد) دیار نییه‌، ئه‌وان وه‌ڵامیان نه‌ده‌دامه‌وه‌… به‌ڵام من وازم نه‌ده‌هێنا و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ سوور ده‌بووم، که‌ ده‌مه‌وێت به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت بزانم ئه‌و کوڕه‌ چیی به‌ سه‌ر هاتووه‌، ئه‌وسا ده‌یانوت هه‌رگیز ڕۆژێک له‌ ڕۆژان که‌سێکیان به‌و ناوه‌ نه‌ناسیوه‌… پێم ده‌وتن تکایه‌ له‌گه‌ڵم ڕاستگۆ بن… قوربانتان بم من زۆر پێویستم به‌وه‌یه‌ بزانم (ئومێد فه‌همی) ماوه‌، یان مردووه‌… باوه‌ڕم پێ بکه‌ن من هێنده‌ بیری ئه‌و هاوڕێیه‌م ده‌که‌م، که‌ ئه‌گه‌ر نه‌یدۆزمه‌وه‌، ئه‌وا سوور ده‌زانم به‌رگه‌ی چه‌ند مانگێکی دیکه‌ ناگرم… لێم مه‌گرن هاوڕێیان، ئه‌گه‌ر زۆر ڕاشکاوانه‌ پێتان بڵێم باوه‌ڕم به‌ قسه‌کانتان نییه‌… بۆچی باوه‌ڕتان پێ بکه‌م، ئه‌گه‌ر سوور بزانم شه‌ش کلاسی سه‌ره‌تاییم له‌گه‌ڵ (ئومێد فه‌همی)دا‌ خوێندووه‌ و هه‌تا ئێستاش قسه‌کانی له‌ گوێچکه‌مدا ده‌زرینگێنه‌وه‌…؟! هه‌رچه‌ند من به‌وه‌ ناسراوم، که‌ زوو شێوه‌ی خه‌ڵکم بیر ده‌چێته‌وه‌، به‌ڵام ئێستاش شێوه‌ی ئه‌وم وه‌کو خۆی دێته‌وه‌ به‌رچاو… به‌ حوکمی ئه‌وه‌ی به‌ (کلینت ئیه‌ستوود) و ئه‌کته‌ره‌کانی دیکه‌ی وێسته‌رن سه‌رسام بوو، به‌ چاکێتێکی چه‌رم و شه‌پقه‌یه‌کی مه‌کسیکییه‌وه‌ ده‌هاته‌ قوتابخانه‌… من ئاوام به‌و هاوڕێیانه‌م ده‌وت، که‌چی ئه‌وان گوێیان لێ نه‌ده‌گرتم… هێنده‌م وته‌وه‌، هه‌تا ئه‌وان ته‌واو لێم بێزار بوون… ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ ژماره‌ی ئه‌و هاوڕێیانه‌ی هامشۆیان ده‌کردم و که‌لوپه‌لی ئه‌نتیکیان بۆ ده‌هێنام، که‌متر ده‌بوونه‌وه‌، که‌چی من هه‌ر نه‌مده‌توانی واز له‌و پرسیاره‌ بهێنم… کار به‌وه‌ گه‌یشت ته‌نیا (سه‌فین سابیر)م لا مایه‌وه‌، ئه‌ویش که‌م که‌م سه‌ردانی ده‌کردم… ئه‌نجام ئه‌ویشم لێ تووڕه‌ بوو و ببڕای ببڕای نه‌هاته‌وه‌… دوایین دیاڵۆگی نێوانمان به‌وه‌ ده‌ستی پێ کرد، که‌ ئه‌و پێی وتم:
_ ئه‌و ئومێده‌ هه‌ر له‌ خه‌یاڵی خۆتدا بوونی هه‌یه سامان‌، ئه‌گینا بۆ که‌سمان نایناسین…!! ده‌ی باشه‌ وه‌ره‌ پێم بڵێ ماڵیان له‌ کوێ بوو… بۆ وه‌ڵامم ناده‌یته‌وه‌…؟!
ڕاستییه‌که‌ی کاتێ له قوتابخانه‌ش ده‌گه‌ڕاینه‌وه‌، هه‌ر پێکه‌وه‌ بووین و لای به‌رده‌ گه‌وره‌که‌ی ئه‌و ده‌شته‌ جیا ده‌بووینه‌وه، به‌ڵام پێش جیابوونه‌وه‌، له‌سه‌ر ئه‌و به‌رده‌ داده‌نیشت و قاچه‌کانی به‌ملا و به‌ولایدا شۆڕ ده‌کرده‌وه‌‌… ده‌یوت کاتێ گه‌وره‌ ده‌بێت، شار جێ ده‌هێڵێت و به‌ سواری ئه‌سپ له‌و ده‌شت و کێوانه‌ ده‌گه‌ڕێت… زۆر جار بیرم له‌و قسانه‌ی ده‌کرده‌وه‌ و ده‌موت ڕه‌نگه‌ ئه‌و خه‌ونه‌ی منداڵیی کردبێته‌ ڕاستی، بۆیه‌ دیار نه‌ماوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌ری لێ ده‌شێواندم، قسه‌ی ئه‌و هاوڕێیانه‌م بوو، که‌ نکووڵییان له‌وه‌ ده‌کرد ئه‌و به‌ ڕاستی هه‌بووبێت… نه‌خێر، به‌و شه‌پقه‌ مه‌کسیکی و چاکێته‌ چه‌رمه‌یه‌وه‌ له‌ سوارچاکێکی بچکۆله‌ ده‌چوو… ئینجا له‌سه‌ر به‌رده‌که‌ ده‌هاته‌ خوارێ، که‌ خۆی به‌ ئه‌سپی ده‌زانی و به‌و ڕێگایه‌دا ده‌ڕۆیشت… هه‌تا له‌ چاو ون ده‌بوو، هه‌ر سه‌یریم ده‌کرد، به‌ڵام نه‌مده‌زانی، یاخود بیرم نه‌مابوو ماڵیان له‌ کوێیه‌… به‌ (سه‌فین)م وت:
_ نازانم ماڵیان له‌ کوێ بوو، به‌ڵام گۆڵچیی تیمی هه‌ڵبژارده‌ی قوتابخانه‌ بوو… باشترین گۆڵچییش بوو.
_ ڕاست نییه‌…!! چونکه‌ خۆت ده‌زانی من به‌رگریکاری تیم بووم… گۆڵچییه‌که‌مان ناوی سه‌رکه‌وت سدیق بوو… ماڵیشیان له‌ نزیک قوتابخانه‌ بوو… کوڕێکی ڕووخۆش بوو و به‌رده‌وام نوکته‌ی نوێی بۆ ده‌گێڕاینه‌وه‌… ئێستاش وا شێوه‌ی دێته‌وه‌ به‌رچاوم، ته‌نانه‌ت دره‌خته‌کانی به‌رده‌می ماڵیشیانم بیر ماوه‌… من دڵنیام یه‌ک که‌س له‌و تیمه‌ی ئێمه‌ ناوی ئومێد فه‌همی نه‌بووه‌، چونکه‌ من زۆر به‌ چاکی هه‌موویانم بیر ماوه‌ هه‌ر له‌ ئه‌سکه‌نده‌ر قولی و ئیسماعیل ڕه‌شید و بابه‌عه‌لی و خورشید حه‌سه‌ن و لوقمان خدره‌وه‌ بیگره‌ هه‌تا دلاوه‌ر ئه‌حمه‌د و سالار قادر و دیدار میرزا و مه‌روان و…………..
که‌ من هه‌ر له‌سه‌ر قسه‌که‌ی خۆم سوور بووم، (سه‌فین سابیر) هه‌ستایه‌وه‌ و وتی:
_ تۆ هه‌ر که‌لله‌ڕه‌قه‌که‌ی جارانیت و هه‌رگیز ناگۆڕێیت… نه‌مده‌ویست وه‌کو ئه‌وانی دیکه‌ جێت بهێڵم و ده‌موت با به‌ ته‌نیا نه‌مێنیته‌وه‌، به‌ڵام له‌م ده‌قه‌یه‌وه‌ چاوت به‌ من ناکه‌وێته‌وه‌.
ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ بۆ من زۆر ناخۆش بوو، که‌ دووباره‌ هه‌موو ئه‌و هاوڕێیانه‌ی خۆمم له‌ ده‌ست دایه‌وه‌، به‌ڵام هێشتا هیوایه‌کم هه‌بوو، که‌ ڕۆژێک له‌ ڕۆژان (ئومێد فه‌همی) له‌ناکاو په‌یدا ببێت و تینوویه‌تیی ئه‌و هه‌موو ساڵه‌م بشکێنێت… هاوکات وا له‌ دڵیشم چه‌سپیبوو، که‌ هه‌ر کاتێ ئه‌و بدۆزمه‌وه‌، ئه‌وا هاوڕێیه‌کانی دیکه‌شم بۆ لام ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌… که‌لوپه‌له‌کانم ئه‌گه‌رچی زیادیان نه‌ده‌کرد، به‌ڵام هه‌رگیز دانه‌یه‌کیشم لێ نه‌ده‌فرۆشتن… بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم کرێی دووکانه‌که‌م بده‌م، په‌یتا په‌یتا که‌لوپه‌لی ناوماڵه‌که‌مم ده‌فرۆشت، له‌ پێش هه‌موویانه‌وه‌ کتێبه‌کانم، که‌ هه‌ندێکیان باوکم کڕیبوونی و ده‌ستنووس و شتی زۆر گرانبه‌هایان تێدابوو… له‌و ڕۆژه‌وه‌ بڕیارم دابوو کتێب نه‌خوێنمه‌وه‌، ده‌رگای ژووره‌که‌م لێ داخستبوون و نه‌مده‌ویست چاره‌یان ببینم… ڕاستییه‌که‌ی داوام له‌ دراوسێیه‌کم کرد، که‌ خۆی به‌ کتێبخانه‌یه‌کیان بفرۆشێت و کاتێکیش بیانبات، که‌ خۆم له‌ ماڵ نه‌بم، ته‌نانه‌ت زۆر به‌ کورتییش ئه‌و دراوسێیه‌مم له‌ مه‌سه‌له‌که‌ تێگه‌یاند… هه‌وڵم دا که‌مترین وشه‌ی کتێب به‌ کار بهێنم… به‌هه‌رحاڵ ئه‌و پاره‌یه‌ به‌شی چه‌ند مانگێک کرێی دووکانه‌که‌م و بژێویی خۆشمی ده‌کرد… من ڕۆژانه‌ له‌و دووکانه‌ به‌ ته‌نیا داده‌نیشتم، به‌ بێ ئه‌وه‌ی که‌سێک سه‌ردانم بکات، بگره‌ هه‌ر یه‌کێکیان لێیشی نه‌ده‌ڕوانییم… وتم باشه‌ ئه‌وه‌ هاوڕێیه‌کانم له‌ قسه‌کانم تووڕه‌ بوون و جێیان هێشتم، ئه‌دی ئه‌و خه‌ڵکه‌ بۆ به‌ لای دووکانه‌که‌مدا تێده‌په‌ڕن و ئاوڕێکم لێ ناده‌نه‌وه‌…؟! ڕاسته‌ من هه‌رگیز نه‌مده‌ویست که‌لوپه‌له‌کانم بفرۆشم، به‌ڵام نایشارمه‌وه‌ زۆر به‌وه‌ په‌ست ده‌بووم، کاتێ‌ ئه‌وان ئاوا به‌ نه‌بوویان ده‌زانیم، بگره‌ ترسێکی سه‌یر ده‌خزایه‌ گیانمه‌وه‌… هه‌ر له‌و بازاڕه‌ یه‌ک دوو گۆڕی پیاوچاکان هه‌بوون، زۆر له‌ من و له‌ دووکانه‌که‌شم زیاتر سه‌رنجی خه‌ڵکیان ڕاده‌کێشا… هه‌ندێکیان به‌ دیاریانه‌وه‌ ده‌وه‌ستان و قسه‌شیان له‌گه‌ڵدا ده‌کردن، که‌چی من وه‌ک بڵێی تارمایی بم، که‌س هه‌ستی پێ نه‌ده‌کردم… سه‌ره‌تا زۆر داوایان ده‌کرد شتومه‌که‌کانمیان پێ بفرۆشم، ته‌نانه‌ت هه‌ندێکیان لێشم ده‌پاڕانه‌وه‌، به‌ڵام من پێم ده‌وتن هیچ شتێکی ناو ئه‌و دووکانه‌ بۆ فرۆشتن نییه‌… ئه‌وان ئه‌مه‌یان زۆر به‌ لاوه‌ سه‌یر بوو، بگره‌ به‌ شێتیان ده‌زانیم… ورده‌ ورده‌ که‌متر ده‌هاتن، ئه‌نجام به‌ ته‌واوی له‌ بیر خۆیانیان بردمه‌وه‌… خاوه‌نی دووکانه‌که‌شم کاتێ ده‌هات و کرێی لێ وه‌رده‌گرتم، نه‌ له‌ که‌لوپه‌له‌کانمی ده‌ڕوانیی و نه‌ قسه‌شی له‌گه‌ڵدا ده‌کردم، ئه‌گه‌رچی جاران هه‌میشه‌ لام داده‌نیشت و سه‌رسامیی خۆی له‌ ئاستی که‌لوپه‌له‌کانمدا ده‌رده‌بڕیی… ماڵه‌که‌م شتێکی وا به‌ نرخی تێدا نه‌ما پاره‌ بکات و کرێی دووکانه‌که‌می پێ بده‌م، ناچار خانووه‌که‌ی دیکه‌شمم فرۆشت و شه‌وان له‌ دووکانه‌که‌م ده‌خه‌وتم… هه‌موو ئه‌مانه‌ ئه‌وه‌یان له‌ بیر نه‌ده‌بردمه‌وه‌، که‌ من چاوه‌ڕێی (ئومێد فه‌همی) بکه‌م، به‌ڵام نایشارمه‌وه‌ کاتێ زانیم من ده‌توانم به‌و سامانه‌ی هه‌مه ته‌نیا دوو مانگی دیکه‌ کرێ بده‌م، ترسێکی گه‌وره‌م لێ نیشت، چونکه‌ ده‌مزانی ئه‌و که‌لله‌ڕه‌قییه‌م ناهێڵێت یه‌ک دانه‌ له‌و شتومه‌که‌ ئه‌نتیکانه‌م بفرۆشم‌… هیوام به‌ دۆزینه‌وه‌ی (ئومێد فه‌همی) و گه‌ڕانه‌وه‌ی هاوڕێیه‌کانی دیکه‌شم بڕا… هه‌تا ڕۆژه‌کان زیاتر تێده‌په‌ڕین، من پتر هه‌ستم به‌ ترس و نائومێدی ده‌کرد… تاقه‌تم نه‌بوو وه‌کو ئه‌وه‌ی پێی ڕاهاتبووم بچم له‌ ڕێستۆرانته‌ هه‌رزانه‌کان شتێک بخۆم، بۆیه‌ هه‌ندێجار پسکویت و پاقلاوه‌م له‌ منداڵه‌ ده‌ستفرۆشه‌کان ده‌کڕی، به‌ڵام دڵم ئه‌وانیشی نه‌ده‌برد… کاتێ هه‌ڵده‌ستامه‌وه‌، سه‌رم گێژی ده‌خوارد و چاوم ده‌که‌وته‌ ڕه‌شکه‌وپێشکه‌… دیمه‌نی شته‌کانم لێ ده‌گۆڕان، به‌تایبه‌تی ئه‌و دومیه‌ (Dummy)یه‌ی (ئیدریس پیرداود)ی هونه‌رمه‌ند‌ له‌ شێوه‌ی‌ کوڕێکی ده‌ دوانزده‌ ساڵان دروستی کردبوو… ئه‌ونده‌ لێزانانه‌ رێکی خستبوو، ده‌توت کوڕی ڕاسته‌قینه‌یه‌… له‌سه‌ر کورسییه‌ک داینابوو و ده‌یڕوانییه‌ ده‌ره‌وه‌… ئه‌وسا (ئیدریس) پێی وتم:
_ ده‌زانم تۆ ته‌نیا ڕێگا به‌ شتی کۆنه‌ ده‌ده‌یت بێته‌ دووکانه‌که‌ت، به‌ڵام ئه‌وه‌ چاک بزانه‌ ئه‌م دومیه‌یه‌م ساڵی حه‌فتاوهه‌شت دروست کردووه‌، ئه‌و ساڵه‌ی له‌ یه‌کتر دابڕاین… تۆ جوان لێی بڕوانه‌ و بزانه‌ شێوه‌ی له‌وسای خۆت ناچێت…!! ئاخر تۆش ئاوا باریکه‌له‌ بوویت‌… ئه‌مه‌ هیی تۆیه سامان‌… باوه‌ڕم پێ بکه‌ بۆ تۆم دروست کردبوو، به‌ڵام نازانم تۆ بۆچی له‌پڕ دیار نه‌مایت… ماوه‌یه‌کی زۆر من وه‌کو شێت به‌و دومیه‌یه‌وه‌ به‌ دوای تۆدا ده‌گه‌ڕام و خه‌ڵک پێم پێده‌که‌نین… لێم ده‌پرسین ئه‌رێ کوڕێکتان نه‌دیوه‌، که‌ کتومت له‌م دومیه‌یه‌ ده‌چێت…؟! ئه‌وان زیاتر له‌ قاقای پێکه‌نینان ده‌دا و توندتر سکی خۆیان ده‌گرت… خۆم به‌ گوناهبار ده‌زانی، به‌وه‌ی هه‌ر ئه‌و دومیه‌یه‌م له‌سه‌ر شێوه‌ی تۆ دروست کرد و تۆی ڕاسته‌قینه‌ له‌م دنیایه‌ نه‌مایت… دوایی کۆڵم دا و لای دایکمم دانا… به‌رده‌وامیش له‌ خۆمم ده‌پرسی ئه‌وه‌ سامان چیی به‌ سه‌ر هات…؟! ئه‌م شاره‌ هێنده‌ گه‌وره‌یه‌، هه‌تا مرۆڤ ئاوا به‌ ئاسانی هاوڕێیه‌کانی خۆیی تێدا ون بکات…؟!
(ئیدریس پیرداود)ی هونه‌رمه‌ند به‌و قسانه‌ی هه‌ژاندمی… نزیکترین هاوڕێم بوو… هه‌موو نهێنییه‌کانی خۆمان به‌ یه‌کتر ده‌وت، که‌چی ساڵی حه‌فتاوهه‌شت له‌پڕ لێم ون بوو… به‌رده‌وام لێی ده‌گه‌ڕام و نه‌مده‌دۆزییه‌وه‌… بیری قسه‌ خۆشه‌کانیم ده‌کرد و بۆی ده‌گریام… هه‌تا ئه‌و دووکانه‌م دانا و دۆزییمه‌وه‌، که‌چی ئه‌و پێی ده‌وتم تۆ ون بووبوویت و به‌ دواتدا گه‌ڕاوم… هه‌ر چۆنێ بێت دۆزییمه‌وه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌و که‌لله‌ڕه‌قییه‌ی خۆم دیسان ونم کرده‌وه‌……
ڕۆژێکیان نازانم نیوه‌ڕۆ بوو، یان ئێواره‌، چونکه‌ من له‌م دواییه‌ هێنده‌ بێهێز بووبووم، کاته‌کانم بۆ له‌ یه‌کتر جیا نه‌ده‌کرانه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ستم کرد وا (ئومێد فه‌همی) له‌ به‌رده‌می دووکانه‌که‌م وه‌ستاوه‌… سه‌ره‌تا وام ده‌زانی خه‌ون ده‌بینم، به‌ڵام کاتێ ته‌واو سه‌رنجم له‌ ڕووخساری دا، زانیم خۆیه‌تی… به‌ هه‌مان جلی سه‌رده‌می منداڵی و هه‌مان شه‌پقه‌ی مه‌کسیکییه‌وه وه‌ستا بوو و‌ له‌ که‌لوپه‌له‌ ئه‌نتیکه‌کانی ده‌ڕوانیی… ویستم له‌سه‌ر کورسییه‌که‌م هه‌ستمه‌وه‌ و له‌ باوه‌شی بگرم، که‌چی شتێکی زۆر سه‌یر ڕووی دا، به‌ ڕاده‌یه‌ک منی له‌ناو سه‌رسامییه‌کی ئه‌به‌دیدا هێشته‌وه‌:
له‌ دومیه‌که‌ی (ئیدریس پیرداود)ی پرسیی:
_ ئه‌وه‌ باوکت له‌ کوێیه‌…؟!
خه‌ریک بوو له‌ قاقای پێکه‌نین بده‌م… له‌ دڵی خۆمدا وتم ئا، ئه‌وه‌یه‌ (ئومێد فه‌همی)…!! هێشتا به‌و گیانه‌ پاکه‌ی منداڵیی ده‌ژیی… وه‌ک چۆن سواری به‌رده‌ گه‌وره‌که‌ ده‌بوو و وایده‌زانی ئه‌سپه‌، ئاواش دومیه‌یه‌ک به‌ کوڕی من ده‌زانێت و هه‌واڵم له‌و ده‌پرسێت، به‌ڵام من ته‌واو به‌ هه‌ڵه‌دا چوو بووم… هه‌ر کاتێکم زانی دومیه‌که‌ وتی:
_ باوکم مرد، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێت بڵێم چه‌ند چاوه‌ڕێی تۆی کرد، هه‌ر باوه‌ڕم پێ ناکه‌یت… ده‌توانم بڵێم ئه‌و له‌وه‌ زیاتر به‌رگه‌ی دووریی تۆی نه‌گرت و به‌و خه‌فه‌ته‌وه‌ سه‌ری نایه‌وه‌.
ئه‌و ماوه‌یه‌ک بێده‌نگ بوو و به‌ خه‌مناکی له‌ که‌لوپه‌له‌ ئه‌نتیکه‌کانی ڕوانیی، به‌ڵام نازانم گریا، یان نا… ئه‌وه‌نده‌ ده‌زانم دوای بیستنی ئه‌و هه‌واڵه‌ تۆنی ده‌نگی ته‌واو گۆڕا… وتی:
_ له‌ هاوڕێیه‌کانمم بیستووه‌، که‌ زۆر په‌رۆشی بینینی من بووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ له‌ تۆی بزانم مردووه‌.
_ به‌ڵێ، ئه‌وه‌ چه‌ند مانگێکه‌ باوکم ماڵئاواییی لێ کردووین.
ئه‌وسا (ئومێد فه‌همی) هاته‌ ناو دووکانه‌که‌ و کوڕه‌که‌می له‌ باوه‌ش گرت… هه‌ردووکیان گریان… کوڕه‌که‌م ده‌رفه‌تی هێنا و به‌ هه‌ندێک گله‌ییه‌وه‌ لێی پرسیی:
_ مامه‌ ئومێد نه‌ده‌بووایه‌ زووتر بهاتیتایه‌…؟!
ئه‌و ئاخێکی قووڵی هه‌ڵکێشا و وتی:
_ چیرۆکی من زۆر دوورودرێژه‌ ئازیزم، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێم من له‌ حه‌فتاوشه‌شه‌وه‌ ون بووبووم و تازه‌ دۆزراومه‌ته‌وه‌.
کوڕه‌که‌م هه‌ر به‌ ده‌م هه‌نسک و گریانه‌وه‌ وتی:
_ ئه‌وه‌نده‌ی من گوێم له‌ باوکم و هاوڕێیه‌کانی بووبێت، هه‌ر زانیومه‌ ئه‌میان به‌ویانی وتووه‌ تۆ ون بووبوویت و من به‌ دواتدا گه‌ڕاوم، به‌ڵام تۆ تاکه‌ که‌سی بڵێی من ون بووبووم و دۆزراومه‌ته‌وه‌.
(ئومێد فه‌همی) وتی:
_ من ئێستاش ترسم هه‌یه‌ جارێکی دیکه‌ ون ببم.
ئینجا له‌ کوڕه‌که‌می پرسیی:
_ ئه‌رێ من زۆرم به‌ لاوه‌ سه‌یره‌، که‌ تۆ ده‌زانیت من ئومێد فه‌همیم…!!
ئه‌وسا کوڕه‌که‌م زیاتر گریا و وتی:
_ هیچ به‌ لاته‌وه‌ سه‌یر نه‌بێت، چونکه‌ باوکم به‌رده‌وام باسی تۆی ده‌کرد… داڵغه‌ی لێ ده‌دا و له‌ به‌رخۆیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ تارماییه‌که‌ت ده‌دوا، که ئه‌مانه‌‌ وایان له ‌من کردبوو شێوه‌ت ته‌واو بهێنمه‌ به‌رچاوم… زۆرجاریش خه‌ونم پێوه‌ دیویت.
_ تۆ ناوت چییه‌…؟!
_ ئومێد.
کوڕه‌که‌م ئاوا وه‌ڵامی دایه‌وه‌، به‌ڵام چونکه‌ ئه‌وسا زۆر به‌ کوڵ ده‌گریا، نه‌یده‌توانیی به‌ چاکی ده‌نگی پیته‌کان ده‌رببڕێت و ئه‌ویش لێی تێنه‌گه‌یشت، بۆیه‌ دووباره‌ لێی پرسیی:
_ چی…؟!
کوڕه‌که‌م بۆ ساتێک گریانه‌که‌ی وه‌ستاند و دیسان وتی:
_ ئومێد.
_ ناوی منی لێ ناویت…!!
کاتێ ڕۆیشت، پێی وت:
_ ئومێد گیان، ئاگات له‌ دوو شت بێت، له‌ دووکانه‌که‌ی باوکت و له‌ خۆت، که‌ ون نه‌بیت…!!

تێبینی:
1. هه‌موو ئه‌و ناوانه‌ی له‌م تێکسته‌دا هاتوون، ڕاسته‌قینه‌ن. هه‌ندێکیان له‌ ژیاندا نه‌ماون و هه‌ندێکیانم هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ لێ ون بوون‌، یان له‌وانه‌یه‌ من له‌وان ون بووبێتم. هیوادارم له‌ ڕێگای ئه‌م ئیمه‌یله‌وه‌ زیندووه‌کان بدۆزمه‌وه‌، یان ئه‌وان من بدۆزنه‌وه‌:
karwankakasur@yahoo.co.uk
2. یه‌کێکه‌ له‌ چیرۆکه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی (مناره‌ی ئاوه‌دانی).

Previous
Next