Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
سەردەشت و ئازادی،دەسەڵات و تیرۆر!

سەردەشت و ئازادی،دەسەڵات و تیرۆر!

Closed

 

دوای چوار مانگ لە کێشەو نێوان گرژی بەرەی ئازادی کۆمەڵگاو پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر تیرۆری سەردەشت عوسمان سەرئەنجام لێژنەی بەناو لێکۆڵینەوەو بەدواداچونی دۆزی ڕۆژنامەنوس سەدەشت عوسمان ئەنجامێکی راگەیاند،من بە پێچەوانەی زۆرێک لەڕای نووسەران کە لەبەرانبەر ئەم ئەنجامەدا شۆکبوون و تاسان گرتنی، بۆمن ئەم ئەنجامەی کە لیژنەکە دای چاوەڕوان کراوبوو لاشم وایە ئەم یاریەی دەسەڵاتداران بەشی تریشی بەدوادابێت .
ئەنجامی ئەم لیژەیە بەبێ باسکردن لەلیژنەکە هیچ نادات بەدەستەوە،لیژنەکە هەڵبژێدراو دیاری کراوی مەسعودبارزانی و دەسەلاتداران هەولێربوو،هەموو ئاماژەو هێماکانی تیرۆری سەردەشت عوسمانیش و گومانەکان لە پارتی دیموکرات و خێزانی بارزانی تێنە دەپەڕین، ئەوبابەتانەی سەدەشت وروژاندبوونی ڕووبەوان بوو، ناڕەزایەتی گەنجێکی ڕۆژنامەنووسی هوشیار بوو بەدەسەڵاتی تۆتاڵیتار،گەمەی وشەی ئەدیبێک بوون لەگەڵ چەک و دەسەلاتێکی سەپێنراودا،بۆیە قەبووڵ کردنی ئەم لیژنەیەو چاوەڕوانی بوون لێی لەلایەن تەرەفی بەرانبەرو لایەنگری ئازادی کۆمەڵگا هەڵەیەکی کوشندەبوو،بەجێی خۆم هەمیشە داواکاری لیژنەیەکی واقعی و بێلایەن بووم لانی کەم بۆچاودێری لێکۆڵینەوەکە، پێم وایە لۆژیک وایە کە (ئەلف) قەبووڵکرا (بێ ) بەگرانتر ڕاست ئەکڕێتەوە، بۆیەش کاری ئەوانەی ئێستا بۆدۆزی سەردەشت کاردەکەن گرانترو وردترە،ئەمە بۆ پارتی دیموکرات و هاوپەیمانەکەیان و ئەوانەش کەلە حکومەتەکەی ئەواندان دیسان دژاورتردەبیت، بەتایبەت کەلەسەرەتاوە ڕاستەوخۆ ملیان بۆ ئەم تیرۆرە نەداو بەهەر هۆیەکەوە بێت کەمێک نارازی بوون بەلام ئێستا کە قسەکەری حکومەتی هەرێم و دەزگاکانی سەربەحکومەت و حیزبەدەسەڵاتدارەکان چوونە بەرەی پلانی تیرۆری ئازادیەوەو ئۆکەیان بۆ ئەو سیناریۆیە کرد لەوانەش سەندیکای بەناو ڕۆژنامەنوسان و ڕێکخراوەکانی سێبەری ئەم حیزبانە .

لەبارەی ئەنجامەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە زۆر قسەکران و ناڕەزایەتیش بەتایبەت لەلایەن ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیەوە لە چوونەسەردایە،من بەو هۆیەوە خۆم لەدووبارەکردنەوەی ئەپارێزم،بەڵام ڕەنگە گرنگ تر لەزۆرێک لەوانە دوو خاڵ پێویستیان بە ڕوون کردنەوە بێت، یەکەمیان ئاشکراکردنی شەڕێکە کە دەسەڵاتدارانی پارتی هەرلەگەڵ تیرۆری سەدەشتدا کێرڤی توڕەبوونیان چووە سەر، بەجۆرێک هەموو قسەو هەڵوێستێکیان بەدژی خۆیان ئەبینی و ئەوانیش بەوهۆیەوە هەرلە یەکەم ڕۆژەوە لەسەرئەوە کاریان کرد کە ئەم تاوانە لەملی کەسێکی تر بپێچن لەسەرەتاوە کۆسرەت ڕەسوڵیان دانا و دواتر گۆڕێان بە گۆڕان و دواتر وتیان کێشەی شەخسیە و ئێشتاش خستیانە ملی (گروپی ئەنسار)،بەسەرنج دان لەسەر سەرجەمی پرۆسەکە دووهێڵ هەن،لایەنی بەرانبەر پەنجەی تۆمەت بۆ پارتی ڕادەکێشن و زۆربەی ئەرگومێنتەکانیش ڕوو لەوەن و دەست و خەتی هێزێکی دەسەڵاتداری وەک پارتی لەم تیرۆرەدا دەناسرێتەوە، لەبەرانبەردا پارتی و شەخسی سەرۆکەکەی توڕەو ناڕەحەتەو هەرلەیەکەم ڕۆژەوە خۆی خستە تەنگژەوە بە پەلاماردان و وتاری ئاگراوی و خۆسەپاندن لەپەرلەمانداو لەو لایتریشەوە وەڵام نەدانەوەی هێچ پرسێک و هەوڵدان بۆ داپڵۆسینی هەموو جوانیەکانی کەسایەتی سەدەشت عوسمان ! .

گەمەی دەسەڵات و ئازادی لەکوردستانی عێراقدا تازەنیە، ڕەنگە لانی کەمی مێژووەکەی لەگەڵ سەرهەڵدانی میرنشینەکانەوە بووبێت، ئەگەر لەسەر حیزبەسیاسیەکانی قسەبکەین،لانی کەم پارتی و یەکێتی،ڕەنگە ژمارەی قوربانیەکانی شەڕی ناوخۆو ئازادیان زۆر لە هی بەعس کەمتر نەبێت،ئەم حیزبانە کە ئەوکاتەش ئۆپۆزیسۆن بوون و لەکوێرە دێیەکدا هێزیان هەبووە هەمیشە نەک هەرخەڵک بەڵکو هەمیشە ئەندام و لایەنگرەکانی خۆشیان لەبەرانبەر هەرملنەدانێکدا ئەتککردووە سزای مردن داوە،سوتاندنی قوربانیەکان، زمان بڕینایان،ئەتککردنیان،لەشاخ بەردانەوەو هەزاران ڕێگای تری دڕاندانە هاوتەریبە لەگەڵ مێژووی ئەم دوو هێزەدا،ئەوەی کە کەسانێک چاوی خۆیان لەسەرهەموو ئەم تاوانانە دائەخەن و مل بەم هەموو  نادادیە ئەدان،تەنها دەستی جەلادەکان وتیرۆری سیاسی بەهێزناکەن، بەڵکو  خەریکی هەڵکەندنی گۆڕێکن بۆ سەرجەم ئازادیاکانی کۆمەڵگای کوردستان کەزۆر دوور نیە هەرخۆشیان یان منداڵ و نەوەی داهاتوویان ببنە نێچیری ئەم دەسەلاتە .

ملنەدانی پارتی بۆ ئەو هەموو ناڕەزایەتیەی خەڵک لەدۆزی سەدەشتداو سیناریۆ سازیەکەی کە پتر وەک دژایەتی بۆ ناشیرین کردنی بەرەی خەڵک و گاڵتەپێکردن وملهوڕی دەچێت تا چیرۆک و لێکۆڵینەوە، لەشتێک دڵنیامان دەکاتەوە ،خێڵ و خوێن و دەسەڵاتەکەی باهەزاران قەڵەم کێش و معاش خۆری خوێندەواریش دەوریان دابێت باهەزاران باق و بریقی ئازادی و دیموکراتی بەخۆشیەوە هەڵواسێت بەڵام سنورەکانی مەنتقی لە سنورەکانی خوێن و ڕق و چوارچێوەکانی مۆنۆلۆگ دەرناچیت و، ناتوانێت بۆ تەنها جارێکیش بپەڕێتەوە سنوری دیالۆگی واقعی، کێشەی ئەم هێزە کێشەی هێزێکە کە لەسەر دەسەلات وەستاوەو نایەوێت بەملیم کەس باسی دابەزینی بکات و چارەنووسی خۆی بەهێزەوە دەبەستێتەوە، بەرپرسانی ئەم هێزانە چەندین جار باسیان کردووە کەبەخوێن هاتوون و بەخوێن ودەڕۆن، ئەمە گەورەترین پرسیاری کۆمەڵگای کوردیەو هەموو هێزێکی سیاسی کەدێتە مەیدان و هەموو تاکێکی کۆمەڵگاش تووشی ئەم پرسەدەبن،نوسین و ناڕەزایەتی لەسە پیرۆزیەکانی ئەم هێزانە و داواکردنی کۆمەڵگایاەکی کراوەوە ئازاد و بەڕێز دەکرێت یاری کردن بەخوێن بێت؟، پرسیاری واقعی تر ئەوەیە دەرسوەرنەگرتی ئەم هێزانەیە لەمێژوو  لەوانەی کە لەوان بەهێزتربوون و بورکانی ڕقی خەڵک و خوێن لەمێژوودا سڕینیەوە.
دوو قسەی واقعیش گرنگە لەسەر بەدەنگ نەهاتنی هێزەکانی ئۆپۆزیسۆن بکەین، بزوتنەوەی گۆڕان هاوکارو هاوتا لەگەڵ نارەزایەتی خەڵک لەتیرۆری سەردەشتدا،ئەم ناڕەزایەتیەی بردپێشەوەو ئەوەشی بە دەسەڵاتدارانی هەولێر ڕاگەیاند کە ئەو دەیەوێت بێدەنگ نەبێت و هەرئەوەش وایکرد کە ئەم بزوتنەوەیەی خۆشەویست کرد، وێڕای ئەوەش کە پارتی شەڕێکی ئیعلامی دژی دەستپێکرد، بەڵام بارە ڕاستیەکەی ئەوەبوو کە کەپتر لە فیغانی پارتی دەچوو تا ڕووبەڕوو بوونەوەو لە بوارێکی تریشەوە بێلیاقەبوونی ئەو هەموو کادیرو بەناو ئیعلامیەی پارتی پیشاندا کە لە چ هەژاریەکی فەرهەنگیدا ئەژین، بێدەنگبوونی یان کەم دەنگی گۆڕان دەکرێت لایەنێکی ئەوەبێت کە خۆی لەشەڕفرۆشی پارتی لابدات و کاتی لا گونجاو نەبێت بۆ ئەم ڕووبەڕوو بوونەوەیە، یان لای وابێت کە ئەم کەمپەینی ئازی ڕادەربڕینە کە زۆر جێگەی دەست خۆشیە ئەم ئەرک و شەڕەی لە کۆڵدەکاتەوە، بەڵام لەگەڵ خۆیدا گۆڕان ڕوو بەڕووی زۆر پرسیاری جدی ئەکاتەوە، بەدنگ هاتنی هەندێک هێزی تر بەتایبەتی و هێزەچەپەکان بێشانازی نیە، بەڵام ئەویش پتر بەکەمپینی خۆ ناساندنەوەو مۆری خۆدان لەڕووداوەکان دەچێت تا ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی حساب بۆکراوو بە هێزو جەماوەر،خۆ بەهەموو شت زانین و فڕێدانی هەموو کارتەکان بۆهەر ڕوداوێک و جەماوەری نەبوون  کێشەی ئەم هێزەن و هەر بەوهۆیەش ناتوانێت هێزێک گەورە بداتە ئەم ناڕەزایەتیە. سەرجەم ئەمانەش ناتوانێت هیچ لەوەکەم بکاتەوە کەدەست پێشکەری و ڕاستی ووتن دەچنە مێژووەوە.

سەرجەم ڕووداوەکان و بەشی داهاتووی سیناریۆی دژی دۆزی سەردەشت عوسمان،لەوە دڵنیامان دەکاتەوە کە کێشەی ئازدی و مافە ئاسایەکانی مرۆڤ لە کوردستاندا، ڕووبەڕووی ڕێگری و تەنگپێهەڵچنین بۆتەوەو
بۆهەرکەسێک کە ئازادی لاگرنگەو پانتایی ئەم مافە بەهیخۆی دەناسێت ناکرێت بێدەنگبێت،بەڵام بەڕاستیش
دەبێت وردبین وبەحساب بێت و چۆن بەرگری لەئازدی دەکات ئاواش لەکایەی ئازادیدا کاربکات و ڕەنگ و هێماکانی تێبگات ،نەفەس درێژی و ووردەکاربوون و هەمەڕەنگی و تولەرانسی ڕەنگە باشترین وەڵامی ئەم دۆزەبن، کێشەی تیرۆری سەدەشت و قەڵەمەکانی تر و خوینی ئەم برینە ساڵانێکی زۆردەمێنێتەوە، سەردەشت بەقەڵەمی ئازادو بێخەوش و تیرۆریستەکانی بە خوێن ڕێژی لە بیرەوەری مێژووی ئێمەدا زیندوو دەمێنێتەوە.

ئه‌میر قادر
 
hangau@gmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.