Skip to Content

Saturday, May 21st, 2022

یه‌قین به‌ گه‌ڕانه‌وه ….. ‌سنوور ئالانى

Closed
by September 19, 2010 ئەدەب

شه‌قام و نیوێك ڕێم كرد و
سێبه‌ره‌كه‌م نه‌یدوواندم
هه‌موو ڕۆژێك له‌ ترۆپكى هه‌ڵهاتنداین و
نه‌مزانیبوو.
له‌ سه‌رده‌مى قارچكه‌وه‌ چاوه‌ڕێم
ئه‌ڕوانم له‌و په‌ڵه‌هه‌ورانه‌ى
كه‌ پشكوتنى هه‌وره‌برووسكه‌ى منیان پێیه‌…
له‌و سه‌رده‌مه‌وه‌ ده‌پاڕێمه‌وه‌
خودا.. له‌ جێى قارچكێكى شه‌ڵاڵ
به‌ شه‌ق كردنى دڵى زه‌وى
مشتێك ڕاڕایی ئه‌وم بۆ بنێرێت
تا ساباتێك به‌ ماندووبوونى چاوه‌كانم
له‌ پێشوازى هه‌میشه‌ بێ باكییه‌كه‌ى سه‌وز بكه‌م
كه‌هاتمه‌وه‌، ده‌مه‌وێت
باسى یه‌ك به‌ یه‌كى نوێژى سه‌ر به‌رماڵه‌ ته‌ڕه‌كه‌ى بۆ بكه‌م
خودا… جگه‌ له‌ تۆ كه‌س نه‌یبینى
سه‌ر له‌ سوژده‌.. ڕۆژه‌ پڕ ئه‌دره‌سه‌كانم ده‌دواند
ئه‌و ده‌مه‌ى پاكانه‌ له‌به‌رده‌م تۆ
موناجاتم له‌سه‌ر پێى باڵنده‌كان كه‌وتبوو
شه‌پۆله‌كان… به‌ بێ شه‌رم
هه‌رچى پاكیزه‌یی و شه‌رمنیم بوو
ده‌یدا پێتان
كه‌ هاته‌وه‌… ده‌مه‌وێت پێى بڵێم
بمبوره‌، به‌ هه‌ناسه‌تدا ده‌مزانى
ڕێگایه‌كت گرتووه‌ هه‌ردێته‌وه‌..
هه‌ردێته‌وه‌ بۆ پایزه‌ دره‌نگ وه‌خته‌كه‌ى خۆمان
ده‌مزانى، دژوار بوونه‌وه‌ى وه‌رزى گوڵ
له‌سه‌ر هه‌ڵدانى به‌ بێ شكۆفه‌ى
ماچێكى لێوى هه‌نگ
خه‌ریكه‌ ده‌چێته‌وه‌ سه‌ره‌تا
ده‌مزانى دووپات بوونه‌وه‌
به‌ كردنه‌وه‌ى ده‌رگاى هه‌موو ژووره‌ بێ ده‌نگه‌كان
له‌ وێ ڕا هێنده‌ ئاسان نییه‌،
بێ ده‌سته‌كانى من
ده‌مزانى، بێ ئاوێته‌ بوونى په‌نجه‌كانم
له‌گه‌ڵ ده‌ماره‌كانى ژینى تۆ
سه‌خته‌ ئاشتبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ جوانى
ده‌مزانى، هێنده‌ نزیكى.. هێنده‌ نزیكى
وه‌خته‌ گوێم له‌ وتووێژى  دوودڵیت بێت.
ده‌مزانى ئه‌مه‌ش گه‌مه‌یه‌كه‌ و
ده‌تخاته‌ ناو یادى منداڵى
ده‌تباته‌وه‌ سه‌رده‌مى مه‌حرووم بوون
له‌ گشت یارییه‌ حه‌رام كراوه‌كان
وه‌لێ سه‌د ئاخ…
نه‌تده‌ویست به‌ هاتنى ته‌نیایی من بڕوا بكه‌یت
نه‌تده‌ویست له‌ دواى خۆت
چاوه‌ڕوانیت بناسیته‌وه‌
نه‌تده‌ویست هاوچركه‌ى ئه‌و ساتانه‌ بیت
كه‌ چه‌ندین سه‌ده‌ پێش خۆمان كه‌وتن
خودا.. ده‌مه‌وێت كه‌ هاته‌وه‌
پێى بڵێم
شه‌قامه‌كان قاوه‌یی ده‌چوونه‌وه‌
له‌ شكانى بێده‌نگى ئێمه‌ وه‌خت بوو
چى عه‌مووده‌كان هه‌یه‌، باڵ پێ بگریت و بڵێیت
ئه‌م شاره‌ له‌ ناسكیت مه‌ژاكێنه‌
خودا زویر نابێت له‌ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ى
شه‌قام و گڵۆپه‌كان
ئێره‌ مه‌مله‌كه‌تى كه‌س نییه‌.. جگه‌ له‌ تۆ
ئێره‌ پڕه‌ له‌ عاتیفه‌كانى كۆتر و
ده‌رسى مه‌كرى خوێندووه‌
مه‌ترسه‌، ئه‌م مه‌یدانه‌
به‌ هه‌تاو وشك نابێته‌وه‌
به‌ ڕۆیشتنى خۆر تار نابێت
به‌ ڕژانى كۆڵانه‌كانى له‌به‌ر ده‌رگاى
هه‌ر موسافیرێك خۆى ناناسێنێت
كاتێك ڕۆیشتى بڵێ..
(خودایه‌ ئه‌م شاره‌ ببه‌ره‌وه‌ بۆ خۆت).

Previous
Next