Skip to Content

Friday, May 27th, 2022

یەكدوو قسەی هەق، بێگومان ڕەق

Closed
by November 12, 2010 گشتی

 

 رەنگە بەلاتانەوە سەیربێت كە بلێم پارێزگاری هەولێریش قوربانیە ..! بێگومان من وای بۆدەچم لە هاتنەوەی قاسم فارس ئاغادا دواین قوربانی پارێزگاری هەولێر ” نەوزاد هادی ” بوو ئەو پیاوە تەكنۆكراتەی لەكارەكەیدا سەركەوتوو بوو،  بەڵام لەوەدا تەواو بێ‌ بەخت بوو كە كارێكیان پێسپارد هی ئەو نەبوو، نەوزاد هادی ناناسم‌و بۆیەكجاریش قسەم لەگەڵدا نەكردووە، ئەو سوپاسێكی من قەرزداربوو، بەڵام  تازە ئەو سوپاسەی من بۆ ئەو كوردووتەنی قیمەتی قنچكێكی نیە .. كە بۆیەكەم جار چوومە گوندی شێخ وەسانان ‌و مەزاری شەهیدانی كیمیابارانم بەو بێنازییەوە بینی ” خانوویەك كەپتر لەشوێنی پرسە دەچوو لەناوە رایەخێكی بۆرەكەو چوار دیواری خوارو خێچ، كە وێنەی دەیان قوربانی بەگازخنكاوی دۆڵی بالیسان‌و ناوچەی خۆشناوەتی لەخۆگرتبوو، هەستم بە دڵرەقی‌و بێباكیەكی مەترسیدار ی ئەم كۆمەڵگەیە كرد،  لەناو ئەومەزارەوە  لەبەك كاتدا بێئومێدی‌و بەربەرەكانێ‌ خۆیان دەخزاندە ناو هەست‌و رۆحمەوە، جارێك فریشتەكەو جارێكیش شەیتانەكەی ناوناخم یەكتریان دەگەوزاند هەرئەوكاتە گللەییەكی زۆرم لە هەموو تاكێكی ئەم میللەتەكرد، لەپێشەوە لە دەسترۆیشتوانی دەڤەرەكەو ئینجا هی كوردستان بەگشتی‌و دواتریش لەبەرپرسانی ئەم ووڵاتە.
     ئەگەر لەم نوسینەدا دەستبەرداری ژیانی پرلەمەینەتی‌و زەحمەتی گوندی شێخ وەسانان بین‌و تەنها لەسەر شەهیدەكانیان‌و رێزگرتن لەمردووەكان بووەستین ئەوا دەبێت بلێین شەهیدەكان دەبێت بەكردەوە رێزیان لێبگیرێت .. ئاخر ناكرێت قوربانیەكانی گوندی شێخ وەسان‌و دوڵی بالیسان‌و خۆشناوەتی شوێنێكی شایستەیان نەبێت بۆ یادكردنەوەی  رۆژی گازبارانكردن‌و كۆمەڵكوژیان، ئەوەی بینیم تەنها خەمخۆری گوندنشینێكی شێخ  وەسانان بوو بەناوی ” عومەر”  ئەویش بەدەستكورتی‌و ماندووبونێكی زۆر پاشئەوەی وێنەی قوربانیەكانی كۆكردبووەوە بە نەشارەزایی‌و بەشێوەیەكی ناهونەری وێنەی شەهیدو بێسەرو شوێنكراوەكانی كۆكردبووەوەو لەجام‌و چوارچێوەی گرتبوون‌و بەمبەرو ئەوبەری دیواری مەزارەكەدا هەڵواسیبوون.. هەرچەندە منیش نەمتوانی كەهاوكارییەكی شایستەیان پێشكەش بكەم، بەڵام لێشیان بێخەم نەبووم‌و نامەوێ‌ لەمبارەیەوە هیچ بلێم.
     لەپاش سێ‌ ساڵی رەبەق هاتوچۆی ئەوگوندەی بووەتە سومیلی غەدرو كۆمەڵكوژی خۆشبەختانە لەدوا سەردانمدا بۆگوندی شێخ وەسانان گۆرانكاریەكی باشم لەمەزاری شەهیدانی كیمیابارانكراوەكانی ئەو دەڤەرەدا بینی روكاری مەزارەكە جوانكاری زۆری تێداكرابوو، هۆڵەكەی لەچاو پێشوو زۆر پۆشتەكرابوو، وێنەی قوربانیەكان بەشێوەیەكی جوان‌و هونەری لەجام‌و چوارچێوە نرابوون‌و بە ئەندازەیی  ریزبەندكرابوون، لەدیوی دەرەوەشی ئۆفیسێك بۆ ژوری كارگێری دروستكرابوو، كاتێك پرسیم چۆن ئەمەتان كرد كێ‌ فریاتان كەوت..؟ ووتیان پارێزگاری هەولێر پاشئەوەی هاتووەو سەردانی كردووین هاوكاری كردووین.. هەرچەندە ئەوە ئەركی سەرشانێتی بەڵام لەدلەوە سوپاسم كردوو زۆرم پێخۆش بوو لەدیدارێكدا روبەروو هەستی خۆمی پێبگەیەنم‌و سوپاسی بكەم، بەڵام ئەم ئاواتەم نەهاتەدی ‌و هەواڵی گەرانەوەی قاسم فارسی كۆنەجاشی تۆمەتباری بكوژانی پێشمەرگەو خەڵكی ئەنفالكراوم بەرگوێ كەوت‌و بووبەهەڵا، كەچی لەسۆنگەی كۆنگرە رۆژنامەنوسیەكەی هەمان ئەو پارێزگارەوە هەموو شتەكانم لاپێچەوانە بوونەوە، پارێزگارم وەكو ئەوكەسە هاتەبەرچاو رۆژێكی تەواو بەرۆژوبووبێت‌و بەربانگی بەخواردنەوەی تابۆكراو شكاندبێ‌ ..؟ ئاخر هەرئەو كەسەی وێنەی قوربانیانی بەگازخنكاوی گوندەكانی شێخ وەسانان‌و بالیسان، رایچلەكاندبوو ویژدانی هێنابووە جۆش ئێستاش دەبێتە كارەكتەرێكی پێچەوانەو دەیەوێت جەلادێك لەدەستی عەدالەت رزگاربكات..! یاران ئەمە چ مەتەڵَێكە..؟  ئایا بەراست ئەو پیاوە تەكنۆكراتە‌و‌وكۆنەجاشێك كوجا مەرحەباو چی پێكەوەیان دەبەستێتەوە ..؟  سیاسەتی كوردی نەبێ‌ ..؟
هێشتا قسەكە لەدەمی نەكەوتبووە خوارێ‌ كە ژنەكەی قاسم فارسی كۆنەجاش ووتی: كاك نەوزاد تەنها داكۆكی لەخۆی كردووە، دنا كەس قودرەتای ئەوەی نیە قاسم دەربكات ..پاش هێنان‌و بردنێكی زۆر من هەرگەیشتمە ئەو بروایەی ژنی كۆنە جاشەكە ڕاست دەكات.. بەڵام ئەوەی بەلامەوە سەیربوو بێ‌ هەڵوێستی ئەو فریادرەسەی گوندی شێخ وەسانان بوو .. كەهەرسوربوو لەسەر ئەوەی كە قاسمی كۆنە جاش‌و 0نامەرغوب)ی لەهەولێر دەركردووە.. ئیتر دەربارەی ئەوەی لەسەرچی ‌و چۆن  دەری كردووە زۆری لەسەر ووتراوە، بەڵام ئەوەی من دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە كەكاك نەوزاد هادی  بۆخۆی بووەتە قوربانیەكی كردەوەكانی ئەو تۆمەتبارە ئەو ئێستا لەهەموومان باشتر دەزانێ‌ ئەم دەسەڵاتە كۆنەجاشێكی لەئەندازیارێك‌و دادوەرێك‌و تەكنۆكراتێك بەلاوە گرنگترە .. دەنا ئەگەر لەسەر خێردانەوەش بێت لەنێوان نەوزاد هادی‌و قاسم فارسدا كامیان خێر زیاتر دەدەنەوە، ئەوا مەسەلەیەكی مشت‌ومڕ هەڵنەگرە، ئەگەر دەسەڵاتی هەولێر هەر لەبەرخاتری نەشكاندنی قسەی نەوزاد هادیش بوایە دەبوو ئەو كابرایەی لەهەرێمی كوردستان وەدەرنایە.. هەرچەندە ئەوە پێچەوانەی یاساو هەلەیەكی یاسایی گەورەیە چونكە لەراستیدا جاشەكان شایانی وەدەرنان نین، بەڵكو  دبێت بدرێنە دادگا تا لێپێچینەوەیان لەگەڵدابكرێت‌و سزای خۆیان وەرگرن. 

Previous
Next