Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
چرای ئەم شەویشم شكا

چرای ئەم شەویشم شكا

Closed
by November 6, 2010 ئەدەب

 

1. داڵێكی پیر سەری ناوەتە ناو كەلاكی عومرمەوە

چرای ژوورەكەت
مەكوژێنەوە
ئێستا ..
پیاوێك لەوێیە
خەمێكی ئەستوری بە دەستەوەیە و
سەری تێناوە
چاویلكەی گەنجێتی لە چاودایە  
پەڕە پەڕە عومری بەسەرچوو
ئەخوێنێتەوە

2. لەم خەڵوەتە زاھیدێك سەرخۆشە

چراكەت مەكوژێنەوە
خەمێكی پیر بە تەنیشتتەوە
دانیشتووە و 
پێك پێك لەو پیاوە ئەخواتەوە
پیاوێكی زاھید پیاوێكی عاشق
ئێستا ..
دەروێشی خانەقاكەتە

3. پیاوێك لەسەر كەناری عومر ڕاوە ساڵ ئەكات

چراكەت مەكوژێنەوە
خەمێكی سەرسپی
ڕاكشاوە ..
سەرینێكی ناوەتە ژێر شانی و
بە تەنیشت پیاوێكی سەرخۆشەوە
حكایەتی عومری بۆ ئەگێڕێتەوە

4. لەو تاریكستانەدا بێدەنگی گڕی گرتووە

لەو ژوورەدا
ھێشتر خەمێك ماوە
بە پێوەیە و 
شەوقی چراكەش ئەسوتێت
ئێستا پیاوێك ..
دەرگا و پەنجەرەكان دائەخات
لەو ژوورەدا
پیاوێك و خەمێك و چرایەك
دەستەویەخەن و دەمەقاڵەیانە
بە گژ یەكدا ئەچن ..
بێدەنگی لەیەكیان ئەكاتەوە و
تاریكیش ئەیانخەوێنێت 

5. ئەو زاھیدی عیشقە پیر خدرە دوایكەون

دەرگاكەت دامەخە
ئەو ڕێگەیە پۆستێكی پێیە
پۆستێك
سێ نامەی تێدایە

نامەیەك بۆ چراكە ..
تاریكی بە بادا 
بەدەم لورەی بلوێرەكەیەوە
نەرمە فوویەكی ھێناوە
سەمای دوكەڵێكی سپی
نامەی چراكە ئەكاتەوە
لە خوارەوە ..
ئیمزای شەو

نامەیەك بۆ خەم ..
پڕە لە ھەنسكی تاقانە و
ئاھێك ئەوەندە درێژ ..
لە ناو كۆڵان و شەقامەكانی عومردا
دەستی منداڵیی گرتووە
لە دەرگای ساڵەكان ئەدات
پیرە ساڵێكی كەنەفت
بە دەم قرخە و كۆكەوە
دەرگاكە ئەكاتەوە
لە نامەكەدا نوسراوە
پیاوێكی عاشق 
عاشقێكی موعتاد  
بە ڕێوەیە ..
دوایكەون
لە خوارەوە ..
ئیمزای عومرێكی بەسەرچوو

نامەیەك بۆ پیاوەكەیە
بە لێوی كچێك نوسراوە
ماچ ..
بە نیگای كچێك نوسراوە
تۆ ..
ئەی دەروازەی ھەناسە
بە دەست و پەنجەی كچێك نوسراوە
تۆ ..
ئەی كلاڤیای شەو
بە دڵی كچێك نوسراوە
تۆ ..
ئەی تووڕەترین پیاو
بە خەیاڵی كچێك نوسراوە
تۆ ..
ئەی خەونی منداڵی
بە خەونی كچێك نوسراوە
تۆ ..
ئەی خەیاڵی كۆتایی
بە گریانی كچێك نوسراوە
تۆ ..
ئەی خەندە خودای ژوورە چۆڵەكەم
كە تۆ ڕۆشتی
ئەم شەو لەم ژوورەدا
چراكەم شكا و
گریانیش بە جێیھێشتم
لە خوارەوە ..
ئیمزای ژوورێكی چۆڵ

Simkan97@hotmail.de
   زمكان عەزیز

 

 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.